[گفتوگۆ لەگەڵ فرانک سيناترا]

گفتوگۆ لەگەڵ فرانک سيناترا

دیمانەساز: گۆڤاری پلەی بۆی

لە ئینگلیزیيەوە: سیڤان ئەرسەلان

 

فرانک تۆ لەو بيست ساڵەدا و لەو ماوەیەی لە باندی (تۆمی دۆرسێی) جیا بوویتەوە بۆ ئەوەی وەک تاکە موزیسیانێک دەر بکەویت، توانه‌‌کانت لەگەڵ چەندان کاری پێوەست بە یەکدييه‌وه‌ لەم بوارەی خۆتدا زیاتر و چڕتر کردووە، بەڵام تا ئێستاش هیچ یەكێک لەم کار و چالاکیيانەت لە سەرخستنی بەهرەکەتدا وەک گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ سەرکەوتوو نەبوون، کە وایە بۆچی بە باسکردنی سيناترای گۆرانیبێژ دەست پێ نەکەین؟

زۆر باشە. کێشە نیيە.

قسەوباسێکی زۆر لەبارەی توانه‌ بێوێنەکەی تۆوه‌ گوتراون، وێڕاى نەرميی ستایل و ئامێرەکانی دەنگ. بەوەی تۆ هەستی ناو گۆرانیيەکە دەگوازیتەوە بۆ ئامادەبووان. تۆ چۆن باسی ئەمە دەکەیت؟

پێم وايه‌ ئەمە بە هۆی ئەوەوه‌یە كه‌ من ئامادەبووانیش بەشداری پێ دەکەم. بەشداریپێکردنێکی تاکەکەسیيانە لە گۆرانیيەکانمدا، چونکە من خۆيشم بەشدارم، شتێک نيیە کە من بە مەبەست بیکەم. ناتوانم ڕێ لە خۆم بگرم. ئەگەر گۆرانیيەکە لاواندنەوەی لەدەستدانی عەشقێک بێت، لە هەناومەوە ئازارەکە دەر دەهێنم. هەست بە ونبوونی خۆم دەکەم بە تەنيايی دەقیژێنم بۆ ئەو تەنیايی و ئازار و ژانەی هەستی پێ دەکەم.

ئایا بەو شێوەیە نیيە کە هەموو گۆرانیبێژێکی باش هەست بە گۆرانیيەکە دەکات؟ ئەمە هیچ جیاوازیيەکی هەیە؟

نازانم گۆرانیبێژەکانی دیکە هەست بە چی دەکەن کاتێک دەقێکی گۆرانی دەڵێنەوە، بەڵام من بە هۆی فشارێکی زۆری دەروونی و ژیانێکی سۆزداریيانەی پڕ لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژييه‌وه‌ جێگه‌یەکی ناوازەم بۆ دڵتەنگیيەکانم بە هەمان شێوەی دڵخۆشیيەکان هەیە. دەزانم ئەو پشیلەیەی گۆرانیيەکەی نووسیوە، دەیەوێت چی بڵێت. من لەوێدا بووم و گەڕامەوە. پێم وابێت ئامادەبووان لەگەڵمدا دەچوونە ناو گۆرانیيەکە و هەستپێکردنەکە بە دەستى خۆیان نەبوو. سۆزدارانە بوو، لە کۆتايیشدا ئەمە هەستێکی هاوبەشە لەناو هەموو مرۆڤایەتیدا.

هەزاران وشە لەسەر ئەم بابەتە لەبارەی تۆوە نووسراون، هیچ یەکێکیانت لە یاد ماوە کە بە تەواوی باس لە توانه‌کانت بکات؟

زۆربەی ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون، بۆ لەکەدارکردن بوون، بەڵام لە یادمە بە وشەیەکی سادە باس لە من کرابوو کە لەگەڵیدا هاوڕام. لە پارچەیەکدا بوو کە منی له‌ هەڵسوکەوتی تاکەکەسیم جیا کردەوە. نووسەرەکە دەڵێت کاتێک گۆرانیيەکە دەستی پێ کرد، منیش دەستم بە گۆرانیگوتن کرد؛ گوايه‌ من ڕاستگۆم و بەو شێوەیە گۆرانیيەکە دەڵێم وەک ئەوەی ئه‌و هەستی پێ دەکات.

هەرقسەیەکی دیکە بە تایبەتی لەبارەی منەوە گوترابێت، گرنگ نیيە. کاتێک گۆرانی دەڵێم، باوەڕم هەیە، ڕاستگۆم. ئەگەر دەتەوێت ئامادەبووان لەگەڵ خۆتدا پەلکێشی ناو گۆرانیيەکە بکەیت، ئەوا تەنها یەک ڕێگە هەیە، پێویستە بە ڕاستگۆییەکی تەواو و سادەوه‌ پێیان بگەیت. ئەمە سەکۆیەکی شانۆ نیيە. من ئەوەم بۆ دەر کەوتووە. هەروەک لە چاوپێکەوتنەکانی دیکەمدا بیستووتە.

کاتێک ناتوانن بە گوێگر بگەن، هیچ ڕوو نادات. دەتوانیت ببیتە بەهرەمەندترین هونەرمەندی دنیا، بەڵام گوێگر وەک مەودایەکی فراوانە، ئەگەر تۆ جیاواز و بێوێنە نەبیت، ئەوا دەچیتەوە سەر هەرپێوەندیيەکی دیکەی مرۆڤەکان. سیاسیەتمەدارێک لەسەر تیڤی، ئەکتەرێک لەناو فیلمدا، یاخۆ کوڕێک و کچێک، وەک چۆن لە ژیاندا ڕاستەقینەیە لە هونەریشدا وایە.

