[ئۆسۆلێ میۆ]

ئۆسۆلێ میۆ

لە ئینگلیزییەوە: ساوێن عەلی

ئۆسۆلێ میۆ یەكێكە لە بەناوبانگترین و ڕێزلێگیراوترین گۆرانی لە میوزیكی كلاسیكدا. لە لایەن (جیۆڤاننی كاپوررۆ) و (ئیدواردۆ دی كاپوا)وه‌ لە ساڵی ١٨٩٨دا نووسراوە. ئۆسۆلێ میۆ بوو بە یەکێک لە مەزنترین و نەمرترین ئەو گۆرانییانەی بۆ خۆشەویستی وتراون، هەروەها بوو بە گۆرانییەکی نیشتمانی بۆ ئیتاڵیا. بێ دوودڵی یەكێكە لە گۆرانییە دڵخوازەکانی منیش. هەرجارێك گوێم لێى دەبێت، بە زمانە ڕەسەنە ناپۆلیيەكەی بەبێ ئەوەی بتوانم خۆم ڕابگرم، سۆزدارانە دەست بە جووڵە دەكەم لە كاتێكدا مووەكانی پشتەملم بەرز دەبنەوە و لەو خودە ڕۆحییە وەسفنەكراوە نزیك دەبمەوە.

كۆنترین یادەوەریيەكانم لەسەر ئۆسۆلێ میۆ دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی ١٩٩٠، كاتی دەرچوونی كۆنسێرتی (The three tenors) بوو. هەتا ئێستاش ئەم پێرفۆرمانسە وەک پێناسەكردنێكی مێژووی میوزیك دادەنێم. بە دڵنیاییەوە پاڤارۆتی پێوەندییەکی قووڵی بەم گۆرانییەوە هەیە، ئەو شارەزاییەكی باشی لە ئاڵۆزییەکانی ئەم گۆرانییەدا هەیە، باشتر لە هەركەسێك كە پێشتر وتبووی یان ڕەنگە لە هەرکەسێک کە لە داهاتوودا بیەوێ بیڵێت.

هەوڵەکانی كارێراس و دۆمینگۆ بۆ بەدەستهێنانی شارەزایيی زیاتر و زاڵبوون بەسەر پاڤارۆتيدا لەو گۆرانییەدا هەوڵدانێکی بەنرخ و بەهایە. ئەوە ساتێكە كە بۆ هەمیشە تۆمار كرا. لووتبەرزيی لە میوزیكی كلاسیك و دڵنیاییدا نەهێشت كە پێویستییەکانی مرۆڤ لە پێشەنگ و سەنتەردایە. من دڵنیام كەسانێك هەن حه‌زيان له‌ میوزیكی كلاسیكه‌ و لە شكستی ئەم ڕێكارە بێزار دەبن. ئەمە ئەو ساتەیە دڵنیای كردمەوە كه‌ من بۆ هەمیشە خۆشەویستیم بۆ میوزیكی كلاسیكی و دەنگی تێنۆر[i] دەبێت.

پاش ئەو هەموو ساڵە ڕێژەیەکی زۆری تۆمارکردنی ئەم شاكارە لە لایەن چەندان کەسی جیاوازەوە کرا. هەندێک لەم کەسانە زۆر ناسران و هەندێکی تریان بە پێچەوانەوە لە بیریش چوونەوە. بە زمانی ئنیگلیزی و چەندان جۆری ئامێری میوزیکی، لێکدانەوە و تۆمارکردن بۆ ئەم گۆرانییە کراوە. دانی پێدا دەنێم بە شێوەیەكی تەواو چێژ لە بەكارهێنانی میلۆدیی (It’s now or never) وەردەگرم.

هەردوو لێكدانەوەكەی (دین مارتین) و (كۆننی فغاسیس) كارێكی نایابە، بەڵام من ئەو پارچەیەی ئارەزووی ده‌كه‌م لە میوزیكی كلاسیكدا بە تایبەتی ئەوانەی كە لەسەر شيعره‌كه‌ى بنیاد نراوە، وام لێ دەكات پێویستم بە تێگەیشتن لە زمانەکە نەبێت بۆ ئەوەی بە سۆزەوە لەگەڵ گۆرانیيەكەدا تێكەڵ بم.

