[وێنەگرتن ژیانە، جی-ئێم-بی- ئاکاش]

وێنەگرتن ژیانە، جی-ئێم-بی- ئاکاش

 

لە ئینگلیزییەوە: یوسرا محه‌ممه‌د

 

بينين و دانيشتن لەگەڵ ئەو کەسانەدا كه‌ جیهان پشتگوێی خستوون، دڵخۆشیيەکی گەورەیە. سەرەڕای ئەوەی خۆشەویست نین، كه‌چى به ‌خواردنەوەی کووپێک چاى لەگەڵیاندا، دەردەکەوێت دەتوانن چ خۆشەویستییەک ببەخشن!

جی-ئێم-بی-ئاکاش لە ساڵى 1977دا لە دایک بووە. وێنەگرێکی بەناوبانگی ڕۆژنامەوانی جیهانییە. وێنەی بەڵگەنامەييی دەگرێت. لە بەنگلاديش دەژى. ئەکاش بڕوانامه‌ى ڕۆژنامەوانیی هه‌يه‌ و دەرچووی زانکۆى (ئەتێنیو دێ مانێلایەAteneo De Manelia  ).

جی-ئێم-بی-ئاکاش وەکوو وێنەگرێک زۆر بایەخ به‌ کێشە کۆمەڵایەتیيەکان و ژیانی خەڵکە هەژار و مافخوراوەکان دەدات. جی-ئێم-بی-ئاکاشکارەکەی خۆيی سنووردار نەکردووە. به‌ ‌خستنەڕووی ئازار و نادادپەروەرييه‌كان هەموو تواناى خۆى لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژیانی ئەو کەسانەی وێنەیان دەگرێت، ده‌خاته‌ گه‌ڕ.

لەنێو ئەو پڕۆژەیەدا کە ناوى لێ ناوە (ڕزگاربووەکان،) وێنەکانی جی-ئێم-بی-ئاکاشلە سەرتاسەری جیهاندا پێشان دراون و لە چەندان ڕۆژنامەى وەکوو: ناشناڵ جيۆگرافی، سەندەی تايمز، جی-ئی-ئۆ، ستێرن، دی-سبیجاڵ، گاردیەن و ڤۆگ بڵاوکراونەتەوە.

ديمانه‌ لەگەڵ جی-ئێم-بی-ئاکاشدا

یەکەم کامێرات و ئەزموونی وێنەگرتنت چی بوو؟

لە دەوروبەری خۆمدا و ئەو شوێنەی کە لێی گەورە بووم، هیچ کەسێک لەو بڕوایەدا نەبوو کوڕێکی بچووک کاتێک گەورە دەبێت، ژیانی خۆی بۆ وێنەگرتن تەرخان بکات. بە درێژاييی ساڵانى منداڵیم نه‌ پێوەندیم بە فۆتۆگرافەرەکانەوە هه‌بوو، نه‌ به‌ کارەکەيانه‌وه‌، تەنانەت بە کامێرایەکیشه‌وه‌. کاری وێنەگرتن نە بە گریمانە و نە بە کارکردن لە مێشکمدا نەبوو. لە ساڵى 1997دا ڕۆژێك بە ڕێکكەوت کامێرا کۆنەکەی باوکمم برد و دەستم بە وێنەگرتن کرد. لەو کاتەوە هیچ ڕۆژێکم بەبێ وێنەگرتن بەسەر نەبردووە.

بۆچی بوویت بە فۆتۆگرافەر؟

لە ئێستادا من وەکوو ڕۆژنامەوانێكێک له (پانۆس پیکچەرز) وێنە دەگرم، هەروەها کار له‌سه‌ر ڤیدیۆی بەڵگەنامەييش‌ دەکەم.

