لە ئینگلیزییەوە: زریان حەمە
چڵ ساڵ بەر لە ئێستا لە 30ـی تشرینی دووەمی 1979دا باندە ئینگلیزییە ئاستبەرزەکەی میوزیکی ڕۆک، یازدەهەمین ستودیۆ-ئهلبوومی خۆیى بڵاو کردەوە، کە له 26 تراک پێک هاتبوو (دوو تۆمار و بەرهەمێکی ئۆپێرایی.) ئەم کۆنسێپت-ئهلبوومە بوو بە دووەم پڕفرۆشترین دوانە-ئهلبووم لە مێژوودا، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمە بوو بە دوايين جار کە ئەندامە سەرەکییەکانی پینک فڵۆید: (ڕۆجەر واتەرز، دەیڤد گیڵمۆر، نیک مەیسن و ڕیچارد ڕایت) پێکەوە ئهلبووم تۆمار بکەن. دوای ساڵانێک لە سازكردنى کۆنسێرت بە ناو جیهاندا و لە کاتێکدا کە فشاری دارایی تەنگی پێ هەڵچنیبوون، خۆبەگەورەزانیی یەکێک له ئەندامەکان (واتەرز) لەکاتی تۆمارکردنی ئهلبوومی دیوارەکەدا دەبێت بە خاڵی چڕبوونەوەی ناکۆکییەکان بۆ پینک فڵۆید.
لووتکەی گرژییەکان
لووتبەرزیی بەردەوامی ئەندامانی باندێک، سەختە جڵەو بکرێت و زۆر جاریش ڕق و کینەی لێ دەکەوێتەوە، تا دەگاتە ئەوەی کە تێکشانی باندەکە دەبێتە باسێکی دووبارە و کڵێشەیی. گرژیی نێوان چوار ئەندامەکەی باندی (ذە بیتڵز) بە تایبەت جۆن لێنن و پۆڵ مهککارتنی، بووە هۆی پارچەبوونی باندەکە لە ساڵی 1970دا. ئاڵۆزیی نێوان گیتارژەن جۆنی ماڕ و گۆرانیبێژ مۆریسیی بووە هۆی ئەوەی کە ماڕ بڕیاری بهجێهێشتنی باندی The Smith بدات، هەروەها با باندی The Eagles لە بیر نەکەین کە لە دۆخێکی یەکجار خراپدا جیا بوونەوە، بە جۆرێک کە درەمەر و گۆرانیبێژ دۆن هێنڵی وتی : (با دۆزەخ بیبەستێت، ئەوکات یەک دەگرینەوە.)
ئەو کاتەی پینک فڵۆید لە کانوونی دووەمی 1979دا دەستی بە تۆمارکردنی دیوارەکە کرد، گرژییەکان بۆ ماوەی ساڵانێكى زۆر لە تەشەنەسەندندا بوون. The Dark Side Of The Moon کە لە 1973دا بڵاو بووەوە. پینک فڵۆیدیان بەرەو بەئەستێرەبوون بردبوو، بەڵام ئەندامانی باندەکە لهبارەی ئەوەوهی کە چۆن ئەزموونی سەرکەوتنەکەیDark Side بە کار بهێننەوە و ئهلبوومێکی تری سەرکەوتوو درووست بکەن، لە کێشەدا بوون. ئەوان لەناو خۆیاندا لەکاتی تۆمارکردنی ئهلبوومەکانی داهاتوویانداWish You Were Here ساڵی 1975 و Animals ساڵی 1977 لە شەڕدا بوون.
ڕۆجەر واتەرز (بەیسيست و گۆرانیبێژ) بەرپرسیاریێتيی تەواویWish You Were Here ی هەڵگرت. ئەو بڕیاری دا کە چ تراکێک لە ئهلبوومەکەدا هەبێت و لە ئەنجامدا دەستی بەسەر بابەتە ئەندێشەییەکانی ئهلبوومەکەدا گرت کە لە بابەتی نامۆیيی ڕەخنەیەک لە پیشەسازيی میوزیک و ستایشێک بۆ ئەندامی پێشتری باندەکە (سید بارێت) کە لە 1968دا بە هۆی خراپیی باری دەروونییەوە باندەکەی به جێ هێشتبوو، خۆی دەبینییەوە.
