[دیمانەیەک لەگەڵ پاکۆ دێ لوسیا]

 

گفتوگۆ لەگەڵ پاکۆ دێ لوسیا

 

دیمانەساز: مانۆلۆ نیێتۆ

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عوسمان

 

پرسیار: دوای چەند ساڵێک ژیان لە مەکسیکۆ، بۆچی بڕیاڕت دا بگەڕێیتەوە بۆ ئیسپانیا و لە تۆلیدۆ نیشتەجێ بیت؟

پاکۆ: بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ تۆلیدۆ لەبەر چەند هۆکارێک، یەكێک لە هۆکارەکان ئەوەیە تۆلیدۆ لە مەدریدەوە نزیکە  و لە قەرەباڵغیيەکانی هاتوچۆی پایتەختیشەوە دوورە. لێرە هیچ قەرەباڵغیيەک نییە. تۆلیدۆ شارێکە دەتباتەوە بۆ ڕابوردوو. بۆ پیاسەیەکی شەقامەکان دەڕۆیتە دەرەوە و بە هەستێکی ئارامی جوان و ژیانی کاتە جیاوازەکانه‌وه‌ دەگەڕێیتەوە ماڵەوە.

دەکەویتەوە یادی جوو، عەرەب، ڤیزیگۆتیکی، کارتاژی و ڕۆمانیيەکان. دەتوانیت لە هەموو شوێنەکانی شاردا هەست بە بوونی ئەو خەڵکانە بکەیت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەوێ ژیاون. سوپاس بۆ خودا کۆمپانیاکانی ئاوەدانکردنەوە (باڵاخانە درووستکەرەکان) ئەم شوێنانەیان نەڕووخاندووە. لێرە ئەو ئارامییە دەدۆزمەوە کە بۆ کارکردن و ئاوازدانان و بیرۆکەوەرگرتن پێویستمە. هەمیشە حەزم بە هەموو ئەو شتانە بووە کە پێوەندییان بە جیهانی عەرەبی و جوولەکەکانەوە هەیە. من پێم وایە زۆرینەی ئەو خەڵکانەی لێرە ژیاون، پشکێکی گەورەیان لە کولتوور و میوزیکی وڵاتەکەماندا. هەبووە.

بۆ نموونە، من چەند پارچە میوزیکێکی سەفاردی (جووەکان)ـم دۆزییەوە و لەوێوە تێبینيی ئەو کاریگەریيە گەورەیەم کرد کە  میوزیکی فلامێنکۆ هەیەتی. پێم وابوو فلامێنکۆ زیاتر بە کولتووری عەرەبی کاریگەرە، بەڵام ئێستا زۆر دڵنیام ئەمە زیاتر پێوەنديی بە میوزیکی سەفاردییەوە هەیە کە لەو کاتانەدا لە تۆلیدۆ درووست بووە.

پرسیار:  دوای پێنج ساڵ لە بێدەنگبوون، دەتوانیت چیمان پێ بڵییت لەبارەی ئەم ئەلبوومە نوێیەت‌ (Cositas Buenasشتە باشەکان)ـه‌وه‌ و دووبارە دەرکەوتنەوەت لەگەڵ کامارۆن دێ لائیسلا و گوتنی [گۆرانيی فلامێنکۆ]؟

