گفتوگۆ لەگەڵ ئەندریێ زڤیا گینتسڤ
لە فارسییەوە: هونەر شاهۆ
سینەما ڕەخنە- سینەما: سایتی ئەمریکی pavlich today دیمانەیەکی لەگەڵ دەرهێنەری ڕووسیا و کەم تا زۆر بەرڕقی لێپرسراوی ڕووسیا ئاندرێ زڤیا گینتسیف ئەنجام داوە. زڤیا گینتسف لە ڕێوڕەسمی کۆتایی مێهرەجانی کان خەڵاتی لیژنەی دادوەرانی بۆ دواهەمین فیلمی « loveless» بە دەست هێنا. ئەو کاتەی کە وا بڕیار بوو «بێ عەشق» نوێنەری ڕووسیا لە نەوەدەمین بەشی ڕێوڕەسمی ئۆسکاردا بێت. ڕەخنەگرانی فیلم لە دژی فیلمەکە کەمپینیان وەڕێخست. وەلێ بە هەموو کەسەرێکەوە فیلەمەکە هەڵبژێردرا. جا لە وەرزی خەڵاتی کۆتای ساڵەوە ناوی ئەم فیلمە زیاتر لە جاران دەبیستین. زڤیا گینستف لە «بێ عەشق»دا، خێزانێک دەخاتە ژێر وردبینییەوە وەلێ لە ڕاستیدا نیگایەکی سەیری پرسئامێزانەی بۆ سیاسەت و کۆمەڵگەی ڕووسیای ژێر دەسەڵاتی ڤیلادمێر پۆتین هەیە. ئەم دیمانەیە تەنیا لەبارەی دواهەمین فیلمی زڤیا گینتسفەوە نییە بەڵکە دەپرژێتە سەر فەلسەفەی تایبەتی ئەو لە دەرهێنانی فیلم و بڕوا نەبوون بە کۆتاییەکی خۆش و داهاتووی ڕووسیا.
وەزارەتی فەرهەنگی ڕووسیا لەبارەی فیلمی پێشووتری ئێوەوە « leviathan» بۆچوونی وابوو کە لە دژی ڕووسیایە. ئایا ئێوە ئەم بۆچوونەتان وەک کێشەوبەرەیەک لەبەرچاو گرت تاکوو فیلمێکی دی – بێ عەشق- دروست بکەن کە لە چەند لایەنەکەوە ڕەنگە سیاسیتر بێت لە «لیوتان»؟
– من وا سەیری ناکەم. فیلمێکم لەبارەی شتێکی تەواو قووڵ و هاودڵی پەیوەندییەوە دروست کرد. جا ئەو قسە سیاسیانەی کە ئێوە لە تیڤی و ڕادیۆکانەوە دەیبستن و دەیبینن دوورە لە چیرۆکەکەوەیە.
لە دیمەنی «بێ عەشق»دا، دەبینین کە وشەی ڕووسیا لە گەرمکەرەوەی کەسایەتی ژانیادا ڕەنگی داوەتەوە. دەزانم لە دیمانەکەدا ویستی قسەکردنت نییە لەبارەی سیاسەتەکانی ڕووسیاوە. وەلێ دژوارە کە خاڵگەلێکی لەم جۆرە لە فیلەمەکاندا نەبینرێت.
