لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
لە گفتوگۆ ڕۆژنامەوانییەکانی کاتی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی ساڵی ١٩٨٢، دەرهێنەر ئالان پاڕکەر وتی، “لە ڕاستیدا نەدەبوو هەرگیز فیلمی دیوارەکەی پینک فلۆیدم دروستبکردایە.” ئەمە لە وەڵامی فیلمسازێک ناچێت کە بانگەشە بۆ دواهەمین کاری خۆی بکات. هەرچەندە پاڕکەر دانی بەوەدا ناوە کە زۆر شانازی بەو کارەیەوە دەکات و دەشڵێت دروستکردنی ئەم فیلمە مەشقێکی لەوە تاقەتپڕوکێنەرتر بوو تا بتوانم بڵێم چێژ لە تەماشاکردنەوەی پڕۆسەی کارەکە دەبینم. تێپەڕینی ساڵ بە جۆرێک لە جۆرەکان ئازارەکانی کەمکردۆتەوە، بەڵام ئاستەمە بڵێین ڕەنگێکی گوڵ گوڵییان خستۆتە سەر یادەوەرییەکانی پاڕکەر لەو ئەزموونەیدا. “کاتێک دەچوومە فێستیڤاڵی فیلمەکان و فیلمەکانمیان تیادا نمایش دەکرد، هەمیشە فیلمی دیوار یەکێک بوو لە فیلمە نمایشکراوەکان و هەمیشەش پڕ بینەر بوو. لاوازییە کە بەردەوام بڵێم ڕقم لە دروستکردنی فیلمەکە بوو، بۆیە کەمێک پشووم دەدا و دەمووت: کاتێکی ئازاربەخش بەڵام تەواو داهێنەرانەبوو، کارێکە کە دووبارەی ناکەمەوە. ”
هۆکارە سەرەکی دڵتەنگیەکەی پاڕکەر ئەوە بوو کە دەبوو لەگەڵ دوو هونەرمەند خۆی بگونجێنێت کە هەردووکیان بە شێوەیەکی یەکسان بڕیاردەر و بێمەیل بوون بۆ سازشکردن. ڕۆجەر وەتەرس و جیڕاڵد سکاڕفێی کارتۆنیستی تەنزئامێز پێکەوە دروستکەری جێگەی نمایشە سەرسووڕهێنەرەکەی فیلمی دیوار بوون، پێکیشەوە کار یانکردبوو لەسەر بیرۆکەی فیلمەکە پێش ئەوەی پاڕکەر بهێنرێتە ناو کارەکەوە و وەک دەرهێنەر دەست بە کار ببێت. پڕۆسە پێکەوەییەکە بە هەمان فشارەوە کاری لە وەتەرس دەکرد. لە فیلمە دۆکیومێنتەرییەکەی ساڵی ١٩٩٩، کە لە دیڤیدییەکەی فیلمی دیواریشدا هەبوو، واتەرس ئاشکرای کرد، “لە کۆتاییدا دروستکردنی فیلمەکە بووە ئەزموونێکی دڵتەنگکەر و لە دەستدانی متمانە چونکە هەموومان بە شێوەیەکی گەورە ڕووخاین. ” وەتەرس دەستی خستە سەر ئەو ڕاستییەی کە “نەگونجان لە چوارچێوەی شێواز و فەلسەفەدا هەبوون،” بۆیە خۆی و سکاڕفی و پاڕکەر ڕاهاتبوون بەوەی هەریەک ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە و سازشکردنیان بە قورس دەبینی. هەرچەندە هەڵسەنگاندنی ئەم کارە دەبوو بەش بکرێت لە نێوانیاندا بەڵام پاڕکەر لە وتەکانیدا بێ پەردە دەدوا، “بەڵێ، پێموایە ئەوە ڕاستە. سێ کەس لە