بەشی دووەمی گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆبەرت فۆرست
سازدانی: ڕیچارد پۆیرییەر- پاریس ڕیڤیوو
لە ئینگلیزییەوە: هۆنیا ڕەشید
دیمانەساز: لهبارەی شاعیرە ڕۆمانتیکەکانهوه ھیچت دەخوێندەوە، بە تایبەتی وۆردز وۆرس؟
فرۆست: نەخێر، ناتوانیت لەو نێوەندەدا بمدۆزیتەوە. ڕاستیيهكهى ھەموو جۆرە بابەتێك دەخوێنمەوە. ئەو ڕۆژە بە ھەندێك لە قەشە کاسۆلیکیيەکانم، کاتێك لهبارەی خوێندنەوەوه پرسیاریان لێ کردم، گوت: (ئەگەر لە واتای کاسۆلیكی تێبگەن، من لە ھەڵبژاردنەکانمدا زۆر کاسۆلیكی بووم.)
دیمانەساز: دایکت چ جۆرە شتێکی بۆ دەخوێندیتەوە؟
فرۆست: ناتوانم ئەوەیانت پێ بڵێم. ھەموو جۆرە شتێك، زۆر نا، بەڵام چەند شتێك؛ کەسێکی ماندوويينەناس و ئیشکەر بوو، پشتگیری دەکردین. لە سکۆتلاند لە دایك بووبوو، بەڵام لە شاری کۆڵەمبوس لە ویلایەتی ئۆھایۆ گەورە بووبوو. حەوت ساڵ لە کۆڵەمبوس مامۆستا بوو، مامۆستای بیرکاری. لەگەڵ باوکمدا -ساڵێك دوای ئەوەی باوکم زانکۆی ھارڤارد بە جێ بھێڵێت و پێش ئەوەی بڕوات بۆ کالیفۆرنیا- وانەی دەگوتەوە. خۆت دەزانیت، ئەو کاتانە ڕاستەوخۆ دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، ھەر لەوێ دەستیان دەکرد بە وانەوتنەوە. مامۆستای لەو جۆرەم ھەبوو کە لە زانکۆ نەیانخوێندبوو. دوو مامۆستای دیاری زمانی لاتینی و گریکيم ھەبوو کە ھەر ژنانی زانکۆش نەبوون. وانەیان بە فرێد ڕۆبینسۆن دەگوتەوە. منیش ھەمان مامۆستای ئەوم ھەبوو، فریدس ڕۆبینسۆنی کۆنە توێژەر، دایکیشم بە ھەمان شێوە بوو. لە ھەژدەساڵیدا لە خوێندنگهی ئامادەیيدا وانەی دەگوتەوە، پاشان لە نزیکی بیستوپێنچ-ساڵیدا ھاوسەرگیريی کرد. ھەموو ئەمانە درەنگ باس دەکەم، لەکاتی پیاسەکردندا بیرم لێ کردوونەتەوە. ھەر لە ڕۆژی ھاوسەرگیرییەکەيهوه لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە شاری لویستۆن دایکوتی.
دیمانەساز: لە شاری لۆرێنسی ویلایەتی ماساچوستس، دایکت قوتابخانەیەکی ناحوکوومی بە ڕێوە دەبرد، وا نییە؟
فرۆست: بەڵێ، قوتابخانەیەکی ناحوکوومی ھەبوو لە دەوروبەری شاری لۆرێنس. چەند جارێكێش لەوێ لەگەڵ چەند قوتابخانەیەکی تردا وانەم گوتبووەوە. ھەرکات ئارەزووم لێ بوایە، لە بەھاراندا لە قوتابخانەی دەڤەرە جیاجیاکاندا وانەم دەگوتەوە.
دیمانەساز: ئەو کاتە چەند ساڵان بوویت؟
فرۆست: ئۆو، ھەر دوای ئەوەی لە دارتماوس ھەڵھاتم لە (٩٣ و ٩٤)دا واتە بیستساڵان بووم. ھەرکات لە شار بێزار بوومايه، لە بەھاراندا وەرزێکی خوێندنم دەگوتەوە. پێم وابێت دوو بۆ سێ جار ئەوەم کردووە لە ھەمان قوتابخانە. قوتابخانەیەکی بچووك کە دوانزە منداڵی لێ بوو. دەستەیەك منداڵ کە ھەموویان پێیان پەتی بوو. لە شاری لۆرێنسیش کاری ڕۆژنامەگەریم دەکرد. لەوەدا چاوم لە دایک و باوکم کردبوو، خۆت دەزانیت. نەمدەزانی چی بکەم بۆ ئەوەی ژیانێك دەستەبەر بکەم. کەمێك وانەم دەگوتەوە، کەمێک لەسەر لاپەڕەکانم کارم دەکرد، کەمێک لە کێڵگە. کۆچکردنەکەم بەو شێوەيه بوو. بەڵام لە کاری ڕۆژنامەگەریدا شوێنی باوانم کەوتبووم. ماوەیەك ڕۆژنامەیەکی ھەفتانەم بژاردە کرد و دواتر ڕۆژنامەیەکی بەردەوام. ئێستاش دەبینم ھێشتا ناوی لە ناواندايه لە شاری لۆرێنس.
