[دەربارەی ئەلبوومی دیوە تاریکەکەی مانگ]

لە ئینگلیزییەوە: خەلان ئاکۆ

 

ئەلبوومی (دیوە تاریکەکەی مانگ)ـی پینک فلۆید لە ڕێككه‌وتى ١-٣-١٩٧٣دا بۆ یەکەمين جار بڵاو بووەوە و تا ئێستا وەک یەکێک لە پڕفرۆشترین ئەلبوومە ميوزیکییەکانیان ماوەتەوە.

ئەلبوومەکە بۆ ئەندامانی باندەکە بە خاڵى وەرچەرخان دێته‌ هه‌ژمار. کە ڕۆجەر واتێرز وەک بەیسیست و ڤۆکاڵیست، دەیڤد گلیمۆر وەک گیتارژەن و ڤۆکاڵیست، ڕیک ڕایت وەک کیبۆرديست و ڤۆکاڵیست و هەروەها نیک مەیسن وەک درەمەر کاریان تێدا کردووە. بڵاوکراوەیەکی ماڵپەڕی ڕۆلین ستۆن پێگەی پینک فلۆیدی لە ئەلبوومی دیوە تاریکەکەی مانگدا وەک ئاکتێکی ڕۆک لە بەرزترین ئاستدا نرخاند. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن ڕاوێژکارانی ڕۆکی کلاسیکەوە وەک باشترین ئەلبوومی ڕۆک هەڵبژێررا.

 

ئەمانەی خوارەوە چەند فاکتێکن لەبارەی ئەم ئەلبوومە ناودارەوە کە ڕەنگە نەتزانیبن.-

 

  • لە سەرەتادا ئەلبوومەکە خەریک بوو بە مانگگیران ناو دەر بکات.

ناونیشانی ڕاستەقینەی ئەلبوومەکە، دیوە تاریکەکەی مانگ بوو، بەڵام ئەلبوومێک بە ھەمان ناونیشان لە ساڵی ١٩٧٢دا لە لایەن باندی بەریتانيايی (مێدیسن ھێد)ه‌وه‌ بڵاو بووبووەوە، ئەمەش بووە بەربەست له‌ به‌رده‌مياندا، بۆیە پینک فلۆید لەو کاتەدا پڕۆژە تەواونەکراوەکەیان بە (مانگگیران) ناو برد، بەڵام دوای ئەوەی ئەلبوومەکەی مێدیسن ھێد شکستی خوارد و ھەرزوو لە یاد کرا، بۆ ناونیشانە ڕاستەقینەکەی خۆیان گەڕانەوە.

باندەکە بە ڕۆژنامەیەکیشیان ڕاگەیاند: (ئێمە لە مێدیسن ھێد پەست نەبووین، بەڵکوو هۆکاری دڵگرانییەکە ئەوەبوو پێش ئەوەی ئەلبوومەکەی مێديسن ھێد بڵاو ببێتەوە، ئێمە بیرمان لە ناونیشانەکە کردبووەوە و ئەم ناونیشانەمان دەستنیشان کردبوو.)

 

  • ھەوادارانی پینک فلۆید زۆر زووتر لە کۆنسێرتی ڕاستەوخۆدا گوێيان له‌ گۆرانييه‌كانى نێو ئه‌لبوومه‌كه‌ گرتبوو.

ھەواداران و ئامادەبووانی پێرفۆرمانسی پینک فلۆید لە شاری برایتن لە ڕێككه‌وتى ٢٠-١-١٩٧٢دا بێئاگابوون لە ئامادەبوونی ئەلبوومێکی نوێی باندەکە و لەوێدا گوێبیستی دیوە تاریکەکەی مانگ بوون. ساڵێکیش پێش ڕاگەیاندنی ڕەسميی ئەلبوومەکە، ئەو گۆرانیيانە لە ھەمان زنجیرەدا بوون. دواتر لە ئەلبوومەکەدا دەر دەکەوتن.

وا دادەنرێت کە باندی پینک فلۆید یەکێک بێت لە باشترین ئەو باندانەی کە لایڤ پێشکەش دەکات. ئەوان قازانجیان لە ھەموو دەرفەتە بچووکەکان وەردەگرت بۆ ئەوەی بتوانن تراکەکانی ئەلبوومەکە زیاتر بڵاو بکەنەوە و وا بکەن شانبه‌شانى پێرفۆرمانسەکەی ساڵی ١٩٧٢ کاریگەريی زیاتر دابنێت و بەم شێوەیە گۆرانیيەکانیان پێشکەش دەکرد.

 

  • ئەلبوومەکە لە ژیانی مۆدێرن دەدوێت کە خەڵکی بەرەو دۆخێکی خراپ ئاڕاستە دەکات.

