[چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕیک ڕایت]

لە ئینگلیزییەوە: جوانە ئەمین

پرسیار: ڕیکی ئەزیز! سەرەتا دەمەوێت لەپاڵ ئەلبوومە نایاب و سەرکەوتووەکەت (Broken China)دا کە وەک شاکارێک لە قەڵەم دەدرێت، بۆ به‌ئەندامبوونت لەم گرووپە جیهانییەدا زۆر سوپاست بکەم. بە درێژایيی ماوەی كارکردنت لەگەڵ پینک فلۆید و ئەلبوومی Broken China شێوازی تۆ لە میوزیکدا زیاتر له‌ میوزیکی پێکەوەنان (کۆنسێپچواڵ)ـدا خۆی دەبینییەوە، کە پێکەوەبوونی تێدا هەڵدەقوڵێت و بە ڕوونی تۆنێکی کۆکراوەی پێوە دیارە. ئەوە چی بوو وای لێ کردیت کە ئەلبوومەکانی وەک (Wish you were there) و (The division bell) و (Broken China) تەواو بکەیت؟

ڕیک ڕایت: پێم وابێت پرسیارەکە خۆی وەڵامەکەيشییەتی. ئەوه‌ ڕاستییە، هەر بۆیە حەز دەکەم بەو شێوەیە بنووسم و لە ئەلبوومی Broken Chinaشدا ئەوە بوو کە نووسیم. باش بوو باسی (Division bell)ت کرد کە بە گشتی دەمانویست ئەویش شێوازێکی (پێکەوەنراو)ی هەبێت و من دەمویست گۆرانییەکانی لە یەکەوە نزیک بن، بەڵام لە کۆتاییدا هێشتا چەند گۆرانییەکی هەبوون، کە لێك جیاواز بوون. ئەلبوومی Broken Chinaم دانا، چونکە بە ڕاستی پێم وابوو ئەوە باشترین ڕێگەیە كه‌ بتوانم لێيه‌وه‌ کار بکەم و زۆریش حەزم لەوەیە بتوانیت پێوەندی لە نێوان میوزیک، وشە و هەستەکان لەگەڵ شتە بینراوەکاندا درووست بکەیت.

پرسیار: بەڕێز ڕایت! پێم وابێت کیبۆردەکەی جەنابتان هه‌ر لە ساڵە سەرەتاییەکانی باندی فلۆیدەوە و لە کاردا بووه‌، یەکێک بووه‌ لە بنەما هەرەدیارەکانی دەنگی میوزیکی باندەکە و بێ گومانیش کلیلی سەرکەوتنی باندەکە؛ لە سەرەتاوە کێ کاریگەریی له‌سه‌ر شێوازی کیبۆردەکە هەبوو؟

ڕیک: پرسیارێکی جوانە. دەبێت بڵێم نەخێر، ئەوە ژەنیاری کیبۆردەکان نەبوون کە کاریگەرییان خستە سەرم. بۆ نموونە، [با نموونەیەکی جوانت بدەمێ!] یەکێک لەو کەسانەی کە زۆر پێی سەرسام بووم و کاریگەریی لەسەرم هه‌بوو، مایڵس دەیڤس بوو، کە ژەنیاری ترومپێت بوو و شیوازی ئەو لە ژەندنی ترومپێتدا کاریگەريی خستە سەر شیوازی ژەنینی من بۆ کیبۆرد و هەروەها بیڵ ئیڤانسیش. ئه‌گەر بچیت سەیری میوزیکی جاز بکەیت، دەتوانیت لەوە تێبگەیت کە من بۆ ژەنینی کیبۆردەکەم، کەوتوومەتە ژێر کاریگەرییەوە.

پرسیار: گۆرانییەکانی (Paint Box) و (Remember A Day) بە لای منەوە خۆشترین گۆرانین، لە (Relics)ـی تۆمارکراو (ئێستاش بە سیدی.) تێکستەکانیان هەستێکی قووڵى یادگاریيت دەدەنێ بۆ: (1) شەوێکی دوورودرێژ کە دێیتە دەرەوەی یانە شەوانەکان؛ (2) منداڵی و میوزیکەکەشی زۆر کاریگەریيت لەسەر داده‌نێت. هەر بۆیە هەمیشە سەرسام بووم (و هەمیشه‌ش بێ هیوا بووم.-) [بێ هيوا بووم] لەوەی بۆچى گۆرانییەکانی دواى ئه‌وانت وەکوو ئەوانه‌ نەبوون؟

ڕیک: گۆرانییەکانی Paint Box و Remember A Day ئەو کاتە دەر کران کە سید گرووپەکەی به‌ جێ هێشت و ئێمەش هێشتا ڕێگەیەکی وا دیاریکراومان نەدۆزیبووەوە میوزیکی گرووپەکەی لەسەر دابنێین. سید، (پێم ناخۆشە کە وا دەڵێم،) ئیتر نەیدەتوانی کار بکات، بۆیە ڕۆجەر کارەکەی ئەوی گرتە دەست؛ من و دەیڤیش کە گۆرانی دەنووسین. ئەمەش لەوەوە هات کە پێکەوە دەستمان بە گۆرانینووسین کرد. بۆ نموونە، لە ڕێگەی گۆرانیی (Echoes)ـەوە باشترین میوزیکی خۆمانمان دۆزییەوە وەک کاری گرووپ کە هەرسێکمان پێکەوە کارمان دەکرد، جیا لەوەی کە بە تەنیا گۆرانی بنووسین و بیبەینە ستودیۆ.

