[چیرۆکە تراژیدییەکانی ژیانی پینک فڵۆید ]

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر

 

دوای درووستبوونیان لە (ساڵانی 1960) و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ئەلبوومی ناوازە و هۆشبەری پۆپ-ڕۆک، باندی پینک فڵۆید گەيشتە لووتکە و بوو بە یەکێک لە باندە هەرەڕچه‌شکێن و دەگمەنەکانی سەردەم. ئەم گرووپە هۆکار بوون بۆ قبووڵکردنی ڕۆکی نوێخواز لە لایەن جەماوەرەوە، بە جۆرێک شاکارەکانی ساڵانی حەفتاکانیانThe Dark Side of The Moon, Wish You Were Here & The Wall  بۆ چەندان ساڵ لە ڕیزی یەکەمی لیستی گوێگراندا مانەوه‌.

لەدوای زیاتر لە (50) ساڵ لە درووستبوونیان، بە گوێگرتن لە ئەلبوومەکانیان، هێشتاش بە ملیۆنان گەنج لە سەردەمی پینک فلۆیددا دەژین. به‌ لۆگۆی کۆڵەپشت و بیستۆکەکانیان، موزیکی نێو ژێرزەمینەکان و چوون بۆ نمایشی لەیزەری گەردوونی، ئەو هەستە دەر دەبڕن.

بەڵام چیرۆکی باندەکە وەک نهێنییەکی نادیار و تراژیدی ماوەتەوە. دەکرێت ئەو ڕەشبینی و خەمبارییەی کە بەشێکی زۆری میوزیکی پینک فڵۆیدی گرتووه‌تەوە، لە ڕێگەی زۆرێک لەو ڕووداوە جەرگبڕانەی بە درێژاييی ئەم ساڵانەدا بەسەر ئەندامەکانیدا هاتوون، ڕوون بکرێنەوە. لێرەدا باسی ناخۆشترین ئەو ڕووداوانە دەکەین کە بەسەر ئەندامانی  پینک فڵۆیددا هاتوون.

 

نەخۆشییە دەروونییەکەی سید بارێتی ناچار کرد هەر بە گەنجی واز بهێنێت.

سید بارێت دامەزرێنەری ڕاستەقینە و بەهرەداری پشت پینک فلۆید بوو. گۆرانیبێژ، گیتارژەن و نووسەری زۆربەی زۆری گۆرانییەکانی یەکەم ئەلبوومی باندەکە بوو، کە لە ساڵی 1967دا بە ناوی The Piper at the Gates of Dawnو هەروەها یەکەمين دوو بەرهەمی تاکی باندەکە بە ناوەکانی Arnold  Layne،  See Emily Playبڵاو کرانەوە.

هەر لە منداڵییەوە ژیانێکی تراژیدی ژیاوە و زۆر منداڵ بووە، کاتیک باوکی مردووە و دایکی ناچار بووە بە تەنها ئەرکی بەخێوکردنی پێنج منداڵ له‌ ئەستۆ بگرێت. بارێت خۆی نوقمی هونەر و ژەنینی پیانۆی کلاسیک کردووە، بەڵام لە تەمەنی هەرزەکاریدا بە تەواوی مەیلی  بە لای  موزیکی ڕۆکدا گۆڕاوە، ئارەزووی لە تاقیکردنەوەی شتی نوێ بووە.

لە ساڵی 1968دا باندەکە، گیتارژەن (دەیڤد گیلمۆر)ی وەک شوێنگرەوەی بارێت دامەزراند. بە هۆی ئەوەی هەڵسوکەوتەکانی بارێت لەسەر ستەیج بە شێوەیەکی نائاسایی و لەڕادەبەدەر پێشبینینەکراو بوون.

بە گوێرەی گۆڤاری ڕۆڵین ستۆن، بە هۆی بەکارهێنانی زۆری دەرمانی (LSD) نەخۆشییە دەروونیيەکەی بەرەو باشبوون دەچوو، بەڵام لە ساڵی 1968دا لە باندەکە چووە دەرەوە و ئیتر نەیدەتوانی لە یەک کاتدا بەرگەی گوشاری ناوبانگ و کاری میوزیکی بگرێت، لە کاتێکدا سەرقاڵی وەرگرتنی چارەسەر بوو بۆ نەخۆشيی شیزۆفرینیاکەی.

