[گفتوگۆ لەگەڵ تی ئێس ئیڵیەت- بەشی سێیەم ]

 

گفتوگۆ لەگەڵ تی ئێس ئیڵیەت- بەشی سێیەم

سازدانی: دۆناڵد هۆڵ

لە ئینگلیزییەوە: زامۆ بەکر

سکێچ: دی کامێڵ ١٩٥٩

 

دیمانەساز

ئێمە هەر ئاماژە بۆ شانۆنامەکانت دەکەین بەبێ ئەوەی لەسەریان بوەستین. لە کتێبی (شيعر و دراما)دا باسی یەكەم شانۆنامەکانت كردووە. دەپرسم ئایا دەتوانیت شتێكمان له‌بارەی ئامانجی شيعرى (پیرەپیاوی سیاسەتمەدار)ه‌وه‌ پێ بڵێيت؟

ئیلیەت:

پێم وابێت لە وتاری (شيعر و شانۆ)دا شتێکم له‌بارەی ئامانجە نموونەییەکانمه‌وه‌ گوتووە، ئەو ئامانجانەی چاوەڕێ نیم هەرگیز بە تەواوەتی بەدییان بهێنم. من بە شانۆنامەی (پێکگەیشتنەوەی خێزان) دەستم پێ كرد، چونكە شانۆنامەی (خوێنڕێژییەكەی نێو کاسێدڕاڵ) کارێکە تایبەت بە سەردەمی خۆی و شتێکی نائاساییە. بە زمانێكی تایبەت نووسراوە. ئەوەش ئاساییە کاتێک مامەڵه‌ لەگەڵ زەمەنێکی تردا دەکەیت. ئەو کارە هیچ كام لەو كێشانەی چارەسه‌ر نەكرد كە لای من جێی بایەخ بوون. پاشتر پێم وابوو کە لە پێکگەیشتنەوەی خێزاندا بە شێوەیەک خەیاڵم لای بەشيعرکردنی کارەکە بوو کە پێکهاتەی شانۆنامەکەم فەرامۆش کردبوو. من پێم وایە پێکگەیشتنەوەی خێزان هێشتا باشترینی شانۆنامەكانمە لە ڕووی شيعريه‌ته‌وه‌، هەرچەندە لە ڕووی داڕشتنه‌وه‌ زۆر باش نييه‌.

لە شانۆنامەی (ئاهەنگی كۆكتێل)ـدا و لە شانۆنامەی (نووسەرە شاراوەكە)دا لە ڕووی پێکهاتەوە بەرەو پێشتر چووم. ئاهەنگی كۆكتێل لەو ڕووەوە تەواو پەسەند نەبوو. بە داخەوە هەندێک جار ڕوو دەدات لە هەردۆخێکدا بۆ ئەزموونکارێکی وەک خۆم، کە مەرج نییە هەمیشە ئەو شتانەی بە گوێرەی پلان به‌ ڕێوه‌ ده‌برێن، زۆرترین سەرکەوتن بە دەست بهێنن. خەڵكی ڕەخنەیان لە بەشی سێیەمی ئاهەنگی كۆكتێل گرت بەوەی وەک پاشکۆیەک دەردەکەوێت، بۆیە لە نووسەرە شاراوەکەدا ویستم شتەكان لە دیمەنی سێهەمدا وەک ڕووداوگەلی تازە دەرکەون. نووسەرە شاراوەكە لە ڕووی داڕشتنەوە تەواو نایاب بوو بەو شێوەيه‌ی كە خەڵكى وەها بیریان دەكردەوە تەواو لە شانۆی قۆشمەیی دەچێت. دەمویست بە شێوەیەک لە تەكنیكەكانی شانۆ بگەم كە پاشتر تەواو لە یادیان بكەم. هەمیشە وا بیر دەکەمەوە کە شکاندنی یاساکان کارێکی ژیرانە نییە، پێش ئەوەی فێر بیت جێبەجێیان بکەیت.

هیوادارم (پیرەپیاوی سیاسەتمەدار) ئاستێكی زیاتری شیعریەتى -ئیتر بە هەرڕێژەیەک بێت- لە نووسەرە شاراوەکە تێدا بێت. وا هەست ناكەم گەیشتبێتم بە ئامانجەكەی خۆم و پێشم وانییە هەرگیز بیگەمێ، بەڵام هیوادارم هەست بەوە بكەم جار لە دوای جار لە ئامانجەكەم نزیك بووبێتمەوە.