پرسیار: بۆچی گۆرانییەکە ناوی Paint Boxە؟

ڕایت: نازانم.

پرسیار: ئایا ئەلبوومی Division Bell بڕوابەخۆبوونی ئەوەی پێ دایت کە بچیتەوە بواری گۆرانیوتن؟ دەنگت ئێستاش وەک ئەو کاتەیە کە دەستت بە گۆرانیوتن کرد، لەو باوەڕەدایت کۆنسێرتی تایبەت بە خۆت ساز بكه‌يت؟ (سوپاس!)

ڕیک: پێم وایە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ Remember A Day و See Saw و Paint Box. لەو کاتەدا بێ گومان هەوڵم دا گۆرانییەکانی خۆم بڵێمەوە، ڕۆجەریش ئەوانەی خۆی، ئیتر دوای ئەوەى دەیڤ هاتە گرووپەکەمانەوە، لەو کاتەدا خاوەنی باشترین دەنگ بوو بۆ ڕێبەرایەتیکردنی دەنگی گرووپەکە، ئیتر من و ڕۆجەر بڕیارمان دا لە هێڵی پێشەوەی دەنگ بکشێینەوە و ببینە گۆرانیبێژی لاوەکی و سازاو لەگەڵ گۆرانیبێژی سەرەکیدا کە سید بوو. هەرگیزیش ئەو بڕوايه‌م بە دەنگم نەبووە و پێشم وایە ئەوە ڕاستە کە لە Division Bellدا زۆر دەترسام بیڵێمەوە، بەڵام خۆشحاڵیش بووم کە دەنگم دوای وتنەوەی وا دەرچوو. ئەلبوومی Broken China هەستێکی گەورە و بڕوابەخۆبوونی پێ بەخشیم، کە کاتێکی زۆر زۆرم پێ دا بۆ ڕاهێنانی دەنگ و وتنەوەی، کە لە کۆتاییدا دەنگی خۆمم دۆزییەوە و زۆریش بە وتنەوەی ئاسوودە بووم و بە سەرکەوتووييیش کردم، چونکە کاتێکی زۆرم بۆ ئه‌م ئه‌لبوومه‌ لە هەوڵی گەڕان بۆ باشترین ڕێگه‌ بۆ وتنەوەی ته‌رخان كرد، تا ببێتە ئەلبوومێکی کەسیی خۆم و نەشمدەتوانی داوا لە کەسێكى تر بکەم گۆرانیی ئەلبوومەکەم بۆ بڵێتەوە، جگە لە شینید (ئۆکۆنۆر) کە دوو گۆرانیی وتەوە کە من نووسیومن و بەشی دووەمی پرسیارەکەیش کە (سازكردنى کۆنسێرتە بۆ ئەلبوومەکە،) ناتوانم بڵێم بەڵێ، بەڵام هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بڵێم حەز دەکەم و بە خۆشحاڵیيشەوە هەلی ئەوە دەڕەخسێت لە داهاتوودا کۆنسێرتی ئەم ئەلبوومە تۆمارکراوە به ڕێوه‌ ببه‌م.

پرسیار: گوێمان لە گۆرانییە پاشماوەکان دەبێت لە Division Bell. ئايا لە نووسینی هیچ یەکێک لەوانەدا بەشداريیت کردووە، یاخۆ هیچ کام لەو گۆرانیيانە لە Broken Chinaدا بە کار هاتوون؟

ڕیک: بێ گومان پاشماوە و زیادە هەر هەبوون. بۆ نموونە لە Division Bellدا، لەگەڵ دەیڤ دەستمان پێ کرد و لە ستودیۆدا قاڵ بووین، کە ڕەنگە بڵێم لە (٤٠) جۆر میوزیکی جیامان لە بەردەستدا بوو. هەر بۆیە چەندەها کەرەستەی ماوە هەن لە Division Bellدا کە هەندێکیان هيی خۆمن، هەندێکیشی هيی دەیڤ و خۆم کە دڵنیام من و دەیڤ دیسان هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنین لە ئەلبوومی داهاتووی Pink Floydدا. هیچ کام لەوانە لە ئەلبوومی Broken Chinaدا بە کار نەهێنرانەوە، چونکە زۆر بە ئاگاییه‌وه‌ دەمویست لەو ڕەوتە لا بدەم کە پێشتر لە Division Bellدا پێم دەنووسی، بەڵام بێ گومان من لە پێگەیەکدام کە نزیکەی (٣٠ بۆ ٤٠) پارچە میوزیکم هەن کە بۆ Broken China بە کارم نەهێنان، بەڵام دەبێت بڵێم هەموویان بیرۆکەی میوزیکی نوێن و گۆرانی نین.

پرسیار: دەمویست بزانم ئەم گۆرانییە سۆڵۆوەی Broken China جیاوازە لە پارچە میوزیکەکانی تری پێشتری پینک فلۆید؟ (پرسیارەکەم لە ڕوانگەی فانەکانییەوەیە.)

ڕایت: بێ گومان، ئەوە شتێکە کە بە بێ کاریگەری و تێکەڵبوونی دەیڤ دەینووسم، بۆیە کەرەستەیەک نییە نووسرابێت بۆ فلۆید و بەو ئەزموون و بەوەی چەند ساڵە قسەم لەگەڵ بەشێک لە فانەکانی فلۆیددا کردووە، هیواخوازم حەزیان لێی بێت!

