[دیوە تاریکەکەی پینک فلۆید]

نووسینی شاینا کاتزمن

لە ئینگلیزییەوە: ژیر دانا

 

 

ساڵانى حەفتاى سەدەی ڕابوردوو، باشترین دەیە بوو لە مێژووی گۆرانی و مۆسیقای (ڕۆک ئاند ڕۆڵ)ـدا، بەڵام لەناو هەموو باندەکانی ڕۆکدا، باندێک لە هەموان جیاوازتربوو.- پینک فلۆید کە باندێکی بەریتانيايی بوو، لە ساڵی ١٩٧٣ـەوە توانی چوار ئەلبوومی یەک لەدوای یەکی نایاب بڵاو بکاتەوە و ببێت بە یەکەمين باند کە بتوانێت چوار ئەلبوومی بەسەر یەکەوە لە لووتکەدا بێت. ئەلبوومەکان بریتی بوون لە (دیوە تاریکەکەی مانگ،) (خۆزگە لێرە دەبوویت،) (ئاژەڵەکان) و (دیوار.)

هەر لە ساڵی ١٩٧٩وە دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە توانی (٢٣ جار) بگاتە ئاستی پلاتینیۆم. هەتا ئێستایش ئەو ئەلبوومە بە یەکێک لە ناوازەترین و هونەريترین کارەکان دادەنرێت، بەڵام لەپشت هەموو ئەو سەرکەوتنانەوە چی ڕووی دەدا لەناو باندەکەدا و چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەلبوومەکە چییە؟ ئێستا با بزانین چۆن ئەو ئەلبوومە ناوازەیە باندەکەی لێک جیا کردەوە؟

 

گەڕانەوە بۆ سەرەتا

ساڵی ١٩٧٧ بوو، ڕۆجەر واتەرز کە بەیسژەن و تێکستنووسی باندەکە بوو، لە هەموو کات زیاتر بێزار و تووڕەبوو. ئەو کاتە باندەکە لە گەشتی (لەناو گۆشتدا) بوون و یەکەمين جاریان بوو کە زنجیرە کۆنسێرتەکانیان لەناو یاریگادا بكه‌ن. ڕۆجەر پێی وابوو کە هەوادارەکان زۆر دوورن لە باندەکەوە و نە دەتوانن باندەکە بە باشی ببینن، نە بە باشیيش گوێیان لە گۆرانیيەکانە.

هەتا گەشتەکە بەردەوام دەبوو، مەودای نێوان باند و هەوادارەکان زۆرتر دەبوو. ڕۆجەر ئەوەندە تووڕە و بێزاربوو لەم دۆخە، کە لە کۆنسێرتەکەی یاریگه‌ی ئۆڵۆمپيی مۆنتریاڵدا تفی لە یەکێک لە هەوادارەکان کرد. ئەو بە تەواوەتی لەم مەودا زۆرە بێزار بووبوو و بەرانبەر بە هەوادارەکانی هەستی بە نامۆبوون دەکرد، بۆیە نەیتوانی خۆی بگرێت و قسەی لەگەڵ ئەندامانی تری باندەکەدا کرد و پێی وتن بۆب ئێزرنی بەرهەمهێنیان دەیەوێت دیوارێک لە نێوان باند و هەوادارەکاندا درووست بکات.

 

خشتەکانی ناو دیوارەکە

دوای تەوابوونی گەشتەکە، ڕۆجەر دەستی بە بیرکردنەوە لە دوو تێمای سەرەکی بۆ ئەلبوومی داهاتوویان کرد. یەکەم تێما لە ڕووداوی تفلێكردنه‌كه‌ى مۆنتریاڵەوە درووستی کرد، کە پێشاندەری قۆناغێکی ژیانی ئەستێرەیەکی ڕۆک بێت، کە چۆن دوای دابڕانی لە کۆمەڵگه‌ و زیندووبوونەوەی تراوماکانی، ژیان بەسەر دەبات؛ تێمای دووەمیش کۆمەڵێک خەون بوو کە لە لایەن کەسێکەوە دەبینرێن و تێیاندا کەسەکە سوود و زیانەکانی خێزان و هاوسەرگیری دەبینێت و بیریان لێ دەکاتەوە.

ساڵی ١٩٧٨ بوو کە ڕۆجەر بیرۆکەکانی خۆی بۆ ئەندامانی باندەکە باس کرد. ئەندامەکان بیرۆکەی یەکەمیان هەڵبژارد، بیرۆکەی دووەمیش بوو بە تێمای یەکەم. ئەلبوومی سۆلۆی ڕۆجەر خۆی کە ئەلبوومی (سوود و زیانەکانی گەشتە خۆڕاییەکان) بوو. باندەکە هەر لەدوای هەڵبژاردنی تێمای یەکەمی ڕۆجەرەوە دەستیان بە کارکردن لەسەر ئەلبوومەکە کرد و بڕیاریان دا ئەم پڕۆژە نوێیەیان ناو بنێن (خشتەکانی ناو دیوارەکە.)

 

کێشە داراییەکان

لە مانگی نۆی ئەو ساڵەدا باندەکە کەوتبووە قەیرانێکی داراییەوە کە لەکاتی درووستبوونی باندەکەوە (لە ساڵی ١٩٦٥دا) دۆخی ئەوەندە خراپیان بە خۆیانەوە نەدیبوو. ئەو کەسانەی کە بەرپرسبوون لە بەشی دارایيی باندەکە، گرووپێک بوون بە ناوی (ئێن-دەبلیو-جی.) ئەم گرووپە دەیانویست کارێک بکەن کە ڕێژەی باج لەسەر باندەکە کەم بکەنەوە، بۆیە زۆربەی داهاتی باندەکەیان خستە ناو کۆمەڵێک کاری وەبەرهێنانەوە و پشکیان تێیدا کڕی، تا هەم باج کەمتر بدەن و هەمیش بە هۆی ئەو کارانەوە قازانج بکەن، بەڵام دواتر هەم نرخی پشکەکانیان دابەزی، هەمیش ناچاربوون باجێکی زۆر زیاتر لەوەی کە دەبوو پێشتر بیدەن، بدەن. بە جۆرێک کە لە هەندێک شوێندا ناچاربوون بڕی ٪٨٣ـی داهاتەکەیان بدەن.

