[گفتوگۆ لەگەڵ وۆنگ کار وای]

گفتوگۆ لەگەڵ وۆنگ کار وای

سازدانی: ستیفانی لۆرس (Stefanie Luhrs)

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: بیلال نەسرین

 

تۆنی لیۆنگ (Tony Leung) خەڵاتی باشترین ئەکتەری (فێستیڤاڵی فیلمی کان)ـی بە دەست هێنا بۆ ئەو ڕۆڵەی کە لە فیلمی (لە هەوای عەشقدا-In the Mood of Love) بەرجەستەی کرد. فیلمێک کە لە لایەن دەرهێنەری بەنێوبانگ (وۆنگ کار وای-Wong Kar Wai)ـه‌وە دەر‌هێنراوه‌. هاوكات دەرهێنەرە هۆنگ کۆنگییەکە چەند مانگێک دواتر لە (فێستیڤاڵی فیلمی هامبۆرگ)يشـدا خەڵاتی (دۆگلاس سیرک-Douglas Sirk)ـی بە دەست هێنا.

لە هەوای عەشقدا، فیلمێکی ڕۆمانسيی میلۆدراميی ورد و سەرنجڕاکێشە له‌بارەی دوو کەسه‌وه‌ کە هاوسەرەکانیان ناپاکییان به‌رانبه‌ر كردوون‌. ئه‌م دوو كه‌سه‌ دەکەونە ناو خۆشەویستییەکی تەمومژاوییەوە. زەمەنی فیلمەکە ساڵی ١٩٦٢ە لە هۆنگ کۆنگ. ئەم فیلمە تا ئێستا تایبەتترین فیلمی وۆنگ کار وایە. ئاشکرایە كه‌ ئەم فیلمە ڕەنگدانەوەی سەردەمی منداڵیی دەرهێنەرە لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکەی هۆنگ کۆنگدا.

ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، دیمانەیەکی تایبەتە لەگەڵ دەر‌هێنەری هۆنگ کۆنگی، وۆنگ کار وایدا کە لە لایەن ستیفانی لۆرسەوە ساز و ئاماده‌ كراوە.

 

ستیفانی: تۆ حەز دەکەیت ناونیشانگەلێک بۆ فیلمەکانت هەڵبژێریت، کە بە تەواوی پێچەوانه‌ی ناوەڕۆکه‌كانيان بێت. دواهەمین فیلمت (شادمانی پێکەوە-Happy Together) له‌بارەی دوو ئەوینداری هاوڕەگەزبازەوه‌يه‌ کە لێك جیا دەبنەوە، هەروەها لە فیلمی (لە هەوای عەشقدا-In the Mood of Love) وا دێته‌ پێشچاو پڕۆتاگۆنیستەکان (Protagonist) هەموو ڕێگه‌یەک تاقی دەکەنەوە هه‌تا خۆشەویستی پشتگوێ بخەن؟

وۆنگ کار وای: کارێکی گەلێک دژوارە ناونیشانی چینيی (لە هەوای عەشقدا) وەربگێڕرێت. ناونیشانە ڕەسەنەکە تا بڵێیت شیعرییە، نیگارکێشانی بەهاری تەمەنی کەسێکە، بە تایبەتیش شکۆفەکردنی ژیانی ژنێک. ئێمە سەرقاڵی دۆزینەوەی ناونیشانێکی شیاو بووین بە زمانی ئینگلیزی لەکاتی ناردنی فیلمەکه‌دا بۆ فێستیڤاڵی کان. پێشنیاری جۆراوجۆر لە لايه‌ن زۆرینەی گرووپە بەرهەمێنەرەکانەوە خرانە ڕوو، بەڵام هەموویان پراوپڕ مەبەستەکەیان نەدەپێکا. ئەوەبوو ڕۆژێک سەرم بە (شوێنی دەنگ-تۆمارکردن-Record Store)دا کرد و سی-دییەکی گۆرانیی (بریان فێرى-Brian Ferry)م به‌ ناونیشانی (لە هەوای عەشقدا) پەیدا کرد. بیرم کردەوە و سەرەنجام وتم (باشە. ڕاستى، ناونیشانێکی خراپ نییە.) گۆرانییە ڕەسەنەکە لە دەیەی ساڵانى شەستدا دەرچووبوو. ڕووداوەکانی فیلمەکەش هەر لەو ئانوساتەدا دەقەومێن و ڕاستييه‌كه‌ى فیلمەکەش هەر له‌بارەی ئەو دۆخەیەوه‌يه‌، مەگەر وا نییە؟ فیلمەکە له‌بارەی ئەویندارييه‌وه‌ نییە، بەڵکوو له‌بارەی دۆخی ئەویندارییەوه‌يه‌. هەموان ناونیشانەکەیان بە دڵ بوو و ئێمەش بە باشمان زانی کەڵک لەو ناونیشانە وەربگرین.