 

دیمانەساز:

ئایا هیچ مۆدێلێكى یۆنانی لەپشتی (پیرەپیاوی سیاسەتمەدار)ەوە هەیە؟

ئیلیەت:

پاشخانی شانۆكە بریتییە لە شانۆنامەی (ئۆدیب لە كۆلۆنۆس،) بەڵام حەز ناکەم وەک مۆدێل ئاماژە به‌ سەرچاوە یۆنانییەکانم بدەم، كه‌ هەمیشە وەك خاڵی دەسپێک تەماشام كردوون. ئەو هۆكارەش خاڵی لاوازی پێکگەیشتنەوەی خێزانه‌. ئەو کارە زۆر لە  شانۆنامەی (ئیومێندەس)ـەوە نزیك بوو. هەوڵم دا بە شێوەیەکی حەرفی شوێن ئەو پاشخانە ڕەسەنە بكەوم و ئەمەش سەری بۆ سەرلێشێواوییەک کێشا، دەرەنجامی تێکەڵکردنی هەڵوێستی پێش-مەسیحیيانە و پاش-مەسیحیيانە له‌بارەی بابەتەکانی ویژدان و گوناهـ و تاوانه‌وه‌.

ئیتر وەک دەبینی لە سێ شانۆنامەی دواتردا هەوڵم داوە ئەفسانە یۆنانیيەکە وەک جۆرێک لە هێڵی دەستپێک بە کار بهێنم. لە کۆتايیشدا پێم وایە ئەوەی کەسێک لە شانۆنامە دێرینەکاندا دەتوانێت بە هەمیشەیی و بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە دەستی بهێنێت، بریتییە لە بارودۆخێک. دەتوانیت ئەم بارودۆخە وەربگریت و بە زاراوە مۆدێرنەکان دایبڕێژیتەوە. کارەکتەری خۆتی بۆ دابڕێژیت، پاشان ڕێگە بدەیت پڵۆتێکی تر لێوەی گەشە بکات. ڕاستييه‌كه‌ى ئەمە هەنگاوێك زیاتر و زیاتر لە دەقە ڕەسەنەكەوە دوورت دەخاتەوە. (ئاهەنگی كۆكتێل) دەبوو پێوەنديی بە ژیانی كارەكتەری ئەلیستیس-ەوە هەبێت. زۆر بە سادەیی، چونکە ئەو پرسیارە لە مێشکمدا دەرکەوت، ئاخۆ ژیانی ئەدمێنتەس و ئەلیستیس چى لێ دێت پاش ئەوەی ئەلیستیس لە مەرگ دەگەڕێتەوە! مەبەستم ئەوەیە ئه‌گەر لێکترازانێکی لەم شێوەیە هەبێت، ئیتر شتەکان ناکرێ وەک پێشتر بەردەوام بن. ئەم دوو كەسە چەقی بنەڕەتی بابەتەكە بوون و هەموو كارەكتەرەكانی تر لەم دوو كارەكتەرەوە گەشەیان كردووە. ڕۆڵی سیلیا كە زۆر گرنگ و كاریگەربوو لەنێو  شانۆییەكەدا، پاشكۆیەكی نێوخۆیی و بەردەوامی لە پشتی ئەو ڕۆڵەوە هه‌بوو.

 

دیمانەساز:

هێشتا بڕوات بە بیردۆزی ئاستەكانە لە درامای شيعریدا (پلاندانان، كارەكتەر، شێواز، كێش و سەروا و مانا) كە لە ساڵی 1932دا خستتە ڕوو؟

ئیلیەت:

چیتر بیردۆزەكانم له‌بارەی درامای شيعرييه‌وه‌ بۆ من جێی بایەخ نین، بە تایبەت ئەوانەی كە پێش ساڵی 1934 خراونەتە ڕوو. لەو کاتەوەی دەستم بە نووسینی شانۆنامه‌ کردووە، كەمتر گوێم بە بیردۆزەكانم داوه‌.

 

دیمانەساز:

چۆن نووسینی شانۆيەك لە نووسینی شيعرێك جیاوازە؟

ئیلیەت:

وا هەست دەكەم هەريەكێكیان خاوەن ڕێگه‌یەكی جیاوازن. هێندەی دووريی نێوان زەوی و ئاسمان جیاوازی لە نێوان نووسينی شانۆیەك بۆ تەماشاكەرانی و نووسينی شيعرێك کە تێیدا بە تایبەت بۆ خۆت دەينووسیت، هەیە. بە دڵنیاییەوە بەوەش قایل نابیت کە نووسینەکەت هیچ مانایەكی لە لای خوێنەر نەبێت. لەگەڵ شيعرێكدا دەتوانیت بڵێیت: (هەموو هەستی خۆمم تێكەڵ بە وشەكانم كردووە، بۆیە ئیستا ئەو وشەگەلەم هەیە كە یەكسانە به‌ هەستەكانم.)