خوێنەرەكانم ئەوەیان تێبینی كردووە كە هەرگیز بە لامەوە مانا و لێكدانەوەی حەرفی گرنگ نەبووە. هەندێك کەس پێویستیان بەوەیە كە لە هۆنراوەكە تێبگەن بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆرانیيەكەدا تێكەڵ بن. بۆ من تا دەنگەكە پێوەندییەکی نزیكتری لەگەڵ ئامێرەكەدا هەبێت، چێژێكی زیاتری لێ دەبینم. ڕاستگۆیانەتر بڵێم، ئێمە نابێ داوەری بكەین بەسەر ئەوەوه‌ كە چۆن كەسانی تر‌ یان خۆمان چێژ لە میوزیك دەبینین و تاكە شت كە گرنگە، ئەوەیە میوزیكەكە وامان لێ دەكات هەست بە چی بكەین.

لەكاتی پێداچوونەوەمدا بە هەموو تۆمارەكانی ئۆسۆلێ میۆدا، لیستێكم كۆ كردووه‌تەوە لەوانەی كە گوێبیستیان بووم، كە بە ڕای من له‌ ده‌ باشترین لێکدانەوەکانن کە تا ئێستا سەبارەت بەم گۆرانییە تۆمار کراوە.

Me First and the Gimme Gimmes – O Sole Mio

لەوانەیە كەسانێك بیانەوێت لەسەر ئەم پێشنیاره‌ی یەکەمم لە سێدارەم بده‌ن. نەخێر، بە دڵنییاییەوە ئەمە لێكدانەوە كلاسیكییەكەی ئێوە نییە، بەڵام ئەم كەڤەرە پووچە زۆر بە نایابی تەواو كراوە و هەركاتێك گوێی لێ دەگرم، زەردەخەنەیەک لەسەر ڕووخسارم درووست دەکات.

Al Bano Carrisi & Romina Power — O Sole Mio

دەبێت دان بەوەدا بنێم، ئەم پێشكەشكردنە بۆ من هەڵبژاردنێكی نامۆیە، هەروەك چۆن من پێوەندییەكی تەواوم لەگەڵ ستایلی پۆپدا نەبوو، كاتێك گوێم لە تۆمارە ڕەسەنەكە گرت، بەڵام ئەو ئاوازە مەیلی ئەوەی هەیە تێتدا گەورە بێت و منیش تا ڕاده‌یەك پێیەوە پێوەست بووم.

بە ڕاستی ئەگەر سەرنج نەخەینە سەر بنچینە كلاسیكی و ئۆپێرایيەکەی، هەردوو لێكدانەوەكه‌ی پێشتر زۆر لێکدانەوه‌یەکی گونجاون، هەرچۆنێک بێت ئەوەی بۆ من سەلماند کە هەندێک جار دەبێت زیاتر لەو بیروباوەڕە پێشینەيه‌ی لەباره‌ى ئەوەی کە هونەر چییە و دەبێت چۆن بێت هەمانبووە، بڕوانین! هەر لەبەر ئەمەشە کە نابێت هەمیشە داهێنان بۆ چەند ژانەرێکی تایبەت بچووک و تەسک بکەینەوە.

Lisa Ono – O Sole Moi (2002)

ئەمە نواندنێكی جوانە لەگەڵ پێشەكییەكی سەرنجڕاكێشدا. لیسا ئۆنا دەنگێكی نەرم و زۆر خۆشەویستی هەیە و خەیاڵ و بیركردنەوەكانم لەگەڵ شێوەی ئامێرەکانی گۆرانیيەكەدا دەڕۆن. زۆر جوانە، وا نییە؟

Il Volo – ‘O Sole Mio

ئەمە یەكەمینە لە لیستەكەمدا كە بە شێوەیەكی ڕەسەنی كلاسیكی پێشكەش بكرێت و ڤۆلۆی دووەمی پێرفۆرمانسی ئۆسۆلێ میۆ زۆر بە جوانی لەگەڵ شێوازە سەردەمیانەكەیدا گونجاوە كە لەگەڵ ڕەسەنیيەكەیدا هاوشێوەن و بە بۆچوونی من بەناوبانگترین نواندن و پێشكەشكردن و كارێكی تایبەتە و كاتێك گوێی لێ دەگریت، هەستێكی زۆر جیاوازت پێ دەبەخشێت.

Michael Marc

گیتاری کلاسیکیم زۆر خۆش دەوێ و مایكڵ مارك نواندنێكی پێشكەش كردووین كە دەتوانم چەندان جار دووبارەی بكەمەوە و بۆ هەتاهەتایە گوێی لێ بگرم. ئەو بە ڕاستی وا لە گيتارەكە دەكات كە زۆر بە سۆزەوە گۆرانییەكە بڵێ، تەنانەت پێویستی بە هۆنراوەكەش نەبێ. بە ڕاستی سەنجڕاكێشە.