ستیفانی: بە بۆچوونی ئێوە چ شتێکە وا دەکات ساڵانى دەیەی شەست تایبەت بێت؟ تۆ بە شێوەیەک لە شێوەکان لەو فیلمانەی بەرهەمت هێناون، بۆ ئەو ئانوساتە دەگەڕێیتەوە، بە تایبەت لە فیلمی (ڕۆژانی دڕندەبوون-Days of Being Wild)دا، وەک ئەوەی لە ڕۆژی نمایشکردنی فیلمەکەدا لە هامبۆرگ گوتت، (فیلمی لە هەوای عەشقدا بۆ ڕێزلێنان و بەرزڕاگرتنی ئەو سەردەمەیە، ساڵانى دەیەی شەست.)

وۆنگ کار وای: بەڵێ، بە هەمان شێوە حەز دەکەم بگەڕێمەوە بۆ ساڵانى چل، بەڵام ئەمە دەشێت زۆر دژوار بێت. ئەوەی کە من بەرەو ئەو سەردەمە کەمەندکێش دەکات، سەردەمی منداڵیمە و دەمەوێت بۆ ئەو ئانوساتە بگەڕێمەوە و کاری تێدا بکەم. پێم وایە ئەوە مافی فلیمسازە کە لە زەمەنەکاندا سەفەر بکات و ئۆقرە نەگرێت. ئەگەر ئێوە دەتانەوێت بۆ زەمەنێکی تایبەت و دیاریکراو بگەڕێنەوە، ئەوا دەبێت فیلمێک له‌بارەی ئەو زەمەنەوه‌ بەرهەم بێنن.

ستیفانی: (لە هەوای عەشقدا) پێوەنديی بە (ڕۆژانی دڕندەبوون)ـەوە چییە، کە ئەو فیلمەش لە ڕووی زەمەنییەوە بۆ ساڵانى شەست دەگەڕێتەوە؟

وۆنگ کار وای: بەڵێ، زۆرن ئەوانەی وای دەخەمڵێنن ئەم فیلمە تەواوکەر یان ئەنجامی (ڕۆژانی دڕندەبوون)ـە. بەڵام ئەمە چیرۆکێکی تەواو جیاوازە و ئێمەش هه‌وڵمان داوه‌ فیلمێک بەرهەم بهێنین جیاواز بێت لەوەی پێشتر. لەکاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا هەندێ جار بیرم دەکردەوە: (پێویست ناکات زۆر ئامانجەکی فیلمەکە بەرهەم بهێنین.) دەشێت هەردوو فیلمەکە پێوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت. وێڕای ئەوەش فیلمی (لە هەوای عەشقدا) بەشی دووەمی فیلمی (ڕۆژانی دڕندەبوون) نییە. دەکرێت درێژکراوەی ئەو بێت.

بۆ (ماگی چیونگ-Maggie Cheung) ئەم جۆرە لە نیگاکردن یارمەتیدەر بوو. بە هەموو پۆشاکەکانییەوە ڕۆڵبینین لە دەوری ژنێکی سی ساڵانی مێرددار -تا ڕادەیەک- دەشێت وەڕزکەرترین ڕۆڵبینینی دنیا بێت. ئەو پێوەنديی نێوان خۆی و ڕۆڵەکەی بزر کردبوو. من پێم گوت: (باشە، لە فیلمی ڕۆژانی دڕندەبووندا زۆر سرووشتی دەهاتیتە پێشچاو. ئەم چیرۆکەش لە هەمان ئەو ئانوساتەدا شكڵ دەگرێ و هەربۆیە کێشەیەکی ئەوتۆت نابێت.)