باشترین بەهرە لە بوونبەوێنەگردا ئەوەیە کە من دەتوانم ئەزموونی کەسە بێدەنگەکان نیشانبدەم و کەسایەتیيان کە مانا بە ژیانم دەبەخشن، بهێنمەوە پێشەوە. زۆر شت بێ وره‌يان کردم. برسيێتی، هەژاری، یان منداڵێکی کارکەر هەندێ جار كار له‌ هەستە کەسییەکانم کە بە دەگمەن دەتوانم بەسەریاندا زاڵ بم، ده‌كه‌ن و تێکم دەدەن. هەموو جارێك وا هەست دەکەم ئەوان ڕاوم دەکەن. هەستەکانیان لەنێو ناخمدا دەگرین. تەنها نموونەیەکی سادە.- ناتوانم خواردنی باش بخۆم، یان کاتی زۆر خۆش بە خواردنی باشه‌وه‌ و لە شوێنێکی ئاسوودەدا به‌سه‌ر ببه‌م. وا هەست دەکەم ئەوان تەماشام دەکەن. ئەمە نموونەیەکی زۆر کەسییە لە ژیانی ڕۆژانەمدا.

وێنەگرتن لای تۆ چ واتایەک دەگەیەنێت؟

بۆ خستنەڕووی ژیانمان، هۆشیاریمان، لە ڕێگەی گۆڕینی خەم و ئازەرەوە بۆ وێنە، بەردەوامم. سه‌باره‌ت به‌ من، وێنەگرتن زمانی منە بۆ نزیکبوونەوە، بۆ پێوەندیکردن، بۆ ناساندن و زیاتریش بۆ درووستکردنی دادپەروەری هه‌تا خەم و ئازارەکان ببیسترێن. من بە وێنەگرتن هەناسە دەدەم. بەبێ وێنەگرتن بوونم نیيە. تەنها بە هۆی وێنەگرتنەوە قسه‌ى دڵم دەنووسمه‌وه‌.

چ فۆتۆگرافەرێک زیاتر دڵخۆشت دەکات؟

ستیڤ ماکوری و جەیمس ناچوەی و… هی ديكه‌ش. زياتر ئەوانەی کە هەموو ڕۆژێک داوا لە جیهان دەکەن بە خەبەر بێتەوە. من کات بە تەماشاکردنی کاری وێنەگرەکانه‌وه‌ بەسەر دەبەم کە بە هەمان شێوە ئەوانيش منیان لە کارەکەی خۆمدا بەرز کردووه‌تەوە.

(ئەوەی بۆ کارەکەم گرنگە، ئه‌و وێنە کەسیيانەیە. من ڤیدۆی چیرۆکەکان لەسەر ئەرکى خۆم ئاماده‌ دەکەم کە بێ گومان دەبێت هەموویان پێکەوە و بە جوانی دابنرێن. بەڵام ئەوەی کە زیاتر گرنگە ئەوەیە هەروێنەیەک لەگەڵ شوێنەکەی و لەگەڵ هەستەکانيدا زیاتر ئاماژە بە خۆی دەکات.)

گامبا ئەکاش! حەزت لە چ وتەیەکی فۆتۆگرافیيە؟

وتەیەکی جوان هەیە کە بووەتە ڕێبەری من بۆ تەواوکردنی گەشتەکەم لەگەڵ کتێب و پڕۆژەکەم (ڕزگاربووەکان)ـدا. وتەکەش ئەمەیە: (من یەکێکم، بەڵام هێشتا من یەکێکم. من ناتوانم هەموو شتێک بکەم، بەڵام هێشتا دەتوانم شتێک بکەم. لەبەر ئەوەی ناتوانم هەموو شتێک بکەم، نايه‌م شتێک کە دەتوانم بیکەم، نه‌يكه‌م.)

چۆن وەسفی ستایلی وێنەگرتن و شێوازی کارکردنەکەت دەکەیت؟

کەسیيانە. من کەسێکی کامڵخوازم. ئه‌گەر نەتوانم وێنەی هەستی کەسيی وێنەگیراو بگرم، ئەوا وێنەگرتن بۆ من بێمانایە. بۆ من سەرەکیترین ڕووبەڕووبوونەوە ئەوەیە مانا قووڵەکەی وێنەکە لە دڵی بینەران جێگیر بکەیت. ئەمەش کاتێکی زۆر دەخایەنێت. چاوەڕێی کاتێکی باش دەکەم. دووبارە و دووبارە دەڕۆم بۆ شوێنەکان. سه‌عات لەدوای سه‌عات بەسەر دەبەم و چاوەڕێی کاتێکی گونجاو دەبم. لەناکاو و لە کاتێکدا کە چاوەڕێم ڕووداوێك ڕوو بدات، چەند وێنەیەک کە پێشتر پێشبینيم نەکردووه‌، دەگرم.