 

پینک فڵۆید خۆزگەی دەخواست سید بارێت لەوێ بوایە.

لە حوزەیرانی 1975دا پینک فڵۆید سەرگەرمی کۆبوونەوە بوو بۆ تۆمارکردنی نۆهەمین بەرهەمی ستودیۆیيی بۆ ئەلبوومی Wish You Were Here. ئەلبوومەکە دوو تایبەتمەنديی سەرەکيی هەیە، (یەکەمیان) تایتڵە بەناوبانگەکەی تراکەکە و (دووەمیان) چیرۆکی هەر نۆ بەشەکەی (Shine On You Crazy Diamond). هەردووکیان بە تایبەتی لە ستایشی ئەندامی پێشووی باندەکە (سید بارێت)ـدا نوسرابوون، کە بە گوێرەی گۆڤاری ئەڵتیمەت-کلاسیک-ڕۆک ئەم هونەرمەندە لە کۆتاييی ساڵانى شه‌ستدا بە هۆی نەخۆشيی دەروونی و بەکارهێنانی مادده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌‌ باندەکەی به‌ جێ هێشتووە و  پاشان لە سەرەتای ساڵانى حه‌فتادا دوور کەوتووه‌تەوە و بە ژیانی تایبەتيی خۆیەوە سەرقاڵ بووە.

ڕۆژێکیان لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا بۆ ئامادەکردنی تۆمارێکی تێکەڵ، لەپڕ کەسێکی نامۆ بە بێ بانگهێشت دەر کەوت. هیچ ئەندامێکی باندەکە نەیانتوانی ئەو پیاوە شپرزە، کەتە، کەچەڵەی کە برۆی نەبوو، بناسنەوە. دەیڤد گیلمۆری پینک فڵۆید تاکەکەس بوو توانی درک بەوە بکات کە ئەوە بارێته‌، ئەو کەسەی کە بووبووە بابەتی سەرەکيی  ئەو گۆرانییەی ئەوان كاريان لەسەر دەکرد.- وەک پەرجوویەک دەر کەوت و پاشان بێ ئەوەی بە کەس بڵێ، دیار نەما.

ئەوە دوايين جار بوو کە هەرپێنج ئەندامی باندەکە لە یەک شوێندا پێکەوە بن. هەرچەندە دوو ساڵ دواتر ڕۆجەر واتێرزی گیتارژەن بە ڕۆژنامەی (میرەر)ی ڕاگەیاند كه‌: (لە هارۆدس ئەو شوێنەی ئەو بەردەوام شیرینيی لێ دەکڕى، لووتم بە لوتييه‌وه‌ تەقی، بەڵام هیچی نەوت و بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لێ دزیمه‌وه‌.)

سید بارێت بە شێرپەنجە کۆچی دوایيی کرد.

لەدوای به‌جێهشتنی پینک فڵۆید لە 1968دا، سید بارێت هێشتا بە تەواوی مەیدانەکەی به‌ جێ نەهێشتبوو. لە 1970دا دوو ئەلبوومی تاکی سەربەخۆی خۆی بڵاو کردەوە: (The Madcap Laughs & Barret) لە کۆمەڵیک بەرهەم پێک هاتبوون و زۆر لەوه‌پێشتر نووسیبوونی. تەنها نمایشی بۆ یەکێک لە ئەلبوومەکانی کرد کە لە پینج گۆرانی پێک هاتبوو. لە ساڵی 1971دا بارێت بە گۆڤاری ڕۆڵین ستۆنی ڕاگەیاند: (خۆم ون کردووە و دەستم لە زۆر شت هەڵگرتووە. زۆربەی کاتەکانم بە فیڕۆ دەدەم.) هەر لەو کاتەدا بوو کە مافی پاراستنی موزیکەکانی فرۆشت و بەرەو ژێرزەمینەکەی ماڵی دایکی لە کامبریدج-ئینگلتەرا پاشەکشێی کرد و پاشماوەی ژیانیشی هەر لەوێ بەسەر برد.