به‌ قسه‌كانتدا وا دەر دەکەوێت هەموومان دەبێت شتێک فێر بین وەک مرۆڤ کە چی وات لێ دەکات وەک هونەرمەندێک دەستنیشانی بکەیت چ شتێك هانت دەدات؟ بۆ تۆ ئاسایی دەبێت ئه‌گەر بچینە سەر بابەتێک بە گەڕانێک بەو چەند بیروباوەڕە بنچینەیيەی کە جووڵە و شێوەی ژیانی تۆیان ڕه‌نگڕێژ کردووە؟

هاوڕێ تەماشاکە! ئایا ئەوەی دەتەوێت بپرسیت گەشتێکی تەواوەتیيە بەناو زەریاکەدا، یاخۆ گەڕانێکی خێرایە (بە کەشتی) بە دەوری بەندەرەکەدا؟ وەکوو تۆ، بیر دەکەمەوە، هەست دەکەم، پرسیار دەکەم، شتێک دەزانم، باوەڕم بە هەزاران شت هەیە و بۆ ملیۆنانێکی دیکە بەپەرۆشم. زیاتر دیاریکراو بە!

زۆر باشە، با بە پرسیارێکی سادە دەست پێ بکەین.- ئایا تۆ پیاوێکی ئايینیيت؟ باوەڕت بە خودا هەیە؟

باشە، ئەمە دەڵێم بۆ دەستپێک. پێم وابێت دەتوانم بیرکردنەوە ئايینیيەکانم لە چەند پەرەگرافێکدا کۆ بکەمەوە.

(یەکەم،) من باوەڕم بە تۆ هەیە، هەروەها بە خۆيشم، من وەکوو (ئەلبێرت شوایتزەر و بێرتراند و ئەلبێرت ئەنیشتاین) ڕێزم بۆ ژیان هەیە لە هەربارودۆخێکدا. باوەڕ بە سرووشت، بە باڵندەکان، زەریا، ئاسمان، بە هەرشتێک کە دەتوانم بیبینم، يان بەڵگەیەکی بوونى هەبێت. ئەگەر ئەو شتەی تۆ مەبەستته‌ (خودا)یە ئەوا باوەڕم پێیەتی، بەڵام باوەڕم بە خودای شەخسی نیيە، ئەوەی کە بۆ ئاسوودەيی بۆی دەگەڕێم، یان ئەو ڕۆتینەی چاوەڕێی خولی داهاتووی زارەکە دەکەم.

بێئاگا نیم لە ڕواڵەتی پێویستی مرۆڤ بۆ بیروباوەڕەکانی. من لەگەڵ هەرشتێکدام کە شەوانی لەگەڵدا بەسەر دەبەیت، جا ئەگەر نوێژ بێت، ئارامکەرەوەیەک، یان بوتڵێکی جاک دانیاڵ بێت. بەڵام ئايین بۆ من شتێکی بە تەواوەتی تایبەتیيە، ئەوەی کە کەسەکە و خودا پێکەوە بە تەنها دەبن، نەک ئەو چارەسەرکارە جادووگەرانەی ڕۆژهەڵات. جادووگەرەکان دەیانەوێت ئێمە قایل بکەن كه‌ بۆ یاريده‌دانمان پێویسته‌ داوا لە خودا بکەین؛ ئەوەی بۆ باس بکەین کە پێویستمانە، تەنانەت بەرتیلی پێ بدەین بە نوێژ یاخۆ بە پارەدان.

ڕاستیيه‌كه‌ى باوەڕم بەوەیە کە خودا دەزانێت هەریەک لە ئێمە چی دەوێت و پێویستی بە چیيە، پێویست ناکات ئێمە بۆ ئه‌وه‌ى پێی بگەین، ڕۆژانی شەممە سەردانی کەنیسە بکەین. دەتوانیت لە هەموو شوێنێکدا خودا بدۆزیتەوە. ئەگەر قسەکانم بێباوەڕانە دەر دەکەون، سەرچاوەکانم زۆر باشن (matthew, five to seven, the sermon on the mount)

هیچ وەڵامێکت لەناو دینە ڕێکخراوەکاندا بۆ خۆت دۆزیوەتەوە؟

هەندێک شت لەبارەی دینە ڕێکخراوەکانه‌وه‌ هەن کە من لێیان بێزارم؛ مەسیح  بە (پادشای ئاشتی) ناسراوە، بەڵام زیاد لە هەرکەسێکی دیکە لە مێژوودا زۆرترین خوێنى لەپێناودا ڕێژراوه‌. تۆ هەنگاوێکم بۆ پێشەوە پێشان دەدەی، بەڵام من هەزار هەنگاوت بۆ دواوە پێشان دەدەم.

ده‌شێت له‌ بيرت بێت كه‌ ئەوانەی گەنجینەی پەروەردەیان لە ئەلێکساندرا ڕووخاند، پیاوانی خودا بوون؛ ئەوانەی لە ئیسپانیادا یاسای لێپرسینەوەیان داهێنا؛ ئه‌وانه‌ى جادووگەرەکانیان لە (سەیلیم) ئاگر پێوه‌ نا، کێ بوون. زیاتر لە ٢٥٠٠٠ ئايینی ڕیکخراو لەم هەسارەیەدا بەر بڵاوە، بەڵام شوێنکەوتەی هەریەکێکیان پێی وایە ئەوەی دیکە ڕێونكه‌رێكى ترسناکە و بێ گومان لەگەڵیشیدا بە شەیتانيان دادەنێن.