دیمانەساز: کاتێك دەستت بە شیعرنووسین کرد، ھیچ شاعیرێکی دڵخوازت ھەبوو؟
فرۆست: من دوژمنی ئەو بیردۆزە بووم، وەك ئەو بیرۆکەیەی ستیڤنسن کە پێی وابوو دەبێت وەك مەیموونێکی ماندوويينەناست لی بێت بەرامبەر ھەموو کەسێك. ئەوە زیاتر لە ھەموو شتێک زیانی بە خوێندنی ئەمهریکايی گەیاندووە.
دیمانەساز: ھیچ ھەستێکی لێكنزیکی ھەبوو لە نێوان کارەکانی خۆت و شاعیرانی دیکەدا؟
فرۆست: ئەوەیان بە جێ دەھێڵم بۆ کەسێکی تر کە پێم بڵێت: (نازانم.)
دیمانەساز: بەڵام کاتێك کارەکانی ڕۆبینسۆن یان ستیڤنسن دەخوێنیتەوە، بۆ نموونە شتێك لەواندا بە دی دەکەیت کە لە شیعری خۆتدا پێی ئاشنا بیت؟
فرۆست: واڵس ستیڤنسن دەڵێیت؟ ئەو ساڵانێك لە دوای منەوە بوو.
دیمانەساز: مەبەستم خوێندنەوەی کارەکانیەتی، ئەگەر ھیچ ھەستێکی لەو جۆرەت ھەبووبێت!
فرۆست: لێكنزیکی، مەبەستت؟ ئۆو، نا، ناتوانیت وا بڵێیت. جارێکیان پێی گوتم: (تۆ لهبارەی بابەتهوه شت دەنووسیت.) منیش گوتم: (تۆش.)
لهبارەی شتی بێسەروبەرهوه دەنووسیت، بۆیە دواتر کە کتێبە تازەکەی خۆی بۆ ناردم، نوسیبووی: (ھەندێك شتی بیسەروبەری تر)ی تێدایە. بە دڵێکی سافەوە وەریگرتبوو. نەخێر، ھیچ لێكنزیکییەکمان نەبوو، ھاوڕێ بووین. ئۆو، زۆر لێك دوور بووین. نازانم بۆ لەگەڵ ئەودا دەمبەستیتەوە!
دیمانەساز: ئەوەندەی بزانم، جارێکیان گوتت کە ڕۆبەرت لۆيێڵ ویستوویەتی تۆ بە فۆلکنەر بناسێنێت، پێی گوتبوویت زۆر لەو دەچیت.
فرۆست: من وام گوت؟
دیمانەساز: نەخێر، گوتت کە ڕۆبەرت لۆێڵ پێی گوتویت کە تۆ زۆر لە فۆلکنەر دەچیت.
فرۆست: دەزانیت ڕۆبەرت لۆيێڵ جارێکیان چی گوت؟ گوتی: (شێوەزاری مامی مامی مامم، کە دەکاتە شێوەزاری ئینگلتەرای نوێ یان شێوەزاری یانکی لە کتێبی لاپەڕەکانی بیگلۆ، ھەمان شێوەزاری بورنس بووە، و انییە؟) منیش گوتم: (ڕۆبەرت! بورنس شێوەزار نییە، سکۆچیش شێوەزار نییە، ئەوانە زمانن.) بەڵام ھەرچییەکی پێ خۆش بوایە دەیگوت.
