[واڵتەر بنیامین و سێرگی ئایزنشتاین]

 

سینەما لە ڕۆژگاری فاشیزمدا

پێشڕەو محەمەد

 

خەم و کەڵکەڵەی گشتیی سیاسیی واڵتەر بنیامین تەرکیزکردن بوو لەسەر قوربانیيان، نەک براوەکانی خەباتێکی ڕزگاریخوازی، خەباتی چینایەتیی ڕابوردوو لەپێناو پێشاندان و دەرخستنی (ئازایەتی، گاڵتەوگەپ، زۆرزانی، خۆڕاگری) یان وەک یارمەتیدەرێک بۆ ئازادبوون و ڕزگاربوونیان لە ساتی ئێستادا. بنیامین فیلم وەک بەشێک لە پڕۆژەی سیاسییانە ئاڕاستەگرتووی ئەم گرنگیدانەی خۆی بە کولتووری جەماوەری وەک بەشێک لە تیۆرييە ئيستاتیکییەکەی خۆی لە گۆشەنیگای مارکسیستییەوە دەبینێت. لای بنیامین، فیلم هونەرێکی جەماوەرییە کە دەکرێت لە خزمەتی ئامانجی کۆمۆنیستیدا بە کار بهێنرێت. بنیامین فیلم وەک هونەرێکی جەماوەری بە پۆتێنشیاڵی ڕزگاریخوازییەوە دەبینێت. لە سەدەی بیسته‌مدا دوو دەق چاپ بوون کە کاریگەرییان به‌سەر کۆی ڕەوتی هونەر و سینەماوه‌ بە جێ هێشت. یەکەم، دەقی بەناوبانگی (کاری هونەری لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیدا)ی واڵتەر بنیامین (١٩٣٦) و دووەم، (ئاڕاستەی دیالەکتیکی بەرانبەر بە فۆرمی فیلم)ـی سێرگی ئایزنشتاین (١٩٢٩).