– باشە، دواهەمین جار کە کە ژانیا لە فیلەمەکەدا دەبینین مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٥یە. شەش مانگ پێش ئەو گوشارە ڕۆحییە کۆمەڵایەتییە گەورەییەی کە لە ڕووسیادا ڕوویدا. جا لە پیش بەڕێوەچوونی ئولەمپیکەوەیە. خەڵک لە پێش بەڕێوەچوونی ئۆلەمپیکەوە جلگەڵێکیان لەبەر دەکرد کە لاسای دینیان دەکردەوە بۆ تپی ڕووسیا. کۆمەڵەی گەورەی سوئیشرتەکان لە وشەگەلی ڕووسیا پێکهاتبوون. کەوایە حەز دەکەم بڵێم هیچ شتێکی زیاتر لەمە نەبووە وەلێ… (پێدەکەنێت) وەلێ نووسەری زۆر بەناوبانگی سەدەی نۆزدەیەم نیکولای گوگل کتێبێکی هەیە بە ناوی «حەشاماتی مردوو»ەوە. کتێبەکە بەو دیمەنە تەواو دەبێت کە کەسایەتییە سەرەکییەکە سواری گالیسکەکە دەبێت. چون دەمێکە کە کەسایەتییە سەرەکییەکە دەیەوێت لەو شارە بڕوات کە لێی لەدایک بووە، نیکولای گوگل دەنووسێت: «ئاه ڕووسیا بۆ کوێ دەچی؟» لە وەڵامدا گوگل دەڵێت ئەم پرسیارە وەڵامی نییە. بەم پێیە بۆ پرسیارەکەی ئێوەش وەڵامێک بوونی نییە. ئەو زنجیرگەلە دیمەنەی کاتێک کە کەسایەتییە سەرەکیەکە واتا ژانیا دەچێتە سەر ئامێرە وەرزشییەکە و لەسەر سنگی وشەی ڕووسیا نەخشێنراوە تەنیا بە سڵاوێکی بچووکی من دەمێنێتەوە بۆ نیکولای گوگل. هێشتا هیچ وەڵامێک بۆ پرسیاری «ڕووسیا بۆ کوێ دەچی؟» بوونی نییە.
فیلمەکەی ئێوە بووە براوەی خەڵاتی لیژنەی دادوەران لە فێستیڤاڵی فیلمی کان و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا. پێش پێشکەشکردنی فیلەمەکە چۆن بیرتان دەکردەوە؟
– دەتوانم ئەوە بڵێم کە کەمێک تووڕە بووم. کاتێک فیلمەکەتان دەچێتە پێشبڕکێوە، ئەمە سەرکەوتنێکە بۆتان. دواتر بابەتەکە چارەنووس و ئیمانە کە فیلمەکە خەڵات وەربگرێت یان نا.
هەمیشە تووشی شێواوییەکی زۆر دەبم کاتێک ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی وەک ئێوە دەبمەوە یان لەسەر فەرشی سوور لە بەرانبەر وێنەگرەکاندا کە دەبێت بەرەو لای ڕاست و چەپ بسووڕێم. ڕۆژێک پێش پێشکەکشکردنی سەرەکی فیلمەکە لە فێستیڤاڵ، کاتێک بۆ پەیامنێر و ڕەخنەگرەکان پێشکەش دەکرێ و منیش تووشی شێواوییەکی زۆر دەبم چون ئێوە مرۆڤگەلێکی بە پرسیارن. گەر پیشوازی لە فیلمەکە بکەن کە ئەم جارە بۆ «بێ عەشق» وەها بوو، ئەوا لە چاوەڕوانی کاردانەوەی خەڵکدا دەمێنمەوە.
چەمکی عەشق لە بەرهەمەکانی ئێوەدا دەبێت بەو جۆرە تراژیدیا بێت؟ بە هەرحاڵ لە ئەدەبیاتی ڕووسیادا ئەمە شتێکی پێشینەدار نییە بۆ پێشبڕکێ؟ هەر بەو جۆرەی کە دەزانی هەمیشە چیرۆکەکان بە شێوەیەکی فەرمی لە تراژیدیادا کۆتایان دێت. تەنانەت ئەگەر پوشکین یان دۆستۆیۆڤیسکی لەبەرچاو بگری ئەوا بۆچوونات لەبارەی کۆتایی خۆشەوە چییە؟
– فیلمێک لە بەشی پێشبڕکێکی فێستیڤاڵی کاندا بەناوی «کۆتای خۆش» (میشێل هانیکە) هەبوو کە بە تەواوەتی دڵنیام دەرهێنەرەکە ناوێکی تانەئامێزی هەڵبژاردووە و کۆتاییەکی خۆش بۆ ئەم فیلمە بوونی نییە. بەم پێیە زیاتر ناتەباییەکە کە ڕوو دەدات.
تۆڵستۆی لە کتێبێکیدا دەنووسێت: «وەک دیارە تەواوی چیرۆکەکان بە دیمەنی پڕۆسەی هاوسەرگیری تەواو دەبن. یەکێکیان نووسەر بوو کە لەبارەی ڕووداوەکانی دوای پڕۆسەکەوە دەینووسی.»