پرسیار: من زۆر حەزم لە سۆڵۆو و ئەلبوومەکانی Wet Dreams و Broken Chinaيه‌ و دەشمویست بزانم ئایا هیچ کارێکی هاوشێوەت لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێت؟

ڕیک: بەڵێ، ڕەوشێکی قایلکەر و دڵخۆشکەرم بە دەست هێنا بۆ وتنی گۆرانی لەدوایBroken Chinaوە، زۆر حەزم لە کردنییەتی و پلانم هەیە بۆ تۆمارکردنی ئەلبوومێکی تر لەگەڵ ئەنتۆنی مۆر لە ساڵی داهاتوودا و بێ گومانیش ئەلبوومی داهاتووی پینک فلۆید لە هەرکاتێکدا بکرێت.

پرسیار: ڕیک! لە دوايين کارتدا دەسەڵات و لێهاتووییەکی زۆرت بەسەر بارودۆخەکەدا شكاوه‌. کۆنسێرتی (توەر) دەکەیت بۆ ئەلبوومی Broken China یاخۆ بەشێک لەم تۆنانە بۆ توەرێکی پینک فلۆید بە کار دێنیت؟

ڕیک: لە ئێستادا هیچ پلانێکم نییە بۆ کۆنسێرت (توەر) کردنی ئەلبوومی Broken China و پێشم وایە ئه‌گەر هەلێکی وا بڕەخسێت، دەکرێت بەشێکی لە تۆنی Broken China بە کار بێنم بۆ کۆنسێرتى توەری پینک فلۆید. ئەمە شتێکیشە، کە دەبێت خۆم و دەیڤ و نیک گفتوگۆی لەباره‌وه‌  بکەین، بەڵام چەند گۆرانییەکی سەرەکی و چەسپاو هەن لەو ئەلبوومەدا کە دەمەوێت لەگەڵ فلۆیددا پێشكێشیان بکەم. دەوەستین و دەبینین.

پرسیار: ڕیک! دەمەوێت بزانم ئایا تۆ و دەیڤ گلیمۆر باسی هیچ پڕۆژەیەکی نوێی پینک فلۆیدتان کردووه‌. بێ گومان پینک فلۆید چیتر پێویست ناکات ئەوە بسەلمێنێت، کە ماوەیەکی زۆرە بۆی دەرخراوە و سەلمێنراوە. وێنای چ داهاتوویەک دەکەیت بۆ پینک فلۆید؟ ئه‌گەر بتزانیایە کە Division Bell دەبێتە کاری کۆتایيی فلۆید، وەک کاری پێکەوەبوونی کۆتایيی ئەو گرووپە بەشداريیت تێیدا دەکرد، یان كارێكى ترت دەکرد؟

ڕیک: بە شێوەیەکی فەرمی باسمان لێوە نەکردووە، بەڵام هەستێکم هەیە کە دەیڤ خەریکی ئەلبوومێکی نوێیە. شتێکی وامان پێ نییە وەک بەڵگەی ئەوە، بەڵام حەزمان لە ئەلبووم-دەرکردنە، هێشتاش چێژ لە چوونەدەرەوەی سەر شەقامەکان دەبینین، من خۆم هەر زۆر چێژی لێ دەبینم، بۆیە لە داهاتووی پینک فلۆیددا ئەوە دەبینم کە بەم زووانە ئەلبوومی نوێی دەبێت و کۆنسێرت توەرێکیش. لەوانە بوو بەشدار نەبوومایە ئه‌گەر بمزانیایە کە Division Bell دوايين کاری پێکەوەیيی فلۆیدە، چونکە دەمویست بەردەوام بین.

پرسیار: ڕیک! بەم دواییانە دەنگۆی ئەوە هەیە لە ئینتەرنێتدا کە پینک فلۆید لەگەڵ ڕۆجەر واتەرسدا بۆ سازدانى کۆنسێرتێک یەک دەگرنه‌وه‌. ئایا لە نێوان ئەندامانی باندەکەدا شتێکی لەو جۆرە باسی لێوە کراوە؟

ڕیک: نەخێر، دەنگۆی شتێکی وا نییە، کە ئەندامان بۆ هاتنەوەی ڕۆجەرس بۆ باندەکە کۆ بووبێتنەوە.

پرسیار: لەگەڵ ئەو ڕاددە زۆرە گرنگیپێدانەی کە بە گۆرانیبێژە سەرەکییەکانی گرووپەکە (سید بارێت و ڕۆجەر واتەرس و ده‌یڤ گلیمۆر) دراوە، هەستت نەکردووە تۆ پشتگوێ خرابیت، (هەم لە ڕووی میدیاکانەوە و هەمیش لە لایەن ئەندامانی گرووپەوە کە ناویان هات؟)

ڕیک: بە دیاریکراوی و بە هۆکاری تايبه‌تيش، من هەرگیز له‌ ديداردا هەستم بە ئاسوودەیی نەکردووە. (وەڵامدانەوەی ئەمە کەمێک قورسە.) وەک ئاگادارن باندەکە وا دانرابوو، تایبەت بێت بەوەی بۆ خۆمان بە جیا کار بکەین. هەست ناکەم پشتگوێ خرابم، بەڵام هەست دەکەم وا باشترە باوەڕ بە هەموو ئەوانە نەکەیت کە دەیانخوێنیتەوە.