وەڵامەکەی ئەویش ئەمە بوو: (لەو فیلمەدا من ڕۆڵی کچێکی جەحێڵم بەرجەستە دەکرد و نەده‌بوو جلوبەرگی زۆر بپۆشم.) پاش ئەوە داوام لێ کرد کە وا بیر بکاتەوە هەمان کەسایەتییە، تەنها هێندە هەیە دە ساڵ تەمەنی هەڵکشاوە. بۆ ئاسانکاريی زیاتريش، ئێمە هەمان ناومان بۆ ئەو هەڵبژارد. لەو ڕۆژە بە دواوە بیرۆکەی ڕۆڵەکەی خۆيی هەزم کرد و ئەرکەکەی بە باشی ڕاپەڕاند.

ستیفانی: پاش تەواوبوونی کاری بەرهەمهێنانی فیلمەکە (لە هەوای عەشقدا،) هیچ دیمەنێکی سێكسی لە خۆ نەگرتبوو، ئەمە لە کاتێکدا تۆ دیمەنێکی سێكسييت تۆمار کردبوو و دواتریش فەرامۆشت کرد (سڕیتەوە،) بۆچی؟

وۆنگ کار وای: هۆکاری تۆمارکردنی دیمەنی عاشقانە لەبەر ئەو شێوازەیە کە من کاری پێ دەکەم، چونکە گەره‌کم بوو هەردوو کارەکتەرەکە تێبگەن بۆچی بەو شێوەيه‌ ڕۆڵەکانیان نمایش دەکەن و هاوکات چ جۆرە پێوەندییەک لە نێوانیاندا هەیە و چ شتێك پێکەوەیان دەبەستێتەوە! هەربۆیە ڕۆژی یەکەم، ئێمە وێنەی ئەو دیمەنە عاشقانەیەمان تۆمار کرد و دوابەدوای ئەوە کارەکتەرەکان لەوە تێگەیشتن کە دەشێت شتێک لە نێوانیاندا بقەومێت. ئەمە کیمیای پێوەنديی نێوان کارەکتەرەکانی دەگۆڕی، هەلومەرجێک کە ئەوان نیگایان لە یەکتر دەگرت، پێکەوە پیاسەیان دەکرد و کاردانەوەیان بەرانبەر یەکترى هەبوو.

لە کۆتایيی ڕۆژەکەدا وازمان لەو دیمەنە هێنا، بەڵام هێشتا ئەو کیمیای پێوەندییە ئامادەگيی هەبوو. ئەوە شتێک بوو هاوشێوەی (شادمانی پێکەوه‌-Happy Together،) کاتێک دەستمان بە کاری وێنەگرتن کرد، یەکەم دیمەن، دیمەنێکی عاشقانە بوو، هەربۆیە هەردوو کارەکتەرەکە بە وردى دەیانزانی چ جۆرە پێوەندییەک پێکەوەيان گرێ دەدات. ئەوان دەبوو ڕووبەڕووی ئەوە ببوونایەتەوە. دەزانیت ئەوەی کە ئێمە پێوەندییەکمان هەبێت یان پێکەوە سێكس بکەین، هەریەکه‌يان مانایەکی تا بڵێی جیاوازی هەیە.

ستیفانی: تۆ لە زۆربەی فیلمەکانتدا لە شاری بانگکوک و که‌مبۆدیا نەک لە هۆنگ کۆنگ وێنه‌ى ديمه‌نه‌كان ده‌گريت‌. ئایا هەڵبژاردنی شوێن کارێکی هێند دژوار و سەنگینە بۆ سەرلەنوێ سازاندنەوەی ئەو زەمەنە (ساڵانى شەست؟)

وۆنگ کار وای: ئێمە بە پڕۆژەیەک کە ناوی (هاوین لە پەکین-Summer in Beijing) بوو دەستمان پێ کرد. له‌بارەی دوو هاووڵاتيی هۆنگ کۆنگييه‌وه‌ کە -هەڵبەت بەشی زۆری خەڵکیش- بژێوييان لە پەکین بە دەست دێنن. هەڵبەت لە ئێستاشدا ئەم شارە تا بڵێی ناوازەیە، وەلێ دوای ئەو کێشە و ئاریشانەی کە بە هۆی سانسۆرە بێشومارەکانەوە هاتنە ڕێمان، بڕیارم دا دەست لەو پڕۆژەیە هەڵبگرم و کار لەسەر فیلمێکی دیکە لە هۆنگ کۆنگ بکەم.

