[ئایدیالیزمی ڕۆمانتیکیی تێرینس مالیك ]

لە گۆرانییەوە بۆ گۆرانی Song to Song

ئایدیالیزمی ڕۆمانتیکیی تێرینس مالیك

ڕیچارد بڕۆدی

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عوسمان

 

لە سێگۆشەی ڕۆمانتیکیی گۆڕاوی فیلمی (لە گۆرانییەوە بۆ گۆرانی) کە ڕۆنی مارا ڕۆڵی تێدا دەبینێت، تێرینس مالیک گرنگيی بە زۆر  ئەزموونی بینراوی پڕ کێشمەکێشم دەدات.

تێرینس مالیک ئایدیالیستێکی ڕۆمانتیکیيە، فیلمەکانی لە چوارچێوەی باشی و جوانی و ڕاستی و دادپەروەریدا دەخولێنەوە کە لە جیهانی کۆتاییدا ڕوناکیيەکانی لەسەر زەوی به‌ جێ دە‌هێڵێت و شوێنی ئاسایيی خۆی بە شێوەی خۆشەویستی لەناو مرۆڤایەتیدا، سەرەڕای ئه‌وه‌ى شێوازە بەشبەش و کورتەکانی دەدۆزێتەوە. ئەمە تێڕوانینی لەسرووشتبەدەری ئەوە بۆ جیهان کە وای کردووە بە ڕادەیەکی زۆر نەگونجاو بێت. وا دەکات ئەو ڕەخنەگرانەی کە تەنیا باوەڕیان بە لایەنە خراپەکانی تەلەفزیۆن هەیە، تێڕوانینەکانی ڕەت بکەنەوە.

مالیک لەم فیلمە نوێیه‌دا شتێکی تازە لەگەڵ تەکنیکە زانراوەکەیدا پێشان دەدات و خۆی لە ئەلفەوە بۆ یاى فیلمەکە دادەڕێژێت. شوێنی سەرەکيی تۆمارکردنی فیلمەکە لە شارەکەی خۆیدايه‌تى لە ئۆستن-تەکساس، هەروەها فیلمەکەی بە تەواوی لە چوارچێوەیەکی ڕووندا داڕشتووە کە چیرۆکێکی سادەی خۆشەویستەکانە لە گومان و ململانێدا، بەڵام لەم چیرۆکەیدا کە سێگۆشەیەکی ڕۆمانتیکیی گۆڕاو لە خۆ دەگرێت، گرنگی بە تۆڕێک لە پێوەنديی سۆزداری قەرەباڵغ و هاوبەش دەدات لەگەڵ زۆر ئەزموونی بینراوی پڕ کێشمەکێشدا. لەژێر فشاردا ڕێگەیەکی نوێ دەدۆزێتەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکە خێزانی و پێکەوەبەستراوەکان و ئازایەتیيەکی سەرنجڕاکێشی هونەرمەندانە و جۆرێک لە ئیمپرێشینیزمی[1] سینەمایی دەخاتە بەرچاو کە هێزێکی هەمیشەیيی ڕووناکی و وردەکاريی شتەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا دیاری دەکات.

بە لایەنی کەمەوە پێشکەشکردنی وێنەیەکی کێشراوی ڕووداوەکان کاتێک له‌بارەی فیلمێکه‌وه‌ دەنووسی، کارێکی باوە. لەم فیلمەدا ئەو قسە وتراو و دووبارانە خۆی لە خۆیدا دەبێتە نواندنی ڕەخنە و ‌پیاهەڵدانیش، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی مالیک بە بێ گرنگیدانێکی زۆر و بە شێوەیەکی سادە و ڕووکەشانە  کەسایەتیيەکان بۆ فیلمەکە دیاری دەکات، فیلمەکە پڵۆتێکی دەوڵەمەند و ئاڵۆز و تەواو وێناکراو لە بوارێکی نوێخوازیدا لە خۆ دەگرێت. گەر بەرەو وردەکاریيەکانی چیرۆکەکە بڕۆین، بەر لە هەرشتێک، بەڵگەی ئەوەی فیلمەکە چیرۆکێکی هەیە، ئەوەیە کە مالیک کۆیلەی ستایلە ناسراوەکەی خۆی نیيە، بەڵکوو لە جێی ئەوە، توانی  بەدەستهێنانی جیهانێکی سەرسامکەر بە شێوازێکی جیاوازتر پێشان ده‌دات.