هەروەها لە شيعردا تۆ بۆ دەنگی خۆت دەنووسیت و ئەمەش هەستێكی زۆر گرنگە. تۆ بیر لە كۆمەڵە دەستەواژەیەك دەكەیتەوە كە لەگەڵ هەستتدا بگونجێت. لە كاتێكدا لە نووسينی شانۆیەكدا هەر لە سەرەتاوە درك بەوە دەكەیت كە تۆ شتێك ئامادە دەكەیت دەچێتە بەردەم كەسانی تره‌وه‌ كە نازانن تۆ دەستت بە نووسينی كردووە. بە دڵنیاییەوە من ناڵێم هەرگیز نییە. لە شانۆیەكدا ئەم جیاوازییانە لێكتر نزیك نابنەوە، بەڵكوو دەبێـت نموونەییانە لێك نزیك ببنەوە. زۆربەی كات لە شانۆیەكانی شكسپيردا لێكنزیكبوونەوەی ئەم جیاوازيیانەی نێوان شيعر و شانۆ ڕوو دەدات. كاتێك شيعرێك دەنووسێت، لە هەمان كاتدا بیر لە بینەر و دەستەواژەی ئەكتەر و شانۆكەش دەكاتەوە و هەردووكیان هەمان شتن و هەستێكی زۆر دڵڕفێنيشە كاتێك ئەوە بە دەست دەهێنیت. لەگەڵ مندا تەنها لە كاتە دەگمەنەکاندا ڕوو دەدات.

 

دیمانەساز:

هەرگیز هەوڵت داوە كۆنتڕۆڵی دێڕەکانت لە لایەن ئەکتەرەکانەوە بکەیت؟ تا وای لێ بکەیت زیاتر لە دێڕی شیعری بچن؟

ئیلیەت:

من ئەوە بە تایبەت بۆ دەرهێنەر به‌ جێ دەهێڵم. گرنگترین شت ئەوەیە دەرهێنەرێكت هەبێ بتوانێت هەستی بۆ دێڕەکان هەبێت و بتوانێت ڕێنوێنیکار بێت، بە شێوەیه‌ك دێڕەکان ئەدا بكرێن، هه‌ست به‌وه‌ بكرێت تا چ ئاستێك لە پەخشان نزیكیان بكاتەوە، یان‌ لێیان دوور بكەوێتەوە. من تەنها ڕێنوێنيی ئەو ئەکتەرانە دەكەم كە ڕاستەوخۆ پرسیارم ئاڕاستە دەكەن. بە پێچەوانەوە، من وای بە باش دەزانم كە ڕێنوێنی لە دەرهێنەرەكەیانەوە وەربگرن. گرنگترین شت ئەوەیە بگەنە خاڵێكی سازان و پاشان كارەكان لێ گەڕێ بۆ ئەو!

 

دیمانەساز:

هەست دەكەیت ئاڕاستەیەكی گشتگیر لە كارەكانتدا هەیە؟ تەنانەت لە شيعره‌كانیشتدا، بە جۆرێک لە هەوادارێکی کەمەوە ڕووەو هەوادارێکی فراوانتر دەڕوات؟

ئیلیەت:

وا بزانم لێرده‌دا دوو خاڵ هه‌ن: یەكەمیان ئەوەی وای بۆ دەچم كە نووسينی شانۆی خوێنڕێژییەكەی نێو مەترانخانەكە و پێكگه‌يشتنەوەی خێزان جیاوازییەكی تەواوی لە نووسینی چوار چوارینەكاندا درووست كرد. پێم وايه‌ ئەمەش ڕێخۆشكەر بوو كە زمان تەواو سادەبوونەوە بە خۆیەوە ببینێت و دەر ببڕرێت بەو شێوەیەی كە خۆت لەگەڵ خوێنەرەكەتدا بدوێیت. ڕه‌نگه‌ چوارینەكانی ئەم دواییانەم ئاسانتر و سادەتر بووبن بۆ تێگەیشتن وەك لە (خۆڵەمێشی چوارشەممە) و (زەويی بێبەها.) ئەو شتەی كە دەمەوێت بیڵێم، پێوەنديی بە بابەتێكەوە هەیە، لەوانه‌يه‌ ئاستەنگ بێت بۆ تێگەیشتن، بەڵام من وای دەبینم كە زۆر بە شێوەیەكی سادە گوتوومن.

دووەم خاڵیان ئەوەیە كە خوێنەر چۆن دەچێتە نێویانەوە، وا بە زەینمدا دێت كە ئەوە تەنها پێوەنديی بە ئەزموون و پێگەیشتی پێشخانی خوێنەرەوە هەیە. لەو بڕوایەدام كە لە شيعره‌كانی پێشوودا پرسیارەكە ئەوەبوو كە نەتوانیت زیاتر بڵێیت لەوەی تاكێك پێویست بێ بیڵێ و بوونی شتێك كە تاك بیەوێت بیخزێنێتە نێو وشەكانەوە و كێش و سەروا بخاتە نێویانەوە كە ڕاستەوخۆ بۆ تێگەیشتن ئامادە بێت.

