[سید بارێت، هاودامەزرێنەری باندی پینک فلۆید]

لە ئینگلیزییەوە: هەنگوین

سید بارێت، هاودامەزرێنەری باندی پینک فلۆید  لە (٧ـی تەمووز، ڕۆژی هەینی) و لە تەمەنی 60ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیی شەکرەوە کۆچی دوایيی کرد.  سید بارێت لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٠دا بە هۆی خراپيی باری دەروونیيەوە پینک فلۆیدی بە جێ هێشت و ٣٠ ساڵی ڕابوردووی دابڕانی لەگەڵ دایکیدا لە کامبریج -هەمان شوێنی لەدایکبوونی لە ٦ـی کانوونی دووەم لە ساڵی ١٩٤٦- بەسەر برد.

بە وتەی ئەندامێکی پینک فلۆید کە تا ئێستا لە ژیاندا ماوە: (باندەکە بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایيی سید بارێت زۆر خەمگینن. ئەو ڕووناکی و ڕابەری سەرەتای دامەزراندنی باندەکە بوو و میراتێکی هونەريی لە دوای خۆیه‌وه‌ بە جێ هێشتووە، کە ئیلهامبەخشە و کاریگەریيەکی بەردەوام دادەنێت.)

دەستپێک پینک فلۆید وەکوو زۆرێک لە باندە بەریتانیيەکانی ئەو سەردەمە، وەکوو باندێکی ئاسایيی بلوو ڕۆک لە ساڵی ١٩٦٥دا بوو بە ڕێبەری کەسایەتیيە مه‌تەڵاویيەکەی بارێت، فەرمانبەری ڕۆجەر واتێرزی باسیست، ڕیک ڕایتی پیانۆژەن و نیک مەیسنی درامسەر. پینک فلۆید دوای ماوەیەکی کەم و بە خێرایی دەستی بە تێپەڕاندنی سنوورە باوەکانی ڕۆکی ئاسایی کرد و به‌ هۆی نمایشە ڕاستەوخۆ و سەرسووڕهێنەرەکانیانەوە بوونە جێگەی ستایشکردن.

بارێت هەر لە زووەوە بلیمەتيی خۆی سەلماند، بە گونجاندنی توخمەکانی پۆپ و سایکەدێلیا لەگەڵ لیریکە ئاڵۆز و ئاسوودەکەرەکانیدا لە گۆرانیيە سەرەتاییەکانی وەک (see Emily play.)  ئەلبوومەکەی ساڵی ١٩٦٧ و یەکەم ئەلبوومی پینک فلۆید (The Piper at the Gates of Down) تا ئێستاش وەک یەکێک لە باشترین ئەلبوومی ڕۆکی سایکەدێلیک دادەنرێت، بە گێڕانەوە نامۆکەی بارێت و توانستی باندەکە بۆ به‌ كرداريکردنێکی باش و ئایدیا سەرنجراکێشەکانیان بۆ میوزیکی پۆپ.

بەڵام بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆری ماددەی هۆشبه‌ر (LSD) بووە هۆی ئەوەی هەڵسوکەوتی بارێت زۆر نامۆ بێت، بە تایبەتی لەکاتی نمایشە ڕاستەوخۆکانیاندا کە دەچووە حاڵەتێکی زۆمبيئاساوە. هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەستەم بێت بۆ ئەندامەکانی تری پینک فلۆید بتوانن کاری لەگەڵدا بکەن.

لەم کاتەدا بوو کە دەیڤید گیلمۆری ڤۆکالیست و گیتارژەن بوو بە ئەندامی پینک فلۆید و باندەکە بەم شێوەیە لە نمایشیکردنی ڕاستەوخۆ بەردەوام بوون، لە کاتێکدا بارێت لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیدا بوو. ئەندامەکانی پینک فلۆید هیواخواز بوون کە هیچ نەبێت بارێت بتوانێت لە نووسینی گۆرانی بەردەوام بێت، بەڵام ئەمەش لەو کاتەدا بە شتێکی مەحاڵ دەهاتە بەرچاو، بۆیە بارێت لە سەرەتاکانی ١٩٦٨دا بە تەواوی لە ئەنداميێتی دابڕا.

بە یارمەتيی گیلمۆر و ئەندامانی soft machine، بارێت توانی دوو تراک بە ناوەکانی (the madcap laugh) و (barrett) لە ساڵی ١٩٧٠دا بڵاو بکاتەوە. ئەم تراکانە لەو کاتەدا لە کەشێکی ڕۆشن و شێتيی تایبەت بە بارێتدا ڕۆ چوبوون. بلیمەتيی بارێت لە تراکەکانی:

(dark globe) wouldn’t you miss me  Octopus, Gigolo, Terrapin, Effervescing elephant, Aunt baby lemonade  بە ڕوونی دەر دەکەوێت، ئەم تراکانە کاریگەرييان بەسەر چەندان نەوەی گۆرانیبێژ و گۆرانینووسان و باندە ڕۆکیيەکانه‌وه‌ داناوە و ئەم کاریگەریيە تا ئێستاش بەردەواميی هەیە.

