گفتوگۆ لەگەڵ یاسەمین لێڤی
یاسەمین لێڤی، ئاوازەكانی هەڵقوڵاوی شێتین يان ئاواز لە قووڵاييی شێتییەوە دهر دههێنێت.
گۆرانیبێژە جووه (سەرفادی)يەكە ئاواز تێكهڵ بە خوێنیەتی.
ئامادەكردنی: سارا ئاریۆستێی
لە ئینگلیزییەوە: زامۆ بەکر
دەمزانی كە دەمهوێت دیمانەیەك لەگەڵ گۆرانیبێژی سەرفادیی نێودەوڵەتی، یاسەمین لێڤیدا لهبارەی ئەزموونی لەگەڵ گۆرانيی لادینۆدا ساز بكهم، وەك خۆم كە موزیكژەنێكی لادینۆیيم، تەواو سەرسامی گەشتی چەندساڵەی پڕشكۆى گۆرانیبێژيی ليڤەی بووبووم. هەردووكمان شێوازگەلێكمان بە بنچینەی یەهوودی-ئیسپانیايیەكەی خۆمان بەخشییەوە كە ببێتە جێى شانازی و لە هەمان كاتدا ڕێزگرتنیشمان لە ڕێبەدیيی موزیكیمان و تێكەڵكردنی لهگهڵ گشت بزواندنەكانی تردا.
یاسەمین لە دایكوباوكێكی سەرفادی (یەهوودی) لە ئيزمیر، له توركيا لە دایك بووە و به ئاوازی گۆرانيوتنى دایكی لە ئورشەلیم گۆش كراوه. مەرگی ناوەختەی باوكی كە كاتێك یاسەمین شیرەخۆرە (ساوا) بووه، برینێكی هەمیشەیيی به جێ هێشت. یاتژاك لێڤی یەكێك بوو لە كاریگەرترین ئەو كەسانەی كە پارێزەری ڕێچكەی گۆرانيی لادینۆیی و مێژووی یەهوودی-ئیسپانيايی بوو. بە پشتبەستن بەم پاشخانە و وەك هاوڕێ و هاوپیشەیەك لەگەڵ یاسەمیندا لهبارەی ئەوەوه كە (ئایا چ مانایەك دەبەخشێت ئهگەر گۆرانيی لادینۆ تێكەڵ بە خوین و لەنیو دڵتدا قەتیس بووبێت،) دووام.
دیمانەساز:
تۆ لەنێو خێزانێكدا گۆش كراوی كە نوقمى نێو گۆرانيی ڵادینۆی بوون. باوكت یەكێك بوو لە پێشەوایانی پارێزگاریكردن لەم ڕێبازە و دایكیشت گۆرانیبێژ بوو. ئایا ئەزموونی پیشەیيی ئەوان، كاریگەريی لەسەر تۆ به جێ هێشتبوو؟
یاسەمین:
ئەو كاتەی پهيم بەوە برد كە دەمەوێت لە ناخی دڵهوه گۆرانى بڵێم، ڕاستييهكهى باوكم بوو كە -ئەوەندەی تر- كارەكەی لە لا گران كردبووم. زۆر هەوڵم دا له گۆرانيبێژى دوور بكەومەوە. ئەوە جەنگێكی گەورەبوو بۆ من و هەموو كاتێك دەمگوت: (من كێم تا گۆرانی بچڕم؟ باوكم گۆرانیبێژە و دایكیشم بە هەمان شێوه.)
چەد ساڵێكی ویست تا بتوانم خۆم لەو بیركردنەوەیە ڕزگار بكهم. كاتێك دەستم بە گۆرانیوتن كرد، دەمویست بە عیبری گۆرانی بڵێم و گۆرانییەكەم گەنجانە و بەناوبانگ بێت. جارێكیان لە یەكێك لە ئاهەنگەكانی دایكمدا كە بۆ یادی باوكمى ساز كردبوو، بۆ گۆرانیيهك بانگ كرام. تەنها یەك گۆرانیم چڕی و ئیدی سەرتاپای ژیانم گۆڕا. دیدگای گۆمەڵگهی لادینۆ بۆم ئەوەبوو كە من نەوەی نوێم و دەبمە تاكە هیوای ئەوان. لە دوای ئەوەوە ئەو گۆرانیيانەی كە لە چێشتخانەكەی دایكمدا دەموتن، بردمنە نێو ستۆدیۆوە.