هەرچەندە لە سەردانەکەیدا بۆ لای باندەکە لەکاتی تۆمارکردنی ئەلبوومیWish You Were Here لە 1975دا بارێت نەخۆش و ناتەندرووست دەر دەکەوت، بەڵام بۆ ماوەی (30) ساڵ بە بێدەنگی و شاراوەیی ژیانی خۆی درێژە پێ دا و خۆی بە باخەوانی و وێنەکێشانەوە سەرقاڵ کرد. سەرەڕای ئەوەش هەرگیز كار و به‌شداريى له‌ هیچ پێشانگه‌ و بۆنەیەكدا نه‌كرد. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە سەرەتاى ساڵانى 2000دا تەندرووستيی بەرەو باشتر چووە، بەڵام سید بارێت لە تەمووزی 2006دا و لە تەمەنی شه‌ستساڵیدا لە کامبریدج کۆچی دواييی کرد. هەرچەندە ڕاپۆرتە بەراییەکان هەبوونی نەخۆشيی شەکرەیان کردە هۆکاری مردنەکەی، بەڵام ڕاستييه‌كه‌ى ئەم میوزیکژەنە توانایە بە هۆی شێرپەنجەی پەنکریاسەوە کۆچی دواييی کرد.

یەکێک لە گۆرانیبێژە سەرەکییەکانی پینک فڵۆید باندەکەی به‌ جێ هێشت.

ئەو کەسانەی باندێک بە جێ دەهێڵن، پێش ئەوەی بگاتە ئاستێکی خەیاڵی لە ناوبانگ و سامان، دواتر هەست بە پەشیمانی و دڵتەنگی دەکەن. ئەو موزیکژەنەی بەشدار بووە لە  درووستکردن، یاخۆ درکپێکردنی توانى باندێک لە شکۆ و سامانه‌کەی بێ بەری دەبێت، بەدەر لەوەی کە دەکرا هونەر ببێتە ئامرازی ژیان بۆی، بەڵام هەمووی دەبێتە یارییەکی  بێڕەحمانەی چارەنووس بۆی.

لە 1963دا تەکنیکكارێکی هێزی شاهانەی ئاسمانی کە لە لەندەن کاری دەکرد، بە ناوی کریس دێنز، چاوی بە ڕۆجەر واتێرز کەوت کە لەو کاتەدا بەدوای گۆرانیبێژێکدا دەگەڕا بۆ ئەو باندە نوێیەی هێشتا ناوی نەنابوو. دێنز دەڵێت ئەو لەوێ بووە کاتێک سید بارێت ناسناوی (پینک فڵۆید)ی هەڵبژاردووە و هەروەها لە یەکەمین دەرکەوتنی فەرميی باندەکە لە هەندێک لە ئاهەنگەکاندا گۆرانيی وتووە. ئەو کاتە بە زۆری موزیکی بلووەکان و گۆرانيی کەڤەریان دەوتەوە. بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەدوای ساڵێک لە ئەندامبوون دێنز، پینک فڵۆیدی بە جێ هێشت. بۆچی؟ لە 2012دا بە ڕۆژنامەی دەیلی مەیليی ڕاگەیاند کە وای هەست کردووە باندەکە داهاتووی نییە و هەروەها پێشنیاری پۆستێکی لە هێڵی ئاسمانيی بەحره‌یندا بۆ کراوە. کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ بەریتانیا، لە دووکانێکی تۆماردا بە ڕێکكەوت گوێی لە یەکەم ئەلبوومیان بووە، بە ناویThe Piper at the Gates of Dawn.

دێنز، دواتر هاوسەرگیريی کرد و منداڵی بوو، پاشان لە وەیڵز جێگیر بوو. لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی: (هیچ پەشیمان نیم، من لە دامەزراندنی گەورەترین باندی ڕۆک لە هەموو جیهاندا هاوکار بووم و ئەوەش بەسە بۆ من.)

 

