[دەربارەی گۆرانیی هیوابەرزەکان ]

(دەکرێت ئەم شیکارییە سپۆیڵی ئەزموونکردنی گۆرانیيەکە و ميوزیک-ڤیدیۆکە بێت بۆت.)

لێوەند بەناز

 

هۆنراوە
لە سەرەتادا گوێمان لە یادەوەريی گەنجێک دەبێت (لەودیو ئاسۆی ئەو شوێنەی بە گەنجی تێیدا دەژیاین […]) لەم گەنجیيەدا ژیان وا خۆی دەر دەخست کە هیچ بەربەستێکی له‌‌ به‌رده‌مدا نەبێت، فەنتاسیایان ئەو فڕۆکەیە بوو کە لە سەرەتاوە چارەنووسی فڕین بووە بەسەر خاکی ئاوات و خەوندا (خەیاڵمان بە بەردەوامی دەڕۆیشت و سنوور بوونی نەبوو.) بەڵام لە هەمان کۆپلەشدا بەر ئەو حەقیقەتە دەکەوین کە بەردەوام شتێک هەبووە لەم گەنجانە گەورەتر بووە، کە بە پێی کات خۆی دەر دەخات و بە ئاستێک گەنجەکان و فڕۆکەکان دەدا بە ئەرزی حەقیقەتدا، کە گەنجيێتی سنووردار بکات، یان بيوەستێنێت. لەوێشەوە تەنها وەک یادەوەریيەک بيهێڵێتەوە ([…] زەنگی پەرتەوازەیيی دەستی بە زرنگانه‌وه‌ کردبوو.) بەڵام ئەم گەنجە بە بیری دێتەوە کە هەرچەندە سیستەم بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە لە ڕێی مشەخۆریکردن بە تاقەت و توانی گەنجيێتیيانەوە سوودی بەردەوام بە خۆی بگەیەنێت، ئەمان لە جەنگ نەوەستاون و ئاگادار بوون لەوەی بە تەسلیمبوون چی چاوەڕێیانە. ([…] هەزاران لەو بوونەوەرە بچووکانەمان بە جێ دەهێشت کە هەوڵیان دەدا بمانبەستنەوە بە ژیانێکەوە کە تووشی داڕزینێکی هێواش بووە.)
بەڵام لەگەڵ هەموو هەوڵەکانیاندا دواتر سیستەم وەک ناوبانگی خۆی ڕەفتار دەکات و دەیسەلمێنێتەوە چۆن ئوخته‌بووتیانە دەست و قاچەکانی دەئاڵێنێتە ئەم گەنجانە و پەرتەوازەیان دەکات (دەڕوانمە ئەودیو ژیلەمۆی ئەو پێوەندیيانەی لە پشتمانەوە گەش ده‌بنه‌وه‌ […])
بەڵام گەنجەکە دەڵێت هێشتا هەوڵێک بوونی هەیە، بەڵام هیچ شتێکی لێ سەوز نابێت. بە بێ ئەوەی پێی بزانن، شکست دەهێنن و سارد دەبنەوە. سیستەم چووەتە نێو ڕۆحیانەوە و پێوەرەکانی تێک داوە، تا ئاستێک کە خۆیان دژ بە خۆیان دەوەستنەوە (هەنگاوەکان بەرەو پێشەوەن، بەڵام لە خەودا دەگەڕێینەوە، لە لایەن هێزى هەڵچوون و داچوونی ناوەکييه‌وه‌ ڕادەکێشرێین.) بەڵام لەگەڵ هەموو شکستێکدا، لەگەڵ هەموو ڕووخانێکی بێهیوادا، گەنجەکە دەڵێت کە هێشتا هەوڵ هەیە، هەرچەندە دەشزانین بە هیچ ناگەین و هیچ شتێکمان بۆ نەماوەتەوە ([…] چاوە ماندووەکانمان هێشتا لە ئاسۆ دەڕوانن، هەرچەندە بۆ چەندان جاریش لە کۆتایيی ئەم ڕێگه‌یەدا بووین.) لە کۆتاییدا لەگەڵ هەوڵی بێکۆتایيی سیستەم بۆ پاسیڤکردنی پڕجووڵەیيی ئەم گەنجانە، دەر دەکەوت هەریادەوەرییە ئەمان بە ئاکتیڤی دەهێڵێتەوە و له‌باره‌ى ئەو یادەوەریيانەوه‌ هەوڵی بێکۆتايى و بێکۆتاييی گەنجەکان و سیستەم درووست دەبێت (ئاو لرفه‌ دەکات، ڕووبارە بێکۆتاييه‌کە، بۆ هەتاهەتایە.)