پرسیار: لە بابەتێكی گۆڤاری Record Collectorدا نووسەرەکە لە کۆتایيی بابەتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆ گۆرانییەکت نووسیوە بە ناوی (Two of a kind) کە لە ئەڵقەی ڕادیۆیيی سید بارێتدا بۆ بەرنامە ڕادیۆییەکەی جۆن پیل لێ دراوە، لە کۆپیی ئەو ئەڵقەیەی کە من لامە، بارێت مافی نووسینی گۆرانییەکە بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە، دەتوانی ئەمە ڕوون بکەیتەوە؟

ڕیک: ناتوانم وەڵامی بدەمەوە. لە بەدواداچووندام لەباره‌يه‌وه‌.

پرسیار: ڕات چییە له‌باره‌ى کار و ئەنجامی ئێستای واتەرس لە پینک فلۆیددا بە بەراورد بە ڕابوردوو (لە لایەنی میوزیکەوە؟)
ڕیک: وتنی ئەوە قورسە. لە مەسەلەی پێوەنديی بە باندەکەوە، دەبێت ڕاست بڕۆم و ئەوە بڵێم بە باشی بەراورد دەکرێت و جیاوازە لە پێشتر، چونکە كارکردن له‌گه‌ڵ ڕۆجەردا زۆر قورس بوو، هەر بۆیە باندەکەم بە جێ هێشت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هەڵسەنگاندنی میوزیکی باندەکە بۆ هەوادارە خۆشەویستەکانی به‌ جێ دێڵم.

پرسیار: جیا لە کارە ناوازەکانی خۆت، زياتر حەز لە چ میوزیکێکی تر ده‌كه‌يت؟

ڕیک: هەركارێك کە باش بێت.

پرسیار: ڕات له‌باره‌ى ڕۆيشتنی ڕۆجەره‌وه‌ چۆن بوو؟ ئایا هێشتا پێوەندیتان هەیە؟ بە پێی ئەوەی بەرچاوم کەوتووە و خوێندوومەتەوە، ناکۆکییەکە زیاتر لە نێوان دەیڤ و ڕۆجەردا بوو، هەرچی ئەوانەی تۆ و وتارەکانی نیکـه‌ لە هیچ شوێنێک بڵاو نەکراونەتەوه‌. هه‌ر بەو بۆنەیەشەوە، ئايا سید بارێت لە کوێیە؟

ڕیک: ڕاستييه‌كه‌ى ئەو کاتەی ڕۆجەر باندەکەی بە جێ هێشت، من ئاگادار نەبووم، چونکە لەو کاتەدا باندەکەم بە جێ هێشتبوو. هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ بەوە سەرسام نەبووم، کە هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوانمان من بووم و کێشەیش لە نێوان دەیڤ و نیکدا هەبوو. ئیتر منیش بڕیارم دا له‌بارەی ڕۆيشتنی ڕۆجەره‌وه‌ هیچ نەڵێم. ڕۆيشتنەکەی پێوەنديی بە منیشەوە نەبوو، لە کاتێکدا ڕۆجەر دەیویست باندەکە کۆتایيی پێ بێنێت.- سید لە کامبریج دەژی. پێم وایە ئێستا دڵخۆشە، بەڵام ئەوه‌ى کە ناگه‌ڕێتەوە ناو ژیانی میوزیک، شتێکی ناخۆش و خەمبارکەرە.

پرسیار: هەمیشە پێم وابووە شێوازی میوزیکی جۆن کەیڵ وەک ئەوانەی خۆت نایابن. تا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە لە داهاتوودا کارێک لەگەڵ کەیڵدا بکەيت؟ (یاخۆ، تا ئێستا جۆن کەیڵت بینیوە؟ بە کارە سۆڵۆوەکانی ئاشنایت؟)

ڕیک: بە میوزیکی ئاشنام، بەڵام تا ئێستا خۆیم نەبینیوە و بیریشم لەوە نەکردووەتەوە هیچ کارێکی لەگەڵدا بکەم.

پرسیار: ڕیک! ئايا کە کۆنسێرتت لەگەڵ گرووپی پینک فلۆیددا ساز كرده‌وه‌، هیچ هەلێک هەیە تا گوێمان لە پارچە میوزیکی کلاسیکی بێتەوە؟ وەک: Childhoodl’s End، Wot’s…Uh، The Deal، Burning Bridges، Careful With That Axe، Eugene، Cymbaline،Green Is The Color، A Sauceful of Secrets، Atom Heart Mother و بێ گومان Embryoیش؟ چۆنە کە گوێمان لەم شاکارانە نابێتەوە؟ دەتوانم ئەو (٢٤) خولەکە تۆمارکراوەم بێتەوە بیر و ١٥ خولەکەکەی (Any Color You Like) کە زۆر نایاب بوون. هیچ دەنگێک هەیە ئەمانە ڕوو بدەنەوە؟

ڕیک: دەزانم ئەوانەی کە باست کردن هەموو کاری ناوازەن و به‌ لای زۆربەی هەوادارانەوە باش بوون. گۆرانیی (Echoes) زۆر خۆش بوو، چونکە تەنیا لە کۆنسێرتدا لێمان نەدا، بەڵکوو پێش ئەوەیش کاردانەوەیەکی جوانی هەوادارانمان بۆ هاتەوە. من خۆم زۆر حەزم لە
(Echoes) بوو، بەڵام پێم وابێت دەیڤ لەگەڵ تێکستەکەیدا هەستی بە نائارامی دەکرد و دەبێت لەوەیش تێبگەیت کە ئێمە لەوە زیاترمان پێیە کە لە (لایڤ میوزیک)ێکدا دەمانویست پێشکێشی بکەین، بەڵام بیرت بێت کە ئێمە گۆرانیی (Dark Side of The Moon)مان تا کۆتاییەکەی لە دوايين کۆنسێرت-توەردا تۆمار کرد.