دیمانەساز:
پێوەنديی تۆ لەگەڵ لادینۆدا لەو كاتەوهی تۆ دەستت بە گۆرانیوتن كرد، هیچ گۆڕانكارييهكى لەو ڕێبازەدا كرد؟
یاسەمین:
لە ئیسرائیل هەموان بە شێوازی لادینۆ بە ڕێبازێكی كلاسیكی گۆرانیيان دەچڕی و بە شێوازێك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرد كە ڕێبازێكی تەواو كۆنە و زۆر تایبەتە. چ شتێكە كە دەبێت وەك پیاوێكی بەتەمەن مامەڵەی لەگەڵدا بكەیت و ئاگاداری بیت. من لەگەڵ ئەوەدا نەسازام بەو شێوەیە گۆرانی بڵێم كە شتێكی زۆر كۆن بێت، لەگەڵ ئەوەدا كە تەمەنی 300 بۆ 500 ساڵە. بۆ من خۆشەویستی هەرخۆشەویستیيە و ئازاریش ئازارە. دەمزانی كە دەتوانم سەروا یان ستایل (شێواز)ى چڕینی گۆرانیيەكە بگۆڕم، بەڵام هەرگیز دەستم بۆ میلۆدی یان داڕشتەی هۆنراوەكەی نەبرد. لەبەر ئەوەی كچی باوكم بووم، ئەركی سەرشانم لهبارەی ئەو بابەتەوه گرانتربوو. وای دەبینم كە كارێكی تەواو جیاوازی وەك لەوەی ئیمە كردمان، كرد. ئەو ئەو ڕێبازی گۆرانیيانەی لە مردن پاراست.
خێزانەكەی من بۆ ماوەی 500 ساڵ لە توركیا بوون. كاتێك به تێپهڕبوونى چەند نەوەیەك لە شوێنێكدا دەمێنیتەوە، ناتوانیت لە ڕێچكەی گۆرانیچڕینی ئەو شوێنە لا بدهبت. ئێستا من خۆمم وەك پەپوولەیەك دێتە پێش چاوان كە لەسەر گوڵێكەوە بۆ سەر گوڵێكی تر دەفڕم و ئەو گۆرانیيانە بڵاو دەكەمەوە.
دیمانەساز:
ئەم ئەلبوومە نوێیەت كە بە ناوی (تەنها شەوێك)ـه تاكە ئەلبووم و یەكەمینیشە كە به زمانی دایكت، واتا عیبری بێت، بۆچی ئەم هەموو كاتەی خایاند؟
یاسەمین:
زیاتر لهوهى كە بیری لێ دەكەیتەوە، ترسم لە عیبری هەبوو و هەرگیز نەمدەتوانی ئەو جوانییەى لە گۆرانيی لادینۆ و ئیسپانیاييدا هەیە، لە عیبریدا بيدۆزمەوە. ئەوە بەكارهێنانی زمانی ڕۆژانەم بوو كە لە بازاڕكردنێكدا بە كارم دەهێنا. ئەو زمانە جادوو و ڕۆمانتیكيی خۆی ون كردبوو. پاشان كوڕەكەم چاوی بە دنیا هەڵهێنا و ئیدی دەستم بە خوێندنەوە و چڕینی گۆرانيی منداڵان بۆ مایكڵی كوڕم كرد و ئەوەی ڕووی دا، ئەوەبوو كە هەنگاو به هەنگاو عیبریم خۆش دەویست. ماوەی 36 ساڵی ویست تا بتوانم هەست، خواستی گۆرانییەكانم، بیروباوەڕم لهبارەی عیبرييهوه دەر ببڕم.
دیمانەساز:
ئەو پێشهاتانەی تر چی بوون كە لە ماوەی ئەزموونی پیشەيیتدا دركت پێ كردن؟
یاسەمین:
دەرهێنەرەكەم، بێن مێندڵسن، فێری كردم كە گۆرانی ئەوەمان پێشان دەدات كە ئێستا لە كوێی ژیانداین و دەمانەوێ چی دەر ببڕین! هەرگیز بەو شێوازە بیرم لێ نەكردبووەوە. بێن لەناكاو وای لێ كردم بیر لەوە بكەمەوە كە دەمەوێت ئێستا چی بە خەڵكی لهبارەی ژیانمهوه بڵێم! لەو چركەساتەوە هەموو گۆرانییەك و هەموو ئەلبوومێك بۆ من مانایەكی هەیە. ئەلبوومی سێنترێی ساڵی 2009 ئەو ساتە بوو كە هەستم دەكرد ئهوان (ڕۆژنامەنووسان و بەرهەمهێنەران) داوەریم لەسەر دەكەن. وەها هەستم دەكرد كە دەبوو هەموو كات ڕوونكردنەوە لهبارەی شتەكانهوه بدەم. كاتێ هاتمە سەر ئەلبوومی سێنترێ، گوتم ئیدی بەسه. سێنترێ مانای ئەوەیە كە هەست بكەیت، تەنها هەست بكەیت.