لە هیندستان مانگای سپی دەپەرستن، مەیموون و خۆنقومکردن لە زەریای گانگەدا؛ موسوڵمانەکان کۆیلایەتیيان قبووڵە و خۆیان بۆ لای خودا ئامادە دەکەن کە بەڵێنی شەراب و حۆريی پێ داون و چارەسەرکارە جادووگەرەکان تەنها لە ئەفریقادا نین. ئەگەر لە بەیانیيەکی ڕۆژی یەکشەممەدا سەیری ڕۆژنامەکانی لۆس ئەنجلوس بکەیت، ئەوا دەبینی خەڵکی هەمەجۆر ڕيکلام بۆ کەلوپەلەکانیان دەکەن، هەروەک چۆن ڕیكلام بۆ قاتێک لەگەڵ دوو جووت پانتۆڵدا ده‌كه‌ن.

ئایا بیروباوەڕی ئايینی بە هەمان شێوەی کاریگەريیەکانی شارستانیەت خزمەتی نەکردووە؟

لە بیرتە بە چاوی خراپ-سەیرکردن و نەفرەتلێکردنه‌وه‌ له‌ لیتڵ ڕۆک (شارێکە لە ئەرکانساس) کۆ بوونەوە، بۆ لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدانی کچێکی ١٢ ساڵی بێتاوانی نیگرۆيی، بەوەی کە دەیویست بچێتە قوتابخانە؟ ئەوان نەبوون یان زۆربەیان لە ئايینیيەکانی کڵێسە نەبوون؟

حەزم له‌ مرۆڤی دووڕوو نييه‌. ئەوانەی خۆيان وا دەر دەخەن بەخشندەن، لە مەودا بچووکەکەی خۆیاندا بە تەواوەتی ڕەگەزپەرستن. بە کچەکەم ناڵێم دەبێت لەگەڵ کێدا هاوسەرگیری بکات، بەڵام دەستی دەشکێنم ئەگەر چاوی لەسەر کەسێکی ڕەگەزپەرست بێت.

وەک ئەوەی من دەیبینم، پیاو بەرهەمی دەوروبەرەکەیەتی. ئەو هێزە کۆمەڵایەتیيەی کە قاڵبی ڕەوشت و ڕەفتاری کردووە و لە نێویدا حوکومدانی پێشوەختەی بۆ ڕەگەزێک کە ئەمە زیاتر کاریگەریيەکانی بە هۆی شتە ماددیيەکانی وەک خواردن و پێویستیيە ئابووریيەکانەوەیە وەک لە هەڕەشە و ترس. ڕەگەزپەرستی بە هۆی بازرگانيی پووچی قەشە باڵاکانەوە پەیدا بووە، ئێستا بە هەڵە لێم تێمەگە! من لەگەڵ چاکەدام. قسەی کۆتايی.

من لەگەڵ هەرشتێک و هەموو شتێکدام کە ئاماژەی خۆشەویستی و ڕێزگرتن بێت بۆ هاوڕێکەم، بەڵام کاتێک پشتگیریيەکی زارەکی بۆ چەند خودایەکی نادیار بە ڕێگەپێدانی گەندەڵی لە ڕۆژی چوارشەممەدا و پاشان پاکبوونەوە لە تاوان لە ڕۆژی یەکشەممەدا ده‌بينم، من واز دەهێنم.

بەڵام ئایا ئەو قەشە ئایينیيانە کەمینە نین؟ ئەی زۆربەی ئەمەریکايیەکان یەکسان و هاوتا نین لە ڕەفتاریاندا لەگەڵ یاسای بیروباوەڕی ئايینیدا؟

من هیچ دژایەتیيەکم لەگەڵ مرۆڤی چاکەکاردا نیيە، بە هیچ شێوەیەک. بەڵام ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم چاکەکردن تەنها لە ڕێگەی ئايینەوە بە دەست بێت و ناتوانم لە پرسیارکردن بوەستم لەوەی چەند کەسایەتيی ناسراو بانگەشەی بیروباوەڕی خۆیانيان لەپێناو پاراستنی ڕێز و کەسایەتیياندا کردووە.

شارستانیەتی ئێمە وەک ئەوەی ئێستا، ئایين ڕواڵەتی پێ بەخشیوە و پیاوانی ئێمە ئه‌گەر بیانەوێت پۆستێکی حوکوومەت وەربگرن، لە هەرشوێنێک لەم جیهانە ئازادەدا، ئەوا دەبێت چۆک بۆ خودا دابدەن، یان مەترسيی ڕاستەوخۆی شەرمەزارکردنیان دێتە ڕێ.

ڕۆژنامەکانمان بە تەواوی ڕەنگدانەوەی سرووشتی ئايینی کۆمەڵگاکەمانن، بەڵام ئه‌گەر سەرنج بدەیت بە هەمان شێوە وتاری تێدایە دەربارەى ئەستێرەناسی و ناوبانگە ساختەکان. ئێمە لە ئەمه‌ریکا شانازی بە ئازاديی ڕۆژنامەگەرييه‌وه‌ دەکەین، بەڵام هەموو ڕۆژێک من و تۆش دەبینین کە ڕاست نیيە و شیواندنێکە، نەک تەنها لەم بوارەدا، بەڵکوو لە ڕاپۆرتوەرگرتن لە کەسێکی وەک منیشه‌وه‌.

بۆ نموونە، هەرچەندە گرنگیيەکی ئەوتۆی بۆ من نیيە، بەڵام لە ڕاپۆرتوەرگرتنی هەواڵە جیهانیيەکانیشدا هەیە. چۆن دەکرێت مرۆڤێکی ئازاد بەبێ بوونی حەقیقەت بڕیار بدات! ئەگەر ڕۆژنامەکان ڕاپۆرتی هەواڵەکان بەو شێوەيه‌ی کە ڕاپۆرت لەبارەی منه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن، ئاماده‌ بكه‌ن، ئەوا لە کێشەداین.