چ شتێک گرنگە تا ستایلی وێنەگرتنی پێ پێش بخەین و چۆن ئەوەت بە دەست هێناوە؟

بۆ کارە بەڵگەنامەیيەکانم لەسەر بابەتێکی تایبەتی یان کارێک، پڕۆژەکەم بۆ ماوەی دە ساڵ بە بێدەنگی دەهێڵمەوە. ئەمە زۆر ڕێکخراو (سیستماتیک)ـه‌. ئەمە بووە بە دە ساڵ؛ بۆ نموونە کە من کارم لەسەر پڕۆژەی ڕزگاربووەکان دەکرد، ده‌مزانى دەبێت بەو خاڵە بگه‌م کە بتوانم لە پێناو مسۆگەرکردنی باشتربوونی دۆخی ئەو گروپە لە خەڵک پرۆژەکەم بە کەسانێکی بڕواپێکراو نیشان بدەم. ئێستا دوای دە ساڵ وا لە کۆتايیدا بەشێکی پڕۆژەکەم تەواو دەکەم.

من لە حاڵەتی وێنەی سەرشەقامدا بە زۆری ساتێکی گونجاو هەڵدەبژێرم. ئەم حاڵەتە ده‌مخاته‌ شوێنێکی گونجاو و كاتێکی گونجاوه‌وه‌. یاسای من ئەوەیە بە کامێراکەمەوە لەوەی لە دەوروبەرمدا ڕوو دەدات نزیک ببمەوە. هەمیشە ئەوەی کە هەموو ڕۆژێک بەسەرمدا هاتووە، دووبارە بووه‌ته‌وه‌. ئەوەی لێره‌ده‌ گرنگە، سەرنجدانە لە دەوروبەر. دۆزینەوەی شتە ناڕوون و نادیارەکانه‌ و هه‌روه‌ها گەشەدانه‌ بە پەرۆشی بۆ بنیاتنانی زنجیرەیەک لە کار کە ئەمەش شتێکی نایابە، بێهاوتایە، گەورەیە‌.

وێنەگر پێویستی به‌ چ تایبەتمەندیيەکه‌؟

دڵێکی باش و ڕاستگۆيی بۆ من پێویستە. هەندێ جار پێویستە تۆ وەک بریکارێکی نهێنی ڕەفتار بکەیت، هەندێ جار بە تەنهایت و… بۆ بوون بە وێنەگرێکی باش، بەهرە تاکە شت نیيە کە تۆ پێویستتە، هاوكات دەبێت بە به‌دەسته‌وه‌گرتنى کامێراکەت توانت بۆ ڕووبەڕووبونەوه‌ی هەرشتێک کە بەسەرتدا دێت، هەبێت.

چ شتێك بۆ وێنەیەک پێویستە، بۆ ئەوەی لە چاوەکانی تۆدا ببێتە وێنەیەکی باش؟

ئەو وێنەیەی کە جوانی دەبەخشێت. ئەو وێنەیەی کە دڵ و بیر و هۆش ڕووناک دەکاتەوە.

بۆ پڕۆژە فۆتۆگرافیيەکانت ئیلهام له‌ چى وه‌رده‌گريت؟

ئەمە دەکرێت هەرشتێک بێت کە زۆربەمان لێی دەڕوانین. من مەیلێکی تایبەتیم بۆ وێنەگرتن هەیە. شتە تایبەتیيەکان ئیلهامێکن بۆ من، کە پێویستە بهێنرێنە نێو سەرنجی بینەرێکی زۆرەوە تا وایان لێ بکرێت دەست بە بیرکردنەوە بکەن. سەرنجڕاکێشترین شت كه‌ لەبارەی کاره‌كه‌مه‌وه‌ بۆم دەرکەوتووە، ئەوەیە کە ئەم کارە چاوەکانم بەرەو ڕووی هەموو ئەو خۆشیيە بچووکانەی ژیان دەکاتەوە. بينين و دانيشتن لەگەڵ ئەو کەسانەدا كه‌ جیهان پشتگوێی خستوون، دڵخۆشیيەکی گەورەیە. سەرەڕای ئەوەی خۆشەویست نین، كه‌چى به ‌خواردنەوەی کووپێک چاى لەگەڵیاندا، دەر دەکەوێت کە دەتوانن چ خۆشەویستییەک ببەخشن!

