[ئامانج لە ژیان چییە؟]

لە عەرەبییەوە: حەمە کاوە

 

لە تەنهاییە ساردەکەیدا لە دوايين بەشەکانی (تاوان و سزا)دا، ڕاسکۆلینکۆف هەمیشە ئەو پرسیاره‌ی لە خۆی دەکرد کە: (بۆ چ شتێک دەژی؟ چی وای لێ کردووە هەموو ڕۆژێک لە خەو هەڵبستێت؟ چی وای لێ دەکات بەرگەی ئەم هەموو ڕۆژە بێسووده‌ کە پێیاندا تێده‌په‌ڕێت، بگرێت؟ بۆ خۆی ناکوژێت و کۆتايی بە هەموو شتێک بهێنێت؟ بە کورتی بۆچى دەژی؟ تەنها بۆ ئەوەی وجوودی خۆی بە ڕێ بکات؟)

لەوانەیە لات سەیر بێت ڕاسکۆلینکۆف پاڵەوانی ڕۆمانی تاوان و سزای نووسەری ڕووسی (دۆستۆیڤسکی) بۆچى ئەم پرسیارە لە خۆی دەکات؟ بەڵام دەبێت ئەوە بە هەند وەربگریت کە (وجوود و ژیان) مورادیفی یەکتر نین و جیاوازن، هەرچیيەک چاومان بچێتە سەری، بوونی هەیە، هەرچیيەک لە نەبووەکان نەبێت، بوونی هەیە، تۆش کە دوو چاوت هەیە و هەناسە دەدەیت، بوونت هەیە، بەڵام ئایا تۆ بە ڕاستی دەژیيت یان نا؟!

ئەم پرسیارە هەموو فەیلەسووفەکانی سەدەی بیسته‌مى بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە؛ لەوانە ئەلبێر کامۆ، کاتێک لە ئەفسانەی سیزیفدا جیاوازی لە نێوان مرۆڤی نوێ و ژیانە بێماناکەیدا دەکات، وەک  كارکردن لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر، نووستن و چووونه‌-سەرکار، گەڕانەوە، نانخواردن، خەوتن و خۆشۆردن، کۆمەڵێک کرداری دووبارەوەبوو.- لە ئەفسانەی سیزیفدا سیزیف پاڵەوانە گريكییەکە، کاتێک خوداکان سزای دەدەن، ئه‌و هەموو ڕۆژێک بەردەکە دەباتە سەر چیاکە و گلۆری دەکاتەوە. ئەمە كارى هەموو ڕۆژێکیيەتی. ئایا ژیانی ئێمەش بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سیزیفی سزادراو ناچێت؟ ژیانی ئێمەش وەکوو ژیانی ئەو بێمانا نییە؟

ئەم بیرۆکەیە لە كاره‌کانی گرووپی ئینگلیزيی پینک فلۆیددا دەبینین، کە لە گۆرانیيەکانیاندا پرسیاره‌يلێکی زۆر لەبارەی: (مانای ژیان، پووچگەرایی، تەنهایی، هەستکردنی مرۆڤ بە بێنرخبوون) و هه‌روه‌ها (ئەو سترێسانەی مرۆڤ بەرەو شێتبوون دەبەن)ـه‌وه‌ دێننە ئاراوە. هەموو ئەم پرسیار و گرفتانە لە کارەکانی ئەم گرووپە ئینگلیزیيەدا ڕەنگ دەده‌نه‌وه‌‌.