ئەمە وای کرد کە هەموو ئەو پارەیەی بە هۆی ئەلبوومی پێشتریانه‌وه‌ واتە (دیوە تاریکەکەی مانگ) بە دەستیان هێنابوو، لە دەستیان بچێت. هەر بۆیە باندەکە بڕیاری دا کە بە زووترین کات کار لەسەر ئەلبوومە نوێیەکەیان بکەن، پێش ئەوەی بە تەواوەتی مایەپووچ بن. دواتر ڕۆجەر هەموانی کۆ کردەوە و پێی وتن دەبێت بە زووترین کات دەست بە کارکردن بکەن.

 

دیوە تاریکەکەی سەرکەوتن

ئەو کاتەی کە دەستیان بە کارکردن لەسەر ئەلبوومی (دیوار) کرد، باندەکە هیچ ڕێ نەدەکەوتن، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆربوو ئەوان پێکەوە لە کێشە و شەڕی بەردەوامدا بوون. ناکۆكیيەکان لە ساڵی ١٩٧٣ـەوە دەستیان پێ کرد، ئەو کاتەی کە باشترین ئەلبوومیان واتە (دیوه‌ تاریکەکەی مانگ)یان بڵاو کردەوە. ئەو ئەلبوومە هەشتەم ئەلبوومیان بوو و باندەکە و ئەندامەکانی گەیاندبووە لووتکەی ناوبانگی خۆیان، بەڵام تەواوی ناکۆکیيەکانیش لە دوای ئەو ئەلبوومەوە درووست بووبوون.

هۆکاری ناکۆکیيەکە ئەوەبوو کە ئەلبوومەکە ئێجگار سەرکەوتووبوو. ئەو سەرکەوتنەی ئەلبوومەکە کە تا ئێستایش بەردەوامە، بووە هۆی درووستبوونی فشارێکی گەورە لەسەر باندەکە و ناچاری کردن کە بۆ ئەلبوومی داهاتوويشیان لەسەر هەمان ڕێڕەوی کارکردن و سەرکەوتن بمێننەوە. ئەم فشارە ئەندامەکانی لە یەکتری جیا کردەوە، تا گەیشت بەوەی ڕۆجەر بۆ ئەلبوومەکانی داهاتوو تەواوی کارەکانی دەکرد، هەر لە دۆزینەوەی تێماوە تا دەگات بە دەرهێنان و دەنگ و چییەتی تراکەکان.

 

جیابوونەوەیەکی پێویست

دوو گۆرانی هەبوون کە دەیڤد گیلمۆری گۆرانیبێژ و گیتارژەن دەیویست لە ئەلبوومە نوێیەکەدا هه‌بێت. ئەو دوو گۆرانیيە بریتی بوون لە: (خۆزگە لێرە دەبوویت) و (دەبێت کاری شێتانە بکەیت.) بەڵام ڕۆجەر ڕەتی کردەوە کە ئەو دوو تراکە لەناو ئەلبوومەکەدا هەبن. ئەمە تاکە هەڵوێستی ڕۆجەر نەبوو کە ئەندامەکان بێزار بکات، بەڵکوو ئەو وەک دیکتاتۆرێک وابوو کە هەمیشە بڕیارەکانی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا دەسەپاند. ئەمە وای کرد کە دەیڤد گیلمۆر و ڕیچارد ڕایت کە دەنگبێژ و کیبۆردژەنبوو، هەردوو بیر لە وازهێنان بکەنەوە و بیانەوێت دەست بە کاری سۆلۆ بکەن.

کە پرسیار لە دەیڤد کرا بەم جۆرە وەڵامی دایەوە: (ئەندامبوون لە باندی پینک فلۆیددا زۆر فشاراوييه‌ و هیچ بۆشایيه‌كت بۆ ناهێڵێتەوە. پێویسته‌ لەژێر سێبەری باندەکە ده‌ر بچم.) ئەمە ئاشکرای دەکات کە ئەو کاتەی خەریکی تۆمارکردنی تراکەکانی دیوار بوون، ئەندامەکان لە دۆخێکی باشدا نەبوون و بیریان لە به‌جێهێشتنی باندەکە کردووەتەوە.

 

هێنانی چەکە گەورەکە

ڕۆجەر دەیزانی کە دۆخەکە بەرەو خراپبوون دەچێت، بۆیە دەیویست کارێک بکات كه‌ باندەکە ڕزگار بکات. کارەکەیش بریتی بوو لە هێنانی ئەندامێکی تازە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان، بەڵام چونکە ئه‌و ده‌يويست هەموو شتێک بە دڵی خۆی بێت، بۆیە دەبوو ئەو کەسەی کە دەیهێنێت، لە ڕووی مەعریفەی گشتی و مۆسیقیشەوە لە هەمان ئاستی خۆیدا بێت. لەو کاتەدا کارۆلاین کریستی خۆشەویستی ڕۆجەر بوو. کارۆلاین لە هەمان کاتدا سکرتێری بۆب ئێزرن بوو، هەر بۆیە پێشنیاری ئەوی بۆ ڕۆجەر کرد كه‌ کارەکەی بداتێ.

بۆب پێشتر لەگەڵ باندی کیس و گۆرانیبێژەکانی وەک ئالیس کوپەر، لو ڕید و پیتەر گابریەلدا ئیشی کردبوو، بۆیە ڕۆجەر پێشنیارەکەی بە دڵ بوو و کارەکەی بە کۆمەڵێک مەرجەوە دا بە بۆب. مەرجەکان بریتی بوون لەوەی کە بۆب دەتوانێت لە گۆرانینووسیندا یارمەتیيان بدات، بەڵام هەرگیز ناوی وەک خاوەن بەرهەم دەر ناکەوێت و مافی بەکارهێنانی گۆرانیيەکانیشی نابێت. بۆب بەمە ڕازيی بوو و ڕاستەوخۆ دەستی بە کارکردن لەسەر تێمای ئەلبوومی دیوار کرد و دواجار دەقێکی چل-لاپەڕەیيى لەسەر تێما و چیرۆکی ئەلبوومەکە بە باندەکە دا.