Vincent Niclo O Sole Mio

لێكدانەوەكانی مارك ڤینسێنت مەردانە ڕووبەڕووت دەبنه‌وە. كاتێك گوێت لە ڤینسێنت دەبێت كە كۆنتڕۆلی دەنگی ئەكات سەرسامت ئەكات و لە كردنی هەركارێك دەوەستیت. میوزیكاڵێتی خواستی ئەوەی هەیە بكەوێتە سەر ڕێی خۆی و من خۆم وا هەست دەكەم شێوەی ئامێرەكان دەتوانرا بە یەك-دوو دێسیبێڵ كەمتر بكرێنەوە. بەو جۆرە ڕێگە بە دەنگی ڤینسێنت بدرێ كە هەمیشە دیار بێت و بوونی هەبێت. سەرەڕای ئەوەش ئەمە گفتوگۆیەكی لاوەكییە و لێكدانەوەیەكی تایبەت و جیاوازە.

Enrico Caruso – O Sole Mio

(ئێنگریگۆ كاروسۆ) هۆکاری بوونی ئێمەیە لێرە. یەکەمین بڵاوکراوەی سەرەکيی ئەو لە ١٩١٦دا بووە و هەروەک خودی گۆرانییەکە شتێکی نەمر بووە. ڕاستییەكەی كە ئێمە تۆمارێكی وا باشمان هەیە، دوای ئەو هەموو ماوەیە بە ڕاستی منی سەرسام كردووە و تەنها هیوای ئەوە دەخوازم كە ئێمە بمانتوانیایە لە سەردەمی ئێستادا گوێمان لە دەنگی كاروسۆ بوایە، كاتێك كەلوپەلی تۆماركردن بیتوانیایە هەموو پارچەكانی تۆمار بكردایە. دڵنیام ئەگەر ئەوە ڕووی بدایە لە پاڤارۆتيی دەبردەوە.

o sole mio by Andrea BOCELLI

(ئەندرێیا بۆچێللی) یەكێكە لە پەسەندترینی هەموو كاتێكم و كارێكی ناوازەی كردووە لەسەر ئەم لێكدانەوەیە كە بە ئاستی دووەم دێت لەدوای تۆماری گۆرانییە تاكییە دیارەكەی پاڤارۆتی.

Luciano Pavarotti – ‘O sole mio

هەتا تۆماری مۆدێرن بەردەوام بێت، ڤێرژنی ئۆسۆلێ میۆكەی پاڤارۆتی بەبێ گفتوگۆ بە هیچ جۆرە ڤێرژنێکی تر بەراورد ناكرێ. ئەوە ساتێكی پێناسەکراوە بۆ گۆرانییەكە و نایابترین تۆمارە تا ئێستا پاڤارۆتتی كردبێتی. بە ڕاستی بێكەموكووڕیيە.

The 3 Tenors O Sole Mio 1994

باشە، ڕەنگە ئەمە باشترین ڤێرژنی گۆرانییەكە نەبێ، وەك ئەو چەند قسە عەنتیكەیەی بە درێژایيی ئەم پێرفۆرمانسە بە شێوەی ڕاسته‌وخۆ لەبارەیەوە وتراوە، بەڵام ئه‌گەر گۆرانییەك و میوزیكێك بە گشتی هاندانێک بێت بۆ وەڵامدانەوەیەكی سۆزدارانە، كە واتە دووبارە وتنەوەی گۆرانییەکان لەسەر داوای بینەران لە كۆنسێرتی ساڵی ١٩٨٩ی three tendorsدا ئەو كورتكردنەوەیە پڕ دەكاتەوە، لەبەر ئەوە شایانی ئەوەیە لە لیستی یەكەمەكانمدا بێت و ناتوانم بەسەر ئەو زەردەخەنەیەمدا زاڵ بم كاتێك گوێم لەو كۆنسێرتە یان تۆمارەكە دەبێت.

زۆر باشە. خوێنەری ئازیز! ئەمانە له‌ ده‌ باشترین چاپەكانی ئۆسۆلێ میۆيە، ئەوانەی تۆ چین؟

[i] بەرزترین دەنگی پیاوان لە گۆرانیوتندا

Leave a comment