[ڕووتی و ناڕووتی، ڕوانین لە مەفهومی جلداکەندن]

ڕووتی و ناڕووتی

ڕوانین لە مەفهومی جلداکەندن

هاجەر سەعیدی نەژاد

لە فارسییەوە: ڕاڤین کامەران

“من ئەو کاتە بیردەکەمەوە کە ژنێک جلەکەی دادەکەنێت”

لە کۆتاییدا نووسیومە کە ئەم ڕستەیە هی کێیە

 

Disrobing Jesus; Sir Stanley Spencer/ 1922

 

لە ئینجیلی مەرقۆس دەخوێنینەوە کە؛

“سەربازەکان عیسایان  بردە کۆشکەکە، کۆشکی فەرمانڕەوا و هەموو تیپەکەیان کۆکردەوە. کەوایەکی سووریان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا. دەستیان بە سڵاو لێکردنی کرد، دەیانگوت: “سڵاو پاشای جوولەکە!”. بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە سوورەکەیان لەبەردا داکەند و جلی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردییانە دەرەوە.”

ئەم گێڕانەوەیە ئەو ساتەیە کە جلە سوورەکەی مەسیح لەبەری دادەکەندرێ و دواتر سەربازەکان لەتوپەتی دەکەن[کەواکە]  و مەسیح لەخاچ دەدەن. ئەو خاڵەی لە ئایەتەکەدا بۆ من گرنگە، ئەو کاتەیە لە کتێبی پیرۆز ئاماژە بۆ جل لەبەرداکەندنی مەسیح دەکرێت؛ کەوا سوورەکەی لە جەستەی داکەندراوە و بە پەڕۆ سپییەکە ئەندامەکەی داپۆشراوە. ساتێک کە بریتیە لە ڕووتکردنەوە.[1]  بۆ نیگارکێشە مەسیحییەکان، کە لە بابەتەکانی کتێبی پیرۆز ئیلهامیان وەردەگرت، تا ساڵانێک سەروەختی لەخاچدانی مەسیح و ڕووتکردنەوەی پشتیان بە سەرچاوەی دیکە دەبەست وەک لە کتێبی پیرۆز[بە تایبەت دەربارەی  کاتی جل داکەندنەکەی]. بۆ یەکەم جار فرانچیسکۆ دی جۆرجیۆ مارتینی[2] بوو کە لەژێر ناونیشانی جل لەبەرداکەندنی مەسیح تابلۆیەکی کێشا. تابلۆی کاتێکی تایبەت: دەمی جلداکەندنی مەسیح؛ و هەڵبەتە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جەستەی مەسیح بە دوو جلی جیاوازەوە، کەوایەکی شاهانە و پەڕۆیەکی سپی.

 

Disrobing of the Christ; Francesco Di Giorgio Martini/ 1501

لە ساڵی ١٥١٢ بێرنهارد ستریگل تابلۆیەکی دیکەی سەبارەت بە ڕووتبوونەوە[ـی مەسیح] کێشا. ئەگەر تابلۆکەی دی جۆرجیۆ بە یەکەم کار بزانین، ئەوا تابلۆکەی ستریگل تایبەتمەندێتییەکی دیکەی هەبوو: سەرچاوەی ڕوانگەی ستریگل بەشێکی فراوانتری لە کتێبی پیرۆز هەبوو. پێکهاتەی تابلۆکەی ستریگل ئەوە پیشان دەدات کە ئەو هەم سەرچاوەی گێڕانەوەی مەسیح و هەم لە لایەنی نیشانەناسییەوە، لە تابلۆکەیدا شتێکی زیاتر پیشان دەدات وەک لە گێڕانەوەکەی کتێبی پیرۆز. مەسیح لە تابلۆکەی ستریگل ڕێک لە ناوەڕاستی وێنەکەدا چەماوەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە سەربازەکان لە دەستەڕاستی جلەشاهانەییەکەی لەبەردەکەنەوە و مریەمیش پەڕۆ سپییەکەی لە ئەندامەکەی دەئاڵێنێت. جەستەی مەسیح بەدەرەوەیە و بە جۆرێکی زیادەڕەوییانە پڕ لە برینە. چاوە غەمگینەکانی ناوەڕاست لە جەستەی پێچدەخۆن. بە پێچەوانەی تابلۆکەی دی جۆرجیۆ لەم تابلۆیەدا بۆشایی سەرەوەی مەسیح هێندە کەمە کە بابەتی سەرەکی، تایبەت ساتی جل لەبەرداکەندنی مەسیح بێت. وەک ئەوەی ئەمە بۆ ستریگل ساتێکی جەوهەریتر بێت لەچاو کتێبی پیرۆز.

