[گفتوگۆ لەگەڵ سید بارێت]

دیمانەساز ماکڵ واتس

لە ئینگلیزییەوە: شەن نيزام

 

مایکڵ واتس گفتوگۆ لەگەڵ سید بارێت -کە پێشتر ئەندامی پینک فلۆید بووە- دەکات. چیرۆکی سید بارێت زۆر و زەبەندن. بە نموونە، کەسێکی هێندە خۆپەرستبووە، بەرگەی نەگیراوه‌ و نه‌توانراوه‌ کاری لەگەڵدا بکرێت. لە پینک فلۆید دەر کراوە و بە دەست ناهاوسه‌نگيى دەروونییەوە ناڵاندوويه‌تى. جارێک بۆ پیاسە دەچێتە دەرەوە و لە دوورگەی ئیبیزا خۆی دەبینێتەوە. وەک بەشێک لە چارەسەرى دەروونی دەگەڕێتەوە بۆ لای دایکی لە کامبریدج و لەگەڵ ئەودا دەست بە ژیان دەکاتەوە. جار جار چووە بۆ ماڵی ڕیچارد ڕایتی ڕێکخەری فلۆید و لەوێ بۆ چەندان کاتژمێر  بە بێ ئەوەی فزەی لێوە بێت، دادەنیشت. هەندێک لە چیرۆکەکان ڕاسته‌قينه‌ن.

ڕۆجەر واتێرز: (لە دوايين کارەکان لە گرووپەکەدا هەموومان لە خاڵێکدا بووین کە کارکردن لەگەڵیدا زۆر قورس و دژواربوو…) کاتێک ئیمیلی لە لووتکەدا بوو، ئێمەش بۆ سێ هەفتە سێهەم بووین. ئێمە لە لووتکەی پۆپەکاندا بووین و لە هەفتەی سێهەمدا کە بە دەستمان هێنا، ئەو نەیدەویست بزانێت، ئەو چووبووه‌ ئاستێکی باوەڕپێنەکراوه‌وه‌. دەیگوت ئەم کارە ناکەم. لە کۆتايیدا بۆمان دەر کەوت کە هۆکارەکە ئەوەبووه‌ پێویستی نەدەکرد جۆن لێنن ببێتە لووتکەی پۆپەکان. هەر لەبەر ئەو هۆکارە نەیکرد.

لە دوو ساڵی پیشوودا دوو ئەلبوومی بە ناوه‌كانى (بارێت،) (مادکەپ لاف)ـه‌وه‌ بڵاو کردبووه‌وە. بەرگی ئەلبوومی مادکەب وێنەی خۆیەتی کە لە ژوورێکی چۆڵدا لەسەر ئەژنۆ دانیشتووە. لە پشتیشەوە وێنەی کچێکی ڕووت هه‌يه‌ کە خۆی دەکێشێتەوە.

وێنەکە، کەشی گۆرانییەکانی دیاری دەکات، کە گەورە نەکراوە و نەڕازێنراوەتەوە، ناسەردەمیانە پوختە کراوە، بەهای دەرهێنانەکە پێشان دەدات. وێنەکە ڕەنگدانەوەی ئەو هەستە بوو کە لەناو گۆرانییەکەدا دەبینرا، لەبەر ئەوەی هەرتاکێک سەرنج بخاتە سەر وشەی گۆرانیيەکە و کاریگەرییەکانی لەسەری، لە کارەکانی نیانی، هۆگربوون و هۆشیاری دەتوانیت هەستى پێ بکەیت.

سید بارێت هات بۆ لەندەن. هەفتەی پێشوو لە ئۆفیسەکەدا گفتوگۆی لەسەر ئاوازدانەرەکەی کرد، کە یەکەمين چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانى بوو بۆ نزیکەی ساڵێکە. قژی زۆر بە کورتی بڕیوە تا ڕادەی کەچەڵبوون، کەواتە ئەو زۆر بەئاگایە لەوەی لە دەوروبەريدا چی ڕوو دەدات، بەڵام گفتوگۆيه‌کانی زۆر جار نامۆن. هەردەم بە یەک جۆر فاشیۆن بەردەوام نەدەبوو. لە نادیاريی ڕۆڵی خۆيشی لە میوزیکی جیهاندا ئاگادارە. وتی: (هەرگیز خۆم بە هەڵە نەسەلماندووە. پێویستە خۆم بسەلمێنم کە ڕاستم.) لەوانەیە ئەو هەمووی بۆ دەر کەوتبێت، هەروەکوو چۆن لە ئەلبوومی ئەختەبووتدا (پیاوە شێتەکە بە پیاوى نێو ئاوەکە پێکەنى.)