لەو قۆناغەشدا واتەرز هەستا بە کورتکردنەوەی گۆرانییەکانیRaving and Drooling وGotta Be Crazy لە دژی خواستەکانی گیتارژەن و گۆرانیبێژی باندەکە، دەیڤد گیڵمۆر. واتەرز دەڵێت: (دەیڤد هەمیشە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەیویست دوو گۆرانییەکەی تر بڵێین، ئەو هەرگیز لەوە تێنەدەگەيشت کە من باسی چی دەکەم، بەڵام ڕیک و نیکی وانەبوون، ئەو هەمیشە ڕای جیاوازبوو، بۆیە ئێمە بەردەوام بووین.)
ڕەنگە بە هۆی هەستکردن بە کپکردنیانهوه لە لایەن واتەرزەوە، ڕیچارد ڕایت و دەیڤد گیڵمۆر دەستی خۆیان بە سۆلۆ ئهلبوومەکانیان لە ساڵی 1978 وەشاندبێت. ڕایتWet Dream و گیڵمۆریش بە ناوی خۆیەوە،David Gilmour دەر کەوت.
لەکاتی باسکردنی یەکەمین سۆلۆ ئهلبوومی خۆیدا، گیڵمۆر وتی: (ئەوە بۆ من، بۆ خۆم لە ڕووی ڕێزەوە گرنگ بوو. لە سەرەتادا پێم وانەبوو ناوەکەی خۆم هێندە گەورەبێت تا هەڵیبگرم. بوونت لەناو گرووپێکدا بۆ ماوەیەکی درێژ دەکرێت وات لێ بکات لە مەودای داخراو و تەنگدا بترسیت، منیش پێویست بوو لەژێر سێبەری پینک فڵۆید بێمە دەرەوە.)
سێبەری دیوارەکە
دیوارەکە پڕۆژەی داهاتووی باندەکە بوو. دیسانیش واتەرز هێزی خۆی سەپاند. واتەرز سرووشی لەو ڕووداوە ئاوڕووبەرەی لەکاتی کۆنسێرIn The Flesh دا ڕووی دابوو، کە ئهلبوومیAnimals ـی بە خەڵک ناساند، وەرگرتبوو. بە هۆی ئەوەی کە دەنگی یارییه ئاگرینەکان ئەویان بێزار کردبوو، هەروەها هەستکردن بەوەی خەڵکەکە گوێ لە میوزیکەکەیان و هۆنراوەکانیان ناگرن، واتەرز تفی له ئامادەبووان کردبوو. دواتر واتەرز وێنای دیوارێکی کردبوو کە بە هۆی ئەو ڕووداوەوە لە نێوان خۆی و هەوادارانیدا درووست بووبوو، بۆیە لەو کاتەدا پلانی بەرهەمهێنانی دیوارەکە درا.
لە تەمووزی 1978دا دێمۆیەکی 90 خولەکيی پێشکێشی هەموو باندەکە کرد. پێشنیاری دوو چەمکی بۆ ئهلبوومی داهاتوویان کردبوو:Bricks In The Wall و The Pros and Cons of Hitch Hiking. ئەندامانی باندەکە قایل بوون بە درووستکردنی ئهلبوومێک کە سەرنجی لەسەر یەکەم دانەیان چڕ کردبێتەوە. ئهلبوومەکە لهبارەی ئەو کێشە و ناڕەحەتییانهوه دەبوو کە لهكاتی بەئەستێرەبوون لە میوزیکی ڕۆکدا پێش دەهاتن، هەروەها کاراکتەری سەرەکی ناوی پینک فڵۆید دهبوو.
ناوی کاراکتەرەکە پێچەوانەی ئەو ڕاستییە بوو کە ئەمە بە تەواوی دەرکەوتنی تەنها پیاوێک دەبێت، هەروەک شارەزای میوزیک، ئالان مۆر تێبینيی کردبوو، (نەخۆشيی خۆبەگەورەزانینەکەی واتەرز بە تایبەت لە دیوارەکەدا تا دەهات جڵەوكردنى دژوارتر دەبوو.)
