[کێشە دەروونییەکان و ناوبانگی پینک فڵۆید ]

ڕاستیییە تاڵەکان و بەربەرەکانێی دوژمنانە لەپشت نموونەيیترین باندی ڕۆکەوە

نووسینی مایکڵ گیلمۆر

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر

 

ڕۆجەر واتێرس، دەیڤد گیڵمۆر، نیک مەیسن و ڕیک ڕایت، ئەو چوار میوزیکژەنەن كه‌ لەدوای ڕۆيشتنی سید بارێته‌وه‌ لە ساڵی 1968دا بەردەوامیيان بە پینک فلۆید داوە و پێشیان خستووە. بەڵام له‌ 1981 بەدواوە هیچ هۆکارێک نەمابوو بۆ ئەوەی ئەم پیاوانە دووبارە یەک بگرنەوە، بۆیە لەو کاتەوە پێکەوە لەسەر ستەیج نەبینراون، تا ئەو ڕادەیەی ڕوودانی ئەوە شتێکی زۆر مەحاڵ بوو. واتێرز و گیلمۆر بۆ ماوەى چارەکەسەدەیەک بە ئاشکرا سووکایەتییان بە یەکتری دەکرد و هەریەکێکیان پێی وابوو ئەوی تریان بەرهەم و کارەکانی ڕيسوا دەکات و کۆسپ دەخاتە بەردەم داهاتووی. دوای ئەوەی واتێرز لە 1984دا دەستی بە کاری سەربەخۆ کرد، بەڵام هەر بەردەوام بوو لە بێڕێزيکردن بە ئەندامانی پێشووی باندەکە. دەیگوت: (گیتارژەن و گۆرانیبێژ گیلمۆر خاوەنی هیچ بیرۆکەیەکی خۆی نییە) و (مەیسنی درامسژەنیش ناتوانێت بە باشی كار به‌ ئامێرەکەی بكات.) ئەمە جگە لەوەی پێشتر ڕایتی ژەنیاری کیبۆردیشی لە باندەکە کردبووە دەرەوە. پاش ماوەیەک، دوای ئەوەی گیلمۆر باندەکەی لەگەڵ خۆیدا بۆ گەشتێکی هونەری برد، لەوێ هەقی خۆی لە واتێرس کردەوە. ئەو باڵۆنە بەرازە گەورەیەی کە پێشتر ڕەمزی کارەکانی واتێرز بووى هێنا و جووته‌گونێكى پێوە بەست، کە دواتر وەک توانجی گیلمۆر بەرانبەر بە بەیسیست (گیتارژەنی ئەلیکترۆنی)ـى پێشووی باندەکە لێکدانەوەی بۆ کرا. واتێرز لە وەڵامی ئەو کارەدا وتی: (دەڵێن گونیان لە بەرازەکەم بەستووە. بە نەفرەت بن!)

ئەم ناکۆکییە بێمانا و دوورودرێژە بووە هۆی سەختترین و ناشرینترین جیابوونەوە لە مێژووی Rock & Rollدا و بە دڵنیاییەوە چارەسەرکردنی مەحاڵ بوو. لەکۆتایيدا لە شەوێکی پڕجۆشی سەرەتای مانگی تەمووزی 2005دا هەرچواریان لە پارکی هیدی لەندەن بۆ کۆنسێرتی مێژووی لەندەنی 8 وەک پینک فلۆید یەکیان گرتەوە. ئەوەی وای کردبوو ئەو ڕوووداوە هێندە هەستبزوێن بێت، ئەوەبوو كه‌ مه‌رج نه‌بوو یەکگرتنەکەیان به‌ ئاسانى بووبێته‌ هۆى له‌بيركردنى هەموو تووڕەبوون و ئازارەکانی ڕابوردوویان، بەڵکوو سەرەڕای ناکۆکییەکانیان موزیکیان دەژەند و گۆرانیيان دەوت؛ بەشێکی لەبەر پاراستنی ئەو باوەڕە بوو کە ڕۆژێ لە ڕۆژان پێکەوە تێیدا هاوبەش بوون، ئەویش هەوڵدان بوو بۆ قەناعەتپێکردنی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان تا لە قەرزی وڵاتە هەژارەکان خۆش ببن.

بەڵام هۆکارێکی تر بۆ کۆبوونەوەی ئەو شەوەیان پێکەوە هەبوو، کە دواتر بوو بە بەشێک لە مێژووی باندەکە. قەرزێکیان لەسەر بوو، هەرگیز نەیاندەتوانی بیدەنەوە، بەڵام دەشبوایە بگەڕێنرایەتەوە. سید بارێت، ئەو پیاوەی بۆ چەندان دەیە ون و تەنهابوو، لە سەرەتاکانی دەرکەوتنیدا دڵی پینک فلۆید بوو، هەر ئەو بوو گۆرانییەکانی فلۆیدی  نووسى، و ستایلێکی دیاریکراوی پێ بەخشین و کردنی بە هێزێکی دیار لە سیمای میوزيکی بەریتانیدا. بەڵام لە ساڵی 1968دا دوای ئەوەی بە دەست چەند کێشەیەکی دەروونییەوە دەیناڵاند، واتێرز و مەیسن و ڕایت فڕێیان دایە دەرەوەی باندەکە. پاش ئەو ڕووداوە هیچکەس لە ئەندامانی باندەکە نەیانبینیيەوە، تا لە ئێوارەیەکی چاوەڕواننەکراوی 1975دا دەر کەوت و هەموویانی بە شۆک و چاوی پڕ گریانەوە به‌ جێ هێشت. سەرەڕای ئەوەش بە درێژاييی ئەو هەموو ساڵانە بارێت بەردەوام پێناسەی پینک فلۆید بووە، چونکە دوای ڕۆيشتنیشی، باندەکە لەسەر ئەو ستايله‌ى ئەو بۆی بە جێ هێشتبوون، بەردەوام بوون و هەروه‌ها لەبارەی ئەو تاریکاييه‌وه‌ى بەردەمی بارێتی گرتبوو، دەياننووسی. ئەوان بە شتێک قەرزداری بارێت بوون، ڕاستييه‌كه‌ى بە جۆرێک لە جۆرەکان، به‌ هەموو شتێکی. ئەگەر ئەو شەوە لەو کۆنسێرتەدا و لە بەردەم هەموو جیهاندا شکستیان بهێنایە لەوەی شەرەفمەندی پێ ببەخشن، ئیتر نەیاندەتوانی دووبارە هەوڵێکی واتاداری تر بدەنەوە. خۆیان ئەو ڕاستییەیان باش دەزانی ئەگەر بارێت نەبوایە، پینک فلۆید نەدەگەيشت بەو شەوە و هەستیان بەوەش کردبوو لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا مەرگ بارێتیش پەلکێش بکات، ئەو پیاوەی کە ناوی  باندەکە و ئامانجە ڕەسەنەکه‌شی پێ بەخشیبوون.

چیرۆکەکانی پینک فلۆید چیرۆکگەلێکن کە نزیکەی چوار دەیەیە لەگەڵ باندەکەدا گەورە بوون و ماونەتەوە و لە ناویش چوون. بەڵێ چیرۆکەيلی وەک نەخۆشيی دەروونی، گۆشەگیری، دوورەپەرێزی، لەخۆباییبوون و خۆبەگرنگزانین… ڕاستييه‌كه‌ى لە مێژووی  میوزیکدا هیچ باندێک هاوشێوەی ئەم بانده‌ نه‌بووه‌. هەر لەو کاتەوەى (لە ساڵانی 1960 به‌دواوه‌) لە لەندەن دەستیان بە درووستکردن و پێشخستنی کولتووری پۆپ کرد، هەتا دوايين دەرکەوتنە سەرسووڕێنەرەکەیان لە کۆنسێرتی 8ـی لەندەندا، هەمیشە لە کات و سەردەمی خۆیاندا هەڵگری پەیامێکی مانادار بوون. ئەلبوومیThe Dark Side of The Moon  ئەو ئەلبوومە بوو کە  لە 1973دا بە تەواوی ڕووخساری باندەکەی گۆڕی و توانی ببێتە هێزێکی کاریگەر لەسەر گومان و ترسی نەوەیەک کە بە شکستی هێزە میوزیکە نموونەییەکانی ساڵانی 1960 ڕاهاتبوون. کارەکانیان کاریگەرییەکی وەهای هەبوو کە پینک فلۆیدی کردە یەکێک لە گەورەترین و خۆشەویستترین باندەکانی Rock & Roll. حەوت ساڵ دواتر، چیرۆک و نائومێديی ئەلبوومی The Wall هێندەی تر فلۆیدی گەورە کرد، بەڵام چیرۆکەکە چیرۆکی تاڵی ئەستێرەیەکی تەنهای نائومێدی ڕۆک بوو کە نەیدەتوانی بەرگەی جیهانی دەوروبەری بگرێت. دواتریش چیرۆکی ئەو ئەلبوومە زۆر بەئازارتر بوو لەوەی کە سەرەتا هەستی پێ دەکرا، چونکە ڕەنگدانەوەی ژیانی نووسه‌رەکەى بوو، ڕۆجەر واتێرز بوو کە تا دەهات بەرگەی باندەکەی خۆيی نەدەگرت. لە ساڵی 1987دا واتێرز بە گۆڤاری ڕۆڵین ستۆنی ڕاگەیاند: (ئەگەر بڕيار بێت یەکێک لە ئێمە بە پینک فلۆید بانگ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە منم.) هەرچەندە ئەندامانی تری باندەکه‌ش خاوەنی بیرۆکەی خۆیان بوون.