دیمانەساز: کە واتە ھەرگیز لەکاتی خوێندنەوەدا ئاگاداری دێڕێکی تایبەتی پەسەندکراو نەبوویت؟
فرۆست: ئۆو، ھەموویان دەخوێنمەوە. یەکێك لە مەبەستەکانی کۆچکردنم پێوەنديی بە کۆکراوە ئەدەبییەکەمەوە ھەیە، شاعیرێك دەدۆزمەوە کە بە دڵم بێت و بیر دەکەمەوە کە دەکرێت شتی زۆر لە خۆ بگرێت. وەك ھەندێك لە شاعیرە کۆنەکان، بۆ نموونە شێرلی و ھۆنراوە قەشەنگەکەى (شکۆی خوێن و دەوڵەتەکەمان.) بە دوای ھی تردا دەگەڕێم ھیچی تر نادۆزمەوە، تەنھا چەند دانەیەکی لەو جۆرە و تەواو. لە بیرمە کوڕانێك ھەبوون کاتی خۆی کە ھەمان ئارەزووی شیعرییان ھەبوو بۆ کۆمەڵە ھۆنراوەیەك وەك من . براوەرم بیرە جارێکیان لە پۆلێکدا کاتێك کە قوتابی بوو لە ئامھێرست، دواتر بوو بە ڕۆبین براوەری مامۆستا لە ئادەمس ھاوس لە زانکۆی
ھارڤارد. لە بیرمە گوتم: (کەس ھەیە ئەو ھۆنراوەیەم بۆ بخوێنێتەوە؟) ھۆنراوەیەکی کۆنی ئێدواردس بوو (چوون بۆ ناو جێگه ڕووتەکەم وەك کەسێك کە پێشتر خەوتبێت.) ئەوەندە بە جوانی خوێندییەوە، گوتم: (ھەتا ماویت نایابت بۆ دادەنێم.) بەو شێوەیە گاڵتە لەگەڵ یەکدیدا دەکەین. ئەو ھەرگیز بە بەردەوامی لە پۆلەکەمدا ئامادە نەدەبوو، سەردانی پۆلەکانی ترم دەکرد لە زانکۆی ئامھێرست و ھەرزوو تێبینيی ئەوم کرد، خوایە! چۆن دەنگی دەچووە ناو دێڕەکان؟ بە شێوە سرووشتییەکەی خۆی ئەو ھۆنراوە قورسەی دەخوێندەوە، لەگەڵ ئەو وتە کۆنە: (ھەڵوەرینی ھاوڕێی دڵسۆز، نوێبوونەوەی خۆشەویستییە.) من زۆر کاسۆلیکیم، ئەوە ھەموو شتێکە کە بتوانیت بیڵێیت. من ڕاوم کردووە و پوخت نیم وەك ئەو خوێندەوارانەی ئەڵمانیا لە کۆندا. ھیچ شتێکم لەوانە نییە و ڕقم لەو بیرۆکەیە کە دەبێت ھەرچی کارەکانی کەسێکە بخوێنیتەوە. بەڵام زۆر لە کارەکانیانم ڕوانیوە و تا ڕادەیەکی زۆریش شتم خوێندووەتەوە.
دیمانەساز: کە لە ئینگلتەرا بوویت، ھیچ کات ھەبووە ھەست بکەیت ھەمان جۆرە شیعری پاوهند دەخوێنیتەوە؟
فرۆست: نەخێر، پاوهند شیعری ترۆبادۆری دەخوێندەوە.
دیمانەساز: ھیچ لەگەڵ یەکتردا لهبارەی شاعیرێکی تایبەتهوه قسەتان دەکرد؟
فرۆست: کە یەکەمين جار چاوم پێی کەوت، ڕۆبینسۆن و دوالمێری زۆر لا پەسەند بوو. ھەرزوو لە دوالمێر بێزار بوو و وا بزانم ڕۆبینسۆنیشی بە لاوە نا. ئێمە باسی چەند ھۆنراوەیەکی بچووکمان دەکرد. ماوەیەکی کەم لەگەڵیدا بووم بۆ چەند ھەفتەیەک و بە شێوازەکانی سەرسام بووم. بەرانبەر به خەڵكى جۆرە ڕقێکی لە ناخیدا دەچاند کە خۆشی ئارەزووی لێی نەبوو، ھەروەک ویلی ویسلەر [جەیمس ھیکنەیل ویسلەر] پێم وابوو ئەویش لەژێر کاریگەريی ویسلەردا دەبێت. جۆرە ستایلێکی بۆکسێنی فەڕەنسییان پەرە پێ دەدا، شەقیان لە دەم و ددانت ھەڵدەدا.
