[له‌باره‌ى بەفیڕۆنەدانی کاته‌وه‌، گفتوگۆ لەگەڵ جیم جارموش]

دیمانەساز: ت. کۆل ڕاچێل

لە ئینگلیزییەوە: خاوێن عەتا

جیم جارموش دەرهێنەر، سیناریۆنووس، ئەکتەر، بەرهەمهێن، سەرنووسەر و ئاوازدانەرێکی  ئەمه‌ریکاییە. سەرەڕای بەرهەمهێنانی زیاتر لە (12) فیلم لە ماوەی (30) ساڵی ڕابوردوودا جارموش لە باندی (sqürl)دا گیتار دەژەنێت. باندێکە کە لەگەڵ یارمەتیدەرە هەمیشەییەکانی (کارتەر لۆگان) و (شەین ستۆنباک)ـدا دایانمەزراندووە.

باندەکە ئەم هاوینە تۆمارێکی نوێ بە ناوی (ep# 260)ـه‌وه‌ بڵاو دەکاتەوە. جارموش لە گفتوگۆکانیدا له‌بارەی تواناييه‌ داهێنەرييه‌ هەمەجۆریيەکانیەوە ڕوونی دەکاتەوە كه‌ چ شتێک هانی داوە؛ (خۆم بە هونەردۆستێکی بە ڕواڵەت دادەنێم، بە شێوەیەکی نەرێنیيانە نا، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە حەزم لە زۆر شتی جیاوازە و دەمەوێت تاقیيان بکەمەوە و بيانكه‌م. من بە پێی پێویست  شارەزای هیچ شتێک نیم.)

تۆ بە كۆمه‌ڵێك کاری هەمەجۆره‌وه‌ سەرقاڵيت، لەوانەش: کارکردن لەسەر فیلمێکی نوێ، ميوزيكژه‌نى لە باندێکدا و… ئایا تۆ کەسێکیت سەرکەوتنت لە سەرقاڵبوونتدا بە دەست بێنیت؟

ڕانەهاتووم. پێشتر وا ڕاهاتبووم لە یەک کاتدا تەنها یەک کار بکەم، بەڵام لە ده‌ ساڵی ڕابوردوودا لەناکاو گۆڕام و ئێستا لە یەک کاتدا کاره‌يلێكى زۆر دەکەم. نازانم شتێک لە مندا گۆڕاوە. پێم وایە بۆم دەر کەوت ژیان چەند بە خێرایی تێدەپەرێت. لە کاتێکدا پلانێکی پێویستی دیارکراوم نیيە، کار زۆر دەکەم. لە کاتێکدا پلانم هەیە، گرتنەئەستۆی کاری تر جۆرێکە لە بێورەیی، هەروەها من لەو ماوە کاتیيە ترسناکە نزیک دەبمەوە کە ناچارم دەکات داهاتێک بۆ فیلمە نوێيه‌کە دابین بکەم.

ئەوە زۆر دڵخۆشکەر نیيە. هەروەها بە ڕاستی چێژ لە پەرەدان بە فیلمە بەرهەمهاتووەکان وەرناگرم، تەنها دەمەوێت بەردەوام بم و کاری نوێ بكه‌م. پێویستم بە شتێکی داهێنەرانەیە کاری لەسەر بکەم. حەزم لەوەیە کار لەسەر شتەکان بکەم، نامەوێت کات بە فیڕۆ بدەم.