ئەم ناڕوونییە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە نووسەر هێشتا لە قۆناغی یەكەمی چۆنیەتيی بەكارهێنانی زماندایە. پێویستە شتەكان بە ڕێگه‌یەكی قورس بەرجەستە بكەیت. باشترین شوێنگرەوەش ئه‌گەر تەنتوانی بەرجەستەی بكەیت، ته‌نها بریتییە لە نەوتنی لەو قۆناغەدا. لەكاتی نووسینی چوار چوارینەكانمدا نەمدەتوانی بە هەمان شێوازی شيعری زەويی بێبەها بنووسم. لە شيعری زەويی بێبەهادا خۆم بێزار نەدەكرد، تەنانەت بەوەی كە دەمویست بڵێم چی. ئەم شتگەلە بۆ خەڵكی ئاسانتر بوون. لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ئیتر تۆ لەگەڵ شێوازی نووسینی (زەوییە بێبەهاكە) و (یوڵیسیەس)ـدا ڕادێیت.

 

دیمانەساز:

ئایا وای دەبینی كە چوار چوارینەكانت باشترینی كارەكانت بن؟

ئیلیەت:

بەڵێ، دەمەوێت ئەو هەستەشم لە لا گەڵاڵە بێت كە زیاتر بە پێی كات باشتر دەبن.- دووهەم لە یەكەم باشترە؛ سێهەم لە دووهەم باشترە و چوارەميش لە هەموویان. لە هەرئاستێكدا بن، من بەو شێوەیە ستایشیان دەكەم.

 

دیمانەساز:

ئەمە پرسیارێكی زۆر گشتگیره‌. بەڵام دەپرسم ئايا ئامۆژگارییەكت بۆ شاعيره‌ گەنجەكان له‌بارەی ڕاهێنان و پەرەپێدانی هونەرەكەيانه‌وه‌ لە هەربارێكدا پێویست بێت بەرەو پێشه‌وه‌ى ببه‌ن، هه‌يه؟

ئیلیەت:

من وای دەبینم ئەوە زۆر هەڵەیەكی گەورەیە كە ڕێنوێنيی گشتگیرانە بدەیت. پێم وایە باشترین كەسێك باشترین شت بكات بۆ شاعيرێكى گەنج بریتیيە لەوەی ڕەخنە لە كارێكی تایبەت بەو شاعيره‌ بگرێت و مشتومڕ له‌بارەيه‌وه‌ بكات. ئه‌گەر پێویست بێت، بیروڕای خۆتیان پێ بڵێ و ئەگەر هەرگشتگیركردنێكی پێویست هەبێت، ئەوا ڕێگەیان بدە خۆیان بيكه‌ن. زۆر كەسی جیاوازم بینیوە كە بە ڕێگه‌ی جیاواز كار دەكەن و شتگەلێكی جیاواز و بە ڕێگه‌ی جیاواز بەرەو ڕوویان دێت. له‌ سه‌دا سه‌د ناتوانیت دەستەواژەیەك بۆ تەواوی شاعيره‌كان بە كار بهێنیت، ڕاست بێت، لە كاتێكدا ئەو دەستەواژەیە تەنها بۆ خودی خۆت ڕاستە. وا بزانم لەوە خراپتر نییە بتەوێت خەڵكی بكه‌يت به‌ خۆت.

 

دیمانەساز:

ئایا بە بۆچوونی تۆ دەكرێت گشتگیریيەكی وەها له‌بارەی ئەو ڕاستییەوه‌ بكرێـت كە دەوترێت هەموان ئێستا شاعيرى باشترن، بە واتایەكی تر گەنجەكان باشترن لە تۆ و وەها ده‌ردەكەون كە ئێستا ئەوان مامۆستابن؟

ئیلیەت:

نازانم. وای بۆ دەچم تاكە گشتگیركردن كە دەكرێت بكرێت، جا لە هەرچ نرخپێدانێكدا بێت، ئەوا دەكرێت لە نەوەی داهاتوودا ببینرێت. هەموو ئەو شتەی دەتوانیت لە ئێستادا بیڵێيت، بریتییە لەوەی لەكاتی جیاوازدا  ئەگەری جیاواز هەیە بۆ پەیداكردنی پارە (بژێوى ڕۆژانە) یان سنووری جیاواز هەیە بۆ پەیداكردنی پارە و ئاشكرایە كە لەسەر شاعير پێویستە جگە لە كاری شاعيریيەكەی بیر لە پەیداكردنی پارەیەك بكاتەوە تا پێی بژی، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندان و تەنانەت موزیسیانانیش كاری وتنەوەی وانەی زۆر ناوازە ده‌كه‌ن.