ژوورێکدا کە هەریەکێکیان بە بیرۆکەی خۆیانەوە چەسپیوون، سەرسووڕهێنەرە کە توانیوومانە شتێک بەدەستبهێنین. ” کاتێک پاڕکەر لە دیمانەیەکی ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن مایکڵ پاڕکینسۆنەوە پرسیاری ئاڕاستەکرا دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆجەر وەتەرس، لە وەڵامدا وتی، “لەڕاستیدا هەرکەسێک کە ڕۆجەرس بناسێت ئەوە دەزانێت کە ناتوانیت سڵاوێکیشی لێ بکەیت بێ ئەوەی بکەویتە گفتوگۆوە لەگەڵیدا. ”
بۆ پاڕکەر، کە هەمیشە خۆی مامۆستای خۆی بووە، هەلی کارکردن لەگەڵ ئەم گرووپەکەدا سەرنجڕاکێش بوو، ئەو لەگەڵ بڵاوبوونەوە دووەمین ئەلبوومیانەوە بە ناوی نهێنیئامێز بووە یەکێک لە هەوادارانی فڵۆید. ئەم دەرهێنەرە ٣٧ ساڵە بەڕیتانییە، کە تا ئەو کاتە تانیبووی ببێتە سامانێک بۆ هۆڵیوود بەهۆی فیلمی (Fame) و (Midnight Express) و (Bugsy Malone). پارکەر لە سەرەتای ئامادەکاریدا بوو بۆ وێنەگرتنی (Shoot the Moon) لە سان فڕانسیسکۆ لەگەڵ دیانا کیتۆن و ئەلبێرت فینی و لە کاتی گفتوگۆیەکی ئاساییدا لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئی ئێم ئای بە ناوی بۆب مێرسەر، بڕیاریاندا دواتر دانیشتنێک لەگەڵ ڕۆجەر وەتەرس ڕێکبخەن. لە هەندێک لە تێبینییە نووسراوەکانیدا پاڕکەر باس لەوە دەکات، “لە یەکەمین کۆبوونەوەماندا ئەوە ئاشکرابوو کە ڕۆجەر ئەستێرەیەکی ئاسایی ڕۆک نییە، کاتێک لە ژووری نانخواردنەکەی دانیشتبووین ئەو باسی مێژووی هەندێک لە کارەکانی خۆی کرد کە بە چ گۆڕانی جۆر بەجۆردا تێپەڕیون بە بەراورد بە تۆماری دەنگە ڕەسەنەکان، ئەوکاتەی بەتەنها لە پشت دیواری ماڵەکەی پێشتری لە وڵاتەکەی خۆی دروستیکردبوون. ئەوانە کاری خام و تووڕەبوون، هاوارە سەرەتاییەکانی ڕۆجەر تا ئەم ڕۆژەش لە دڵی ئەم پارچانەدا ماونەتەوە. ”
لەو قۆناغەدا، کاتێک کە سەرگەرمی بیرکردنەوە لە پڕۆژەی دواتری بوو، پاڕکەر خواستی کاری دەرهێنان بۆ ئەو فیلمەی نەبوو هەرچەندە “ڕۆجەر زۆر قەناعەتپێکەربوو. ” کاتێک لێیان پرسی بۆچی پێی وایە وەتەرز ویستوویەتی ئەو بەرهەمە دروست بکات، پارکەر بە دوودڵییەوە ووتی، “هیچ بیرۆکەیەکم نییە، ڕەنگە حەزی بە Midnight Express کردبێت. دەیڤ گیڵمۆڕ جارێکیان ئەم فیلمەی بە (بەشە تاریکەکەی مانگ) چوواند کە ئەمەش بۆ من پیاهەڵدانە. ” کاتێک پارکەر لە سان فڕانسیسکۆ بوو پەیوەندییەکی لە وەتەرسەوە پێگەیشت