 

موزیک ڤیدیۆ

لەگەڵ هۆنراوە بەهێز و گەرمەکانیاندا، پینک فلۆید بۆ ئاستی سینەماتیکبوونی ڤیدیۆ کلیپەکانیشیان بەناوبانگن. وەک هەموو موزیک-ڤیدیۆکانی ديکەیان، ئەم موزیک-ڤیدیۆیەش بە هەماهەنگيی هۆنراوەکە دنیایێکی سیمبوڵیک درووست دەکات.

سەرەتا دەشتێک دەبینین، کە سەوزایيی گیاوگژ لەنێو زەرداييی پووشوپه‌ڵاشدا دەخنکێن و چاومان بە دەگمەن فۆڕمێکی ژیان دەبینێت. لە پاشديمه‌ن (باكگراوند)یشدا زرنگه‌ی زەنگێک دەبیستین. بە ئاگاداريی هۆنراوەکە، بەم سیمبولانە دەست پێ دەکەین (زرينگەکان بە درێژایيی پارچەکە دەبیسترێن، کە دەکرێت دەرخەری بەهێزی ئەو پەرتەوازه‌ییە بێت، کە بە درێژایيی ژیانی گەنجەکان درووست دەبێت. لە دیمەنێکیشدا ڕێک کۆمەڵە گەنجێک دەبینین کە وەک بارێکی قورس زەنگیان لە شان کردووە و لەگەڵ هەنگاونانیاندا دەزرینگێنەوە و بۆمان دەر دەکەوێت کە سەرچاوەی زرينگەکان چین. کە واتە بە ئارامی دەتوانین بڵێین لەگەڵ هەموو هەنگاوێکی ئەم گەنجانەدا کە ڕەشیان پۆشیوە، پەرته‌وازەییەکی بەردەوام ڕوو دەدات، دووبارە دەرخەری ئەوەیە کە لەنێو ئەم سیستەمەدا تاکە هۆکاری ئەمان بۆ بوون هەڵگرتنی زەنگە. شایەنی باسە تاکە شوێن کە زرينگه‌ی تێدا نابیسترێ، لە نێوان کۆپلەی یەکەم و دووەمدایە، بەڵام لەجیاتی زرينگانەوە، جێگريی زەنگەکان دەبینین، کە ڕەشپۆشێکی زەبەلاحە و لە هەوڵی قوووتدانی ئاڵا ڕەنگاوڕەنگەکاندایە.)

دوای دیمەنی دەشتەکە کوڕێکی گەنج دەبینین، کە قاپووتێکی ڕەشی لە بەردایە، لەنێو بڕێك گیادا ڕاوەستاوە، کە ڕەنگی زەرد و سەوزی تێکەڵاوە، ئوتومبيلێكيش لە تەنیشتیەوەیەتی، بە هەمان شێوە ڕەنگه‌كه‌ى تێکەڵه‌يه‌كه‌ له‌ سەوز و زەرد. لە سندووقی ئوتومبيله‌كه‌دا کۆمەڵە میزەڵانێکی سپی دەبینین (کە دواتر بۆمان دەر دەکەوێت سیمبوڵن بۆ پێکەوەبوون و یادەوەريی گەنجيێتی گەنجەکەیە. هەرمیزەڵانێک سیمبوڵێکی لەسەرە، کە دەکرێت ئامراز بێت بۆ کەسایەتيی ئەو گەنجانەی دواتر یاريی بەم میزەڵانانە دەکەن.) ئەم میزەڵانە سپیيانە لەنێو چوارچێوەیەکی زەردی ئوتومبيله‌كه‌دان.

دواتر دەبینین ئەم گەنجە تەماشای دیمەنێکی دەشته‌كه‌ى دەکرد. لە بەردەم گەنجەکەدا بێ لە زەردایی، هیچ شتێکی دیکە بوونی نییە، بەڵام لە دوورەوە، سەوزایى دەسەڵاتی خۆی سەپاندووە. دەکرێت زەرداییە ڕێک و کورتمەوداكه‌ بینینی گەنجەکە بێت، لە کاتیکدا سەوزاییەکە درێژمەودايه‌.