 

Disrobing of the Christ; Bernhard Strigel (1512)

 

ڕاستییەکەی ئەوەیە سەرچاوەی ستریگل لەم تابلۆیەدا کتێبی پیرۆز نییە، بەڵکو کتێبی «تێڕامان لە ئازارەکانی عیسا مەسیح[3]»ـە، لە نووسینی فەیلەسووف و تیۆلۆجیستی مەسیحی سەنت بۆناڤینتورا. لەم کتێبەدا، کە شیکار و ڕاڤەی ژیانی عیسایە، بەشێکی تایبەت و گرنگی دەربارەی کاتی بەر لەخاچدانی مەسیحی لەخۆ گرتووە. بۆناڤێنتورا کە دەگاتە ساتی جل لەبەرداکەندنی مەسیح، دەنووسێت: “کەوا سوورەکەیان لەبەر داکەند و سەربازەکان کەواکەیان پارچەپارچە کرد و لەنێوان خۆیاندا دابەشیان کرد”.

سێیەم نیگارکێش و ڕەنگە گرنگترین نیگارکێشیش تا سەردەمی خۆی، تابلۆیەکە بەناوی ڕووتکردنەوەی مەسیح.، بەرهەمی ئێکل گریکۆ[4]. لەم تابلۆیەدا مەسیح پۆشتەیە و بەتەواوەتی لە کەوایەکی سوور داپۆشراوە. هیچ ڕووتییەکی جەستەی مەسیح دیار نییە. مەسیح ناوەڕاستی [تابلۆکەی] داگیرکردووە. بە سوودوەرگرتن لە فێڵێکی هونەری بیزانسی، ئێل گریکۆ بەش لەسەر بەش، دڵتەنگیی بە کۆمەڵی ئافراندووە؛ دڵتەنگیی حەوارینەکان و سەیرکردنێک کە بە تەواوەتی دەوری مەسیحیان داوە. بەڵام بەپیچەوانەی لۆژیکی واقیعییەوە «هیچ کام لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ناو تابلۆکە ئاگاداری مەسیح نین». هیچ چاوێک لەو ناڕوانێت. ئەوانەی لە پشتەسەرییەوەن پێکەوە دەمەقاڵێ دەکەن کە کێ کەواکە بۆخۆی بەرێت، مریەم لەژێر پێیدا ناگرییەت، تەنیا پاسەوانی دەستەڕاست یەخەی مەسیحی گرتووە و تەماشای دەکات.  پاسەوانی دەستە چەپیش دەستی لە گیرفانی ناوە و دەڕوانێتە تابلۆکە (کە ڕەنگە بە چاوچنۆکییەوە چاوەڕێی کەواکەی مەسیح بێت). بەڵام عیسا بە چاوە غەمگینەکانی دەڕوانێتە هەورەکانی سەری. لە تۆناڵیتیی ڕەنگە تۆخەکانی دەوروبەری مەسیح زیاد لە ڕادە ڕەنگی کەوا سوورەکەی دەرکەوتووە. ڕەنگی سوور جەغتکەر و واتادارە، نوێنەری ئاشووب و ئازارە. ئێل گریکۆ لەم تابلۆیەدا زیاتر لە کتێبی پیرۆز قەرزداری بۆناڤێنتوارایە. ئەو هەروەک بۆناڤێنتورا لە کاتی ڕووتکردنەوەی مەسیح شتێکی زیاتر دەبینێت وەک لە گێڕانەوە سادەکەی کتێبی پیرۆز. دەستەڕاستی پاسەوانەکە یەخەی مەسیحی گرتووە و مەسیحیش بە دەستەچەپ دەیەوێت ڕێگربێت لەبەردەم تاڵانیی کەواکەدا. پاسەوانەکە بە دەستەکەی دیکەی زنجیرەکەی مەسیح ڕادەکێشێت تا ڕیگری نەکات. دوو کەسی دیکە لە پشت سەریانەوە دەمەقڕەیانە لەسەر دابەشکردنی کەواکە، بۆنڤێنتورا نووسیویەتی لە کۆتاییدا سەربازەکان ئەو کەوا سوورەیان پارچەکرد و پارچەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد.

 

Disrobing of Jesus; El Greco (1577-79)

 

لەم وێنەیەدا مەسیح ڕووت نییە. دەی کەوایە بۆچی ناوی ئەم تابلۆیە ڕووتکردنەوەی مەسیحە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە دوای بینینی تابلۆکە منی کونچکاو کرد. لەسەرەتادا لەبارەی ڕووتی و پۆشتەیی لەسەر مەسیح خوێندمانەوە وام بیرکردەوە تابلۆکە دەربارەی ڕووتیی ئیلاهیاتی مەسیحی بێت، چونکە ڕووتی لە مەسیحییەت تەواو ئیلاهیاتییە. خوێندنەوەی ڕووتی لەم دیدەوە دەگاتە ئادەم و حەوا. بەپێی تەفسیرەکان ئادەم و حەوا تەنیا یەک جار ڕووتن. ئەو ساتەی بۆیان بەدیار دەکەوێت جلیان لەبەردا نییە. هەرچەندە بەر لەوە بەرگێکیان لەبەر نەبووە بەڵام درکیان بە ڕووتیی خۆیان نەکردووە؛ بەڵکو بە(Clothing of Grace) جلی ڕەحمەت داپۆشرابوون، کە فەزیلەتی شکۆ(Glory) بەسەر جەستەیانەوە لکا بوو. ئەو شتەی لە ئیلاهیاتی یەهودی بە جلوبەرگی ڕووناکی ناوی دەبردرێت. جلێکی پیرۆز کە لەدوای گوناحەوە لە جەستەیان دادەماڵدرێت. ئێستا بۆ یەکەمجار ناچارن ڕووتێتیان بە گەڵای هەنجیر دابپۆشن (ئەوان گەڵەکانی هەنجیریان پێکەوە بەستەوە و جەستەی خۆیانیان پێ داپۆشی)، لە کاتی دەرکردنیان لە بەهەشت، ئەوان جلوبەرگیان لەبەر بوو کە خوا لە پێستی حەیوانات بۆیانی دروست کردبوو.