بۆ پێشنیاری بەرهەم هێنانی فیلمەکە پێکەوە، بە بەشداری مایکڵ سێرێسین (کامێرامانە هەمیشەییەکەی پاڕکەر) و لەگەڵ جیڕاڵد سکاڕف پێکەوە وەک دەرهێنەر کاری تیا بکەن. “بیرۆکەکە سەرنجی ڕاکێشام چونکە مانای وابوو کە من دەتوانم بە خەیاڵ لە پڕۆژەیەکدا بەشداربم کە زۆر هیوام پێی بوو، بێ ئەوەی ئەو عارەقە خوێنینەی بۆ بڕێژم وەک دەرهێنەرێک. ” بۆ ئەوەی بیرۆکە لەسەر کارەکە کۆبکەنەوە، سێرێسین و پاڕکەر بەرەو ئەڵمانیا گەشتیان کرد تا ئامادەی نمایشی ڕاستەوخۆی دیواری پینک فڵۆیدبن. وەک پاڕکەر لە یادەوەریەکانیدا باسی لێوە دەکات، “ئەستەم بوو بە گەورەیی چالاکیەکان سەرسام نەبیت. کۆنسێرتەکە شانۆییەکی ڕۆکی گەورەبوو، بە دڵنیاییەوە لەوە گەورەتر بوو کە پێشتر ئەو ژانرە لە موزیک بەدەستی هێنابێت، نمایشێکی گەورەی زەبەلاحی شێتانە. ” هەرچەندە ڕۆجەر وەتەرز ئەم فیلمە بایۆگرافییە پڕ ئازارەی وەک نمایشێکی بوکەڵەی زەبەلاح نەدەبینی، بەڵام پاڕکەر بە تەواوی سەرسام بوو بە وێنە جوڵاوە بێزارکەرەکانی سکاڕف و کاریگەری ئەو ئەنیمەیشنە لەیادنەکراوەی گوڵەکان لەکاتی پەڕیندا. پاڕکەر درکی بەوە کرد کە ئەو موزیکە پڕهێز و ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەو ئەنیمەیشنەی کە لەسەر شاشەیەکی گەورە نمایش دەکرا و هەروەها ئەو دیوارە گەورەیەی سەر تەختەی شانۆ، “هەستێکی شانۆیی وەها قووڵی دروست دەکرد کە قورس بوو هەمان گاریگەری بۆ بینەر لەچوارچێوەی سنووری شاشەیەکی فیلمدا دروست بکەینەوە. ”
پشتی پەردەی پاش نمایشەکە، یەکێکی تربوو لەو شتانەی کە پاڕکەری سەرسامکرد “کە چۆن هەموو شتێک لەلایەن ڕۆجەرەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، کە هەموو دەسەڵاتێکی لە دەستی خۆیدا هێشتبۆوە و کۆنتڕۆڵێکی شەیتانی بەسەر تەواوی پڕۆسەکەدا هەبوو. ” کاتێک ڕادیۆی ڕۆکی کلاسیک داوای نموونەیەک لە کاریگەریی کۆنتڕۆڵکردنی وەتەرسی کرد، پاڕکەر لەوەڵامدا ووتی، “لە پشتی پەردە و لە کاتی کۆنسێرتەکەدا چوار کارەڤان لە شێوەی چوارگۆشەدا ڕیزکرابوون و ناوەڕانسی چوارگۆشەکە بۆشاییەکی دروستکردبوو بۆ جێگەی گفتوگۆ و کۆبوونەوە و خواردنەوە، هەر کەرەڤانێک تایبەت بوو بە یەکێک لە ئەندامەکانی فڵۆید. سیانیان ڕوویان لە ناوەوە بوو بەرەو ڕووی جێگەی گفتوگۆکە. بەڵام کەرەڤانەکەی ڕۆجەر ڕووی لە دەرەوە بوو و دەرگای چوونەژوورەوە بۆ ناو کارەڤانەکە لەوانیتر دووربوو.