لەم موزیک-ڤیدیۆیەدا و لە هۆنراوەکه‌شدا، سیمبوڵی ئاڵا دەبینین. کۆمەڵە ئاڵایەک کە ئازادن، خۆیان داوەتە دەست ڕەشەبا، بەڵام لە هەمان کاتدا جێگیرن و بە کەم کەم دەجووڵێن و دەڕۆن. ئەم ئاڵا ڕەنگاوڕەنگانە سیمبوڵن بۆ ناخی گەنجەکان، پێش ئەوەی تێکەڵبوونێکی ڕاستەوخۆ بە سیستەم ئەزموون بکەن. گەنجەکان ئاڵاکانیان لە ملدايه‌ و بە پاسکیل دێن و ده‌ڕۆن، جیهان هيی ئەوانە، پڕهیوا و هێز و خەونن. دواتر دوو کوڕ دەبینین کە کڵاوی ده‌رچوون (تەخەروج)ـیان لە سەر كردووه‌ و ئاڵاکانیان ڕەشن. لەگەڵ ده‌رچوونیاندا، پلانە گەورەکەی سیستەم دەست بە کار دەکات. بە درێژایيی زانکۆ ڕاهێنراون بۆ چۆنيێتی خزمەتکردنی سیستەم و یارمەتیدانی لە دووبارە خۆدرووستکردنەوەیدا و لەگەڵ ده‌رچوونیاندا دەست بە کارکردن دەکەن لەسەر ئەو وانانەی بە ناوی مەعریفەوه‌ فێر کراون.

سنوورداربوون و مردنی خەون دەکرێت لە ڕێی ئەو گیتارانەوە دەر ببڕین کە وا خەریکە ئاو دەیانبات، لە هەمان کاتیشدا دوو گاڵتەجاڕی ڕەشپۆش لە بەردەم زانکۆیەکدا خەریکی گاڵتەجاڕین. ئەمە ئەو تەفریهیەتەیە کە لە شوێنێکەوە بکوژی پێوەر و فەزیڵەتە. دەکرێت ئەم پێوەر و فەزیڵەتە لەگەڵ دیمەنی گیتارەکاندا وەک هونەر، یەک بگرنەوە. لەم کاتەدا دێڕی هۆنراوەکە ئاماژە بە هەڵاتنی گەنجەکان دەدات لە دەست باندێکی شڕپۆش، ئەم شڕپۆشییە ئاستی ئەو سەخافەتی و تەفریهیەتە دەر دەخات کە وا لە گەنجەکان دەکات: (ڕاماندەکرد پێش ئەوەی کات خەونەکانمان ببات.)

دواتر کۆمەڵە پیاوێکی قاتلەبەری قاچدرێژ دەبینین، کە یەکی دوو-سێ جانتای کار/سەفەریان پێیە و بەرەو ڕاست هەنگاو دەنێن، لەگەڵ دیمەنەكه‌دا گەنجەکە ئاماژە بە هەوڵی خۆیان دەدا تا کۆمەڵە بوونەوەرێکی بچووک بە جێ بهێڵن، کە هەوڵیان دەدا بە ژیانێکەوە کە سه‌ره‌نجامه‌كه‌ى داڕزانە بیانبەستنەوە. ئەم پیاوانە هەموویان ڕەشپۆشن، تووشی قۆڵ و قاچی سیستەم بوون و ئێستا لە خزمەتیدان. دەکرێت ئەم ديمەنە لەگەڵ ده‌رچوونى ئەو دوو کوڕەدا كه‌ پێشتر بینیمانن، یەک بگرنه‌وه‌. گەنجەکە دەڵێت ئەم ژیانە بە هیچ ناگات، جگە لە داڕزینێکی بەردەوام و هێواش. سیستەم لە هەوڵی بەردەوامیدا هانت دەدا جانتا هەڵبگریت و لە ڕەشپۆشین بەردەوام بیت، بۆ ئەوەی بە پێی پێوەری ئەو، ژیانێک بۆ خۆت درووست بکەیت. سات لەدوای سات ئەم پێوەرە تازە دەبێتەوە و تۆی ڕەشپۆشیش لە ڕەشپۆشین و جانتاهەڵگرتن بەردەوام دەبیت. هەوڵی گەیشتن بەو خۆشبەختیيەی سیستەم، دەکرێت لە ڕێی درێژیی قاچیانەوە نیشان بدرێت.

لە پردی کۆرسی گۆرانیيەکدا، دەبیستین چۆن گەنجەکە باسی جارانی خۆی و هاوڕێکانی دەکات و دەشبینین چۆن گیايه‌کان لەنێو زەلکاوێکدا دەژیان و چواردەوریان ئاو (ڕەمزی ژیان) بوو. دەبینین چۆن هاوڕێکان بەیەکه‌وە کەسایەتيی خۆيان لە شێوەی میزەڵاندا هەڵدەگرن و وەک هیوا و خەونیان فێری بەرزەفڕییان دەکەن، چۆن لە نێوان یەکتریدا خۆیان و یەکتر دەناسن و کەسایەتیيان بۆ یەکتری هەڵدەدەن.