دەتەوێت بڵێی…

نەخێر، چاوەڕێ کە قسەکانم تەواو بکەم، ئایا بیرت لەو مەترسیيانەی کردووه‌تەوە کە بە هۆی ئه‌م جۆره‌ قسەکردنانه‌مه‌وه‌ تووشم دەبن؟ دەتوانیت وێنای دیالۆگی نامە پڕ توندوتیژی و جنێو و هەڕەشە و بێڕەوشتیيەکان بکەیت لەپاش ئەوەی ئەم لێدوانە بڵاو دەبێتەوە؟ خراپتر، بایکۆتی ڕیکۆردەکانم، فیلمەکانم و ڕەنگە گردبوونەوەی ناڕەزایەتيیش لە دژم بکەن، بۆچی؟ چونکە من وێرام بڵێم خۆشەویستی و چاکەکاری مەرج نیيە پەرۆشيى ئايینييان لەگەڵدا بێت.

ئەگەر پێت وایە زیاد لە پێویست لەسەر هێڵەکە لات داوە، ڕای گشتی تووڕە دەکات یاخۆ دەبیتە هۆی مەترسی ئابووری، دەتوانین ئەمە ببڕین و ڕیکۆردەکە بسڕینەوە و دووبارە لەسەر هێڵێکی جیاوازتر دەست پێ بکەینەوە؟

نەخێر، با بهێڵین بڕوات، چەند ساڵێک بەم شێوەیە بیرم دەکردەوە، خەفەتبار دەبووم بە وتنی ئەو قسانە، بەو شتانەی کە باسم کردوون، زیانم بە کێ گەیاندووه‌؟ چ لادانێکی ڕەوشتیم پێشنیار کردووە؟ نەخێر، نامەوێت لەبەر ترس ئەمە بکەم، خێرا بە هاوڕێکەم کات تێدەپەڕێت!

زۆر باشە با بچینە سەر بابەتێکی ئاڵۆزی دیکە، (چەکداماڵین.) هەستت لەبارەی ئەگەرەکان و زەرووریيەتی بەدەستهێنانييه‌وه‌ چۆنه‌‌؟

باشە ئەمە وەک پارچەیەک کێک و دایکێکە چۆن دەتوانیت لە دژی بیت؟ لە پاش هەمووی، سەرەڕای ئەو گریمانە جیهانی و هاودەنگیيەی کە هەردوو هێز (ڕووسیا و ئەمه‌ریکا) لە ئێستادا بڕێکی زۆر لە پێویست چەکی ناوەکیيان بۆ لەناوچوونی تەواوه‌تيی هەسارەکەمان عەمبار کردووە، هەریەک لە هێزەکان لە بنیاتنان و باشترکردن و فراوانکردنی کارخانە تۆقێنەرەکانیاندا بەردەوامن. بۆ یەکەمين جار لە مێژوودا، مرۆڤ تەکنیکێک بەرەو پیش دەبات کە دەبێتە هۆی سڕینەوەی هەموو مرۆڤایەتی بە یەک لێدانی دەستبەجێ. براکەم! کەس لێی دەر ناچێت، کەس ناتوانێت لەمەیاندا خۆی بشارێتەوە.

بەڵام پرسیارەکە هێندە گەورە نييە. چەکداماڵین سوودبەخشە و یان دەتوانرێت بە دەست بهێنرێت. ئەگەر ئێمە بتوانین بە دەستی بهێنین، ئه‌وا بارودۆخێکی باشمان دەبێت و ڕەنگە بارودۆخێکی زۆر خراپيش بێت.

ئایا دەتەوێت ئەوە بڵێیت کە چەکداماڵین زیان بە ئاشتی دەگەیەنێت؟

بەڵێ، بە هەستێکی تەواوەتیمەوە، سەیر کە من کەسێکی واقیعیم، یان دەیهێنمە پێشچاوم، تەنها وەک ئەوەی که‌ باوەڕم پێیەتى، ئایين هەموو کاتێك سەرکەوتوو نابێت، بۆیە پێم وایە چەکداماڵین بە تەواوی لە سەرووی توانی مرۆڤەوەیە، تاوەکوو لەگەڵیدا بژی. با خولەکێک ئەو کێشە ئاڵۆزە کە لە گۆڕینی جەنگی سارد بۆ ڕێکەوتنێکی ئابووریيانەدا تووشی دەبین، لە یاد بکەین. با باسی چەکداماڵین لە ڕووی بارودۆخى سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفيی کەسەکەوە بکەین، با بڵێێن ئەمه‌ریکا بە شێوەیەک دەتوانێت پڕۆگرامی چەکداماڵین لەناو هەموو نەتەوه‌کاندا بە دەست بهێنێت. خەیاڵی ئەوە بکە پاش چەند ساڵێک چەکداماڵینێکی تەواوی جیهان، بەڵام بە هەمان شێوە خەیاڵی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ بکە کە پیویستە، یەکسەر دەست دەکرێت بە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، ئەو ترسەی لایەکەی دیکە یاخود ‌‌هێزێکی دیکەی سێهەم بە نهێنی سوپا پێک بهێنێت، یانیش هێشتا هەندێک بۆمبیان بۆ سەرسامکردنی جیهان و سەرکەوتنیان بەسەر ئەوانەی دیکەدا هەڵگرتبێت.

