پێدرۆ ئەلمۆدۆڤار و بیرەوەرییەکانی کەرەنتینە
بەشی یەکەم
لە ئینگلیزییەوە: هەنار کەمال
گەشتێکی درێژ تا شەو
تا ئێستا ڕەتم دەکردەوە بنووسم. نەمدەویست بەڵگەی نووسراوی ئەو هەستانە بە جێ بێڵم کە ئەم چەند ڕۆژەی سەرەتای خۆپارێزی بێزاریان کردووم. لەوانەیە هۆکارەکە ئەوەبێت، یەکەمين شت کە بۆم دەر کەوت، ئەوەبوو كه ئەم بارودۆخە زۆر جیاوازيی لەگەڵ ڕۆتینی ڕۆژانەمدا نییە. وا ڕاهاتووم پشت بە خۆم ببەستم و هەمیشە نائارامم. دۆزینەوەیەکی دڵخۆشکەر نییە. نۆیەم ڕۆژی سەرەتا ڕەتم دەکردەوە یەک تێبینیيش بنووسم، بەڵام ئەم نیوەڕۆیە لە هەواڵەکاندا چاوم بە سەردێڕێك کەوت کە زیاتر لەوە دەچوو کۆمیدیای ڕەش بێت: (یاریگا سەهۆڵیيەکانی مەدرید دەبن بە نەخۆشخانە.) لەوە دەچوو فیلمێکی ئیتاڵيايى بێت، لە مەدرید ڕوو بدات. یەکێک بوو لە ترسناکترین هەواڵەکانی ڕۆژ. ئەمڕۆ یانزەهەمین ڕۆژی خۆپارێزیمە. لە ڕۆژی هەینی، 13ی ئازارهوه دەستم پێ کرد. لەو کاتەوە خۆم بۆ قبووڵکردنی شەو و تاریکی ئامادە دەکەم، لەبەر ئەوەی بەو جۆرە دەژیم وەک ئەوەی لە دارستاندا بم. دوای ئەو ڕیتمە دەکەوم کە تاریکی لە پەنجەرەکان و بالۆنەکەوە دێتە ژوورەوە. بەهارە و كهشهكهشى تەواو بەهارانەیە. ئەمە یەکێکە لە هەستە جوانەکانی ڕۆژانە. هەندێ جار بیرم دەچێتەوە کە بەهارە. تیشکی خۆر و بڵاوبوونەوە بەرفراوانەکەی گەشتی دوورودرێژی ڕۆژ تا شەو. گەشتێکی درێژ تا شەو، شتێکی تۆقێنەر نییە، بەڵکوو چێژبەخشە (یان ئەوەیە کە حەزم لێیەتی، ڕەتکردنەوەی ئەو ئامارە بە ئازارەی کە هەیە.) وازم لە تەماشاکردنی کاتژمێرەکەم هێنا، تەنیا سهرنجى هەنگاوەکانمم دهدا و دهمژماردن، کاتێک بە داڵانەکەی ماڵەوەدا ڕێم دەکرد. هەمان ئەو داڵانەی کە تێیدا (جوولیتا سێرانۆ) سەرزەنشتی (ئەنتۆنیۆ باندێراس) دەکات کە نەبووهتە منداڵێکی باش، باسی من دەکات. تاریکیيەکەی دەرەوە پێم دەڵێت ئیتر شەوە، بەڵام شەو و ڕۆژ هیچ پلانیان نییە، بە درێژاييی ڕۆژ وازم لە پەلەکردن هێناوە. ئەمڕۆ 23ـی ئازارە، هەستەکانم پێم دەڵێن ئێستا ڕۆژەکان درێژترن، دەتوانم ماوەیەکی درێژتر چێژ لە تیشکی خۆر وەربگرم. هێشتا بە پێی پێویست ئاسوودە نیم بۆ دەستکردن بە نووسینی چیرۆکی خەیاڵی. هەموو شتێک لەکاتی خۆیدا ڕوو