بەڵام بە پشت بەستن بە ئیلاهیاتی مەسیحی، بۆ ئادەم و حەوا ڕووتی تەنیا لەو کاتەدا ڕوودەدا کە دوای گوناح بۆ یەکەمجار درک بە ڕووتێتیی خۆیان دەکەن و گەڵای هەنجیریان بۆ داپۆشیان گوناحەکەیان (پووکانەوەی بەرگی ڕەحمەت) لەبەرکرد. دەکرێت لێرەدا ئەنجامگیرییەکی دیکە بەدەست بهێنین: ڕەنگە بکرێت بڵێێن لە مەسیحییەت ئیلاهیاتی ڕووتی بوونی نییە بەڵکو تەنیا ئیلاهیاتی پۆشتەیی هەیە. دیسان پرسیارەکەی یەکەم بۆم سەری هەڵدایەوە. بۆچی ناوی ئەم تابلۆیە کە مسیح سەرتاپا داپۆشراوە، «ڕووتکردنەوە»ـی ناوە. بۆچی نەدەکرا [تابلۆکە ناوی] کەوای مەسیح بێت؟ لە تابلۆکانی دیکەی  disrobing مەسیح نیوە ڕووتە. بەڵام لەم تابلۆیەدا مەسیح بە تەواوی پۆشتەیە. با وردتر بڕوانینە تابلۆکە. تابلۆکە گێرانەوە یا چرکەساتێک؟ لەناکاو وەڵامەکە دەستدەکەوێت: لەئەنجامی وردبوونەوە لە تەماشاکردنی تابلۆکە ئەوە دەردەکەوێت کە بەڕاستی لەبارچاوە: ئەم تابلۆیە لە هەر تابلۆیەکی پێش خۆی کە ناوی ڕووتکردنەوە (و یان عیسا نیوە ڕووتەکان) دەربارەی Disrobingـە. ئەگەر تابلۆکانی تر مەسیحی ڕووت بگێڕنەوە، ئەم تابلۆیە بەتەواوەتی دەربارەی ساتی جل لەبەرداکەندنە. بڕواننە دەستی سەربازەکە لەسەر یەخەی مەسیح. هەمان ساتی دەستپێکی دڕان و پارچەپارچەبوونە[کەواکە]. ئەگەر نیگارکێشەکانی تر تەئکیدییان لە جل دەکاندنی مەسیح کردبێتەوە، ئەوا ئەم تابلۆیە نەک لەسەر جەستە[ـی مەسیحە]، کە ڕێک ساتێکە: ساتی ڕوودانی جل داکەندن. بە واتای تەواوی وشەی DISROBING.

 

Disrobing of Jesus; El Greco (1577-79 detail)

 

دووبارە بگەڕێینەوە بۆ تابلۆکە، ئەم جارە تابلۆکە بە دیمەنێکی (ئێکستریم کڵۆز-ئەپ)ـی سینەمای پۆستمۆدێرن دابنێین. وەک ئەو کاتەی کە جلی قوربانی پیشان دەدرێت. هەر لەبەر ئەمەیە تابلۆکە هیچ بەشێکی جەستەی مەسیح پیشان نادات.