دەقەکەی بنیامین چارەنووسێکی ناخۆشی هەبوو. لەژێر ترس و دڵەڕاوکێی پێشڕەویکردنی فاشیزمدا نووسرا. خۆی ئاوارە بوو و لە پاریس وەک پەنابەر دەژیا. کێشەی شوێنی نیشتەجێبوون و دارایيی هەبوو. هەموو ساتێک بۆ بنیامین ساتی گرتن، ڕاوەدوونان، دیپۆرتکردنەوە، لەماڵدەرکردن و… بوو. یەكەم تێبینییەكان بۆ وتاری (كاری هونەری لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەى تەكنیكیداDas Kunstwerk im Zeitalter seiner technischen Reproduzierbarkeit) لە پاییزی 1935دا تۆمار كران. یەكەم نوسخەى وتارەكە لە كۆتایيی ساڵی 1935دا تەواو بوو. دووەم نوسخە نووسینەوەیەكی كەم و فراوانكردن بوو. لە شوباتی 1936دا كۆتایی پێ هات و ئەم دەقە كۆمەڵێك ماتریاڵ و داڕشتنی تیۆریی جۆراوجۆری تێدایە كە لە نوسخەى سێیەمدا لابراون. نوسخەى دووەم ئەو دەقەیە كه‌ ئادۆرنۆ لە نامەیەكیدا لە ڕۆژی 18ی ئازاری 1936دا ڕەخنەى لێ گرتووە. پییر كلۆسۆڤسكی نوسخەى دووەمی (وتاری كاری هونەری) لە بەهاری 1936دا وەرگێڕا، بەڵام نوسخەیەكی كورتكراوەى بۆ وەرگێڕانە فەڕەنسییەكە گرتە بەر، بە ناوی (كاری هونەری لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوە میكانیزەكراوەكەیدا (L’Oeuvre d’art à l’époque de sa reproduction mecanisée). وەرگێڕانە فەڕەنسییەكە كە لە 1936دا لە جۆرناڵی توێژینەوەى كۆمەڵایەتی (Zeitschrift für Sozialforschung) سەر بە قوتابخانەى فرانكفورتدا دەر كەوت، تێزی یەكەم و هەموو گەڕانەوە و ئاماژەكانی بۆ ماركسیزم لێ لابراوە. بە جێبه‌جێكردنى ئەركی تەواوەتیی خۆی لەگەڵ پەیمانگاكە، بریل، سەرپەرشتیارێك لە پاریس لە بنیامین نزیك بوو تا نووسراوەكە بۆ وەرگێڕان ئامادە بكات. هەوڵی دابوو سەرجەمی ئاسەوارەكانی تیۆريی ماركسیستی لە نوسخەى دووەمی وتارەكە بسڕێتەوە و لاى ببات. ئەم تێزە (پڕۆژە یان بەرهەمی پڕۆگراماتیك) لە ناوەوەى چوارچێوەیەكی ماركسیستیدا دادەنێت. بنیامین كە بە ترسێكی زۆرەوە چاوەڕێ بوو، بریل جەختی لەسەر ژمارەیەكی دیكەى لابردن و سڕینەوەكان كردبووەوە، ئەو شتەى لە ئەجێندای جیاوازییەكانی نێوان نوسخەى دووەمی ئەڵمانی و نوسخەى وەرگێڕراوی فەڕەنسیدا دەكرێت لەم ڕووداوەدا ڕوون بكرێتەوە و دەستنیشان بكرێت. لە دیسەمبەری 1936دا ماكس هۆركهایمەر بە بنیامین دەڵێت كە جەی لایدا پێویستی بە كۆپییەكی ئەڵمانیی (وتاری كاری هونەری)یە، چونكە دەتوانێت لەو ڕێگه‌یەوە بۆ كتێبخانەى مۆزەخانەى هونەرە هاوچەرخەكان لە نیویۆركى وەر بگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. هۆركهایمەر ئامۆژگاریی بنیامین دەكات زۆر پێداگر و سوور نەبێت، تا خۆی لە قبووڵكردنی جیاوازییەكانی نێوان نوسخەى ئەڵمانی و نوسخەى فەڕەنسی لابدات. ئاشكرابوونی جیاوازییەكان دەكرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی كۆمەڵێك مشتومڕ. ڕاستیيه‌كه‌ى جیاوازییەكان جیاوازیی سیاسین. لە نوسخەى فەڕەنسیدا نەك تەنها ئاماژە و گەڕانەوەكان بۆ ماركس ڕەش كراونەتەوە، بەڵكوو هەروەها سەرجەمی ئاماژە و پەرەگرافە سیاسییە بابەتییەكانیش لابراون، كە پێگە و هەڵوێستە سیاسییەكان دەر دەخەن. هۆركهایمەر جەخت لەسەر لابردنی ئەو هێڵانە دەكاتەوە كە خیانەت لە (وەفاداری و بەیعەتی سیاسی) دەكەن‌، یاخۆ (داڕشتنێكی سیاسییانەى بابەتی) بە كار دەهێنێت. هۆركهایمەر باس لە زنجیرەیەكی نوێی ئاماژە و سەرچاوە و گەڕانەوەكان دەكات. پاڵنەری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك پاڵنەری لیبڕاڵی. ئەگەر لەو كاتانەدا ئەم زمانە لەگەڵ گوتاری (بەرەی جەماوەری Popular Frontist)دا دەگونجێت، ئاماژەكان بە فاشیزم لابراون و لە جێگەیاندا گەڕانەوە و ئاماژە بە دەوڵەتە تۆتالیتارەكان دەكرێت. سەرجەمی ئاماژە و گەڕانەوەكان بۆ كۆمۆنیزم گۆڕراون و بوونەتە (هێزە بونیادنەرەكانی مرۆڤایەتی.) پێكدادانی ئیمپریالیستی دەبێتە پێكدادانی مۆدێرن یان جەنگی مۆدێرن. دەستەواژەى (دژ بە نەزمی كۆمەڵایەتیی هەنووكە) دەبێتە (لەپێناو نەزمێكی ڕاستەقینەى مرۆییدا.) ئاوەژووكردنەوە بۆ نێو دەربڕینەكانی پێشكەوتنخوازیی لیبڕاڵی ئەمه‌ریكایی یان هاوپەیمانیی چینایەتیی بەرەى جەماوەری، بە هەرهۆیەك بێت سەردەمی زمانی ڕاشكاوی شۆڕشگێڕانە دەكاتە قوربانی و سانسۆری دەكات. وتارەكە ئارەزووی ئەوەى دەكرد (خواستە شۆڕشگێڕییەكان لەنێو سیاسەتی هونەردا) دابڕێژێت.