منداڵییە کارەساتاوییەکەی بۆب کڵۆز

بۆب کڵۆز کە بە (ڕادۆ کلۆز)یش ناسرابوو، تاکە ئەندامی ماوەکورتی پینک فڵۆید بوو، لە سەرەتای درووستبوونی گرووپەکەدا گیتاری دەژەند، بەڵام لە 1965دا وازی هێنا. ڕۆجەر واتێرز لە ماڵپەڕی تایبەت بە پینک فڵۆیددا دەڵیت: (ڕاستييه‌كه‌ى ئەو گیتارژەنێکی زۆر لە ئێمە باشتر بوو. کلۆز ئەو کاتە خوێندکار بوو. کێشەی تاقیکردنەوەکانی هەبوو و ئەو هەستەی هەبوو کە دەبێت بە تەواوی خۆی بۆ کارکردن تەرخان بکات، بەڵام  ئێمە هێندەی ئەو ئاگایيمان نەبوو.) بە داخەوە کڵۆز پینک فڵۆیدی بە جێ هێشت، پێش ئەوەی بگەنە سەرکەوتن، بەڵام وەکوو فۆتۆگرافەر هەر لە چێژبینین لە پیشەکەی بەردەوام بوو. گرنگ نەبوو چ ڕێگه‌یەکی بەرەو داهاتوو هەڵبژاردووە، ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو كه‌ دەبوایە خۆی لەو تەنگژە دەروونیيەی ڕابوردوو دەرباز بکات. بە گوێرەی ماڵپەڕە تایبەتییەکەی، باوکی کڵۆز (پەنابەری نازى-ئەڵمانی بووە.) هەروەها لە جەنگی خوێناويی ناوخۆی ئیسپانیادا بەشدار بووە.

کڵۆز لە کامبریدج لە دایک بووە و یەکەمين دوو ساڵی تەمەنی لە بارودۆخێکی نەخوازراودا بەسەر بردووە. باوکی وەکوو جووتیار دەستی بە کارکردن کردووە و لە توانیدا نەبووە ماڵێکی گونجاویان بۆ دابین بکات، بۆیە خێزانەکەی لە خێمەیەکدا لەسەر ئەو موڵکەی باوکی ئیشی تێدا کردووە، ژیاون.

The Wall لەبارەی نەخۆشییە دەروونی و منداڵییە پڕسووکایەتیيەکەی ڕۆجەر واتێرزەوەیە.

The Wall یەکێکە لە ئەلبوومە هەرەبێوێنەکانی مێژووی ڕۆک. لە ساڵی 1979دا جووت ئەلبوومی پینک فڵۆید شەشەمین پڕفرۆشترین ئەلبووم بوو لە مێژووی ئەمه‌ریکادا و بووە یەکێک لە باشترین ئەو 100 تۆمارەی کە لە مێژووی ڕۆڵین ستۆندا تۆمار کرابێت و هەروەها یەکێک بوو لەو پارچە موزیکە ڕۆکە کەمانەی توانرا بکرێت بە فیلم، فیلمە کلاسییکە بەناوبانگەکەی 1982 بە ناوی Pink Floyd: The Wall. فیلمێکی بەناسۆرە له‌بارەی ئەستێرەیێکی ڕۆکه‌وه‌ بە ناوی (پینک)ـەوە کە دەکەوێتە نێوان بۆشایيی تەنهایی و نەخۆشيی دەروونییەوە. بە داخەوە کاتیک دێیتە سەر قسەکردن لەسەر بابەتی فیلمەکە بۆت دەر دەکەوێت بەشێکی زۆری بایۆگرافییە و پێوەستە بە ژیانی ئەندامەکانییەوە.

کەسایەتيی پینک هاوشێوەی سید بارێت و ڕۆجەر واتێرزە کە زۆربەی زۆری ئەلبوومەکە خۆیان نوسیوویانە. هاوشێوەی پینک، بارێت لەگەڵ کێشەی دەروونیدا دەجەنگا، هەر لەو کاتەوەی باوکی لە جەنگدا کۆچی دوایيی کرد، مەینەتییەکانی دەستيان پێ کرد، بە هەمان شێوە باوکی واتێرزیش لە دووەمين جەنگی جیهانيدا کۆچی دوایيی کرد. ئەوە یەکەم بلۆکی دیوارە میتافۆرییەکەی پینکە کە بە چواردەوری خۆیدا درووستی دەکات، دواتر چەندان کۆستی دەروونيی تریشى، بە کێشەی مامۆستا زمانپیسەکانی خوێندنگەشییەوە کە لە تراکە بەناوبانگ و ناوازەکەیدا بە ناوی (The Wall Part2) ئاماژەی پێ کراوە، بە دوادا دێت. واتێرز لە ڕێگەی ماڵپەڕی سۆنگ فاکەتەوە بە مۆیۆی ڕاگەیاند: (ئەو پەروەرەدەیەی من لە ساڵانی په‌نجادا لە خوێندنگە وەرمدەگرت، زۆر دیکتاتۆرانە بوو، پێویستی بە یاخیبوون بوو، بۆیە ئەم گۆرانییە وەک یاخیبوونێکە لە دژی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە و ئەو خەڵکە نەزانانەی دەسەڵاتیان بەسەرتەوە هەیە و خۆشیان بە ڕاست دەزانن.)