سەرەڕای سەرکەوتنەکانیان و برینەکانیان، ئەندامانی ئەم باندە نەیاندەتوانی لە هەندێک ڕاستی هەڵبێن، نەک تەنها لەبەر کینەیان بەرانبەر بە یەکتری، بەڵکوو لەبەر ئەو ڕاستییەی بە بێ ئەو گرووپەی ڕۆژێ لە ڕۆژان پێکەوە درووستیان کردووە، موزیکەکەیان هەرگیز هیچ بایەخێکی نەدەبوو. زۆربەیان لە کامبریدج لە دایک بووبوون، یاخۆ گەورە بووبوون، لە زانکۆیەکی ئاستبەرزدا دەیانخوێند کە لەسەر هێڵێکی پێشکەوتوو دەڕۆيشت و دەیویست کار بۆ درووستکردنی کەسایەتيی هونەری بکات، بەڵام ئەو شتەی واتێرز، بارێت، مەیسن و ڕایتی بەیەکەوە کۆ کردەوە، سۆزی پڕتینیان بوو بۆ هێنانەديی ئەو هیوایەی ببنە یەکێک لە دەنگە سەرکەوتووەکانی Blues, B&R ,Rock & Roll. هاوشێوەی میوزیکژەنە بەناوبانگە بەریتانییەکانی تری وەک جۆن لینۆن، کەیز ڕیچارد، ئیرک کلاپتۆن و جیمی پەیج. پینک فلۆید ڕۆحی بەکارهێنانی ئەو زانیاریيانەیان تێدا بوو کە لە خوێندنگەی هونەری فێرى بووبوون و دەیانویست لە فۆڕمی بەکارنەهاتووی Rock & Rollدا جێبەجێی بکەن. بە جۆرێک ئەنجامەکەی گۆڕانکاريیەک بێت لەو کولتوورەی دەوره‌ی دابوون.

لە 1962دا واتێرز بۆ وەرگرتنی کۆرسێکی ئەندازیاری لە شەقامی ڕیجێنتی پۆليتەکنیکيی لەندەن، کامبریدجی به‌ جێ هێشت و لەوێ چاوی بە مەیسنی هاوڕێی کەوت. ئەو کاتە خۆی گیتارژەن بوو. ڕاستیيه‌كه‌ى هەندێ جار ئەگەر نەیوستایە بخوێنێت، لە پۆلیشدا گیتاری دەژەند. لە ساڵی 1963دا لەگەڵ مەیسندا چوونە نێو گرووپێکەوە بە ناوی سیگما6، هەر لەوێ چاویان بە ژەنیاری کیبۆرد (ڕایت) کەوت کە ئارەزووی لە جاز و موزیکی کلاسیکی بوو. ڕایت و مەیسن هێشتا گرنگیيان بە داهاتوویان وەک ئەندازیارێک دەدا، بەڵام واتێرز وانەبوو، وانەکانی پشتگوێ دەخست. لە ساڵی 1970دا بە ڕۆژنامەنووس، کارۆلینی وت: (دەمتوانی ببمە ئەندازیار، بەڵام پێم وانییە دڵخۆش بوومایە، ڕقم لەوەیە بە کارێکەوە ببەسترێمەوە.)

بارێت گەنجێکی گیتارژەن و خوێندکاری هونەری بوو، لە ئەیلوولی 1960دا ڕووی کردە لەندەن بۆ خوێندنی نیگارکێشان. واتێرز و بارێت پێشتر لە کامبریدج یەکتریان ناسیبوو، ئەو کاتەی بارێتی کاریزمائاسا بەشێک بووە لە دامەزراوەی بۆهیمیا و فەلسەفەی وجوودیەتيی فەڕەنسی و بزاڤى ئەدەبیی بیتەکانی ساڵانی 1950ى خوێندووە. هەر لەوێش وانەی گیتاری لەگەڵ دەیڤد گیلمۆری هاوڕێیدا دەخوێند. بارێت ئارەزووی لە فۆڕمی خێرای موزیکی بیتڵسەکان و پۆپی ئاستبەرزی بلووەکانی ڕۆلێن ستۆن بوو، کە ئەویش چەند تۆنێکی نائاسایيی گیتار و تەکنیکی سڵاید گیتاری پێ درابوو. کاتێک Rock & Rollی دەژەند، زیاتر ئارەزووی لە دۆزینەوەی فۆڕمێکی سەرپێیی نەرمتر دەکرد. بارێت و ڕایت لە لەندەن یەکیان گرت، دواتر (سیگما 6) بووە گرووپێکی گەورە و بەڵام پاش ماوەیەک کەم بوونەوە. لە کانوونی یەکەمی 1965دا بوونە گرووپێکی چوار کەسی: واتێرز باسی لێ دەدا، ڕایت کیبۆردی دەژەند، مەیسنیش تەپڵی لێ دەدا و بارێتیش گیتاری سەرەکيی دەژەند، لە هەمان کاتیشدا گۆرانیبێژی سەرەکیيش بوو.

سید بارێت ناوێکی نوێی بۆ گرووپەکە هەڵبژارد. ناوی پینک فلۆید لە ناوى يه‌كه‌مى دوو ژەنیاری لەبیرکراوی بلووەکانه‌وە وەرگیراوە، بە ناوەکانی پینک ئەندرسۆن و فلۆید کۆنسیڵەوە (هەروەها ناوی پشیلەکانیشی بوو.) بە گوێرەی باری میڵزی نووسەر کە هەمیشە گەواهیدەری پێشکەوتنەکانی باندەکە بووە، ڕایت وتوویەتی: (شتێکی مەزن بوو کاتێک سید هاتە ناوەوە، پێش ئەو ئێمە تەنها R&Bـى کلاسیکمان دەژەند، چونکە ئەوە تاکە شت بوو كه‌ گرووپەکە وای دانابوو ئیشی لەسەر بکات. دواتر لەگەڵ سیددا ئاڕاستەکە گۆڕا؛ کارەکان زیاتر پشتی بە گیتار و کیبۆرد دەبەست. ڕۆجەر دەستی بە ژەندنى باس وەک ئامێریکی سەرەکی کرد و منیش دەستم بە زیاتر پێشخستنی توانه‌ کلاسییکییەکانم کرد.)

یەکەمين قۆناغی چیرۆکی پینک فلۆید زۆر بە خێرايی بەرەو باش و خراپ دەستی پێ کرد. بەشە باشەکەی خواستی هاوبەشی باندەکە و گەشەکردنی خێرای بزاڤى ڕووناكبيريى گەنجان بوو لە لەندەن. تاقیکردنەوە و بوێری لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی نوێدا لە مەیدانی پێشبڕکێی کۆمەڵایەتیدا تا دەهات زیاتر دەبوو، بە جۆرێک نەک هەر بووبووە کولتوورێکی باوی بەریتانيايی، بەڵکوو بووبووە شتێکی ڕۆژانە. لە لەندەن ساڵانی 1965 هەتا ساڵی 1968 تۆڕێک لە بزاڤ درووست بوو بە ناوی (ژێرزەوینی لەندەن.) جا بە ویستی خۆیان بووبێت یان نا، پینک فلۆید لە هەموو کەسێ زیاتر (بۆ نموونە لە بیتڵسەکانیش زیاتر) بووه‌ دەنگ و باندی سەرەکيی ئەو بزاڤه‌. لەبەر ئەوەی زۆر جار شەوئاهەنگیان ساز دەکرد، بە جۆرێک بوونە (بەربڵاوترین باندی لەندەن.) لەنێو جەماوەردا پەرەیان بە میوزیکەکەیان دەدا. شەو لەدوای شەو ئاهەنگیان ساز دەکرد. لەنێو جەماوەرەکانیشیاندا کەسانێک هەبوون کە ماریجوانا، حەشیش و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانى تريان بە کار دەهێنا. جگە لەمان چەندان گرووپی بەناوبانگی ديكه‌ش لە مەیدانەکه‌دا هەبوون، وەک سۆفت مەشین، ئارسەر براون، پڕۆکۆڵ هەرێم، تومۆرۆ و گرووپی جازی ئەی ئێم ئێم، بەڵام گرووپی پینک فلۆید بە دوو تایبەتمەنديی جیاواز خۆیان لەوانی تر جیا دەکردەوە: بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ڕووناکی و تیشکی ئاڵۆز لەکاتی نمایشدا هەموو باندەکەی دەده‌پۆشی و بە جۆرێك ئاوێتەی جەماوەر دەبوون، هەروەها بەکارهێنانی ستایلی ئەبستراکتی بێلێکدانەوە لە گۆرانییەکانیاندا، بە جۆرێک خولەکێک بێ فۆرم و یاخی دەر دەکەوت و خولەکی دواتریش بە فۆرمێکی ڕێکخراو و شادەوە. هونەرمەند دوگی فیڵدس کە هاوڕێی نزیکی بارێت بوو، وتوویەتی: (لەپڕدا و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ژمارەیەکی زۆرى جەماوەریان پەیدا کرد، تەنانەت لە گرووپی ڕۆلین ستۆن کەمتریان پێ چوو.)

