[ستایشی تەمەڵی]

حەمە قادر

لە سووچێکی ژوورەکەم شتێک هەبوو، ڕۆژانە تەپوتۆزی زیاتر دەنیشتە سەری و لەبەر تەمەڵی نەمدەتوانی بیسڕم و پاکی بەکەمەوە، بەیانییەک زوو هەستابووم و نەرمەتیشکێک کەوتبووە سەر ئەو ڕووتەختە سپییە چڵکنە، ناڵێم هەرگیز بەڵام لەو دەگمەن ساتانە بوو کە من هێزی ڕووناکی سروشتی ببینم. لەو ڕوناکییانە نا کە فۆتۆگرافەر یان سیانەماتۆگرافەرەکان پێی ئاشنان، بەڵکو وەک ئەوە بوو داوای بارستاییەک بکات کە بتوانێ فۆڕمێک وەربگرێت، هاوشێوەی پەیوەندیی جەستە و ڕووناکی لە تابلۆکانی ڕامبراندا هەن. مۆبایلەکەم دەرهێنا و وێنەیەکی بەتاڵم گرت، ڕووتەختێکی پیس و هیچی تر، فرەیمی مۆبایلەکەم چوارگۆشە کرد، بەمجۆرە بوو کە نزیک دووسێ هەفتە ئەم وێنانە منی سەرقاڵ کرد… دوور نەدەڕۆیشتم، سەیرێکی دەورەبەرم دەکرد و شتی سادەم دەخستە سەری و ڕووناکیش یارمەتیدەر بوو. هیچ ئاماژە و مانایەک بوونی نییە، بەڵکو تەنیا یارییەکی چێژبەخشە لەگەڵ ڕەنگ و کۆمپۆزشن و رووناکی بەیانیان کە هەمیشە داوای مادەیەک دەکات بۆ وەرگرتنی فۆڕمەکەی، زەوییش شتێکە وەک پرتەقاڵێک کە خۆر بێ بوونی ئەم فۆڕمە خڕ و بەرەڵایەی ناو فەزا، هەرگیز ناتوانێ ڕووناکێتی خۆی بسەلمێنی. هەر بۆیە گەڕامەوە بۆ ڕۆژی یەکەم و ناوی ئەم کۆلێکشنەم نا “ستایشی تەمەڵی”.

Leave a comment