ڕیچارد ڕایت ئەلبوومێکی لەسەر خەمۆکی درووست کرد.

پینک فڵۆید یەکێکە لەو باندە کەمانەی کە هەموو ئەندامەکانی ئەلبوومی سەربەخۆیان بڵاو کردووه‌تەوە، ئیتر یا وەک پڕۆژەیەکی لابەلا لە کاتێکدا کە هێشتا ئەندامی گرووپەکە بوون و یان دوای به‌جێهێشتنی پینک فڵۆید بووە. ژەنیاری کیبۆرد (ڕیچارد ڕایت) سێ ئەلبوومی سەربەخۆی درووست کردووە بە ناوەکانی:Wet Dream 1978, Identity 1984, Broken China1996. دوايين دانەیان وەک زۆرێک لە (LP)يه‌کانی پینک فڵۆید ئەلبوومێکی بابەتییە. هەموو گۆرانییەکانی لەبارەی بابەتێکی باوەوەيه‌. بە داخەوە ئەو بابەتە نەخۆشيی خەمۆکيی ژنەکەی (میڵی) بوو کە بۆ چەندان ساڵ پێوەی دەناڵاند. ڕایت بە ڕۆژنامەی بۆستن گڵۆبی ڕاگەیاند: (بە دڵنیاییەوە ژنەکەم بە کاتێکی زۆر ناخۆش و هەستیاردا تێدەپەڕى.) سەرەتا پلانی بۆ پڕۆژەیەکی موزیکی دانا، بەڵام بۆی دەر کەوت کە گۆرانییەکانی ڕووخسارێکی زۆر خەمبارانەی هەیە. (زۆربەی ئەو شتانەی دەیاننووسم، بابەتی ڕەشبینین، بە دڵنیاییەوە ڕەشبینيیش هەستێکە لە خەمبارییەوە سەرچاوە دەگرێت.)

گۆڤاری سایکۆلۆژيی تودەی ئەلبوومەکەی وەک (وێنەیەک لە نائومێدی و دووبارە-هەڵسانەوە) وێنا کردووە کە بە ڕاستگۆییەکی سەرسووڕێنەرانەوە شەڕی میڵی ڕایت لە چارەسەری دەروونی و مانەوە لە خەستەخانە نیشان دەدات. بە هۆی دڵنیایی لە ڕاستگۆیی و کاریگەرییەکەیەوە دوکتۆرە دەروونییەکه‌ی میڵی هەندێک لە هۆنراوەکانی Broken Chinaی وەک چارەسەر بۆ نووسی.

 

ڕیچارد ڕایت بە شێرپەنجە کۆچی دوایيی کرد.

پینک فڵۆید هیچ نەدەبوو، ئەگەر ڕیچارد ڕایت نەبوایە، یان بە لای کەمەوە باندێکی ئاسايی و ستاندارد دەبوو. لە هەموو ئەلبوومێکی پینک فڵۆیددا جگە لە The Final Cut، ڕایت بە کیبۆردەکەی ئاوازێکی بەهێز، سەرنجڕاکێش و بێهۆشکەرانەی درووست کردووە، بە جۆرێک کردوویەتی بە بڕبڕەی پشتی باندەکە و گرووپەکەی گەیاندووه‌تە ئاستێک وەک پاشا و پارێزەری پرۆگ ڕۆک سەیر بکرێن. هەروەها وەک شوێنگرەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوازەکانی فڵۆیدی وتووه‌تەوە و جاروباریش شتی نووسیوە، بە تایبەتی هاوکار بووە لە نووسینی گۆرانيی بەناوبانگی The Great Gig in the Sky لە ئەلبوومیThe Dark Side of the Moon.

