[زاز دنیا داگیر دەكات]

زاز دنیا داگیر دەكات

 

لە ئینگلیزییەوە: ساوێن عەلی

 

دوای نزیكەی ١٠ ساڵ لە كاركردن زازى گۆرانيبێژ (ئامادە نییە واز بهێنێت.) نووسەری ئەلبوومی (كاردانەوەی ئاوێنە mirror effect) لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٨ لە نیویۆرك لە شانۆی ئەمه‌ریكايی (گەشتی نێودەوڵەتی)دا‌ دەركەوت. لەوێ چەند كاتژمێرێك پێش كۆنسێرتەكەی لە تاون هۆڵ له‌گه‌ڵ ئەو كەسەی كە ئامانجى ئه‌وه‌يه‌ لە سەركێشییە هونەرییەكانی بە بیركردنەوەی خۆی بەردەوام بێت، یەكدييان بینى.

RFI میوزیك: ئایا ئێمە هێشتا پیش ئەوەی بچینە سەر ستەیج دەشڵەژێین؟

زاز: بەڵێ، ئەگەری هەیە ڕوو بدات، بە تایبەتی ئەو كاتانەی دەستمان بە گەشتی ئەلبوومێكی تازە كردووه‌. زۆربەی كات ڕۆژە سەرەتاكان زۆر ئاڵۆزن تا فێری نمایشەكە دەبین. دوای ئەوە ئۆتۆماتیكی هەموو شتێك خۆی دەڕوات، تەنانەت ئەگەر شەوەكانیش جیاواز بن، بەڵام ڕاستیيه‌كه‌ى كەیفێكی زۆرە. دوای ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەمشەو (دووشەممە) لە نیویۆرك زۆر بەپەرۆشم. ئێمە هەر ئێستا خەڵكمان ناسی كە لە كۆڵۆڕادۆ و شیكاگۆوە هاتبوون.

كاتێك لە دەرەوەی وڵاتیت، كاتت هەیە شوێنەكان ببینیت، یان لەگەڵ بینەرەكانتدا كات بەسەر ببه‌يت؟

زاز: زۆر دەگمەنە. بەڵام شتێكی زۆر ناوازەیە ئەگەر ڕوو بدات. لە ئەرجەنتین چەند هەوادارێكی زۆر ئازیزم بۆ بێستانەكانیان بۆ ئەسپسواری بانگهێشتیان كردین، بەڵام تەنانەت بێ ئەوەش هەست بە كەشەكەی دەكەیت.

تۆ زۆر بە خێرایی دەستت بە كۆنسیرتی نێودەوڵەتی كرد. ئەمە ئارەزووی خۆت بوو، یان دەرفەتێك بوو؟

زاز: من كاتێك داوام لێ ده‌كرێت بڕۆم، دەڕۆم. چوومە فێستیڤاڵی (فوجی ڕۆك-Fuji Rock) لە ژاپۆن لە كاتێكدا هێشتا ئەلبوومەكەم دەر نەكردبوو. لە ڕووسیا بە هەمان شێوە؛ من لە باڕێكی پیانۆدا گۆرانیم دەوت. بەڕێوەبەری هاوپەیمانی فەڕەنسی ڤلادیڤاستاك Vladivostok (شارێكە لە ڕووسیا) پیشنیاری بۆ كردم بچم. سەرەتا ڕازی نەبووم بە تەنیا بڕۆم، نەمدەزانی ئەو كێیە و ئەو كۆنسێرتەش لەوسەری دنیا بوو. پیانۆژه‌نێك كە ئەویش لەوێ بوو، ڕێك كەوت لەگەڵمدا بێت. دوای ئەوە كاتی چیللی و پیرۆ و مەغریبیش هات. لەو ساتەوە دەرفەتم بۆ ڕه‌خساوه‌ و ئەگەر شتى بۆ فێربوون و ئەزموونكردن لێ بێت، حەزم لێيه‌تى و هەمیشە ئامادەم.

 

بارودۆخت بەرانبەر هەوادارە نافەڕەنسییەكانت چۆنە؟

زاز: پێویست ناكات بیر لەوە بكەمەوە. بەڵام پێشم خۆشە كە لە فەڕەنسا دەژیم. ئەوە تەنها شتێكی جیاوازە.

 

هیچ سوپڕايزێكى خراپت بۆ پێش هاتووه‌؟

زاز: جارێك لە فێستیڤاڵێکدا لە سویسرا هێلكەیەكمان تێ گیرا. من خۆمم لێ لادا. ڕاستیيه‌كه‌ى كەسانێك هەن عاشقی منن و كەسانێكیش هەن ڕقیان لێمە، بەڵام بۆم دەركەوت ئەگەر دژی سیستەمەكە بیت، بەهێزتری دەكەیت. لەبەر ئەوە هەوڵم داوە ئەو ئامرازانەی له‌ به‌رده‌ستدان، بە كار بێنم بۆ ئەوەی شتەكانيان پێ بەرەو پێش ببه‌م.