ناوی کارەکتەرەکان لە فیلمەکەدا ئاماژەی پێ نادرێت، بێجگە لە پاڵەوانی فیلمەکە کە فەی (ڕۆنی مارا)یە و بەدوای کارێک لە بواری موزیکدا دەگەڕێت و لەگەڵ بەڕێوبەری کۆمپانیایەکی تۆمارکردن (مایکڵ فاسپیندەر)دا دەکەوێتە پێوەندیيەوە کە فەی وەک کارمەندی پێشوازی کاری بۆ دەکات. فەی لەگەڵ ئەودا بە ژیانێکی ئاسوودە ڕادێت، بەڵام لە بوارەکەیدا کە موزیکە زۆر کار ناکات. لە یەکێک لە ئاهەنگەکاندا بە موزیکژەنێکی گەنجی دیکەی شاری ئۆستن (ڕایان گۆسڵینگ) ئاشنا دەبێت کە بەڕێوبەری گرووپێکی موزیکە. کچەکە و موزیکژەنەکە و بەڕێوبەری کۆمپانیای تۆمارکردنەکە دەبنە شتێک هاوشێوەی (ژولی و جیم-Jules and Jim)ـی سێیينە، بە فڕۆكه‌يه‌كى تایبەتی پیاوێکی دەوڵەمەند دەچن بۆ مەکسیکۆ و لەوێ لە کەنار دەریادا بۆ خۆیان کات بەسەر دەبەن، بەڵام لەم گەشتەیاندا بۆ مەکسیکۆ، لە میانەی گەڕانێکدا بۆ پەرستگه‌یەکی چۆڵکراوی کۆن، فەی ئیتر هەست بەوە دەکات کەوتووه‌تە داوی خۆشەویستيی ئەو کوڕە گەنجەوە و ئەوەش ئاشکرایە ئەمە دەبێتە شتێکی ئازاردەر بۆ بەڕێوبەرەکە. هەر ماوەیەکی کەم دوای گەڕانەوەیان بۆ ئۆستن، بەڕێوبەرەکەش بێشەرمانە چاو دەبڕێتە کارمەندی چێشتخانەیەک (ناتالی پۆرتمان) کە پێشتر مامۆستای باخچەی منداڵان بووە و لە بەختی خۆی دواتر پێکەوە هاوسەرگیری دەکەن.

لەسەر بنەمای ئەم سێگۆشە کلاسیکیيە گۆڕاوە کە دانراوە، مالیک دەست بە درووستکردنی گۆشەیەکی فراوان و سۆزدارانەی چەند پێوەندیيەکی نوێ و ماوەدرێژ دەکات. ڕێککەوتنەکەی نێوان بەڕێوبەرەکە و موزیکژەنەکە تێک دەچێت، بەڵام فەی و بەڕێوبەرەکە لێک جیا نابنەوە و هێشتا پێوەنديى سێکسی لە نێوانیاندا دەمێنێت. بەڕێوبەرەکە ڕێکكەوتنێک پێشکەشی فەی دەکات. فەی له‌ موزیکژەنەکە جیا دەبێته‌وه‌. موزیکژەنەکە (ڕایان) خۆشەویستە کۆنەکەی (لیکی لی) دەبینێتەوە کە ماوەیەک پێکەوە دەبن و دواتریش لەگەڵ کەسایەتیيەکی ناسراو (کەیت بلانشێت)ـدا دەکەوێته‌‌ پێوەندیيەوە، کە لە ئاهەنگێکی گەورەی دیکەدا چاوی پێی دەکەوێت. فەییش لەگەڵ هونەرمەندێکی پاریسی (بێرینیس مارلۆ)دا کە بە ڕێکكەوت دەیبینێت، پێوەندی درووست ده‌كات. بەڕێوبەرەکە سەرەڕای ئەوەی هاوسەرگیری دەکات، بەڵام لەگەڵ لەشفرۆشەکاندا دەبێت و کاتیان لەگەڵدا بەسەر دەبات. (کە جایلین جۆنز ڕۆڵی یەکێکیان دەبینێت و لێزانانە باسی کارەکەی دەکات.) بەم شێوەیەش هاوسەرەکەی بەرەو نائومێدبوون دەبات و لەناو ئەو شڵەژان و لادانە سێکسی و پیشەییەدا فەی و موزیکژەنە گەنجەکە دووبارە دەگەڕێنەوە لای یەکتر، لە کاتێکدا تێوەگلانە ڕۆمانسیيەکان هێواش و لاواز دەبن، خێزانی خۆشەویستەکان دێنە ناو باسەکەوە. یەکێک لە بەهێزترین دیمەنەکان ئەوەی دایکی کارمەندی چێشتخانەکەیە کە هۆڵی هەنتەر ڕۆڵەکەی دەبینێت. قسەکانی وەک زرنگانەوەی لێدانی چەکوشێک وایە کە دەڵێت: (تۆ پێویستت بە پارەیە بۆ هەبوونی پارێزەرێک. قانوون هیچ یارمەتیيەکی ئەوانە نادات کە تێک شکاون.) هەروەها لیندا ئێمۆند ڕۆڵێکی سەرەکی و لەبیرنەکراو وەک دایکی موزیکژەنە لاوەکە دەبینێت و باوکی فەی کە برادی کۆڵمانە، بە شارەزاییەکی زۆر و بە چەند سەرنج و دیالۆگێکی کەم بەشداری دەکات.

