ڕابوردوو، ئێستا و داهاتووی پینک فلۆید
لە ئینگلیزییەوە: زریان حەمە
ڕەنگە بە سۆلۆ-ئهلبوومێک و کۆنسێرتێکەوە بگەڕێتەوە. بەڵام دەیڤد گیڵمۆر دەڵێت: (ئەستەمە جارێکی تر لەژێر ناوی پینک فڵۆیددا بگەڕێمهوه.) تشرینی دووەمی ڕابوردوو ئهلبوومە چاوەڕوانکراوەکەی پینک فڵۆید (The Endless River) بڵاو کرایەوە.
لەو کاتەوە دەیڤد گیڵمۆر چوارەمین سۆلۆ-ئهلبوومە هەمەچەشن و ناوازەکەی (Rattle That Lock)ـی تەواو کردووە. من دەباتە ستودیۆ بچووکەکەی (ئاستۆریا) تا گفتوگۆی زیاتر لەبارەی ئهلبوومەکە و ئەو میراتییە هونەرییەوە بکەین کە ئێستا بە خەمەوە بە (گرووپی موزیکی پۆپ) ناوی دەبات.
وا دیارە دیمەنی ڕووبارەکە لە پەنجەرەکانەوە تەواو لەگەڵ ژینگەی میوزیکیتاندا دەگونجێت؟
من هەرگیز ئارەزووم لەو ژێرزەمینە نەریتییانە نەبووە کە زۆربەی ستودیۆکانی لێیە. بە بێ پەنجەرە و بێ ڕووناکيی سرووشتی، سەردەمێک بوو کە بە درێژایيی ڕۆژەکە کارم دەکرد و نەمدەویست ڕووناکيی سپێدە خۆی بخزێنێتە ژوورەوە و خەیاڵەکانم بێزار بکات، بەڵام لە تەمەنی پیریماندا پێمان خۆشە تەواو پابەندی کارەکەمان بین. نازانم، ڕەنگە ئەمە بێت کە هەستکردن بە ئازادیم پێ دەبەخشێت. ئهگەر ڕاستگۆ بم، نازانم چۆن ڕوو دەدات! لە ڕاستیدا هەرچییەک بێتە پێش، ئێمە خۆمانی لەگەڵدا دەگونجێنین. من پلانم نییە، ئێمە کار دەکەین تا بەرچاومان ڕوون دەبێتەوە و دواتر هەندێک شتی لێ لا دەبەین و سەرنجمان دەخەینە سەر ئەوەی کە ماوە.
هەروەها ئەگەر گوێ لە کارێکی جازی وەک (The Girl In The Yellow Dress) بگریت، بیر دەکەیتەوە کە ئایا دەگونجێت؟ دواتریش بە خۆت دەڵێيت: کێ گرنگيی پێ دەدات؟ زۆریش باشە. دەگونجێت. پێم وایە من زۆر بەبەختم، حەزم لێ بێت یان نا، دەنگم و گیتارژەنینەکەشم مۆرکی خۆمی پێوە دیارە و لەوانی تر جیا دەکرێتەوە. ئەوان منن، ئەوەش هەموو شتێک پێکەوە دەبەستێتەوە.
چۆن گەیشتیتە سەر گۆرانییەکی وەک The Girl In The Yellow Dress؟ ئایا تەنها ئەوە بوو کە بەیانییەک بە مێشکێکی پڕ لە جازی ساڵانی چلەکانهوه بە خەبەر هاتیت؟
ئەم شتانە تەنها ڕوو دەدەن و نازانم لە کوێ و چۆن! چەند تۆنێک دێن و تۆش هەروەک ئەوەی بە شەقامێکدا بڕۆیتە خوارەوە، بەردەوام دەبیت و شوێنیان دەکەویت. ڕۆبێرت وایەت کۆرنێتەکەی دەژەنێت. (چەند ساڵێک لەمەوبەر تۆمار کراوە.)