لە ناوه‌ڕاستی ساڵانی شەستدا، چوار گەنج کۆ بوونەوە، کە تەمەنیان لە بیستساڵاندا بوو، ئەم گرووپەیان دامەزراند کە دواتر ناویان نا (پینک فلۆید) و پێک هاتبوون لە: گیتارژه‌نێك بە ناوی سید بارێت، پیانۆژه‌نێك بە ناوی ڕیچارد ڕایت، ژەنیارێکی ئامێری درامس بە ناوی نیک مەیسن و بەیز گیتار ژەنێک بە ناوی ڕۆجەر واتەرز. ئه‌م گرووپە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەژێر سەرۆکایەتيی سید بارێتدا بوو، دواتر بە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و وەرگرتنی دەرمانی دژەوڕێنەوه‌ بە تەواوی وازی لە گرووپەکە هێنا، چونکە ژیانی تێک چووبوو. دواتر ده‌یڤد گيلمۆر شوێنی ئەوی بە لێدانى گیتار گرتەوه‌ و ڕۆجەر واته‌ر‌ز سەرۆکایەتيی گرووپەکەی دەکرد و هەروەها خاوەنی بەناوبانگترین بیرۆکەی ئەلبوومەکان هەر ڕۆجەر خۆی بوو، لەوانە (دیوە تاریکەکەی مانگ و دیوار.) پینک فلۆید دەنگێکی زۆری دایەوە و شۆهرەتێکی زۆری پەیدا کرد و زۆربەی کارەکانیان بە باشترین کاری مێژوو ناوی دەر کرد و لە لایەن فێستیڤاڵ، ڕۆژنامەکان و هەوادارانیانەوە دەستنیشان کران.

پینک فلۆید بەوە ناسراوە، کە بیرۆکەی کۆنسێپت-ئەلبوومی بە کار هێناوە، واتە (ئەلبوومەفيکر) ئاخر لە هەریەکێک لە تراکەکاندا فيکرەیەک، یاخۆ بیرۆکەیەک بە گۆرانی تاوتوێ کراوە. هەندێک ژانری نا-میوزیکیش تێکەڵ بە میوزیکەکان کراون، تا كه‌شێکی گونجاو بۆ ئەو فيکرە بخولقێنرێت کە لە تراکەکەدا باسی لێوە کراوە.

دیوە تاریکەکەی مانگ.- ده‌یڤد گيڵمۆر دەیگێڕێتەوە: (لە ژووری خۆگۆڕیندا بووین، کاتێک ڕۆجەر ئەو بیرۆکەیەی بۆ هات کە ئەلبوومێکی لەو شێوەیە درووست بكات؛ تێيدا باس لەو شتانە بکەین کە مرۆڤ بەرەو شێتی دەبەن. ئەم ئەلبوومە بووە به‌ بەناوبانگترین ئەلبوومی مۆسیقای ڕۆک لەو سەردەمەدا.)

بە شێوەیەک لە شێوەکان دەتوانین شيعرەکانی نێو ئەم ئەلبوومە وەک وێنەیەکی میوزیکی بۆ ژیانی مرۆڤ ببینین، بۆ نموونە یەکەم تراک بە دەنگی ترپەی دڵ دەست پێ دەکات و دوايين تراكیش بە دەنگی ترپەی دڵ کۆتاييی دێت. لە نێوان یەکەم ترپە و دوايين ترپەدا چەند تراکێک هەن کە باس لە ژیانی هەریەکێكمان دەکه‌ن و ئامانجی پشته‌وه‌ى ئەم ژیانە وێنا دەکه‌ن.

یەکەمين شت کاتێک کە دێینە دنیاوە دەیکەین بریتییە لە (هەناسەدان.) ئەم کردارە بایۆلۆجییە سادەیە، بنچينه‌ى ئەم ئاڵۆزیيەیە کە ئێمەی تێداین، یەکەمين هۆکاری بوونمان ئەوەیە کە هەناسە دەدەین، هەر بۆیە یەکەم تراکی ئەلبوومەکە بەم ناوەوەیە (هەناسەدان).

گۆرانيی هەناسەدان.- دەبێت هەموو لە خۆمان بپرسین: دوای هەناسەدان چی دێت؟ ژیان چییە دوای ئەوەی دێیتە بوون؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە بەوەی: ژیانی ئێمە هەموو ئەو ساتانەن کە بەسەرمان بردوون، هەموو ئەو ئەزموونانەن کە تاقیمان کردوونه‌ته‌وه بە خۆشی و ناخۆشیەوە، هەموو ئەو کەسانەن کە تێکەڵیان بووین و بەریان کەوتووین.