 

تێڕوانینێک لە دایک دەبێت

بۆ ڕۆژی دواتر باندەکە کۆ بوونەوە و پێکەوە دەقەکەیان خوێندەوە، هەروەک چۆن دەقێکی شانۆیی یان سیناریۆی فیلمێک دەخوێننەوە. بۆب چەند وردەکارییەکی لە بیرۆکە سەرەکیيەکەی ڕۆجەر گۆڕیبوو، بەڵام هەموان بە دڵیان بوو و ناوی کارەکتەرە سەرەکیيەکەی کردبوو بە پینک.

نیک گریفس کە لە باندەکەدا ئەندازیاری تۆمارکردن بوو، لە لێدوانەکانیدا کارەکانی بۆبی وەک سەرکەوتنێکی گەورە باس کردووە. بە وتەی ئەو، بۆب ئێزرن توانی ئەلبوومی دیوار بە باشی یەک بخات و بە هێزێکی زۆرەوە دەستی بە کارەکانی کرد و وتیشى کێشەی گەورەى چۆنیەتيی دابەشکردنی دەنگەکان بووه‌ لە نێوان ڕۆجەر و دەیڤدا. ئەو کێشەیە ئەوەندە گەورەبووه‌ کە بۆشاییەکی گەورەی لە نێوان هەردووکیاندا درووست کردووه‌.

 

چیرۆکی پینک

ئەلبوومی دیوار ڕۆک ئۆپێرایە. واتە کۆمەڵێک گۆرانیيە لەسەر یەک بابەت و چیرۆکی سەرەکی، کە لێرەدا کەسایەتيی پینکە. پینک ئەستێرەیەکی گەورەی ڕۆکە، کە بە دەست ناوبانگ و کێشە تایبەتیەکانیيەوە دەناڵێنێت. چیرۆکەکە لە بیرکردنەوە و گەڕانەوەکانی پینکه‌وه‌ دەست پێ دەکات بۆ سەردەمی منداڵيی خۆی، کە چۆن باوکی لە جەنگدا مردووە و ئەم لە لایەن دایکييەوە بە خێو کراوە. ئەمەیش سەرەتا درووستکردنی دیوارێکە لە لایەن پینکەوە تا خۆی لە دەوروبەرە پڕکێشەکەی جیا بکاتەوە.

پینک لەگەڵ گەورەبوونیدا تووشی چەندان نەهامەتيی جیاواز دەبێت، بە تایبەت لە لایەن مامۆستاکانی قوتابخانەیەوە. هەربیرەوەرییەکی پینک دەبێت بە خشتێک لەو دیوارەی کە درووستی دەکات. بیرەوەرییەکان جیاوازن و هەر لە هێرشی مامۆستاکانیيەوە بگره‌ تا دەگات بەو هێرشانەی لە سەردەمی دووه‌مين جه‌نگى دنياگره‌وه‌دا دەکرانە سەر بەریتانیا.

 

پینک دەست بە درووستکردن دەکات

پینک کە گەورە دەبێت، هاوسەرگیری دەکات و لایەنە هونەرییەکەی ژیانی بەرەوپێش دەبات، بەڵام خۆشبەختیيەکەی زۆر کورتخایەن دەبێت. کاتێک لە گەشتێکی هونەریدا لە ئەمه‌ریکا دەبێت، بۆی دەر دەکەوێت کە هاوسەرەکەی خیانەتی لێ دەکات، ئەمیش لە کاردانەوەی ئەو خیانەتەدا یەکێک لە هەوادارەکانی دەباتەوە بۆ ئەپارتمانەکەی، بەڵام لەجیاتی ئەوەی لەگەڵیدا بخەوێت، دەست بە تێکدانی كه‌لوپه‌لى نێو ئەپارتمانەکە دەکات، بۆیە هەوادەرەکەی لەترسانا به‌ جێی دەهێڵێت، خۆیشی بە تەنها دەمێنێتەوە، هەست دەکات گیری خواردووە و ناتوانێت ڕزگاری ببێت.

ئەم دۆخە وا لە پینک دەکات کە بەردەوام بیر لە نەهامەتيیەکانی ژیانی بکاتەوە و هەر یادەوەرییەکی بکات بە خشتێک و دیوارەکەی پێ درووست بکات. ئەمە بەردەوام دەبێت هه‌تا بە تەواوەتی لە کۆمەڵگه‌ دادەبڕێت و بە تەنیا دەمێنێتەوە، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای ئەو دابڕانە پەشێمان دەبێتەوە و دەیەوێت ڕێگه‌یەکی نوێ بۆ خۆڕزگارکردن بگرێتە بەر، کە بەرەو مەترسییەکی گەورەتری دەبات.

 

درووستکردنی دیوارەکە تەواو دەبێت

کاتێک بەڕێوبەری کارەکانی دێتە ئەپارتمانەکەی و دەیدۆزێتەوە، ئەو لەژێر کاریگەرییەکی زۆری ماددەی هۆشبەردا دەبێت. کە بەڕێوبەرەکە دۆخی پینک بەو شێوەیە دەبینێت، بڕیار دەدات دەرزییەکی لێ بدات تا ڕاستەوخۆ وزەی نمایشکردنی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌. دوای لێدانی دەرزیيەکە، پینک وریا دەبێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەست بە وڕێنەکردن دەکات، پێشی وادەبێت کە ئەو گۆرانیبێژ نییە، دیکتاتۆرە و هەوادارەکانیشی بۆ کۆنسێرت نا، بۆ کۆبوونەیەکی سیاسی هاتوون.