من لە کتێبی (دیالەکتیکی هونەری سێیەم)ـدا (٢٠٢٠) چاپکراوی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند بە وردی لەباره‌ى وردەکارییەکانی ئەم دەقە و هەروەها بەشی کۆتاییشم بۆ ئایزنشتاین تەرخان کردووە، بۆ وردەکاریی زیاتر خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر کتێبەکە، بەڵام ئەوەی لێرەدا ده‌كرێت، بەراوردکردنی ئایزنشتاین و بنیامینە. ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە کە فیلمی (کەشتیی جەنگیی پۆتەمکین)ـی ئایزنشتاین سەرنجی زۆربەی سینەماکار و ڕەخنەگرە سینەمایی و بیرمەندە ڕادیکاڵەکانی کۆماری ڤایماری بۆ خۆی ڕاكێشابوو، لە ناویاندا زیگفرید کراکاوەر و واڵتەر بنیامین و بێلا بالاتز و ڕودۆڵف ئارنهایم كه‌ لە دیارترین نوێنەرانی بەرەی چەپ بوون کە لە دژی هەڵوێستی ڕاستڕەو و فاشیستەکان کەوتنە بەرگریکردن لە فیلمەکە.

ئایزنشتاین و بنیامین هەردووکیان بە قووڵی بیریان لە پۆتێنشیاڵی شۆڕشگێڕانە بۆ هونەری نوێی سینەما کردبووەوه‌ و سینەمایان وەک دابڕانێکی قووڵ لە هەموو چەمکە نەریتییەکانی هونەر و فەلسەفە دەبینی. بە کورتی، هەردووکیان کۆی نەریتی چەندهەزارساڵەی خۆرئاوایان تووشی قەیران کردبوو. لای بنیامین، سینەما خاوەن وزەیەکی ناوەکی و پۆتێنشیاڵێکە ئەرکەکەی بریتییە لە خستن و ترازاندنی پێکهاتە چەسپیوەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵگا. لای ئایزنشتاین سینەما مۆدێلە کلاسیکەکانی نواندنەوە دەترازێنێت و لە کاریان دەخات. دوای ئەم لەکارخستنە دەست دەکات بە دامەزراندنی مانا لەودیوی ئەو شتانەوه‌ی لە لایەن زمانەوە یان تەنانەت وێنەی جووڵاوی فیلمی عورفی و باوەوە سەریان هەڵداوە. هەردووکیان فیلم وەک شوێنێک دەبینن تێیدا سرووشت و زانست بە یەکتر دەگەن و لەم ڕووەوە فیلم وەک فۆرمێکی هونەری لە قەڵەم دەدەن کە تەواو شایستەی جەماوەری سەردەمی پاش-پیشەسازی بێت.

