["گەڕانە هەمیشەییەکەی ئێمە بەدوای واتایەکدا"]

فیلمی Knight of Cups
“گەڕانە هەمیشەییەکەی ئێمە بەدوای واتایەکدا”

شکار وەفا

 

ئەو ڕۆژەی تێرێنس مالیک لە درووستکردنی فیلم دەوەستێت ڕۆژێکی تۆقێنەر و ناخۆش دەبێت. ئەو یەکێکە لە باشترینەکان، دەنگێکی ڕەسەنە لە بوارەکەی خۆیدا. فیلمەکانی لەیەکتری ناچن و هەمیشە ڕێگەی جیاواز بۆ دروستکردنی فیلمەکانی دەگرێتەبەر. خەڵکی پێیانوایە ئەو کەسێکی لەخۆباییە، بەردەوام خەریکی کۆکردنەوەی مەعریفەیە کەچی وێنەکانی خاڵین لە ناوەڕۆک، ئەمە قسەی خەڵکە. ئەو سۆفییەکە کە نایەوێت سەرنجەکانی ببەخشێت بە شوێنکەوتەکانی. ئەو لەو جۆرە دەرهێنەرانە نییە کە فیلمەکانی بە شێوازە تەقلیدییەکان دروستبکات، نایەت چیرۆکێک بهێنێت و بیکات بە سێ بەش و سترەکچەرەوە و پاڵەوانەکە بەسووڕێکی گەشەکردندا لە سەرەتاوە تا کۆتایی ببات، نەخێر ئەو لەو جۆرە دەرهێنەرانە نییە. لەبری ئەوە دێت تەواو فیلمەکەی بارگاوی بە هەست دەکات، هەموو فرەیمەکان لە هەستی چڕ و قووڵدا نوقم دەکات، ئەرکی ئێمەش ئەوەیە بڕۆینە نێو ئەم پارچە ونبووانەوە و لەنێویاندا بگەڕێین. بۆچی دەبێت هەموو شتێک ڕوونبکرێتەوە؟ ئەمە یەکێکە لە هۆیەکانی تر کە خەڵکی خۆشیان لە ستایلی ئەو نایەت.