بەڵام من بە تەواوەتی باوەڕم بەوەیە کە جەنگی ناوەکی شتێکی مەحاڵە. پێم وانیيە کەسێک هەبێت لەم جیهانەدا ئەو جەنگەی بوێت، تەنانەت ڕووسیاش. ئەوان، ئێمە و وڵاتانی دیکەش، وەک ئەوەی ستراتیجی چەکی ناوەکی دەگەڕێتەوە بۆ هێزی چەکی ناوەکی لە داهاتوو، ڕووبەڕووی ئەو گومانە حاشاهەڵنەگرە دەبینەوە بە تۆڵەکردنەوەیەکی کوشندەی هێرشی ناوەکی، بۆ چەند دەقەیەک ناتوانم باوەڕ بکەم کە لەناو هەموو نەتەوەیه‌کدا گەمژەیەک هەیە دوگمەی یەکەم ڕادەکێشێت نەک ئەوەی بە ڕێکكەوت دەستی بەری بکەوێت.

تۆ پیشبینيی هیچ ئەگەرێکی ڕوودانی جەنگی جیهانی، یاخۆ کاریگەريی چەکداماڵین ناکەیت؟

من ئابووریناس یان کەسێکی خاوەن پیشەسازی نیم. دەزانم بە تەواوی زانیاریم نیيە کاتێک هەوڵ دەدەم لە ئاڵۆزيی گواستنەوەی بەرهەمهێنانی وڵاتیك لە شەڕەوە بۆ ئاشتی تێبگەم، بەڵام ئه‌گەر بە ڕێگەیەک هەموو ئەوانەی لە بەرهەمهێنەرانی کەلوپەلی وێرانکاريدا بەشدارن، کۆک بن لەسەر مەبەستێک بە هەمان شێوەی مەبەستێکی قازانجویست، پێم وایە ئەم گواستنەوەیە لە ڕووی دەروونیيەوە زەحمەت بێت.

بەڵام ئه‌گەر ئەوە ڕووش بدات، باوەڕم وایە کە ئەو هەستی تیرۆریيەی بە هۆی هەڕەشەی وێرانبوونی جیهانه‌وه‌ لەناو دڵی زۆربەی خەڵکدا قووڵ بووه‌تەوە، لەناو دەچێت. ئەنجامەکان زیاتر ئەرێنی دەبن، کەمتر چاوبرسیيانەیە و کەمتر خۆویستانەیە و زیاتر نزیکبوونەوەیە لە حەزی  ژیانەوە. ناتوانم لە ئەزموونی تاکه‌كه‌سى و سەرنجلێدانمه‌وه‌ زیاتر ئەمەت بۆ باس بکەم، ڕق کێشەکان چارە ناکات، تەنها درووستیان دەکات.

بەڵام گوێ بگرە! پرسیاری زۆرت لێ کردم بۆیە بهێڵە منیش پرسیارێکت لێ بکەم، کە شەوی ڕابوردوو ئاڕاستەی (مایک ڕۆمانۆف)م کرد. خۆت دەزانیت کە مایک کەسێکە بیرکردنەوەکانی تەواو جيدیيانەیە، ئێوارەیەکمان پێکەوە بەسەر برد. یاریيەکی شەترەنجی نایاب لەگەڵ دەستبردن بۆ چەندان بابەتی گرنگ و باسی ئەو بابەتەی ئێستەشمان کرد.

پرسیارم لە مایک کرد چی ڕوو دەدات ئه‌گەر کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی هەموو وڵاتانی جیهان ساز بکرێت و لەنێویشیاندا چین لەناو (یو-ئێن)ـدا، گریمانەیەکی دوور لەوەی هەرسەرۆکێک یارمەتیدەرێکی خۆی دەهێنێت، کەنەدی ڕووسک دەهێنێت، خروشێڤ گرۆمیکۆ دەهێنێت، مۆو چۆو دەهێنێت و… ئەم هەموو پشیلانە لە ژوورێکدا پێکەوە دەبن، پاشان کەسێک بیناکە دەتەقێنێتەوە. چیدى سەرۆکەکان نامێنن، یارمەتیدەرەکان نامێنن. ئەو پرسیارەی ئاڕاستەی مایکم کرد، لە تۆشی دەکەم، جیهان چی بەسەر دێت؟

تۆ پێمان بڵێ!

بە مایکم گوت پێم وایە ئەمە تاکە چانسە جیهان هەیبێت بۆ ڕزگاربوون. بەڵام مایک سەری ڕاوەشاند و گوتی (فرانک! تۆ زۆر نەخۆشیت!) ڕەنگە واشبێت، هەتا ئەو کاتەی کەسێک ئاگرەکە خۆش دەکات. هەرچۆنێک بێت، پێم وایە بەردەوامی ئامادەکاریيەکانی جەنگی سارد ڕەنگە کاریگەریيەکەی زیاتر بێت لەو بیرۆکە نەزانەی چەکداماڵینی تەواوەتی کە لەگەڵیشیدا چەکی کیمیایی و بەکتریایش دەگرێتەوە. وەک خۆت دەزانیت دەکرێت هێندەی چەکی ناوەکی کوشندە بێت. یاریزانانی قومار قسەیەکیان هەیە دەڵێن (ئاساییە یاری بکەیت، ئەگەر چاوت لەسەر مێزەکە هەڵنەگریت.) کە ڕێگه‌یەکی دیکەی پارێزگاریکردنه‌ لە (بەرهەمی نەمری باجی ئازاد.)

هەست دەکەیت تاقیکردنەوەی چەکی ناوەکی پێویست به‌ بەردەوامى بكات؟

بە دڵنیاییەوە نەخێر. پێم وایە ڕادەوەستێت، چونکە دەبێت ڕابوەستێت. ناوهێنان و پەنجەڕاکێشانی کۆنفڕانسی ئاشتی تەنها چەند ديبلۆماسیيەتێکی بێمانایە. هەردوو لا پێویستە لەسەر ئەم هەسارەیە بژین و سەرۆکەکانی وڵاتان بەوە دەزانن کە منداڵ و نەوەکانیان بە هەمان شێوە دەبێت لێرە بژین. گومانم وایە کاتێک بڕی سترۆنیم ٩٠ لە بەرگەهەوادا زۆر ترسناک بێت، زانایان لە هەردوو کۆمەڵەکەدا سیاسیيەکان قایل دەکەن تاوەکو داوای وەستانی تاقیکردنەوەکە بکەن، ڕەنگە بە ورديیش بێت لە هەمان کاتدا، بەبێ هیچ پەلەلێکردنێک لە لایەنەکەی دیکە.