هەتا وڕێنەکردنەکەی بەردەوام دەبێت، کاری خراپتر ده‌كات، بە تایبەت ئازاردانی کەمینەکان و چەوساندنەوەیان، لەو کاتەدا گردبوونەوەیەک لە لەندەن ڕێک دەخات، بەڵام دوای ئەوەی هۆشی دێتەوە سەر خۆی و وڕێنەکردنەکەی تەواو دەبێت، لە هەموو کارەکانی پەشێمان دەبێتەوە و دەپاڕێتەوە کە هەموو شتێک بوەستێت، بۆیە خۆی ناچار دەکات کە دادگایی بکرێت و فشار لەسەر خۆی درووست دەکات، تا دیوارەکەی بڕووخێنێت.

 

باشە خۆمان لێرەوە نەهاتین؟

ئەندازیارە دەنگییەکانی باندەکە بەشێکی ورد و سەرنجڕاکێشیان بۆ ئەلبوومەکە زیاد کرد. ئەو بەشە لەکاتی ڕووخاندنی دیوارەکەدا دەر دەکەوێت، کاتێک دوايين گۆرانيی ئەلبوومەکە بە ناوی (لە دەرەوەی دیوارەکە) لێ دەدرێت، لەو گۆرانیيەدا هەست دەکرێت کە کۆتاییەکەی دەبێت بە سه‌ره‌تا بۆ یەکەم گۆرانيی ئەلبوومەکە کە گۆرانيی (لەناو گۆشتدا)یە. لەکاتی گوێگرتندا هەست ناکەیت کە دوايين تراک تەواو بووە، چونکە مۆسیقاکەی بەردەوام دەبێت، بەڵام دواى تراکی کۆتایی بەم دێڕە (باشە خۆمان لێرە نەبووین؟) تەواو دەبێت و ڕاستەوخۆ تراکی یەکەم دەست پێ دەکات.

ئەمەیش وا دەکات کە تەواوی ئەلبوومەکە وەکوو سووڕێکی داخراو دەر بکەوێت، کە یارمەتيی گوێگر دەدات لەوە تێبگات چۆن پینک لەناو بازنەیەکی داخراودا گیری خواردووە و هەموو شتێک لە ژیانیدا دووبارە دەبێتەوە.

 

لە چیرۆکێکی ڕاسته‌قينه‌وه‌ وەرگیراوە

چیرۆکی پینک زۆر نزیکە لە چیرۆکی ژیانی ڕۆجەرەوە. بە هەمان شێوەی پینک، ڕۆجەریش لە شەڕی ئانزۆی دووەمين جەنگی دنياگره‌وه‌دا باوکی لە دەست داوە و بەردەوامیش کێشەی لەگەڵ ئەو سیستەمە پەروەردەیيەی کە لە بەریتانیا پێڕۆ دەکرا، هەبووە. هەروەها لە یەکێک لە گەشتەکانیدا بە هۆی هەوکردنی جگەرەوە، ناچار دەبێت دەرمانێکی تایبەت بۆ ئارامکردنەوەی ماسوولکەکانی جەستەی وەربگرێت، ئەمەیش لە گۆرانيی (بە ئارامی بێهەست)ـدا دەر دەکەوێت.

بەڵام ژیانی ڕۆجەر بە تەنها، تاکە سەرچاوە نییە، بەڵکوو پێوەندییەکی زۆریش لە نێوان پینک و سید بارێتدا هه‌يه‌ کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی باندەکە و گیتارژەن بووە. سید تووشی ئالوودەبوونێکی زۆر قورس دەبێت. هەندێ جار لە کۆنسێرتەکاندا ئەوەندە بێ هۆش بووە کە تەنها یەک کۆردی دووبارەی بە گیتارەکەی لێ داوه‌، یاخۆ هەر هیچی لێ نه‌داوه‌.

 

پارە بدەن بۆ ئەوەی بمێننەوە!

باندەکە لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٩دا دەستیان بە تۆمارکردنی تراکەکان کرد. ڕۆجەر بە جیا لە ستودیۆی میراڤڵ دەنگی خۆی تۆمار کرد و ئەندامەکانی تریش لە ستۆدیۆی سوپەر بیر لە نزیک شاری نیس. سەرەتا دەیانویست تەواوی ئەلبوومەکە لە ستۆدیۆکەی خۆیان، واتە ستۆدیۆی بریتانیا ڕۆو تۆمار بکەن، بەڵام ئامێرەکانی ستۆدیۆکە کۆن بووبوون و دەبوو سەرجەمیان تازە بکرێنەوە.

دوای تۆمارکردنی چەند دیمۆیەکی ئەلبوومەکە تا مانگی سێ، باندەکە ترسی ئەوەیان لا درووست بوو کە دووبارە بە هۆی (ئێن-دەبلیو-جی)ـیەوە، تووشی قەیرانێکی دارایی دیکە ببن. هەر بۆیە بڕیاریان دا کە بە زووترین کات بەریتانیا به‌ جێ بهێڵن.

 

جددیبوون

دوای مانگێک تەواوی باندەکە بە خۆیان و خێزانەکانیانەوە بەریتانیایان به‌ جێ هێشت. ڕۆجەر چوو بۆ سویسرا، نیک مەیسن سەرەتا چوو بۆ فەڕەنسا و دواتر بۆ ئیتاڵیا و دەیڤد و ڕیچاردیش چوون بۆ دوورگەکانی یۆنان. هەروەها کەلوپەلی ستۆدیۆکەی خۆیشیان گواستەوە بۆ ستۆدیۆی سوپەر بیر.