دوای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کە بۆچی تابلۆکە ناوی جلداکەندنی مەسیحە، ئێستا با بچینە سەر پرسیاری دووەم: چی شتێک لەو ساتەدا هەیە کە بۆ ئێل گریکۆ لە جەستەی مەسیح گرنگترە؟ بۆچی ئێل گریکۆ ئەولەویەتی جلەکەی مەسیح دەخاتە پێش جەستەی مەسیح. دووبارە ڕەستەکەی قەدیس بۆناڤێنتورا دێتەوە ڕێگەمان: سەرئەنجام سەربازەکان کەوا سوورەکەیان دڕاند و پارچەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد. بەڵێ، بابەتی ئەم تابلۆیە داکەندنی جلە سوورەکە و لەتلەتکردنییەتی، نەک مەسیح. بەڵام ئەم ساتە Disrobeـیە بۆچی گرنگە؟ ئیریک پێترسن لە وتارەکەی «ئیلاهیاتی پۆشتەیی» دەنووسێت: ڕووتی پەیوەندی بە کرداری ڕووحییەوە هەیە کە کتێبی پیرۆز وەک «کردنەوەی چاوەکان» ناوی دەبات. ڕووتیی ئەو شتەیە کە دەبێتە سەرنجڕاکێشانی واقیع، لە کاتێکدا نەمانی جل ئەو شتەیە کە دەبێتە نەدۆزراوە و ئاشکرانەبوو (unobserved). ئەم «دۆزینەوەیە»ـی جەستەی مرۆڤێک، کە بە «جەستەی ڕووت»ـییەوە دەردەکەوێت، ئەم ڕووتییە بێڕەحمەی جەستە بە تەواوی نیشانە سێکسگەراییەکانی، بۆ چاوەیلێ کە ئێستا بە واستەی گوناح کراونەتەوە، دەدۆزرێتەوە، تەنیا کاتێک درکی پێدەکرێت کە وای دابنێین ئەوەی پێشتر بەر لە داکەندن «داپۆشراوە» ئێستا «دۆزراوەتەوە»، ئەوەی پێشتر داپۆشراو و پۆشتە بوو ئێستا دانەپۆشراو و بێ جلە. ئەم وتارەی پیترسن – کە ئاگامبێن لە وتارێکێکیدا لەسەر ڕووتی زۆربەی کات دەگەڕێتەوە بۆی – ئەگەرچی دروست دەربارەی ڕووتکردنەوەی مەسیح نییە و زیاتر لەسەر ئادەم و حەوایە و هەر وەک کە ناوەکەشی دیارە دەربارەی پۆشتەیی لە مەسیحەیتدا دەدوێت، بەڵام کلیلی ئاماژەیەک دەدات بە دەستەوە: ئەو ساتی داکەندنی جل وەک کەشفکردن و دۆزینەوەی حەقیقەت دەبینێت. هەر لێرەوەیە کە وێنەی لەسەر [گوتەکانی] قەدیس بۆناڤێنتورا دروستکراوی (پارچەپارچەکردنی کەوای سوور) دووبارە گرنگیی دەبێت. بۆناڤێنتورا لەبارەی حەقیقەتەوە دەنووسێت: «نەفسی پەرشوبڵاو نیمچە ئاگاییانە هەمیشە لە گەڕاندایە بەدوای خوادا – و لە بەشێکی تردا بەردەوام دەبێت – جلەکەی مەسیح پارچەپارچە دەبێت و لەنێوان سەربازەکاندا دابەش دەکرێت. وەک ئەوەی ئەو جلە حەقیقەت بێت کە پارچەپارچە بووە».

هەڵبەتە دەربارەی ساتی جل داکەندن و دۆزینەوەی حەقیقەت پێویست ناکات هێندە بەرەو ڕووی بڕۆین. ئەو ڕێک لەبەردەم ئێمەدایە. حەقیقەت هیمیشە واڵایە: وشەی «حەقیقەت» بە لاتینی «ئەلەتیا/ Alethia»ـە کە بە واتای ئاشکراکردن دێت. ئەلەتیا (بە زمانی یۆنانیی کۆن: ἀλήθεια) وشەیەکە کە لە فەلسەفە بە واتای حەقیقەت یاخود ئاشکراکردن و کەشفکردن دێت، لە یۆنانی کۆندا بەکار دەهات و بەڵام لە سەدەی بیستەم لە لایەن مارتن هایدگەرەوە، تازە و زیندوو کرایەوە. کرداری aletheuein لە هەمان وشەوە هاتووە کە بە واتای ڕاستگۆیی دێت[تەنانەت پەیوەندی حەقیقەت/ ڕاستگۆیی و داپۆشین لە زمانی کوردیشدا بەرچاوە دەکەوێت. چەندین دەربڕین لە کوردیدا هەیە کە دەمانگەڕێننەوە بۆ ڕیشەی هەردوو ماناکە؛ “پەردەپۆشکردن”، “قسەکانی بۆ دامەپۆشە”، “پەردەیەکی بەسەردا هێنا”، “پەردەدڕان”. هەموو ئەم دەربڕینانە لە زمانی کوردیدا واتایەکی نێگەتیف دەبەخشنە (داپۆشین و پەردە بەسەردا هێنان). وەرگێڕی کوردی]. هایدگەر ئەلەتیای بە هاتنە دەر لە پۆشتەیی (Verborgenheit) و دۆزینەوە/ ئاشکراکردن (entdecken) بە هەردوو واتای بەکار هێناوە. هەر وەک لە “بوون و کات”ـدا دەڵێت: alethiea هەمان واتای ڕووتیی هەیە و alethes بە واتای جل لەبەرکردن دێت. تێڕامان لە ڕیشەناسیی هادیگەر ئەوەمان پیشان دەدات کە حەقیقەت لە واتا بنچینەییەکەیدا لابردنی جل و داپۆشراوەکان بووە. لە ڕوانگەی هایدگەرەوە مێژووی میتافیزیک بەبێ تێگەیشتن لەم واتا بنچینەییەی حەقیقەت، ئەوا بە تەواوەتی Reductionalismـە. لێرەوەیە کە وەڵامێکی گرنگە دەدۆزرێتەوە: ساتی ڕووتبوونەوە هەمان ساتی دۆزینەوەی حەقیقەتە. لە هەمان شوێنیش ئەمر و دەستووری داپۆشین ئاشکرا دەبێت. مەسیحیەت دەربارەی ڕووتی و پۆشتەیی زۆری نووسیوە بەڵام ساتی تێپەڕین لە نێوان ئەو دووە چییە؟ ئەو ساتەی کە جلەکە دەڕواتە سەرەوە/ دادەکەندرێت/ جیا دەکرێتەوە؟ هەرچەندە مەسیحییەت کە بە دوانەی خێر و شەڕ، ڕووتی و پۆشتەیی، یاسا دادەڕێژێ، دەبوایە لە سنووری ئەو دوو ساتەدا بێدەنگ بێت: لەبەرامبەر ساتی ئەلەتیا. ساتێک کە نە ڕووتییە و نە پۆشتەیی. بەڵام ئەم ساتە وشەیەکی دیکەشی هەیە. ئەم ساتە جیایە لە سیستەمی دووانەیی. بێ بەهایە. لە نێوەنددایە. ساتی ئاوێزان. بگەڕێینەوە بۆ لای هایدگەر، لە “بوون و کات”ـدا کە دەنووسێت: «ئەوەی لەسەرەتادا دێتە بەرچاومان ڕۆشنکردنەوەی واتای ئەلەتیا نییە لە واتا باوەکەی و نە ڕۆشنکردنەوەی حەقیقەتە بە واتای دروستی correctness لە واتای سەرتایی خۆیدا، بەڵکو بە گومانی من تایبەتمەندێتیی ئەم دوانە پێکەوە بەستراون. ئێمە دەمانەوێت ئەوە بزانین کە چۆن ئەم دوو واتایە [ئەلەتیا و دروستیی] پێکەوە ئاوێزان بوون. گواستنەوەی واتای حەقیقەت لە “ئەلەتیا”ـوە بۆ واتای “ڕووتیی”، ڕووداوە».  هەر لێرەوەیە کە ئایدیای ئەلەتیای هایدگەر و ئەفڵاتوون لەنێوان حەقیقەت و ناحەقیقەت کە پێشتر وەکو دوو ڕووی یەک سکە بوون، هێڵێک دەکێشێت: «حەقیقەت و نا حەقیقەت (ڕووتی و ناڕووتی) زۆر بە سادەیی، دژی یەک نین». بەم تێبینییانەوە هایدگەر شیکاری خۆی دەکات لە نموونەی ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتوون و بۆ شیکردنەوەی ئەمە بەسەر چوار بەشدا دابەشی دەکات. [شیکردنەوەی ئەمە لە پەراوێزدا دێت].*