لە کۆتایيی ساڵی 1966دا پینک فلۆید ڕێکەوتننامەیەکی بەهێزی لەگەڵ کۆمپانیای EMIدا بە بڕی 5000 پاوەندی بەریتانی مۆر کرد و بووە هۆی دەستەبەرکردنی کاتێکی بێسنوور بۆ تۆمارکردنی یەکەم ئەلبوومیان لە ئاستی ستوديۆی ئابی ڕۆود. لە سەرەتای 1967دا لە تۆمارکردن تەواو بوون، کە هاوکات بوو لەگەڵ سه‌روه‌ختى خه‌ريكبوونى بیتڵسەکان به‌ تۆمارکردنیSgt.Pepper’sLonely Hearts Club Band ـه‌وه‌.  EMI گرووپەکەیان ناردە لای نۆرمان سمیز کە ئەندازیاری دەنگی بیتڵسەکان بوو. سمیز زۆر لەگەڵیاندا نەدەگونجا، چونکە گوایە حەزی لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە نەبووە کە گرووپەکە لە گۆرانییەکانیAstronomy Domine  و Interstellar Overdrive بە کاریان هێناوە. لە ساڵانی دواتردا بە شیوەیەکی بێڕێزانە و ناپێویست سووکایەتيی بە گرووپەکە کرد، بەوەی وتبووی: (شتێکی ئه‌ستەمە بەوە بڵێم موزیک.)

سەرەڕای ئەوەش، ئەو بەرهەمانەی لەو تۆمارانەوە لە دایک بوون، سەرنجڕاکێش و نەمر بوون. لەگەڵ یەکەمين دەرکەوتنی پینک فلۆیددا بە ئەلبوومیThe Piper at The Gates of Dawn، باندەکە وەک ڕووخسارێکی ڕۆکی بەریتانی بێهاوتا و توانا دەر کەوتن، هەر لەبەر ئەوەیە بارێت بە ئاشکرا وەک ناوەندی خەیاڵفراوانی گرووپەکە دێته‌ هه‌ژمار. ئەو بە یاریکردن بە وشە، چیرۆکی لویز کارۆڵی قەرزار کرد. بە گۆرانییەک لەبارەی فەنتازیا و منداڵی و ترسەوە، هەروەها دەقی چینيی ئای چینگیشی لەگەڵ میلۆدییەکی سەرنجڕاکیش و دەگمەندا گونجاند. بارێت هۆکاری ئەوەیە کە ئێستا پینک فلۆید ناسراوترین و خۆشەویستترین باندە لە بەریتانیاندا. سید بارێت شەیدای ئەوەبوو ببێتە بەشێک لەو سەرکێشییە ڕووناكبیریيانەی لە چواردەوریاندا بوو. جێنی فابیان یەکێکە لە باشترین ئەو نووسەرانەی لەبارەی ڕووداوەکانی لەندەنەوە شتی نووسیوە. لە کتێبەکەیدا بە ناوی Inside Out بە مەیسنی وتبوو لە بەشی تایبەت بە مێژووی پینک فلۆیددا (ئەو فلۆیدەی کە یەکەمین دەنگی ڕاستەقینەی هۆشیارییە، دەڵێت وەک بوونەوەری نامۆ دەچنە سەر شانۆ و موزیکە هۆشبەرەکەیان دەژەنن. هەمان ئەو ڕەنگانەی ئەو کاتە بەسەر ئەوانەوە دەدرەوشانەوە، ئێستا بەسەر ئێمەشدا دەدرەوشێنەوە. کاتێک دەچوویتە نمایشێکیانەوە وەک ئەوە وابوو مێشک، جەستە و ڕۆحت دەستيان بەسەردا گیرابێت.)

مەسەلەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبه‌ر کاریگەرییەکی زۆر بەئازاری لەسەر باندەکە هەبوو. لە سەرەتای بەهێزی و لووتکەی پینک فلۆیددا لەگەڵ تەواوکردنی ئەلبوومێکی ناوازە و بڵاوکردنەوەی بۆ هاوینی 1967، بارودۆخی سید بارێت بە تەواوی تێک چوو. دەستپێکێکی ناخۆش و کتوپڕ بوو. هەر کە دووەم سینگڵی گرووپەکە بە ناوی See Emily Play  چووە لیستی دە گۆرانيی يه‌كه‌مه‌وه‌، لە تەمووزی هەمان ساڵدا باندەکە بۆ سێ نمایشی یەک لەدوای یەک بۆ پڕۆگرامێکی هەفتانەی بەریتانی بۆ یەکەمەکانی پۆپ بانگهێشت کرا. لەگەڵ تێپەڕينی هەفتەکاندا، بارێت لاوازتر و شڵەژاوتر دەر دەکەوت تا گەيشتە ئەوەی لە بەرنامەی سێیەمدا بە شپرزە و تووڕەییەوە هاتە دەرەوە. ئەوە دەستپێکی کێشەکان بوو. لە سەرەتای ئابدا هەر کە ئەلبوومیThe piper at The Gates of Dawn  بڵاو بووەوە، بەڕێوبەرانی پینک فلۆید پیتەر جێنەر و ئەندریۆ کینگ بە هۆی بارودۆخی ناجێگیر و شەکه‌تيی سید بارێتەوە گەشتی هونەريی ئینگلیزيی پینک فلۆیدیان هەڵوەشاندەوە و لەگەڵ دوکتۆرێکی دەروونیدا ڕەوانەی دوورگەیەکی ئیسپانیايان کرد، تا پشوو وەربگرێت، بەڵام لە ماوەی مانەوەيدا لەوێ، بارێت چەند شەوێکی بە خەوتن لە گۆڕستاندا بەسەر برد. لەگەڵ هاتنی کانوونی یەکەم و دەستپێکردنی گەشتی هونەری بە ئەمه‌ریکا و بەریتانیادا لەگەڵ ئەزموونەکانی جیمی هێندریکس، دۆخی بارێت خراپتر بوو. لە زۆر نمایشدا لەسەر ستەیج دەوەستا و لە بەردەم جەماوەرەکەیدا بەردەوام تەماشای شوێنێکی نادیاری دەکرد، بە بێ ئەوەی دەست بۆ گیتارەکەی ببات. چەند ساڵێک دواتر مەیسن بە باری میڵزی وت کە لە ساڵانی سەرەتای پینک فلۆیددا (هەوڵ دەدەیت بچیتە نێو باندەکەوە، کاتێک شتەکان سەر ناگرن و باش ناڕۆن، تۆش بە ڕاستی نازانیت هۆکارەکەی چییە و ناشتوانێت باوەڕ بەوە بهێنێت کە کەسێک بە ئەنقەست دەیەوێت هەموو شتێک تێک بدات. لە لایەکی تریشەوە بە خۆت دەڵێيت: (ئەم پیاوە شێتە. هەوڵ دەدات من لە ناو ببات.)

بە درێژاييی ئەو چەند ساڵە قسەوباسی زۆر لەبارەی ئەو هۆکارانەوە کراوه‌ کە وای لە بارێت کرد لە ماوەیەکی کورتدا باردۆخی ئاوا بەو شێوە خراپە تێک بچێت. زۆر کەس هۆکارەکەیان بۆ بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەر و بەردەوامی دەرمانی LSD دەگەڕاندەوە. بارێت هەر لە سەردەمی کامبریدجەوە بەکارهێنەری ئەو دەرمانە بووە و هەروەها لە ساڵی 1966دا لە باڵەخانەیەک لەگەڵ خەڵکانێکدا دەژیا کە بەردەوام ماددەی تێزابیان بە کار دەهێنا. بێ گومان ئاگای لێ بووبێت یان نا، دەرخواردی بارێتیشیان داوە. مەیسن وتی: (هەرگیز سەرەڕۆييی لەو جۆرەمان نەکردووە، بچینە ناو ئەو جیهانەوە، چونکە شوێنێک نەبوو کە کەسمان تێیدا ژیابێتین.) هەندێک کەسی تر وەک واتێرز باوەڕيان وابوو کە ئەو دەرمانانە شیزۆفرینیا دامرکاوەکەی لە بارێتدا تەقاندووه‌تەوە. سەرەڕای ئەوە، تیم ویلزی نووسەر لە ساڵی 2002دا توێژینەوەیەکی لەبارەی نیوەی ژیانی سید بارێت بە ناوی (لەدەستدانی بلیمەتەکەی پینک فلۆید)ه‌وه‌ كرد. ئەوەی بۆ دەر کەوت کە بارێت نە تووشبووی شیزۆفرینیا بووە و نە بەکارهێنەری دەرمانیش. (لەسەر ئەو بنەمایەی کە سید بارێت بیرکردنەوەی نامۆی هەبووە، نەک بیرکردنەوەی کەسێکی نەخۆش.)

لە سەرەتای ساڵی 1968دا ئەندامانی باندەکە هاوڕێیەکی کۆنی کامبریدجيی سید بارێتیان بە ناوی دەیڤد گیلمۆرە هێنایە ناو باندەکەوە بۆ ئەوەی وەک گیتارژەن و گۆرانیبێژ شوێنی بارێت بگرێتەوە. پلانەکە ئەوەبوو، هیوایان دەخواست بارێت بتوانێت وەکوو گۆرانینوس بەردەوام بێت. هاوشێوەی برایان ویڵسن لە باندی بیچ بۆیس کە گۆرانيی بۆ باندەکەی دەنووسی، بەڵام گەشتی هونەريی لەگەڵدا نەدەکردن. سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەوەی کردیان، کارێکی نابەجێ بوو. باندەکە کێشەیان لەگەڵ هەندێک لەو گۆرانيیانەدا هەبوو کە بارێت نووسیبوونی، وەک: Vegetable Man وScream Thy Last Scream. پێیان وابوو هەردوو گۆرانییەکە لە شێتییەوە سەرچاوەيان گرتووە و دەستيان له‌ تۆمارکردنى هه‌ڵگرت. چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوەی گیلمۆر هاتە ناوەوە، باندەکە بارێتیان لەو نمایشە بێ بەش کرد، کە بۆی بە ڕێگه‌وە بوون. کاتێك یەکێکیان پرسی: (پێویست دەکات سید لەگەڵ خۆماندا ببه‌ين؟) یەکێکی تر لە وەڵامدا وتی: (وازی لێ بێنن، با خۆمانی پێوە ماندوو نەکەین!) باندەکە ڕۆيشتن و ئەو شەوە گۆرانییەکانی بارێتیان بە بێ خۆی پێشکێش کرد و هەرگیز جارێکی تر لەگەڵ بارێتدا نمایشیان نەکردەوە.