دواتر دەگەڕێینەوە ئێستا. لەنێو پریشکی ئاگردا زەنگهەڵگرە ڕەشپۆشەکان دەبینین و گەنجەکە پێمان دەڵێت چۆن لە سەیرکردنی ئەو پێوەندیيانەی ئێستا نەماون، هەمان پێوەنديی میزەڵانگۆڕینەوەی گەنجەکانی دیمەنی پێشتر، بیری دەکەوێتەوە کە ژیان چەند سەوزتر بوو، پێش ئەوەی ڕەش بپۆشێت. دەبینین کە هاوڕێکان دوای ناسینی یەکتر و فووکردنە میزەڵانەکانیان، ئاگر هەڵدەکەن و وەک ئامادەیيی جوڵانه‌وەیەک و بەئاگاهاتنەوه‌یەک، خۆیان بۆ شۆڕش ئامادە دەکەن.

دواتر لە سیکونسێکی بەهێزدا، دەبینین چۆن ئاڵا ڕەنگاوڕەنگەکان لە لایەن سێ ڕەشپۆشەوە دەستبەسەر کراون و چاوەڕێی تیرۆرکردنن. بە هاتنی ئاڵا ڕەشە زلهێزەکە، با دەیانبا و لە زەوی دوور دەخرێنەوە. سیستەم بە هيچ جۆریک ڕێگە بە هەبوونی هیوایەک نادات، کە چارەنووسی زیانگەیاندنی بێت بە خودی سیستەم. ئەم ئاڵا ڕەشە زەبەلاحە وا لە گیايه‌کان دەکات بسووتێن و دووکەڵی ڕەش دەر بکەن. ئەم ئاڵا ڕەشە کاتێک دەر دەکەوێت کە گەنجەکە دەڵێت: (گەیشتین بە بەرزایيی گێژکەری دنیا خەونیيەکە.) دەکرێت ئەم دنیا خەونیيە هەمان ئەو دنیایە بێت کە ڕەشپۆشە قاتلەبەرە قاچدرێژەکان هەوڵیان دەدا پێی بگەن و خۆیان بۆ بەرز دەکردەوە.
دواتر دەبینین کە چۆن کۆمەڵە ڕەشپۆشێک سەری پەیکەرێکی سپییان هەڵگرتووە و دەیبەن. زۆرینەی ڕەشپۆشەکان پياون و لە ڕیزى کۆتاییدا یەک-دوو ژن دەبینرێن. دەکرێت ئەمە سیمبوڵ بێت بۆ ئەو ئایدیاڵبوونەی سیستەم لێت داوا دەکات ببیت و لە کۆتایيدا له‌ هەوڵی تۆ بۆ بوون بەو پێوەرە، قازانجت لەسەر دەکات. لە دیمەنێکی دواتردا، دەبینین کۆمەڵە ئافرەتێک خەریکی پاڵنانی پێڵاوێکی بنبەزری گەورەن. لێرەدا هەردووکیان هاوبەشن لە سیمبوڵبوونیان بۆ پێوەرە ئایدیاڵەکه‌، بەڵام لەوەدا جیاوازن کە ئافرەتەکان وا دەر دەکه‌و‌ێت بە ئاگا هاتوونەتەوە و وازیان لە پاڵنان هیناوە، لەوێشەوە جلەکانیان سپی بۆتەوە، بەڵام وا دياره‌ پیاوەکان بە ڕەشپۆشی دەمێننەوە و هەر خەریکی ڕاکێشانی هەمان پێوەرن.

هه‌تا ئێستا ئەو بێهیواییە دەبینین کە لە ڕێگەی ڕەشپۆشییەوە درووست بووە، بەڵام لەم دوايين کۆپلەیەدا شتەکان دەگۆڕێن و لە هەمان کاتیشدا وەک خۆیان دەمێننەوە.
گەنجە پاسکیلسوارەکان دەبینین دووبارە ئاڵای ڕەنگاوڕەنگیان لە ملدايه‌، تەنها ئەم جارە ئاڵاکە کورتترە. ئەمە دەکرێت هێمای دووبارە-ژیانەوە بێت، یاخۆ نیشانەی سووڕی ڕووخان و ڕەشپۆشین بێت.