وەکوو نوکتەیەک ئەمە دەڵێم، تەنانەت دەمانویست ناونیشانەکە وەکوو خۆی بهێڵینەوە. (پەکین لە هاویندا) لە پەکین بوو بە ناوی ڕێستۆرانتێک لە (ماکاو-Macao) و چیرۆکەکەش وەها خەمڵێنرابوو کە هەموو شتێك له‌بارەی خۆراک و خواردنه‌وه‌ بێت. لەگەڵ (لە هەوای عەشقدا) ئێمە فیلمێکی زۆر جیاوازمان بەرهەم هێنا. بەڵام هێشتا زۆرێک لە ڕووداوەکان لە ڕێستۆرانتەکان و نۆدڵ-باڕەکاندا دەقەومان. تەنها بەشێکی کەمی فیلمەکە لە هۆنگ کۆنگ وێنه‌ى گيرابوو. کارێکی گەلێک سەخت و سەنگینە بتەوێت لە هۆنگ کۆنگ فیلم بەرهەم بهێنیت. شارەکە زۆر بە خێرایی گۆڕانی بەسەردا دێت.

بۆ نموونە هۆتێلەکە لە کۆتایيی فیلمەکەدا لە به‌رچاو بگرن؛ ئێمە تیمارستانێکی سەربازیمان وەک شوێنی وێنەگرتن هەڵبژارد و هەم تیمارستانەکە و هەم تەواوی ئەو خانوو و باڵاخانانەی نیشتەجێبوون کە دەوری تیمارستانەکەیان دابوو، چۆڵ کران. لە کۆتاییدا دەبوو سۆراغی شوێنى دیکەمان لە بانگکوک کردبايه‌ تا بتوانین فیلمەکە تەواو بکەین. هەموو شتێك بە شتی دیکە جێگەی پڕ کرابۆوە، شتی نوێ.

بەرهەمهێنانی فیلمێک لەباره‌ى زەمەنێکی دیاریکراوه‌وه‌ لە هۆنگ کۆنگ کارێکی نەکردەیە. ئێوە پێویستە بەره‌و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک بانگکوک و مالیزیا بڕۆن، چونکە لەو شارانەدا دەتوانیت بینا و لۆکەیشنی دێرین بدۆزیتەوە کە بە کۆمەڵگه‌ی چینیی دێرینەوە پێوەست بن.

ستیفانی: لە سەروبەندی دووهەمین فیلمدا لەگەڵ وێنەگر (فیلمساز)ی ئوستراليايى (کریستۆڤەر دۆیل-Christopher Doyle)دا پێکەوە کارتان کردووە، کە بە سینەماتۆگرافییە تایبەت و ناوازەکەی دەناسرێتەوە. تۆ گرافیک دیزاینت خوێندووە و فیلمەکانت بە وێنەگریی بەهێز نێوبانگیان دەرکردووە. ئایا بۆ تۆ وەک دەرهێنەر، درووستکردنی جوانیی بینراو (Visual Beauty) گرنگترین و سەرەکیترین بەشی فیلمسازییە؟

وۆنگ کار وای: نا، وا هەست دەکەم من تەنها بەرانبەر ئەو فەزا و ڕووخسارانەی کە بەرانبەرم هەن، کاردانەوە دەنوێنم. بێ گومان خوێندنم لە بواری گرافیکدا کۆمەکم دەکات. زۆر جار وا بیر دەکەمەوە دیمەنەکان زۆر باشن، چونکە بۆ من باش دەر دەکەون، بەڵام هێشتا کاتێکی زۆرمان بۆ دۆزینەوەی ڕیتمە درووستەکە لەپێشە، تا سەرەنجام شتگەلێ بسازێنین.

(Yumenji’s theme) ئەو گۆرانیيەی کە چەند جارێک لە فیلمەکەدا دووبارە دەبێتەوە، واڵتزێکە (Waltz) کە لایەک ئاهەنگسازی ژاپۆنی (ئومبایاشی شیگیرو-Umebayashi Shigeru) لە ساڵی ١٩٢٧دا بۆ فیلمێکی دیکەى بەرهەم هێناوە. ئەو یەکێکە لە هاوڕێ ئازیزەکانم و تێکڕای گۆرانییەکانی خۆيی بۆ ناردووم. ئەم واڵتزە بۆ ماوەیەک لە مێشکمدا مابۆوە.