هەر کە پینک فلۆید دەستی بە تۆمارکردنی ئەلبوومی دووەم کرد، بارێت بە گیتارەکەیەوە لە دەرەوەی ستودیۆکە دادەنیشت و چاوەڕێی دەکرد بانگ بکرێتە نێو دانیشتنی تۆمارکردنەکانەوە. شەوێکیان لە یەکێک لە یانەکاندا بارێت لە بەردەم ستەیجەکەدا ڕاوەستا و ڕێک لەو کاتەيدا ڕووناکیيەکە چووە سەری، گیلمۆر ئەو گۆرانییەی دەوتەوە کە بارێت نووسیبووی. ئەو ڕووداوە ئەوەندە گیلمۆری سارد کردەوە، تا ئەو ڕادەيه‌ی خه‌ريك بوو واز بهێنێت.

لە کۆتایيی ئەلبوومی دووەمی پینک فلۆیددا بە ناوی A Saucerful of Secrets، باندەکە تەنها یەک گۆرانيی بارێتیان تۆمار کرد، بە ناویJugband Blues  گۆرانییەکی خەمبار و توانجامێز بوو، بەڵام هەمیشە گۆرانییە خەمباراوییەکانی بارێت وەک ڕەنگدانەوەی ناخی بارێت خۆی سەیر کراوە: (بیرکردنەوە لە من لێرە دەبێتە جێگەی نیگەرانیتان/ من زۆر سپاسگوزارم، چونکە ئیتر باوەڕتان بە نەبوونی من هێناوە لێرە/ بیر دەکەمەوە تۆ بڵێی کێ بێت ئەم گۆرانیيانە بنووسێت!) دەکرێت ئەو دێڕانە لە ئاستێکی تردا لێکدانەوەی بۆ بکرێت، وەک ئەوەی قسەی دڵی بارێت بێت بەرانبەر بە باندەکە، ئاخر چۆن کەسێکی ئاوا وێران و نەویستراو دەتوانێت گۆرانییەکی وەها جوان و ڕەسەن بنووسێت؟

واتێرز خوێندنی کۆلێژ و هەموو ئارەزووەکانی تری پشتگوێ خست و پینک فلۆیدی کردە تاکە ئامانجی ژیانی خۆی. گیلمۆر بە باری مایڵزی وتووە کە (ئەوە واتێرز بوو، جورئەتی ئەوەی هەبوو سید بارێت لە باندەکە بکاتە دەرەوە، لەبەر ئەوەی گەشتبووە ئەو باوەڕەی هەتا بارێت لە باندەکەدا بێت. ئەوان ناتوانن پێکەوە بەردەوام بن، چونکە هۆکارى گەورەی سەرلێشێواندنیان بوو. ڕۆجەر کاتێک تەماشای سیدی دەکرد، هەستی بە تاوان دەکرد، لەبەر ئەوەی هاوڕێکەی خۆيی کردبووە دەرەوە.) سەرەڕای ئەوەش ئەندامانی تری باندەکە کارەکانی گیلمۆریان بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی پینک فلۆید بەرز دەنرخاند. ئێستا ئیتر گۆرانیبێژ و گیتارژەنی سەرەکيیش بوو. بە پێچەوانەی بارێتەوە گیلمۆر زیاتر گرنگيی بە لایەنی سترەکچڕاڵ و میلۆدیيانەی کارەکان دەدا. هاوکاری و کێبه‌رکێی نێوان واتێرز و گیلمۆر، پینک فلۆیدی بەرەو سەرکەوتنەکانی ڕاکێشا و لە هەمان کاتدا هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکانی نێو باندەکەش بوو. لە سەرەتای ڕۆژەکانيدا لەنێو باندەکەدا گیلمۆر پەرچەکرداری بەرانبەر ڕەفتاری خۆسەپێنانەی واتێرز هەبوو، پێی وابوو (کەسێکی خۆسەپێنەر)ه‌.

چەند ساڵێک دواتر، باندەکە جۆرێک لە میوزیکیان درووست کرد، کە هێندەی نزیکی لە میتۆدە پێشەنگەکانی سەدەی بیستەم‌ لەRock & Roll یشەوە نزیک بوو. واتێرز دەڵێت: (پینک فلۆید واتا بەرەوپێشچوون و سەرکێشی.) ئەو میوزیکەی درووستیان دەکرد، سەلمێنەری ئەو شانازییە بوو. هەردوو ئەلبوومی Ummagumma and Atom Heart Mother هەوڵێکی بەرفراوان بوون بۆ دانانی زنجیرەیەک لە ئاوازی ناساز (Atonality) و ئۆرکێسترایی. هەندێک جار کۆمپانیای EMI هەستی بە دۆڕان دەکرد بەوەی نەیدەزانی چی لەو جۆرە تۆمارانە بکات، بە تایبەتی لە ئەمه‌ریکادا! ئەو ڕاستییەی کە ئەلبوومەکانی پینک فلۆید بەردەوام بوون لە سەلماندنی سەرکەوتنەکانیان لە ئینگلتەرا، گەواهی لەسەر چەند شتێک دەدەن، بۆ نموونە هەبوونی ژمارەیەکی زۆری گوێگری پۆپ لە بەریتانیا لەو کاتەدا دەگەڕایەوە بۆ درووستبوونی فۆڕمێک لە میوزیک کە لەدوای سەردەمی میوزیکی بێهۆشكه‌رانەوە لەگەڵ ڕۆکی پێشکەتوودا یەکيان گرتبوو، هەروەها قەرزداری بیرۆکە ناوازە و نوێيه‌کانی باندەکان بوون لەسەر تەختەی نمایش. لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی 1967دا سید بارێت ئاماژەی بەوە داوە كه‌ (لە داهاتوودا گرووپەکان دەتوانن میوزیکی زیاتری پۆپ درووست بکەن و لەگەڵیشیدا نمایشی زۆر باشتر پێشکێش بکەن.) پینک فلۆیده‌كان بێوچان دوای ئەو بۆچوونە کەوتن و نمایشەکانیان بە تایبەتمەنديی ئاڵۆز و بەکارهێنانی زۆری ڕووناکی و باڵۆنی زەبەلاح دەناسرانەوە. (بۆ نموونە ئەو باڵۆنە زەبەلاحەی کە لەپڕ لە یەکێک لە نمایشەکانی سەر دەریاچەیەکدا لە شێوەی ئەستێرەی دەریا بەرز بووەوە.) لە کۆتایيی ساڵانی ده‌يه‌ى شه‌ستدا هەندێ جار ئەم نمایشانە هاوشێوەی نمایشە سیماتیکییەکانی وەکوو:The Man  وThe Journey  بوون کە سەلیقەی سەرەتای واتێرز بۆ کاری خەیاڵی بوون.

لەگەڵ سەرهەڵدانی پینک فلۆیددا بۆچوونێک له‌باره‌ى ئه‌م بانده‌وه‌ هه‌بوو، كه‌ پێى وابوو باندێکە بە درووستکردنی ئاوێتەیەک لە ميوزیک و بیرۆکەی نوێ، کار لەسەر ئامانجێک دەکات بە جۆرێك شوێنی خۆی لە هونەری مۆدێرندا بکاتەوە.

لە ساڵی 1971دا باندەکە بڕیاری دا لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت. لە تشرینی یەکەمدا دەستیان بە کارکردن لەسەر ئەلبوومێکی نوێ کرد. واتێرز کە ئێستا گۆرانیدانەری سەرەکی و ڕابەری سەرەکيی باندەکەیە، بە ئەندامانی تری پینک فلۆیدی وت كه‌ دەیەوێت کارێک بکەن هەموو تەرکیزەکە لەسەر یەک پرسیار بێت: (ئەو هۆکارانە چین كه‌ لە ژیانی مۆدێرندا مرۆڤ تووشی گۆشەگیری و هیوابڕاوى دەکەن؟) هەموویان پێکەوە لیستێکیان لە هۆکار درووست کرد کە پێک هاتبوون لە: پیری، توندوتیژی، ترس لە مەرگ، ئايین، جەنگ، که‌پیتاڵیزم (هەموو ئەندامانی باندەکە و لە هەموویشیان زیاتر واتێرز لە بابەتی سیاسەتدا بە ئاڕاستەی چەپدا ڕۆيشتووه‌) و نەخۆشيی دەروونی. دوايين بابەتیان بەو دواییانە کاری کردبووە سەر واتێرز، بە تایبەتی دوای ئەوەی جارێکی تر ده‌ستى به‌ بیرکردنەوە لەباره‌ى بارێته‌وه‌ كرد.