پاکۆ: ئاشکرایە ئەمە ئەلبوومێکی ترە، بەڵام من هەموو کات هەوڵ دەدەم و ئەم جارەش باشترین هەوڵی خۆمم داوە بۆ درووستکردنی ئەلبوومێکی ناوازە. لە کۆتاییدا ئەلبوومەکەم بە دڵ بوو. من هەمیشە بە دوای ئارەزووە کەسیيەکانی خۆمدا دەگەڕێم و تەنیا هەوڵ بۆ ڕازیکردنی ئەو کەسانە نادەم کە میوزیکەکەی من دەکڕن. من خۆم جیا کردەوە. بۆ ماوەی دوو ساڵ خۆمم دوور خستەوە بۆ چاكکردنەوەی هەندێک کەلێن. پێم وایە کاتێک کەلێنەکانت پڕ دەکەیتەوە، زیاتر بەرەو پێش دەچیت، بەسەر هەموو ئەو شتانەدا زاڵ دەبیت کە بە شکستت داناون، ئەو شتانەی کە دەبێت دووبارەیان نەکەیتەوە. هەروەک هەموو کاتێک زیاتر و زیاتر هەوڵم داوە لە فلامێنکۆدا قووڵ ببمەوە، لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی لە بابەتی هارمۆنی و ڕێکخستنی ئاوازەکاندا باشتر بم. من دەنگ، کۆڕاڵ، کانتەکانم پێشکەش کردووە، چونکە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو شێوازی میوزیکەم لە بیر کردبوو کە لە کۆمپانیاکەی کامارۆندا کارم لەسەر دەکرد.

هەموو کاتێك پێم وابووە کە گیتارژەنی وەک سۆڵۆیستێک کەمێک بێزارکەرە. بە ڕاستی ئەو شتەی من حەزم لێی بوو و چەند جارێکیش گوتوومە، ئەوەبوو کە دەمویست گۆرانی بڵێم. هەموو ئەو شتانەی دەمزانین، وەک گیتاریستێک پێشکەشم دەکردن، چونکە بەشێک بووم لە کارەکانی کامارۆن، بۆیە لەم ئەلبوومەدا چەند نوسخەیەکی ئۆرجيناڵم لە تۆمارکراوە کۆنەکانمان پاراست.

لەو کاتەدا چەند بەرهەمێک هەبوون بێسوود بوون و نەتدەتوانی لەو سەردەمەدا ئەو شتانە بکەیت کە لە ئێستادا لە ڕێی پڕۆتوڵسەوە لە کۆپیيە ئۆرجيناڵه‌كاندا دەکرێت. چەند هۆنراوەیەکم پاراست کە بێکەڵک بوون و وازمان لێ هێنابوون. ئەوە کارێکی ئاڵۆز و هەستیار بوو، بەڵام توانیم کامارۆنێک ڕزگار بکەم کە لەم ئەلبوومەدا زۆر زیندوو دەر دەکەوێت.

 

پرسیار: چی له‌بارەی هاوکارەکانته‌وه‌؟  

پاکۆ: هەندێک کەس هەن کە لە ئەلبوومەکەدا گۆرانیيان گوتووە، لەوانە کچێک کە خەڵکی سیڤیلیایە و ناوی لا تانایە. لەگەڵ مۆنتس کۆرتێس، دیێگۆ ئێل سیگالا، گوادیانا، ئێل پۆتیتۆ، لا ئەنجێلا… لەم ئەلبوومەدا کەسانی زۆر پڕۆفیشناڵ هەن، کە پێم وابوو ئەمە وا دەکات شایەنی کڕین بێت؛ (وەرە وەرە! بچۆرە بازاڕ و ئەوە بکڕە!)

پرسیار: یەکێک لە جەوهەرەکانی ئەم ئەلبوومە بولاریایە[1] کە گۆرانيی (Que venge el alba)یە و تێیدا کامارۆن دی لا ئیسلات ڕزگار کرد و لەگەڵ تۆماتیتۆ پێکەوە گیتارتان ژەند. هەستت چۆن بوو لەکاتی تۆمارکردنی ئەم گۆرانیيەدا؟

