[چیرۆکى گۆرانیی خۆزگە لێرە بوويتايه‌]

لە ئینگلیزییەوە: پەریا حەمەجان

 

(دیوە تاریکەکەی مانگ-The dark side of the moon) ناوی ئەو ئەلبوومەیە کە پینک فلۆیدی به‌ لووتکەی ناوبانگ گەیاند. لە مێژووی میوزیکی ڕۆکدا کارێکی زۆر ناوازه‌ و نوێ بوو. هاوكات باندەکەی خستە بەردەم ئەرکێکی دژواره‌وه‌ بە لەناوبردنی ته‌ماح و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی شتێکی تایبەت و جیاواز هاوشێوەی ئەم ئەلبوومە.

هەرچۆنێک بێت لە ١٢ی سێپتێمبەری ١٩٧٥دا ئەلبوومی (خۆزگە لێرە بوويتايه‌-wish you (were here بڵاو کرایەوە. ئەلبوومێکی ناوازەیە و شایان بە پێشەنگییەکەیەتی، کە هەتا ئەمڕۆ یەکێکە لە شاکارەکان و ١٥ ملیۆن کۆپيی لێ فرۆشراوە و یەکێکە لە سەرکەووتووترین بەرهەمەکان، کە ڕەنگدانەوەی چارەنووسە تراژیدییەکەی سید بارێت (Syd Barrett)ـه‌. بە هۆی نەبوونی مۆڕاڵ و ئاکاری باشه‌وه‌ لە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی میوزیکدا، ئەندامەکانی باندەکە لەو سەردەمەدا نامۆ و گۆشەگیر بوون، هەر لەبەر ئەمەشە هیچ سەیر نییە کە گیلمۆر (Gilmour) و ڕایت (Wright) بە هۆی هەست و سۆز و ئاڵۆزییەکەیەوە ئەلبوومی خۆزگه‌ لێره‌ بوويتايه‌يان زۆر په‌سه‌ند كرد.

لە ئۆکتۆبەری ١٩٧٣دا بەرەو ستودیۆ ڕۆیشتن و دەستیان بە كارکردن لەسەر نۆیەمین ئەلبوومیان (ديوه‌ تاريكه‌كه‌ى مانگ) کرد، کە لەو سەردەمەدا لە لووتکەی سەرکەوتندا بوو و ئەو ناوبانگە زۆرەی کە بە دەستی هێنابوو، وای کرد باندەکە ويستێكى زیاتریان هەبێت و هەست بکەن کە ناچارن کاری باشتر و تازه‌تر بکەن، بەڵام سستی و خاوی لە کارەکانیاندا سه‌رەنجامێکی باشی لێ نەکەوتەوە. تەنانەت شتەکان بەرەو خراپتریش چوون، چونکە ئەندامانی باندەکە چیتر وەکوو جاران لێک نزیک نەبوون. هەریەک لەوان دەیویست پێگەیەک بۆ خۆی بە دەست بهێنێت. ڕێکخەری باندەکە پاش گەڕان بە دوای چارەسەرێکی گونجاودا، توانی سید بارێت بەوە قایل بکات کە لە ستودیۆکەدا لەگەڵیاندا بەشدار بێت، بەڵام دواى تەنها سێ ڕۆژ سيد بە یەکجاری لە باندەکە دابڕا. چەندان هەوڵی تری شکستخواردووشی بە دوادا هات، بەڵام لە گەڕاندنەوەی هاوڕێکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون.

واتێرز، گیلمۆر، ڕایت و مەیسن لە کۆتایيدا لە مانگی ١ـی ١٩٧٥دا گەڕانەوە بۆ ستودیۆ، کاتێک بیرۆکەکەی واتێرز هيواى ئەلبوومێکی نوێی تێدا زیندوو کردنەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەندامانی باندەکە زۆر بە ئەستەم دەیانتوانی هه‌موويان لە یەک کات و شوێندا کۆ ببنەوە. زەروورەتی پێوەندییەکەیان و دابڕانیان لە بارێت (Barrett) بووە هۆی ئەوەی ئەلبوومەکە ناو بنرێت Wish you were here. ڕۆژەکە هات، لە ٥ـی حوزه‌يرانى ١٩٧٥دا لەکاتی دوايين ڕیکۆردی shine on you crazy diamond میوانێکی چاوەڕواننەکراو لە ستودیۆی Abbey Road  دەر کەوت. واتێرز لە ئەندامانی ستافەکەی پرسی: (ئەو پیاوە دەناسن؟) ئاخر خۆی دڵنیا نەبوو ئەو پیاوە نەناسراوە کێیە و بۆ چی دەگەڕێت. دواتر ڕایت بۆی دەر کەوت کە ئەوە سید بارێتە؛ به‌ له‌شولارێكى قه‌ڵه‌و و سەر و برۆی تاشراوەوە، دژوار بوو بە ئاسانی بناسرێتەوە. وەکوو به‌ساڵاچوويه‌ك دەر دەکەوت، لە کاتێکدا تەمەنی تەنها ٢٩ ساڵ بوو.