ئەلبوومە نوێیەکەیان بە ناونیشانی Eclipse کاتێکی زۆری دەویست. واتێرز دەیویست هۆنراوەیەکی گونجاو هەڵبژێرێت، سادە و ڕوون و لەڕوو بێت، نەک پڕ بێت لە میتافۆری نادیار و ئاڵۆز، بەڵام گلیمۆر دەیویست میوزیکێک درووست بکات کە گوێگر بەرەو شوێنێکی تاریک لە بیرکردنەوە پەلکێش بکات. ئامانجەکە ئەوەبوو بەو میوزیکە ئاوێتەیەک لە کات و بیرۆکە بکەنە چینێکی یەکپارچە بۆ درووستکردنی دەرەنجامێکی پێکەوەگرێدراو. لە کۆتاييی ئەو هەموو ڕاگۆڕینەوەیەدا گەيشتنە ئەنجامێک.- لە مارسی 1973دا پینک فلۆید شاکارێکی مۆدێرنی بە ناوی The Dark side of The Moonـی بڵاو کردەوە. ئەلبوومەکە تێكه‌ڵه‌يه‌ك بوو لە قسەی ڕۆژانە کە ڕاستەوخۆ گرێ درابوو بە ناونیشانی گۆرانییەکان و بە شێوەیەکی ناڕێکخراو کۆمەڵە تراکێکی بێناوبڕیان لە مێژووی بەناوبانگی ميوزیکدا پێکەوە بەستەوە. تۆمارەکانی ئەم ئەلبوومە ستانداردێکی تازەیان داهێنا بەوەی ئەلبوومێکیان لە دەنگ و ژەنین و کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەی گوێگرەکانیان درووست کرد و کاریگەرییەکی وەهای هەبوو کە لەسەردەمی بەرهەمی بیتڵسەکانەوە نەبینراوە. هەروەها ئەم ئەلبوومە توانى په‌ى بە خواستە سیماتیکیيەکانی باندەکە ببات، چونکە بە ڕاستی داهێنانێکی دەگمەن بوو: نمایشێکی فیکری و خەياڵاوی له‌بارەی هەقیقەتی تاڵی ژیانی مودێرنه‌وه‌ کە بە کابووسەکانی هێوری دەکردیتەوە.

ناونیشانی ئەلبوومی Dark Side of the Moon ستایشێک بوو بۆ سید بارێت و هاوکات دانپێدانانێکی باندەکەش بوو لەو شوێنەی بارێتیان به‌ جێ هێشت. ئەم ئەلبوومە خۆشەویستترین و نەمرترین ئەلبوومی پینک فلۆید بووە و هەر واش دەمێنێتەوە. ژمارەیەکی بەرفراوان لە گوێگری بۆ خۆی پەیدا کرد، نەک بە تەنها لە سەردەمی خۆیاندا، بەڵکوو لەکاتی بڵاوکردنەوەیەوە هەتا ئێستا. Dark Side of the Moon زیاتر لە 35 مليۆن کۆپيی لێ فرۆشراوە، هەروەها بۆ ماوەی 591 هەفتەی ڕێک لەسەر لیستی گوێگرانی بیلبۆرد مایەوە (کە تاکە کاری هونەری بوو بۆ ماوەیەکی ئاوا زۆر لەو لیستەدا بمێنێتەوە.) تا ئێستاش ماوە ماوە لەسەر لیستەکە دەر دەکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو تۆمارە لووتکەی پینک فلۆیدیش بێت، ئەوا لە هەمان کاتدا خستنيه‌ دۆخێکی وەهاوە کە تا دەهات زیاتر کاریگەريی خەمگینانەی دەبوو. بەو هەموو هونەریبوونەیەوەThe Dark Side of The Moon بەرهەمێکی لەقاڵبدراو بوو؛ میوزیکەکەی دەنگدانەوەیەکی زۆرى هەبوو، بە ڕادەیەک ئەنجامەکەی بووە بەرهەمێکی نایاب کە هاوارێکی مەزنی لە خۆی گرتبوو. پێدانی میتۆدە کۆنەکانی پێشووی پینک فلۆید، نەیتوانی کاریگەريی جوانی میوزیکەکە کەم بکاتەوە، بەڵکوو گونجاوتر دەری دەخست، هەروەها ڕەزامەنديی گەورەی جەماوەر کۆمەڵە گوێگرێکی نوێی لە خۆی کۆ کردەوە کە تازە و بە هۆی ئەم بەرهەمەوە بە باندەکە ئاشنا بووبوون، نەک لە ڕێی ئەو ڕووداوانەوه‌ی کە باندەکەی بەرەو ئەو شوێنە ئاڕاستە کردبوو. ئەوەش شتێک بوو کە ئەندامانی پینک فلۆید خۆیانیان بۆ ئامادە نەکردبوو. گیلمۆر لە 1982دا بە دەیڤد فریکی وت: (بەو هاندەرانە ڕاهاتبووین کە دەهاتن و هەموو ئەوەی تۆ دەتبیست، بێدەنگی بوو، ئێمەش هەوڵمان دەدا بێدەنگ بین، بە تایبەتی لە دەستپێکی ئیکۆکاندا یان ئەو ئاوازانەی کە نۆتێکی زرنگانەوەیان هەبوو. هەوڵمان دەدا کەشێکی جوان درووست بکەین، کەچی ئەو مناڵانەی ئەوێ به‌ يه‌ك ده‌نگ دەیانقيژاند و داوای تراکی Moneyیان دەکرد.)

دوای ئەوەی پینک فلۆید لە ساڵی 1973دا گەشتە هونەرییەکەیان تەواو کرد، لە کانوونی یەکه‌مدا دووبارە کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەلبوومی دواتریان بکەن. ئێستا دەیانتوانی هەرچییەکیان بوێت، بیکەن، بەڵام کێشەکە ئەوەبوو نەیاندەویست شتێکی ئاسایی بکەن. دوای ماوەیەک واتێرز ڕایگەیاند (لەو خاڵەدا هەموو ئارەزووەکانمان هاتبووە دی.) سەرەتا ئەلبوومێکی جیاوازیان لەسەر بابەتی خێزان درووست کرد، کە هیچکام لە دەنگەکان پێویستی بە ئامێری میوزیک نەبوو. دوای دوو مانگ لە بیرکردنەوە و ئیشکردن، هیچ بیرۆکەیەکیان لەسەر ئەوە نەبوو كه‌ پڕۆژەکەیان بەرەو کوێ ببه‌ن. لەو کاتەدا و بە جۆرێک لە جۆرەکان هەرچوار ئەندامی گرووپەکە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتيی باندەکەدا باسی به‌جێهێشتنی باندەکەیان کردبوو. لە کۆتایيدا ڕۆژێکیان لە ناوەڕاستی یەکێک لە گفتوگۆکانی باندەکەدا واتێرز بیرۆکەیەکی بۆ هات: بۆچی تۆمارێک لەبارەی دوورەپەرێزی و ئەو کێشانەوه‌ درووست نەکەین کە لە نێوانماندا ڕوویان داوە؟

ئەگەر ئەلبوومیThe Dark Side of The Moon  له‌بارەی گۆشەگیريی کۆمەڵایەتييه‌وه‌ بێت، ئەوا ئەلبوومە نوێيه‌کەیان  Wish You Were Hereزیاتر فۆڕمێکی شەخسی  بوو لە  دوورکەوتنەوە و لە  نەبوونی هاوڕێ و بیروڕاکانیان و ئەو کۆمەڵەیەی ڕۆژێک لە ڕۆژان پێکەوە درووستیان کردبوو. لە ئەنجامی هەوڵەکانیاندا دوو باشترین گۆرانی کە لەتەمەنی پینک فلۆیددا لەدوای سید بارێتەوە درووست کرابێت، لە دایک بوون، ئەوانیش: Wish You Were Here و Shine On You Crazy Diamond بوون. هەردووکیان بە ئاشکرا لەسەر بارێت نوسرابوون، کە دواتر واتێرز پێی وابوو (سیمبوڵی غیابێکی هێندە قووڵە کە هەندێک کەس دەبێت تەسلیمی ببن، چونکە ئەوە تاکە ڕێگه‌یە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ڕاستییەی ژیانی مۆدێرندا، كه‌ چەنده‌ غەمگینە! بۆیە دەبێ بە تەواوی بکشێینە دواوە.) واتێرز دەڵێت: (دەکرێت Wish You Were Here زۆر بە سادەیی ئاماژەیەک بێت بۆ ئەندامانی تری باندەکە، ئەو باندەی کە ئەو ئیتر هەستی نەدەکرد لێیانەوە نزیک بێت. یان دەتوانین بڵێين له‌باره‌ى ئەو جەنگەوه‌ بوو کە لەگەڵ خۆیدا هەیبوو.)