دیمانەساز:

ئایا بە بۆچوونى تۆ شاعير -بێجگە لە نووسین و خوێندنەوە- پیشەیەكی تر لە خۆ ناگرێت؟

ئیلیەت:

نەخێر، له‌وانه‌يه‌. بەڵام جارێكی تریش ئەوە دەگەیەنێت كە كەسێك تەنها باس لە خودی خۆی بكات. ئەوە زۆر خراپە كە پیشەیەكی نموونەيی بۆ گشت كەسێك دیاری بكەیت، بەڵام تەواو لەوە دڵنیام كە ئەگەر دەستم بە كارێكی سەربەخۆ كرد، بەو مانایەی ئەگەر پێویست نەبوو خۆم بێزار بكەم له‌بارەی پەیداكردنی پارەیەكه‌وه‌ بۆ ژیان و گشت كاتەكانم ببەخشمە شيعرنووسین، ئەوا ئەم كارە هەستى مردنم ده‌داتێ.

دیمانەساز:

ئەم هەستە بۆ؟

ئیلیەت:

من وام بە باش زانی وەكوو خۆم هەندێ چالاكيی تر بخه‌مه‌ كار، بۆ نموونە كاركردن لە بانكێك یان تەنانەت ناوەندێكی بڵاوكردنەوە و بڕواشم وەهایە كە ئاستەنگی ئارەزووی هەبوونی ئەو كاتەش ئەو هەستی پەستانی كەمی بیروهۆشی لا درووست كردم. مەبەستم ئەوەیە كە ڕێگه‌ی لە نووسینی زۆر لێ گرتم. خراپیيەكە وەك یاسایەك هیچ شتێكی تر نەبێت بيكات، ئەوەیە كەسێك تەنها سەرقاڵی نووسینی زۆر بێت لەجیاتی كەمترین وردبوونەوە و سرنج خستنه‌سه‌رى. ئەمەش شتە خراپەكەیە بۆ من.

دیمانەساز:

ئایا ئیستا تۆ هەستیارانە هه‌وڵ دەدەیت شانبەشانی ئەو شيعرانه‌ بڕۆیت كە لە لایەن شاعيرە گەنجە ئەمه‌ریكايی و ئینگلیزەكانەوە نووسراون؟

ئیلیەت:

نا، ئیستا هیچ ویژدانێك لە ئارادا نییە. ئەوەم كرد كە ماوەیەك سەرقاڵی خوێندنەوە بووم بۆ دۆزینەوەی كۆمەڵێ بەهرە و توانا، وەك بڵاوكەرەوەیەك، به‌ڵام كاتێك كەسێك لەگەڵ تەمەندا هەڵدەكشێت، ئەو كەسە هیچ متمانەیەك بە تواناكانی خۆی ناكات بۆ ناسینەوەی زیرەكيى ئەم پیاوە گەنجانە. هەمیشە لەوە دەترسیت بە هەمان شێوەی ئەوەی دەبینیت بەتەمەنتر دەبیت، ئاواش بەهرەكان و تواناكانت ببینیت. لە كۆمپانیای (فابیر ئاند فابیر) هاوڕێی لە خۆم گەنجتر هەیە كە ئێستا دەستنووسی شيعری دەخوێنێتەوە، به‌ڵام تەنانەت لەپێش ئەوەیشەوە كە لەناكاو ئاشنای شتە نوێیەكان دەبووم، پێم وابوو مانای تایبەتيی خۆیان هەڵگرتبوو، هەمیشە پێشانی ئەو گەنجانەم دەدا كە بڕوام بە توانا ڕه‌خنەگرییەكەیان هەبوو تا بیروبۆچوونیان وەربگرم، به‌ڵام بە دڵنیاییەوه‌ هەمیشە مەترسییەك له‌بارەی ئەو بەهایانەوه‌ هەیە كە تۆ ناتوانیت دیقەتیان بدەیت. لە بەرەوە وەها باشترە هەمیشە كەسانی گەنجتر هەبن تا لەپێشدا تەماشای شتەكان بكەن، ئەگەر ئارەزوویان لێ بێت ئەوا پێشانم دەدەن. بەو شێوەیەی كە ئاخۆ منیش بە دڵم دەبێت. ئەگەر شتێكت هەبوو و بووە جێی سەرنج و بڕیاردان لەسەر گەنج و تەنانه‌ت بەتەمەنەكان، ئەوا بزانه‌ ئەوە دەبێتە شتێكی تەواو گرنگ. هەندێ جار هەست بە بەرگریكردن دەكەم، نەدەبوایە هیچ كات ئەو هەستە بەرگریكارانەیەم هەبوایە. كاتێك كارە نوێیەكەم تەواو بەرگریكارانه‌ نەبوو، كه‌سانێك وایان دەبینی ئەو كارەم بە شێوازێك لە شێوازەكان دەستبڕانە بووه‌.