دیمانەساز: بە شۆخییەوە؟
فرۆست: بەڵێ، ئەو گۆرانییە چەپەڵە دەزانیت؟ ئەوەی دەڵێت: (بە پێیەکانیان شەڕ دەکەن،) سەرەڕای ھەموو شتێك، ئەوەی پاوهند کردی ئاشناکردنی ژیانێکی قەرەجی بوو پێم.
دیمانەساز: ئەو کاتە ئەو شێوازە ژیانە قەرەجییە زۆر بە دی دەکرا؟
فرۆست: زیاتر لەوەی تا ئێستا بینیبێتم، من ھەرگیز بەو شێوەیە نەبووم، بەڵام ئەو دەیبردم بۆ چێشتخانەکان و شوێنی دیکەش. لە چێشتخانەیەکدا شێوازە بەرگریکردنێکی ژاپۆنيى پێشان دام، پاشان لە سەر سەریەوە فڕێی دام.
دیمانەساز: ھەر بە ڕاستی ئەوەی کرد؟
فرۆست: ھیچ ئامادە نەبووم بۆی، ھەرچەندە وەك ئەویش بەھێز بووم. گوتی: (پێشانت دەدەم، پیشانت دەدەم، ھەستە!) بۆیە منیش ھەستام و دەستمم دا پێی، ئەو مەچەکی گرتم و بۆ دواوە نوشتایەوە و لەسەر سەریەوە فڕێی دام.
دیمانەساز: ئەی بە لاتەوە چۆن بوو؟
فرۆست: ئۆو، بە لامەوە ئاسایی بوو. ھەموو ئەوانەی لە چێشتخانەکە بوون ھەستانە سەر پێ. پاوهند وەك یاریزانێکی تێنس خۆی دەناساند، ھەرگیز یاری تێنسیشم لەگەڵ نەکردبوو، دواتر ئەو شوێنانەی پێشان دەدایت کە ئەو خەڵکانەی لێ بوون کە شارەزا بوون لە ناسینی ئەو شاعیرانەی کە پیتی (ھ)ـەکانیان فڕێ دەدا و شتی لەو جۆرە. بەڵام وەك گەنجە ئەمهریکییە یاخییەکان نا، بیرمە جارێکیان یەکێک لەو شاعیرانەیان ھەبوو کە ھۆنراوەیەکی لە گۆڤاری (ئینگلیش ڕیڤیوو) ھەبوو لەسەر خواوەندی جوانی (ئەفرۆدیت،) نووسەری (ئەفرۆدیت لە شارۆچکەی لیزەرھێد.) ئەو ھاتە ژوورەوە، ئەوکات کرێکاری چاککردنی ڕێگاوبان بوو، ناویم لە بیر نەماوە، لە دوای ئەوەشەوە لهبارەشييهوه نەمبیستەوە. ڕەنگە لە ژیان بەردەوام بووبێت و کتێبی نووسیبێت. بەڵام کرێکارێکی ڕاستەقینە بوو. بە خۆی و گرەیەك کە بۆ توندکردنی دامێنی پانتۆڵ بە کار دێت ھاتە ژوورەوە. کۆبوونەوەیەکی چاخواردنەوەمان ھەبوو، ھەموان تۆقابوون، بەڵام بە شێوەیەکی دڵخۆش، خۆت دەزانی وەک تۆقینێکی کۆمەڵایەتی. کابرایەکی ملسووری پتەوی بەھێز بوو. وەک جۆن ئێڵ لویس و ئەوانە، بەڵام ئەو شاعیر بوو. لەولاشەوە ئێزرا چەند شاعیرێکی لە خەیاڵی خۆیدا پێگەیاندبوو. وای دەزانی ھەر وای کردووە، کەسێك بھێنیت کە لە ژیانیدا ھیچ شتێکی نەنووسیوە بیکات بە شاعیر. ناچینە ناو ئەو بابەتەوه.
دیمانەساز: دەبێت کاردانەوەت چۆن بووبێت بۆ وتارە پێشەنگەکەی ئەم دواییەی کارل شاپیرۆ کە لە گۆڤاری نیویۆرك تایمزدا بڵاو کراوەتەوە و پێتدا ھەڵدەدات بەوەی کە ڕەنگە تۆ ھێندەی پاوهند و ئيلیەت بە (مۆدێرنیزم) تاوانبار نەبیت. ]زەنگی تەلەفون دێت.[
فرۆست: ئەوە تەلەفونەکەی منە؟ یەك چرکە ڕاوەستە! ]پچڕانێك و فرۆست دەڕوات بۆ ئەوەی تەلەفونەکە ھەڵبگرێت.[
فرۆست: باسی چیمان دەکرد؟ ئا، بەڵێ، ویستت بەدواداچوونم بۆ بکەیت.