دەدات، هەرچەندە هەندێ ڕووداوم لە خەیاڵدايە، هەندێکیان زیاتر سرووشتێکی قووڵیان هەیە. (دڵنیام لە کۆتایيی ئەم کەرەنتینەدا ڕێژەی منداڵخستنەوە زیاد دەبێت، زۆریش دڵنیام کە جیابوونەوە زۆر دەبێت، وەک سارتەر دەڵێت: “هەندێک کەس وەک جەهەننەم ئازاربەخشن.” هەندێک کەپڵ ڕووبەڕووی هەردوو حاڵەتەکە دەبنەوە، جیابوونەوە و زیادبوونی ئەندامێکی نوێش بۆ خێزانە پەرتبووەکەیان؛) ئەم واقيعەی ئێستا وەک چیرۆکێکی خەیاڵی، تێگەیشتن لێى ئاسانترە، وەک لە چیرۆکێکی ڕاستی. بارودۆخی جیهان و ئەم ڤایرۆسە لە چیرۆکی زانستی و خەیاڵيی ساڵانی پەنجا دەچێت، یان پڕوپاگەندە سەرەتاییەکانی دژ بە کۆمۆنیست سەردەمی جەنگی سارد. فیلمە ترسناکەکان و ئەوانەی دژ بە کۆمۆنیستن (بە تایبەتی ئەوانەی لە ڕۆمانەکانی ڕیچارد ماتثنەوە وەرگیراون، وەکThe Incredible Shrinking Man, I Am Legend, The Twilight Zone. سەرەڕای بایەخپێدانێكى کەمی بەرهەمهێنەرەکانیان، ئەمانەشم لە خەیاڵدایە، یان هەرفیلمێکی تر کە لهبارەی بوونەوەری ئاسمانیيهوه بێت:The Day Earth Stood Still, D.O.A., Forbidden Planet, Invasion of the Body Snatchers
هەمیشە کەسە خراپەکان بەشێکن لە: (کۆمیتستەکان، پەنابەران و بوونەوەری ئاسمانی.) وەک موناقەشەیەک خزمەتی سیاسەتی گەلی کردووە، (هەرچۆنێک بێت بە دڵ پێشنیارتان بۆ دەکەم سەیری ئەو فیلمانە بکەن کە ناوم هێناون. هێشتا زۆر نایابن.) ڕاستييهكهى ترەمپ دڵنیایە لەوەی ئەم بارودۆخە درێژخایەنە لە فیلمە ترسناکەکانی ساڵانی پەنجادايه. ڤایرۆسەکەش پێی دەوترێت (ڤایرۆسی چینی.) ترەمپ نەخۆشیيەکی تری گەورەی سەردەمەکەمانە.
بڕیارم دا کەیفخۆش بم. لە بەر خۆمەوە گۆرانیم دەوت (بەڵام ئەمە پشووی هەفتە نییە، ڕۆژە ئاساییەکانی تەنیایی و خۆپارێزیمە.) بەرنامەیەکم بۆ سەیرکردنی فیلم و هەواڵەکان دانا و خوێندنەوە بۆ بەسەربردنی کاتە جیاوازەکانی ڕۆژ. ماڵەکەی من پەیمانگەیەکە، منیش نیشتەجێ بووەکەیم. هەندێ جووڵەی وەرزشیم بۆ زیاد کرد کە لە کۆتایيی ڕۆژدا بیانکەم، ئێستا کەئابەمە، تاکە جووڵەیەک کە دەمکرد، هاتن و ڕۆيشتن بوو بە ناو داڵانەکەدا هەمان ئەو داڵانەی لە فیلمی Pain and Glory جووليتا سێرانۆ و ئەنتۆنیۆ باندێراس دەردەدڵیان تێدا دەکرد.