پرسیار: ڕیک! هاوسەر و منداڵەکانت چۆنن؟ یان بە دیاریکراوی بەلەمی ژیانت بەرەو کاتی کریستمەس سەوڵ دەدەیت؟ ئێستاش پرسیارە گەورەکە: دەتوانیت لە ماسیگرتن (ماسیڕاکێشان لە ئاودا) بەردەوام بیت؟ بێ گومانیش لەوانەیە بڵێیت (ئەم پرسیارە چییە؟) منیش پێت دەڵێم ئەم پرسە بۆ ڕێکخستنی هۆرمۆنی (تێستۆستێرۆن)ـە، ڕێک پرسینی بەو مەبەستەی کە تۆ لێی گەیشتیت.

ڕیک: پرسیارێکی جوانە. دوو منداڵم وا گەورە بوون و لەگەڵ هاوسەرە تازەکەم کوڕێکی (٧) مانگمان هەیە و زۆریش پێی دڵخۆشین. بەلەمەکەم بەرەو یەختێک دەڕوات کە (٦٥) پێ درێژە و دەمەوێت بچمە دوورگەکانی پاکیزەیی بۆ کریستمەس، بۆیە پێم وابێت دەزانیت مه‌بەستم چییە. بەڵێ، بە تەمای ماسی-دەرهێنانين.

به‌ باشى لە مەبەستی پرسیارەکەت گەیشتم و وا بزانم لەوەشدا کە دەتویست بیڵێی. ئەمە پرسیارێکی باشە بۆ کەسێک دوای هەموو پرسیارەکانی تر. هەر ویستم بڵێم کە چارۆکەلێدان ڕێگەی چارەسەری منە بۆ هەموو ئەو فشار و سترێسانەی کە لە ژیانی کاردا بۆم درووست دەبێت و دەمەوێت ئەم سەری ساڵە لە بەلەمەکەی خۆمدا ماسی ڕاو بکەم.

پرسیار: ئایا ڕیک بیری ئەو ڕۆژە ڕۆحیيانە دەکات کە گۆرانی و ستەیجەکانی لە باندەکەیدا زیاتر خۆیی و خۆویستیيان پێوە دیار بوو؟ ئایا پێی وایە هەستکردن بەو ئازادییە زیاتر لە شێوازی میوزیکی ئەو وەشاوەتەوە؟

ڕیک: بیری ئەو ڕۆژانە ناکەم، بەڵام بە پێویستی دەزانم کە بڵێم ئەو کاتانە گرنگ بوون، بە هۆکاری ئەوەی کە باندەکە لە ڕێگەی ئەوانەوە دەستی پێ کرد و لە ڕێگەی ئەو ساتە خۆویستانەوە شێوازی میوزیکی خۆم پەرە پێ بدەم. لە مەسەلەی ئازاديیشدا من هێشتا خاوەنی ئازادیی خۆمم و ئەو کاتەیش کە گۆرانیمان لە پینک فلۆیددا دەر دەکرد هەر وابوو.

پرسیار: ئایا ڕیک هیچ هەژمارێکی ئەلیکترۆنيی هەیە، هیچ پێوەندیی لەگەڵ جیهانی ئینتەرنێتدا هەیە؟

ڕیک: زۆر پێوەندیم لەگەڵیدا باش نییە، بەڵام دەبێت بڵێم یەکێک لە شتە خۆشەکانی تۆمارکردنی Broken China ئەوە بوو کە ئەنتۆنی نەیتوانی لە ستودیۆکەمدا لە فەڕەنسا لەگەڵمدا بێت، ئەو بەشانەی میوزیکەکە کە دەبوو بە هاوبەشی بکرێن لە ئینتەرنێتدا دامدەنان و بۆ ئەنتۆنیم دەناردن لە لەندەن، ئیتر ئەویش دوای ئەوە لای خۆی دایدەگرتن و ڕێکی دەخستن و چەندەها شتی تریش، ئینجا بۆ منی دەناردەوە، بۆیە پڕۆسەیەکی زۆر یارمەتیدەر بوو بۆ درووستکردنی ئەلبوومەکە.

پرسیار: ئایا ئاشنايييت له‌گه‌ڵ‌ مەیڵینگ لیستی Echoesدا کە به‌ باشترین کۆڕبەندی گفتوگۆی گرووپەکە دادەنرێت هه‌بوو؟

ڕیک: نەخێر، پێی ئاشنا نەبووم، بەڵام هیوایەکی زۆرم پێیەتی لە داهاتوودا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

پرسیار: بۆچی بڕیارت دا نەچیتە هیچ توەر-کۆنسێرتێکی پشتگیری بۆ ئەلبوومیBroken China؟

ڕیک: هۆکارەکەی ئەوە بوو کە چوومە گرووپی پینک فلۆید لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣ لە تۆمارکردنی Division Bellدا و دواتریش هاتنەناوەوەی ڕاستەوخۆم بۆ ئەم ئەلبوومە. بە ڕاستی کاتم نەبوو، کە بیر لە كردنى توەرێک بۆ ئەلبوومەکە بكه‌مه‌وه‌، بەڵام لە لایەکی تریشەوە و دوای تەواوکردنی ئەلبوومەکە، زۆر حەز دەکەم لە داهاتوودا هەلی ئەوە بڕەخسێت کە بتوانم بە ڕاستەوخۆيى میوزیکەکە پێشکێش بکەم.