ویلێکی گەورەی پاسکیلیش دەبینین کە لە لایەن گەنجێکی ڕەشپۆشەوە پاڵ دەنرێت، ئەم ویلە دواتر لەم دۆخە کەئیب و بێڕەنگەیدا نامێنێتەوە. (دواتر باس دەکرێت.)
دوو گەنجی سپیپۆشیش دەبینین لەنێو گژوگیای زەرددا یاريی تێنسی سەرمێز دەکەن، (لەسەر مێزیکی سەوز.) وەک دیمەنی هاوڕێکان، ئەم دوو گەنجەش بە یاریكردن بە تۆپە سپیيەکەیان، وردە وردە گەورەتری دەکەن.

لە دیمەنیکی تردا منداڵێک دەبینین کە چۆن بووکێکی لە خۆی گەورەتر بە زەحمەت هەڵدەگریت و لە باڵکۆنه‌کەیانەوە فڕێی دەداتە خوارەوە. دوای ئەوەش دیمەنی هاوڕێکان دەبینین کە چۆن میزەڵانەکان، (كه‌ دەکرێ سیمبوڵ بن بۆ کەسایەتیيان،) وەک ئاڵاکان بە با دەدەن. هەبوونی ئەم دوو دیمەنە بەدوای یەکتردا دەرخەری ئەوەیە کە چۆن منداڵ لە قۆناغێکدا ناچار دەبێت واز لە منداڵيی خۆی بهێنێت و بە جۆرێ بڕيارى گەورەبوونى بۆ بدرێت، جا چ لە ڕێی داواکاريی یاريی نوێوه‌ بێت، یاخۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی بێ. ئەم گەنجانەش لە خاڵێکدان کە ناچارن کەسایەتيی خۆیان بە با بدەن، بەڵام ئەم دوو جووڵەیە تەواو پێچەوانەن.- فڕینی میزەڵان بەرەو ئاسمان تەواو کەئیبتر و تراژیکترە وەک لە کەوتنه‌خواره‌وه‌ى بووکەڵه‌يێك بۆ سەر زەوی؛ هیچ نەبێ هەست دەکەین زەوی مووچە[1] خۆمانە، بەڵام فڕينی میزەڵانێک نیشانەی دەستبەردانە، تەسلیمبوون و شکستهێنانە.

لەگەڵ ئەوەی گەنجەکە دەڵێت: (ئاو لرفه‌ دەکات.) هاوكات چەند عاشقێکی سپیپۆش دەبینین، وەک ڕەمزی ژیان و هیوا، لەگەڵ ئەوه‌شدا دیمەنی گەنممان بەر چاو دەکەوێت. لەبەر زیندووبوونی گەنم، دەکرێت ئەمە سیمبوڵێک بێت بۆ پێشنیارکردنی وردبوونەوە لە زەردایی، نه‌ک پوخت و ڕاستەوخۆ ڕەتکردنەوەی.

لەگەڵ کڵایماکسی موزیک و ڤیدیۆکەدا، گەنجە چاکەتڕەشەکە دەبینین بەرەو سندووقی ئوتومبيله‌كه‌ى دەڕوات و میزەڵانەکان بەر دەدات. میزەڵانەکان بەنێو شاردا بڵاو دەبنەوە، دەكه‌ونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، دەچنە زانکۆکان. ڕۆحی گەنجيێتییەکی درووستکراو تەواوی دیمەنه‌کان داگیر دەکات. ویلی پاسکیلەکە لە کەئیببوونی خۆیەوە دەگۆڕێت بۆ ویلێکى پڕڕەنگ، هەمان ڕەنگی ئاڵاکان دەگرێت. ئاڵاکان دووبارە دێنەوە سەر زەوی و بەرزتر دەبنه‌وه‌. کۆمه‌ڵە گەنجێکی ڕەشپۆش دەبینین دەسووڕێنەوە و فوو بە یاریيەکی سپیدا دەکەن؛ هەمان بازنەی درووستکردنی یەکتر دەست پێ دەکاتەوە.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئاڵای ڕەش هێشتا بەرز دەفڕێ، هەوا وەردەگرێت و خۆی بەهێز دەکات، گیايه‌کان هێشتا سەوزن، ژن و پیاوە ڕەشپۆشەکانیش هێشتا خه‌ريكى بارکردنی پێوەرە زیانبەخشەكانن. گەنجە ڕەشپۆشەکانیش لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا، زەنگەکانی خۆیان بار کردووە و لەگەڵ هەرهەنگاوێکدا زرينگه‌يان لێ هه‌ڵده‌ستێنن. دوايين وشەی گەنجەکەش، کە دوای وتنی، هەموو ئەم هاوکێشانەی درووست کرد: (بۆ هەتاهەتایە)يه‌.

 

[1] ناوچەیەک کە کەسێک خاوەندارێتی بکات

Leave a comment