بۆ پێش نیوەڕۆ فیلمی A Copی ژان پییەر مەلڤێل هەڵدەبژێرم. بۆ پاش نیوەڕۆیش یەکێک لە جەیمس بۆندەکان Goldfinger وابزانم باشترین شت لەم ڕۆژانەدا ئەم جۆرە سەرگەرمییانەن، بۆیە دڵخۆشبووم لە هەڵبژاردنەکەم، ئەڵبەتە پێش ئەوەی من فیلمەکە هەڵبژێرم ئەو منی هەڵبژارد.
بۆ یەکەم جار کە چاوم بە شۆن کۆنەری کەوت، لە خوانی ئێوارەدا لە فێستیڤاڵی کان لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو. سەرسام بووم بە زانیاریيەکانی لهبارەی فیلمهوه، بە تایبەتیيش بە پێی ئەو ڕاستیيەی لەوانەیە هیچ ئارەزووی لە کارەكەم نەبێت. چیتر لە ماربێلا ناژی، بەڵام هێشتا ئیسپانیای خۆش دەوێت. وەک دوو هاوڕێ جیا بووینەوە و ژمارەی تەلەفونەکانمان بە یەکترى دا کە دڵنیاش بووم لەوەی هەرگیز بە کاری ناهێنین.
لە کاتی بڵاوکردنەوەی فیلمی Talk to her تەلەفۆنی بۆ کردم، من کەسێکی هەوەسباز یان فشەکەر نییم.
بەڵام گوێگرتن لەوەی باسی فیلمەکانم دەکات، زۆر ههژێنهربوو. گوێگرتن لەو دەنگە قووڵەی کە هی ئەکتەرێکی باش، پیاوێکی سەرنجڕاکێشە. ئەو ئێوارەیە بیرم لە هەموو ئەم شتانە دەکردەوە کە سەیری فیلمی جەیمس بۆندم دەکرد. کەرەنتینە و شەو و (شۆن کۆنەری) پێشبڕکێی بیرکردنەوە و دابڕان بوو.
بۆ خولەکێک تەلەفزیۆنەکەم هەڵکرد، لە نێوان فیلم و بیستنی ئەوەی (لوسیا بۆسێ) بووەتە قوربانيی تۆرنادۆ (کۆرۆنا)کەدا، ئێمە تەنیا ناوەکەی دەزانین. یەکەم فرمێسکی ڕۆژەکەم ڕشت. لوسیا بۆسێ هەمیشە وەک ئەکتەر و ئافرەتێکیش بۆ من کەسێکی سەرنجڕاکێش بووە. ئەوم لە بیرە، لە فیلمەکەی دەرهێنەر، ئەنتۆنیۆدا. خانمێک بە جوانیيەکی بێوێنەوە، کات چەند سەیر تێدەپەڕێ، ڕووخسارە دووڕەگەکەی بۆ (Story of a Love Affair) کوڕەکەی میگێل بۆسێ ماوە، لە نێوان شتەکانی تردا دامناوە سبەینێ سەیری فیلمێکی ئەنتۆنیۆ بکەم.
یەکێکم لە هاوڕێکانی میگێل، ڕێزێکی زۆرم بۆ دایکی هەیە، لەژێر کاریگەريی بەهێزیيەکەیدا بووم کە وا دەر دەکەوت کەسێکی ئەبەدی بێت. وەک (ژان مۆرۆ، لۆرین بکاڵ، شڤێلا ڤارگێس، پینیا باش،) لوسیا یەکێک بوو لە ژنە پێشەنگە ئازاد و سەربەخۆکانی ژنانی سەردەم. هەموویان لە پیاوەکانی دەوروبەریان زۆر پیاوتر بوون. ببوورن بۆ ڕیزکردنی ناوەکان بەم جۆرە، بەڵام بهختياربووم کە ئەوانم ناسی و نزیک بووم لێیانەوە. ئەمە لایەنە خراپەکەی مانەوەیە. لە ماڵەوە به ئاسانى دەکەویتە خەیاڵی ڕابوردووەوە.