واتێرز لەژێر کاریگەريی شێوەی نامۆی هاوڕێ کۆنەکەیدا تەواوی ئەلبوومەکەی بۆ هەستکردن بە تەنهایی و نامۆبوون لە خەڵکى و دابڕان لە جیهان تەرخان کرد. هەروەکوو ئەلبوومەکەی پێشتر، ئەم ئەلبوومەش -له‌ ١٩٧٣دا- ئەلبوومێکی کۆنسێپتی بوو، كه‌ لە (5) گۆرانی پێک هاتبوو و تەواوی گۆرانییەکانیش بە بێ جیاوازی لە لایەن ڕۆجەر واتێرزه‌وه‌ نووسرابوون. (Shine on you crazy diamond)  کە لە (5) پارچە پێک هاتبوو، یەکەم گۆرانی بوو لە ئەلبوومەکەدا، کە تایبەت کرابوو بە سید بارێت، تەنانەت یەکەم پیتی ناوەکەشیان لەسەر نووسیبوو. لە بەشی پێشەکییەکەیدا پەرداخی شەراب بە کار هێنرابوو کە بە ڕێژەی جیاواز پڕ کرابوون لە شلە و دەنگەکەیان بە نووشتانەوە و لوولکردنی پەنجەیان بە دەوری لێواری پەرداخەکەدا درووست دەکرد. ئەم گۆرانییە بەستراوەته‌وه‌ بە گۆرانيی دواترەوە کە (Welcome to the machine)ـە کە ڕەخنەیەکی توند بوو لەو چاوچنۆکییە زۆرەی بەسەر جیهانی میوزیکدا زاڵ بووبوو.

بەدوای ئەودا (have a cigar) دێت کە تاکە گۆرانییە لە ئەلبوومەکەدا لە لایەن میوانێکەوە وترابێت کە Roy Harperـە و هەڵگری پرسیارێکی تەنزامێزە: (ئۆو! هەر بەو بۆنەیەوە کامتان پینکن؟) ئەم پرسیارە جارێک لە لایەن هەوادارەکانیانەوە کرابوو کە نەیاندەزانی پینک فلۆید به‌ ڕاستى ناوی باندێکە.

(خۆزگه‌ لێره‌ بوويتايه‌) بە دەنگی گیتارە دوازدەساڵە بەناوبانگەکەی گیلمۆر دەست پێ دەکات، هەروەها پێشکەش کراوە بە سید و هەموو ئەو کەسانەی کە هەست بە ونبوونی خۆیان دەکەن. ئەلبوومەکە بە بەشێکی تری shine on you crazy کۆتایيی دێت. به‌رگى ئەلبوومەکە لە ستودیۆی Warner Bros لە لۆس ئەنجلس درووست کراوە. کە وێنەی Ronnie Rondell و Danny Rogersـی بە جلوبەرگی فەرمییەوه‌ و لەکاتی تەوقەکردندا لەسەرە، کە یەکێکیان بڵێسەی ئاگری پێوەیە. وێنەکە ئەو بارودۆخانە بەرجەستە دەکات کە مرۆڤەکان تێیدا هەستی ترس لە سووتانیان دەرنابڕن، هەروەها لەسەر پشته‌وه‌ى به‌رگى ئەلبوومەکە پەیامێکی شاراوەی تر لە فۆڕمی فرۆشیارێکی بێڕووخساردا هه‌يه‌. بێ مەچەک و لەنێو قاتێکی بەتاڵ لە بیاباندا ڕۆحی خۆی دەفرۆشێت.

(خۆزگه‌ لێره‌ بوويتايه،‌) لەوانەیە نه‌ وەک (ديوه‌ تاريكه‌كه‌ى‌ مانگ) شۆڕشگێڕانە بێت و نە هيواخواز وەکوو (ديواره‌كه ‌the wall،) بەڵام بە دڵنیاییەوە شوێنێکی تایبەتی لە دڵی فانەکانی فلۆیددا هەیە. ئەم ئەلبوومە تایبەتە بە هەرکەسێک، كه‌ ئه‌گەر بۆ جارێکیش بێت، هەستی بە نۆستالژی کردبێت، هەروەها دەنگدانەوەی گیتارەکەی گیلمۆر(Gilmour)  لەگەڵ ئەو دەنگە غەمگینەی گوێگرتن لە گوێگرەکەدا بۆ زیاتر لە چل ساڵ ڕکه‌بەريی لەگەڵ کاتدا کردووە. بە داخەوە دوای دە ساڵ ڕۆجەر واتێرز(Roger Waters)  باندەکەی به‌ جێ هێشت و لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەم گۆرانییانە تەنها دووبارە لە فێستیڤاڵیLive 8 دا لە لەندەن لێ درانەوە. کاتێک گۆرانینووسەکە سه‌يری دواوەی کرد و وتی: (زۆر هەستبزوێنە کە دوای چەندان ساڵ لێرە لەگەڵ هاوڕێکانماندا بوەستین، کە چیتر لەگەڵ ئێمەدا نین… بێ گومان بە هۆی سيدوە.) لە ٢٦ـی حوزه‌يرانى ٢٠١٢دا دوای ئەوەی یەکەمين پەخشی  BBCدێکيۆمێنتارییەکەی John Edginton ناو نا (Pink Floyd،) چیرۆکی (Wish you were here) بە ئامادەبوونى هەرچوار مێمبەرەکە و کۆمەڵێك کەسی دیکە کە بەشێک بوون لە کارەکە، بڵاو کرایەوە.

Leave a comment