پاکۆ: ڕاستييه‌كه‌ى هەبوونی کامارۆن لە ئەلبوومەکەدا بۆ من بەخششێکە چ بۆ لایەنی هونەری و چ بۆ لایەنی سۆزداريیش. هەبوونی ئەو لە ئەلبوومەکەدا هەستی گەڕانەوەم پێ دەبەخشێت بۆ ئەو ڕۆژانەی کە زۆر بیریان دەکەم و بەپەرۆشه‌وه‌م بۆیان. هەروەها ئێل تۆماتیش (تۆماتیتۆ) نەدەکرا دوور بخرێتەوە. ئەویش بەشێک بوو لەو ڕابوردووە. پێکەوە کاتێکی خۆشمان بەسەر دەبرد و دەگریاین کە گوێمان لە کامارۆن دەگرت. ئەوە وەک گەڕانەوە وابوو بۆ ڕۆژانی ڕابوردوو. لەدوای تەواوبونی ئەو گۆرانیيەی گوێمان لێ دەگرت، فرمێسک بە چاوەکانماندا دەهاتە خواره‌وه‌. وەک ئەوە وابوو کامارۆن هەر لەوێ بێت، لە کاتێکدا کامارۆن بۆ خواردنەوەی کووپێک قاوە تا باڕەکە دەچوو.

تۆماتیتۆ ژەنیارێکی لێهاتووی گیتار و میوزیکی فلامێنکۆیە و بە تەواوی عاشقی گیتار بوو، کە ئەوە تایبەتمەنديی بنەڕەتيی هەر میوزیکژەنێکە.

میوزیکژەن و کانتۆرێسەکان (گۆرانیبێژانی فلامێنکۆ) هاتن بۆ ستۆدیۆ بۆ ئەوەی گوێ لەو شتانە بگرن کە کارم لەسەر دەکردن و ڕۆژێک دیێگۆ ئێل سیگالا هات و پرسیاری لێ کردم: (پاکۆ! من چ گۆرانیيەک دەڵێم لە ئەلبوومەکەدا؟) منیش وتم: (نازانم دیێگۆ. با بزانم چ گۆرانیيەکمان هەیە لێرەدا!) چەند تیێنتۆیەکم[2] دۆزییەوە، چەند هۆنراوەیەک کە پێشتر ئامادەم کردبوون و کردبوومن بە سەرچاوەیەک بۆ گۆرانی. ئەو بە جوانی گۆرانیيەکانی گوت. دیێگۆ سەرسووڕێنەربوو. هۆنراوەکان ناوازەبوون.

هەروەها پۆتیتۆش هات و وتی: (بەڵام ئەو تەنیا کاتی بۆ کۆڕاڵەکە هەیە.) زۆرم حەز دەکرد چەند سۆلۆیەکی بۆ بنووسم، بەڵام ئەو پەلەی بوو بڕوات بۆ سیڤیلیيە و ئێمەش کاتمان نەبوو، بەڵام جاری داهاتوو خۆی دەرباز ناکات.

ئێل پیرانینیا زۆر بە باشی دەژەنێت. ئەو تەمەنی ٢٠ بۆ ٢١ ساڵە و ئاواز و تێمپۆی هەیە. کاتێک ئەو دەژەنێت وەک ژەنیارێکی بەتەمەنی شارەزا وایە. لەگەڵ درەمسكوتێكدا کە ناوی ئالان پێرێزە و خەڵکی کووبایە، دەيبەم بۆ ئەمه‌ریکا. ئەویش ژەنیارێکی باشە. ئەم دوو کوڕە زۆر گەنجن.

هەروەها ئێل نێگری، کە خەڵکی باربێریا بوو، ئەویش هات و لاتاناش هات کە کانتۆرایەک بوو لە سیڤیلیيەوە هاتبوو و زۆر بە باشی گۆرانيی دەگوت. بەشداریی لە ئەلبوومەکەدا دەکرد و دایکیشی هێرمینیا، هەر بە باشی گۆرانيی دەگوت. من ئێستا بەدوای کەمانچەژەنێکی هیندیدا دەگەڕێم. لە دوايين خولەکدا ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات، نازانم ئەگەر بتوانم لەکاتی گونجاودا یەکێک بدۆزمەوە، ئەوه‌ ئەو شتەیە کە لە ئێستادا کاری له‌سه‌ر دەکەم.