مێژوویەکی کارکردنت لەگەڵ میوزیکژەنەکان لە فیلمەکاندا هەیە، بەڵام ئایا ئاوازیشت داناوە؟ ئایا کە منداڵبوویت میوزیکت دەژەند؟

نەخێر نەمژەندووه‌. کاتێک منداڵبووم هەوڵم دەدا فێری ژەندنی ترۆمبۆن بم، بەڵام ڕاستييه‌كه‌ى  ئاوازم دانەناوە، ماوەیەک لە ماڵەوە پیانۆیەکی بچووکمان هەبوو، بەردەوام دەمژەند، بەڵام هەرگیز هیچ وانەیەکم نەخوێندووە. له‌ سەرەتای تەمەنی بيست-ساڵیمدا دەستم بە ئاوازدانان کرد لە کاتێکدا وا دەر دەکەوت هەموو کەسێکی تریش خەریکی ئاوازدانان بن. لە ماوەیەکی دیاریکراوی کۆتایيی ساڵانى حەفتادا لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکە بڵاوکراوەیەک هەبوو، تێیدا وترابوو: (لێرە هەموو کەس لە باندێکدایە.) ئەوە ڕاست بوو. لەو ماوەیەدا ئاوازی زۆرم دانا، پاشان بۆ ماوەیەکی درێژ وازم هێنا (بۆ ماوەی 20 ساڵ.) بە ڕاستی نازانم بۆچى! سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلم بووم. وا بزانم 10 یان 12 ساڵ لەمەوبەر بوو هەستم کرد پێوستە دووبارە چەند کارێکی میوزیکم هەبێت. لەو کاتەوە زۆر خەریکی ئاوازدانانم. ئەمە گۆڕانکارییەکی باشە لە بەرەوپێشچوونی مندا. کاتێک فیلمێک بەرهەم دەهێنیت و تۆماری دەکەیت ئەو هەموو کەسە سەرسامکەرەت لەگەڵدایە هاوکاری یەکتر دەکەن، وەک ئەوە وایە کە لەگەڵ کەسانێکی زۆردا لەناو کەشتیيەکی چەتەکاندا بیت، کاتێک میوزیک دەژەنیت، وەکوو ئەوە وايه‌ لەگەڵ دوو کەسی تردا لەناو بەلەمێکی بچووکی باریکدا بیت. ئەمەیان ئاسانترە.

 

بۆچی پێت وایە بەرهەمهێنانی فیلم لە کۆتاییەکەیدا سەر دەکەوێت؟

بەرهەمهێنانی فیلم بووەتە خولیایەک بۆ من. بۆ ماوەی بیست ساڵ هەموو وزەی خۆمم تێیدا داناوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە نووسین و درووستکردنی چەند هونەر و وێنەگرتنێک بەردەوام بووم. هێشتا من زۆر کاری جیاواز دەکەم. بە هەبوونی پڕۆژەی زۆری میوزیکی و هونەر و نووسینی پڕۆژە، هەست بە باشتربوون دەکەم.

حەزم لە بەرهەمهێنانی فیلمە، چونکە هەموو فۆرمەکانی تر لە خۆ دەگرێت. هەموویان، بە زۆريیش میوزیک، فۆتۆگرافی، ئاوازدانان، نواندن، نووسین، شێواز و فۆرم. بە نزیکەیی پێوەنديی بە هەموو فۆرمەکانی تری دەربڕینی مرۆڤەوە هەیە، تەنانەت تا ڕادەیەک زانستی تەلارسازيیش هەموو ئەو شتانە لە ناویدا هه‌ن، لە کۆتاییدا ئەمەش بەشێکە لەو هۆکارەی کە من بەرەو خۆی به‌ کێش دەکات.

گرنگە کە فیلمسازان ئارەزووی هەمەجۆریان هەبێت، ڕاستييه‌كه‌ى فیلمسازە سەرنجڕاکێشەکان بە ڕواڵەت هونەردۆستن (هونەردۆستێکی بە ڕواڵەتن.) خۆم بە هونەردۆستێکی بە ڕواڵەت دادەنێم، بە شێوەیەکی نەرێنی نا، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە حەزم لە زۆر شتی جیاوازە و دەمەوێت تاقیيان بکەمەوە و بيانكه‌م. من بە پێی پێویست شارەزای هیچ شتێک نیم. کاتێک خەڵکى سەرەتا بە شێوەیەکی سەرەکی وەک فیلمسازێک بیرت لێ دەکەنەوە، ئایا ئەمە دەبێتە ئاڵنگارییەک کە هەروەها بە میوزیکژەنێکی ڕاستەقینەت دابنێن و بتبینن؟