دیمانەساز:

ئایا تۆ لەو باوەڕەدایت كە شاعيرە گەنجەكانمان بە شێوەیەكی گشتی دەسبەرداری ئەزموونى شاعيرە كۆنەكان بوون لەم سەردەمەدا؟ كەمێك لە شاعيرەكان بەرگریيان دەكرد هەمان شێوەی ئەو بەرگریكردنەی كە تۆ دەتكرد، به‌ڵام هەندێك لە ڕەخنەگرە بەتەمەنەكانی هاوشێوەی هێربێرت رید بڕوایان وایە شيعر لەپاش تۆوه‌ لە ڕووی شێوازی كۆنی نووسینی شيعره‌وە بەرەو دوا چووە. كاتێك تۆ له‌بارەی میلتۆنه‌وه‌ بۆ جاری دووەم قسەت كرد، باسی كارى شيعرت وەك چشتێكی نەگۆڕ كرد و وەك چشتێكی گۆڕانكاريی درووستكار لە ڕووی زمانەوە.

ئیلیەت:

بەڵێ، من هیچ وای نابینم كە هەر دە ساڵ جارێك پێویستت بە شۆڕشێك لە شيعردا بێت.

 

دیمانەساز:

به‌ڵام دەشێ بڵێین ئاڕاستەیەكی دژەشۆڕش هەیە لەجیاتی بینینەوەی ئەگەری نوێ؟

ئیلیەت:

نەخێر، من هیچ شتێك نابینم كە پێوەنديی بە دژەشۆڕشه‌وه‌ هەبێت. لەپاش ماوەیەك دووركەوتنەوە لە شێوازە باوەكان، سەردەمی زانینخوازی بۆ ئەزموونی تازە بە داڕێژگەی باو دێـتە كایەوە. ئەمە دەكرێت كاری ناوازە بنیاد بنێت، ئەگەر ئەوەی لە نێوان ئەو دوو ماوەیەدا ڕووی داوە، جیاوازییەكی درووست كردبێ. ئەگەر شتەكە گەڕانەوە نەبێت بەرەو دواوه‌، به‌ڵام بەرەوپێشبردنی داڕێژگەی كۆن بێت كە ئیتر كاتیان بەسەر چووە و هەر لەو داڕێژگە كۆنانە شتی تازە بنیاد بنرێت. ئەوا ئەمە بە هیچ شێوەیەك دژكاری شۆڕشی پێ ناوترێت، تەنانەت ئەو بەرودواچوونە شایستەی ئەوەش نییە ناوێكی لێ بنرێت. لەملاولا مەیلێك هەیە گەڕانەوە بۆ  سۆز و هەستی شاعيرە قەفقاسییەكان هەیە و لەنێو جەماوەردا هەمیشە خەڵكێك هەن كە ئارەزووى ئاستێكی مامناوەند دەكەن و كاتێ ئەوەی دەیانەوێ، پێى دەگەن دەڵێن: (ئەمەیە شيعری بەچێژ! ئا ئەمەیە شيعری ڕاستەقیینە!) خەڵكانێكیش هەن كە ئارەزوويان لە شيعری سەردەمییانەيه‌، به‌ڵام شتی نوێ و تازە بۆ ئەوان قورسە و ئاستەنگە، بۆیە ئەوان پێویستیان بە شتێكی ئاسان و سادەترە.

باشترینی ئەوەی من دیومە لە شاعيرە گەنجەكان بە هیچ شێوەیەك كاردانەوه‌يان نییە. من هیچ ناوێك ناهێنم. من نامەوێ هیچ داوه‌رييه‌كى گشتگیر بەسەر شاعيرە گەنجەكانه‌وه‌ بكه‌م. باشترین شت ئەوەیه‌ كەمتر بەروپێشچوون بكرێت لە كارەكتەری شۆڕشگێڕانەدا وەك ئەوەی لەم چەند ساڵانەی دوایيی ئەم سەدەیەدا  ده‌بينرێت.

