[له‌باره‌ى دیوارەکە، سۆشیالیزم و چەمکی داهاتووی ئەلبوومەکە‌ ]

چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆجەر واتێرز

وەرگێڕانە کوردییەکە پێشکێشە بە ڕۆحی ترۆتسکی، ئەو مرۆڤەی دەیویست بە هەموان بڵێت: (سیاسەت، هونەر و شۆڕش سێیينەیەکی لێکدانەبڕاون.)

لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆرش

 

دیمانەساز: چۆنیت ڕۆجێر؟ ئایا هەواڵەکانی سەبارەت بە جۆو بایدنت بینیوە؟ ئەو ڕایگەیاند کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید ناکات[1].

ڕۆجەر واتێرز: لە هیچ وشەیەکی تۆ تێناگەم. هیچ مانایەک نابەخشن.

دیمانەساز: تەنها ئەوەم وت کە جۆو بایدن خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید ناکات.

ڕۆجەر واتێرز: ئممم…

دیمانەساز: زۆر باشە. کە واتە با له‌باره‌ى دیوارەکەوه‌[2] قسە بکەین.- تۆ پێت وایە هۆکار چییە کە ئەم ئەلبوومەی ئێوە لە ماوەی سیوپێنج ساڵی ڕابوردوودا لەگەڵ زۆربەی خەڵکیدا پێوەنديی هەبووە؟

ڕۆجەر واتێرز: لەدوای مردنی بزاڤه‌ ناڕازييه‌كان، کە بە ڕاستی لەنێو گەنجانی سەرەتای ساڵانى شەست بۆ سەرەتای ساڵانى حەفتاى سەدەی ڕابوردوودا زۆر بەهێز و پتەو بوو -هەرچەندە ئەم بزاڤه‌ لە شۆڕشی سلیکۆن-ڤاڵیدا بەرەو نەمان یاخۆ جۆرێک لە پەرشوبڵاوی دەچێت- پێم وایە خەڵکی ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە سیاسی و فەلسەفییە بەرفراوانەکان، بۆیە دیوارەکە ڕێگەی بە ئێمە دا کە سەرنجی خۆمان لەباره‌ى پرسیارە بنچینەییەکانه‌وه‌ بخەینە گەڕ، پرسیارەيلێک له‌باره‌ى: ئایا ئێمە قبووڵمانه‌ لە کۆمەڵگه‌یەکدا بژین کە زۆر زۆر لە کۆمەڵگه‌ی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی پێش په‌ره‌سترۆيکاوه‌[3] نزیکە؟ مەبەستم ئەوەیە کە من ناگەڕێمەوە بۆ ساڵانى سیى سەدەی ڕابوردوو، چونکە ئه‌گەر وا بکەم دەکەومە کێشەیەکی گەورەوە، بەڵام پێم وایە خەڵکی هێشتا لە سەرەتادان و وەک مرۆڤێک کە لە خەودا بێت هاوكات ڕێ بکات، بەرەو ئیمپراتۆریێتيی سەرمایەداری هەنگاو دەنێن، بۆ ئەوەی بزانن یاسا ڕزێنراوە، سوپا دەستی بەسەر بازرگانیدا گرتووە، کۆمەڵێک دەزگا کۆنتڕۆڵی حوکوومەتیان کردووە و هەروەها چیدی ئێمەی مرۆڤ هیچ دەنگێکمان نییە. تا ڕادەیەک دیوارەکە ئەم پرسیارە دەکات: دەتەوێت خاوەن دەنگی خۆت بیت؟ ئه‌گەر وەڵامەکەت (بەڵێ)یە، ئەوا پێویستە بچیتە دەرەوە و بە دەستی بهێنیت، لەبەر ئەوەی ئەمە به‌ ئاماده‌كراوى ناخرێتە بەردەستت.