لە ١٩٧٤دا بارێت بە چەندان کێشەی دەروونی بە تەواوی گەمارۆ درابوو و گەڕایەوە بۆ کامبریج. دواى ئه‌وه،‌ جگه‌ له‌و كاتانه‌ى كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى كارێك ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌، یان كاتێك ئەو کەسانەی پەرۆشی پینک فلۆید بوون، دەچوونە بەردەم ماڵەکەی، تا بیبینن و قسەی لەگەڵدا بکەن، زۆر لە دەرەوە نه‌دەبینرا.

هەرچۆنێک بێت بارێت وەکوو کاریگەریيەکی گەورە بەسەر ئەندامانی پینک فلۆید و گۆرانیيەکانی (Shine on you crazy diamond) و ئەلبوومی ١٩٧٥ (wish you were here) كه‌ بە بارێت پێشکێش کراون، مایەوە. کاتێک بارێت بێ ئاگادارکردنەوەی ئەندامەکان لەکاتی ڕیکۆردکردنی ئەلبوومەکەدا سەردانی کردن، بە هۆی قه‌ڵه‌وى و لەدەستدانی قژييه‌وه‌، لە یەکەم بینیندا ئەندامەکان نەیانتوانی بیناسنەوە.

لە ساڵانی دواتردا بارێت دوور لە کار دەژیا. بە سوودوەرگرتن لە داهاتی ئەو ئەلبوومانەی پینک فلۆید کە بەشداريی تێدا کردبوو، هەروەها ئەو کۆبەرهەم و ئەلبوومە کۆنسێرتیيانەی ئەم ئاوازدانەری بوو. لە فێستیڤاڵی ڕاستەوخۆی (8 benefit) دوای یەکگرتنەوەی ئەندامانی پینک فلۆید و نمایشە ڕاستەوخۆکەیان، گیلمۆر، واتێرز، ڕایت و مەیسن (wish you were here)یان وەک رێزلێنانێک به‌ بارێت پێشکێش کرد، هەروەها گیلمۆر لە گەشتە جیهانیيە بەهاریيەکەیدا تراکی سۆلۆی (Dominoes)ـی پێشکێش کرد.

بەدەر لە دوو ئەلبوومە ستودیۆییەکەی بەرهەمە موزیکیيەکانی بارێت کە کۆبەرهەمە کۆکراوەکەی ١٩٨٨ـی EMI بە ناوی (Opel) و بۆکسی موزیکی (Crazy Diamond)ـی ساڵی ١٩٩٣دا دەبینرێت. ئەم بۆکسە کۆمەڵێک بەرهەمی بڵاونەکراوەی تایبەتی لە خۆ گرتبوو. کۆبەرهەمی (The Best of Syd Barrett: Wouldn’t you Miss me?) گۆرانیيەکی لە خۆ گرتبوو کە پێشتر لە ناو کارەکانیدا نەناسرابوو، ئەویش گۆرانيی (Bob Dylan Blues)  بوو. وا دەر دەکەوێت ئەم گۆرانیيە لەو كاسێتانه‌دا دۆزراوەتەوە کە گيلمۆر بۆ ماوەی (٣٠ ساڵ) لای خۆی هەڵیگرتبوون.

گیلمۆر لە ماڵپەڕی خۆیدا لەبارەی بارێتەوە دەنوسێت: (کات بدۆزنەوە بۆ ئەوه‌ی گوێ له‌ گۆرانیيەکانی بارێت بگرن و وەکوو ئەو بلیمەتە لە خەیاڵتاندا بمێنێتەوە کە هەموومانی بە گۆرانیيە ناوازەکانی -لەبارەی پاسکیلسواری، ئەفسانە و شتە سامناکەکانه‌وه‌-‌ دڵخۆش دەکرد. ماوەی کارکردنی ئەو کورتخایەن بوو، بەڵام توانی جێپەنجەی لەسەر چەندان کەس بە جێ بهێڵێت.)

هەروەها واتێرز دەڵێت: (سید پیاوێکی خۆشەویست بوو و بەهرەیەکی نایابیشی هەبوو، ئەو کۆمەڵێک کاری کاریگەر و تایبەتی لەدوای خۆيه‌وه‌ به‌ جێ هێشتووە، کە تا هەتایە بە نایابی دەمێنننه‌وه‌‌.)

دەیڤد بۆوی لە ماڵپەڕەکەیدا دەنووسێت: (ناتوانم گوزارشت لەوە بکەم کە لەم بارەیەوە چەند خەمگینم! سید ئیلهامبەخشێکی گەورەی من بوو، کاریگەريی ناوازەی بەسەرمەوە هەبوو. پەشیمانم لەوەی کە لە نزیکەوە نەمناسی.) دەیڤد بۆوی لە ئەلبوومی (Pin-ups)ـی ساڵی ١٩٧٣دا گۆرانيی (see Emily play)ـی سید بارێتی گوتەوە.

Leave a comment