ڕۆجەر واتەرس لە کتێبیکدا بە ناوی (مشتێکی پڕ لە نھێنی، گەشتە درێژخایەنەکەی پینک فلۆید) کە تێیدا بە چڕوپڕى باس لە بایۆگرافيی باندەکە دەکات، باس لەوەش دەکات کە تەواوی تێمای ئەلبوومەکە له‌بارەی فشارەکانی ژیانی مۆدێرنەوه‌یە. هەروەها دەڵێت: (وا بیرمان کردەوە كه‌ دەتوانین لەبارەی ئەو فشارانه‌وه‌ی ھەستیان پێ دەکەین و ئۆقرەی کەسیان نەهێشتووە، شتێک بکەین. فشارەيلی وەک: بەدەستھێنانی پارەی زۆر؛ مەسەلەی کات کە زۆر به‌ خێرایی دەڕوات؛ دەسەڵاتە بونیادییەکانی وەک پەرستگه‌، سیاسەت، توندوتیژی و دەستدرێژیکردن.)

 

  • ھەروەھا ئەلبوومەکە لە مردنیش دەدوێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری مۆجۆدا لە مانگی ٣ـی ١٩٩٨دا ڕیچارد ڕایت دەربارەی تراکی (پێرفۆرمانسە مەزنەکە لە ئاسمانداThe Great Gig in the Sky ) دەڵێت: (ئەم تراکە له‌بارەی ژیانێکەوه‌يه‌ کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو مەرگ گلۆر دەبێتەوە. یەکێک لەو فشارانەی وەکوو ئەندامێکی باندەکە لەسەرم بوو، ترسی بەردەوام بوو لە مردن، بە هۆی ئەو هەموو گەشتانەوە بە فڕۆکە و ئۆتۆمبێل لە ئەمه‌ریکا و ئەورووپا دەمانکردن.) هەروەها وتیشی: (بەشی نیوەی دووەم لە تراکەکەدا نەرمترە، وەک چۆن کەسێک لە لێواری مەرگدا بەرانبەر بەو مردنەی لە دەستی خۆیدا نییە، چۆک دادەدات و بەرەو نەمان دەچێت.)

 

  • باندەکانی بوکەر T و MGییەکان کاریگەرییان بەسەر تراکی پاره‌وە هەبووە.

تراکی پارە لە سەرووی بیست ناودارترین تراکەکانی باندەکەوه‌یە لە ئەمه‌ریکا. دەیڤد گیلمۆر لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە ماڵپەڕی ڕۆڵینگ ستۆنی ڕاگەیاند: (وردبوونەوە لەوەی چۆن و چی کاریگەريی لەسەر چی هەبووە، ھەمیشە ئاڵۆزە، بەڵام من ھەوادارێکی سەرسەختی بوکەر T بووم و کاتێک گەنج بووم، ئەلبوومی پیازە سەوزەکانم هەبوو… شتێک بوو کە پێم وابوو ده‌توانين لە دەنگماندا بە کاری بێنین، بە بێ ئەوەی کەس بزانێت کاریگەرییەکەی لە کوێوە سەری ھەڵداوە.)

 

  • دراوی کۆن و دەفرێکی قووڵ شتێکی دیکەیان زیاد کرد.

بۆ لووپی تراکی پارە کە بیرۆکەکان و پێشنیارەکان لە لایەن واتەرس و مەیسن لە ستودیۆی ماڵەكەیاندا ڕێک خرابوو، باندەکە داھێنەرانەتر کاریان کرد. مەیسن کونی دەکردە دراوی کۆنەوە و دەیکرد بە دەزوودا بۆ ئەوەی یەکێک لەدەنگەکانی لووپی حەوتەم درووست بکات. دەنگ بۆ لووپەکانی تر ئەمانەی دەگرتەوە: دراو خولاندنەوە لە دەفرێکی قووڵدا کە ژنەکەی واتەرس، جودی بۆ گڵکاری بە کاری دەھێنا و كاغه‌زدڕاندن لە تەنیشتى مایکرۆفۆنێک.

 

  • کەسە شێتەکەی تراکی زیانی مێشک سید بارێت بوو.

واتەرس بە لاودەر ساوندی وت: (ئەو گیایەی لە تێکستی تراکەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، ڕووبەری نێوان ڕیڤەر کام و زانکۆی کینگ بوو لە کامبریج و شێتەکەش سید بارێت بوو.) وتیشى: (ئەو بە ئاشکرايی لە بیرمدا بوو.) ڕۆجەر کیس وتی: (سید بارێت یەکێک لە دامەزرێنەرانی پینک فلۆید بوو.) ھەرچەندە نەخۆشییەکەی ئاشکرانەبوو، بەڵام وا دیاربوو شیزۆفرینیای لەگەڵدا بێت. واتەرس بە بی-بی-سيی وت: (بە ھۆی کێشەی دروونییەوە لە ساڵی ١٩٦٨دا باندەکەی به‌ جێ ھێشتووه‌.)