 

پرسیار: با باسی هاوکاریکردنی هاوڕێکەت (ئەلیخاندرۆ سانز بکەین لە بەرهەمێکی ڕومبادا بە ناوی (کاسا بێرناردۆ)

پاکۆ: بەڵێ، ئەلیخاندرۆش لە ئەلبوومەکەدا بەشدارە، بەڵام نەیدەتوانی گۆرانی بڵێت. ئەو ڕۆژەی هات بۆ ستۆدیۆکە، دەنگی نوسابوو. ئەوەندەی سەرما بوو، تەنانەت نەیدەتوانی قسەش بکات. ترێسێکى[3] کووبايی هەبوو لە ستۆدیۆکەدا کە وەک گیتارێکی بچووک وایە. ئەلیخاندرۆ بەوە دەستی بە ژەنین لەسەر ئاوازی ڕومبا کرد. چەند دەنگێکی زۆر خۆ‌شی خستە بەر گوێمان. ئەوم بە دڵ بوو، چونکە دەیتوانی بە درێژایيی کاتەکە بێ ئامادەکاری کار بکات، لەبەر ئەوەی ئەوە بیرۆکەیەکی ڕەسەن و نوێ بوو و زانیاريی تەواويشی له‌و باره‌يه‌وه‌ هەبوو. ئەو گۆرانیبێژێک نییە هۆنراوەکان لە بەر بکات و دواتر وەک تووتی بیانڵێتەوە. ئەلیخاندرۆ ئەو توانایەی هەیە بێ ئامادەکاری کاری باش بکات. ئەو هات و بەشەکەی خۆيى لە ئەلبوومەکەدا پێشکەش کرد. ئەمە وەک یادخستنەوەیەکی بچووک وایە. ئەوەی من له‌بارەی ئەوه‌وه‌ دەمویست، ئەوەبوو كه‌ ئەلیخاندرۆ لەوێ بێت، بۆیە ئەو بیرەوەریيەی ئەوم لە یاد ماوە.

پرسیار: لەکوێ ئەلبوومەکەت ئامادە کردووە؟

پاکۆ: چووم بۆ شوێنێکی زۆر بێدەنگ لە یوکاتان لە مەکسیکۆ، ئەو شوێنەی کە چوار ساڵی ڕابوردووی ژیانم لێ بەسەر بردووە. ماڵەکە لە ناوەڕاستی دارستانی باراناویدايه‌ کە کەشوهەواکەی تەواو گونجاوە، هیچ کەسێک لەوێ نییە. هەموو دوو ڕۆژ جارێک گەشتیارێک لەوێ یان لە کەنار دەریاکەدا دەبینیت. شوێنەکە پڕاوپڕە لە گوڵ و باڵندەکان. هەموو ئەو دەنگەدەنگەی لەوێ دەیبیستیت، دەنگی باڵندەکانە (ژاوەژاوی پیرۆز.) من لە شارە گەورەكان، ئوتومبێل، تەلەفۆن و پەیوەندیيەکان جاڕزم، بۆیە پێم وابوو ئەوێ شوێنێکی لەبارە بۆ بیرکردنەوە و گەڕان بە دوای شتێکدا کە پێشتر نەموتووە. مەبەستم وتنە لە زمانی میوزیکیەوە، بۆیە دوو ساڵم لەوێ بەسەر برد. ڕۆژانە هەشت بۆ دە کاتژمێر کارم دەکرد. هەوڵم بۆ دۆزینەوەی شتێک دەدا کە له‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كاندا نایدۆزیتەوە. لە بنەڕەتدا کارەکە له‌بارەی ئەوەوه‌ بوو لە شوێنێکی بێدەنگدا بم. (پوجا) ناوی ئەو لادێ بچووکە بوو، کە من لەگەڵ گیتار و کۆمپیوتەرەکەمدا لێى بووم. یەکەم جار بوو کۆمپیوتەر لە کارەکانمدا بە کار بهێنم. ئەوە شتێکی باشە بۆ دەستکاریکردن و گۆڕینی بەشەکان، بێ ئەوەی پێویست بە بەکارهێنانی دەست و دووبارەکردنەوە بکات، وەک ئەوەی پێشتر بە شریتێکی تۆمارکەری بچووک یان کاسێتخۆرێك کارەکانم ده‌كرد.