بەڵێ ئەمە قورسە، چونکە کار لەسەر تێگەیشتنی خەڵکى بەرامبەر بە خۆت دەکەیت، ئەمەش دەکرێت زۆر سنووردار بێت. بەشی زۆری گوێگران و بینەران لەوانەیە بیرتەسک بن. خەڵکی بە زانینی ئەوە سەریان سڕ دەمێنێت. بۆ نموونە جۆنی دیپ سەرەتا میوزیکژەن بوو، پاشان بوو بە ئەکتەر، ئێستا کاتێک میوزیک دەژەنێت، ده‌ڵێن: ‌(ئۆو، ئەوە ئەکتەرە میوزیک دەژەنێت!) بەڵام ڕاستييه‌كه‌ى زیاتر بەو شێوەیەیە کاتێک نواندن دەکات: (خۆ ئەوە میوزیکژەنە نواندن دەکات!) هەوڵ دەدەم زۆر وریابم، نەک بیرتەسك، تا وەکوو یەک شت بیر لە خەڵکی بکەمەوە.

ئایا میوزیکژەندن بەشێکی جیاوازی مێشکت داگیر دەکات، بەراورد بەوەی کار لەسەر فیلمێک دەکەیت یان هونەرێکی بینراو درووست دەکەیت؟

ئۆو بەڵێ، ئەوە زۆر ڕاستەوخۆیە و بە ڕاستی زمانی خۆی هەیە. وەکوو ئەوەيه‌ بە تەواوی فۆڕمێکی ڕاستەوخۆی پێوەندیکردن و کارلێکردن بێت. من میوزیک ناخوێنم، بۆیە بە شێوەیەکی کلاسیکی و ورد ناژەنم. لە شوێنێکدا شتێک کە زۆر بە وردی نووسراوە، لێک دەدەمەوە، تەنانەت لەو حاڵەتەشدا ئەو شێوەیەی کە کەمانچەژەنێک پارچە میوزیکێکی تایبەت دەژەنێت، بە پێی کەسەکان دەگۆڕێت. ئەوە بەشێکە لە خۆیان لە تەکنیک و دەربڕینەکانیان.

ڕاهاتبووم ئێره‌ييم بە میوزیکژەنەکان دەبرد. دەزانیت بيست ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی دوو ساڵ کارم لەسەر فیلمێک کرد و پاشان لەگەڵ تۆم وەیتسدا دەر کەوتم. ئەو لە بەردەم پیانۆکەدا دادەنیشت و شتێکی جوانی دەژەند، ڕاستەوخۆ دەبووە هەڵم لە هەوادا. ئەوەبوو ئێستا ڕۆيشتووە. کارێکی سەرنجڕاکێش و باوەڕپێنەکراو بوو، لەوێ و لەو کاتەدا ڕووی دا.

لە هەمان کاتدا مانگ لەدوای مانگ کارم لەم فیلمەدا دەکرد، لە کۆتاییدا تەواو بوو و وازم لە پەرەپێدانی هێنا. من تەنانەت هەمان کەس نیم کە لە ڕابوردوودا دەستم پێ کرد. خەڵکى پرسیار دەکەن: (ئەم فیلمە مانای چیيە؟) نازانم. تەنانەت بیریشم نایەت. من بیر لە شتی نوێ دەکەمەوە. شتێکی زۆر سەیر لەبارەی میوزیکەوە هەیە، بیر لە بینینی گوێگران دەکەمەوە کە لەگەڵ میوزیکەکەدا گۆرانی دەڵێن، تەنانەت کە بە زمانێکیشە، زمانی خۆیان نیيە و لێی تێناگەن. بە تایبەتی لەگەڵ گۆرانيی ڕاپدا هەستم بەمە کرد. گاڵتەئامێزە ڕۆمانییەکان ببینیت گۆرانییەکانی  ئێریک بی و ڕاکیم دەڵێنەوە، ئایا دەیانزانی چی دەڵێن؟ بەڵام بە شێوەیەک پێویستی نەدەکرد، چونکە ئەمان زۆر بە باشی هەستەکە وەردەگرن، تەنانەت ئەگەر نەشزانن لیریک مانای چیيە. هەرچۆنێک بێت لێی تێدەگەن. میوزیک ئەوە دەکات.