 

  • باندی بیتڵس بە شێوەیەکی کتوپڕ لە تۆمارەکەدا دەر کەوت.

ئەلبوومی دیوە تاریکەکەی مانگ لە ستودیۆکانی ئابی ڕۆددا تۆمار کرا، واتەرس بیرۆکەی ئەوەی بۆ ھات دیمانەی کۆمەڵێک کەس بکات کە لە ستودیۆکەدا کاریان دەکرد. ھەموو بابەتێکی وەک (خۆشترین خواردن لە لایان چیيە،) هه‌تا باسى (مردن)ـى دەگرتەوە. لە کۆتایيدا تەنانەت پاول مەکارتنی دیمانە کرا، بەڵام واتەرس پێی وابوو وەڵامەکانی بێکەڵکبوون.

هەروەها وتیشی: (ئەو تاکەکەس بوو کە ڕۆڵبینینی بە پێویست زانی، ئەمەش بێ گومان بێکەڵکبوو.) ھەرچۆنێک بێت دوايين تراکی ئەلبوومەکە (مانگگیران) ڤێرژنێکی ئۆرکێسترالی (بلیت بۆ ڕۆیشتن)ـی کۆنسێرتی باندی بیتڵس لە کۆتاییەکەیدا پێشان دەدات.

 

  • دەرگاوانێکی ئابی ڕۆد تێبینییەکی گرنگی زیاد کرد.

جێری ئۆ-دریسکۆل، دەرگاوانی ئابی ڕۆد وتی: (ھیچ دیوێکی تاریکی مانگ نییە. ڕاستييه‌كه‌ى ھەمووی تاریکە. تاکە شت کە وای لێ دەکات ڕووناک دەر بکەوێت، خۆرە.) گیلمۆر بە لاودەر ساوندی وت: (شتی لەو جۆرە کاتێک دەیخەیتە نێو سیاقی خۆیەوە لە تۆمارەکەدا، لەناکاو مانایەکی بەھێزتر دێنێته‌ كايه‌وه‌.)

 

  • پێکەنینەکە لە سەرپەرشتیاری گەشتیاريی باندەکەوە بوو.

ئەو پێکەنینەی لە تراکەکانی (زیانی مێشک) و (قسەم لەگەڵ بکە)دا گوێمان لێى دەبێت، لە پیتەر واتس، سەرپەرشتیاری گەشتیاری و ئەندازياری دەنگیی باندی پینک فلۆیدەوه‌يه‌. واتس کە باوکی ئەستێرەی ناوبانگی ھۆڵیوود نایۆمی واتس بوو، دوو ساڵ دوای ئەوەی لە کارکردن لەگەڵ پینک فلۆیددا وەستاندى، لە ساڵی ١٩٧٦دا بە ھۆی بەکارھێنانی لەڕادەبەدەری ھێرۆيینەوە گیانی لە دەست دا و باندەکە دوای مردنی ئەو، پشتیوانيی دارایيی بە نایۆمی و بێنی برای پێشکەش کرد.

 

  • بۆ فیلمی جادووگەرەکەی ئۆز نەنووسرابوو.

یەکێک لە شێتانەترین تیۆريیەکان له‌بارەی دیوە تاریکەکەی مانگه‌وه‌ ئەوەیە کە دەوترێت (بۆ فیلمی جادووگەرەکەی ئۆز نووسراوه‌.) ئاشکرايه‌، ئه‌گه‌ر له‌ يه‌ك كاتدا گوێ لە ئەلبوومەکە بگریت و سه‌يری ئەم فیلمەی ساڵی ١٩٣٩ش بکەیت، مۆسیقاکە و دیمەنەکان بە تەواوەتی لەگەڵ یەکتريدا دەگونجێن.

بەڵام لە ساڵی ١٩٩٧دا مەیسن لە تیۆريی دیوە تاریکەکەی پەلکەزێڕینە ھەڵگەڕایەوە و بە ئێم-تی-ڤيی وت: (ئەمە بە تەواوەتی بێمانایە. ئەلبوومەکە ھیچ پێوەندیيەکی به‌ جادووگەرەکەی ئۆزه‌وه‌ نییە، ھەمووی لەسەر مۆسیقا بەنده‌.)

 

  • وێنە ناودارەکەی ئەلبوومەکە دەکرا وێنەی شەپۆلەوانێک بێت.

بەرگە دیارەکەی ئەلبوومی دیوە تاریکەکەی مانگ ھێڵکاريی ئاوێزەیەکە کە تیشکی سپی بۆ ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە دەگۆڕێت. لە لایەن گرافیک دیزاینەری ئینگلیز (جۆرج ھاردی)ـيه‌وه‌ درووست کراوە. بە یارمەتيی ستۆرم ثۆرگێرسن و ئاوبری پاوەی ھیپنۆسیس، کە تیمی یارمەتیدەری بەشێکی زۆری بەرگی ئەلبوومەکانی باندەکە بوون.