چەند دەقەیەک بەر لە ئێستا باست لە ترس و دڵەڕاوکێ کرد کە ڕەنگە هەرپلانێک بۆ مانەوە و کاریگەريی چەکداماڵین هەڵبوەشێنێتەوە. ئایا بەرده‌واميی ئامادەکاریيەکان بۆ چەکی ناوەکی بەبێ تاقیکردنەوە یان بە تاقیکردنەوه‌ی لە پاشینەدا، ئەو هەستانە بەرهەم ده‌هێنێت یان تەنانەت ده‌یگەیێنێتە ڕێژەیەکی ترسناکتر؟

ترس دوژمنی لۆجیکە. چیتر لاوازی و پەستان و بەرگری-لەخۆکردن و کاری قێزەون لەم جیهانەدا بۆ تاکێک و نەتەوەیەک بوونی نابێت ئه‌گەر بەرده‌وام بین لە ترسان لە ڕووسیا و ئه‌گەر ئەوانیش بەردەوام بن لە ترسانیان لە ئێمە. لەو کاتەدا هەردوولامان لەناو کێشەیەکی گەورەداین، هیچ لایەکمان توانای بڕیاردانێکی لۆجیکيانە و ڕاستمان نیيە.

پێم وایە هەرچۆنێک بێت ئەو ترس و نیگەرانیيەیان لە هاوسەنگيی ئایدۆلۆژیای هێز لە هەندێک ناوچەدا شتێکی بێمانایە، بەرژەوەنديی ئێمە لەگەڵ کووبای سۆڤیەت٩٠ میل لە کێی وێست ( دوورگەیەکە لە ئەمه‌ریکا) بۆ نموونە پێویستە هاوسەنگ بێت لەگەڵ بەرژەوەنديی ڕووسیا لە بنکەی تەقەمەنیيەکانمان کە چواردەوریان داون، ئاساییە ئه‌گەر ئێمە تەواو نیگەران بین، بەڵام پێویستە بتوانین دیوەکەی ئەوان لەسەر زارەکە ببینین و نەهێڵین ئەم بەرژەوەندیيە ببێتە ترس لەسه‌ر لایەکەی دیکە.

لە ئاستێکی پراکتیکیدا تۆ چۆن بەرەنگاری فراوانبوونی کۆمۆنیستەکان دەکەیت لەو ناوچانەی وەک کووبا، لۆواس و نەتەوە پێشکەوتووەکانی ئەفریقا؟

شتێکی نائاساییە بۆ من. بەوەی زۆر پێکەنیناوييه‌، لە لام ئاسانە، بوەستە لە نیگەرانبوون لەبارەی کۆمۆنیزمه‌وه‌، بوەستە لە نیگەرانبوون لەو بارودۆخەی دەیهێنێتە بوون، خستنەلاوەی فەلسەفەی مارکسیەت و جیاوازی ڕێژەيی، پێم وایە ئەم کۆمۆنیزمە خێراتر دەبێت کاتێک لە هەرکاتێک و لە هەرشوێنێکدا هانی درووستبوونی دەدرێت، نەک تەنها لە لایەن کۆمۆنیستەکان خۆیانەوە، بەڵکوو لە لایەن بارودۆخی لاوازيی ئابووری و کۆمەڵایەتييه‌وه‌ و ئێمە هەموو کات دەتوانین لەسەر کۆمۆنیزم لە قۆزتنەوەی باردودۆخەکەدا حسابی بکەین. هەژاری، بێ گومان گەورەترین سەرمایەی کۆمۆنیزمە. لە هەرجێگایەک بوونی هەیە، لە هەرشوێنێک لەم جیهانەدا توانای زیادبوونی کۆمۆنیزم ئەوە دەر دەخات کە ئەگەر کەسێک هەستە ماددیيەکانی لێ بشێوێت، خێزانەکەی برسی دەبن و ئازار دەچێژێت. بير دەکاته‌وه‌ و ئامادە دەبێت بۆ پشتگیریکردنی هەرجۆرە ئایدۆلۆژیایەک کە بەڵێنی رزگاربوونی لە قوڵاییەکە پێ دەدات.

ئایا ئەم ئامانجە له‌ دیزاینکردنی وڵاتەکەمان بۆ وڵاتێکی کۆمۆنیزم لەگەڵ باڵی ڕاستی ئەمه‌ریکایيەکاندا (ناسراون بە کۆنەپەرستانی ئەمه‌ریکا) هاوبەشی پێدەکەیت؟

باشە ئه‌گەر باسێک لەو هەژاری و لێدان و ئەتککردن و جیاکارییە لە بەرانبەر گەنجێکدا لە ناوچەیەکی هەژارنشین لەسەر ڕێگه‌ی باشوور بکەین، بە دڵنیاییەوە لە بازاڕدا کار دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی خۆی، بەڵام ناتوانیت باوەڕم پێ بهێنێ کە وەستایەک لە دیترۆیت کۆتاييی بە ٤٠ کاتژمێری هەفتەی کارکردنی دێنێت، دەچێتە ناو شۆڤرلێتەکەی، بەرەو ماڵە ٢٥،٠٠٠ دۆلارييەکەی لە نێوان دارەکاندا و خەریکە هەفتەکەی لەگەڵ خیزانەکەیدا بەسەر ببات. دەچێت هەموو ئەو پارەیەی بە دەستی هێناوە، لە یاریيەکی قوماردا سەرفی دەکات. لە ئەمه‌ریکا جگە لە گیرفان بچووکە هەژارەکان کە هێشتا هه‌ن، خروشێف چانسی زیاترە وه‌ک ئەوەی کە ١٠٠ جار لەسەر یەک لەسەر مێزی قومار بیباتەوە.