دیمانەساز: نەمویست بەدواداچوون بکەم. ویستم، ئۆو، ئەم شتەی لهبارەی کارل شاپیرۆ. بەڵێ، توخوا پێکەنیناوی نییە؟ زۆر جار پرسیارم لێ دەکەن، چونکە خۆت دەزانیت من زۆر گەڕاوم و ئەم سەروئەوسەرم کردووە و لە ڕۆژئاوا بووم و نزیکەی ھەموو شوێنێکم دیوه پێم دەڵێن: (بە کێ دەوترێت شاعیری مۆدێرن؟) ھەرچەندە زۆربەی جار خۆم لەو پرسیارە دەدزمەوە، بەڵام ئەو شەوە گوتم: (شاعیری مۆدێرن ئەوەیە کە لەگەڵ کەسانی مۆدێرندا دەدوێت، گرنگ نییە خۆی لە چ سەردەمێکدا ژیابێت. ئەوە یەکێكە لە شێوازەکانی ڕاڤەکردنی، ھەروەھا ڕەنگە زیاتر مۆدێرن بێت، ئەگەر خۆی لە ژیاندا بێت و قسە لەگەڵ کەسانی مۆدێرندا بکات.)
دیمانەساز: بەڵێ، بەڵام پاوهند و ئێلیەت بە شێوازی قسەکردنیاندا، بە بڕوای زۆر کەس بە شێوازێك دەنووسن کە زۆر جیاوازە لە ھی تۆ.
فرۆست: بەڵێ، پێم وایە شێوازی ئێلیەت ئەوەندە دوور نەڕۆيشتووە وەك پاوند. پاوند زیاتر وەك شاعیرێکی تروبادۆر دەر دەکەوێت لە لام؛ وەك تێکەڵەیەك لە شێوازەکانی تروبادۆر، وەك بێرتران دو بۆرن و ئارنۆت دانیال. ھەرگیز ئەوانەم نەخوێندوونهتەوە؛ زمانی فەڕەنسيی کۆن نازانم. ئارەزووم لە زمانێکی بێگانە نییە کە پێشتر نەمخوێندبێت. بابەتی وەرگێڕراویش ناخوێنمەوە، دەمەوێت شتی ناخۆش و ناپەسەند لهبارەی دانتييهوه بڵێم. بەڵام پاوند لەولاوە فەڕەنسيی کۆنی دەزانی.
دیمانەساز: پاوند زمانناسێکی باش بوو، وا نییە؟
فرۆست: ئەوەیان نازانم، مامۆستایەکی ئەو ھەیە لە ویلایەتی فلۆریدا کە لە زانکۆی پەنسلڤانیا وانەی پێ گوتووە. جارێکیان گوتی: (پاوند! وانەی لاتینیم پێ دەگوت؛ پاوند ھەرگیز نەیدەزانی جیاوازی نێوان دۆزە ڕێزمانییەکان و ئامرازی پێوەندی چییە.) وەك مۆتەکە وابوو بە سەر پاوندەوە، ئەو پیرە ئێستاش ھەر وایە بەسەر ئهزراوە. ]فرۆست دەداتە قاقای پێکەنین.[ ئەوەش ھونەرەکەی پاوندە بۆ پێکھێنانی دوژمن بۆ خۆی.
دیمانەساز: ھەرگیز لەبارەی پاوندەوە دەتبیست؟ ئێستا نامە بۆ یەکتر دەنێرن؟
فرۆست: نەخێر، پار کە لە زیندان دەرمھێنا، چەند نامەیەکی بۆ ناردم. زۆر پێکەنیناوی بوو، تەنھا چەند نامەیەکی بچووك، بەڵام ھەموویان ڕاست بوون.
دیمانەساز: لهبارەی ئەوەوه لە واشنتۆن لەگەڵ کێدا قسەت کرد؟
فرۆست: تەنھا بریکارە گشتییەکە، لەگەڵ ئەودا یەکلايیمان کردەوە. لەگەڵ ئارکى ]مکلیش]ـدا دوو جار ڕۆيشتین بۆ ئەوێ، بەڵام ھیچمان بۆ نەکرا، چونکە پێم وابێت ئەوان سەر بە دوو لایەنی سیاسيی جیاواز بوون، منیش سەر بە ھیچ لایەنێک نەبووم.