ئێستاکە لە تابلۆکە واتای disrobing ئاشکرابوو، ڕەنگە بکرێت ئەو واتایە لە تابلۆیەکی دیکەدا هەڵبهەنجێنین. کەواتە دکارێ دەمی ڕووتبوونەوە، جل داکەندن، بە دروستی ئەو ساتەیە کە حەقیقەت بە هەردوو واتای ڕاستیی و ئاشکرابوون دێت.  چاوخشاندنێک بۆ ئەو تابلۆیانەی دیکە، کە ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەم ساتە دەکەم. دوو ڕیوایەت و گێڕانەوەی ئەفسانەیی و ئاینیی بەناوبانگ دەربارەی جل داکەندن هەیە. ساتی چنگ هاویشتنی ژنی پۆتیڤار (بە ڕیوایەتی ئیسلامی واتا زولەیخا) لە یوسف کە پشتی لێیەتی و گێڕانەوەی ئەفسانەیی جل داکەندنی خواوەندی جەنگ (مارس/ [مەریخ]) بە فەرمانی ڤینۆس و گێڕانەوەیەکی هیندی بەناوی کاتی ڕووتکردنەوەی دراوپادی[5].

 

The Disrobing of Mars by Two Putti; Friedrich Heinrich Füger

 

لەنێوان تەواوی تابلۆکان سەبارەت بە «ڕووتکردنەوەی مارس»، کاری نیگارکێشی کلاسیکیی ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەهەم فوگەر[6]، لە هەموو ئەوانی دی ناسراوترە. بۆ من ناسکترین تابلۆ دەربارەی ئەم گێڕانەوەی ئەفسانەیە، تابلۆیەکی کارجلیۆیە[7]. لە پاڵ بەشەکانی تابلۆکە، شتێک کە خۆی لە شەرحی تابلۆکە نووسیویەتی سەرنجمان ڕادەکێشێت. گێڕانەوەی تابلۆکە بەم جۆرەیە کە ڤینۆس مێیەخواوەندی ئەڤین مارسی خواوەندی جەنگ ڕووت دەکاتەوە. دەستەڕاستی خۆی بەرزکردۆتەوە و فەرمان بە کۆپیدەکان دەکات مارس بگرن لە کاتی ڕووتکردنەوەکەدا. مارس بێ بەرگرییە و بەبێ هیچ بەرخوردێکی نێرینەیی خۆی، ڕووبەڕووی خواوەندی ئەشق وەستاوە. جاکۆیۆ کاراجلیۆ لە وەسفی تابلۆکەی خۆیدا باس لە سیفەتێکی بەرچاو دەکات:

Venus exposes and unmans Mars in my work, transforming Mavors armipotens (Mars, powerful in arms) into Mavors impotens