پاش وێنەگرتنی فیلمی Shoot the Moon پاڕکەر گەڕایەوە لەندەن و لەگەڵ وەتەرس و سکاڕفێ لە ماڵەکەی سکاڕفێ دەستیان کرد بە کارکرد لەسەر سیناریۆکەی کە وەتەرس و سکاڕفێ نووسیبوویان. پاڕکەر لە تێبینییەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە “ڕۆجەر هەرگیز مەبەستی نووسینی سیناریۆی نەبوو، بەڵکو مەبەستی سۆراغکردن بوو بە نێو سایکۆلۆژیای خۆیدا تاوەکو ڕاستییەکانی خۆی بدۆزێتەوە، کە من بۆ ئەم جۆرە لە کارکردن حەزم بە فیکشنی سینەمایی دەکرد. ” خواستی سەرەتامان ئەوە بوو کە فیلمەکە وێنەی کۆنسێرتەکانیش بگرێتە خۆی، بەڵام هەموو هەوڵەکانمان لە وێنەگرتنی پێنج کۆنسێرت لە ئێرلس کۆڕت شکستیان هێنا. “مایکڵ و گێری وەکو دەرهێنەرێک کاری خۆیان نەدەکرد یاخود تەنانەت درکیان بەوەش نەدەکرد کە ئەرکەکانیان چین. بەڵام منیش وەک دەرهێنەرێک هیچ سوودێکم نەبوو، تەنانەت سوودی پڕۆدیوسەرێکی هەڵخەڵەتێنەریشم نەبوو. هەربۆیە بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا، جگەرەم بە جگەرە دادەگیرساند. ” لە کۆتاییدا پاڕکەر ڕازی بوو بەوەی ڕۆڵی دەرهێنەر ببینێت و لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەودا تەواوی کۆنسێپتی فیلمەکە گۆڕدرا. بیرۆکەی بەکارهێنانەوەی وێنەی کۆنسێرتەکە فەرامۆشکرا و بە دەرکەوتنی سێ ئەندامەکەی تری پینک فڵۆید، دەیڤ گیڵمۆڕ ڕیچارد ڕایت و نیک مەیسن، چیتر وەتەرس ڕۆڵی کارەکتەری ناوەندی پینک ناگێڕێت. لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە چیرۆکی وەتەرس بوو، هەوڵی قەناعەتکردن بە واتەرس بۆ ئەم گۆڕانکارییانە “قورس نەبوو. تەواو ئاسایی بوو بەلایەوە و ئەو کەسێکی گەمژە نەبوو. لەکۆتاییدا ئەو گۆرانیبێژی سەرەکی و نمایشکەری سەرەکی باندەکە نەبوو، هیچ خواستێکیشی نەبوو تاوەکو ببێتە لاورێنس ئۆلیڤەر. ” نیک کێنتی ڕۆژنامەوانی دیاری بواری ڕۆک، بە گوێرەی نووسراوێکی لەسەر نمایشە ڕاستەوخۆکەی ساڵی ١٩٨٠، بە تەواوی پشتگیری ئەم گۆڕانکارییانەی کرد. “ڕۆڵگێڕانی کارەکتەری سەرەکی ئازایەتی دەوێت بە گوێرەی ئەوەی کاری زۆری دەوێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەڵەیەکی کوشندەشە: وەتەرس هیچ ئامادەییەکی سەر شانۆی نەبوو، لە تواناشیدا نەبوو جگە لە ژەنینی باو و دراماتیکی ناو یانەی گەنجانەوە شتێکی تر پێشکەش بکات. ” پاڕکەریش بە هەمان شێوە بەو نمایشەی وەتەرس سەرسام نەبوو، ” لە ڕاستیدا تواناکانی زیاتر لە ئەلبێرت سپیرەوە نزیک بوو وەک لە ئەلبێرت فینی. ”