لەم ساڵانەی دواییدا خۆت میوزیکی فیلمەکانت داناوه‌. ئەمە دەبێت دڵخۆشکەر بێت، کە توانت هەبێت دەست بەسەر ئەو بەشەی کارەکەشتدا بگریت.

ڕاستە. ئەوە لەناکاو بوو. کاتێک ئێمە خەریکی بەرهەمهێنانی فیلمێک بووین بە ناوی (سنوورەکانی دەستبەسەرداگرتن،) تۆمارەکان و میوزیکە ئامادەکراوەکانم پێکەوە کۆ کردنەوە، نەمتوانی هیچ شتێک بدۆزمەوە کە بۆ ئەم بوارە کاریگەريی هەبێت، کە کەسێک دەچێتە مۆزەخانەیەکی هونەرييه‌وه‌، سەیری یەک تابلۆ دەکات و دەڕوات. لەو کاتەدا هەندێ کاری میوزیکيی ترم تەواو کرد. جاک وایت داوای لێ کردم ڕیمیکسێک بۆ گۆرانيی وایت سترایس کە ناو نرابوو (ئۆرکیدی شین) بکەم و سەرنووسەرەکەش کە لە فیلمەکەدا کاری لەگەڵدا دەکەم، وتی: (بۆچی هەوڵ نادەیت میوزیکێکى تایبەت بە خۆت بۆ ئەم بەشە دابنێیت؟) هیچمان نەبوو لە دەستی بدەین، بۆیە کردمان و زۆر باشیش بوو. کەمێک بێورەبووم لە کاتێکدا ئەو هەموو میوزکژەنە باوه‌ڕپێنەکراوە دەناسم و کارم لەگەڵ، نەیل یەنگ و تۆم وەیتسدا کردووە. لە بنەڕەتدا بەم شێوەیە بووم، وتم: (باشە بۆچی خۆم بیرم لێ نەکردووه‌تەوە، لە کاتێکدا ئەم هەموو کەسە باشە دەناسم!) بەڵام بە پێی  بارودۆخەکە ئەمە بۆ ئەو فیلمانە پێویست بوو. ئێستا ئێمە لە كردنى ئەمە بەردەوامین.

نەک تەنیا لە جیهانی فیلمدا، بەڵکوو دەبێت جۆرێک لە جوانيیش هەبێت بوونی ئەم پڕۆژە داهێنەرانە کە هیچ پێوەندیيان بەو جیهانەوە نییە.

بە ڕاستی وایە، ئەمە نامۆیە، ئەم جیهانە، بە تایبەتی پارەدان بە فیلمەکان. ئێستا بە بەراورد بە پێشتر زۆر جیاوازە. من کەسانی زۆر باشم هەن، كه‌ بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکان یارمەتیم دەدەن، بۆیە  لە نرخیان کەم ناکەمەوە، بەڵام زۆر کات هەست دەکەین پێویستە بکەوینە سەر چۆک و سوپاسی سەرمایەدارەکان بۆ ڕێگەدان بە بەرهەمهێنانی فیلمەکان بکەین. وەکوو ئەوەیە دەقيقەیەک چاوەڕێ بيت. من ئەم دەقە نووسراو و ئەکتەرانەتان بۆ دەهێنم. ئایا بە ڕاستی پێویستە بکەومە سەرچۆک و بۆ پێنەدانی پارە بە من سوپاستان بکەم؟