ناکۆکيی کۆمۆنیستەکان و فراوانبوونی بۆ ناوچە دواکەوتووەکان لێرە و لە دەرەوەش، ئێمە دەتوانین چی بکەین جگە لە پێشکەشکردنی کەرەستەیەکی زۆری هاوکاری و ڕێبەریيەک لەو جۆرەی کە لە دووهەم جەنگی جیهانیدا کاری پێ دەکەین.

نازانم. من ئابووریناس نیم. بەو شێوەیە خۆم دەرنا خەم، كه‌ پێشینەیەکی باشم لە زانستی سیاسیدا هەبێت. بەڵام ئەوەندەی دەيزانم، چوون بۆ پێشبڕکێیەکی ڕاڵی کە لە سەدا ١١٠ی سپۆنسەری لە لایەن ئەنتی کۆمۆنیستەکانەوەیە و لەسەرکردنی قوماشی سپی و لێخوڕین لەگەڵ کلانەکان، ئەوەی کە بە پیتی (ک) دەست پێ دەکات، ئەمە وەڵامەکە نيیە.

هەموو ئەوەی دەيزانم، نەتەوەیەک بە هەمان ستانداردی ژیان و بە هەمان سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، تی-ڤی-ئەی، یەکێتيی کشتوکاڵ، پلانی تەندرووستی، بیمەی دانەمەزارندنی وڵاتی ئێمە بێت، دەتوانێت بە خۆی بڵێت شێرپەنجەی برسێتی، بێ پێوانەی نیشتەجێبوون و بۆشاييی پەروەردە و چینی دووەمی دانیشتوان کە هێشتا لە هەندێک ناوچەی دواکەوتووی وڵاتەکەماندا هەیە. کاتێک ئەم پیسايیەی خۆمان پاک کردەوە ئەو کاتە دەتوانین بە ویژدانێکی پاکەوە ببینین دەتوانین یارمەتيی چ شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە بدەین!

برسێتی لێبوردنی نیيە لەو جیهانەی کە تۆوەکان لەناو عەمبارەکاندا دەگەنێن و کەرە بۆگەن دەبێت کاتێک بۆ خشتەی کەلوپەلە ئارەزوومەندەکان هەڵگیراوە.

ئایا پشتگیریکردنی ئەمه‌ریکایيەکان لە یو-ئێن یەکێکە لە ڕێگەکان کە بتوانین بارودۆخی ئابووريی جیهان ببووژێنینەوە؟

پێم وایە زۆرێک لە ئێمە یو-ئێن وەک یانەیەکى تایبەت دادەنێن. هی ئێمە بێت، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ڕازیبوونی بەڕێزان هەروەک یانە تایبەتەکانی دیکە، تەنها ئەوەیە جگە لە دوورخستنەوەی کەسێک یان نەتەوەیەک و نەژادێک یو-ئێن دەتوانێت تەواوی نەتەوەیەک دوور بخاتەوە. نامەوێت وا بیر بکەمەوە لەوەی دەتوانیت ٨٠٠،٠٠٠،٠٠٠ چینی ژێربەژێر لە کار لا ببه‌يت و زۆر بە ئاسانی وا نیشان بدەیت کە هه‌ر نەبوون، چونکە وان. ئەگەر یو-ئێن بە ڕاستی نوێنەر بێت کە وایە، دەبێت هەموو نەتەوەکانی دیکە قبووڵ بکات. ئەگەر نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی جیهان نەبێت، کە واتە چیيە؟ ئه‌گەر دیموکراسی نەبێت، به‌ دڵنیاییەوە حوکوومەتی جیهان نابێت.

پێدەچێت هەمووی لە بیری کردبێت کە سەرۆک کەنەدی، پێش ئەوەى ببێتە سەرۆک لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ستراتیجی ئاشتی)ـيه‌وه‌ بە ئاشکرا لایەنگری دانپێدانانی چینی کرد، دوور نیم لەوەی خۆم بخەمە مەترسیيەوە وا نيیە؟

لەگەڵ وڵاتی چیندا یاخۆ بەبێ ئەوان لە یو-ئێندا، هەست دەکەیت پێشبینیيەکانی چیيە لە ئەگەری ڕوودانی ئاشتەوايی لە نێوان ئەمه‌ریکا و ڕووسیادا؟