تراکی میوزیکی سەمای واڵتز، Faces Of Stone کاریگەريی لیۆنارد کۆوێنی پێوە دیارە، هەروەها ئەوە لهبارەی ڕێڕەوی کاتە بەرەو سەردەمی زێڕین. ئایا ئەوە ڕاستەقینەیە، یان تەنها خەیاڵە؟
ئەوەیان لهبارەی دوايين ساڵەکانی ژیانی دایکمەوهيه. ئەو نۆ مانگەی کە لە نێوان لەدایکبوونی دوايين منداڵم و مردنی دایکمدا هەبوو؛ ئەوان تەنها بۆ ماوەی نۆ مانگ لەسەر ئەم هەسارەیە پێکەوە بوون. دایکم نەخۆشيی دیمێنشا (تێکچوونی مێشک)ـی هەبوو، ئەو واڵتزەش هەر خۆی کەمێک شێتیی تێدا بوو. کلارنێتێک بۆ ماوەیەکی درێژ دەژەنرێت. ئەکۆردیۆنێک و کڵایۆپییەک تا کەشێکی تایبەت بخوڵقێنن. ئەو دەنگی (بووم-تانگ-تانگ، بووم-تانگ-تانگ)ـە پێوەندییەکی دژواری لەگەڵ دایکمدا هەبوو.
لە چ ڕوویەکەوە دژوار بوو؟
سهخته بتوانم ڕوونی بکەمەوه. شتێک هەیە لهبارەی وەرگیرانی دایکمهوه له ئەکادیمیای شاهانەی دراماتیک ئاڕت (RADA،) کاتێک لە تەمەنی لاويێتیدا بووە و باری دارایيی خێزانەکەشی ڕێگەی نەداوە کە لەوێ بەردەوام بێت. ئەو خەڵکی بلاکپوڵ بوو. خەونی ئەوە بوو کە لە لەندەن بژی و لە RADA بخوێنێت، بۆیە زۆر بێ هیوا بوو، کاتێک ئهو خهونهى به دى نههات. ئەو هەمیشە لە ڕێی منەوە -گەر بۆ کەمێکیش بێت- لەناو ئاواتەکەیدا دەژیا. ئەمەش دژیەکییەکی زۆری درووست کرد، بەڵام ژیان ئاڵۆزە.
ئەو کارەم لەسەر ڕۆژێکی تایبەت درووست کردووە، کاتێک لە پارکێکی لەندەندا پیاسەمان دەکرد، دایکیشم وڕێنەی دەکرد و چەند شتێکی دەبینی کە بە ڕاستی لەوێ نەبوون. منیش دەمگوت (هممم! سەرەتای تێکچوونيهتى.) بۆ ڕۆژی دواتر کچە کۆرپەکەمی لە باوەش گرت، بۆیە دەتوانیت بیرۆکەیەکی بچووک لەوەوە وەربگریت و هەوڵ بدەيت وێنەیەک لە مێشکتدا بکێشیت.
زۆربەی هۆنراوەی میوزیکەکانت لە لایەن هاوسەرەکەت (پۆڵی سامسنگ)ـهوه نووسراون. ئەوە چۆن ڕوو دەدات؟
ئەوەی ڕوو دەدات ئەوەیە کە من تراکێکی میوزیکی بۆ لێ دەدەم، یاخۆ چەند تراکێک، ئەویش یەکێکیان هەڵدەبژێرێت و منیش بۆی دەخەمە سەر ئایپۆدەکەی و لەکاتی پیاسەکردندا گوێی لێ دەگرێت. ئەم ئهلبوومه دوو گۆرانيی تێدايه کە خۆم نووسیومن، بەڵام تەنانەت ئەوانەشم بە هاوکاریی هاوسەرە بەهرەدارەکەم نووسیوە. ئەو بۆ ساڵەهای ساڵ زۆر تەقەلای دا تا لە ڕێگەی سەیرکردنی چاوەکانمەوە ناوهوهى هزری من ببینێت و لەو ڕوانگەیەوە بنووسێت. ئەو ئێستا بۆی دەر کەوتووە کە ئەوە بە ڕاستی گرنگ نییه، تەنانەت ئەگەر وشەکان لەویشەوە بن. من بە تەواوی باوەڕمەوە دەیانچڕم، بۆیە هەمیشە وا دەر دەکەون کە بە منەوە پێوەستن.