دنیای موزیک ئاوێتەی چیرۆکەکە دەبێت. لە ڕێی ئەو چیرۆکە سادە و بێ گرێوگۆڵانەی پشت ستەیجه‌وه‌ کە ئێگی پۆپ پێشکەشیان دەکات، لەسەروو هەمووشیانەوە دووبارە ئامادەبوونی سەربەرزانەی پاتی سمیث وەک خۆی، کە ڕۆڵی ڕێنیشاندەری فەی و ویژدانی بەهێزی فەلسەفەی ڕۆمانسيی فیلمەکە (لە گۆرانییەوە بۆ گۆرانی) دەبینێت، پڕاوپڕە لە موزیک. موزیکەکان بە ساوندتراک، یاخۆ لە لایەن موزیکژەن و ئەکتەرەکانەوە لەناو فیلمەکەدا پێشکەش دەکرێن، هەروەها ئەو بەرزبونەوە و جووڵە لەخۆوانەی کاتی سەماکردنەکان و جووڵەی  ئاهەنگ و سەر ستەیج و قەرەباڵغی و کاتی تەنیایيی هەوەسبازی و خۆشی-دەربڕینەکان، هەستێکی موزیکی بە فیلمەکە دەبەخشن، موزیکێک کە لە ناخدا درووست دەبێت و لە ڕەفتارەکاندا ڕەنگ دەداتەوە.

مالیک لە ڕێی کۆمەڵێک وێنەی جوان و سەرنجڕاکێشەوە ئەم فیلمە ناوازەیە دەهێنێتە ناو ژیانه‌وه‌. ئیمانوێل لوبزکی، وێنەگری فیلمە سینەمایيەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش نقومبوون و گاڕە و گەڤەی سەماکردنەکان وێنە دەگرێت، بە شێوەیەک بە خۆشەویستی و ئارەزووەوە ڕووناکی کۆ دەکاتەوە و وێنەیان دەگرێت کە هەرئەکتەرێکی فیلمەکە وا دەر دەکەوێت بدرەوشێتەوە. وا دیارە درووستکەری فیلمەکە ئازادیيەکی لە ڕادەبەدەری بە ئەکتەرەکان داوە بە خاتری باشنواندنیان لە بەردەم کامێرادا، بۆیە وێنەکان هەرگیز درووستکراو و ناچاری دەر ناکەون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەکتەرەکان خۆیان ئازادیيان بە خۆیان بەخشیوە (ڕەفتارە خۆنەویستانە سەیرەکانی گۆسڵینگیش چەند دیمەنێکی دیکەی کۆمیديی بە فیلمەکە دەبەخشێت.) لە کاتێکدا کامێراکە سەرنجی زۆر دەخاتە سەر ژێست و سەیرکردن و پێکهاتە و ڕووخسارەکان، لە ڕێگەی هەندێک گرتەی ناخهەژێنی کڵۆزئەپەوە ڕابوردوو دەکاتە تایبەتمەندیيەکی دیاری کارەکتەرەکه‌.