 

دیمانەساز:

هەندێ پرسیارم هەیە كە هیچ پێوەندييان بە بابەتەكەوە نییە و دەمەوێت بەم پرسیارانە كۆتایی پێ بهێنم. لە ساڵی 1945دا تۆ نووسیبووت: (پێویستە شاعير ئەو زمانە لە نووسینەكانیدا بە كار بهێنێـت كە لەگەڵ چواردەورەكەیدا بە كاری دەهێنێت.) لە پاشاندا نووسیبووت: (پاشان مۆسیقای شيعر دەبێتە شيعرێكی نادیار و لەنێو وتارە باوەكانی سەردەمی خۆیدا دەمێنێتەوە.) پاش تێبینيی دووەمت گالتەت بە (زمانی یەكگرتووی بەكارهێنراوی بی-بی-سی هاتووە.) ئیستا لە پەنجا ساڵی ڕابوردووەوە هیچ گۆڕانێكی نوێ ڕووی نەداوە، تەنانەت بگرە لە پێنج ساڵی ڕابوردووشدا هیچ گۆڕانێك ڕووی نەداوە. ئایا زۆربوونی ئەو هەیمەنەیە لە وتارە بازرگانییەكاندا هەڵگری مانای پێوەندییە؟ ئەوەی له‌بارەی (بی-بی-سی ئینگليزى)ـه‌وه ئاماژەت پێ دا، بووە هۆى بە هێزكردنی لەناكاو لە ڕێگه‌ی ئای-تی-ئەى و ته‌له‌فزيۆنى بی-بی-سیـيه‌وه‌ بێجگە لە سی-بی-ئێس، ئێن-بی-سی و ئەی-بی-سی.

ئیلیەت:

تۆ خاڵێكی زۆر گرنگت باس كرد. پێم وايه‌ تۆ ڕاست ده‌كه‌يت. بە ڕاستی ئەوە كارەكە تەواو قورس دەكات.

 

دیمانەساز:

دەمەوێت ئەو خاڵە ڕوونتر بكەیتەوە.

ئیلیەت:

بەڵێ، بەڵام تۆ دەتەوێت ئەو خاڵە درووست بێت، كە من بەرپرسیارێتيی درووستكردنی لە ئەستۆ بگرم. لەو بڕوایەدام هەبوونی ئەو هەموو هۆكارانەی پێوەندى كە ببێتە هۆی گواستنەوەی و بەسەرداسەپاندنی كۆمەڵێك وتاری تایبەت و دەربڕراوی تایبەت بە ڕێژەیەكی كەم و بۆ زۆرترین ژمارەی خەڵك، ئەوە ئەوەندەی تر كێشەكە قووڵتر دەكاتەوه‌. ڕاستييه‌كه‌ى نازانم ئایا ئەوە هەتا چ ئاستێك و دوورییەك بەسەر وتاری نێو فيلمەكانه‌وه‌ جێبەجێ دەبێت (تا چ ئاستێك وتاری نێو فيلمەكان دەگرێتەوە!) بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە ڕوونە كە وتارە ڕادیۆییەكان كاری خۆيانيان زیاتر كردووە لە هەرهۆكارێكی گواستنەوەی تر بۆ گواستنەوەی وتارەكان (وتارە ڕادیۆییەكان گاریگەری و مه‌ودایەكی زیاتريان لە هەرهۆكارێكی تری گواستنەوەی وتارەكان بڕیوە.)

 

دیمانەساز:

دەپرسم ئاخۆ هیچ ئەگەرێك هەیە بۆ نەمانی ئەو وتارەی تۆ ناوت لێ ناوە وتاری گشتگیر لە داهاتوویەكی نزیكدا؟

ئیلیەت:

ئەوە ئەگەرێكی زۆر دڵتەنگكارانەیە، به‌ڵام زۆر بە دڵنیاییەوە ئەگەرێكی زۆر بەهێزە كە ڕوو بدات.

 

دیمانەساز:

ئایا هیچ كۆمەڵە كێشەیەكی تر هەیە بۆ نووسەر لەم سەردەمەی ئیستادا كە كێشەی بێ هاوتابن؟ ئایا لەناوچوونی مرۆڤایەتی بە سرووشتی كاریگەری لەسەر شاعير دادەنێت؟

ئیلیەت:

من تێناگەم ئاخۆ دەبێت بۆچی لەناوچوونی مرۆڤایەتی كاریگەری لەسەر شاعير دابنێت! بە شێوازێكی تەواو جیاواز مرۆڤ له‌ هه‌ربارێكدا بێت، وەكوو هەستێكی مرۆڤانە كاریگەری لەسەری دادەنێت، بێ گومان بە ڕێژەیەكی دیاریكراو كاریگەری لەسەر هەستەكانی دادەنێت.