گۆرانییەکە دواتر باس لە دیوێکی دیکەی ژیانمان دەکات، بە شێوەیەک دژی دەوەستێتەوە، وەکوو ئەوەی ژیان بە جۆرێک وێنا بکات، کە گۆڕەپانێکی پێشبڕکێیە و هەموومان تێیدا پێشبڕکێ دەکەین، بەڵام بۆ ئەوه‌ی (چی) ببەینەوە یاخۆ (چی) لە دەست نەدەین.

لە ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەکەکەمان)ـدا نەجیب مەحفووز باسێکى لەم شێوەیە دەورووژێنێت، وەک وێناکردنی هێزی خودا لەسەر زەوی لە ڕێگەی چەند کۆدێکەوە، وەک جەبلاوی باوک کە ڕۆڵی خوداوەند دەبینێت و ئەدهەمی کوڕی کە ڕۆڵی یەکەم مرۆڤ دەبینێت، کاتێک جەبلاوی باوک ئەدهەم لە کۆشکەکە دەر دەکات، ئیتر دەبێت ئەدهەم پشت بە خۆی ببەستێت، چیتر خواردنی ئامادە و خەوی خۆش نەما، دەبێت هەمیشە بیر لە پەیداکردنی نان بکاتەوە، تا خۆی و ئومەیمەی خێزانی کە ڕۆڵی دایکە حەوا دەگێڕێت بتوانن پێکەوە بژین. نەجیب مەحفووز دەسەڵاتی سزادانی خودامان نیشان دەدات، کاتێک لەو نیعمەتەوە فڕێی دانە سەر زەوی. دەبێت چ هەستێک بێت لەو باڵاییەوە کە هەموو شتێک تێیدا ئامادەیە، بێیتە شوێنێک کە هیچی تێدا نییە، جگە لە بەرهەمی ڕەنجی خۆت! گەر خاوەنی هیچ بیت، ئەو هیچە بەرهەمی ڕەنجی خۆتە.

ئەوەی پینک فلۆید لەم گۆرانییەدا باسی دەکات زۆر لەمەوە نزیکە، کاتێک هەموو هەوڵێکی تۆ بۆ پەیداکردنی نانی ژیانە. ئەمە کاتی تۆ لە ژیان دەبات. وەک سیزیف چۆن کاتی بە بەردەکەوە بە فیڕۆ دەدا؛ لەپێناو چیدا؟ ژیان؟ یان لەپێناو بەردەوامیدان بە بێمانايى؟ چونکە تۆ فریا نەکەویت، کاتت بۆ دۆزینەوەی مانا نەماوە.

گۆرانییەکە بەوە کۆتاييی دێت، کە ئەم پێشبڕکێیەی ئێمە هەوڵمان بۆ ژیان، نان، پارە، ناوبانگ و گرنگبوون، تەنها هەوڵە بۆ بێمانایی و مردن، مردن بەو مانایە نا، کەسێکی زیندوو بمرێت، لێرەدا تۆ نەژیاویت و بە نازیندووييیش لەپێناو بێمانايیدا دەمریت.

دواتر (کات) دێت، وەکوو سەرچاوەیەکی سەرەکيی گرفتەکانی ئێمەی مرۆڤ، مادام ئێمە ژیانمان بە کاتێکی دیاریکراوەوە به‌ستراوه‌ ، هەرخولەکێک لە ئێمە دەڕوات، زیاتر لەو کاتە دیاریکراوه‌ی کە هەمانە، نزیکمان دەکاتەوە، واتە ئێمە خاوەنی بێکۆتایيی کات نین. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەڵبژاردنەکانیشمان دیاریکراون و ناتوانین هەموو شتێک لەو ڕێگايانەدا کە لە ژیانماندا دەیانبڕین، ئەزموون بکەین، لێرەدا تراکی کات دێتە ئاراوە وەک یەکێکی تر لە بابەتە فيکریيەکانی ئەلبوومی (دیوە تاریکەکەی مانگ).