تایتڵی تراکەکە Rattle That Lock لەسەر زەنگی SNCF درووست کراوە. وەکوو ڕەنگدانەوەیەکی سروودە ئایینيیەکانی کرافتوێرک بۆ چینە باڵاکانی ئەورووپا. ئەم بیرۆکەیە لە کوێوە هات؟
کاتێک دەچیت بۆ وێستگەی سەینت پانکراس، یان فڕۆکەخانەکان، ئەو زەنگانەی کە ئەوان پێش بهڕێکەوتن لێی دەدەن، زۆربەی کات بێتام و بێزارکەرن، بەڵام کاتێک گوێم لە زەنگەکەی (ئێس-ئێن-سی-ئێف) بوو لە فەڕەنسا، زۆرم بە دڵ بوو. میلۆدییەکی بچووکی هەیە، ڕیتمی خۆی هەیه، ڕیتمێکی پێشبینینەکراوی هەیە، هەروەها جۆشوخرۆش بە مرۆڤ دەبەخشێت، بۆیە بە ئایفۆنەکەم تۆمارم کرد، هێنامە ماڵەوە و دەستم بەکارکردن کرد لەسەری.
ئایا نووسینی گۆرانییەک لهبارەی ڕیک ڕایتهوه سەخت بوو؟ وا دیارە ئەو دوانەتان زۆر لێكدييهوه نزیک بوون!
خۆم و ڕیک… مەبەستم ئەوەیە تەمەنم بیستویەک ساڵ بوو کاتێک بەشداريی گرووپی میوزیکی پۆپەکەمانم کرد. ئێمە کاتمان نەبوو تا لە یەکەوە نزیک بین، بەڵام ئێمە باشترین لێکتێگەیشتنی میوزیکیمان هەبوو، تەواو دەمانزانی کە ئەوەی تر بە نیازە چی بکات، بۆیە بیروڕاکانمان ئاڵوگۆڕ دەکرد. ڕیک هەندێک جار لهبارەی چەند شتێکی جیاوازهوه بێزار دەبوو، بە تایبەت نیگەرانيی ئاوا بوو کە کۆتایيی ژیانی چی دەبێت! هیچ کام لە ئێمە نەماندەزانی لەو کاتەدا لە کۆنسێرتیOn An Islandـى مندا ئامادە بوو، کاتێکی زۆر خۆشی بەسەر برد.
لە چ ڕوویەکەوە؟
گەیشتینە چرکەساتێک کە من ئەوم بە خەڵکی دەناساند. پۆڵی لەولاوە بە ئهکسێنتێکی فەڕەنسی هاواری دەکرد: (ڕیییییچارد، ڕيچارد!) دواتریش ئەو ئامادەبووانەی کە هەر لە شەوی پێشترەوە لەوێ بووبوون، بینیيان و ئەوانیش دەستیان بە هاوارکردن کرد. ئەمە بەردەوام بوو و لە هەموو نمايشێكدا پەرەی دەسەند. ئەویش زۆر بە ئاشکرا خەریک بوو لە خۆشیدا باڵی دەگرت. بە ڕاستی من پێم وایە کە ئەوە یارمەتيی دا تا بڕوابەخۆبوونی زیاد بکات. زۆر بەپەرۆشترهوه میوزیکەکەی دەژەنی. من زۆر حەزم دەکرد ئەو لە تەنیشتم بوایە، تا یارمەتيم بدات ئەم تۆمارە درووست بکەین (ئەو لە 2008دا کۆچی دوایيی کرد.)