لەو کاتەدا ناکۆکیيەکانی نێوان ڕۆجەر و بۆب لە زیادبووندا بوو. پێشتر ناکۆکیيەکە لە نێوان ڕۆجەر و هەموو باندەکەدا بوو، بەڵام دواتر کێشە گەورەکەی ڕۆجەر بوو بە بۆب. ڕۆجەر کەسێکی جددی بووە و تەواوی کارەکانی بە جدديێتیيەکی زۆرەوە دەکرد و گرنگیيەکی زۆری بە کاتی کارکردن دەدا، بەڵام بۆب لە ڕێکخستنی کاتەکان و پێوەستبوون بە خشتەی کارکردنەوە بێباک بوو، بۆیە نێوانیانیان تێک چوو. ئەمە بۆبی زۆر بێزار کرد، چونکە ئەو کەمترین بەشی هەبوو لە باندەکەدا و ئێستایش ڕۆجەر بەردەوام هەراسانی دەکات.

 

عەقڵە گەورەکان وەکوو یەک بیر دەکەنەوە

هەرچەندە خۆپەرستی ڕۆجەر و بۆب، ململانێ و ناکۆکیيەکی زۆری درووست کردبوو، بەڵام هێشتا توانیيان لە کارکردن بەردەوام بن و بیرۆکەیەکی نوێیش تاقی بکەنەوە. بیرۆکە نوێیەکه‌ کە لە لایەن بۆبەوە پێشنیار کرا، بریتی بوو لە زیادکردنی چەند بەشێکی ئۆرکێسترایی بۆ سەر گۆرانییەکان. ڕۆجەر ئەم بیرۆکەیەی بە دڵ بوو و بۆ ئەو مەبەستەیش ئاوازدانەری ئەمه‌ریکايی مایکڵ کەیمـنیان بانگهێشت کرد، تا بەشە ئۆرکێستراییەکان تۆمار بکات. دواجار کارەکە سەرکەوتوو بوو.

مایکڵ بۆ تۆمارکردنی مۆسیقاکان چەند ئەندامێکی ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیک و سەمفۆنیای نیویۆرکی بانگهێشت کرد. ئەندامەکان ئاگایان لە کارەکانی مایکڵ نەبوو و گوێشیان لە پارچە تۆمارکراوەکان نەگرت تا مایکڵ تەواوی کارەکانی تەواو کردبوو.

 

گوێت لەوە بوو؟

ڕۆجەر و بۆب پێکەوە دەنگە جیاوازەکانی ئەلبوومەکەیان تۆمار کرد. دەنگی زەنگی ئەو تەلەفۆنەی کە لە دێمۆکەیان بۆ گۆرانيی (زەوقی گەنج) تۆمار کرابوو، تەواو ڕاستەقینە بوو. تەلەفۆنەکەیش بۆ نیک گریفس کرابوو و نیک پێی وابوو کە تەلەفۆنەکە بۆ پێڕابواردنی کراوە، بۆیە بە تووڕەییەوە دایدەخاتەوە، هەروەها چەند دەنگێکی سرووشتيی دیکە لە لایەن ڕۆجەرەوە تۆمار کرا، کە تەنها مایکی بردبووە لای پەنجەرەی ستودیۆکەوه‌ و دەنگی دەرەوەی تۆمار کردبوو.

چەندان دەنگی تری نامۆی وەک جیڕەی تایە و شکاندنی تەلەفزیۆن تۆمار کران و دوای ماوەیەک ئەکتەرێک دەنگی خۆی لە ئەلبوومەکەدا ناسیبووەوە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ داوای لەسەر باندەکە تۆمار کرد و دواتر باندەکە ناچار بوون بڕە پارەیەکی پێ بدەن.

 

بەشی دووەمی خشتێکی تر لە دیوارەکە

بەشی دووەمی تراکی (خشتێکی تر لە دیوارەکە) سەرکەوتووترین تراکی ئەلبوومەکە بوو، بەڵام ئەو سەرکەوتنە بێکێشەنەبوو. سەرەتا ڕۆجەر نەیدەویست ئەو تراکە بە جیا و بە تەنها بڵاو بکرێتەوە، چونکە پێی وابوو پینک فلۆید لەو باندانە نییە کە تراکی تەنها و درێژ بڵاو بکاتەوە. شایانی باسە درێژيی تراکەکە لە سەرەتادا تەنها خولەکێک و ٢٠ چرکە بوو.

دواتر بۆب دەیویست چەند دەنگێکی دیسکۆیی بۆ تراکەکە زیاد بکات و باندەکەیش ئەمەیان ڕەت کردەوە، بەڵام دوای بیستنی نموونەیەک کە بۆب خۆی حازری کردبوو، هەموان بیرۆکەکەیان بە دڵ بوو. دواجار ئەندامانی باندەکە بڕیاریان دا شەوانە سەردانی دیسکۆکان بکەن، تا زیاتر هەستیان بۆ مۆسیقای ناو دیسکۆ بۆ درووست ببێت.

 

مامۆستا واز لە منداڵەکان بهێنە!

سەرنجڕاکێشترین بەشی (خشتێکی تر لە دیوارەکە، بەشى٢) ئەو کاتەیە کە منداڵەکان بە کۆرس گۆرانی دەڵێن. ئەو بەشە لە گۆرانییەکی ئەلیس کووپەرەوە سەرچاوەی گرتووە بە ناوی (قوتابخانە نییە.) ڕۆجەر دەیەوێت سوود لەو گۆرانیەی ئالیس وەربگرێت و دەنگێکی هاوشێوە لە تراکەکەی خۆیان تۆمار بکات، بۆیە نیک گریفس دەنێرن بۆ قسەکردن لەگەڵ بەشی مۆسیقای چەند قوتابخانەیەکدا.

نیک دەیويست لە ماوەیەکی کەمدا کۆرسی منداڵەکان ئامادە بکات، بۆیە بەرپرسی بەشی مۆسیقای قوتابخانەیەک نزیکەی ٢٤ منداڵی بۆ ئامادە کرد. منداڵەکان لەو کاتەدا نەیاندەزانی پینک فلۆیده‌كان کێن، بەڵام پێیان گوترا کە لە ڕێگەی ئەم گۆرانیيەوە دەبن بە بەشێک لە مێژوو، بۆیە هەموويان ڕازی بوون و کاتێکی خۆشیان بەسەر برد، بە تایبەت لەو کاتەيدا کە دەڵێن (مامۆستا! واز لە ئێمەی منداڵ  بهێنە!)