دیمانەساز: ڕاستە، بەڵام تۆ، بەو پێیەی باوکت دیموکراتێکی بەئەمەك بوو لە دەوروبەری کاتی جەنگی ناوخۆدا، ناو نەنرابوویت ڕۆبەرت لی؟
بەو پێیە تۆ جۆرێك لە دیموکراتیت، وا نییە؟
فرۆست: بەڵێ، من دیموکراتم، وەك دیموکراتێکیش لە دایك بووم و ھەر لە ١٨٩٦ـەوە لهبارەی ئەوەوه دڵتەنگم. کەسێك پێی گوتم: (جیاوازيی چییە ئەوەیان بیت یان کۆماری؟) کاتێك کە شکستمان ھێنا بەرەو خوار ڕۆيشتم و ئەو کاتەی ئارکی زانی کە شکستمان ھێنا، بە تەنھا بەرەو خوارهوه ڕۆشتم و چووم بۆ نووسینگەی بریکارە گشتییەکە و گوتم: (ھاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی بزانم لهبارەی ئێزرا پاوندهوه فەرمان بە چی دەکەیت؟) دوانیان بە جارێك گوتیان: (فرمانی ئێمە فرمانی تۆیە، با ئازادی بکەین!) ڕێك بەو شێوەیە، ھەر ئەوەندە. منیش گوتم: (ئەم ھەفتەیە؟) ئەوانیش گوتیان: (ئەگەر تۆ دەڵێیت ئەم ھەفتەیە، با ئەم ھەفتەیە بێت. بڕۆ پارێزەرێك بھێنە و ئێمەش ھیچ بەرھەڵستییەکمان نابێت.) بۆیە بەو پێیەی ئەوان کۆماری بوون، چووم بۆ لایان و ھاوڕێیەتیم لەگەڵ سورمان ئاڕنۆڵد، کە نیمچە لیبراڵێکی باشە، پێک ھێنا بۆ ئەوەی ببێت بە پارێزەرم. دانیشتم ئەو شەوە داوایەکی پێداچوونەوەم نووسی بۆ دادگا کە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە فڕێم دا. دواتر، بەیانییەکەی پێش ئەوەی بڕۆم بۆ شار، دانایەکی کورتترم نووسی، ئەمەش تەواوی بابەتەکەیە. ئێزرا لە تێبینییەکی بچووکدا سوپاسی کردم و نووسیبووی: (سوپاس بۆ ئەوەی کە دەیکەیت. گفتوگۆیەکی بچووکمان دەبێت.) دواتر بە پیتی گەورە واژۆی کردبوو، دواتر دانەیەکی تری بۆ نووسیم، دانەیەکی جوانتر.
دیمانەساز: پاوندت بینی پێش ئەوەی بڕوات بۆ ئیتاڵیا؟
فرۆست: نەخێر، نەخێر. نەمویست لووتبەرز دەر بکەوم. ویستم وا ھەست بکات کە ڕزگاری بووە لێم. بەڵام دیارە کە جۆرێك لە سوپاسگوزاری پێوە دیارە. ئەو زۆر باش نییە، خۆت دەزانیت. ھەندێکیان نەیانویست… [لەدوای چاوپێکەوتنەکە، کە تۆمار نەکرابوو، دەر کەوت لێرەدا فرۆست مەبەستی ئەوەیە کە ھەندێك لە ھاوڕێکانی پاوند وەك خۆی ئاماژەی پێ دەکات. مێرل موور پێی وابووە کە باشترە پاوند لە نەخۆشخانەی سەینت ئێلیزابێس بمێنێتەوە. موور گوتی کە پاوند ژوورێکی خۆی ھەبووە، ھەروەھا کوخێکیش.[ کارێکی دژوارە، ئەویش شاعیرە، ھەرگیزاوھەرگیزیش گومانم لەوە نەبووە. بە درێژایيی ماوەیەکی زۆر ھاوڕێ بووین، بەڵام ئەوەی لەکاتی جەنگدا کردی، ھیچ بە دڵم نەبوو. ئەوانەم لە کەسانی دیکەوە دەبیست، بۆیە زوو بڕیارم نەدا، بهڵام بارودۆخەکە زۆر لە خراپ دەچوو. گەمژە بوو، لهبارەی ئەو شتانەوهی کە گرەوی لەسەر دەکردن و ھەرکەسێکیش بەو شێوەیە بدۆڕێت، نامەوێ بیدەمەوە بە چاویدا.