کارەکانی لەگەڵ پینک فڵۆیددا دەنگ و هەرایەکی زۆری نایەوە. بە گوێرەی ڕۆژنامەی نیويۆرک تایمز لە ساڵی 1996دا ڕایگەیاند: (ڕایت بۆ ماوەی 14 ساڵ قسەی لەگەڵ ڕۆجەر واتێرزی هاوڕێیدا نەکردووە.) هەرچەندە دواتر هەموو ئەندامانی باندەکە -جگە لە سید بارێت- بۆ نمایشێک لە کۆنسێرتی ڕاستەوخۆی 8 لەندەن لە ساڵی 2005دا یەکیان گرتەوە. سێ ساڵ دواتر، ڕاوێژکارەکەی ڕایگەیاند ڕایت لە تەمەنی 65ساڵیدا بە شێرپەنجە کۆچی دوایيی کرد.

ڕیچارد ڕایت مامەڵەی خراپی لەگەڵ ژنەکانیدا کردووە.

ژیانی خۆشەویستيی ژەنیاری کیبۆرد (ڕیچارد ڕایت) بەڵگەیە لەسەر کارە درامایی و بێسەرەوبەرەکانی. لە ساڵی 1964دا هاوسەرگیريی لەگەڵ (جولیت گەیل)ـدا كردووه‌، کە یەکێک بوو لە گۆرانیبێژەکانی سەرەتای درووستبوونی پینک فڵۆید. دوو منداڵیان بوو، دواتر لە ساڵی 1982دا لەبەر (فرانکا ڕایت،) جولێتی بە جێ هێشت، هاوسەرگیریيان کرد. فرانکا بە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی ڕاگەیاندبوو کە مێردەکەی هەمیشە لەگەڵ گۆرانیبێژی گرووپەکان و شوێنگرەوەکانیان ناپاکيی لێ کردووە، بەڵام نەیتوانیوە لە دوايين گەمژەیيی مێردەکەی خۆش بێت، بۆیە لە ساڵی 1992دا ڕۆژێکیان بەرەو کەشتیيەکەی لە ئەسینا دەڕوات، دەبینێت لەوێ ڕایت لەگەڵ دۆستە دووگیانەکەیدایە. ئەوە بۆ فرانکا زۆر قورس بوو، چونکە تا ئەو کاتە بە هۆی ئازاری لەبارچوونی چوار منداڵەوە دەیناڵاند. فرانکا وتی: (کاتێک ئەو چوار منداڵەم لە بار چوون، ڕيك هەرگیز نەهاته‌ سەردانم بۆ نەخۆشخانە.) لەپاش جیابوونەوەیەکی پڕ لە کێشە، ڕایت لەگەڵ ژنی سێهەمی بە ناوی (میڵی هۆبس)ـدا یەکیان گرت. بە گوێرەی ڕۆژنامەی تیلیگراف لە 1995 هاوسەرگیريیان کردووە و لە 2007دا جیا بوونەتەوە. بە نزیکەیی ساڵێک پێش ئەوەی ڕیچارد ڕایت بە نەخۆشيی شێرپەنجە کۆچی دواييی بکات.

ئەم موزیکژەنە سامانێکی زۆری لە دوای خۆى بۆ منداڵەکانی بە جێ هێشت. کە بە سێ مليۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەی پاش ئەو هەموو خەم و دڵشکاندنانە چيی بۆ ژنەکانی بە جێ هێشت؟ هیچ.

 

ڕۆجەر واتێرز لە باندەکە جیا بووەوە و داوای یاساييی لەسەر تۆمار کردن.

شتێکی ناخۆشە کاتێک ئەندامان و دامەزرێنەرانی باندێک لەگەڵ یەکتریدا ناکۆک دەبن. ڕۆژگارێک ئەم گەنجانە خەونی ئەوەیان بینیوە پێکەوە هونەرەکەیان بگەیەننە جەماوەر، دواتر خۆیان بە پیری بینییەوە. سەیر دەکەن بوونەتە دوژمنی یەکتری، لە ڕۆژنامەکان و هۆڵی دادگاکاندا دەبێتە دەمەقاڵێیان، پێوەندییەکەیان لەپێناو ئەو شتەدا لە ناو دەچێ کە خۆیان دایانمەزراندووە. ڕۆجەر واتێرزی پینک فڵۆید بۆ ماوەی چەندان ساڵ بووە هۆی دروستبوونی نەیاری و ڕەفتاری دوژمنانە لە نێوان ئەندامانی باندەکەدا.