ئایزنشتاین دەڵێت سیستەمی فیلم بە پێچەوانەی سیستەمی شانۆ یان شێوەکاریيه‌وه‌ دەجووڵێتەوە، بەڵام سیستەمی فیلم زیاتر لە میتۆدۆلۆژیای زمان دەچێت. جەختی لەسەر کۆنکرێتبوونی ماتریاڵیی گرتەی تاک دەکردەوە. هەم لە زمان و هەم لە مۆنتاژدا [سەبارەت بە پرسی مۆنتاژ لای بنیامین و ئایزنشتاین بگەڕێنەوە بۆ کتێبی دیالەکتیکی هونەری سێیەم،] هەر بڕگەیەک (نیشانە و گرتە) تەنها لە پەیوەندی و بەراوردکردنیان بە یەکتری مانا وەردەگرن. گرتەی تاک یاخود نیشانە زۆر ئەبستراکتە ئەگەر ڕۆڵێکی سەرەکیی لە گشتێتییەکی گەورەتردا نەبێت. پاشان ئایزنشتاین گرتە و مۆنتاژ وەک ڕەگەزە بنچینەییەکانی فیلم دەستنیشان دەکات. مۆنتاژ بریتی نییە لە زیادکردنی گرتە تاکەکان پێکەوە، هاوشێوەی لەسەریەکدانانی خشتەکانی باڵاخانەیەک، کە گشتێتییەکی پێکەوەنووساو و پێکەلکاوی بەشە پێکهێنەرەکان درووست دەکات، بە پێچەوانەوە هێزی پاڵنەری مۆنتاژ لە نزیکبوونەوە و ڕیزبوون یاخود (پێکداکەوتن)ـی دوو گرتەی سەربەخۆوه‌ سەرچاوە دەگرێت. گرتەیەک بریتی نییە لەو بڕگەیەی دواتری گرتە ڕێپێدراوەکە، بەڵکوو دوو تێهەڵکێشراوەکە و هەستیاریی جووڵە لە گرتنەوەی وێنە لە وێنەیەکی دیکەی گرتە جۆراوجۆرەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. گرتە یەکگرتوو و پێکەوەبەستراوەکان هەمان وێنە یاخۆ بەردەوامییەکی هەمان جووڵە نین، بەڵکوو بریتین لە کۆمەڵە تاکگرتەیەکی جۆراوجۆر کە بە تەنیشت یەکەوە دادەنرێن و لە جیاوازی و دوورییەکەیاندا ئاوێتەی یەکتر دەبن.

گرتەکان لە ڕوانگەی ماترياڵییەوە چوونیەک و هاوجووت نین، بەڵکوو ئەوان (بە شێوەیەکی هاوبەش و هاونیاز وەک یەک وان.) گرتنەوەی وێنە لە وێنەیەکی دیکە و لەسەریەکدانانی گرتە زۆر و جۆراوجۆرەکانی بابەتێکی جیاواز، بەڵام لێکچوونی شایستەی نێوانیان کاریگەرییەک نەک تەنها لە بواری شوێن و فەزادا بەرهەم دەهێنێت، بەڵکوو لە بوار و مەیدانی هەستیاریشدا. گشت (پێکداکەوتن و کارلێککردنی دوو نیشانە) گەورەترە لە کۆکراوەی بڕی بەش و کەرتەکانی. هاوشێوەی ناو سیستەمی زمان، وشەیەکی کۆنکرێتی (یان گرتەیەکی کۆنکرێتی) دژی وشەیەکی دیکەی کۆنکرێتی یەکسانە بە چەمکێکی ئەبستراکت. ئەو مانایەی لە پێکداکەوتن و کارلێککردنی وێنە زۆر و زەوەند و جۆراوجۆرەکانه‌وه‌ درووست بووه‌ و سەری هەڵداوە، پۆتێنشیاڵ و وزەی ناوەکیی خۆدەربڕانەی فیلم دەر دەخات کە دەبێت و ناچارە بچێتە سەرووی سنوورە بەرتەسکەکانی هەم زمان و هەم نواندنەوەی عورفی و باوی فیلمه‌وه‌. فیلمی باو تەنها گەشە بە جووڵەکان دەدات، لە کاتێکدا مۆنتاژ بە ئاڕاستەی پۆتێنشیاڵی (گەشەپێدان و ئاڕاستەکردنی سەرجەمی پڕۆسەی بیرکردنەوە)دا دەڕوات. بەم جۆرە سینەما بە باشترین شێوە لەگەڵ دەربڕینی ئەو شتەدا دەگونجێت کە ئایزنشتاین پێی دەڵێت (ئایدیۆلۆژیيانە تێزگەلی ڕەخنەیی.)