 

باندەکە لە دژی لەیبڵی باندەکە

نیک توانی بە ٢٤ تراک دەنگی منداڵەکان تۆمار بکات. دوایی هەموو تراکەکانی تێکەڵ کرد و دەنگی کۆرسی منداڵەکان، قووڵاییەکی سەرنجڕاکێشی وەرگرت و باندەکە بڕیاریان دا کە بە کاری بهێنن، بەڵام ستودیۆی کۆڵۆمبیا کە خاوەنداريێتيی لەیبڵی باندەکەیان دەکرد، ئەم بەشەی گۆرانیيەکەیان بە دڵ نەبوو، چونکە پێیان وابوو کە هیچ لە گۆرانیيەکانی تری پینک فلۆید ناچێت.

ناکۆکیيەکی گەورە لە نێوان باندەکە و ستودیۆی کۆڵۆمبیادا لەسەر ئەم بابەتە درووست بوو. ستودیۆکە خەڵکیان دەناردە لای باندەکە تا دەنگە تۆمارکراوەکان لە باندەکە بستێنن، ئەمەیش وای کردبوو کە بۆب هەموو ڕۆژێک دوای ئیشکردن، تەواوی دەنگە تۆمارکراوەکان لەگەڵ خۆیدا بباتەوە بۆ ماڵه‌وه‌.

 

پارە بە منداڵەکان درابوو؟

هەرچەندە ئەو بەشەی کە منداڵەکان گۆرانيی تێدا دەڵێن، سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەی بە دەست هێنا، بەڵام باندەکەی تووشی چەندان کێشە کردبوو. دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانیيەکە لە نۆڤەمبەری ١٩٧٩دا ڕۆژنامە بەریتانیيەکان تۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵ باندەکە کە پارەیان بە منداڵە بەشداربووەکان نەداوە، بۆیە باندەکە بڕیاری دا کە بۆ هەرمنداڵێک، کۆپیيەکی ئەلبوومەکەیان بنێرن و دواتریش بڕی ١٠٠٠ پاوەند بە قوتابخانەکە بدەن.

بەڵام ئەمەیش هێشتا حەقی منداڵەکانی نەدەدا. لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا کەسێک بە ناوی پیتەر ڕوان، دەیویست پێوەنديی بە منداڵەکانی ئەو کاته‌وه‌ بکات و هەوڵ بدات پارەکەیان بۆ وەربگرێت، بەڵام لەبەر نەبوونی بەڵگە، نەیتوانی ناوی تەواوی منداڵە بەشداربووەکان بدۆزێتەوە. هەتا ئێستایش -جگە لە سێ کەس- ناوی هيچيان نەدۆزراوەتەوه‌.

 

لە ئەفریقای باشوور قەدەغە کرا

دوای بڵاوبوونەوەی تراکی (خشتێکی تر لە دیوارەکە، بەشی٢) گۆرانیيەکە بوو بە سروودی منداڵان لە سەرتاسەری جیهان و هەموان دەیانگوتەوە، بەڵام منداڵانی ئەفریقای باشوور، زۆر زیاتر ئەم گۆرانیيەیان دەگوتەوە. ئەمەیش بە هۆی ئەو سیستەمەی وڵاتەکەوه‌ بوو کە کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر پەروەردەی منداڵەکانەوە هەبوو و جیاوازيی لە نیوان منداڵی ڕەشپێست و سپیپێستدا درووست کردبوو، بۆیە منداڵانی ئەو وڵاتە گۆرانیيەکەیان زۆر دەگوتەوە و ئەمەیش ترسی لە لای حوکوومەتی وڵاتەکە درووست کردبوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ لە مانگی پێنجی ساڵی ١٩٨٠دا تەواوی ئەلبوومەکە لە ئەفریقای باشوور قەدەغە کرا.

کاتێک له‌بارەی ئەم بڕیارەی ئەفریقای باشووره‌وه‌ پرسیار لە باندەکە کرا، ڕۆجەر بە جۆرێک وەڵامی دایەوە کە ئەو بڕیارە تەنها بە هۆی هەڵەتێگەیشتنەوە بووە. بە ڕای ڕۆجەر، حوکوومەتی ئەو وڵاتە پێیان وابووە کە گۆرانیيەکە دەبێتە هۆی درووستبوونی کەسانێکی ئەنارشی، کە دواتر دەبنە مايه‌ى کێشە بۆ حوکوومەت، بەڵام گۆرانیيەکە تەنها دەرخەری هەستی منداڵەکانە و ئەوەیشی کە دەیڵێنەوە، مانای ئەوەیە کە منداڵەکانی ئەو وڵاتە هەمان هەستی گۆرانیيەکەیان هەیە. ڕۆجەر پێی وابوو کە حوکوومەتی ئەو وڵاتە دەبوو سوود لە گۆرانیيەکە وەربگرێت و بیکات بە یەکەم هەنگاوی تێگەیشتن لە منداڵەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، نەک قەدەغەکردن.

 

پێویستیان بە پشوو بوو

هەرچەندە پێوەنديی ئەندامەکان خۆی خراپ بوو، بەڵام ڕیچارد و ڕۆجەر تا دەهات زیاتر نێوانیان تێک دەچوو. ڕیچارد لەو کاتەدا بە هۆی جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی و ناچاربوونی بە به‌جێهێشتنی وڵاتەکەی تووشی خەمۆکی بووبوو. لەکاتی تۆمارکردندا ئەندامەکانی تر دەیانتوانی منداڵەکانی خۆیان بهێنن بۆ ستودیۆکە و لەگەڵیاندا بن، بەڵام ڕیچارد نەیدەتوانی ئەمە بکات، چونکە منداڵەکانی ئەو گەورەبوون و لە قوتابخانە بوون.