 

دیمانەساز:

پرسارێكی تر! پێوەنديی بە پرسيارى پێشووه‌وه‌ نییە. هەست دەكەم ڕەخنەگرتنی كه‌سانى تر باشترە وەك لە هەمان كەس كە شاعيرێكی تەواو چالاكە، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەی كە ڕووبەڕووی لادان دەبێته‌وه‌ لە بابەتەكانی تایبەت بە خودی خۆی (تووشی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەندێ ئاگاداركردنەوەی تایبەتيشدا دەبێته‌وه‌.) ئایا تۆ بڕوات وایە نووسينی ڕەخنە بووه‌تە هۆی یارمەتیدانت وەك شاعيرێك؟

ئیلیەت:

بە ڕێگه‌یەكی ناڕاستەوخۆ، بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك هۆانڤانێك یارمەتیدەرم بووە، تا كتێبە ڕەخنەییه‌كەم بخەمە پێش ئەو شاعیرانەی كە هانیان داوم و من ئاره‌زووم لە شيعره‌كانیان هەبووە. ئەوە تەنها وا لە كاریگەرييه‌كان دەكات كە باشتر و دیار و ڕوونتر بن. ئەوە تا ئاستێك پاڵنەرێكی سرووشتی بوو، من وای دەبینم باشترین وتارە ڕەخنەییەكانم لەسەر ئەو شاعيرانە بووە كە گاریگەریيان لەسەرم هەبووە، هەر دەربارەی ئەوەش زۆر پێشتر بیرم لە نووسينی وتارێكی چڕوپڕ له‌بارەیان كرده‌وه‌، لەوانه‌یە ئەوە نرخی تایبەت بە خۆی هەبووبێت وەك لە هەرتێبینییەكی گشتگیری ترم له‌بارەی ئەوانه‌وه‌.

 

دیمانەساز:

ج. س. فەریزەر لە وتارێكی دووروودرێژدا له‌بارەی ئەو دوانەتانه‌وه‌ دەپرسێت: (ئاخۆ كەی بە بینینی یێتیس گەیشتوویت. لە به‌شێكدا كە خۆت باسیت كردبوو وەهاش دەر ده‌كەوێت كە پێی گەیشتبێتیت. دەكرێت له‌بارەی بارودۆخەكەوه‌ زیاترمان پێ بڵێیت؟)

ئیلیەت:

بە دڵنیاییەوە، زیاد لە جارێك بە یێتیس گەیشتووم. یێتیس هەمیشە بەخشندەبوو بەرانبەر ئەو كەسەى دەیبینی و خاوەن هونەرێكى هەڵسوكه‌وتكارانەى بێهاوتابوو لەگەڵ ئەو نووسەرە گەنجانەی دەیبینین. هەروەك وەهابوو كە لە یەك ئاست و لە یەك سەردەمدان. هیچ بۆنەیەكی تایبەتم بير نایەتەوە.

 

دیمانەساز:

وام بیستووە كە تۆ داڕێژگەی شيعره‌كانت دەگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی ئەدەبیاتی ئەمه‌ریكايی، دەكرێت پێمان بڵێیت بۆچی؟

ئیلیەت:

بەڵێ، بەڵام نەمدەتوانی لەوە زیاتر بكه‌م. تۆ بڕوانه‌ ئەوە هەرگیز بەم شێوازە نەدەبوو و باوەڕیشم به‌وەیە كە باشتریش نەدەبوو ئەگەر گشت داڕێژگەی شيعره‌كانم بە شێوازی نوێ بوونایە. هەرگیز شيعره‌كانم وەها نەدەبوون ئەگەر لە ئینگلتەرا چاوم بە ژیان هەڵبهێنایە و لە هەمان كاتیشدا هەرگیز وەها نەدەبوون ئەگەر تەنها لەنێو ئەمریكادا بمامایه‌تەوە. ئەوە كۆمەڵێ شتگەلی تێهەڵچنراوی یەكدین، بەڵام خاوەن سەرچاوەی تایبەتیشن. كانگای هەستی نێو شيعره‌كانم لە ئەمه‌ریكاوە سەرچاوەيان گرتووە.

 

دیمانەساز:

دوايين پرسیار، حەڤدە ساڵ پێش ئیستا گوتت: (هیچ شاعيرێكی ڕاستگۆ ناتۆانێت نرخی ڕاستەقینەی ئەوەی نووسیویەتی بزانێت، لەوانه‌یە به‌بێ هیچ ئامانجێك، تەنها كاتی خۆيی كوشتبێت و ژیانی خۆيی تەفروتوونا كردبێت.) ئایا ئیستا كە حەفتا ساڵیت ئەم هەستەت هەیە؟

ئیلیەت:

لەوانه‌یە كۆمەڵێك شاعير هەبن، بەڵێ، ئەو هەستەیان هەبێت، به‌ڵام من له‌بارەی ئەوەوه‌‌ نازانم.

Leave a comment