پێوەندیم بە میگێلەوە کرد، لە شاری مەکسیکۆ بوو. بۆ ماوەیەکی درێژ قسەمان کرد. چەند ساڵێک بەسەر دوا قسەکردنماندا تێپەڕیوە. سەڕەڕای ئەم بارودۆخە دڵتەزێنە، ویستم بۆ ناردنی گوڵی ئورکیدی سپی -بە درێژایيی سی ساڵی ڕابوردوو- لە یادی لەدایکبوونمدا سوپاسی بکەم. بێ گوێدانە ئەوەی لە کوێم، کە زۆربەی جاریش لە مەدرید نیم، هەموو کات لە 25ـی ئەیلوولدا ئینجانەیەک گوڵی ئۆرکیدی سپیم لەگەڵ کارتێکی گەورەدا بۆ دەنێرێت. تا مانگێک دەمێنێتەوە.
لایەنە باشەکەی نەبوونی پلان لەکاتی کەرەنتینەدا ئەوەیە پەلەکردن نامێنێت، قەلەقی و فشاریش. من بە سرووشتی خۆم هەمیشە نیگەرانم، هيچ كاتێك وەکوو ئێستا هەستم بە نیگەرانيی کەمتر نەکردووە. بەڵێ دەزانم ئەو بارودۆخەی ئەودیو پەنجەرەکە ترسناکە و دڵنياکەرەوە نییە، هەر لەبەر ئەوەیە حەپەساوم. نیگەران نیم. بۆیە بە توندی دەستم بەم هەستەوە گرتووە، تا بەسەر ترس و گومانەکانمدا زاڵ بم. بیر لە مردن یاخۆ مردووەکان ناکەمەوە. کارە سەرەکیيەکەم بۆ من شتێکی تازەیە، بە گشتی خوویەکی خراپم هەیە. وەڵامی مەسج نادەمەوە یان وهڵامى ئهوانهيان دەدەمەوە کە لە ئەحواڵی من و خێزانەکەمیان پرسیوە، لەبەر ئەوەی یەکەم شت قسەی بێمانا نین، وشەکان مانادارن. بە جدیيەوە جوابیان دەدەمەوە و هەموو شەوێک هەوڵ دەدەم بزانم خێزانەکەم و هاوڕێکانم چۆنن!
کاتێک ئیتر ڕووناکی نەما، تا لە پەنجەرەکەوە بێتە ژوورەوە، دەستم بە سەیرکردنی فیلمی Goldfinger کرد. جارێکی تر و زیاتر کەوتمەوە ژێر کاریگەريی شێرلی باسی و دەرکەوتنە کورتەکەی. شێرلی ئەو ئەکتەرە جوانەی پارەیەکی زۆری پێ درابوو تا بچێتە باوەشی جەیمس بۆندەوە. جەستەی بە ئاڵتوون داپۆشرابوو، لەسەر جێگاکە پاڵ کەوتبوو بە بێ ئەوەی هەناسە بدات. هێشتا لە لایەن دەسەڵاتەوە یەکێکە لە بەهێزترین وێنەکان بۆ پێشاندانی خواست و چڵێسی و هەوەسبازی و شێتی. دوژمنێکی بەدەسەڵات کە تاکە ئاواتی لەناوبردنی جیهانە لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانیيەوە.