باندەکە بە گشتی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئاوێزەکە بۆ بەرگی ئەلبوومەکەیان هەڵبژێرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن ھیپنۆسیسه‌وه‌ بەرگێکی تەواو جیاواز پێشنیار کرابوو کە وێنەی خلیسکێنە زیویيەکەی مارڤێل بوو.

سۆرگێرسن بە ماڵپەڕی ڕۆلین ستۆنی ڕاگەیاند: (دیزاینە جێگرەوەکە کە بیرۆکەی باندەکە بوو، پیاوێک بوو لەسەر تەختەیەکی ئاوەخلیسکێن.) هەروەها وتیشی: (ڕاستیيەکەی من زیاتر ئارەزووم لە شەپۆلەکە بوو. حەزم لە شەپۆلێکی چین چین بوو، چونکە پێم وابوو نوێنەرایەتییەکی باشی پینک فلۆید و ھەوادارەکانییەتی.)

 

  • فرۆشی ئەلبوومەکە لە ڕووی داراییەوە بۆ مۆنتی پایثان و کاسە پیرۆزەکە یارمەتیدەر بوو.

سەرکەوتنە مەزنەکەی دیوە تاریکەکەی مانگ یارمەتیدەربوو بۆ ئەوەی ئاماژەیەکی کولتووريی بەریتانيانه‌تر بە سەرکەوتن بگات. ئەندامانی باندی پینک فلۆید زۆربەی کاتە بەتاڵەكانیان لە ماوەی تۆمارکردنەکانیاندا بە سه‌يرکردنی زنجیرەی (سێرکە باڵەفڕه‌كه‌ى مۆنتی پایثان) بەسەر دەبرد و لە سەدا ١٠ی بودجەی سەرەتایان بە یەکەم فیلمی درێژی مۆنتی پاثان بەخشی.

لە چاوپێکەوتنێکی ساڵى ٢٠٠٢دا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیەن، (کاسی پیرۆز،) دەرھێنەر تێری گیلیام وتی: (ئەوان بۆ پارە بوون بە ئەستێرەی ڕۆک… ئێڵتن جۆن، پینک فلۆید، لێد زێپلین و ھەموویان پارەیان ھەبوو، کارەکەی ئێمەیان دەزانی و ئێمەش دەرفەتێکی باش بووین هه‌تا باجەکانیان سپی بکەنەوە.)

 

  • لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە ھەموو شتێک بەرەو خراپی ڕۆیشت.

دوابەدوای سەرکەوتنە زۆر گەورەکەی ئەلبوومەکە دابەزین و بيهيواييى زۆریش له‌ باندەکەدا ھاتە ئاراوە، کە بەرەنگاربوونەوە و تێکشکانە گەورەکەی ئەو باندەش لە خۆ دەگرێت.

واتەرس بە لاودەر ساوندی وت: (دیوە تاریکەکەی مانگ دوايين پێکەوەکارکردنی باندەکە بوو کە ئامادەباشيی پێوە دیار بێت. لەدوای ئەوە ھەموو شتێک لەگەڵ باندەکەدا وەک دان-دەرکێشان وابوو. دە ساڵ لەگەڵ ناوەکەدا ماینەوە و بوێريی ئەوەمان نەبوو لێی جیا ببینەوە و واز بھێنین؛ دە ساڵ لە دۆزەخی خوێناويی ترس و نەفرین و تووڕەییدا. ئەمە ھەمووی زۆر ناخۆشبوو، ترسناک و ناخۆش.)

 

  • ئه‌گەر تۆ کۆپییەکت پێ نییە، کەسێک کە تۆ دەیناسی، پێیەتی.

دیوە تاریکەکەی مانگ بۆ ماوەیەک یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین ئەلبووم لە جیھاندا و ئیستاش سێیەم پڕفرۆشترین ئەلبوومە. تەنھا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە پانزدە ملیۆن پارچەی لێ فرۆشراوە. خەمڵێنراوە کە لە ھەرچوارده‌ ئەمه‌ریکايی، يه‌كێكيان کۆپییەکی ئەلبوومەکەی ھەیە. لە ٢٠١٣دا ئەلبوومەکە دیاری کرا هه‌تا لە فەرمانگەی تۆمارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە لایەن کتێبخانەی ئەنجوومەنەوه‌ پارێزگاريی لێ بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەلبوومەکە لە ڕووی کولتووری، مێژوویی و جوانیناسييه‌وه‌ بە گرنگ و به‌بایەخ لە قەڵەم دراوە.

Leave a comment