دوو وشەی ناوازەن: Unmans کە بە واتای بێئاگایی شتێک (لە ناوەڕۆکیشدا بە واتای لە پیاوەتیخستن) و ئەوی دیکە impotens کە لە دەقە وەرگێڕدراوەکە – لە ئیتاڵییەوە بۆ ئینگلیزی – بە واتای نەتوانین (خەسیو) دێت. بەڵام ئەگەر لە خودی ئیتاڵییەوە سەرنج بدەینە ئەم وشانە، ئیمپۆتێنزیا لە ناوەوەیدا واتایەکی دیکەشی هەیە: ئاڵوگۆڕ لە کردەوە بۆ هێز. گەڕانەوە بۆ هێز. لە کردنەوە بۆ بوون. لە پیاوەوە بۆ ژن. ئاگامبێن ئەمە بە گەوهەری ئازادیی مرۆڤ دەبینێت: بە دەستەوەستانییەکەی توانامەند بوو، یاخود بە دەربڕینێکی سادەتر ئیمکانی “نە” لە ناوەخنی بابەت هەلاوێرکردن. مەبەستی ئەو لە ئیمپۆتێنزیا نەتوانین نییە، بەڵکو بە دەقیقی واتا “نەتوانین بە نا”ـیە. وەرگێڕان/ دەربڕینی Impotenzia ئەو چرکەساتە قەشەنگەی بەدەست نایەت. لە مەحاڵبووندا هەموو زمان و واقیح لەگەڵ ئەلەتیای هایدگەر یەکسان دەبنەوە. ئەلەتیا لە ساتی جل داکەندن، لە ساتی لە دواوە کێشان بە پشتدا لەگەڵ نەفیکردندا دەژی و دەمرێت. Impotenza توانییە بە نا. لە خاڵێکدا کە «دەست پێدەکرێت». شتێک نا، بەڵکو دەستپێک دەست پێدەکرێت.

 

The Disrobing of Mars by Two Putti; Friedrich Heinrich Füger

بە ئایدای سەرەتای دەستپێک، بیرکردنەوە/ دووبارە دەست پێکردنەوە/ یادەوەری دەگەڕێمەوە کە هایدگەر لە وتارێکدا دەربارەی هٶلدەرلین ناوی «Andenken» لێ دەنێت. ئەم وشەیە کە لە زمانی ئەڵمانی بە واتای یادگاری دێت و لە واتا هادیگەرییەکەش بە تەواو ئەو شتە نییە کە لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا بێت، بەڵکو ئەو شتەیە کە بەیادی دەهێننەوە. دەکرێت لێرەدە ئەلەتیا بە هەمان مانا بخوێنینەوە. لتە λήθη بە واتای فەرامۆشی دێت و لەگەڵ پێشگری نەرێنی a ماناکەی دەبێت بە یادەوەری. هایدگەر ڕەگی واتای ئەلەتیا بۆ پێش-سووکراتییەکان و لە شیعرێکی پارماندیس دەبینێت:

Χρεὼ δέ σε πάντα πυθέσθαι
ἠμέν Ἀληθείης εὐκυκλέος ἀτρεμὲς ἦτορ
ἠδὲ βροτῶν δόξας, ταῖς οὐκ ἔνι πίστις ἀληθής.
Ἀλ΄ ἔμπης καὶ ταῦτα μαθήσεαι, ὡς τὰ δοκοῦντα
χρῆν δοκίμως εἶναι διὰ παντὸς πάντα περῶντα. (Diels 30)

[It is, however, necessary for you to experience everything, both the stable heart of well-enclosing unconcealment [aletheia],
as well as the manifesting that manifests itself to mortals, who are not accustomed to set great store by the unconcealed. Also this, however, you will learn to experience: how manifesting
(when it is necessary) remains called upon to make use of the mere apparent, while
it manifests itself through everything and (thus) in that way brings everything to
perfection.]

 

 

جل داکەندن

 

نا، هیچم فەرامۆش نەکردووە:

دەگەڕێمەوە بۆ ڕستەی دەستپێکی ئەم نووسینە. من ئەو کاتە بیردەکەمەوە کە ژنێک جلەکەی دادەکەنێت. ئەم ڕستەیەی ژۆرژ باتای کە لە سەرەتای نووسینەکەم دانا. پەیوەندیی ڕووتبوونەوە و حەقیقەت چی بوو. حەقیقەت و ئەندێشە چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە؟ نیچە لە کتێبی “لەودیوی چاکە و خراپەوە” دەنووسێت: حەقیقەت ژنە. دەبێت وای وێنا بکەیت کە حەقیقەت ژن بێت، بەم جۆرە تەواوی ئەو فەیلەسووفانەی تا ئێستا کاری فەلسەفە دەکەن و بە واتای کانت دۆگماتیک بوو، بە دروستی ژنانیان نەناسییوە. ئەم هەوڵە بە تۆبزییانەی فەیلەسووفان بۆ دەستگەیشتنیان بە حەقیقەت و وەسایل و فێڵ بۆ دڵنەرمکردنی ژنان بووە». بەم وەسفانە فەیلەسووفی حەقیقی بۆ نیچە هەمان فەلسەفە هەمان فەیلەسوفە کە هیچ کات نەبۆتە فەیلەسوود، هەمیشە لە ئاستانەی جل داکەندنی فەلسەفەدایە، نووسەری ڕاستەقینە ئەو نووسەرەیە کە هیچ کات نەینووسیوە و کتێبی ڕاستەقینە ئەو کتێبەیە کە نەنووسراوە. نووسینی پێچەوانە. لە ئومێدی پێچەوانە. لە کرداری بەردەوام و نێگەتیف. جەستەی درەواوەی ژنێک کە هەمیشە لە کاتی جل داکەندندایە. ئەو هێندە بیردەکاتەوە کە ژنێک جلەکەی لەبەر دادەکەنێت: فریوگەرایی لە سنووری وشە.