بنیامین خەرمانە (aura) یان ڕەسەنێتی (authenticity)ـى بەرهەمێکی بنچینەیی (ئۆریجیناڵ)ـی هونەریی دەبەستێتەوە بە چەمکی نەریت (tradition)ـەوە و پاشان بە ڕێوڕەسم و دابی ئۆریجیناڵی کارکردنی هونەرییەوە. ئەو چەمکی نەریتەی بنیامین باسی دەکات، زۆر شت پێشان دەدات. هەرەبنچینەکەی بریتییە لە ئایدیای کلاسیکیی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی یان سیاسیی تەحەددانەکراو کە پشت بە چەمکی خوا یان مافی بنچینەیی لە ساتی لەدایکبوونه‌وه‌ (میرات) دەبەستێت. کارکردن و وەزیفەی داب و ڕێوڕەسمی بەرهەمی هونەری، خزمەتى بە بەهێزکردنی دەسەڵاتدارێتیی چینە حوکومڕانە ئایینی یان سیاسییەکان کردووە و لەمەشدا مانای نهێنی و ڕاز و ڕەمز کۆمەکێکی گەورەی بەم بەهێزکردنەی دەسەڵاتەکانی چینە حاکمەکان کردووە. تەنها لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیدا دەکرێت خەرمانە لە ناو ببرێت، پاشان بابەتی هونەريی بەرهەمهێنراو لە کارکردن و وەزیفە ئەسڵییەکەی جیا بکرێتەوە و ڕەهەند و لایەنە دابونەریتى و کوڵتە ئایینییەکەی لە ناو ببرێت. لەناوچوونی خەرمانە بەرهەمی هونەری لە (پابەندێتیی مشەخۆرانە بە ڕێوڕەسمی ئایینیی -ڕیتوال-ـەوە) ئازاد دەکات و ڕێگه‌ بە بەرهەمی هونەری دەدات بە ئاڕاستەی کۆمەڵە ئامانجێکی سیاسیدا بڕوات و لەم ئاڕاستەیەدا کار بکات و بجووڵێتەوە.

بنیامین باس لەوە دەکات کە سینەما لە ڕێگه‌ی گرتەی نزیک (کڵۆز-ئەپ) و جووڵەی هێواشەوە زیاتر و زیاتر دزە دەکاتە ناو ژیانەوە، لە ڕێگه‌ی تەکنیکێکەوە کە تەنها فیلم توانای كردنى هەیە. سینەما دەتوانێت مەودایەکی ڕەخنەیی بە بینەر ببەخشێت و لەمەشدا لە ڕەهەندە ڕۆتینییەکانی ژیانيان دوور بخاتەوە، چونکە وا دەکات (وردەکارییە شاراوەکانی ئۆبژێکت و بابەتە ئاشناکان) بەسەر بینەراندا دەر بکەون. بینەر ئەو شتە دەبینێت کە (بە ڕاستی) لە جووڵەی کردە و نواندنێکی هێواش و ڕۆتیندا (ڕوو دەدات،) هاوشێوەی گەیشتن بە ڕووناکییەکی زیاتر و زیاتر. پێشتر هەموومان لە زیندانی جیهاندا دەژیاین. فەلسەفە و نەریتە کۆنەکانی نواندنەوە و سۆسیۆلۆژیا و هونەرە کۆنەکان ئێمەیان تەنها لەم زیندانەدا دەنواندەوە و پێشان دەدا. بنیامین دەڵێت فیلم هات و لە ڕێگه‌ی چرکە و وێنە خێراکان و گرتە نزیکەکانەوە زیندانی جیهانی تەقاندەوە و هیچ کەسیش هێندەی ئایزنشتاین پراکتیزەی ئەم فۆرمەی نەکردبوو. بنیامین خۆی لە وتارەکەیدا دەڵێت ئەم دەقە بە مەبەستێک نووسراوە كه‌ هەرگیز فاشیزم نەتوانێت بە کاری بهێنێت، چونکە پێی وابوو زۆربەی فۆرمە هونەرییەکان تا ئەو کاتە لە بەرانبەر فاشیزمدا شکستیان هێنابوو. بێ هۆش نەبوو کە نازیزم لە ١٩٣٣دا یەکەم کار كردى، سەرجەمی فیلمەکانی ئایزنشتاینی لە ناو برد و لە ئەڵمانیا قەدەغەی کرد.

 

 

سەرچاوەکان

 

  1. Sergei Eisenstein: Film Form: Essays in Film Theory, Harcourt, 1969
  2. Walter Benjamin, TheWork of Artin the Age of Its Technological Reproducibility, in Selected Writings, 4: 1938–1940, Belknap Press: An Imprint of Harvard University Press; 2006

 

  1. پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم (دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافی، تەکنیک) ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی، ٢٠٢٠

 

 

Leave a comment