[چۆن دۆزى کورد من و ڕۆجەر واتێرزی پێکەوە گرێ دا؟]

هاوڕێی تەمەن:

چۆن دۆزى کورد من و ڕۆجەر واتێرزی پێکەوە گرێ دا؟

بەهمەن قوبادی

لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش

 

سه‌ره‌تاى کارکردنی من لە سینەمادا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە تەمەنم حه‌ڤده‌ساڵان بوو. تەمەنێک کە ژیانم لە سنه‌ (سه‌نه‌نده‌ج/سنه‌دژ؛ پایه‌تەختی ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستانى-ئێران) دەگوزەراند. فیلمی  دیوارەکەی ئالان پارکەر (the wall) لە سەرەتاییترین ئەو فیلمانە بوو کە بینەریان بووم، فیلمێک کە لە میوزیکی پینک فلۆیدەوە سەرچاوەی گرتبوو. لەو چرکەساتەوە ئیدی پینک فلۆید و شێوازەکەیانم بۆ دەربڕینی تێڕوانینەکانیان لە ڕێی میوزیکەوە خۆش ویست. سەرەڕای ئەوەی نەمدەزانی ئەو کەسە کێیە، بەڵام هەرکەسێک ئەو میوزیکەی پینک فلۆیدی خولقاندبێت، هەموو کاتێك لە بیر و هۆشمدا بووە.

هەرگیز نەمتوانیوە خەون بەوەوە ببینم ڕۆژێک دێت گۆڕانکارییەکانی ژیان وا دەكه‌ن، منێک لە بانە و سنه‌وه‌ ببات بۆ ئەو شوێنەی کە ڕێچکەی کارکردنم ڕۆجەر واتێرزی ئەستێرەی درووستکەری میوزیکی پینک فلۆید ببڕێت. ڕۆژێک، له‌ كاتێكدا گوێم له‌ کەناڵی (بی-بی-سی) ده‌بێت كه‌ ڕۆجەر واتێرز سەبارەت بە فیلمەکانی من قسه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت گوايه‌ من و ئەو خاوەنی هاڕمۆنییەکی هاوبەشین لەباره‌ى تێڕوانینەکانمانه‌وه‌ بەرانبەر بە بارودۆخی میللەتی کورد و ئەو کێشە و نه‌هامه‌تييانه‌ى ڕوو به‌ ڕووى ئەم نەتەوە بێلانەیە دەبنه‌وه‌. دوای ئەمە ڕێگه‌یەکم دۆزییەوە و نامەم بۆ ڕۆجەر واتێرز نارد و پێم گوت کە بە ڕاستی من زۆر شت لەوەوە فێر بووم و ڕێز لە بیروبۆچوونەکانی دەگرم لەباره‌ى من‌ و ئەو هاڕمۆنییە هاوبەشەی تێڕوانینەکانمانه‌وه‌. بە ڕاستی ئەو ئەزموونە شەرەفێکی گەورە بوو بۆ من.

لەو کاتەوە ئیدی هاوڕێیەتییەکی مەزنمان بونیاد نا. لەم دواییەدا پێکەوە گەشتێکمان بۆ هەرێمی کوردستان كرد. لەو گەشتەماندا بە ڕاستی من گەواهیدەری هەستی مرۆیی و ڕێزی ڕۆجەر بۆ مرۆڤایەتی و خەڵکی بەئازار و بریندار بووم و بە تایبەتی گرنگيی بە مافی هەریەک لە منداڵان و ژنان ده‌دا. خۆشویستنی مرۆڤایەتی و بەرهەڵستيی دیوارەکە، ئا ئەمەیە ڕۆجەر واتەرس.

 

ڕۆجەر واتێرز داوای لێ کردم گەشتێکی لەگەڵدا بکەم، لە زیوریخەوە بۆ هەولێر. مەبەستی گەشتەکەش ئەو ئەرکە بوو کە ڕۆجەر واتێرز جێبه‌جێى ده‌كرد: ڕزگارکردنی دوو منداڵی دیلی دەستی داعش. لەکاتی ئەم گەشتەدا هەموو کات لە خۆمم دەپرسی ئەگەر من لە شوێنی ڕۆجەر واتێرز بوومایە، ئایا هێندە دوور دەڕۆیشتم بۆ ئەوەی تیمەکەم یەک بخەمەوە و سەرمایەيه‌ک لە کارێکی نادڵنیادا بخەمە گەڕ؟ لە چەندان کاتژمێری تاقەتپڕووکێندا ڕۆجەر ئەوەی لە دەستی هات بۆ ڕزگارکردنی ئەو دوو منداڵە و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەیەکی سەلامەت لە هەولێر کردی. هەرگیز پێشتر ئەو جۆرە پێداگرییەم بۆ چارەسەرکردنی بابەتێک نەبینیبوو. ئەوە یەکەمين جارم بوو کە بتوانم ڕووە مرۆڤانە و کۆڵنەدەر و هەست و سۆزە باشەکانی ڕۆجەر واتێرز ببینم. لەو گەشتەدا بۆ من ئاشکرابوو کە ڕۆجەر واتێرز لەباره‌ى کوردستانه‌وه‌ خاوەنی تێگەیشتن و مەعریفەیەکی قووڵە، هەروەها توانیم پەی بەو هاوێنه‌يه‌ ببەم کە ڕۆجەر واتێرز هونەر و سینەمای کورديی لێوە دەبینی.  هۆکاری وتنی هەموو ئەمانە ئەوەیە دەمەوێت دەری ببڕم کە ڕۆجەر واتێرز یەکێکە لە هەرەدڵسۆزترین و بەسۆزترین ئەو مرۆڤانەی کە لە تەواوی ژیانمدا بینیومن.

لەمڕۆدا زۆر هەست بە سەربەرزی دەکەم، كه‌‌ بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی فیلمێک سه‌باره‌ت به‌ (هونەرمەندێکی کورد لە ئیستانبووڵ) له‌ لايه‌ن ڕۆجەر واتێرزه‌وه‌ پشتگیریی تەواوەتيم لێ ده‌كرێت.

ڕۆجەر واتێرز! سوپاس بۆ مرۆڤدۆستییت…

Leave a comment