هەمیشە بۆ من سەردەمی پەیوەندی سەرنجڕاکێش بووە کە عەشقێکی زۆر نەماوەتەوە، واتە سەردەمێک کە عەشق بۆ ئێوە دەگۆڕێتەوە بۆ هەوڵدان. لەسەر خودی خۆت هەوڵ دەدەیت و لەبەر پەیوەندییەکە کار دەکەیت. جۆرە قەیرانێکە کە سێزدە ساڵ تێپەڕیووە و ژن و پیاوەکانیش هەندێک جار سەیری یەکتری دەکەن و لە خۆیان دەپرسن چۆنچۆنی دوانزە ساڵ لەمەوبەر بە یەکەوە گونجاین. ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێشە بۆم و تووشی هەیەجانم دەکات. لە چیرۆکدا کۆتاییەکی زۆر تراژیدیمان هەیە. وەلێ بێگومان هەمیشە کۆتاییەکان تراژیدیی نین. من تەنیا دەمویست لەم چیرۆکەدا بڵێم گەر ژن و پیاوێک منداڵێک ون دەکەن و وا بڕیارە کە بیدۆزنەوە و دیسانەوە خێزانەکە پێک ببێتەوە، ئەم دۆخە زۆر ڕۆشنە و هێندەش سەرنجڕاکێش نییە.
زۆر کات ئێوە بە ئاندرێ تارکۆڤسکی، یەکێک لە بەناوبانگترین فیلمسازەکانی ڕووسیا و دونیا بەراورد دەکەن. بۆچوونتان لەبارەی ئەم بەراوردکردنەوە چییە؟ پێت وایە شانازییەکی گەورەیە یان پێت وایە بەراوردەکە گوشارێکی بێهۆ دەخاتە سەر شانی ئێوە؟
– بیرم نییە لەبارەی تارکۆڤسکییەوە شتێکم گوتبێ یا بە تەواوەتی قسەی زۆرم کردبێ. ئەو گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر تەواوی فیلمسازەکانی ڕووسیا. هەندێک لە دەرهێنەرەکان لەم بابەتە ڕا دەکەن و هەندێکیشیان هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو دووبارە بکەنەوە. وەلێ تارکۆڤسکی نەبوو کە ژیانی منی گۆڕی، بەڵگە فیلمەکەی ئەو ئەندرێ ڕۆبلۆڤ بوو. کاتێ فیلمەکەم بینی بە تەواوەتی گۆڕام و تێگەیشتم کە عاشقی سینەمام و بە هۆی سینەماوەیە کە دەتوانم زۆرێک لەو ئایدیایانە بگوازمەوە کە ناکرێ بهێنرێنە سەر زمان. لێرەوە عەشقی من بۆ سینەما هاتە بوون. هەڵبەتە فیلەمەکانی تارکۆڤسکی بۆ من هەر وەک خودایانی ئۆلەمپ و لە بەرهەمە دڵخوازەکانمن.
دەتوانن بڵێن دوای «ئیلینا»، بە «بێ عەشق» جۆرە سیانەیەکت دروستکرد، ئەوانە بە تریلۆگی دەزانی؟
تریلۆگی پێشکەشکردنی ئایدیاکەم نەبوو. ڕەنگە بۆ ئەوانی تر ئاسان بێت کە لە دەرەوە بەم جۆرە سەیری بکەن. leviathan وەبەرهێنرا چون کارگێڕەکە لە نێوان چوار فیلمنامەی پیشاندراودا ئەوی هەڵبژارد. چون کەمترین داهاتی دەویست بۆ پیشکەشکردن. وەلێ ستراتیژی من دروستکردنی سیانە نەبوو. ڕەنگە ئەوەی کە ئەم سێ فیلمەی گۆڕاوەتەوە بە تاکە بابەتێک، نیگای منە بۆ ڕووسیای هاوسەردەم. ئەمە تەنیا خاڵی هاوبەشی سێ فیلمەکەیە.