ناچاربووم لە سەیرکردنی فیلمەکە بوەستم بۆ وەڵامدانەوەی تەلەفۆنی خوشکەکەم (چوس.) ئهو پێى وتم لە کەناڵی دوودا سەیری فیلمێکی بەڵگەنامەیی دەکات، کە منی تێدام. فیلمە بەڵگەنامەیيەکە لە نیوەدا بوو. لە فیلمەکەوە چووم بۆ تەلەفزيۆن، فیلمە بەڵگەنامەیيەکەم دۆزیيەوه، لهبارەی گۆرانیبێژ (شڤێلا ڤارگێس)ـهوه بوو لە لایەن (درێشا کی) و (کاسرین گەند)ەوە ئامادە کرابوو. هەموو ئەوەی بینیم و بیستم گریاندمی. تووشی شۆکی کردم، هەرچەندە پێشتر ئەمەم بینیبوو، بەڵام ئەم ساتە لە هەموو ئەو ساتانەی تری ژیانم زۆر جیاوازتربوو. نەمدەتوانی هیچ بەراودکارییەک بکەم. تەنیا ئەوەندەم دەزانی لە هەمان کاتدا زیندانی و هەڵاتووم. ڕۆژبەڕۆژ کەمتر سەیری هەواڵەکانم دەکرد. هەوڵم دەدا ئەو ترس و نیگەرانیيەم نەهێڵم، ئەو ڕێگهچارەیەی پشتم پێ دەبەست (خۆشیوەرگرتن و هەڵاتن بوو.) هەرشتێک بێزارکەرنەبێت، تەنانەت کە پێشتریش سەیری ئەم فیلمە بەڵگەنامەیيەم لهبارەی شڤێلاوه کردووە. هەستێکی وای بۆ درووست کردم نەمدەویست و توانى جڵەوکردنیشیم نەبوو. تا دوا خولهكى بە دیاریەوە گریام.
بە یادەوەريی ئەو شەوانەی لە هۆڵی سارا کارکوڵ ئەوم ناسى، زۆر خرۆشام. شانۆی ئالبێنز، یەکەم هۆڵ کە وەک گۆرانیبێژ پێی تێ خست. مەکسیکیيە جیاخوازە ڕەگەزیيەکان نەیانهێشت بە پانتۆڵ و شاڵی مەکسیکیيەوە لەسەر شانۆکە بوەستێت، دەیانوت ئەوەی ئەو جلانە لە بەر بکات خانمێکی ڕاستەقینە نییە. لە هۆڵی ئۆڵمپیاشدا لە پاریس ئەوم ناساند. کارێکی قورس بوو، بەڵام توانیمان هۆڵەکە پڕ بکەین لە بینەر. نیوەڕۆ، لەکاتی بەسەرکردنەوەی دەنگەکاندا، شڤێلا مۆڵەتی لە یەکێک لە کارمەندانی هۆڵەکە وەرگرت بۆ شوێنێک کە خاتوو پیافی گۆرانیبێژ هەمیشە لە هۆڵەکەدا لەوێوە گۆرانيی دەوت، ڕێک لەو شوێنەوە گۆرانيی وت. ئیتر لەو ئێوارەیەوە وەک بەشێک لە نەریتی خۆم شڤێلا گۆرانیبێژی من بوو. دەمویست چەند سانتیمێک لە شانۆکە ماچ بکەم کە دواتر شڤێلا لەوێ ڕادەوەستا.
ڕاستەوخۆ لە فیلمە خۆشەکەی جەیمس بۆندەوە، ئامادە نەبووم بۆ جارێکی تر گوێگرتن لە دەنگی شڤێلا شامانی مەزن گۆرانی بێت یان قسە، تەنانەت ئامادەش نەبووم خۆم ببینم گۆرانی Vámonosی لەگەڵ بڵێمەوە.