پرسیار: کاتێک کە Broken China لە سەرەتای پیشاندانیدا بوو، ئایا ڕیک بیری لەوە کردبووەوە کە بیکاتە ئەلبوومێک بە ناوی گرووپەکەوە یان بیکاتە سۆڵۆوێکی خۆی؟

ڕیک: کاتی تۆمارکردن و پێشاندانی سەرەتایيی ئەلبوومی Broken China هیچ کاتی ئەوەم نەبوو بیکەمە ئەلبوومێك بۆ فلۆید. ئەو کاتە زۆر گونجاو و لەبار بوو تا بتوانم توانی کەسیی خۆم لە میوزیکدا دەر بخەم و فلۆیدیش پشوویەکی وەرگرتبوو. ئەوە بابه‌تێكى تەواو کەسی بوو کە نەمدەتوانی چاوەڕێی ئەوە لە ده‌یڤ و نیک بکەم بە ناوی گرووپەکەوە بیکەنە ئەلبوومێک.

پرسیار: خۆشترین ئەلبوومی پینک فلۆید بە لای تۆوە كامه‌يه‌؟

ڕیک: گەر ناچار بم ئەو پرسیارە وەڵام بدەمەوە، دەڵێم (Wish You Were Here.)

پرسیار: کەمێک قورسە کە هەوڵیکی وا هەبێت لەگەڵ پرسیارگەلێکی زۆر لەسەر پینک فلۆید لە کاتێکدا چاوپێکەوتنەکە له‌بارەی کارەکانی خۆتەوه‌يه‌. دەبێت بزانیت کە چەندان هاندەری سەرسەختی پینک فلۆید هەن کە هەمیشە هەوڵەکانی تۆ بۆ گرووپەکە بەرز دەنرخێنن و زۆرێکیش حەزیان لە (Wet Dreams)ـە. ئایا ده‌كرێت کارەکانی داهاتووت لەم شێوازەی میوزیک کە جازی هێمن و ئازادە بە شیوازی (Dream) پێک بێن؟ ئایا سەرسام بوویت بەوەی کە وتم هەواداران زۆر حەزیان لە Wet Dreamsـە؟

ڕیک: دەبێت ئەوەمان له‌ بیر بێت کە Wet Dreams هيی ساڵی ١٩٧٨ـە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە هيی (٢٠ ساڵ) پێش ئێستایە، بۆیە بۆ ئەو کاتە زۆرم بە لاوە گرنگ بووە. ئه‌گەر ئاوڕێك بۆ دواوه‌ بدەمەوە، [ده‌توانم بڵێم] هەر ئەوە وای کرد لەسەر ئەم شێوازه‌ی جازی ئازادە کار بکەم کە ئێستا له‌سه‌رى دەڕۆم و هەرکاتێکیش کە میوزیکێکی نوێ دادەنێم، زۆر لەو جۆره‌ ميوزيكه‌ى لێی دەر دەچێت، دڵنیا نیم و زۆریش سوپاسی هەواداران دەکەم کە Wet Dreamsیان خۆش ویستووە.

پرسیار: خۆشترین یادگارییەکانت لەگەڵ (UFO) و (Roundhouse) لە لەندەن چین؟

ڕیک: یادگاريی زۆر خۆشم لەگەڵ (UFO) و (Roundhouse) هەیە، بە هۆی ئەوەی ئەو کاتە باندەکە دەستی پێ دەکرد -ئەو میوزیکەیان درووست دەکرد کە کۆمپانیاکان لێی نەدەگەیشتن- ئەوەیش کە ئێمە ئازاديی کردنی و ڕێچکەیەکی زۆر دڵسۆزانەمان بۆ هەبوو. یادگاريی زۆر خۆشم لەگەڵياندا هەيه‌.

پرسیار: یەکێک له‌ ڤێرسەکانی تێکستی (Woman of Custom) کراوەتە ناو کەوانەوە؛ (ئەو برسێتییەی کە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت، ئازاری نییە، کێشەکە ئەم جیهانانەن کە ناتوانن ئەوە ڕوون بکەنەوە.) ئایا ئەو وتەیە ئەدەبییە، یان چی؟ (سوپاس!)

ڕیک: دەبێت بۆ ئەمە پێوەندی بە ئەنتۆنی مۆرەوە بکەیت، چونکە ئەو نووسیویێتی و ئەو گۆرانییەشە کە پێش نووسینی Broken China نووسراوە. پێم وا نییە لە بابەتێکی ئەدەبییەوە هاتبێت. ئەوە پێوەندیی بەو گرنگییەی ئەنتۆنييه‌وه‌ هه‌يه‌ بۆ هەندێک وتە و ڤێرس کە پێی وایە لەناو گۆرانییەکاندا گرنگن.

پرسیار: ئایا دەیڤ یان نیک گوێیان لە Broken China گرتووە، ئەی پێیان چۆن بوو؟ ئه‌گەر هێشتا گوێیان لێ نەگرتووە، ئامادەیت لە داهاتوودا پێشکێشیان بکەیت؟

ڕیک: دەزانم کە دەیڤ گوێی لێ گرتووە و بۆ نیکیش دڵنیام. ڕای دەیڤ (زۆر باشە) بوو و زۆریش حەزی لێی بوو.