 

Disrobing; Nichy Zimov

 

*هایدگەر نموونەی]ئەشکەوتەکەی] ئەفڵاتوون بەسەر چوار، یاخود بڵێین ڕووداودا دابەش دەکات:

ڕووداوی یەکەم: ئەو کەسانەی کە لە ئەشکەوتەکەدان و سێبەرەکان دەبینن. هایدگەر دەربارەی هەڵهانی حەقیقەت لای ئەفڵاتوون دەڵێت: «ئەفڵاتوون خۆی دەڵێت کە ئەم شوێنە ئەشکەوتئاسایە لە ڕاستیدا هەمان ئەو شوێنانەن کە هەموو ڕۆژ لە دەورووبەری خۆمان دەڕوانین و پیشانمان دەدەن. ئاگری ناو ئەوشکەوتەکە هەمان خۆرە، بنمیچی ئەشکەوتەکە ئاسمانە و کەسانی ناو ئەشکەوتەکەش ئێمەین کە سەر بەم جیهانەین و تێیدا لانەمان کردووە. لە ڕوانگەی هایدگەرەوە لەم ڕووداوەدا نزمترین ڕووبەری ڕووتیی حەقیقەت دەبینرێت. مرۆڤەکان لەم قۆناغەدا لانیکەم لەگەڵ سێبەری شتەکان بەرخود دەکەن و ئەوانە بە حەقیقەت دەزانن. جیاکردنەوەی بنچینەیی لەنێوان ڕووتی و ناڕووتی، ڕووناکی و تاریکی هێشتا بە نیسبەت زیندانییەکانەوە شایەنی درکپێکردن نییە. لەم ڕووداوەدا کە لاوازترین قۆناغی حەقیقەت لەسەر بنەمای ئەلەتیایە هێشتا هیچ هەواڵێکمان لە خودی حەقیقەت بە واتای ڕاستیی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری نموونەی ئەشکەوتەکە با بچێنە سەر ڕووداوی دووەم.

ڕووداوی دووەم: لەم ڕووداوەدا زنجیری پێی یەکێک لە زیندانییەکان بە شێوەیەکی سوتفە و ڕێکەوت دەکرێتەوە و دەتوانێت بڕواتە دەرەوەی ئەشکەوتەکە و خۆی ڕووبەڕووی شتەکان ببێتەوە و بیانبینێت. لە ڕوانگەی هایدگەرەوە لەم قۆناغەدا ئێمە شاهێدی کرانەوەیەکی فراوانتری حەقیقەتین. لەم پێڤاژۆیەدا زیندان جیا لە شتەکان و سێبەرەکان بەدەست دێت. لێرە شاهیدی هەڵهاتینی حەقیقەتین بە واتای یەکسانی. کە لە ناوەوەی ماناکە، واتا لەگەڵ ڕووتی تێکەڵ بوون. پەیوەندیی یەکسان لەنێوان بوون و حەقیقەت. بەم جۆرە هەر شتێک بوونی هەبێت، لە ڕوانگەی ئەفڵاتوونەوە حەقیقیتر دەبێت. خاڵی دووەم ئەوەیە لەم ڕووداوەدا، لە ڕوانگەی هایدگەرەوە، ئازادیی تەنیا ڕەهابوون نییە لە کۆت و زنجیر، ئازادی لە مانا سەرەکییەکەیدا پەیوەندیی بە حەقیقەتەوە هەیە. « لە لایەکی دیکەوە چی شتێک بۆ یاخییەکان لە کاردانەوەیان لەگەڵ شتەکان پێویستە؟ ئازادبوون لە کۆت و زنجیرەکان؛ بەڵام ئەمە تەنیا دەستپێکی ئازادییە… ئەم ئازادە مەحکومە بە شکست و سەرئەنجام پێی ناگات. هۆکار: ئەو کەسەی بەم جۆرە ئازاد بووە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووتری». لەگەڵ ئەوەشدا نموونەی ئەشکەوتەکە لە ڕوانگەی هایدگەرەوە پەیوەندی لەنێوان ئازادیی بنچینەیی مرۆڤ و حەقیقەت بە واتا ڕووتییەکەی هەیە. لەم قۆناغەدا لەگەڵ ئەوەی جیاوازی نێوان سێبەر و خودی شتەکان دەردەکەوێت بەڵام زیندانییەکە توانای درک پێکردنی نییە. هەر بۆیە ڕووداوی دووەم هەم گوزارشتە لەوەی چۆن ئازادیی مرۆڤ لە دەستی ئێمە دەردەچی. بۆ ڕوونبوونەوەی بابەتەکە دەچینە سەر ڕووداوی سێیەم.