من چاوپێکەوتنم لەگەڵ نیک مەیسن و ڕۆجەر واتەرزدا كردووه. پریسارم لهبارەی ئەگەری یەکگرتنەوەی پینک فڵۆیدهوه لێ کردوون. نیک وتی: (من حەزم لە سازدانى کۆنسێرتە و تا ئێستاش بە هیواوه دەژیم.) ڕۆجەریش گوتی: (ئەوە ئەستەمە، چونکە ژیان لە تەمەنی حەفتاویەکساڵیدا دەبێت بۆ ئەو شتانە تەرخان بکرێت کە دەتەوێت بیانکەیت.) پینک فڵۆید تا ئێستا شانۆیەکی سێپەردەیی بووە. ئایا پەردەی چوارەم بوونی دەبێت؟
نەخێر. من کۆتایيم پێ هێناوە. ژیانی من لە پینک فڵۆید لە بیستويەکساڵیمەوە تا شەستونۆساڵیم چەند دەکات؟ ساڵانێکی زۆرە. من چل ساڵی ڕێکم لەناو پینک فڵۆیددا بەسەر بردووە. ساڵانێکی کەم لە سەرەتاوە لەگەڵ ڕۆجەردا و ئەو ساڵانەشی کە بە سەردەمی زێڕینی ئێمە ناسراوە، لە سەدا نەوەدوپێنجی لەڕووی میوزیکەوە خەونێکی بەدیهاتوو و پڕ لە شادی و پێکەنین بوو. بە دڵنیاییەوە نامەوێت ڕێگه بەو لەسەداپێنجەی تر بدەم کار لەو تێڕوانینەم بکات کە چەند کاتێکی خۆشمان پێکەوە هەبوو، بەڵام ئێمە تەواو بووین. فریودەرانە دەبێت ئەگەر بگەڕێینەوە و دیسان دەست پێ بکەینەوە.
هەروەها کارێکی هەڵە دەبێت کە بە بێ ڕیک دەست پێ بکەینەوە. من بە تەواوەتی لە پشتی ڕۆجەرم لە هەرشتێک کە بیەوێت بیکات و چێژ لە کارەکەی ببینێت. من زۆر ئاسوودەم لەگەڵ هەموو ئەم شتانەدا، بەڵام بە دڵنیاییەوە نامەوێت بگەڕێمەوە. نامەوێت بڕۆم لە یاریگهکاندا لەژێر ناوی گرووپدا میوزیک بژەنم. من ئازادم لە هەرشتێک کە بمەوێت بیکەم و چۆنیش بیکەم. نازانم کە ئایا ئەمە بە قەدەر پینک فڵۆید باشە یان خراپتره، یانیش لە پینک فڵۆید باشترە! من گوێ بەوە نادەم. ئەمە ئەوەیە کە من دەمەوێت بیکەم و دەشیکەم.
نموونەی ساتێکتم لە پینک فڵۆید پێ بڵێ کە هەمیشە لە مێشکتدا دێت و دەچێت لەبەر ئەوەی ساتێکی زۆر گەورە بووە بۆت.
ساتە خۆشەکان بە قەد سوپایەک دەبن. من بە هەزاران بیرەوەريی خۆشم هەیە. (مێدڵ) ساتێکی زۆر گەورە بوو بۆ ئێمە، ڕێگەی بەرەوپێشچوونی پێ داین، سەرکەوتووانە بوو، بەڵام دواتر Dark Side Of The Moon سەرکەوتنێکی مەزن و لەبیرنەکراو بوو. ئێمە لەپڕ لە سەردەمی مامناوەندیمانەوە پەڕینەوە بۆ سەردەمی گەورەیيمان.