یەکەمين جار لەسەر ئەوە تووڕە بوو کە ژەنیاری کیبۆرد (ڕاجەر ڕایت) لەکاتی تۆمارکردنی The Wallدا بابەتی پێویستی نەنووسیوە، هەر بۆیە توانی بەو بیانووەوە بيکاتە دەرەوە. ڕایت وەک موزیکژەنێکی شوێنگرەوە بۆ پشتگیری لە گەشتی هونەريی The Wall لە موزیکژەندن بەردەوام بوو. گرژی لە نێوان ڕۆجەر واتێرز و دەیڤد گیلمۆردا لە ماوەی تۆمارکردنیThe Final Cut دا سەری هەڵدا و واتێرز باندەکەی بە جێ هێشت و بە ڕای گشتيی ڕاگەیاند کە پینک فڵۆید لە نەبوونی ئەودا کۆتایيی هاتووە. ئەندامانی تری باندەکە ناڕازی بوون. واتێرز داوای یاسایيى لەسەر تۆمار کردن، تا ڕێگريی لەوە بکات، چیتر لەژێر ناوی پینک فڵۆیددا کار بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

باندەکە لە تۆمارکردن و گەشتی هونەری بەردەوام بوو. بە هۆی سەرکەوتنی زیاتره‌وه‌ لە ساڵانی نه‌وه‌تدا (ساڵی 1996) توانیيان ناویان بچێتە نێو هۆڵیRock & Roll Hall of Fame . هەرچەندە واتێرز چیتر ئەندام نەبوو، بەڵام لە 2013دا ڕایگەیاند پەشیمانە لەو کێشانەی كه‌ لە ناوەڕاستی ساڵانى هه‌شتادا لەگەڵ باندەکەدا هەیبووە. لە ديدارێك لەگەڵ بی-بی-سیدا وتی: (من هەڵە بووم. بە دڵنیاییەوە هەڵە بووم. بەڵام ئێستا کێ گرنگی بەوە دەدات؟!)

گیتارەکانی دەیڤد گیلمۆر دزران

هەرچەندە هێندەی مەرگ و خەمۆکی وێرانکەر نین، بەڵام دەشێت دزيێکی گەورە ببێتە ڕووداوێکی نائومێدکەر و ڕووخێنەر بۆ ئەو کەسەی ئەزموونی دەکات. دەیڤد گیلمۆری پینک فڵۆید یەکێک بوو لە گیتارژەنە هەرەبەناوبانگ و سەرکەوتوو و بەهره‌مەندەکانی جیهان، بۆیە ئامێرەکانی وه‌كوو گەنجینە وان بۆی، هه‌ر بۆيه‌ش زۆر هەستی بە دڵتەنگی کرد کاتێک لە پشت خۆیەوە ژمارەیەکی باش لە گیتارەکانی دزران.

دەیڤد گیلمۆر لە ڕێگەی گۆڤاری ئەڵتیمەت-گیتار و ماڵپەڕەکەی خۆیەوە ڕایگەیاند:  (من لە شوێنێک لە دەرەوەی شاردا دەژیام و ژوورێکی بچووکم کردبوو بە ستودیۆ. براکەم باندێکی هەبوو و جاروبار لەگەڵ باندەکەیدا لەو ژوورەدا مەشقیان دەکرد و گیتارەکانیشم لەو ژوورەدا بوون. شەوێکیان کەسێک دزەی کردە نێو ژووره‌كه‌ و گیتارەکان نەمان. دواتر دەر کەوت یەکێک بووە لەو موزیکژەنانەی ئەو کاتە لە باندی براکەمدا بووە.) یەکێک لە گیتارەکان لە شوێنێک دۆزرایەوە کە سەر بە دامەزراوەی  گیلمۆر خۆی بوو و توانیيان گیتارەکە بناسنەوە و گەڕاندیانەوە بۆ خاوەنەکەی. گیلمۆر وتی: (زۆربەیانمان دۆزییەوە، بەڵام دوو دانەیانم هەرگیز نەدۆزینه‌وه‌.)

ئەوە یەکەمين جار نەبوو کە گیلمۆر تووشی دزینێکی ئاوا گەورە ببێت؛ لە ساڵی 1970شدا پینک فڵۆید ناچار بوو گەشتە ئەمه‌ریکییەکەى هەڵبوەشێنێته‌وه‌، دوای ئەوەی هەندێک دز توانیبوویان ئامێرەکانی گرووپەكه‌ بدزن و هەڵبێن.

Leave a comment