پرسیار: من خۆم ژەنیاری ئامێری کیبۆردم و کارەکانی تۆ بۆ پینک فلۆید، به هاندەرێكى مه‌زن دەزانم بۆ کارەکانی خۆم، بۆیە هەمیشە ویستوومە بزانم پێشتر چ ئامێرێکت بە کار دەهێنا و ئێستایش چ ئامێرێک بە کار دێنیت؟ (بە تایبەتی بۆ میدی پاچەکان، ئه‌گەر گونجاو بێت!)

ڕیک: سەرەتاییترین ئامێر کە لە سەرەتاوە بە کارم دەهێنا (Farfifa Duo Manual Organ) و (Echoret Binsonet) و دوای ئەوەش چەندان ئامێری ترم بە کار‌ هێناوە و ئێستاش کیبۆردی (Kurtzweil) و (Brain)  بە کار دێنم. ئەو کون و میدی پاچانەشی کە لە ئامێرەکەدا باست کردن، لێرەدا ناتوانم باسيان بکەم.

پرسیار: باندەکەتان لە دوايين توەری خۆیدا لە کەنەدا کۆنسێرتی به‌ ڕێوه‌ برد. کە لە لاى من خۆشترین توەری ئێوە بووە (تا ئێستا) و هەمیشەیش بەو ئەزموونە جوانە سەرسام بووم. ئایا ڕووناکی و ستەیج‌/به‌رزه‌ك سەریان لێ تێک نەدەدایت؟

ڕیک: لە یەک حاڵەتدا ڕووناکی و به‌رزه‌ك کێشەی بۆ گرووپەکە درووست دەکرد، ئەوە کە بە هەڵە بڕۆيشتایە، ئەوەش زۆر دەگمەن ڕووی دەدا. ئێمە خۆمان لەسەر به‌رزه‌ك -بێ گومان- ئاگامان لە ڕووناکییەکە نییە. ئەوە زیاتر بینەران هەستی پێ دەکەن. بەڵام دەتوانم بڵێم هیچ بڕین و سەرلێتێکدانێکی بۆ ئێمە درووست نەکردووە. ڕاستييه‌كه‌ى هەندێک جار ویستوومە ئەو ڕووناکییەی سەر به‌رزه‌ك ببینم.

پرسیار: پێت وا نییە پینک فلۆید دەبێت بەرهەمێکی وەک Beatless Anthology بڵاو بکاتەوە؟ (کارۆلینا لە سویدەوە سڵاوت لێ ده‌كات!)

ڕیک: پێم وایە دەیڤ، نیک و خۆیشم پێمان وا نییە شتێکی وا هەبووبێت و لە لایەن باندەکەوە بڵاو نەکرابێتەوە. لە ڕوویەکی تریشەوە، لەوانەیە چەند لێکەوتەیەک هەبووبن لەوەی ئەلبوومێکی وێژەیی و چیرۆکیمان دانابێت، بەڵام ئەوە وای دەکرد کە من و دەیڤ و نیک و ڕۆجەریش بگەڕێینەوە بۆ گوێگرتن لە هەموو شریتە کۆنەکان و پێشم وا نەبوو لەو کاتەدا ئەو ئامێرە کۆنانە بۆ ئەو مەبەستە بەردەست بن.

پرسیار: دەنگۆیەکم بیستووە کە ستۆرم سۆرجێرسن کار بۆ دەرکردنی ڤیدیۆ و کۆنسێرتێکی زۆر گەورە دەکات، ئایا ڕاستیی هەیە؟

ڕیک: نا، درۆیە. لە ئێستادا ستۆرم نه‌ خەریکی کۆنسێرته‌ و نه‌ هیچ.

پرسیار: لە نوێترین بەرهەمە (ڕاسته‌خۆ/زيندوو)ه‌كانى پینک فلۆید (Pulse) بە (Q-sound) ئامادە کراوە. بۆ پەرچەیەکی باشتری ئەزموونی کۆنسێرتی (Surround-sound). هەستم بەوەش کرد کە Broken Chinaیش بە هەمان (Q-sound) ئامادە کراوە. کە لەبەر گوێی مندا دەچێتە سەر پانتایيی دیمەنی دەنگی، بۆیە دەمەوێت بزانم کە بەڕێز ڕایت شوێنکەوتەی ئەو ڕێگە جیاوازەی ستودیۆی خۆیەتی بە زانینی ئەوەی کە لە گەنجینەی دەنگی خۆیدا خاوەنی (Q-sound)ـە و ئایا پێی وایە تا چ ڕادەیەک ئەوە کاریگەریی له‌سەر ئەلبوومی Broken China دانابێت؟

ڕیک: ئەوەی کە پێویستە بیرت بێت لەسەر Q-sound ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی دوو کەسدا کە پێکەوە قسە دەکەن، دادەنیشیت. به‌ گشتی کاتێک خەریکی ئامادەکردنی Broken China بووم لەگەڵ تێکەڵکردنیدا ڕەچاوی Q-soundمان نەکردبوو. ئەوەی کە خۆشە دەربارەی Q-sound ئەوەیە کە دەتوانی لەگەڵ سیستەمە دەنگيیە بەرجەستەکراوەکەدا تێکەڵ بیت، ئینجا دەتوانیت ئەو ئامێرە تێبپەڕێنیت و بیکەیتە Q-sound، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کار ناکاتە سەر سیستەمە دەنگییە بەرجەستەکراوەکە، کە پێم وایە ئەم خاڵە زۆر باش کاری کردووە لە Broken Chinaدا.