بۆیە گەڕان بە دوای جێگرەوەیەکی گونجاوی پینک دەستیپێکرد. پاش ئەوەی پاڕکەر کۆمەڵێک ئەکتەری پڕ هیوای تەواو ماندوو کردبوو، بۆ دۆزینەوەی کاستی ئەم فیلمە تۆڕەکەی فراوانترکرد. پارکەر سەرسام بوو بە ڕۆڵی بۆب گێڵدۆف لە ڤیدیۆی Boomtown Rats بە ناوی I Don’t Like Mondays، هەربۆیە پەیوەندی بە گۆرانیبێژەکەوە کرد بەڵام گێڵدۆف دانی بەوەدانا کە هاندەرێکی گەورەی پینک فڵۆید نییە. کاتێک پاڕکەر لێی پرسی کە ئاخۆ دیواری بینیووە، گیدۆڵف بە پێکەنینەوە وتی، “بەڵێ، لە خوارەوەی باخچەکەمدا یەکێکم داناوە. ” پاڕکەر دڵنیا نەبوو کە گیدۆڵف ئەو توانا نواندنەی هەبێت بۆ بەرجەستەکردنی هەستی ئایکۆنێکی ڕۆک، هەستی بێگانەبوون و پیشاندانی دیکتاتۆرێکی نەخۆش. پاش بانگهێشتکردنی تا لەبەردەم کامێرادا ڕۆڵەکە بگێڕێت، وتاری ناو ژووری دادگاکەی بڕاد دەیڤسی فیلمی Midnight Express ی پێدا. پاڕکەر زۆر پێی سەرسام بوو، “زۆر بە جوانی ئەدای کرد، بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەی کردبوو (هەرچەندە شتێکی سەیر بوو کە بە شێوەزاری دون لاوغەیر گوێی لێ بگرم، کاتێک بە شێوەزارە نیوجێرسییەکە پێی ڕاهاتبووم.) ” پاشان تەنها ئەوە مابوو کە وەتەرس بەم پلانە قایل بکرێت. گیدۆڵف نەیدەتوانی گۆرانییەکان بڵێتەوە و دەوترا کە ئەو تەنها دەم بۆ وشەکانی وەتەرس دەجوڵێنێت. پڕۆدوسەری فیلمەکە، ئالان مارشاڵ، لە دۆکومێنتەری ناو دیڤیدی فیلمەکەدا ووتی “ئالان قەناعەتی بە ڕۆجەر کرد کە بۆب ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ڕۆڵی پینک ببینێت و هەروەها بۆبیش دەبێت گۆرانییەکان دیسانە تۆمار بکاتەوە. ” پارکەر دەیزانی گیدۆڵف هێزێکی زیاتر دەبەخشێتە پڕۆژەکە. “بە هەڵبژاردنی گیدۆڵف ژیانێکی نوێمان بەم پارچەیە بەخشی کە پێموایە زۆر گرنگە بۆ کارەکە. ”
وێنەگرتنی فیلمەکە لە ٧ی سێپتەمبەری ١٩٨١ دەستیپێکرد ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە پاڕکەر تەنها هەیکەلی سیناریۆکەی لەبەردەستدا بوو. “سیناریۆیەکی باو نەبوو… لە هەندێک دیمەندا تەنها پێنج دێڕێکمان لە بەردەستدابوو، لە هەندێک دیمەنی تریشدا تابلۆیەکی ڕەنگینی گێریمان هەبوو تا بەرەو ئەو کەشە پڕ لە فەوزا و ناڕێکییە ئاڕاستەمان بکات. ” پاڕکەر ئاشنای ئەم شێوازە لە کارکردن نەبوو، کێشەی گەورەی ئەو دروستکردنی مانا بوو لەو چیرۆکەی کە خۆی دەیویست بیگێڕێتەوە بە بەراورد لەگەڵ چیرۆکە ڕەسەنەکە. بە پێی ووتەکانی دەیڤ گیڵمۆڕ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی کلاسیک ڕۆک، “دەبوو قەناعەت بە پاڕکەر بهێنین کە پەشیمان ببێتەوە. پارەیەکی زۆر بۆ ئەم کارە تەرخان کرابوو، تەواوی کۆمپانیای فیلمەکە لە پاینوود بە پێی خواستی پارکەر کاریان دەکرد چونکە ئەو فیلمسازبوو، نەک ڕۆجەر. بە تێڕوانینی من کارەکە نەیدەتوانی بەو جۆرە بەردەوام بێت. دەبوو بەردەوام لە نێوان ئەم گۆڕانی هێزەدا کاربکەین، گومان دەکەم ڕۆجەر هەرگیز توانیبێتی بمبەخشێت. ”