دەست بە گۆرانیچڕین دەكەم و ئیدی داوەری لەسەر ئەوەی هەستی پێ دەكەیت، بدە. ئەوە ئەو ساتەبوو كە ئیدی نەمدەویست خەڵكی لە بنمیچێكدا دەورەم بدەن. نامەوێت ئیدی ڕوونكردنەوە لهبارەی خۆمهوه بدەم. ناتوانیت هونەر ڕوون بكەیتەوە. هونەر لە شێتییەوە سەرچاوە دەگرێت.
دیمانەساز:
سەرباری ئەرك و ڕۆڵی گۆرانیبێژێكی لادینۆيی-كلاسیكی، بۆ چەند ساڵێك خۆت گۆرانيی خۆتت دەنووسی، ئەم پاڵنەرى نووسینی گۆرانییەت لە كوێوە بۆ هات؟
یاسەمین:
ڕاستييهكهى من هیچ ڕێبازێكی نووسینم نییە. دەتوانم بڕۆم لە فرۆشگهيهك شیر بكڕم و بە شیر و گۆرانییەكەوە بێمەوە. ههر بە یەك وشە دەست پێ دەكات و لێرەوە چیرۆكەكه دادەمەزرێنم، ئەگەر وشەیەكم لەوێ هەبوو. كە وایە ئەو ڕێگهیە كە هۆنراوەكەی پێ لە دایك بووە. دەبێت ڕێز لهم وشانە بگرم. هۆكارێك ههيه بۆ ئهوهى ئێستا ئەم وشانە لەنێو مێشكمدا بن. ئەم وشانە هەروەك كۆمەڵه مێرووی فڕيو لەنێو مێشكمدا دێن و دەچن. لەناكاو گۆرانییەكيان پێ درووست دەكەم و تەنها پێویستە خێرا بگەڕێمەوە ماڵەوە و تۆماریان بكەم و لە مێشكميان وه دەر نێم. دەبێت گۆرانییەكە لەنێو منەوە لە دایك بێت.
دیمانەساز:
دەزانم كە ئارەزوو ناكەیت لەنێو گۆرانییەكانتدا باسی سیاسەت بكەیت و سەرەڕای ئەوەی بهوه ناسراويت گۆرانییەكانت بۆ پێكەوەبەستنی پێوەنديی نێوان كولتوورەكان بە كار دەهێنیت. بۆ ئەوەی ئەو كارە بكهيت، چۆن پێوەنديى لە نێوان لادینۆ، توركی و فارسی و هتد…دا درووست دهكهيت؟
“یاسەمین:
من لە ئورشەلیم گۆش كراوم. شوێنێك كە تێیدا خاڵی تیكەڵبوونی كۆمەڵه كولتوورێكى جیاوازه. كۆمەڵێك دهراوسێی مەغریبى و كوردم هەبوون. من توركم. یەك ئۆپێرا لە دەوروبەری من ههبوو، هەر لە گۆرانيی فلامینگۆی ئیسپانییەوە تا گۆرانيی عەرەبی. لەگەڵ ئەم دەنگانەدا گهوره بووم. وا بیر دەكەمەوە كە ئەگەر لە شوێنێكی تردا لە دایك بوومایە، ئەوا ئەمانەی ئیستا هەرگیز ڕوويان نەدەدا. هیچ شتێكم لەبەر هیچ هۆكارێك نەكردووە، گۆرانی دەچڕم تەنها لەسەر بنەمای ئەو هەستانەی لە دڵمدان. لەدایكبوون و پێڕهوكهبوونم لە ئورشەلیم ئەو دیارییە خواييهى منە. هەموو ژیانم وەك گۆرانیبێژێك لەگەڵ زۆر كەسدا كە ڕهگهز و دینی جیاوازيان ههيه، كارم كردووە. موزیكژەنی ئەمهریكايی و توركیم هەبووە، تەنانەت لەگەڵ ئەو هەموو مێژووەی كە هەیانە، پێكەوە كۆ دەبووينەوە و لەژێر پەردەی هونەردا دەستلەملانی یەك بووين. من سیاسی نیم. نامهوێت لهبارەی سیاسەتهوه بدوێم، ئەوە بە مافى ڕەوای خۆم نازانم. وەڵامەكەم ئەوەیە: بێ بۆ ئاهەنگەكەم و گوێ بۆ گۆرانییەكانم شل بكه!