بیرمە لە سەری ساڵی ٢٠٠٧دا لە تانیگەر پێوەندیم پێوە کرد، دەنگی و ئەو چەند وشەیهی وتی، ترساندمی. یەکێک لە تایبەتمەندیيەکانی شڤێلا ئەکسێنتە جوانە قشتالەکەیەتی، دەنگی وشەکان ڕێک لە زمانیيەوە بوون، هیچ پیتێکی نەدەپەڕاند. لە تەلەفۆندا توانی هەر ئەوەندە بڵێت (زۆرم خۆش دەوێیت. کات تێدەپەڕێت.) نیگەران بووم. دوای دوو هەفتە گەیشتمە ناوچەی (لەمەنینا) لە (تێپۆزلان) شوێنێک کە لەکاتی گەنجیدا لە لای هاورێیەکی تێیدا مابووهوە. چاوەڕێی خراپتربووم. دەمزانی سێ ڕۆژی ڕابوردوو لە نەخۆشخانە بووە، بەڵام کاتێک گوێبیستی ئەوە بوو دەچم بۆ بینینی، شەوی ڕابوردوو داوای کردبوو مۆڵەتی بدەن. بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت بە شڤێلا بڵێیت نەخێر، بۆیە لە ماڵە بچووکەکەی خۆی لە تێپۆزلان بەخێرهاتنی کردین. هاوشێوەی گوڵێکی سوور بوو، جوان و درەوشاوە. بە هەمان دەنگەوە کە بۆ ماوەی ئەو سێ سهعاتهی لەوێ بووین، قسەی کرد. دوانیوەڕۆ لە یەکتر جیا بووینەوە، بە تەنیا مایەوە. ئافرەتێک تا سهعات پێنجی ئێوارە چاودێريی دەکرد. ڕازی نەبوو بۆ شەو چاودێرێکی بۆ بگرین، دایکیشم لە دوايين ساڵەکانی تەمەنیدا وابوو. بە هۆی هەندێ هۆکاری ئاڵۆزەوە ژنانێکی بەهێز دەبن بە کەسانی بێهۆش و چاوبرسی، هیچ ڕێگەیەک نەبوو تا لهبارەی شەوە درێژەکانهوه ئاگاداریان بکەیتەوە. زۆربەی لەبەر ئەو شتانە بوون کە خۆیان باشیان لێ دەزانی، بەڵام تواناييهكى زۆر باشی ئارامگرتنیان هەیە. دەربارەی نەخۆشیيەکەی و مردن قسەمان کرد، پێى وتم: (وەک پێڕەوکەرێکی شامان لە مردن ناترسم. پێدرۆ! ئێمەی شامان بەسەر ناچین.) دڵنیابووم قسەکەی ڕاستە. پێشی وتم: (ئارامم.) لە قسەكردن بەردەوامبوو: (شەوێک هێواش دەوەستم. بە تەنیا چێژی لێ دەبینم.)
ڕۆژی دواتر بەخێرهاتنی کردین. حەزی دەکرد بۆ ژەمی نیوەڕۆ بمێنینەوە. شڤێلا لە بابهتى زیندووبوونەوەدا ئافرەتێکی شارەزابوو. بە تەواوی چاک بووبووەوە. بە خۆشحاڵیيەوە پێشنیاری ئەوەی بۆ کردین كه تێپۆزلانمان پێشان بدات. لە گردی چچپڵهوە دەستمان پێ کرد، بەرامبەر ئەو خانووەی کە تێيدا دەژیا (جۆن ستێرجیسی دەرهێنەر، فیلمیThe Magnificent Sevenـى لێرە تۆمار کردووە. ئەفسانەیەک هەیە، دهڵێت گردەکە دهرگاکانی کە لەناو بەرد و گژوگیاکەدا شاراونەتەوە، دەکاتەوە. کاتێ کۆتایيی جیهان بەرپا دەبێت، تەنیا ئەوانە ڕزگاریان دەبێت کە چوونەتە ناویەوە. سەیری شڤێلام دەکرد، جارێکی تر سەرسامی کردم. بە تەواوی ئامادەبوو كه بۆ کۆتاییهاتنی داهاتوو ناتوانم یارمەتيی بدەم، بەڵام بیرم لەوە دەکردەوە کە ئێستا تێیداین.)