تاکوو ئێستاکە بیرتان لەوە کردوەتەوە لە دەرەوەی ڕووسیا فیلم بەرهەم بهێنن؟
– دەترسم نیگایەکی نادڵنیام بۆ ئەم بابەتە هەبێت چون من ژیانی دەرەوەی ڕووسیا ناناسم. تەمەنم ٥٣ ساڵە و هەموو ژیانم لە ڕووسیادا بووە و تەنیا ڕووسیش دەزانم. هەڵبەتە شانازییەکی گەورەش نییە بۆم، خۆزگە دەمتوانی بە زمانەکانی تر وەک ئینگلیزی قسە بکەم. وەلێ هیچ شتێک نازانم لە بارەی ژیانی دەرەوەی ڕووسیا. بەم پێیە فیلمسازی لە دەرەوەی ڕووسیا دەبێتە جۆرە هەقیقەتێکی نێردراو بۆ من! ڕەنگە لە داهاتوودا بکرێ، بەو مەرجەی کە وەزیری فەرهەنگی ڕووسیا بڕیار بدات بۆ هەمیشە ئەم کارە بپارێزێت، چارەیەکی ترم نییە جگە لەوەی کە فێری زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی ببم و فیلمگەلێک لە دەرەوەی ڕووسیا بەرهەم بهێنم. بە هۆی ئەم دۆخەوە ئەمە ڕوو دەدات.
ئایا بریارێکی سەخت نەبوو کە هاوکاری لە ڕووسیا وەرنەگریت؟
– دووری و دۆستی! هەموو شتێک پوختە. داهاتی سەرەکی «بێ عەشق» هی ڕووسیایە و کارێڕەگەی ئالێکساندەر رادنیانسکییە. ئەو بەشێکی گەورەی داهاتەکەی دابین کرد. کۆمپانیاکانی «وایلد بانچ» و «وای نات»یش و برایانی داردین دەستیان هەبوو لەم داهاتەدا. وەلێ بڕیارەکەم هی کارکێڕەگەم بوو کە پارە لە دەوڵەت وەرنەگرم. هیوادارم بتوانم لە ڕووسیادا فیلمەکانم بەرهەم بهێنم و دڵنیاشم کە دەتوانم بەردەوام بم چون هیچ کەسێک هەوڵی ئەو نادات کە ببێتە کۆسپ لە بەرهەمهێنانی فیلمەکانمدا. بەم پێیە هیچ کێشەیەک بوونی نییە.
ڕازیت بەوەی کە لە فیلمەکانتاندا چیرۆکگەلێکی تایبەت بوونیان هەیە؟ ئایا زۆرێک لەم چیرۆکە بەرهەمهێنراوانە بە هۆی ئەزموونی تاکەکەسی خۆتانەوەیە؟ بۆ نمونە تەڵاق لە «بێ عەشق»دا، بابەتێکە کە خۆتان ئەزموونتان کردووە؟
– چیرۆکی من؟ (پێدەکەنێت) باشە، من چوار منداڵم هەیە. سێ چوار جار هاوسەرگیرم کردووە. دڵنیا نیم چەند جار. (پێدەکەنێت). ڕەنگە پێنج جاریش. هەمیشە کێشەکان لە نێوان دوو کەسدایە. نەک بەو جۆرە نمایشەی کە لە فیلمەکاندا پیشانماندا. هەڵبەتە بە هۆی چیرۆکە تایبەتەکانی خۆم، هاوڕێ و ناسراوەکانمەوە ئەم چیرۆکانە دێنە بوون.
وەلێ ئێوە ئاماژەتان بۆ تارکۆڤسکی کرد و دەمەوێت بەسەرهاتێکتان بۆ بگێڕمەوە کە هیچ کەسێک نایزانێت و نایڵێت چون بە بۆچوونی من ڕاستە. لە یەکێک لە کتێبەکاندا لە بارەی ئاندرێ تارکۆڤسکییەوە پەڕەیەکم بە دەستوخەتی ئەو دۆزییەوە کە لە لای خۆیەوە ناوی فیلمسازە گەورەکانی نووسیبوو. دیمانەیەک بوو لەگەڵ تارۆکۆفسکیدا بۆ ڕۆژنامەیەک و ئەویش پێڕستەکەی بە دەستوخەتی خۆی نووسیبوو. بەم پێیە پێڕستێک لە ناوی فیلمسازەکان ڕیزکرا بوو، ئەم پێڕستە لە خۆگری «بیرەوەرییەکانی قەشەی لادێیەک» (ڕۆبێرت بیرسۆن)، «مۆری حەوتەم» (ئینگمار بێرگمان)، «شەو» (مایکڵئەنجیلۆ ئەنتۆنیۆنی) بوو. ئەستێرەیەکی گەورەی لە تەنیشت ناوەکەی مایکلئەنجیلۆ ئەنتۆنیۆنی دانابوو. ئەوەم دەستکەوت کە تارکۆڤسکی لەوە تێگەیشتبوو کە لە دونیای ئەنتۆنیۆنییەوە دێت.