ئەمە بە تەواوی خراپيی من نیيە، بەڵام ئەمە زۆر گۆڕاوە. چەند هاوڕێیەکم هەن کە خەریکن فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری تەواو دەکەن. سەرمایەدارەکان سەیری بودجەکەیان کردووە و وتوويانه‌ بەردەوام بن! ئێوەش وەک دەرهێنەر چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەکرێت، پارە بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا بە لای کەمەوە ۲٥٫۰۰۰$ بەرامبەر چوار ساڵ کارکردن یان شتێکی لەو بابەتە وەکوو ئەوە وايه‌ (واو! بە ڕاستیتە پیاو!) بەڵێ شتێکی باشە لەو هەموو بێماناییەدا پشوویەک وەربگریت.

دێنیس هۆپیر جارێکیان لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: (دەزانیت بەرهەمهێنانی فیلم زۆر قورسە؟ بەرهەمهێنانی فیلمێکی خراپ هێندەی بەرهەمهێنانی فیلمێکی باش قورسە.) ڕاستە بەرهەمهێنانی  فیلم قورسە. شتێکی ئاسان نیيە. زۆرت لێ دەبات. پێویستە بەهێز بیت. وێرنۆر هیرزۆک هەمیشە دەڵێت دەبێت لە ڕووی جەستەییەوە وەرزشوان بیت، تا پێیدا تێپەڕیت. ئەوەش ڕاستە كه‌ هه‌رکەسێك ڕێگەی خۆی هەیه‌، بەڵام بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی پێویستی بە وزەیەکی زۆر، سەرنجی زۆر و زۆر پێوەخەریکبوونە. شتێکی ئاسان نیيە بیکەیت، بەڵام ئەوە زۆر ئاسوودەبەخشە بۆ من، چونکە هەموو شێوەکانی تری هونەری تێدا کۆ بووه‌تەوە. ئەمە فۆرمێکی دڵخۆشکەرە بۆم. من حەزم لێیەتی. من شارەزای فیلمم، چونکە لەو کاتەوەی منداڵبووم، خەریکی فیلم بووم وەک جۆرێک لە ئالودەبوون، بەڵام هەروەها خۆم بە میوزیک و کتێب و شتی تريشه‌وە وەک ئالودەبوون خەریک کردووە، بەڵام تەنها شەیدای فیلمم، ئەوە ئەو شتەیە هەمیشە لە کۆتاییدا بۆی دەگەڕێمەوە.

بێ گومان زۆر هونەرمەندی تر هەن خۆیان تەنها بۆ یەک شت تەرخان دەکەن، بەڵام پێدەچێت باشتر بێت ڕێگەی هەمەجۆر هەبێت بۆ ئارامبوونەوە. دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی فشارەکان.

پێم وایە ڕاستە. دەزانیت! هەموو کەس جیاوازە. هەموو کەس پێویستە ڕێگەی کارکردنی خۆی به‌و جۆره‌ى کە بۆی گونجاوه‌، بدۆزێتەوە، بەڵام شتێکی باشە بتوانیت شتی جیاواز تاقی بکەیتەوە، من فیلمسازێکی پڕۆفیشناڵ نیم.