پرسیار: پێوەندیيت لەگەڵ کۆمپانیای تۆمارکردنەکەت (Universal Music)دا چۆنە؟

پاکۆ: کۆمپانیای تۆمارکردنەکە لەو کاتەوەی منداڵبووم بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا کردووم. ئەوان دەیانزانی چیم دەوێت و ڕێزی کاتەکانمیان دەگرت. دەیانزانی ناتوانم هەموو ساڵێک ئەلبوومێک بڵاو بکەمەوە. وەک گۆرانیبێژێک کە ڕەنگە ٢٠ گۆرانيی ئامادە کردبێت، ئەگەر دە گۆرانیش بێت، دەتوانیت هەرمانگێک کارێک تۆمار بکەیت. ئەوان دەیانزانی پێویستم بە کات دەبێت بۆ کارکردن و ئەزموونکردنی هەستە نوێیەکان، بۆیە جاری داهاتوو چوومە ستۆدیۆیەک بۆ تۆمارکردنی ئەلبوومێک، شتێکم هەبوو بۆ وتن، چونکە شتێکی نوێ بۆ وتن هەیە. بە ڕاستی ئەوان هەرگیز پەلەيان لێ نەکردووم، لەم ڕووەوە هەمیشە ئازاديی تەواویان پێ داوم. هەرگیز لە لایەن کۆمپانیاکەوە هەستم بە فشار نەکردووە. هەموو کات ڕێزیان گرتووم، نەک هەر ئێستا کە وەک هونەرمەندێک دەناسرێم، بەڵکوو ئەمە هەر لە منداڵیيەوە ئاوا بووە و بێ گومان دڵخۆشم بەو ڕێزگرتنە. هەمیشە ئەو مەرجەم داناوە. بەوانم وت کە ناتوانم کار بۆ ئامادەکردنی ئەلبوومێک بکەم و كاتێك بۆ تەواوبوونی دیاری بکەم. لەو لایەنەوە هەموو کات هەستم بە ئارامی و ئازاديی تەواو کردووە.

پرسیار: ئەلبوومەکانت بۆ کێن؟

پاکۆ: کاتێک ئەلبوومێک تۆمار دەکەم، بیر لە لایەنی بازرگانیيەکەی ناکەمەوە. بیر لەوە ناکەمەوە هەموو کەسێک ئەلبوومەکەی بە دڵ بێت، لەبەر ئەوەی ئەمە دەبێتە شکست. کاتێک دەست بە هۆنینەوە دەکەم، ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە خۆم بە دڵم بێت. هەوڵ دەدەم لەبارەی هەستەکانمەوە و ئەوەی هەست بە چی دەکەم، دڵسۆز بم، هەرچەندە ئەوە زۆر تایبەتمەند و ورد دەبێت. من خەیاڵی ئەوە دەکەم کە تەنیا بەرکەوتەی لە لایەن کەسە تایبەتمەندەکانەوە دەبێت. من زۆر بە ئاشکرا ئەوە دەڵێم. من ئەوەم کە سوپاسی ئەو چوار یان دە کەسە دەکەم کە باشترین هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی بە هەموو کەس بڵێن من ژەنیارێکی باشم و لەوانەیە خەڵکانێکی تر بە دیاریکراوی ڕقیان لە میوزیکەکەی من نەبێت، بەڵام لەو کارەی دەیکەم، تێنەگەن. لەناکاو ڕەنگە ئێمە بگەینە شوێنێک کە بەرکەوتنی لەگەڵ خەڵکیدا زیاتر بێت. ئەوە ئەو کەسانەن کە بە ڕاستی تێدەگەن من چی دەکەم، بەڵام من هەرگیز ئەمە بە عەقڵیيەتی بازرگانیيەوە ناکەم. هەمیشە له‌بارەی ئەوەوه‌ كه‌ هەست بە چی دەکەم و چیم، دڵسۆزم.