گۆرانيی کات

لە ئەنجامی دیاریکراويی کات و دیاریکراويی هەڵبژاردنەکانمان، ئێمە تووشی گرفتێکی دیکە دەبین کە ئایا دەبێت چی بکەین؟ یان ڕاستتر بڵێم، ئایا دەبێت چی هەڵببژێرین؟ چونکە لە کۆتایيدا ئێمە بێ ئاگاین لە ئه‌نجامی کۆتاييی هەڵبژاردنەکانمان، یان لە ئەنجامی ئەو هەموو ڕێگەیەی کە لە بەردەماندایە و تەنها فریا دەکەوین بە یەکێکیاندا بڕۆین. ئایا ژیان چۆن دەبوو، ئه‌گەر ڕێگەیەکی ترمان هەڵبژاردایە! ئەمە ئەو ئيفليجييه‌ دەروونیيەمان بۆ درووست دەکات، کە هیچ نەکەین، لە ترسی ئەوەی نه‌‌كا كارێك بکەین و ئەنجامێکی هەڵەی لێ بکەوێتەوە. گۆرانيی کات موناقەشەی ئەو شەلەلە دەروونیيە دەکات کە لە هیچنەکردندا تووشمان دەبێت. گۆرانییەکە بە دەنگی چرکەی کاتژمێر و زەنگی لێدانی کاتژمێر دەست پێ دەکات، لە پشتیشیيەوە گوێت لە دەنگی ترپەی دڵە وەک پێناسەکردنی کات بە شێوەیەکی شکڵی و لە هەمان کاتدا پێناسەکردنی بە شێوەیەکی بابەتیانە لە ترپەی دڵی مرۆڤدا، لە هەردوو پێناسەکەدا، لە ڕۆيشتنی چرکەکان و لێدانی ترپەکاندا، ئێمە زیاتر لە کۆتايی نزیک دەبینەوە، دواتر ئەو وێنەیە دێتە بەرچاومان کە کەسێک لەم نێوەندەدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نوقم دەبێت و کەسێک نییە ببێتە ڕێنیشاندەری و لە کۆتايیدا دەگات بەو ئەنجامە: (چاوەڕوانیيەکی بێکۆتاييی پڕ لە نادڵنیايی.)

ڕۆجەر کە خاوەنی بیرۆکەی ئەلبوومەکەیە دەڵێت: (بیرۆکەی نووسینی ئەم گۆرانیيەم لەوەوە بۆ هات، کە چوومە تەمەنی بیستوهەشت ساڵییەوە، بۆم دەر که‌وت من لە تەمەنی خۆئامادەکردن بۆ داهاتوودا نەماوم. کاتێک گەورە ده‌بم، بە ڕاستی گەورە بووم و هیچ داهاتوویەکیش بوونی نییە، هێشتا لەناو ئێستادام و خه‌ريكه‌ ون دەبم.)

بە گشتی گۆرانیيەکان قسە لەسەر ئەو سترێسە دەروونیيانە دەکەن کە لە ژیانی مۆدێرندا تووشیان دەبین و هەندێ کات بەرەو شێتبوونمان دەبه‌ن؛ دواتر گۆرانيی (لەسەر ڕێگه‌) دێت، کە هیچ وشەیەکی تێدا نییە، تەنها چەند ژانرێکی میوزیکیيە و وێنای پلانی کەسێک دەکات بۆ ئەوەی فریای فڕۆکە شکاوەکەی بکەوێت، کە لە کۆتایيدا تێک دەشکێت، وەک نیشانەیەک بۆ سترێسێکی تر لەناو ژیاندا؛ دوای ئەوە گۆرانيی (پارە) دێت کە بە شێوەی ڕابواردن باس لەوە دەکات چۆن ژیانمان لەناو بەکارهێنانی ویستەکانماندا بە فیڕۆ چووە کە دەمانەوێت پارەی زیاترمان دەست بکەوێت. تشاک بۆڵانیک لە ڕۆمانی (یانەی شەڕکردن)ـدا ئاماژە بەمە دەدات و دەڵێت: (ئێمە هەموومان لە شوێنێک فەرمانبەرین و بەردەوام کار بۆ کڕینی ئەو شتانەی کە پێویستمان نین، دەکەین.)