تۆ دەڵێیت هەمیشە ویستووتە ببیت بە گۆرانیبێژ و گرنگترین شت ئەوەبووە كە زانیوتە بەناوبانگ دەبیت!

زاز: كەسانیكم دەدۆزییەوە كە پێكەوە ده‌توانین جیهان بگۆڕین و بە ڕاستی خەریكە دەست پێ دەكات. من خەریكە هەست بە خەونەكانی منداڵیم دەكەم، هەرچەندە خەونیش نەبوون، بەڵكوو دەهاتنە پێش چاوم، بەڵام كاتی دەوێت و بە دڵنیاییەوە تووشی گومان دەبیت و كاتێك ڕوو ده‌دا، ئەوەندە بە خێرایی دەڕوات، هەستی پێ ناكەیت. من بە ڕاستی كاتێك پێم زانی، ساڵى پار بوو كە كەمێك لەسەر شانۆ وەستام و سەیرم كرد دوای (٨) ساڵ گەيشتووم بە كوێ! بەڵام ڕاستیيه‌كه‌ى هیچ شتێك جگە لە تێڕوانینی ئەوانی تر له‌باره‌ى منه‌وه‌ نەگۆڕابوو.

مەرجە سەركەوتنت هەبێت؟

زاز: سەركەوتن ئەوەیە ئەوە بكەیت كە خۆشت دەوێت و حەزت لێیە. ئەوە شتێكی زۆر جوانە ئه‌گەر بتەوێت تەنها باخچەیەك درووست بكەیت، لەبەر ئەوەی حەزت لێیە. من یەكەم كارم لە ئۆركێسترایەكدا بوو كە ڕۆژێك بەڕێوبەرەكەم هات و پێی وتم: (هیچ هەڵبژاردەیەكت بۆ ئێمە نەهێشتەوە.) من گۆشەگیر و تووڕە بووم. گرووپەكە یەكەم جار پێیان وتم هەموو شتێك دەشێوێنم. پێیان وتم من ناتوانم لەگەڵ ئەواندا بگونجێم. بەڵام من هێز و توانێكى زۆرم هەبوو، بۆیە متمانه‌يان پێ كردم و لە كۆتاییدا هاتنە سەر ئەو باوەڕەی لەگەڵ خۆیاندا بۆ سەرکێشیم ببه‌ن.

 

هەرگیز بۆ كردنی كارێك زۆرت لێ كراوە؟

زاز: لە فەڕەنسا لە تيڤيیەك میوزیكژەنەكان ویستیان soundtrack پێشكەش بكەن. بەرگەی ئەوەم نەگرت و هەڵموەشاندەوە، بەڵام ڕۆژێك ڕووداوێكی گرنگ هاتە پێشەوە و پێشنیارم كرد ڕاستەوخۆ لە ستۆدیۆ دانەیەك تۆمار بكەین. دانەیەك لەو كاتەدا ئامادەبێت. بە پێچەوانەوە ئه‌گەر ئەوە نەكەن هیچ كه‌س ناتوانێت شتێكی وام پێ بكات. لە سەرەتادا زۆر ماندوو بووم لەوەی وام بیر دەكرده‌وە كە هەموو شتێك تەنها دەرفەتێك بووه‌، بەڵام ئێستا ناچمە ئەو یارییەوە. دەتوانم بڵێم نا، هەموو كەسێك هەمان ئارەزووی تۆی نییە. بابەتەكە (ئەمە سپییە و ئەوەیان ڕەشە) نییە، بەڵام دەبێت فێری ئەوە بیت ڕێزی خۆت و بەرانبەرەكەت بگریت، بۆیە هاوڕێیەكی نزیكم هەیە كە چەند ساڵێك پێش ئێستا كردم بە بەڕێوەبەرى كاره‌كانم، لەبەر ئەوەی زۆر بۆچوون و بیركردنەوەمان لە یەكەوە نزیكە.

ئايا میوزیك ڕێگەیەكە بۆ گەیاندنی پەیامەكەت؟

زاز: من ناتوانم هونەر لە مرۆڤبوونم جیا بكەمەوە. من دڵخۆشم بەوەی بەریەككەوتنی ڕاستی هەیە، شتانێك كە وا لە خەڵكی بكەن هەست بە باشی بكەن. من گۆرانی دەڵێم، بۆ ئەوەی پێوەندی لەگەڵ جیهاندا درووست بكەم، ئەمە ڕێگه‌ی پێوەندیكردنی منە.

بە ڕای خۆت دەتوانیت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لەسەر ئه‌م ڕیتمە بەردەوام بیت؟

زاز: من بەم شێوەیەم. وزەكەم هەیە. باوەڕم بە خۆم هەیە و زۆر بەهێزم و بەردەوام حەز دەكەم بەرەوپێش بڕۆم. بە دڵنیاییەوە دەبێت لە خۆيشم بپرسم، بەڵام بۆ ماوەیەكی زۆر نا، چونكە شتەكان لێرەدا زۆر بە خێرایی دەڕۆن (ئاماژە بۆ سەری ده‌كات) و زۆر گرنگە هاوسەنگییەك هەبێت.

 

Leave a comment