[دیواری ڕۆک]

کۆلین کازمۆ مۆرفی

لە ئینگلیزییەوە: هەنار کەمال

 

ڕۆجەرز واتێرز دەڵێ: (باوەڕم وایە ئەلبوومی دیوارەکە سەرسووڕێنەر بوو. چ بیرۆکەیەکی نایاب بوو! زۆر بە باشی کۆی کردبوونەوە.)

وەک ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی پینک فلۆید و ژەنیاری گیتاری ئەليکترۆن، ڕۆجەر واتێرز هەرگیز خۆی لە بابه‌ته‌‌ گرنگەکان بە دوور نەگرتووە. لە ئەزموونی خۆیەوە لەسەر نەخۆشیيە مێشکیيەکان و مردن، ڕوونی کردوونەتەوە و گرنگی و هاوخەميی مرۆڤایەتی لە ئەلبوومی (dark side of the moon) و کاریگەريی ئەو لەسەر هەستی باندەکە دوای سەرکەوتنە سەرسووڕێنەرەکەیان و باسی سەرسووڕێنەريی نمایشە هونەریيەکە و لەدەستدانی سەرکردەی پێشوویان (سید بارێت)ـی لە گۆرانيی (wish you were here)ـدا کردووە. ڕامیاريی کۆمەڵایەتی لە ئەلبوومی (ئاژەڵان) کە ڕێخۆشکەر بوو بۆ هێرشێکی ئابڕووبەرانە بۆ سەر دەسەڵاتی گەندەڵی مرۆڤایەتی کە ئیلهامی لە ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵان)ـی جۆرج ئۆروێڵەوە وەرگرتبوو‌. هەرچەندە ئەم سێ ئەلبوومە (کۆنسێپت-ئەلبووم[i]) نین لە چاو ئەلبوومی (Tommy)ـى گرووپی (The who) بەڵام ئەلبوومەکان زیاتر ئيلهامیان لە ئاوازێکی تایبەتەوە وەرگرتوە.

هاوشێوەی ئەلبوومی Tommy، ئەلبوومی دیوارەکەش چیرۆکێکی تەواوە بە دەستپێک و ناوەند و کۆتاییەوە (سەرەڕای ئاماژەدانی ناڕاستەوخۆی کۆتایی بە دەستپێکی بازنەی خاڵی (viciousycle) و ئۆپێرای ڕۆکی ڕاستەقینە کە چیرۆکی (نامۆبوونی خۆ) دەگێڕێتەوه‌.

پێش تۆمارکردن، پینک فلۆید لە گەشتێکی هونەری و لە یاریگه‌یەکی گەورەدا تووشی ڕووداوێک بوو. واتێرز ڕق و سووکایەتيی بەرانبەر ئامادەبوویەک نیشان دا کە گۆرانیيەکەی دەوتەوە و سەری لێ تێک ئەدا. زۆر خراپ بوو! واتێرز تفی تێ گرت (پێم باش بوو بەرانبەر گوێگرەکان ڕێز بنوێنێت.) بیری لە درووستکردنی دیوارێک دەکردەوە لە نێوان گرووپ و گوێگرەکاندا (فانەکانیان و هەوادارانيان.) ئەمە هاندەر بوو بۆ درووستکردنی چیرۆکێکی بەردین بە بلۆکی خەیاڵی، (ئەمە ئیلهامبەخش بوو بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبوومی دیوارەکە).

کاتێک دەیڤد گێلمۆر و ڕیچارد ڕایت چوون بۆ فەڕەنسا بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبوومی موزیکيی خۆیان، نیک مەیسن لەپێناو ستیڤ هێلجدا لە سێتی بەرهەمهێناندا مایەوە. واتێرز دەستی بە نووسینی چیرۆک و بیرۆکە بۆ دوو ئەلبوومی جیاواز کرد: یەکێکیان له‌بارەی کارەکتەرێکه‌وه‌ بوو بە ناوی (پینک) کە بە شێوەیەک لە ژیانی خۆیەوە هەڵقوڵابوو. وەک واتێرز، پینک لەگەڵ هەستەکانیدا مابووه‌وه‌. بە هۆی مردنی باوکييه‌وه‌ لە دووه‌مين جەنگی دنياگره‌وه‌دا -و هه‌روه‌ها بە هۆی ڕەفتارى زۆردارانه‌ و چاودێریکردنە له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌‌كانى دایکی و مامۆستا جنێوفرۆشەکەشييه‌وه‌- تووشی کۆستی دەروونی بووبوو. [به‌ڵام] لە کۆتاييى ئەمانەدا دەبێت بە ئەستێرەیەکی ڕۆک. خراپيی ژیانی و سەرکەوتنی هۆکار بوو بۆ خۆبەدەستەوه‌دانی پینک بۆ ماددە هۆشبەرەکان و ناپاکيكردنى خێزانی و توشبوون بە هەلوەسە و بوونى بە فاشیستێکی توندڕۆ.

لەوانەیە ئەندامە ماوه‌وه‌كانى پینک فلۆید، بە سەرکردایەتیکردنی گرووپەکە له‌ لایەن واتێرزەوە سەرسام نەبووبن. لە ماوەی تۆمارکردنی ئەلبوومی دیوارەکەدا، پێوەنديی ئەندامەکان زۆر لاواز بوو (بۆب ئەزرن)ـی بەرهەمهێنەریان هێنایە گرووپەکەوە تا یارمەتیيان بدات. واتێرز پێی وابوو ڕایت هاوکاريی گرووپەکە ناکات. لە کۆتایيدا ژەنیاری کیبۆردی گرووپەکەی دەر کرد، ئەمەش دوای ئەوە بوو كه‌ (ڕایت) ڕەتی کردەوە پشووەکەی کەم بکاتەوە، تا ئەلبوومەکە تەواو بکەن و لە سەری ساڵدا بڵاوی بکەنەوە، بەڵام لە کۆتايیدا ڕایت ئەو کەسە بوو کە پێکەنی و ئەرکی خۆی لە گەشتی تایبەت بە ئەلبوومی دیوارەکەدا جێبه‌جێ كرد. وەک موزیکژەنێکی مووچەخۆر زیاتر لە ئەندامە سەرەکیيەکانی گرووپەکە پارەی پەیدا کرد، کە نیوەی پارەی بەرهەمهێنانیان دابین کردبوو.

ئەلبوومی دیوارەکە هاوشێوەی براگەورەکەی ئەلبوومی (دیوە تاریکەکەی مانگ،) هەمان ناوبانگ و پێشوازيی بە دەست نەهێنا. ئه‌وه‌ش بە هۆی هەندێ ڕاپۆرتی زۆر لەخۆڕازیيانەوه‌ بوو لە لایەن ئەستێرەیەکی ڕۆکی تەمەن-مامناوەندەوە (ئاواز جارێکی تر بۆ ئەلبوومی تانوپۆی گەشتکردن قسەی لەسەر کرایەوە.) لەبەر ئەوەی ئەلبوومی دەبڵ بوو، داهاتەکەی نەیکردە پڕفرۆشترین ئەلبوومی پینک فلۆید، بەڵام بووە سێیەم پڕفرۆشترین ئەلبووم لە مێژووی ئەمه‌ریکادا. بە میلۆدی و ئاوازی لەبیرنەکراوی گیلمۆری گیتارژەن و چیرۆکە نایابەکانی واتێرز ئەلبوومی دیوارەکە هێشتا شایانی گوێگرتنە.

 

 

[i] ئەو ئەلبوومانەن کە گۆرانییەکانیان خاوەن هەمان بیرۆکەن

Leave a comment