مايكڵ واتس: لەدوای به‌ جێهێشتنی فلۆیده‌وه‌ -جگە لەو دوو ئەلبوومەی خۆت- چ کارێکی ترت کردووە؟

سيد بارێت: ڕاستييه‌كه‌ى من وێنه‌ ده‌كێشم. لەسەر ئەوەش پێشتر کارم کردووە. لەوانەیە کەمتر وێنە بکێشم لەچاو ئەوەی دەبوايه‌ بیکەم. لەوانەیە کارێکی زۆر باش بوایە ئه‌گەر لە کای شێوەکارییم بکردایە! بە هەرحاڵ دانیشتووم خەریکی نووسینم. بابەتی هونەرە جوانەکان هەردەم بۆ من زۆر بوون، تا بیريان لێ بکەمەوە. ئەوەی زیاتر لەگەڵیدا خەریک بووم، سەرکەوتنم بوو لە بابەتی هونەريدا لە کۆلێج، بەڵام ئەو هەستەی ژەنینم لە (یو-ئێف-ئۆ) فەرامۆش نەکرد و لەو جۆرە شوێنانە بەو ڕۆشناییانەوە ئەو ڕاستییەی گرووپەکە گەورەتر و گەورەتر دەبوو. من لەگەڵ دایکمدا لە کامبریج بووم. زۆر باشتر ڕاهاتم لە ڕووی بەرکەوتنمه‌وه‌ لەگەڵ منداڵەکاندا. خاڵم… بە گشتی وا لەگەڵ بوونی خێزانەکەمدا ڕادێم و لە ژێرزەمینەکەدا کار دەکەم، بەڵی لە ژێرزەمینەکەدا.

مایکڵ واتس: دەتەوێت لە داهاتوودا وەک میوزیکژەنێک دەر بکەویت یان وه‌كوو شێوەکارێک؟

سید بارێت: لەو بڕوایەدام لە کۆتاییدا وەک شێوەکارێک دەر دەکەوم.

مایکڵ واتس: دەتوانیت بڵێیت ئەم دوو ساڵەی کۆتایی وەکوو خۆڕێکكردنەوەیەک بووبێت بۆت؟

سید بارێت: نەخێر، لەوانەیە ئەمە پێوەنديی بەوەوە بێت کە هەستم دەکرد چی بۆ موزیک دەکرێت باشتر بێت و کارەکانم بە گشتی چۆن به‌ ڕێوه‌ ده‌چن، چونکە وام هەست دەکرد منیش پێویستم بە کارێکە بیکەم، هەرگیزیش دانم پێدا نەناوە، چونکە من کەسێکم دان به‌ هيچدا نانێم.

مایکڵ واتس: چیرۆک هەبوو لەسەر ئەوەی تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ کۆلێج، یاخۆ لە کارگەیەکدا دەست بە کارێک دەکەیت.

سید بارێت: بە دڵنیاییەوە. بۆ ژیانم لە کامبریج پێویست بوو کارێک بکەم لێرە خۆمی پێوە سەرقاڵ بکەم. لەوانەیە باشتر بوایە دەستم بە کارێک بکردایە. تا ئێستا دەستم بە هیچ کارێک نەکردووە. من ڕانەهاتووم بە دەستپێکردنی کاری خێرا و زوو وازلێهێنانى، بەڵام دڵنیام دەشێت ڕوو بدات.

مایکڵ واتس: باسی فلۆیدم بۆ بکە! چۆن دەستتان پێ کرد؟

سید بارێت: ڕاجێر واترس بە تەمەن لە من گەورەترە. ئەو لە تەلارسازی لە لەندەن دەیخوێند. من ئەوکات لە کامبریج دەمخوێند. لەو بڕوایەدام پێش ئەوەی بڕۆم بۆ کامروێڵ (کۆلێجی هونەر،) لە چوون و نەچوونم بووم بۆ لەندەن. من لەگەڵ ئەودا لە هایکەیت دەژیام. پێکەوە دەماینەوە و پاسێکمان هەبوو زۆربەی کاتەکانمان لەوێ دەبووین. خولیای ژەندنى گیتارمان هەبوو. من زۆر بە خێرایی دەستم بە فێربوونی ئەو ئامێرە کرد. لە کامبریج زۆر نەمدەژەند، چونکە من خوێندكارى هونەر بووم، خۆت دەزانیت، بەڵام زۆر بە خێرایی دەستم بە ژەندن کرد و لەوێوە ئيدى دەقی پڕۆفیشناڵانەم دەنووسی.