فیلمی Knight of Cups دووەمین فیلمی سێینە ئەزموونییەکەی تێرێنس مالیکە، To the Wonder و Song to Song دووانەکەی تری ئەم سێینەن.
هیچ یەکێک لەم سێینەیە خاوەنی دەقێک نین تا ببنە سەنتەر و هەمووشتەکان بەچواردەوریاندا بسوڕیێنەوە، بەڵکو ئەزموونێکی بێ لێکدانەوەی میتافۆڕین، ڕێگاکانی دروستکردنیشیان جیاواز و ناباون.
ئەگەرچی ئەم شێوازە لە دروستکردنی فیلم بۆ زۆرێک لەخۆباییبوونی مالیک دەردەخات، بەڵام  مالیک پڕۆسێس و ڕوئیایەکی بێهاوتای دروستکردووە کە شایەنی ئەوەیە کنەوپشکنین بکرێت و سەرنج لە بچووکترین وردەکارییەکانی بدرێت.
وەک “درەختی ژیان” دووبارە مالیک کۆمەڵێک باس و بابەتی ئاڵۆزی پەیوەست بە  بوونی بەرباس خستووە، دەستپێکی شێوەگیرکردنی فیلمەکەشی ”بە سرووتی مرواری”یە، کە تێیدا چیرۆکی شازادەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە نێردراوە بۆ  میسر تاوەکو مروارییەک بدۆزێتەوە، بەڵام کاتێک دەگاتە شوێنی مەبەست خەڵکەکە جامێکی پێدەدەن و بەو هۆیەوە شازادەکە دەکەوێتە خەوێکی قوڵەوە، لە یادی دەچێت کوڕی پادشایە و بابەتی مروارییەکەش لەیاد دەکات.
مالیک ئەم چیرۆکەی وەک میتافۆڕێک بۆ لەدەستدانی ئامانج و واتا بەکارهێناوە. فەیلەسووفی بوونگەرایی  سورێن کیەکەگارد بە شێوازێکی نزیک لەم بابەتە دەربارەی مەترسی کەوتنە نێو ئەم خەوە قووڵەوە نووسینی هەیە و دەڵێت: سامناکترین مەترسی، کە خۆلەدەستدان و خۆونکردنە، زۆر بەهێمنی دەردەکەوێت، بەشێوەیەک وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت. هیچ لەدەستدانێکی تر بەم شێوە هێمنە دەرناکەوێت کە پێی نەزانیت و دەرکی نەکەیت، بێگومان کاتێک قۆڵت یان قاچت یان پێنج دۆلار یان هاوژینەکەت لەدەستبدەیت دەستبەجێ تێبینی دەکەیت و دەرکی دەکەیت. کەسی سەرەکی فیلمەکە ڕیکە. ڕیک سیناریۆنووسە، هەوڵدەدات واتایەک لە ژیانیدا بدۆزێتەوە، ئەمەش لەو ژیانە پڕ کەیف و خۆشییە هۆڵیوودییەی ئەودا لە کردەیەکی بێئامانج دەچێت.
کیەکەگارد بەشێوەیەکی فراوان دەربارەی ئەم نائاسوودەییە فەندەمێنتاڵییە دواوە، دەڵێت هەموو مرۆڤێک بەم ئەزموونەدا تێپەڕ دەبێت کاتێک هەوڵدەدات لە پڕۆسەی گەڕان بەدوای واتای ژیان لە دەرەوەی ئەم جیهانەدا بگەڕێت، کەسەکە تووشی نائومێدی دەبێت، کە بە بۆچوونی  کیەکەگارد هۆکاری ئەمە خودە. خود لەلای  کیەکەگارد ناو نییە، بەڵکو فرمانێکە، کە ئەم فرمانە پەیوەستە بە سنووردارێتی و بێسنوورییەوە، کە دوو شتی دژ، لە هەمووماندا ئامادەییان هەیە. سنوورداری پەیوەستە بە حەتمییەتی ئاکامەکانی ژیانە سنووردارەکەمانەوە لە چێوەی واقیعێکی کۆنکرێتیدا. بێسنووریش پەیوەستە بە ئەگەرێتی تواناکانمان بۆ خوڵقاندنی بیر و بیرۆکەی نوێ، کە ئەمەش لە وزە متە بێپایانەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم نائومێدییە ئەوکاتە دەستپێ دەکات کاتێک کەسێک بەڕێگایەکی ناهاوسەنگ دەیەوێت پەیوەستییەک دروستبکات، کە‌ ئەمەش بەسەر  ڕیکدا دێت کاتێک دەچێتە نێو ژیانی هۆڵیوودەوە و ژیانە بێسنوورەکە دەدۆزێتەوە. بەمەش  ڕیک دەگۆڕێت بۆ ئەو شتەی کە کیەکەگارد پێی گوتووە جوانیپەرست کەسێک کە بەتەواوی هەستەوەر دەبێت بەرامبەر بە وزە شاراوەکەی، کەسێک کە خۆشی نازانێت چی دەوێت و ئەمەش سەردەکێشێت بۆ “هیچێتی” و تەنها شتێک کە بەدوایەوەیە چێژ و خۆشییەوە و وردە وردە ئەمەش دەبێتە شتێکی کاتی بۆی، وەک هەموو ئاڵوودەبوونەکانی تر زیادەڕەویکردن لەم شتەدا سەردەکێشێت بۆ پەستی و بێتاقەتی و لەکۆتایشدا کەسەکە دەگاتە پووچێتی. هەمان شت لە ناوی فیلمەکەدا دەبینین کە لە کارتی تارۆتەوە وەرگیراوە، گەر کارتی Knight of Cups پێچەوانە بکەینەوە پۆستەری سەرەکی فیلمەکەمان بۆ دەردەچێت کە هێماییە بۆ کەسێک زۆر هەستیار و نائومێد، کەسێک کە هەرچی دەگەڕێت هیچ واتایەک نادۆزێتەوە و کڵۆڵە لەوەی واقیع و خەیاڵ لەیەکتری جیابکاتەوە و گیرۆدەی هەردووکیشیان بووە. هەرچەندە ئەو بە تەواوی بێهیوا نەبووە، لە بەردەوامی چیرۆکی شازادەکەدا، شازادەکە نامەیەکی لەباوکییەوە پێدەگات تا یارمەتی بدات لەوەی خۆی بدۆزێتەوە و بزانێت کێیە، بە هەمان شێوە  