باندەکە دەبوو لە مانگی هەشتدا ماوەیەک پشوو وەربگرێت، بەڵام ستودیۆی کۆڵۆمبیا داوای لە باندەکە کرد کە بۆ کۆتایيی ساڵ هەموو کارەکانیان تەواو بکەن و دەست بە بڵاوکردنەوە بکەن، ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە کاتی پشوودانەکانیان کەم ببێتەوە و فشارێکی زیاتریان بچێتە سەر. ڕیچارد ئەمەی پێ قبووڵ نەکرا و باندەکەی به‌ جێ هێشت.

 

ڕیچارد ڕۆیشت!

چەند چیرۆکێکی جیاواز لەسەر هۆکاری ڕاستەقینەی ڕۆیشتنی ڕیچارد هەن. لە یادەوەرییەکانی نیکدا وا هاتووە کە ڕۆیشتنی ڕیچارد بە هۆی ڕۆجەرەوە بووە. بە پێی قسەکانی نیک بێت ڕۆجەر بەڕێوبەری باندەکە بانگ دەکات و بە تایبەت داوای لێ دەکات کە ڕیچارد دەر بکات، بەڵام مێژوونووسی باندەکە چیرۆکێکی جیاوازی هەیە و دەڵێت هۆکارەکە لەمە گەورەتر بووە.

بە پێی قسەی مێژوونووسەکە بێت، دوای کەمکردنەوەی ماوەی پشوودانەکانیان دەیڤد دەیویست قسە لەگەڵ ڕیچارددا بکات و قایلی بکات کە بمێنێتەوە، بەڵام ڕۆجەر نەیدەویست بمێنێتەوە و بە ئەندامانی باندەکەی وتووە: (ئەگەر ڕیچارد بمێنێتەوە، ئەلبوومی دیوار بە هیچ جۆرێک بڵاو ناکرێتەوە.) لە ئەنجامدا ڕیچارد ڕۆیشت و دوای بڵاوکردنەوەشی ناوی لە ئەلبوومەکەدا نەبوو، هەرچەندە کیبۆردژەنی ئەلبوومەکە بووە.

 

لێکدانەوەی جۆراوجۆر

کاتێک کە ئەلبوومی دیوار تەواو بوو و بۆ بەڕێوبەرانی ستۆدیۆی کۆڵۆمبیا لێ درا، ئەوان ئەلبوومەکەیان بە دڵ نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە تراکی (خشتێکی تر لە دیوارەکە، بەشی٢) بوو بە یەکەم تراک کە زۆرترین جار لە وڵاتانی ئەمه‌ریکا، بەریتانیا، پورتوگال، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ئەفریقای باشووردا گوێی لێ گیرا، دان بە سەرکەوتنی ئەلبوومەکەدا نرا، بە تایبەت دوای ئەوەی کە لە بەریتانیا و ئەمه‌ریکایش زیاتر لە یەک ملیۆن کۆپيی ئەلبوومەکە فرۆشرا و ناسناوی پلاتینیۆمی وەرگرت.

سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە، ڕەخنەگران لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ ئەلبوومەکە كرد. ڕۆبەرت کرایستگاو کە یەکێک بوو لە باشترین ڕەخنەگرە مۆسیقیيەکانی ئەمه‌ریکا، پێی وابوو کە ئەلبوومەکە شکستێکی گەورەیە بۆ یەکێک لە باشترین باندەکان و پێیشى وابوو کە تێکەڵەیەکی خراپی مینیماڵیزم و ماکسیماڵیزمە، لەگەڵ چەند کاریگەرییەکی دەنگیدا، بەڵام ئەم ڕەخنانە کاریان لە سەرکەوتنەکانی ئەلبوومەکە نەکرد و دواجار بۆ ماوەی ١٥ هەفتە ئەلبوومەکە لە لووتکەی بیلبۆرددا مایەوە.

 

گەشتەکەی دیوار

باندەکە لە فێبریوەريی ١٩٨٠دا دەستى بە گەشتکردن کرد بۆ پێشکێشکردنی کۆنسێرتی ئەلبوومەکە. ئەو کاتە نزیکەی ١،٥ ملیۆن دۆلار لە قەرزدا بوون، بەڵام سەرەڕای ئەم قەرزە زۆرە دەیانویست ئەزموونێکی سەرنجڕاکیش بۆ کۆنسێرتەکەیان درووست بکەن، کە هاوتای ئاستی بەرزی ئەلبوومەکە بێت، بۆیە لە کۆنسێرتەکاندا دیوارێکی چل پێیی لە نێوان باندەکە و هەوادارەکاندا لە خشت درووست دەکرا.

جگە لە دیوار، تەقینەوە و فیگەری نامۆ و سەیر درووست دەکرا بۆ سەر ستەیجەکان. ئەمەیش وای دەکرد کە هەرکۆنسێرتێک بڕێکی زۆر پارەی بوێت. هەرچەندە ئەوەی کە پێشکێش کرا، هەمان ئەوەبوو کە باندەکە دەیانویست و خەڵکەکەیش زۆریان بە دڵ بوو، بەڵام لە کۆتاییدا باندەکە هێشتا بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلار قەرزی مابوو.

 

ئيدى خێزانەکە بوونی نەماوە

پێوەنديی نێوان ئەندامانی باندەکە لەکاتی کۆنسێرتەکەدا گەیشتبووە خراپترین دۆخی خۆی. پێشتر لەکاتی گەشتکردندا هەرئەندامه‌ ئۆتۆمبێلی مانەوەکەی خۆی لەپێش ئەوی ترەوە دادەنا و شێوەی بازنەیەکیان درووست دەکرد، بەڵام لەو کاتەدا ڕۆجەر ئۆتۆمبێلی مانەوەکەی بە جۆرێک ڕادەگرت، کە ڕووی دەرگاکەی لە دەرگای ئەندامەکانی تر نەبێت، بۆ ئەوەی نەیانبینێت.