دواتر لە گۆرانيی (ئێمە و ئەوان)ـدا وێنای بێماناییەکی ڕەها دەبینێت. ڕەخنەی نوکتەئامێز لە جەنگە بێماناکان دەگرن، کە نموونە بەوە دێنێتەوە چۆن لە یاريی شەتڕەنجدا سەربازەکان دەمرن، تاکوو پاشاکان بژین. لە ڕۆمانی (حەوت ساڵ لە تبت)ـدا کە هێنریش هاڕەر ئەزموونێکی خۆی لە سەردانکردنی تبتدا دەگێڕێتەوە، جارێکیان ژن و مێردێکی تبتی پێی دەڵێن: (جیاوازیيەکی زۆر ڕیشەیی لە نێوان شارستانیێتی ئێمە و ئێوەدا هەیە. ئێوە ستایشی کەسێک دەکەن کە لە سەرکەوتن و هەنگاونان بەردەوام بێت، جا لە هەرچینێکی کۆمەڵ بێت، بەڵام ئێمە ستایشی کەسێک دەکەین، کە دەستبەرداری خۆپەرستی بووبێت.)

هەر بە ڕاست، ئەگەر پاشاکان دەستبەرداری خۆپەرستی و ویستە بێماناکانی خۆیان بوونایە و جەنگەکان بەرپا نەبوونایە، چ پێویستی دەکرد سەربازەکان لەپێناو بێمانايی و خۆپەرستيی سەرۆک و پاشاکاندا بمردنایە! ڕەنگە لەپێناو بێماناییەکانی خۆیاندا بمردنایه‌، زۆر لە بێمانایيەکانی ئەوان مانادارتر بوايه‌ بۆیان.

لە دوايين گۆرانیدا (مێشکە تێکشکێنەرەکە) تێیدا هەموو شتێک دەگات بە ترۆپک کە ئەویش (شێتییە.) ڕۆجەر هەرگیز نەیتوانیوە ئەو دۆخە دەروونیيە ئاڵۆزە فەرامۆش بکات کە بەسەر سید بارێتی هاوڕێیدا هاتووە. بەوە ناچار بوون لە باندەکە دەری بهێنن، چونکە چیتر نەیدەتوانی گیتار بژەنێت و دەبوايه‌ پشوو بدات. لە هەموو ئەلبوومەکانی پینک فلۆیددا، هێمایەک بۆ سید بارێت دەبینرێت و تێیاندا یادی دەکرێت، بەڵام لە ئەلبوومی دیوە تاریکەکەی مانگدا ئەم هێمایە گۆرانيی مێشکە تێکشکێنەرەکەیە، کە هێمایەکە بۆ سید بارێتی هاوڕێیان.

گۆرانيی مێشکە تێکشکێنەرەکە.- دەتوانین لەسەر دوو ئاست سەیری ئەم گۆرانییە بکەین: (ئاستی یەکەم) بە ڕەهايی باس لە شێتی دەکات و (ئاستی دووەم) باس لەوە دەکات کە شێتی شتێکی حەتمییە بۆ کەسێک كه‌ بیەوێت لە یاساکانی کۆمەڵ هەڵبگەڕیتەوە. هەروەها نیشانەیەک دەبینين کە باس لەو نەشتەرگەرییانەی سەدەکانی پێشوو بۆ نەخۆشە دەروونیيەکان ده‌كات، کاتێک دوکتۆرە دەروونیيەکان هاتوون بەشێکی پشتەوەی مێشکی مرۆڤیان بڕیوە، کە بووه‌تە هۆی گۆڕانێکی تەواو له‌ کەسایەتيی نەخۆشەکەدا.

پینک فلۆید لە بەرهەمهێنانی ئەلبوومە فيکرييه‌كان و دواندنی بابەتە گرنگەکانی ژیان بەردەوام بوو، بەڵام ئەلبوومی دیوە تاریکەکەی مانگ، دوای تێپەڕبوونى زیاتر لە چلودوو ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەیدا، هێشتاش دەتوانێت بە قووڵی هەریەکێکمان لەسەر ئەم بابه‌تە فەلسەفییە ئاڵۆزانەی کە هیچ باندێکی میوزیکيی تر بەو شێوەیە نەیورووژاندوون، بدوێنێت. وەکوو ئەوەی بیانەوێت پێت بڵێن: (دوودڵ مەبە، هێشتا بە تەواوەتی شێت نیيت!)

Leave a comment