ڕۆژێکیان لە سەرەتای حوزەیرانی 1975دا لە کاتێکدا گوێیان لە تۆماریShine on You Crazy Diamond  دەگرت، لەپڕدا هەستیان کرد کەسێکی نەناسراو لەناو ستودیۆکەدا پەیدا بوو، پیاوێکی قەڵەوی کەچەڵ، کەلوپەلەکانیانی دەپشکنی. دوای چەند خولەکێک واتێرز ئاوڕی بۆ ڕایت دایەوە، وتی: (دەزانيت ئەو پیاوە کێيە؟ بیر بکەرەوە، بیر بکەرەوە!) ڕایت سەیری ڕووخساری پیاوەکەی کرد؛ (بارێت بوو.) دوای ماوه‌یەک واتێرز وتبووی کاتێک بەو جۆرە بارێتی بینیوە، گریاوە. ئەو بارێتەی کە ئیتر سمبوڵی باندەکە نييه‌، ئێستا جگە لە گۆشت و خوێن هیچی تر نییە. گفتوگۆکەیان نامۆ بوو. بارێت بە باندەکەی وتبوو کە ئامادەیە دووبارە بە ميوزیکەکەی هاوکاريیان بکات. کاتێک قسەیان دەکرد، گۆرانيی Shine on You Crazy Diamond لەبارەی ئەو پیاوەوه‌ی کە ئێستا سەردانی هاوڕێ کۆنەکانی کردووە، لەناو ستوديۆکەدا دەنگی دەدایەوە: (بیرتە کاتێک گەنج بوویت/ وەک خۆر دەدرەوشایتەوە؟/ ئەی ئەڵماسی شێت! دەدرەوشایتەوە/ ئێستا جۆرێک نیگا لە چاوەکانتدا هەن/ هاوشێوەی کونە ڕەشەکانی ئاسمانن.) بارێت هیچی لەبارەی ئەوەوە نەوت کە خۆی لە گۆرانیيەکەدا بینیبێتەوە. ئەو ڕۆژە هەمان ڕۆژی هاوسەرگیريی گیلمۆر بوو، ئەویش لەگەڵیاندا بۆ بەشی پێشوازيی ئاهەنگەکە چوو، بەڵام دواتر دیار نەما. ئیتر جارێكى تر كه‌سيان نەیانبینیيەوە.

لە دوای ئەلبوومی (Wish You Were Here) هەموو شتێک لەبارەی چیرۆکی پینک فلۆیدەوە ناشيرین دەر دەکەوت، لەبەر ئەوە نا کە بڵێی کارەکانی دوای ئەوە باش نەبوون، یان شایەنی پاداشت نەبوون، بەڵکوو کاری سەرنجڕاکیش و لە هەمان کاتیشدا ناشيرین بوون. بۆ نموونە واتێرز دەیویست گۆرانی لەبارەی نەخۆشيی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیيەوە بنووسێت، بەڵام بە بێ مەبەست هەموویان دەبوونە وێنایەک لە ژیانی ناوخۆی باندەکە.

بە ئەلبوومی Animalsی 1977 لەبارەی چیرۆکەيلێکی تەنزامێز و تاریک لەسەر ستەم و یاخیبوون، واتێرز گەرەنتی زاڵبوونی خواستەکانی خۆی بەسەر باندەکەدا دا. ئێستا زۆربەی زۆری گۆرانی و موزیکەکان ئەو دایاندەنێت و تا دێت زیاتر وەک گۆرانیبێژی سەرەکيی باندەکە کار ده‌كات و بەوانی تر ده‌ڵێت لە کوێ و چ شتێک بژەنن. دەمەقاڵێی زۆر دوورودرێژ کەوتە نێو ئەندامانی باندەکەوە؛ گیلمۆر پێی باش بوو لە ئەلبوومەکاندا زیاتر تەرکیز بخرێتە سەر ناوەرۆکی موزیک، بەڵام واتێرز بەردەوام پێی وابوو دەبێ گرنگيی زیاتر بە وشە بدرێت. لە ئەلبوومی Animalsدا واتێرز هەموو داڕشتن و پێکهاتە ناپێویستەکانی لابرد، ئەوەش وای دەکرد گیلمۆر نیگەرانی تۆمارەکانی داهاتوو بێت. هەروەها گیلمۆری گیتارژەن گومانی هەبوو لەوەی واتێرز هێندەی پێويست کەسێکی کاریزمائاسا بێت، کە بتوانێت نمایشە نوێیه‌کانی باندەکە لەسەر ستەیج لە ئەستۆ بگرێت. گیلمۆر لە بایۆگرافيی Saucerful of Serects بە ناوی ئۆدیسیەی پینک فلۆیده‌وه‌ بە نیکۆلاس سچافنەری وتووە: (ئێمە ڕۆجەر داڵتەر یان میک جاگەرمان نەبوو، هەموو ئەوەی هەمانبوو ژەنیارێکی گیتاری بەیس بوو، تاکە شت کە دەیزانی ئەوەبوو پێ بە زه‌ويدا بنێ، دەموچاوی گرژومۆن بکات و خۆی بشڵەژێنێت.)

هەرزوو بەرپرسیاریێتيی واتێرز وەک پیاوی یەکەمی باندەکە بە یەکجاری جێگەی خۆی گرت. لە ئەلبوومیAnimals دا وەک هەموو ئەلبوومەکانی تر واتێرز لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بوو، کارێکی نامۆ، ئاکاری، میوزیکی دووبارە. ئاڵۆز و لەخۆڕازیيانە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کارێکی بوێرانە بوو. هەرچەندە ئەو گەشتە هونەرییە شەشمانگييه‌ی بە ئەلبوومەکەوە کرا، هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی نابەجێ بوو. بە نمایشکردن تەنها لە یاریگه‌کاندا و بەکارهێنانی باڵۆنی زۆر زەبەلاح، هاوشێوەی ئەو باڵۆنە هيلیۆمە ترسناکەی لە شێوەی بەرازدا دەر کەوت و پاشان بەسەر جەماوەرەکەدا تەقیيەوە، وا دەر دەکەوت پینک فلۆید لە ڕێگەی گرتنەبەری دووريی سۆزدارييه‌وه‌ لە نێوان خۆیان و گوێگرى ميوزیکەکەیاندا بیانەوێت هەموو گۆرانییەکانیان بە ئاڕاستەی گۆشەگیريدا ببه‌ن. گەشتە هونەرییەکە واتێرزی ماندوو کرد. دوای ئەوەی بینی لە شوێنی نمایشەکان ڕەفتاری نامرۆڤانە دەکرا و هەستی کرد زۆرینەی گوێگرەکانی لەگەڵ پەیامە میوزیکييه‌کەیدا یەک ناگرنەوە. لە ڕووداوێکدا لە یەکێک لە دوانمایشەکانی ئەو گەشتەدا لە شاری مۆنتریەڵ کێشەکە گەيشتە لووتکە، پاش ئەوەی واتێرز لە بێزاریدا تفێکی کردە دەموچاوی یەکێک لە ئامادەبووانی نمایشەکە کە بە دەنگێکی بەرز و بێوچان داوای گۆرانيی دەکرد. گیلمۆر ئەوەندە پێی ناخۆش بوو، ڕەتی کردەوه‌ جارێكى تر بگەڕێتەوە سەر ستەیج. کاتێک لە ساڵی 1980دا لە واتێرزیان پرسی ڕای چییە لەبارەی ڕۆڵی گوێگرانی ڕۆکەوە؟ لە وەڵامدا وتی: (خراپ، وەک ئەوەی خۆیان لە شانۆگەریيەکەدا بن. -بێ زەحمەت لەوێ دانیشە!- ڕقم لە خۆتێهەڵقورتاندنی ئامادەبووانە.) بەڵام ڕاستييه‌كه‌ى ڕەفتاری لەو جۆرە زۆر دووربوو لە هەڵسوکەتی کەسانی سەر بە (ژێرزەوینی لەندەن)ـه‌وه‌.

تفکردنە یەکێک لە هاندەرەکانیان، یەکێک بوو لە ڕووداوە ناشيرینەکانی تری مێژووی پینک فلۆید. واتێرز ئەوەندە نائومێدبوو کە دوای گەشتە هونەرییەکەی ساڵی 1977 سوێندی خوارد ئیتر هەرگیز باندەکە نمایش لە کۆنسێرتی گەورەدا نەکات، مەگەر ئەوەی دیوارێك لە نێوان ئەوان و ئامادبوواندا هەبێت. لە تشرینی دووەمی 1978دا لەسەر ئەو بنەمایە بیرۆکەیەکی هاوشێوەیان بۆ هات: واتێرز دەستنووسی چیرۆکێکی هێنا کە باس لە چیرۆکی میوزیکژەنێک دەکات لە گوێگر و هەستەکانی دابڕاوە و لەبەر ئەو هۆیە لە پشتی دیوارێکەوە دەژی و لە توانیدا نییە ئەو دیوارە ببەزێنێت. پڕۆژەکانی واتێرز تا دەهات زیاتر دەبوونه‌ پڕۆژه‌ى كه‌سى و ئەم پڕۆژە نوێیەشی بە ناویThe Wall ، ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە. گۆرانیيەکانی ئەم ئەلبوومە کە لەبارەی تووڕەیی، ئازار و شکستی ئەستێرەیەکی ڕۆکەوە بوو، لەگەڵ ئەزموونە كه‌سییەکانی واتێرز خۆیدا یەکيان دەگرتەوە. (باوکی واتێرز، ئیریک فڵێچەر لە دووەمين جەنگی دنياگره‌وه‌دا بەرهەڵستکارێکی بەویژدانبووە، بە زۆر نێرراوە بۆ سەربازی و هاوشێوەی باوکی نێو چیرۆکەکە لە شەڕێکدا لە ئیتاڵیا کوژراوە.)