لە تەواوی گەشتەکەدا هیچ کەسێک پارەی پەیدا نەکرد. ئەمەیش وای کرد ئەندامەکان ڕق لە ڕیچارد هەڵبگرن کە پێش گەشتەکە پارەی خۆی پەیدا کردووە بە بێ ئەوەی بەشداريی له‌ کۆنسێرتەکاندا بكات. لە شوێنێکدا باندەکە ناچار دەبن کە ڕیچارد وەک ئەندامێکی لاوەکی بانگهێشتی باندەکە بکەنەوە، بەڵام ئەو ڕاستیيەی کە تەنها ئەو توانیویەتی پارە لە ئەلبوومەکە پەیدا بکات، وای کرد کە ئەندامەکان ڕقی لێ هەڵبگرن و قسەی خراپی لەباره‌وه‌ بکەن.

 

پینک فلۆید-دیوار

لەکاتی گەشتەکەدا بەشێکی زۆر لە دیمەنی کۆنسێرتەکان تۆمار کران، تا لەو فیلمەدا بە کار بهێنرێن، کە بڕيار بوو دواتر لەسەر ئەلبوومەکە درووست بکرێت. فیلمەکە هەر هەمان چیرۆکی هەبوو و باسی پینکی دەکرد، دەرهێنەرەکەیشی ئالان پارکەر بوو.

ئالان بڕیاری ئەوەی دابوو کە ڕۆجەر لەناو فیلمەکەدا ڕۆڵی نەبێت و ئەکتەرێک بە ناوی بۆب گیلدۆف ڕۆڵی پینک وەربگرێت، چونکە ئالان پارکەری دەرهێنەر پێی وابوو کە ڕۆجەر ئەو کەسایەتیيە دەر ناخات کە پێویستە بۆ ئەو چیرۆکە دەر بخرێت. ئەمە وای کرد کە هەموان وا بزانن بە هۆی ئەم بڕیارەی ئالانەوە شەڕێکی گەورە لە نێوان ئالان و ڕۆجەردا ڕووی داوە، بەڵام کە لە ئالانیان پرسی کاردانەوەی ڕۆجەر چۆن بووە، وتى زۆر ئاسایی بابەتەکەی وەرگرتووە و پێشنیارەکەی قبووڵ کردووە.

 

نەدەبوو هەرگیز ئەو فیلمە درووست بکەم

فیلمەکە لە ساڵی ١٩٨٢دا لە فێستیڤاڵی کان نمایش کرا. دوای نمایش، هەم لێکدانەوەی باشی بۆ کرا و هەمیش هەوادارێکی زۆری لە خۆی کۆ کردەوە، بەڵام دواتر ئالان ڕایگەیاند کە ئەزموونی درووستکردنی ئەو فیلمە بە جۆرێک ناخۆش بووە، کە نەدەبوو هەرگیز درووستی بکات. ئەوه‌ش بە هۆی مامەڵەکردنييه‌وه‌ بوو لەگەڵ دوو کەسی کەللەڕەقدا.

ڕۆجەر و جیراڵد سکێرف کە ئەنیمەیتەر بوو، پڕۆسەی درووستکردنی فیلمەکەیان لەسەر ئالان ئێجگار قورس کردبوو. ئەوان هەریەکە دەیانویست بە مێشکی خۆیان کار بکەن و بیرۆکەکانی خۆیان لە فیلمەکەدا بە کار بهێنن، کە لەگەڵ بیرۆکەکانی ئالاندا یەکیان نەدەگرتەوە.

 

دوايين سەما

ئەلبوومی دیوار هەتا ئێستا توانیویەتی ٢٣ جار بگاتە ئاستی پلاتینیۆم و بە یەکێک لە باشترین ئەلبوومەکانى تەواوی مێژووی ڕۆک ئاند ڕۆڵ دادەنرێت. سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە، پڕۆسەی درووستکردن و بەرهەمهێنانی ئەم ئەلبوومە بووە هۆی تێکشکاندنی باندەکە، بۆیە ئەوەبوو بە دوائەلبووم کە هەرچوار ئەندامەکە واتە ڕۆجەر، ڕیچارد، دەیڤد و نیک پێکەوە بەشداريی تێدا بکەن.

ڕیچارد پێش بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە، باندەکەی به‌ جێ هێشت و لە گەشتەکەی ساڵی ١٩٨٠دا وەک ژەنیارێکی لاوەکی هاتەوە ناو باندەکە. باندەکە لە ساڵی ١٩٨٣دا دوايين کاری خۆیان پێکەوە کرد و لە ساڵی ١٩٨٥دا ڕۆجەر باندەکەی به‌ جێ هێشت، دواتر داوایەکی یاسایيی لەسەر دەیڤد و نیک تۆمار کرد کە هێشتا ناوی باندەکەیان لەدوای ڕۆیشتنی ئه‌وه‌وە بە کار دەهێنا.

 

چاوەڕوانییە مەزنەکان

ڕۆجەر داواکارییەکی دۆڕاند و نیک و دەیڤد لە دوای ئەوەوە سێ ئەلبوومی دیکەیان بە ناوی پینک فلۆیدەوە تۆمار کردووە، بەڵام دوای ئەو هەموو ناکۆکیيانه‌ش ئەندامانی باندەکە هێشتا ویستوویانە باڵانسێک لە نێوان خۆیاندا بهێڵنەوە.

بەڵام بە ڕۆیشتنی ڕۆجەر، هێز و توانی باندەکە بە تەواوەتی لە دەست چوو و ئەو سێ ئەلبوومەی دیکە، تەنها ئەلبوومی ئاسایی بوون و هەرگیز نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە مەزنەی کە ئەلبوومی دیوار پێی گەیشت. دەبێت خۆشحاڵ بین کە لەو کاتەدا توانیيان خۆیان بگرن و پێش درووستکردنی ئەلبوومی دیوار باندەکە هەڵنەوەشێننەوە.

 

سەرچاوە:

https://www.musicoholics.com/backstage-stories/the-dark-side-of-pink-floyds-the-wall/

Leave a comment