دیمانەساز: ئایا چۆن مانای ئەلبوومەکە بۆ تۆ لەکاتی نووسینییەوە گۆڕانکاريی بەسەردا هاتووە؟

ڕۆجەر واتێرز: (هەناسەیەک هەڵدەکێشێت.) زۆر جار وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. لە سەرەتادا گێڕانەوەیەکی تایبەتيی کەسێک بوو لە ساڵانى بیستى تەمەنیدا کە بە تەواوەتی نەیدەتوانی مانایەک له‌باره‌ى ئه‌وه‌وه‌ لە ژیانیدا دەگوزەرا، درووست بکات و بۆچی هەستی بەو هەموو دوورەپەرێزییە بەرانبەر بەوانی دی دەکرد؟ بۆیە ئەمە گوزارشتی لێ کرا، چونکە من وەک مۆسیقارێکی سەرکەوتوو ئەزموونی ئەوەم کردبوو، کە لەسەر سەکۆی شانۆ بەرانبەر بە خەڵكی ڕاوەستاوم و ئەوەم بۆ دەر دەکەوێت کە ناپێوەستییەکی گەورە لە نێوان (من چۆن هەست دەکەم) و (ئەوانى تر چۆن هەست دەکەن)ـدا هەیە. هەر ئەمەش بووە هۆی درووستبوونی دیوارەکە. هەستکردن بە پچڕانی پێوەندییەکانم لەگەڵ ئەوانی دیكه‌دا هۆکار بوو بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەمەوه‌ دیوارێکی ڕاستەقینە لە بەردەم ستەیجەکەدا درووست بکەم، هه‌تا دەری ببڕم کە چەندە هەست بە نامۆبوون دەکەم.

ئێستاش کاتی ئەوەیه‌ بەرانبەر بە هەوادارەکانمان هەست بە نامۆبوون نەکەم. پێوەنديی من لەگەڵ ئەواندا و گەشتی دیوارەکە بە سه‌ر‌تاسه‌رى جیهان لە چەند ساڵی ڕابوردوودا زۆر بەهێز و نزیک بووە و وەک خەڵاتێک بووە بۆ من، بۆیە دیوارەکە بووه‌ته‌ ئەزموونێکی هاوبەشی ئەو بارودۆخە سیاسییەی کە لە ئێستادا تێیدا دەژیين.

 

دیمانەساز: ئێوە ٢٢٠ جار نمایشتان کردووە. ئایا هەرگیز بیرتان لەوە کردبووەوە کە ئەم ڕێژە زۆرە لە نمایش پێشکێش بکەن؟

ڕۆجەر واتێرز: هیچ بیرۆکەیەکمان سەبارەت بەوەی کە چەند نمایش پێشکێش دەکەین، نەبوو. لە سەرەتادا بەرپرسیاريێتییەکی گەورەبوو کە نمایشێكی درەوشاوە پێشکێش بکەین، بەڵام دواتر وەڵامی خەڵكی زۆر باش و مەزن بوو و لە ئەنجامدا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە نمایش بەردەوام بووین.

دیمانەساز: ئایا دەتەوێت لە داهاتوودا نمایشی زیاتری دیوارەکە پێشکێش بکەیت؟ یاخۆ کۆتاییيت بە نمایش ‌هێناوە؟

ڕۆجەر واتێرز: ئه‌گەر ئیسرائیل هه‌نگاو بەرەو دیموکراسییەکی ڕاستەقینە و یەکسان هه‌ڵبێنێت، بە بێ ژەهراویکردنی کۆمەڵگە بە بیری ڕەگەزپەرستی، ئەوا دەڕۆم بۆ ئەوێ و دووبارە نمایشی دیوارەکە دەکەم. پارچە پێویستەکانی ستەیجەکەم لە کۆگایەکدا هەڵگرتووە و ئەو پارچانەشی کە نەماون، دووبارە درووستيان دەکەمەوە.