لە سەروبەندی کارکردنمدا لە فیلمی (لە هەوای عەشقدا،) سوودم لەو گۆرانییە وەرگرت بۆ بەرقەرارکردنی پێوەنديی کریس و ئەکتەرەکان و هەلومەرجەکان و ئەو تێمپۆیانەی کە بۆ فیلمەکە دەمویستن. پێم وایە فیلمی (لە هەوای عەشقدا) وەکوو سەما وایە، ڤاڵسێک لە نێوان دوو کارەکتەردا هەر ئەمەیە وای لە من کردووە پەنا بۆ ئەو موزیکە ببەم.

ستیفانی: تۆ لە یەک فیلمدا کەرەستە و ماتریاڵی زۆر بە کار دێنیت. بۆ فیلمی (لە هەوای عەشقدا) تۆ فیلمێکی چوار سه‌عاتييت هەیە. تا چەند ده‌بووە کێشە ئەگەر هاتبایت کاتی ئەو فیلمەت بۆ ٩٠ خولەک کەم بکردایەتەوە؟

وۆنگ کار وای: بۆ زۆر لە فیلمسازەکانی دنیا، پڕۆسەی ئیدیتین (ڕێکخستن و بژارکردنی دیمەنەکان) بنیادنانی شتێکە، کە شتەکان (دیمەن) لە تەنیشت یەکترەوه‌ دابنرێن و شتێک بەرهەم بێنن، بەڵام پڕۆسەکەی ئێمە لابردن و پشتگوێخستنی شتگەلێك بوو (دیمەن) کە پێویست یان باش نەبوون. ئەمە پڕۆسەی کاولکارییە.

ئێمە دەگەڕاین بۆ ئەوەی کە دەمانویست و لە خۆمان دەپرسی: ئاخۆ بە ڕاستی پێویستمان بەم دیمەنە هەیە؟ بۆ دیمەنی عاشقانە بڕیارمان دا کە ئەو دیمەنانەمان ناوێت و ئەوانەمان فەرامۆش کرد. پڕۆسەیەکی ئازاربەخش بوو، چونکە شتگه‌لێکی زۆر هەبوون کە دەبوايه‌ لا ببرێن، پاشان تۆ هەمیشە دەتەوێت ئەوە نیشانی خەڵکى بدەیت کە ئەو شتە باشانەی بەرهەمت هێناون، بە شێوەیەک لە شێوەکان لەناو فیلمەکەدا شیاو نەبوون.

ستیفانی: هەنووکە لە فیلمێکدا سەرقاڵی کارکردنیت بە ناونیشانی (٢٠٤٦) کە لە ڕووی زەمەنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێک کە یاسای بنەڕەتی (مانیفێستی هاوبەشيی نێوان هاووڵاتيی کۆماری چین و بەریتانیا بۆ پاراستن و هێشتنەوەی سیستمی سیاسی و شێوازی ژیان لە هۆنگ کۆنگی بەریتانیايی بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ) بەسەر دەچێت و یاسای چینی جێگه‌ی دەگرێتەوە.

وۆنگ کار وای: بەڵێ، یەکەمین شت کە دەمەوێت بیهێنمە پێش چاوم، ئەوەیە کە چی دەبێت ئەگەر هۆنگ کۆنگ بۆ ماوەی ٥٠ ساڵی ڕەبەق هیچ گۆڕانكارييه‌كى بەسەردا نەیەت. ئەمە لە کاتێکدا هەموو دنیا لە دۆخی گۆڕاندا بن. دەمەوێت فیلمێک له‌بارەی (گۆڕان)ـه‌وه‌ بەرهەم بهێنم، چونکە زۆرینەی دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ لە گۆڕان دەترسن. فیلمێک لەباره‌ى ئایندەوه‌ لەگەڵ ئەکتەرانێکدا لە چه‌ندان شوێنی جیاجیای دنیاوە: هۆنگ کۆنگ، چین، ژاپۆن، کۆریا…و لەوانەيه‌ ئەورووپاش.

 

مارتی ٢٠١١

ستیفانی لۆرس

 

سەرچاوە:

١_https://a-bittersweet-life.tumblr.com/post/6538785704/interview-with-wong-kar-wai

٢_ http://naghdefarsi.com/kar-wai-wong-2/15300/

Leave a comment