پرسیار: ئایا میوزیکی فلامێنکۆ لە میوزیکێکی خۆوڵاتیيەوە بووه‌تە میوزیکێکی جیهانی؟

پاکۆ: میوزیکی فلامێنکۆ هەموو کاتێ بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، بە تایبەتی لە وڵاتەکەمان (ئیسپانیا)دا. وەک چۆن ئەمە لە هەندێک شوێنی تریشدا ڕوو دەدات. میوزیکی ڕەسەن بە پێی پێویست ڕێزی ناگیرێت. هەمیشە وتراوە میوزیکی فلامێنکۆ میوزیکی قەرەج، کەسانی سەرخۆش، ئەندەلووسیيەکان، میوزیکی کەسانی خاوەن عەقڵیيەتی دەوڵەمەند و میوزیکی گراندێس سینیۆرێس (خاوەندەسەڵاتەکان)ـە، نەک سینیۆرێس (کەسە خانەدانەکان،) بۆیە فلامێنکۆ میوزیکێکی جوان و دیار نەبوو.

هەمیشە هەرشتێک لە وڵاتانی ترەوە بێت، زیاتر سەرنجڕاکێشە. پێم وا نییە لە ئێستاشدا تێگەیشتنێکی باشتر بەرانبەر میوزیکی فلامێنکۆ لە چاو پێشتردا هەبێت. ڕەنگە ئەوە ڕاست بێت كه‌ ئەو کەمینەیەى به‌ باشى لە فلامێنکۆ تێگەیشتوون، زیادی کردووە. ئێستا هونەرمەندانی فلامێنکۆ باشتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. من بیرمە باوکم هەموو بژێويى ژیانی به‌ هۆى نواندنی شەوانەى بۆ سینیۆریتۆسەکان[4] پەیدا دەکرد. نواندنی بۆ ئەو سەرمەستانە دەکرد کە لەناکاو هەستیان بە خۆشی و ئاهەنگ دەکرد و دەهاتنە شوێنێکى شاره‌كه‌م. لە ئاڵجیسیراس (پارێزگای کادیز،) بۆ یانەیەکی شەوانە، کە لەوێ ژوورێکی دواوە هەبوو، تێیدا پێشکەشکارانی فلامێنکۆ کە چوار بۆ دە کەسی شارەکە بوون، میوزیکیان دەژەند، کاتێک هەندێک لە سەرمەستەکان دەهاتن و دەیانویست چێژ وەربگرن، باوکم بانگی فلامێنکۆ پێشکەشکەرەکانی بۆ دەکردن. ئەوە بەرزترین شتە کە هەرمیوزیکژەنێکی فلامێنکۆ هیوای پێ بخوازێت، تا لە لایەن یەکێک لەو خەڵکانەوە بە کرێ بگیرێت، کە ئەو لەگەڵ ئافرەتە خراپەکاندا سەرخۆش دەبوو، ئاهەنگیان دەگێڕا.  باوکم بە ١٠٠ یان ٥٠٠ پەسەیتاسی ئیسپانیيەوە[5] دەگەڕایەوە ماڵەوە، کە سینیۆریتۆسەکان وەک بەخشش پێیان دابوو. بەوە نانی بەیانیمان دەخوارد. چیتر شتەکان بەو شێوەیە نین، هەرچەندە هێشتا کەسانێک هەن، ژیانیان بە ژەنینی میوزیک لەو جۆرە ئاهەنگانەدا پەیدا دەکەن، بەڵام فلامێنکۆ لە ئێستادا لە شانۆکاندا پێشکەش دەکرێت. ئێمە تاوەری نێودەوڵەتی درووست دەکەین، کۆنسێرت لە شانۆ گرنگەکانی هەموو جیهاندا دەکەین. ئەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و میوزیکیيەوە زۆر باشترە. میوزیک لە ڕێی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، تۆمارەکان و هەموو میدیاکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە گەيشتووه‌تە هەموو جیهان و زانیاريی گشتی لە هەموو جیهاندا له‌بارەيه‌وه‌ هەیە. لە هەموو ئه‌و وڵاتانەدا لەو شوێنانەی کەسانی هەستیار هەن و حەزیان لە میوزیکە، کەسانێک کە لەم بابەتانە دەزانن، بەهای میوزیکی فلامێنکۆ پێشان دەدەن.