جگە لە کێشەی مامەڵەکردن لەگەڵ وەتەرس، پارکەر ڕووبەڕووی کێشەی دیکەش دەبووەوە، “ئەو ئەکتەرە سەرکەچەڵانە گەورەترین کێشە بوون. ” بۆ ئەو دیمەنەی کە پینک کۆبوونەوەیەکی فاشیستی توندوتیژانە ئەنجامدەدات، ٣٨٠ سەرکەچەڵ، کە لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرە دەژیان، وەک ئەکتەر دامەزرێنران. “چۆن وایان لێبکەین بە ڕەفتارێکی شارستانیانە و سەلامەت هەڵسوکەوت بکەن، نەهێڵین بێزاربن یان نەهێڵین مێشکی سەری هەموومان بەرن؟ ئاسان نەبوو جیاوازیی واقیع و خەیاڵی ناو فیلمەکەیان فێربکەین. وایان هەست دەکرد هەر لە واقیعدا دەژین، بۆیە کۆنتڕۆڵکردنیان سەختبوو بە تایبەت لە دیمەنە قێزەون و زیادەڕەوییەکاندا. وەک فیلمسازێک، هەمیشە لەخۆت دەپرسیت کە ڕەنگە تۆ سنوورێکت بەزاندبێت کاتێک وا لە خەڵکی دەکەیت شتێک بکەن کە دڵخۆشکەر نییە. ” پاڕکەر باسی ئەو ڕووداوەی کرد کاتێک گرووپێک لەو سەرکەچەڵانە بە جلوبەرگ و نیشانەی نازییانەوە ڕازێنرابوونەوە، چووبوونە باڕێک و خەڵکی ناوچەکەیان ترساندبوو.
پاش ٦١ ڕۆژی درێژی دژوار، ٩٧٧ دیمەن و ٤٨٨٥ تەیک و ٣٥٠ هەزار پێ لە فیلم، وێنەگرتن کۆتایی هات. لەگەڵ وێنەی دیمەنە ڕاستەوخۆکان، پانزە خولەکیش ئەنیمەیشن هەبوو کە سکاڕف لە ١٠ هەزار وێنەی پێکەوە لکێنراو دروستیکردبوو. هەشت مانگی پێچوو تاوەکو ئەم کارە گەورەیە مۆنتاژ بکرێت و بکرێتە فیلمێکی ٩٩ خولەکی پێش ئەوەی دیوارەکەی پینک فڵۆید بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٢ لە فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایش بکرێت. لە ئینگلتەراوە دوو بار لۆری ئامێری دەنگی هێنرا بۆ فەڕەنسا تاوەکو دەنگی فیلمەکە بە باشی بگوازێتەوە. پاڕکەر لە یادەوەرییەکانیدا نووسیوویەتی، “ئەزموونێکی زۆر جوان بوو. ” تێکەڵبوونی دەنگێکی بەرز لەگەڵ وێنە بەهێزەکانی فیلمەکە تەواو کاریگەری هەبوو لەسەر بینەرانی فێستیڤاڵەکە کە هەندێک کەسایەتی دیاریش تیایدا ئامادەبوون. “ستیفن سپیڵبێرگ لە کۆتاییدا هەستایە سەرپێ و بە ڕێزەوە بەرەو ڕووی من کەمێک نووشتایەوە. پاشان شانێکی خشاند لە شانی بەڕێوەبەری واڕنەر بڕازەرس، تێری سێمێل، کە لە تەنیشتییەوە دانیشتبوو و زۆر بە ڕوونی پێی وت: بە نەفرەت بێت ئەوە چی بوو؟”