پرسیار: ڕیکی گیان! من زۆر لە زووەوە هەواداری ئێوەم و هەمیشەیش ویستوومە بپرسم کە ئایا باندی پینک فلۆید لە هیچ توەرێکدا کەمتەرخەم بوون؟ یان ئایا لەسەرخۆ و پشوودرێژ بوون وەک (The Who) یاخۆ مامەڵە و ڕەفتارتان جوان بووە وەک ئەوەی من بیرم لێ کردووەتەوە؟

ڕیک: ئێمە هەمیشە ئەو پشوودرێژ، هێمن، لەسەرخۆ و ڕەفتارجوانە نەبووین کە تۆ بیرت لێ کردووەتەوە، ئێمەش هەمیشە بارودۆخی تایبەتيی خۆمانمان هەبووە، هەروەک (The Who) و (Stones) و هەرکەسێکی تر.

پرسیار: ئایا بە تەمایت توەر-کۆنسێرتێک لە ئەمەریکا بکەیت وەک ئەوەی کە لە چەند هەفتەی پێشوودا لە شانشینی یەکگرتوو کردت؟

ڕیک: نا، هیچ پلانێکم بۆ کۆنسێرتێکى وا كه‌ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا به‌ ڕێوه‌ بچێت، به‌ ده‌سته‌وه‌ نييه‌.

پرسیار: ئەو قسەیەی نیک لەباره‌ى بەڵێنی کتێبێک لەسەر مێژووی پینک فلۆید بوو به‌ چی؟

ڕیک: هەرهەموومان: نیک، دەیڤ، من و ڕۆجەریش دەتوانین کتێبێک بنووسین لەسەر یادگارییە مردووەکان، هەموو کۆکراوە و ئەزموونەکانی باندەکە، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو، کە دەبووە یادداشتێکی فەرمی و دەفرۆشرا و من و دەیڤیش وا هەستمان کرد کە بوو بە فەرمی، ئێمەش دەبێت تێکەڵی بابه‌ته‌كه‌ ببین و کتێبەکە بنووسین، بۆیە ئێمە وەستاین و نەمانکرد، چونکە ئەوە وەک یادداشتێکی فەرمیی گرووپەکە دەفرۆشرێت لە کاتێکدا لە بنچینەدا تەنها یادداشتێکی کەسیی نیک خۆیەتی.

پرسیار: ئایا ئەوە ڕاستە کە ڕای جیاوازی نیک و دەیڤ لە بابه‌تى خوێندنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبی یادداشتەدا درزێکی لە پێوەندیی نێوانیاندا درووست کردووە؟ ئایا نیک دوای ئەمە وەک ئەندامێکی باندەکە دەمێنێتەوە؟

ڕیک: له‌ هەریەکە لە دەیڤ، خۆم و ڕۆجەریش دڵنیام، بەڵام له‌باره‌يه‌وه‌ قسەم لەگەڵدا نەکردووە، زۆر بە گڕوتینەوە بیرمان لەوە دەکردەوە بیر له‌ نووسینی کتێبەکە بکەینەوە گەر یادداشتێک بوایە لەسەر گرووپەکە، بەڵێ نیک دەمێنێتەوە وەک ئەندامی باندەکە.

پرسیار: چەند دەنگۆیەک هەن کە دەڵێن ڕیک خەریکی دێمۆیەکە بۆ پینک فلۆید و تەنها بە ڕێی ئەوە وەستاوە گلیمۆر پێشوازی لە کارەکەی بکات و ئەمیش دەست پێ بکات. (ڕاستە؟)

ڕیک: نەخێر، ئەم دەنگۆیە ڕاست نییە. هیچ دێمۆیەکم نەنووسیوە بۆ ئەلبوومی تازەی پینک فلۆید، بەڵام لە ئێستادا چاوەڕێی دەیڤم بگەڕێتەوە بۆ ستودیۆ و نیکیش دەست بە تۆمارکردنی ئەلبوومێكى نوێ لەگەڵمدا بكات. بەڵام ئەو کاتەی كه‌ له‌وه‌ دڵنیا بووم کە بە شێوازێکی زۆر تازە و سەرلەنوێ و لەگەڵ ئامێری نوێدا دەست پێ بکەین.

پرسیار: هەندێک خەڵک دەڵێن کە باندەکە یان کەسێکی نزیکی باندەکە، هەوڵی پەروەردەکردنی ڕەگێکی نادیاری و نامۆیيی لەناو باندەکەدا لە ئەلبوومی (The division bell)ـەوە داوه‌، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی سەیر و مەتەڵ لەسەر باندەکە بە ناوی خوازراوەوە. ئایا ڕیک ئاشنایە بەم چیرۆکە؟ یاخۆ دان بەوەدا ده‌نێت کە ئەمە کەسێک بووە چێژی لە گەوجاندنى هەوادارانی وەرگرتووە؟

ڕیک: لە ڕاستیدا ئاگاداری شتی وا هەر نیم و ئاشناش بە چیرۆکێکی لەو جۆرە نیم کە باندەکە هانی دابێت، لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە کەسێکی دەرەوەی باندەکە بووە کە چێژی لەو كاره‌ بینیوە.

Leave a comment