ئەو ڕاستییەی کە چیرۆکی سەرەکیی ئهلبوومەکە نیمچە ژیاننامەیەکی خۆیی بوو، کە پێوەنديی بە واتەرز و ئەندامی پێشتری باندەکە (سید بارێت)ـەوە هەبوو، کێشەکانی گەورەتر کرد. ڕەگەزی سەرەکیی کە دیوارەکان بوون، هێما بوون بۆ میکانیزمی بەرگريی واتەرز کە لە دژی ئەو کەسانەی کە ڕەنگ بوو ئازاریان دابێت: دایکوباوکی، مامۆستاکانی، هاوسەرەکانی، خۆشەویستەکانی و… بونیادی نابوون. هەندێک لە هۆنراوەکان پێوەندییان بە مەرگی باوکییەوە هەبوو، ئەوانی تریش پێوەندییان بە ناپاکيی هاوسەرییەوە هەبوو.
ئەگەر دەیڤد گیڵمۆر بیرۆکەشی هەبوایە تا هاوکاريی بۆچوونەکانی واتەرز بکات، ئەوان بە دەگمەن هاوکاری یەکتر بوون. واتەرز چەند پارچەیەک لە دێمۆی پڕۆژە سۆلۆکانی گیڵمۆری لە ئهلبوومەکەدا بە کار هێنا. لە تراکیMother دا واتەرز درامەرێکی دیکەی بە ناوی جێف پۆرکارۆوه هێنا تا جێگەی مەیسن لهبارەی توانه سنووردارە میوزیکییەکەی مەیسنهوه بگرێتەوە. ڕۆجەر واتەرز دەڵێت: (ئەوە ڕوونبوو کە ئەو نەیدەتوانی نمایش بکات. خۆی وتی كه ناتوانێت ئەو کارە بکات، یاخۆ ڕەنگە کەسێک پێی وتبێت. نیک لەوانەیە پێویست بێت تۆ کەسێکی تر بهێنیت، تا لەجیاتی تۆ درامس لێ بدات، لەبەر ئەوەی تۆ کێشەت هەیە.)
پاش ڕووداوەکان
ئەمڕۆ دیوارەکە یەکێکە لە باشترین ئهلبوومەکانی مێژووی ڕۆک، بەڵام ئەوە دوايين جار بوو کە چوار ئەندامی باندەکە پێکەوە ئهلبووم تۆمار بکەن. کیبۆردژەن (ڕیچارد ڕایت) باندەکەی به جێ هێشت، دواتر وەک ژەنیارێکی سەربەخۆ گەڕایەوە و له کۆنسێرتەکانی ساڵی 1980 و 1981ـی پینک فڵۆیددا بەشدار بوو.
پینک فڵۆید بە بێ ڕایت لە تۆمارکردنی ئهلبوومی ساڵی 1983یان بە ناویThe Final Cut بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا واتەرز لە ساڵی 1985دا وازى له باندهكه هێنا، هەروەها سکاڵای لە دژی گیلمۆر و مەیسن تۆمار کرد بە مەبەستی ئەوەی کە ئەوان چیدی ناوی باندەکە بە کار نەهێنن، چونکە پێی وابوو کە پینک فڵۆید (توانێكى بەکارهاتووی لێهاتووانە) بووە. واتەرز دۆڕاندی، گیڵمۆر و مەیسن بەردەوام بوون لە تۆمارکردنی سێ ئهلبوومی تر لەژێر ناوی پینک فڵۆیددا: A Momentary Lapse of Reason 1987 ، The Division Bell 1994، The Endless River 2014. هیچیان هاوشانی سەرکەوتنە بازرگانی و گرنگەکەی دیوارەکە نەبوون. درووستکردنی دیوارەکە وێنەدانەوەی ئەو ئەزموونە باوەیە کە زۆربەی گرووپەکانی میوزیکی ڕۆک ڕووبەڕووی بوونەتەوە، کە چۆن ناکۆکی و هەستی ڕکهبەری دەتوانێت پێوەنديی نێوان ئەندامانی گرووپێک تێک بدات. خۆشبەختانە پینک فڵۆید توانی خۆی کۆ بکاتەوە و دوايين شاکاری خۆیمان پێشکێش بکات.