ئەمە پرسیاری زۆر کەسی تریش بوو لەو ماوەی ساڵانەدا. پاڕکەر لە گفتوگۆیەکی ساڵی ٢٠٠٣ بۆ تەلەفزیۆنی دامەزراوەی فیلمی ئەمریکی لە زنجیرەی دەرهێنەرەکاندا وتی، “فیلمەکە تێکەڵەیەکە لە بیرۆکەی شێتانە کە لە ڕاستیدا هەموویان بیرۆکەی ڕۆجەر وەتەرس بوون. پێموایە لە تەواوی جیهاندا ئەو تەنها کەسە کە بزانێت فیلمەکە لەبارەی چییەوەیە. دڵنیام زۆرینەمان لە فیلمەکە تێنەگەیشتووین. پێموایە فیلمێکی سەرنجڕاکێشە بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەگومانم هیچ کەسێک لە ڕووی فیکرییەوە بتوانێت لە فیلمەکە بگات، ڕەنگە ڕۆجەر بتوانێت. جگە لە ڕۆجەر، ئێمە هەموومان تەنها لەگەڵ چوونە پێشەوەی پرۆسەی کارەکە لەگەڵیدا دەڕۆیشتین. ”
بەڵام تەنانەت ئەو پیاوەی لە پشتی بیرۆکەی سەرەکی فیلمەکەوە بوو بەهەمان شێوە دڵنیا نەبوو کە فیلمەکە لەبارەی چییەوەیە. وەتەرس لە دۆکیومێنتەرییەکەدا دەڵێت “منیش سەرم لێتێکچووە. ” یەکێک لەو شتانەی وەتەرس لێی دڵنیایە ئەوەیە، لە تێڕوانینی خۆیەوە، فیلمەکە “وێرانە چونکە هیچ پێکەنینێکی تیا نییە لە دوو کاتژمێری ڕەبەقدا. ” کاتێک ڕادیۆی کلاسیک ڕۆک ئەم بۆچوونەی بە پاڕکەر وت، کاردانەوەی ئەو سەرسوڕمان بوو. “نوکتەیەکی باشی وتوە ڕۆجەر! باشە، بەڵام گەر ڕاستگۆش بین دەبێت بڵێین ئەلبوومەکە و نمایشە ڕاستەوخۆکەش هیچیان شتێکی وا پێکەنیناوی نین. ئایا ئەوانیش لەبەر هەمان هۆکار عەیبدارن؟ ئەم هەموو هاوارە پێکەنینی بەدوادا نایەت. هەوڵمدا لێرەو لەوێ هەندێک زەردەخەنە بکەمە فیلمەکەوە بەڵام هەرگیز ناتوانیت لەو دڵە ڕەشە شەیتانییەی ڕۆجەر دەربازببیت. ئەگەر پێکەنینت دەوێت کەواتە دەتوانیت تەماشای The Commitments بکەیت. ”
لەگەڵ هەموو ئەو دڵتەنگییەی کە لە ئەنجامی فیلمەکەوە دروست بوون، پاڕکەر هێشتا پێیوایە کە نوێگەرییەکانی ناو ئەم کارە زۆر باش بەرگەیان گرتووە. “تەکنیکە ئەنیمەیشنەکان لە ئێستادا زۆر باشترن، بەڵام بە گشتی کارەکە لە تاقیکردنەوەی زەمەندا سەرکەوتووە. ”
بە دروستکردنی فیلمی دیواری پینک فڵۆید، پاڕکەر خۆی وەک یەکێک لە دەرهێنەرە هەرە سەرکەوتووەکانی ئینگلتەرا ناساند، لە ساڵی ٢٠٠٢ خەڵاتی نازناوی سوارچاکی وەرگرت. کاتێک پاش ٢٩ ساڵ لە دروستکردنی ئەو فیلمە پرسیاری ئەو وانانەیان لێکرد کە لە دروستکردنی ئەو فیلمەوە فێریانبووە، پاڕکەر وتی، “کاتێک کۆمەڵێک هونەرمەند پێکەوە کار “دەکەن دەتوانن ئەنجامی سەرنجڕاکێش بخوڵقێنن، بەڵام خۆشیی تێدا نییە. “