ئەلبوومی The Wall بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ پینک فلۆیدی داگیر کردبوو. وەک ئەلبوومێکی ئاستبەرزی باندەکە چ لە ڕووی نواندنی سەر ستەیج و چ وەک فیلم ئەژمار دەکرا (هەموو شەوێک لەکاتی نمایشیدا دیوارێکی 160 پێ پان و 35 پێ درێژیان درووست دەکرد و لەگەڵ گەيشتن بە لووتکەی مۆسیقاکەدا دووبارە دەیانڕووخاندەوە.)The wall  هاوشێوەیThe Dark Side of The Moon  لە بەدیهێنانی ئامانجەکەیدا سەرسووڕێنەربوو. ئەلبوومەکە کاری لەسەر هۆکارەکانی گۆشەگیری دەکرد، هەرچەندە ئەم جارە واتێرز تەرکیزی کردە سەر مەسەلەی ئایدۆلۆژی وەک پەروەردە، خێزان و مەسەلەی سەربازی لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاریدا. لە لای ملیۆنان کەس دیوارەکەی فلۆید کارێکی سەرکەوتوو بوو. (RIAA بە چوارەم  پڕفرۆشترین ئەلبوومی مێژووى دادەنێت،) بەڵام لە لای زۆرێک لە ڕەخنەگران، چ لە ڕووی تۆمارەوە و چ لەسەر ستەیج بە بەرهەمێکی پەرشوبڵاو، ئاڵۆزاو و ناجێگیر وەسف ده‌كرێت.

واتێرز دوای ئەلبوومیThe Wall  بە دوایداThe Final Cut ـی نووسی. ئەم جارە هیچ بە لایەوە گرنگ نەبوو کێ ببێتە سەرپەرشتیار. لەژێر ناونیشانی ئەلبوومەکەدا نووسراوە: (شیوەن بۆ خەونی دوای جەنگ، نووسینی ڕۆجەر واتێرز و پێشکێشکردنی پینک فلۆید.) ئەلبوومەکە مەحکوومکردنی واتێرزە بەرانبەر بە بەها سیاسی، ئابووری و سەربازیییە ڕۆژئاواییەکان لە سەردەمی جەنگی سارددا. گیلمۆر حەزی لە گۆرانییە نوێیەکان نەبوو، بۆ نموونە پێی وابوو گۆرانییەکانی ئەلبوومی Animals بەشێکی لە ئاوازی کۆنی بەکارنەهاتوو درووست کرابوون و هیچ تایبەتمەندیيەکيش لە شيعرى گۆرانییەکاندا نەدەبینرا. واتێرز بە گلیمۆری وت ئەگەر بۆچوونی خۆی نەگۆڕێت و ڕازی نەبێت، ئەوا ئەلبوومەکە وەکوو کاری سەربەخۆی خۆی بڵاو دەکاتەوە. (دوابەدوای ئەوە گیلمۆر ناوی خۆی وەکوو بەرهەمهێنەر لەسەر ئەلبوومەکە سڕییەوە.) دوای ماوەیەک واتێرز ئاماژەی بەوە داوە كه‌: (وەک سەگ و پشیلە شەڕمان دەکرد، لە کۆتایيدا گەيشتینە ئەو باوەڕەی -یان با بڵێين قبووڵمان کرد- کە ئیتر باندێک بوونی نەماوە.) چەند مانگێک دواتر دوای بڵاوبوونەوەی The Final Cut لە سەرەتای کانوونی دووەمی 1983دا پینک فلۆید بانگهێشتی پێنج نمایشی بۆ کرا، بەڵام واتێرز هەموویانی هەڵوەشاندەوە و بە گۆڤاری ڕۆلین ستۆنی وت: (داهاتووی پینک فلۆید پشتی بە من بەستووە.)

گلیمۆر و مەیسن بە شێوەیەکی تر لە دۆخەکەیان دەڕوانی. لە ساڵی 1986دا بڕیاریان دا ئەلبوومێکی نوێی پینک فلۆید بە بێ واتێرز دەر بکەن و هەروەها ڕایتیان گەڕاندەوە بۆ نێو پڕۆژەکە. گیلمۆر وتی: (من بیست ساڵی تەمەنم لە درووستکردنی ناوی پینک فلۆید -نەک ناوى خۆم-دا بەسەر بردووە.) واتێرز لە ڕۆژنامەکاندا دەتەقییەوە. داوای یاساييی لەسەر باندەکە تۆمار کرد بۆ ئەوەی لە کاریان بخات، بەڵام گلیمۆر و مەیسن بەرگریيان کرد. لە کۆتايیدا گلیمۆر و مەیسن توانیيان مافی بەکارهێنانی ناوی پینک فلۆید وەربگرنەوە و واتێرزیش مافی دیوارەکە و باڵۆنی بەرازەکەی وەرگرت.

ئەلبوومە نوێیەکەی پینک فلۆید بە بێ واتێرز بە ناویA Momentary Lapse Of Reason بووە یەکەمین ئەلبوومی پینک فلۆید کە لە ئینگلتەرا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکاشدا بۆ ڕیزی یەکەم سەر کەوت. گەشتە هونەرییەکەی 1988-1989 گەورەترین گەشت بوو لە مێژووی باندەکەدا کە 135 مليۆن دۆلاری قازانج کرد. واتێرز لە سەرکەوتنەکەیان تۆقیبوو. چەند ساڵێک دواتر وتی: (کەمێک تووڕە بووم کە توانیيان سەرکەوتوو بن، بە جۆرێك کە تەنانەت کەسێکی پەڕپووت نەیدەتوانی هەست بە جیاوازی بکات بە بێ من.) سەرەڕای هەموو ئەو شێوازە هەڵانەی مامەڵەی واتێرز لەگەڵ باندەکەدا، تەنها لە یەک شتی زۆر گرنگدا ڕاست بوو، ئەویش ئەوەبوو کە میوزیکی پینک فلۆید بە بێ واتێرز وەک پێشتر نەبوو. A Momentary Lapse of Reason, The Division Bell 1984 و دوو ئەلبوومە نوێکراوەکانیشDelicate Sound of Thunder و  و Pulse هەمان دەرەنجامی ئەلبوومەکانی پێشووتریان نەبوو. بە داخەوە ئەلبوومە سەربەخۆکانی واتێرزیش بە ناوەکانى: ,The Pros and Cons Of Hitchhiking, Radio K.A.O.S Amused To Death لە دەرەوەی باندەکەوه‌ ‌زۆر نەژیان. پینک فلۆید پێویستی بە بۆچوونە ڕەخنەئامێزەکانی واتێرز بوو، واتێرزیش پێویستی بە دەنگی سیحرئاسای باندەکە بوو.

لەگەڵ ئەو هەموو کینە و ئەو هەموو ڕێگه‌یانەی گرتیانە بەر بۆ لەکەدارکردنی توان و شکۆی یەکتری، شتێکی ئاشکرابوو کە ئیتر نەیاندەتوانی دووبارە پێکەوە کار بکەنەوە. واتێرز لەبارەی هاوڕێکانی باندەکەیەوە لە ساڵی 1990دا دەڵێت: (ئیتر هیچ ڕێزێکیان لە لام نەماوە.)

لە 2005دا  بۆب گێڵدۆف پێوەنديی بە گیلمۆرە کرد تا داوای لێ بکات پینک فلۆید بۆ جارێکی تر لەگەڵ واتێرزدا بیر لە یەکگرتن بکەنەوە، تا لە کۆنسێرتی 8-لەندەندا نمایش بکەن. گلیمۆر وتی: (نەخێر.) قسەکە گەيشتەوه‌ به‌ واتێرز و پێوەنديی بە گلیمۆرەوە کرد و وتی پێويسته‌ ئەوە بکەن و هۆکارەکە زۆر لە جیاوازيی نێوانیان گرنگترە. واتێرز وتی: (پێم وایە گیلمۆر شۆک بوو کاتێک من پێوەندیم پێوە کرد.) گیلمۆر ڕۆژێکی تەواو بیری لێ کردەوە و پاشان ڕازيی بوو.

نمایشی پینک فلۆيد چاوەڕوانلێکراوترین نمایش بوو لەنێو نمایشە چاوەڕوانکراوەکانی ئەو شەوەدا. ئەو گرووپەی بۆ ماوەی بیستوچوار ساڵە بەو شێوە پێکەوە دەر نەکەوتوون و هەروەها تا ڕادەی سەرسامکردن شایەنی چاوەڕوانییەکە بوون. لەبەر ئەوە نا کە توانیيان بەسەر مێژووی ئەو ڕقەدا زاڵ بن کە ته‌نانه‌ت لە مێژووی درووستبوونی باندەکەش درێژتربوو؛ لەبەر ئەوەش نا کە نمایشێکی زۆر سەرنجڕاکێش  و هەستبزوێنیان به‌ ڕێوه‌ برد، بەڵکوو لەبەر ئەو ساتەی كه‌ ئەو هۆکارەیان تێدا بەرز ڕاگرت کە بۆ یەکەمين جار ئەوانی دووبارە پێکەوە کۆ کردبووەوە. لە نیوەی نمایشەکەیاندا واتێرز وتی: (بە ڕاستی هەستێکی هه‌ژێنه‌ره‌ كه‌ دوای ئەم هەموو ساڵە، لێرە و لەگەڵ ئەم سێ برادەره‌دا وەستاوم، وەستان لێرەدا و هه‌ژماركردنى من وەک یەکێک لە خۆتان. بە هەرحاڵ ئێمە ئەمە بۆ هەموو ئەوانە دەکەین کە لێرە نین، بەڵام بە تایبەتی و بە دڵنیایيەوە بۆ سید.)