کاتێک تەماشای کارە کۆنەکانی پینک فڵۆید دەکەیت، ئایا ئەو کەسە دەناسیتەوە کە پێشتر خۆت بوويت؟
من لەوێدا گەنجێک دەبینم. لەو ڕۆژگارەدا میوزیک شتێک بوو کە زۆر دڵخۆش دەبووین زیاتر لێی بکۆڵینەوە و بچینە بنجوبنەوانی، بەڵام ئەوە ئێستا بۆ من وەکوو پڕۆسەیەکی لێ هاتووە، پڕۆسەی دۆزینەوەی ئەوەی کە چيیت دەوێت و چییشت ناوێت! هەروەها کاتێک تەمەنت بەرەو هەڵکشان دەچێت بێخۆ بۆت دەر دەکەوێت کە ئارەزووت لە چییە. ڕەنگە ئەمەش کەمێک تێڕوانینت تەسک بکاتەوە. هەروەها ئەو ڕۆژگارە هەرچەندە زۆر دڵخۆشکەر بوو، بەڵام زۆر شتی تێدایە کە بە هۆیەوە شەرم داتدەگرێت و بە خۆت دەڵێیت: (خوایە! ئێستا دەبێت چی بکەین؟)
چیيت لە بیرە لهبارەی ئەو سەردەمە کورتەی کە تۆ و سید لە هەمان کاتدا لە گرووپەکەدا بوون؟
تراژیدی بوو، هەر بە ڕاست. پێنج نمایشمان پێکەوە کرد. ئێمە ڤیدیۆیەکی سیدمان لە لایە، لە ژوورێکی خۆگۆڕیندا لە یەکێک لەو نمایشانەدا سەما دەکات، زەردەخەنە دەکات و پێدەکەنێت. بەڵام کاتێک سەیری دەکەیت دەڵێیت: (ئای خوایە! نەخێر، تراژیدییە.) زۆرم لهبارەی ئەوهوه لە بیر نییە. من لە کارەکەدا زۆر تازە بووم و ئەوانیش دەیانزانی کە سەرکەوتوو دەبم.
ئەو گۆرانییە كامهيه کە هەرگیز لە گوێلێگرتنى بێزار نابیت؟
بە هۆی ئەو شادییە دیارەی کە Comfortably Numb و Wish You Where Here بە گوێگریان بەخشیوە، هەرگیز لێیان بێزار نابم، چونکە دەزانم ئەوان چی دەکەن. پێم وابێت گوێگرتن لە هەمان شتە کۆنەکان دەتوانرێت وەک شتێکی بێزارکەر ببینرێت، بەڵام هەمیشە بە گوێگرتن لەو میوزیکانەی کە خەڵکى خۆشيان دەوێن، دڵخۆش دەبم.
یادەوەرییەکانی Live 8 چین؟
زۆر چێژم لێ وەرگرت، هەرچەندە چەند ڕۆژێک پڕۆڤەی سەختمان تێپەڕاند. هەروەها ساڵانێکی زۆر بوو قسەمان لەگەڵ یەکتردا نەکردبوو.
چۆن بڕیارتان دا شتێك پێشکێش بکەن؟
ئێمە پێشنیارەکانمان خستە ڕوو، ڕۆجەریش بە هەمان شێوە… من گرنگیم بە پێشنیارەکانی ڕۆجەر نەدا. لە کۆتايیدا من پێم وابوو کە ئێمەین پینک فڵۆید، ئەویش تەنها میوانێکمانە، تەنها دەتوانێت ئەوە بکات کە ئێمە پێی دەڵێین، یان بێ دەنگ دهبێت.
ئەو پێشنیاری چيی کرد؟
ئەو پێشنیاری Money کرد، ئێمەش هەموومان ئەوەمان وت. هەروەهاAnother Brick In The Wall و In The Flesh.
دواتریش پێشنیارەکەی ئەو زاڵ بوو!
ڕاستیيهكهى بەڵێ.
من لە خوار ستەیجەکەوە بووم، نواندنێكى جادوویی بوو.
وابوو، زۆر جادوویی بوو. ئێمە ئارامی و چێژمان لێ وەرگرت. شەوی پێشتر لە پارکەکەدا پڕۆڤەمان کرد کە هیچ ئامادەبوویەک لە پارکەکەدا نەبوو. ئەوەش زۆر بەچێژ بوو. یارمەتیى داین هەست بە ئارامی و باوەڕبەخۆبوون بکەین. هەموو شتێک زۆر بە باشی ڕۆيشت.