ئەمە کارێک نیيە له‌بارەی شوێنکەوتنی هونەر و چاوکردنەوەی خەڵکييه‌وه‌، بەڵکوو بەرپرسیاريێتيی هەموو وێنەگرێکە. کارەکەم لەنێو پێکەنینە سەرنجڕاکێشەکە یان لەنێو توانه‌ سەیرەکەدا بۆ زاڵبوون بەسەر قورساییەکان و کەسایەتییە گاڵتەجاڕەكاندا کاریگەر دەبێت. ئەو ژیانە بێڕەنگەی کە تێيدا دەژین، لەگەڵ هەموو ڕەنگەکانی ناوەوە و دەرەوەیاندا بەردەوام دڵخۆشمان دەکەن، تا ڕۆژێکی زیاتر وەک لە پێکەنینێکی کورت بژیين.

من هه‌وڵ ده‌ده‌م لەکاتی وێنەگرتندا كارێك بۆ گۆڕینی جیهان بكه‌م. هەوڵ دەدەم ڕێگه‌ی خۆشەویستی و ئاشتی بدۆزمەوە.

چۆن بۆ فێربوونی شتی نوێ بەردەوامی بە تازەگەری و گەشەی نوێ بە پڕۆژەکانت دەدەیت؟

من کەسێکم بە سەلیقەیەکی کۆنەوە. سەرەڕای گەڕان بەنێو ئینتەرنێتدا، پێم باشە زياتر ئەلبوومە وێنەییەکان بکڕم. بۆ هەرشوێنێک دەچم، دەتوانم له‌ نەوەی ئایپاد و ئایپۆد تێبگەم. هەرچەندە ئەمە شتێک نیيە من بتوانم پێوەی پێوه‌ست بم. لەوانه دەبوورم کە بە سەلیقە کۆنەکەم پێدەکەنن، بەڵام چەند شتێکی تر هه‌ن كه‌ ژیانم پڕ لە خۆشی ده‌كه‌ن. من حەزم لە کتێب و مۆسیقایە. بێ گومان گەشتیاره‌يلێكى زۆر پەناگەی خۆیانيان لەنێو زۆربەی ئەلبوومە وێنەییەکانمدا هەیە. من سەردانی ئەو سایتە فۆتۆگرافييانه‌ دەکەمەوە، کە حەزم لێيانه و گەشتکردن وام لێ ده‌كات له‌ نوێبوونەوە بەردەوام بم. گەشتکردن شانسی ئەوەم دەداتێ کە به‌ قووڵى‌ له‌ ژیان تێبگەم. ئەمە هەموو ئەو شتانەن کە یارمەتیم دەده‌ن خۆم نوێ بکەمەوە و لە فێربوون بەردەوام بم.

چ جۆرە کەرەستەیەکی وێنەگرتن و ئامێری وێنەگری بە کار ده‌هێنیت؟

Canon 5D Mark II

70_24mm, 24mm, 35mm Lenses.

 

ئامۆژگاریيت بۆ کەسێک کە بیەوێت ببێت بە وێنەگرێکی پیشەگەر چييه‌؟

بگونجێ، بگونجێ! بەردەوام بە لە خۆگونجاندن، هه‌تا تينوويێتیيەکەت دەبێتە هەمیشەیی. وێنەگرتن مانای بوونی ژیانە. هەوڵ بده‌ بە هه‌موو توانی خۆتەوە لەگەڵیدا بژييت! شوێنەوارەکانی خۆت درووست بکە! کاتێک لەنێو وێنەکەی خۆتدا دەتوانیت وەکوو وێنەگرێک خۆت بدۆزیتەوە، دواتر دەتوانیت تا کۆتاييی ژیانت له‌ ستایشێکی گه‌وره‌ بگەیت. ئەگەر تۆ بە درووستی له‌گه‌ڵ کارەکەتدا بمێنیتەوە، بێ گومان کارەکەيشت له‌گه‌ڵتدا به‌رده‌وام ده‌بێت.

Leave a comment