دیمانەساز: ئەلبوومی داهاتووت له‌باره‌ى چييه‌وه‌ دەبێت؟

ڕۆجەر واتێرز: ئەمە پرسیارێکی زۆر زۆر باشە. هەموو کەلوپەلە میوزیکییەکانم ئامادە کردووە، لە ژوورێکدام، لەگەڵ گیتارێک، دەنگتۆمارکه‌رێك، پاندان و دەفتەرێکی تێبینیدا. كه‌لوپه‌له‌كانى چواردەورم ڕادەماڵم و بە هەڕەمەکی وێنەی شتەکان دەکێشم. ئەمە هەوڵێکە بۆ خولقاندنی شێوەیەک، سکێچی فیلمکارتۆنێکە سەبارەت بەوەی ئەم وێنەیە لە کۆتاییدا چی دەر دەچێت. بنچینەييترین پرسیاری ئەم ئەلبوومە ئەوەیە: ئێوە بۆچی منداڵ دەکوژن؟

دیمانەساز: با له‌باره‌ى دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌ قسە بکەین.- ئایا دەترسیت لەوەی ڕێژەیەکی زۆری دەنگەکان بە دەست بهێنێت؟

ڕۆجەر واتێرز: بەڵێ، هەر بە ڕاستی زۆر ترسناکە و کاتێکيش تەماشای کاندیدەکانی تری کۆمارییەکان دەکەیت، بە ڕاستی ناتوانیت لێیان نەترسیت. بە ڕاستی زۆر پێوەستن بە ئایدیای کوشتنی هەموو کەسێکی ئەم جیهانەوه‌. دەزانم کە ئەم قسەیەی دەیکەم لەوانەیە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆرم بکاتەوە، ڕەفتاری هەرهەموویان زۆر فاشیستانەیە و قورسە گوێيان لێ بگريت. تره‌مپ کەسێکی قێزەونە. پێی وایە کەسێکی زیرەکە، بەڵام هەرگیز وانەبووە. ئەو هیچ ئێسکێکی زیرەکی لە لاشەیدا نییە.

دیمانەساز: پێم وایە چەمکی سۆشیالیزم بۆ زۆربەی خەڵکی چەمکێکی نامۆیە!

ڕۆجەر واتێرز: سۆشیالیزم شتێکی باشە. چ کێشەیەک لەگەڵ سۆشیالیزمدا هەیە؟ بەیانیان پاسەکانی قوتابخانە منداڵان لە بەردەم ماڵەکەیاندا هەڵدەگرن، خێزانەکان دەڵێن دەمانەوێت منداڵاکانمان سەلامەت بن و بە گەڕەکی ترسناکدا نەڕۆن، پاسەکانیش دوای تەواوبوونی قوتابخانە دەیانهێننەوە بۆ ماڵەوە. ئه‌گەر ئەمە سۆشیالیزم نەبێت ئەی چییە؟

ئەگەر کەرتی تەندرووستی بکرێت بە سیستەمێکی سۆشیالیستی، ئەوا ئەو کاتە بە فەرمی دەتوانیت خۆت بە وڵاتێکی سۆشیالیستی بزانیت. کاتێک کە تۆ زۆر زۆر دەوڵەمەنديت، دەتوانیت سیستەمێکی تەندرووستيی زۆر باش بۆ خۆت دەستەبەر بکەیت و خەرجيی سیستەمی تەندرووستییەکەی تۆ دوو جار لە هەموو شوێنێکی تری ئەم جیهانە زیاترە. دەزانیت بۆچى؟

دیمانەساز: بۆچى؟

ڕۆجەر واتێرز: لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری پارەکە دەچێت بۆ کۆمپانیا نەفرەتییەکانی بواری بیمە. کەرتی تەندرووستی دەبێت بۆ هەموو کەسێک بە یەکسانی دابین بکرێت.

دیمانەساز: بێ گومان دەبێت وابێت. ڕۆجێر! سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.

ڕۆجەر واتێرز: ئایا دەزانیت تۆ چیيت پێویستە؟

دیمانەساز: چی؟

ڕۆجەر واتێرز: سۆشیالیزم.

[1] مەبەست لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکایە (٢٠١٦).

[2] مەبەست لە ئەلبوومێکی پینک فڵۆیدە بە ناوی (دیوارەکە)وه‌.

[3] بزاڤێكى سیاسيی ڕیفۆرمخوازى نێو پارتيی کۆمۆنیستی یەکيێتيی سۆڤییەت بوو بە ڕێبەرایەتيی میخائیل گۆرباچۆڤ.

Leave a comment