سێیەم: تەنیا لەم قۆناغەدایە کە ئازادی بە مانا ڕاستییەکەی ڕوودەدات. قۆناغی سیێەم بە وردەکارییەوە لە چاو قۆناغەکانی تر شی دەکرێتەوە. ڕووداوەکە لەلایەن ئەفڵاتوونەوە شیکراوەتەوە ئێستا بە ئامانجەکەی دەگات. ئازادیی ڕاستەقینە تەنیا بریتی نییە لە ڕزگاربوون لە زنجیرەکانی ئەشکەوتەکە بەڵکو بە هاتنەدەرەوە لە ئەشکەوت و ڕۆیشتن بە ئاڕاستەی ڕووناکی، واتا خۆر کە بە تەواوی لەگەڵ ڕووناکیی ئەشکەوتەکە جیاوازە. لە ڕاستیدا ڕووداوی سێیەم نموونەی ئەشکەوتە لە حەقیقەت بە سوبژێکتیڤ بوون نزیک دەبێتەوە و حەقیقەت دەبێت بە کردەی ئازادانە. ئەوەی هایدگەر لێرەدا دەیڵێت بە واتای ڕەتکردنەوەی پەیوەندیی ئازادی بنەڕەتیی مەۆڤ و حەقیقەت بە مانا ڤالاکردنییەکەی نییە. لە لایەکی دیکە هایدگەر بە جۆرێک لەم بارەیەوە لەگەڵ ئەفڵاتوون جیاوازە. بۆ ئەفڵاتوون پەیوەندیی نێوان ئازادی و گەڕانی حەقیقەت پەیوەندیی بە زیهنەوەیە. واتا ئێمە بە ئەقڵ (nous) خۆمان لەنێوان گەڕانی شتەکاندا دابەش دەکەین. ئەمە لە کاتێکدا لە ڕوانگەی هایدگەرەوە پەیوەندی ئێمە بە گەڕانی شتەکان یەکەمجار کردەیەکی بوونی و کردارەکییە. وشەی ئەلەتیا ئاماژەیە بۆ حەقیقەت و ناحەقیقەت،  لای هایدگەر ئەفڵاتوون ئەفڵاتوون بە بەستنەوەی نێوان nous و idea توانای درکردنی بە ئەلەتیا نەبوو. ڕووناکیی خۆر لە نموونەی ئەشکەوتە ڕووناکییەکی بەردەوامە لە هەرشتێک هەر شتێک لەژێر ڕووناکییەکەیدا دەردەکەوێت، خۆر کە سیمبولی حەقیقەتە بریتییە لە ڕووناکی و دەرکەوتن، لەکاتێکدا زاتی حەقیقەت پەیوەندیی شاردنەوە و داپۆشین هەیە: «پرسیارکردن یا باشتر بڵێم پرسیارنەکردن لە زاتی ناحەقیقەت هەمیشە لەژێر دەستی ئەمە بوو کە ناحەقیقەت بە ئاسانی قابیلی درک پێکردنی هەیە؛ تەنیا کەسێک ئەگەر بزانێت حەقیقەت چییە؟».

چوارەم: ئەم ڕووداوە بە نیسبەت ڕووداوەکانی پێشووترەوە کەمتر ئەهمیەتی هەیە سەبارەی بە زاتی حەقیقەت. ئەم ڕووداوە یاوەرەکە  لە ڕێگەی حەقیقەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەشکەوتەکە و تا ئەوانی دی درک بە حەقیقەت بکەن. مرۆڤەکە ئازاد بووە، مرۆڤی خاوەن ئیرادەی ئازادی ئەرکی بێدارکردنەوەی ئەوانی دیکەی لە ئەستۆدایە. لە ڕوانگەی هایدگەرەوە ئەفڵاتوون لەم ڕووداوەدا مەرگی سوکرات پیشان دەدات. “دەبێت فەیلەسووف دوورەپەرێز بێت، چونکە ئەمە بەشێکە لە سرووشتی خۆی”. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوی چوارەم زیاتر نوێنەری ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەیە لەلایەن فەیلەسووف و ئەگەری شکستهێنانی لە ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر زیندانیانی دی. لە ڕاستیدا فەیلەسووف لەم ڕووداوەدا وەک کەسێکی بەئاگا و توانای جیاکردنەوەی لەنێوان بوونە حەقیقی و ناحەقی، ئەرکی ئاگادارکردنەوەی ئەوانی دیی لە ئەستۆدایە.

 

سەرچاوە:

هاجر سعدی نژاد،  ناعریانی و ناپوشدگی، نهست، ٢٠٢٠.

 

 

[1] Disrobing

[2] Francesco Di Giorgio Martini

[3] the Meditations on the Passion of Jesus Christ by the scholastic theologian Saint Bonaventure.

[4] Doménikos Theotokópoulos most widely known as El Greco

[5] The disrobing of Draupadi

[6] Friedrich Heinrich Füger

[7] Giovanni Jacopo Caraglio

Leave a comment