من گۆرانیبێژم نەک پێغەمبەر، یان سیاسەتمەدارێک. لە کەسێکی شارەزا بپرسە یان ڕاپۆرتەکانی برایانی ڕۆکیفیلەر بخوێنەوە، بەڵام تەنها وەک ئايینیيەک یان کەسێکی ئاسایی کە بیر دەکاتەوە و نیگەران دەبێت، قسە دەکەم. پێم وايه‌ کە ئەگەر ئێمە بتوانین لە جەنگ دوور بکەوینەوە، لە ١٠ ساڵی داهاتوودا چیتر جەنگێکی دیکەمان تووش نابێت. لەو شتانەی بەم دواییە خوێندوومنەتەوە و گوێم لێيان بووه‌، بە تەواوی دڵنیام لە دەیەی داهاتوودا ڕووسیا کرێدی کارت لادەبات، هەروەک ئێمە. ئیتر تەلەفزیۆنی ڕەنگاوڕەنگیان دەوێت. ژنەکان داوای چێشتخانەی کارەبايی دەکەن، منداڵەکان ئوتومۆبێلى کلاسیکیان دەوێت و تەنانەت کچەکانیش سمتیان گەورە دەکەن. وێنەی کەناراوەکانی ڕووسیام لە لایە و بە تەواوی لە ڕیڤەرا دەچێت. دەیانبینم بەرەو خوارەوە دەڕۆن و دەچنەوە سەر ڕێچکەی لەبەرکردنی جلی سەر دەریا، کاتێک بەشی فرۆشگای گەمی مۆسکۆ دەستی بە فرۆشتنی جلی سەردەریا کرد، ئێمە چانسی شەڕكردنمان بە دەست هێنا، چونکە ئەمە واتای ئەوەیە کچەکان چێژ وەردەگرن لە کچبوونیان و کوڕەکانیش لە بیرکردنەوە لەبارەی کۆمەڵگەوه‌ دەوەستن و دەست بە بیرکردنەوە لەبارەی ژیانی هاوسەرێتييه‌وه‌ دەکەن.

هەمیشە من تیۆریيەکم هەبووە کە هەرکاتێک كوڕان و کچان دەستیان بە چوونە ناو پێوەندی کرد ئەوا حەز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان لە دەست دەدەن، تەنها سەرینێکی ئارام و ڕادیۆیەک و پاڕچە ویلێکی ئاسنیان دەوێت و بیرکردنەوەکانیان دەگۆڕێت بۆ شتی باش لە ژیانیاندا، نەک بۆ جەنگ. ئارام دەبن، ژیان دەکەن و زیاتر بۆ ژیان ئامادەن، هەڵدەکەنن؟

ئێمە هەڵدەکەنین.

دەزانی حەز بە سەردانێكى ڕووسیا دەکەم و هەندێ کات چینیش، تا شتی زیاتر لەبارەیانەوە بزانم و ئەوانیش لەبارەی منەوە بزانن. ئەو کاتە چانسی زیاترمان لە ژیانكردن به‌ ئاشته‌وايى لەم جیهانەدا ده‌بێت. ئامانجم نیيە بۆ چالاکیيەک بچم بۆ ئەوێ بۆ فرۆشتنی شێوازی ژیانکردنی ئەمه‌ریکايیەکان. نامەوێت بچمە ناو ئەو جۆرە باسەی دەربارەی حوکوومەت، بەڵام حەز دەکەم برۆم بۆ پێشاندانی موزیکی ئەمه‌ریکايی، کۆون بەیس و ئێلا فیتزجێراڵد لەگەڵ خۆمدا دەبەم و کاری باش دەکەین. زریانێکی موزیکی ڕاستەقینەی جازی ئەمه‌ریکايی درووست دەکەین، هه‌تا منداڵەکانیان ببینن کە منداڵانی ئێمە لەناو چ جۆرە موزیکێکدان، چونکە دڵنیام هەموو منداڵانی دنیا وەک یەک وان. دەزانم کە  ئێمە هەڵدەکەنن، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی چەند ویستێکی باش. هاوڕێ! ویستێکی باشی بچووک شتێکە کە لە ئێستادا بتوانین بە کاری بهێنین. هەموو ئەوەی پێویستە ویستێکی باش و زەردەخەنەیەکە بۆ شکاندنی بەربەستی زمان.

کاتێک سەماکەرانی مۆیسیڤ لە لۆس ئەنجلوس بوون، ئيدی لەگەڵ لیزدا ئاهەنگێکیان پێشکەش کردن، هەرچەندە من نەمدەتوانی وشەیەکی ڕووسیيش بڵێم، بەڵام باش بووم. سڵاوێکم کرد، گوتم سڵاو ئازیزەکەم و ئەوانیش بە زمانی ڕووسی جوابیان دامەوە. ئاهەنگی سەماکردنمان هەبوو.

فرانک! تۆ باسی چەند ڕوئیایەکی نەرێنیيانەی سرووشتی مرۆڤایەتیت کرد لە ماوەی ئەم گفتوگۆیەدا. مرۆڤ ئەوەی لە لا دەچه‌سپێت کە سەرەڕای ڕەگەزپەرستی و دووڕوویی و گەمژەیی و زۆرداری و ترس کە تۆ باست کردن، هەست دەکەیت هێشتا شوێنێک بۆ هیوايه‌ هەیە بە چارەنووسی ئادەمیزاد، ئەوە ڕاستە؟

بە دڵنیاییەوە. من هەرگیز ڕەشبین نیم، هیچ کاتێک. مێژووی مرۆڤایەتی ئەوە دەسەلمێنێت كه‌ لە هەندێ حاڵدا مرۆڤەکان شوێنی حەوانەوەیان هەبووە. پێم وایە خەریکە دێین بۆ شەمشەمە کوێرە. پێم وایە دەتوانین پێی بگەین، ئەگەر بژین و بهێڵین خەڵکیش بژین و یەکدیمان خۆش بوێت. مەبەستم له‌ (بە ڕاستی خۆشویستن) ئه‌وه‌يه‌ كه‌ تۆ ئەگەر کەسێکيش لە بەشەکەی دیکەی جیهاندا ناناسیت، هەرچۆنیک بێت خۆشت بوێت، چونکە ئەویش وەک تۆیە، هەمان خەونی هەیە، وەک تۆ هەمان هیوا و ترس، یەک جیهانە برادەر! هەموو دراوسێی یەکدین، ئه‌وه‌ نەبوو یەکێک ماوەیەک لەمەوبەر چووە سەر چیایەک و هەمان شتی بە جیهان گوت؟

Leave a comment