[کۆ ببنەوە مناڵەکان! ئەمە درێژە دەکێشێت]

(کۆ ببنەوە مناڵەکان! ئەمە درێژە دەکێشێت.)

نوسین و ئامادەکردنی: نامۆ حەسەن

ئەمە ئەو ڕستەیەيه‌ کە بێڵامی بلەیک دوای هاتنه‌خواره‌وه‌ى کەشتییە ئاسمانییەکە بۆ سه‌ر زەوی ده‌رى بڕى.

نووسينێكى کورت تایبەت بە شیکردنەوەی کاراکتەری بێڵامی بلەیک، لە زنجیرەدرامای ١٠٠ کەسەکەدا.

ناساندن

ناوى زنجیرەدراما: (سه‌ده‌كه)‌ یان ١٠٠ کەسەکە

بەرهەم: نێتفلێکس

ساڵی بڵاوکردنەوە: ٢٠١٤

ڕەیتینگ: 7.7/10 IMDb

زمان: ئینگلیزی

ژانر:: Genres: Action, Drama, Utopian and dystopian fiction, Apocalyptic and post-apocalyptic fiction, Science Fiction

کورتەی چیرۆکی دراماکە

97  ساڵ پاش ئەوەی جەنگی ئەتۆمی زەويی وێران کرد، چەندهەزار کەسێک بە ماوەیەکی کەم پێش کارەساتەکە دەچنە ناو کەشتییەکی ئاسمانییەوە و ڕزگاریان دەبێت و لە بۆشاییدا ژیان بەسەر دەبەن، بەو هیوایەی ڕۆژێک بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی. لەگەڵ دەسپێکردنی ئەڵقەی یەکەم لە وەرزی یەکەمی زنجیرەکەدا ئەو کاتەیە کە ئەنجوومەن و دەسەڵاتدارانی ناو کەشتییەکە بڕیار دەدەن، کە ١٠٠ کوڕ و کچی هەرزەکار لە ڕێی کەشتییەکی ئاسمانییەوە بنێرنەوە بۆ سەر زەوی و بە هۆی ئەو بازنانەوه‌ی کە دەکرێنە دەستی هەریەکێك لەم سه‌د کەسەوه‌، لەناو کەشتییە ئاسمانییەکەوە و لە ڕێی تەکنەلۆجیاوە چاودێريی بارودۆخی هەرزەکارەکان و کەشوهەوای زەوی دەکرێت تا بزانن چەنده‌ بۆ ژیان گونجاو و لەبارە!

لەگەڵ نیشتنەوەی کەشتییەکە لەسەر زەوی، کاراکتەرێک بە ناوی بێڵامی بلەیک دەر دەکەوێت. ئەم کوڕە گەنجە وەک سەرۆکی ١٠٠ کەسەکە خۆی دەناسێنێت. بێڵامی لەگەڵ ئۆکتیڤیای خوشکيدا هاتوونەتەوه‌ سەر زەوی.

بێڵامی کاراکتەرێکی شەڕانگێز و توندوتیژ و خۆپەرستە. لەپێناو مانەوەی خۆی و خوشکەکەیدا ئامادەیە هەموو کەسێک و هەموو شتێك بکاتە قوربانی. یەکەم ئیشی بێڵامی ئەوەیە کە بە زۆر بازنه‌ی دەستی بەشێکی زۆری ١٠٠ کەسەکە دەشکێنێت، بۆ ئەوەی پێوەندییان لەگەڵ کەشتییە ئاسمانییەکەدا نەمێنێت و ئه‌وانه‌ى ناو کەشتییەکە وا بزانن کە ئەمان مردوون و لە هاتنەخوارەوەیان بۆ سەر زەوی پاشگەز ببنەوە. بێڵامی ڕقێکی زۆری لە سەرنشینانی ناو کەشتییەکەیە، بە تایبەت ئەنجوومەن و دەسەڵاتدارەکانی، تەنانەت پێش به‌ڕێكه‌وتنى بۆ ئه‌م گەشتە، دواکاری خۆی كه‌ کوشتنی سەرۆک (جاها)یە، ده‌كات.

بە کورتى ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، ئەوەیە کە بێڵامی بلەیک لای بینەرانی زنجیرە دراماکە کاراکتەرە خراپ و نەخوازراوەکەیە؛ لەگەڵ بەردەواميى زنجیرەکەدا ئەم کاراکتەرە زیاتر خۆی دەناسێنێت و کردار و ڕەفتاری نوێی لێ دەبینین. جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی ئه‌کتەرێك ڕۆڵی کاراکتەرێك بەرجەستە بکات و ئه‌کتەرێك کاراکتەرێك بناسێت و لێی تێبگات. Becky .Peters

ئەمەی بۆب مۆرلی كردى، ناسینی بێڵامی بلەیک بوو.

بۆب مۆرلی بە تەواوی لە چیرۆکی پشتەوەی کاراکتەرەکە شارەزا بوو، کە هەندێ لەوانە بە چەند گرتەیەکی کەم لە ڕێی فلاشباکه‌وه‌ پێشانی بینەران دەدرێت و هەندێکی تريان لەناو ناخی کاراکتەرەکەدايه‌ و بینەر خۆی هەست به‌ کاریگەرییە دەروونییەکانى ده‌كات.

ئێمە وەک بینەر ڕووی دەرەوەی (بێڵامی بلەیک) و کردار و ڕەفتاریمان بینی، ئەی لە ناوەوە چۆنە؟ ئەو کاریگەرییە دەروونیيانە چین کە لەناو خۆیدا هەڵیگرتوون؟

بۆ نموونە:

– بێڵامی منداڵبوو کاتێک بەرپرسیاريێتییەکی گەورەی گرتە ئەستۆ. ئایا ئەمە بە ویستی خۆی بوو یان لەژێر فشاری دایکیدا؟

–  بێڵامی باشبوونی کەسێکی خستە پێش باشبوونی خۆيه‌وه‌، ئایا ئەمە بڕیارێکی عاقڵانە يان سۆزدارانه‌ بوو بۆ منداڵێکی تەمەن کەمتر لە ده‌ ساڵ؟

–  لەگەڵ گەورەبووندا بێڵامی بیری لەوە کردووه‌تەوە کە خه‌ريكه‌ باجی هەڵەیەکی دایکی دەدات،
کە بە نهێنی و ناشەرعی هێناويه‌تيه‌ دنياوه‌. ئایا له‌باره‌ى دایکييه‌وه‌ چۆن بیر دەکاتەوە؟

–  ئەگەر ئەم خوشکەی نەبوایە، ژیانی چۆن دەبوو؟ ئايا هەرگیز بیری لە داهاتوو و پێکەوەنانی خێزان و خستنەوەی منداڵ کردووه‌تەوە؟

–  ئایا بێڵامی کەسێکی توندوتیژ و شەڕانگێز، یان باش و دڵسۆزە؟

ئەمانە و چەندان پرسیاری دیکه‌، کە بینەر هەستیان پێ دەکات.

لێرەدا کۆتایی بەم بابەتە ده‌هێنم. هیوادارم خۆتان بینەری دراماکە بن، تا لەم کاراکتەرە تێبگەن و پاشان بڕیاری لەباره‌وه‌ بدەن. جگە لە بابەتی ئەم کاراکتەرە، بە گشتی زنجیرەکە یەکێکە لە باشترین و نایابترین زنجیرەدراماکانی جیهان.

Leave a comment