ڕیکیش بەدرێژایی فیلمەکە بەردەوام ئەم جۆرە پەیامانەی لە کارەکتەرەکانی نێو فیلمەکەوە پێدەگات، هەروەها ئەم پەیامە بەرەنگارییانەی لە ڕووداوە جیاوازەکانیشەوە پێدەگات، کە لەنێو فیلمەکە بە ڕووداوی زەویلەرزییەک نیشاندراوە، ئەم ڕووداوەش هێمایە بۆ بەئاگاهاتنەوە، ئەمەش پاڵی پێوەدەنێت بۆ گەڕان بەدوای واتایەکدا، ئەم گەڕانەش لەنێو فیلمەکە بە ڕووناکی سەر لووتکەی چیاکان نیشاندراوە. سترەکچەری فیلمەکە لە کۆمەڵێک کارتی تارۆتەوە وەرگیراوە، فیلمەکە کراوە بە چەند بەشێکەوە و ناوی هەر بەشێک ئاماژەیە بۆ ئەو شتەی کە لەو بەشەدا ڕوودەدات یان پێوەی پەیوەستە، بەڵام گەر قووڵتر ببینەوە، کارتەکان نمایندەی بیرکردنەوەی  ڕیک و قووڵبوونەوە و گەڕانی مەودا درێژی بەدوای واتاکاندا دەکەن، جا هەر جۆرە واتایەک بێت کە سترەکچەرێکی ڕێک و باش بداتە ژیانی و نەفرەت و خراپەی لێ دووربخاتەوە. دووبارە لەنێو فیلمەکەدا بەرپەرچدانەوە دەبینین، ئەمجارەیان بەرپەرچدانەوەی خەڵک دەبینین، کە لەنێو ئەم شێوازە گێڕانەوەیە پڕ تەڵەزمەی  مالیکدا بەدوای واتای ژیاندا دەگەڕێن، ئەمەش ڕووداوگەلێکی حەتمییە لەنێو فیلمە دەق-نائامادەکانی  مالیکدا، کە تا کۆتایی فیلمەکە و دەستپێکی ئیدیتینگی فیلمەکە سەرنج لەوە نادات کە چی کردووە. دەتوانین حەز و ویست و ئارەزووی  ڕیک بۆ دۆزینەوەی واتای ژیان لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ ژناندا بەڕوونی ببینین، ئەرک و بارە بوونییەکانی خۆی دەخاتە سەرشانی ئەوان، و ژنان دەکات بەسەرچاوە و ئیلهامێک بۆ بوونی، ئەمە تا حاڵەتی پەرستنیش دەڕوات، کە بەدڵنییایەوە کۆتاییەکەشیان شکست و فەوتانە،  ڕیک تێدەگات ژنانیش تەنها بوونێکی سنووردارن و مرۆڤن، ئەو خودایە نین کە ئەو دەیانپەرستێت. ڕیک درێژە بە گەشتەکەی دەدات، بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەوێت کە  ڕیک کەمێک گەشەی کردووە و بەرەوپێش چووە،  تێرینس مالیک لەبری ئەوەی کۆمەڵێک سەرەنجامی هێڵی پەیوەندیدار بە یەکتریمان پێبدات کە لە خاڵێکدا بگاتە لوتکە، کەچی ئەمە ناکات، بەڵکو سووڕێکی بەڕواڵەت بێکۆتایی کەوتنە نێو ئەوین و شکستهێنانمان نیشاندەدات، هەروەها بە نیشاندانی هەندێک دیمەنی بیابان  مالیک پێمان دەڵێت کە  ڕیک هێشتا لەنێو بیاباندا گیری خواردووە و ونبووە، لە دوورەوە کۆمەڵێک ڕووناکی پرشنگدار دەبینێت کە بەردەوام لێی هەڵدێن و دووردەکەونەوە. نزیک لە کۆتایی فیلمەکە  ڕیک دەگات بە قەشەیەک کە تێبینی ئەوە دەکات ئازارەکانی  ڕیک پەیوەندیان بە خودا یان بێسنوورییەوە هەیە، دووبارە کاریگەری چەمکی “خود”ی  کیەکەگارد دەبینین، نەک وەک بوون بە قەوارەیەکی جێگیر، بەڵکو وەک کردەیەک، ئەوە بەرباس دەخرێت کە کەسەکان سەرنجیان لەسەر سنووردارێتی و بێسنووری شتەکانە لەبری ئەوەی هەمیشە بێسنووری وەک شتێک دابێنین کە دەبێت لێی تێبگەین و لەخۆمانی بگرین. بۆ  کیەکەگارد پێکەوەگرێدان و یەکخستنی هاوسەنگی نێوان سنووردارێتی و بێسنووری تاکە ڕێگەی دەربازبوونە لەم نائومێدی و کڵۆڵییە، بۆ  کیەکەگارد  ئەو شتەی ئەمەی پێدەکرێت “ئیمان”ە. بەڵام جێبەجێکردنی ئەمە نابێت بەڕێگە تەقلیدییەکان بێت کە داوات لێدەکات پابەندبیت بە ئاینێکی دیاریکراوەوە یان لەسەر دیدگایەکی جێگیر بۆ جیهان و ژیان بمێنیتەوە کە خۆشت دەزانیت ڕاست نییە، لەبری‌ ئەوەی باسی “بازدانی ئیمانی” کردووە، کە لە ڕێگەی پەیوەستبوون بە سەرچاوەیەکی لە جیهانبەدەر و سەرووسرووشتەوە پەیوەست دەبیت بە بێسنوورییەوە، بەمەش لەگەڵ هەمووان باش دەبیت و خۆشەویستیی دەبەخشیت و دەیگۆڕیتەوە و فێردەبیت و تێدەگەیت کە لە ڕێگەی شتە سنووردارەکانەوە هەوڵی گەیشتن بە بێسنووری نەدەیت، لەمەشەوە گۆڕان ڕوودەدات، یەکێک لە گۆڕانەکان گۆڕانی ناوی فیلمەکەیە بۆ  ”سوارچاکی ئیمان”، بەپێی  کیەکەگارد ئەو کەسە لە ڕووە دەرەکییەکەوە لە خەڵکی جیاناکرێتەوە و بەشێکە لێیان، بەڵام لەناخیدا جوڵەیەکی جێگیر بەرەو بێسنووری هەیە. لەکۆتایدا  ڕیکێکی دڵخۆش و ڕزگاربوو لە ئازار دەبینین و بە شاخەکەدا سەردەکەوێت و بەرەو ڕووی ڕووناکییەکە دەڕوات.

Leave a comment