پێش ئەوەی دەست بە سەیرکردنی جەيمس بۆند بکەمەوە، لەگەڵ ئەو فرمێسکانەی بەسەر گۆنامەوە بوون، هەناسەیەکم ههڵكێشا، بەڵام ئەمشەو کەناڵی (دوو) دڵڕەقبوو. دوای فیلمە بەڵگەنامەیيەکەی شڤێلا، دانەیەکی تریان پەخش کرد کە بە هەمان شێوە ناونیشانەکەی وشەی (ڕووناکی)ـى تێدابوو (خەونی ڕووناکی،) لهبارەی وێنەکێشيی لامانشا (ئەنتۆنیۆ)وه بوو. ئەنتۆنیۆ لوپێز و تیشکی چاوەکانی هی خێزانەکەیەتی (مارییا مۆرینۆ،) وێنەکێشی گەورەی ڕیاليست کە هەمیشە لە پەراوێزی ئەنتۆنیۆ و وێنەکێشە ڕیاليستە گەورەکانی ساڵانی پەنجادا باس دەکرێت. پێشنياری ئەم فیلمە بەڵگەنامەیيەتان بۆ دەکەم، لە کاتێدا خۆم سەیری کەناڵەکە دەکەم لەبەر بەرنامەسازییە نایابەکەی. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر مارییا مۆرینۆ کۆچی دوایيى کرد. وەک فریشتەیەک لە بیرمە، بە پێچەوانەی شڤێلاوه کارەکەی زیاتر دڵخۆش و نهێنیئامێزە، زۆر جیاوازە لە نیگارەکانی ئەنتۆنیۆ لوپێز، کە بابەتی نیگارەکانی لەگەڵ لوپێزدا هەمان شتە، بەڵام چەند هەنگاوێک لە دواوەیە. فیلمە بەڵگەنامەیيەکە باسی کارەکانی وەک بەرهەمێنەرێکی باش بۆ فیلمی (بەهێ، دارى خۆر) لە دەرهێنانی (ڤیکتۆر ئیریس) کرد. فیلمێکی تر کە باشترینە باسی تراويلکەی ڕووناکيی سرووشت لەسەر شتەکان کە شێوەیان بە جیهانەکەمان بەخشیوە، دەکات. ڕووناکی، هەمیشە ڕووناکی لە گەشتێکی درێژ بەرەو شەو، ئەزموونکردنی وەرزە جیاوازەکانی ساڵ.
لە شاکارەکەی ئیریسدا ئەنتۆنیۆ لۆپێز دەبینی لەناو ستۆدیۆکەيدا پاکی دەکاتەوە و تابلۆ زەیتیيەکەی ئامادە دەکات تا نیگارە تازەکەی لەسەر بکێشێت. نەریتێکی جوانە. ئەنتۆنیۆ لە ستۆدیۆکەی دێتە دەرەوە بۆ ناو باخچە سادەکەی، پەرداخێک مەيی پێیە، لە لای درەختی بەهێکەوه میوەی زەرد دڵخۆش دەبینین، درەختێکی پیر و سەرکز و لاواز. ڕەنگی بەهێيهکان زەردی گەشن، بە گەڵا سەوزە تێرەکان دەورە دراون. لە بەیانیاندا ئەنتۆنیۆ بە دەوری درەختەکەدا دەسووڕایەوە و سەرنجی دەخستە سەر پێستە زبرەکەی. سەیری دەکات کە سەرنجڕاکێش و ئەفسووناويیە. بڕیاری دا نیگاری بکێشێ، ئهگەرچی دەیزانی ئەو وێنەيهى کە دەیەوێت نیگاری بکێشێت، قورسە بخرێتە سەر تابلۆی زەیتی، لەبەر ئەوەی میوە شتێکی زیندووە و هەموو ڕۆژێ لە گۆڕاندایە، تەنانەت ڕووناکيیش وەک خۆی نامێنێتەوە. فیلمەکە دەربارەی جەنگی نیگارکێشێکە بۆ دەسبەسەرداگرتنی تیشکی خۆر لەسەر داربەهێ، جەنگێک کە پێش دەستپێکردنی، تێيدا دۆڕاوە.