 

پرسیار: له‌بارەی ئەو گرنگیپێدانە زۆرەی ژاپۆن بە تۆ و میوزیکی فلامێنکۆوه‌ بۆمان بدوێ!

پاکۆ: کاتێک تەمەنم ١٦ یان ١٧ ساڵان بوو، چووم بۆ ژاپۆن کە هەموو کات شانۆکانی پڕبوون و گرنگترین ئەو شانۆیانەش، شانۆی میوزیکە کلاسیکیيەکان بوو. بۆ چەندان ساڵ ژاپۆن میوزیکی فلامێنکۆی بە خولیایەکی جیهانی دانا، کە ڕاستييه‌كه‌ى هه‌ر وایە. هەروەها منیش ئەمە بە یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی میوزیک دادەنێم کە لە جیهاندا لە ئارادان. پێنج بۆ شەش جۆری میوزیک لە جیهاندا هەن کە بە چێژبەخشیان دادەنێم، ئەوانیش: میوزیکی جاز، کلاسیک، بەڕازیلی، کووبایی، ئەفریقايى و فلامێنکۆش یەکێکە لەو میوزیکانە. من لەبەر ئەوەی لەوێ دەژیم، ئەوە ناڵێم، بەڵکوو ئەوە ڕاستییە. به‌و شێوه‌يه‌يه‌.

بەڵێ، فلامێنکۆ لە چەند ساڵێک بەر لە ئێستاوە لە ژاپۆن بەرز نرخێنراوە، هەروەک چۆن ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانیشدا بە هەمان شێوەیە. سوپاس بۆ خوا لە هەموو ئەورووپاشدا بە گرنگییەوە سەیر دەکرێت. دەتوانم بڵێم لە بەشەکانی تری جیهانیشدا… بۆ نموونە من لە وڵات و شاری وا میوزیکی فلامێنکۆ پێشکەش دەکەم کە پێشتر هیچ میوزیکژەنێکی تر لەو شوێنانەدا ئەوەی نەکردووە، تەنانەت منیش خۆم لەو شانۆیانەدا دەبینمەوە کە پڕن لەو کەسانەی شەیدای میوزیکن، دواتریش کاتێک نواندنەکەت تەواو دەکەیت، سەدان کەس لە بەردەم دەرگاکاندان و ئەلبوومی فلامێنکۆیان بە دەستەوەیە و ئەلبوومەکانی منیشیان پێیە، داوام لێ دەکەن واژوویان بۆ بکەم. من باسی شوێنەکانی وەک تایوان و سەنگافوورە دەکەم. ئەو شوێنانەی هەرگیز بە خەیاڵتدا نەهاتوون.

[1] بولاریا: ڕیتمی خێرای فلامێنکۆیە، لە ١٢ لێدان پێک دێت.

[2] تیێنتۆ: ستایلێکی تری فلامێنکۆیە، لە ٤ لێدان پێک دێت و ڕیتمەکەی خاوترە.

[3]  ئامێرێکە لە گیتار دەچێت، بەڵام بچووکترە و لەبری ٣ ژێ ٣ جووت ژێی هەیە، واتا ٦ ژێ.

[4] وشەیەکە، لە کۆمەڵگەی ئەندەلووسیدا بۆ چینی دەوڵەمەند بە کار دێت.

[5] بە نزیکەیی کەمتر لە ١/٣ی یۆرۆیەک دەکات.

Leave a comment