پاشان باشترین گۆرانيی خۆیان بە ناوی (Wish You Were Here)  پێشکێش کرد و بۆ دوايين جار بە هەمان هارمۆنیا پێکەوە گۆرانیيەکەیان دەوت، گلیمۆر و واتێرز گۆرانییەکەیان دەوت: (خۆزگە، چەند خۆزگە دەخوازم لێرە بوویتایە!/ ئێمە دوو ڕۆحی ونبووین/ لە دەفرێکی ماسیدا مەلە دەکەین/ ساڵ لەدوای ساڵ/ لەسەر هەمان زەويی کۆن ڕێ دەکەین/ چیمان دۆزییەوە؟/ هەمان ترسە کۆنەکان/ خۆزگە لێرە بوویتایە!) دەیانتوانی گۆرانی بۆ یەکتری بڵێن، قسە لەبارەی خەونە دەست-لێهەڵگیراوەکان و زەوییە ونبووەکانەوە بکەن، بەڵام وایان نەکرد. ئەو کۆبوونەوە نائاساییە بۆ ئەوەبوو دان بە قەرزێکدا بنێن، دان بە خەسارێکدا بنێن کە لە برینەکانی خۆیان زۆر گەورەترە، هەرچەندە زۆر درەنگیش بوو بۆ ئەوە، بەڵام ئەوە تاکە شت بوو کە بتوانن بيكه‌ن.

ساڵێک دواتر، ئەو پیاوەی کە بووە ئیلهامی ئەو ڕووداوە، کۆچی دوایيی کرد. لە ساڵانی دوای ئەوەدا لە باندەکە کرایە دەرەوە. بارێت لەسەر کاری هونەری بەردەوام بوو، دوو ئەلبوومی بە ناوەکانی The Madcap Laughs وBarrett  درووست کرد کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن هاوڕێيانى باندەکەی پێشووەوە کاری بەرهەمهێنانیان بۆ کرا. بە تێپەڕبوونی چەند ساڵێک ئەو تۆمارە نامۆیانە وەک بەڵگەیەکی بەهێزتر لەسەر شێتگیريی بارێت سەیر دەکرا. بۆ هەندێک کەس ئەلبوومەکە ڕەشبینانە و سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام بۆ هەندێکی تر ئەوەندە ئازاری دەدان، نەیاندەتوانی بەرگەی گوێگرتنی بگرن. جارێکیان ڕایت وتی: (ناتوانم بیر لەوە بکەمەوە کەسێک هەبێ حەزی لێیان بێت.) بەڵام ئەو تۆمارانە کە ڕاستييه‌كه‌ى زۆر سەرنجڕاکێش و جوان بوون، بەڵگەن لەسەر شتێکی تر ئەویش ئەوەیە کە بارێتی بلیمەت لەگەڵ لەدەستدانی ناوبانگەکەیدا بە کاتێکی زۆر سەختدا تێپەڕیوە.

ئەندامانی پینک فلۆید لەدوای سەردانەکەی ئەو ڕۆژەی بارێته‌وه‌ لە ساڵی 1975دا بۆ ستوديۆکەیان، هەرگیز پێوەندیيان پێيەوە نەکردەوە. خێزانەکەی ڕێگەیان نەدەدا؛ بینین یا بیستنی هەرشتێک لەبارەی باندە کۆنەکەیەوە زۆر خەمباری دەکرد، سەرەڕای ئەوەش باندەکە هەمیشە لەوە دڵنیا دەبوونەوە کە بەشە بودجەی خۆی لەکاتی خۆیدا و بە تەواوی  وەربگرێت، چونکە ئەو میوزیکەی ئەو بۆ پینک فلۆیدی نووسیبوو، هێشتا بە ڕادەیەکی بەرچاو فرۆشی هەبوو. لە دوايين ساڵەکانی تەمه‌نیدا بارێت بە ده‌ست نەخۆشيی شەکرەوە دەیناڵاند، بینینی زۆر کز بووبوو و هەندێک لە پەنجەکانی بڕابوونه‌وه‌. هەروەها بە ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی بمرێت، دەر کەوت كه‌ شێرپەنجەی پەنکریاسیشی هەیە. لە تەمووزی 2006دا کۆچی دوایيى کرد.

لە ساڵانى ده‌يه‌ى 1970 به‌دواوه‌ بارێت هەرگیز جارێکی تر نەگەڕایەوە سەر ميوزیک-درووستکردن، بەڵام بە پێى وته‌ى خوشکەکەی (ڕۆزماری،) هه‌ر خەریکی کاری هونەری بووە و بە مایک واکینسۆن و پێتی ئەندرسۆنی نووسەری ژیاننامەی بارێتی ڕاگەیاندبوو: (بارێت دەهات فۆتۆی گوڵێکی دەگرت، ئه‌مجا تابلۆیەکی گەورەی فۆتۆکەی دەکێشا، پاشان دووبارە وێنه‌ى تابلۆکەی دەگرتەوە و ئيدى تابلۆکەی دەفەوتان.) خوشکەکەی وتی: (کاتێک شتێک کۆتايی دێت، ئیتر کۆتايی دێت. هەستی دەکرد پێویست ناکات دووبارە سەردانیان بکاتەوە.) ئەوە شتێک نییە لەگەڵ ئەوەی لە پینک فلۆیددا بەسەری هات، نامۆ بێت. ئەو شتگەلێکی درووست کرد کە بۆ قۆناغێکی دیاریکراو زیندووبوون. دواتر لەبەر چەند هۆکارێک کە لەوانە نییە هەرگیز بزانرێن، هەموو ئەو شتانه‌ى لێیان بە جێ ما، تەنها یادگاری بوون کە بە تێپەڕبوونی کات ئەوانیش لە ناو دەچوون. پینک فلۆید یەکێک بوو لەو شتانەی بارێت درووستی کردبوو، بەڵام بە گوزه‌رى کات ئەمیش ون دەبێت. ڕاستييه‌كه‌ى پینک فلۆید هەرگیز هی کەس نەبووە، بەڵام هیچکەسێک هێندەی سید بارێت لەو ڕاستییە بە باشی تێنەدەگەيشت، بۆیە هەر زۆر زوو لە به‌جێهێشتنی سێبەرەکەی لە جیهاندا ماندوو بوو و دەشبوو دەستبەرداری بوایە.

 

دەتوانن خوێنەری کەتەلۆگی ئەم پێنج گەنجینە نێژراوەی خوارەوەش بن:

1- تراکی Jugband Blues  لە ئەلبوومیA Saucerful of Secrets  (1968)

ئەمە دوايين تۆماری فەرمی پینک فلۆید بوو لەگەڵ سید بارێتدا، چونکە تا دەهات کاریگەريی بەکارهێنانی دەرمانەکانی لەسەر زیاتر دەبوو. ئاوازی جوان و جیاوازی ناوازەی گۆرانییەکە ئەو خەمڵاندنە بێبەزەییانە بە درۆ دەخەنەوە کە لەبارەی بارودۆخی دەروونيی بارێتەوە دەکران: (من زۆر سپاسگوزارم، چونکە لێرە باوەڕتان بە نەبوونی من هێناوە.)

2- تراکی Careful With That  Axe, Eugene لە ئەلبوومی Ummagumma (1969)

یەکەم تۆماری سەرسووڕێنەری دوای بارێتە، ئەوەندە باش بوو کە سێ جار کاری تۆماریان بۆ کردەوە: یەکەمين جار وەک گۆرانيی تاکی گرووپەکە بڵاو کرایەوە، دواتر وەک تراکی دەنگی لە فیلمی Zabriskie Pointدا تۆمار کرایەوە، هەروەها لە نیوەی کۆنسێرتە زیندووه‌کانی ئەلبوومی Ummagummaیشدا تۆمار کراوەتەوە. گيلمۆر وتى: (میوزیکەکە لە بنەڕەتدا یەک ئاواز بووە.) بەڵام گەڕانەوەی تراکەکە لە بەرزبوونەوەی مەترسی بۆ داڕووخانێکی زۆر گەورە، پینک فلۆید خۆی بوو لە لووتکەی سەرکەوتندا.

3- تراکی IF لە ئەلبوومیAtom Heart Mother  (1970)

گۆرانییە گوندنشینیيەکەی ڕۆجەر واتێرز لەم ئەلبوومە شکستخواردووەدا تاقیکردنەوەیەکی جووڵینەر بوو بۆ ترس لە گۆشەگیری. لە کۆتایيدا فلۆید گەشتە ئەستێرەییەكه‌ى لە نووسینی گۆرانيی ڕاستەقینەدا دەست پێ کرد.

4- تراکی US And Them لە ئەلبوومیThe Dark Side of The Moon  (1973)

ڕیک ڕایت لەکاتی تۆمارکردنی ئەم تراکەدا بۆ فیلمی Zabriskie Point و لە ناوەڕاستی گۆرانییەکەدا ئاوازی فیگەرێکی پیانۆی لەسەر ژێی کەرتی دانا. دەرهێنەر، مایکڵ ئەنجیلۆ ئەنتۆنینی کارەکەی ڕەت کردەوە، ئەمەش ڕایتی هان دا لە ئەلبوومیDark Side دا دووبارە زیندووی بکاتەوە.

5- تراکیHave A Cigar  لە ئەلبوومی Wish You Were Here (1975)

واتێرز دوای پێدانی دەنگی سەرەکيی ئەم تراکە بە گۆرانیبێژ و گۆرانیدانەر (ڕۆی هارپەر) پەشیمان بووەوە. بەڵام پێدانی ئەمە بە هارپەر شتێکی باشبوو بۆ واتێرز تا ئەو گەمژانە تۆمەتبار بکات کە لەکاتی سەرکەوتنەکەی ئەلبوومی Dark Side of the Moonدا لە ئاستی فلۆیدیان دەهێنایە خوارەوە.

Leave a comment