بۆ وازت لە کارکردن لەگەڵ ئەواندا هێنا؟

سید بارێت: ڕاستییەکەی ئەوە شەڕێک نەبوو، هەست دەکەم شتەکان بە جۆرێک ڕوویان دا کە ئاماده‌کراو نەبوون، لەو بڕوایەدا نەبووین بابەتەکە شتێک بێت بتوانين ئه‌و كاته‌ بڕیاری له‌باره‌وه‌ بدەین. مەبەستم ئه‌وه‌يه‌ ئێمە جیا بووینەوه‌. هەروەها کێشەمان زۆر بوو. لەو بڕوایەدا نیم پینک فلۆید هیچ کێشەیەکی هەبووبێت، بەڵام من بینینێکی خراپم هەبوو. لەوانەیە هی خۆگۆڕین بێت، ئوتوموبێلێكى بچووکت پێ بێت و هەموو بەریتانیا بگەڕێیت. هێشتا…

مایکڵ واتس: بە بڕوای تۆ ئەمانە هەمووی لە پشتی گيلمۆرەوە بوو؟

سید بارێت: نازانم، لەوانەیە وا دەر کەوێت ئەمانه‌ لە پشتی یەکێکەوە بن، بەڵام من وای دانانێم به‌ كه‌سه‌وه‌ پيوه‌ست بن.

مایکڵ واتس: چیرۆکێک هەیە دەڵێت ڕه‌نگه‌ ئەمانە پێوه‌ندييان بە ژەهراویبوونتەوە -به‌ ئەسید- هه‌بێت؟

سید بارێت: نازانم. لەو بڕوایەدا نیم پێوەنديی بە کارەکەوە هەبێت. من ته‌نها ژەندنه‌کە دەزانم. بوون بە مۆسیقار زۆر هەیه‌جانبەخشه‌. یەکێک گیتارێکی سیلڤەر هەڵگرێت باشترە یان ئاوێنەیەك لەوەی وەکوو هەندێک له‌ خەڵکی لەندەن لەسەر جادە و قادرمەکان کەوتوون؟ کۆنسێپتە گشتییەکە ئەوەیە زۆر بە ئاگانەبووم لەوەی دەبوايه‌ ئەو کاتە بیکەم. مەبەستم ئه‌وه‌يه‌ كه‌ پۆزیشنی یەکێک لە گرووپێکی گەنجانەی لەندەن، نازانم تۆ بە چی ناوی دەبەیت! ژێرزەمین بە پێی پێویست هەست پێ نەکرا و گەورە نەکرا، بە تایبەتی لە ديدى گرووپەکەوە.

لە یادمە لە (یو-ئێف-ئۆ) هەرهەفتەیە و گرووپێک دەهات و دەڕۆيشت. دەهاتن و دەڕۆيشتن و بیرم نەدەکردەوە ئەوەندە چالاک بووبێت لەوەی هەبووە. بە ڕاستی پێم سەیر بوو کە یو-ئێف-ئۆ تەواو بوو. جۆی بۆید هەموو کارەکانی بە تەنها دەکرد. زۆرم پێ سەیر بوو کە وازی هێنا، ئەوەی ئێمە دەمانکرد، میکرۆبێک بوو لەناو ئەو هەموو فەلسەفەدا و کەمێک بچووک دەر دەکەوت. ئەو ڕاستییەی کە دەبوو نمایشەکە یەکبگرێتەوە ئەو ڕاستییەی کە ئێمە لە شوێنی گرانبەها نەدەماینەوە و شتی گرانبەها لە دەوروبەرمان نەبوو، من هەردەم پشتگیريی ئەو ژیانە گرانبەهەیانە دەکەم. لەوانەیە به‌ هۆى ئەوەوه‌ بێت كه‌ من زۆر کار ناکەم.

مایکڵ واتس: ئايا تۆ بە هیچ شێوەیەک لەکاتی هایدەی لەناو باندە ڕۆکەکاندا بە ئەسید ئالوودە نەبوویت؟

سید بارێت: نەخێر، ئەمە هەمووی پێوەنديی بە ژیانه‌وه‌ بوو لە لەندەن. ئەوەندە بەبەخت بووم، هەردەم بیرم لە گەڕانەوە کردووەته‌وه‌ کە چایەک بخۆمەوە و لە کوخێکدا دابنیشم، ئەوەندە بەبەخت بووم بتوانم ئەمانە هەمووی بکەم، هەموو ئەو کاتانە، ئێستا ئەوەت بە یاد هێنامەوە، وا بیرم دەکردەوە ئەمە بە چێژ بێت، وا بیرم دەکردەوە ئامێری نەرم، بەچێژو باش بێت، ئەوان یاريی مادکەپیان دەکرد، جگە لە کێڤین ئایرس.