ڕۆجەر جارێکیان پێی وتم: (ئەو میوزیكژهنانهى دەگەنە ئەو ئاستی سەرکەوتنەی تۆ پێی گەیشتووی، بە دڵنیاییەوە بۆشایيی وەها لە ڕۆحیاندا هەیە کە تەنها پیاهەڵدان دەتوانێت پڕی بکاتەوە.) شتێکی ڕاستگۆیانەیە؟
شتێکی ڕاستگۆیانەیە. پێم وایە ئەو ڕاست دەکات. بەڵام خۆشبەختانە من چیتر ئەو بۆشاییە لە ڕۆحمدا بوونی نەماوە، لەبەر ئەوەی ئێستا تا ئەو ئاستە پێویستم بەپیاهەڵدان نییە، بەڵام شتێکی نامۆ هەیە لهبارەی نمایش لەناو یاریگهدا، ئەویش ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانيت بزانيت ئایا باش بە ڕێوە دەچێت یان نا! قەرەباڵغییەکی زۆر گەورەیە. هەموویان وەک یەک تاک. بە ڕاستی تۆ ناتوانیت وەکوو کەسانی جیا جیا بیانبینی. وزە و هێزی خۆشەویستییەکەیان، دەرمانێکی زۆر چاکە تا باوەڕبەخۆبوونت تا ڕادەیەکی زۆر بەرز بکاتەوە.
ئایا میوزيكژهنێكى دیاریکراو هەیە کە ڕوانینی تۆی بۆ میوزیک گۆڕیبێت؟
چەند ساتێک هەبوون کە بە ڕاستی گرنگ بوون. Rock Around The Clockـى بیڵ هاڵی، ساتێکی زۆر جیاوازی پێ بەخشیوم. Jailhouse Rockـی ئێڵڤس و The Beatles کاریگەريى زۆريان لهسهر داناوم. جیمی هێندریکس بە هەمان شێوە. پیت سیگەر نموونەیەکی گرنگی بە من داوە، من کاتێک گەنج بووم، گیتارژەندن لەوەوە فێر بووم.
ئێستا گوێ لە کێ دەگریت؟
من هەمیشە گوێ لە بۆب، نیڵ یان لیۆنارد، دیلان، یەنگ و کۆوێن دەگرم. بەڵام من زۆر گوێ لە میوزیکی نوێ ناگرم. کاتێک ڕادیۆکەمم لە لایە، هەموو شتێک ترسناکانە لە قاڵب دراوە، بەڵام من گوێگریان نیم. کاتێک تەمەنت دەگاتە شەستویەک ساڵ، تۆ هەموو ڕۆژێکت بە گوێگرتن لە میوزیکی نوێی پۆپ بەسەر نابەیت. بە دڵنیاییەوە چەندان چینی میوزیکی هەیە، جیا لەوەی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنهوه بەر گوێمان دەکەوێت.
کە واتە پلانی ئێستات ئەوەیە کە بەردەوام بیت لە درووستکردنی سۆلۆ-ئهلبووم و جارجاریش کۆنسێرت ساز بکەیت؟
من هێندە دووربینانە بڕیارم نەداوە. ماوەی نۆ ساڵ دەبێت کۆنسێرتم ساز نەكردووه. من پێنج ئاهەنگ لە ئەورووپا ساز دەکەم، دواتریش پێنج شەو لە لەندەن دەبم. ئەگەر بە دڵم بوو، کاری زیاتر دەکەم.
لە ماوەی ئەم نۆ ساڵەدا بیری کۆنسێرتت کردووە؟
زۆر نا.
نیک مەیسن زۆر بە خراپی بیری دەکات.
ئەو درامز لێ دەدات. بەرپرسیاریێتيی کەمترە. من پیشەیەکی هونەريی زۆر گەورەم هەبوو. دەتوانم هەرکاتێک بمەوێت کۆنسێرت ساز بكهم، دواتريش پاڵ بدەمەوە و ئەوه بکەم کە ژیانم باشتر دەكات.