من زۆر کەلله‌ڕەقانە دەڵێم دەرهێنەرێکی ئەماتیەری فیلمم. بنچینەی وشەکە (ئەماتیەر) بە مانای (خۆشەویستيی بۆ کار) دێت و وشەی پڕۆفیشناڵ واتە: (من بۆ پارە ئەو کارە دەکەم.) کە واتە من ئەماتیەری فیلمم، چونکە فۆرمی کارەکەم خۆش دەوێت. نامەوێت وشەی هونەرمەند بۆ خۆم بە کار بێنم، لەجیاتی ئەوە دەڵێم من کەسێکم کارەکەم وەرگرتنی ئەو شتانەیە کە کاریگەریيان لەسەرم هەیە و پاشان درووستکردنی شتانێکە کە لە منەوە دەر دەکەون. هەندێک کەسی تر هەن له‌وانه‌يه‌ هەمان هەستیان هەبێت، بۆ نموونە دەیڤد لینج؛ ئەو وێنەکێشە، ئاواز دادەنێت، کۆمەڵێک شتی تريش دەکات. ژمارەیەکی زۆر بەرهەمهێنەری فیلم هەن، شێوازی دەربڕینی هەمەجۆریان هەیە. هەندێکیان پێویستیان بە چەندان ڕێگەی دەربڕینە و هەندێکی تریان تەنها پێویستیان بە یەک جۆرە. ئەوان وەک درووستکراوێکی تاکخانەیی وان، ئەوان تاکە شتێکیان هەیە کە دەیانەوێت بیکەن. من ڕێز لەوە دەگرم. خۆشم بە تەواوی بۆ ماوەیەک وابووم. تەنها له‌ بوارى فیلمدا كارم ده‌كرد، بەڵام بەرەبەرە زانیم کاری ڕاستەقینەم لەوە فراوانترە.

پێشتر باست لەوە کرد بەتەمەنبوون هەستی زیادبوونی پێویستیيەکانی لە کردنی شتەکان پێ بەخشیویت. پێت وایە هەموو ئەوانە له‌بارەی چیيەوه‌ن؟

بە ڕاستی ئەو هەستەم هەیە. زۆر شیکردنەوەم لەسەر نەکردووە، بەڵام تەنها ئەو هەستەیە کە بەتەمەنتر دەبیت کات خێراتر و خێراتر تێدەپەڕێت. زۆر شتی تر هەن دەمەوێت بیانکەم. شتانێک دەمەوێت تاقیيان بکەمەوە، دوو پڕۆژەی کتێبم بە دەستەوەیە، دەمەوێت کاریان لەسەر بکەم، نامەوێت بە زۆر قسەکردن لەبارەیانەوە بێبەختیان بکەم، بەڵام دوانم هەن. لە ساڵانى 1970وه‌  شيعر دەنووسم. ڕاستييه‌كه‌ى زۆر بڵاویان ناکەمەوە، بەڵام چەند شتێکم هەن، لەوانەیە بڵاویان بکەمەوە، دڵنیا نیم. کاغەزی ڕۆژنامەی کۆلاژ درووست دەکەم. ئێستا کۆمەڵێکی کار-لەسەرنەکراوم هەن، لەوانەیه‌ 300 دانە بن، بۆیە دەمەوێت کتێبێکیان لەسەر ئاماده‌ بكه‌م، دواتر لە جێيه‌كدا نمايشيان بكه‌م. پێشتر هەندێک لەوانه‌م پێشان داوه‌، بەڵام دەمەوێت زیاتريان بکەم. ئەم پڕۆژانە و پاشان پڕۆژەی میوزیکيی زیاترم لە کارەکاندا هەن.

من زۆر به‌ دژوارى کارم بۆ دامەزراندنی تاقیگە داهێنەرانە بچووکەکەم، لێرە لە کاتسکیل کردووە، لە کاتێکدا ئێستا بینایەکی جودام لە خانووەکەم هەیە کە ژووری هونەر و میوزیکی هەیە و ژوورێکی تر کە جۆرێکە لە هۆڵی سینەما. ئەمەم دامەزراندووە بۆ ئەوەی کاری هونەرى بکەم، بنووسم، بخوێنمەوە، فیلم بەرهەم بهێنم، ئاواز دابنێم، جا خۆم بم، یان لەگەڵ کەسانی تردا… (من زۆر باشم. ئێستا مەوەستە! ئێستا کاتی ئەوەیە ئاوازی زیاتر دابنێیت و کاری زیاتر بکەیت!) من بەم شێوەیە زۆر دڵخۆشم، هەست بە باشی دەکەم.- (چاوەڕێ مەبە، کات بە فیڕۆ مەدە، بيكه‌!)

Leave a comment