مایکڵ واتس: ئایا تۆ هەوڵ دەدەیت گۆرانییەکانت زیاتر وەک جەو گۆڕین دەر بکەون لەبری گێڕانەوەى  چیرۆکێك؟

سید بارێت: بەڵی بە دڵنیاییەوە زۆر سامناک دەر دەکەوێت ئه‌گەر گرنگيی زۆر بە ئاوازەکە بدەیت. وشەکان زۆر سادەن، خۆت دەزانيت. هەست دەکەم من دەبۆڵێنم. بە ڕاستی لەو بڕوایەدام هەموو کارەکە پێوەنديی بە منەوە هەیە کە گیتارژەنێکم و کەمترین کارم لەسەر کردووە. ئەم یەک-دوو ساڵەی کۆتایی لە گرووپەکە و بەریتانیا و تەنانەت ئەورووپاش، دواتر گەڕانەوە و کردنی کەمترین کار، لەبەر ئەوە بە ڕاستی نازانم چی بڵێم! لەو بڕوایەدام دەتوانن وەک زیادەیەک سەیر بکرێم، تا ڕادەیەک هەست ناکەم چالاک بم، بەو شێوازە ویژدانم بە تەواوی ئازادترە.

مایکڵ واتس: لەو بڕوایەدايت هێشتا لە یادی خەڵکدایت؟

سید بارێت: بەڵی، لەو بڕوایەدام.

مایکڵ واتس: بۆچى چه‌ند میوزیکژەنێك کۆ ناکەیتەوە و لەسەر ڕێگه‌کان وەک گیگ دەر کەون؟

سید بارێت: لەو بڕوایەدابووم هه‌ر ڕیکۆردکردنیش کارێکی باش بێت، به‌ڵام گەڕان و ژەندن پێکەوە لەوانەیە کارەکە مەحاڵ بکات.

مایکڵ واتس: لە بيرى ئه‌وه‌دا نيیت له‌ دوو ساڵی دادێت بە لایڤ میوزیک لێ بده‌يت؟

سید بارێت: بەڵی، زۆریش…

مایکڵ واتس: ئەم ماوەیە میوزیکژەنی لێهاتووت بە دەوره‌وه‌ بووە؟

سید بارێت: بەڵێ.

مایکڵ واتس: چەنده‌ کەشەکەی ئەوان بە گرنگی دەبینی، ئایا ئەوان میوزیکژەنی توانابوون یاخۆ تەنها لەگەڵیاندا هەڵتدەکرد؟

سید بارێت: پێم شەرمه‌ بڵێم لەگەڵیاندا هەڵمدەکرد. بە دڵینیاییەوە ئەوان میوزیکژەنی توانابوون، بە ڕای من ئەوان تایبەتن و دەبێت بەردەوام بن.

مایکڵ واتس: کە واتە دەڵێيت تۆ کەسێک بوويت، قورس بووه‌ لەگەڵتدا هەڵبکەن؟

سید بارێت: نەخێر، هەست دەکەم تەنها بێسەبرییەکەم کێشەیە، لەبەر ئەوەی کارێکی زۆر ئاسانە. دەتوانیت لە جێی خۆتەوە گیتار بژەنیت، خۆت دەزانیت دەتوانرێت قژت درێژ بێت، بەڵام کارى زۆرتر هەیە کە بتوانيت بیكه‌يت، وەکوو گەشتکردن بە دەوری جیهاندا.

مایکڵ واتس: بۆچى هەوڵ نادەیت بە تەنها میوزیک بژەنیت؟ لەو بڕوایەدام زۆر سەرکەوتوو ده‌بیت؟

سید بارێت: بەڵێ، کارێکی ناوازەیە. تەنها ئامێری مۆسیقاکەم هەیە. بلاک-فیندەرێکم هەیە کە پێویستە بیگۆڕم. هیچ کابۆیەکی شینم نییە، بەڵام بە ڕاستی میوزیکی کارەبایی هەڵدەبژێرم.

مایکڵ واتس: گوێگری چ ڕیکۆردێکی موزیکیت؟

سید بارێت: ڕاستييه‌كه‌ى زۆر نەمکڕیوە، بەڵام لەم دوايیانەدا گوێ له‌ ما رەینی دەگرم، زۆر ناوازەیە.

مایکڵ واتس: ئایا گوێ لە بلوس دەگریت؟ لە نوسینەکانتدا پشتیان پێدەبەستیت؟

سید بارێت: لەو بڕوایەدام گرووپی جیاواز کاری جیاواز دەکەن، هەندێک جار گوێگرتن لە سلەید ناوازه‌يه‌.

مایکڵ واتس: ئایا بە نیازی بەشی سێیەمی سۆلۆیت؟

سید بارێت: بەڵێ، هەندێک گۆرانی لە ستودیۆکە ئامادەن و هەندێک تەیپیش، ده‌بنه‌ ١٢ دانه‌. گۆرانيی باشیشن. پێم وايه‌ بتوانم ئەم کارەیان بە تەنها بکەم. هەردەم وا ئاسانتر بووە.

Leave a comment