ئەم فیلمە زۆر لایەن و تێڕوانینی سەرسووڕێنەر دەخاتە بەرچاو. بەشێکی کاریگەرترین تێڕوانینەکان هی کاتی ‌هەڕەتی لاويی دزیگا ڤیێرتۆڤە. مالیک کارەکتەرەکانی دەهێنێتە چەند شوێنێکی تەواو جیاواز (لەگەڵ گرنگیپێدانێکی تایبەتی بە ئۆستن و شوێنەکانی دەوروبەری.) هەروەها بوارێکی فراوان لە ئەزموونکردنی ئەندازیاری بیناسازی و دیکۆردا درووست دەکات. (فیلمەکە زۆر قەرزاری جاک فیسکە، کە دیزاینەری بەرهەمێنانە و یەکێکە لە هاوکارە سەرەکیيەکانی مالیک کە لە یەکەم فیلمیيەوە لەگەڵیدا بووە. فیلمی Badlands- ١٩٧٣). ئەم وێنانە لە پانتاییەکی فراوانی دەروونیدا تێکەڵ دەبن و پێکدا دەچن کە مۆنتاژی فیلمەکە دیاریيان هاوشێوەی مۆزایک دەکات. (هیچ فیلمێکی ئەم دواییانە نابینیت کە نەخشە مۆنتاژێکی ئاوا ئاڵۆز و ڕاستەقینەی هەبێت.) هەندێ جار دیالۆگی کارەکتەرەکان لە ڕێی ئاخاوتن و هەندێ جاری تریش لە ڕێی خوێندنەوەی ڤۆیس-ئۆڤەرەوە دەر دەبڕرێن. هەردووکیان پێکەوە فیلمەکە دەگێڕنەوە و ڕێڕەوی فیلمەکە بەرەوپێش دەبەن لەگەڵ ڕێگەدان بە وێنەکان کە لە ئازادییەکی هاوبەشدا بن، وا دەکات هەموو فیلمەکانی تر بە نزیکه‌يی وەک یەک بن، بە بەراورد بە وەڕزکەرترین شانۆ پێشکەشکراوەکان.

لە فیلمەکەی پێشوویدا (سوارچاکی کوپەکان-Knight of Cups) مالیک هونەر پێشکەش دەکات و هونەرەکەی بابەتی فیلمەکەیە. لەم فیلمەدا (لە گۆرانییەوە بۆ گۆرانی،) سەرنج دەخاتە سەر هەوڵی هونەرمەندە گەنجەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگه‌ی کارکردنیان و باشترین دەرفەتی داهێنانیان، لە کاتێکدا ئەوان هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئەو جیهانەش دەدەن کە خەونی پێوە دەبینن و تێیدا پێوەندیی ڕۆحی درووست دەکەن. مالیک لە ناجێگیرترین و چالاکترین بارودۆخەکاندا دەست بە ژیانەوە دەگرێت. بێئارامییە زۆرەکان و دڵگەرميی گەنجەکان خۆی لە خۆیدا کرۆکی ڕۆمانسیزمە. بێ گەڕانەوە بۆ خۆشی و خولیاکانی ڕابوردوو ئەم فیلمسازە حەفتاوسێ ساڵە بەدوای ئیلهامە تایبەتی و لێدانەکانی دڵی دەکەوێت و سینەمایەک لە ئەزموونەکانی ژیانی خۆی لەگەڵ کۆمەڵەیەکی بەهرەمەنددا درووست دەکات. بەو شێوەیە هەست دەکات زۆر لە کەسە گەورەکانی فێستیڤاڵی سەن دانس گەنجترە.

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:

https://www.newyorker.com/culture/richard-brody/song-to-song-terrence-malicks-romantic-idealism?fbclid=IwAR0sdQZQNGlVoKWKlPv6WjG2u4V0PeMTOLzwycDsMdJhmjhufUdMV02wHOs

 

[1] . (*ئیمپرێشینیزم، شێواز و بزووتنەوەیەکی هونەریيە کە لە کۆتایيی سەدەی نۆزده‌دا درووست بووە و دەڵێت: هونەرمەند چۆن بۆ یەکەمين جار دیمەن و شت و ڕووداوی دێتە بەرچاو، دەبێت وەهاش بۆ خەڵکيى بگێڕێتەوە و گوێ نەداتە وردەکاری و ڕاستى و چه‌وتيى ئەو وێنەیە کە هاتووه‌تە بەر چاوی.)

Leave a comment