[سروشت و بوونی مرۆڤ لە فیلمی ''ژیانێکی شاراوە''دا]

سروشت و بوونی مرۆڤ لە فیلمی ”ژیانێکی شاراوە”دا

خەندە حەمید

 

نیگەرانییەکی بیرکەرەوە لە کارەکتەر (پاڵەوان)ەکانی فیلمەکانی دەرهێنەری ئەمریکی تێرینس مالیک (Terrence Malick)دا هەیە. کارەکتەرەکانی بەنیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ جیهاندا دەکەن .بۆیە وەهات لێ دەکەن بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ڕۆڵەکەیاندا بژیت. مالیک لە زانکۆی هارڤارد فەلسەفەی خوێندووە، دواتر ویستویەتی سەبارەت بە کۆنسێپتی جیهان لای کیرکەگارد، هایدێگەر و ڤیتگنشتاین لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بخوێنێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی سەبارەت بە تێزەکەی لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەیدا، کە (گیلبەرت ڕایل) بووە سەر بە فێرگەی فەلسەفەی شیکارییە و هێندە بایەخی بە کیرکەگارد و هایدیگەر نەداوە، بەهۆی ئەمەوە بەبێ بەدەستهێنانی بڕوانامە و تەواوکردنی خوێندنەکەی ئۆکسفۆرد بەجێ دەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا. مالیک بۆ ماوەیەکیش لە زانکۆی (ئێم.ئای.تی) وانەبێژی فەلسەفە بووە. ئەو تەواو لەژێر کاریگەری هایدێگەردایە و کتێبی ’’The Essence of Reasons’’ لە ئەڵمانییەوە کردۆتە ئینگلیزی. ئەو لە میدیاکان خۆی بە دوور دەگرێت، لە دوای یەکەم فیلمییەوە (Badlands) ساڵی ١٩٧٣ەوە هیچ چاوپێکەوتنێکی نەکردووە. سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک سکریننووس لە هۆلیوود ئیشی کردووە. لە ماوەی پتر لە سی ساڵ تەنیا چوار فیلمی دەرهێناوە، کۆمەڵێک فیلمی گرنگ و باشی هەیە کە لە مێژووی سینەمادا دەمێننەوە. دواتر هەندێ فیلمی تریشی دەر‌هێنا. بۆ من یەکێک لە جوانترین کارەکانی مالیک فیلمی ”جیهانە نوێیەکە” (The New World)یە، کە بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٥ە. دوای ئەوە کۆمەڵێک کاری تریکرد لەوانە درەختی ژیان (Tree of life). مالیک زۆر کات لە ستانداردی فیلمە باوەکان لا دەدات ئەمەش وایلێ دەکات پەیوەست نەبێت بە کاتی دیاریکراوەوە بۆ فیلم، بۆیە زۆربەی فیلمەکانی لە دوو کاتژمێر زیاترن و زۆریش گرتەی درێژ (long shot) بەکاردێنێ، ئەمەش ڕوانەری پشوودرێژی دەوێت. ئیشەکانی هەر لە سەرەتاوە وەک شیعر و وێناکردن وەسفکراوە کە ئەمە پەیوەندی بە بەکارهێنانی وێنا سروشتییەکان و گەڕانە سینەماییەکانی مالیک بۆ سروشتی مرۆڤ و پەیوەندیی بە جیهانی سروشتییەوە هەیە.

 

هەرچەندە باسکردن و شرۆڤەی کارەکانی ئەو دەرهێنەرە ئاسان نییە، بەڕادەیەک کاریگەرییەکانیشی لەسەر ڕوانەر ئاسان نابێت. بەو مانایەی ئەم فیلمەی لەژێر کاریگەری هزر و کارکردنەکانی ئەو دەرهێنەرە بەرهەم دێت فیلمێکی باو نییە، واتا لەسەر چیرۆکی دووبارە و ڕووداوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی باو دروست نەکراوە. بەڵکو لەسەر وێنەی واقع و ڕیالێتی سروشت دروست بووە. مالیک لەژێر کاریگەریی هایدێگەردا، بەوردی تێما هایدێگەرییەکان دێنێتە نێو سینەماکەیەوە. بۆیە سینەمای مالیک وەک ”سینەمای هایدێگەری” وەسف دەکرێت. یان هەندێک لە شرۆڤەکاران فیلمەکانی مالیک بەم شێویە وەسف دەکەن ”فیلمگەلێک کە خوازیاری ئەوەن پێگەی فەلسەفە ببنەوە”. بۆ هایدێگەر یەکێ لە ماناکانی جیهان سروشتە، بەگشتی لە فیلمەکانی مالیکیشدا سروشت بەردەوام ئامادەیی هەیە، هەربۆیە یەکێ لە تێما سەرەکییەکانی نێو فیلمەکانی سروشتە، خستنە ڕوو و نیشاندانی دیوە سروشتییەکەی جیهانە بە فەزایەکی کراوە بە هەموو نەرمی و ڕەقییەکانییەوە. دیمەنی فیلمەکانی ئەوەندە لەنێو سروشتدان کە زۆربەی کات ڕووناکی سروشتی بەکاردێنێت، بەتایبەتی گرتەی ڕووناکی کە بەنێو درەختە ئەستوورە بەرزەکاندا دەگاتە سەر زەوی، ئاو، گیای درێژ کە با دەی شەکێنێتەوە، یاری خۆر لەسەر زەوی و ڕووەک و ئاژەڵەکان، پیادەکردنی کارەکتەرەکانی لەنێو سروشتدا. تەنانەت زۆرێک لە ڕەخنەگران ڕەخنەی ئەوەی دەکەن کە لایەنی سینەماتۆگرافی و ئێستێتیکی بەسەر پلۆتی کارەکانیدا زاڵە. دەتوانین بڵێین تێرینس مالیک لەو دەرهێنەرانەیە کە بە وێنە بیردەکاتەوە نەک بە وشە، بۆیە ئەوەندە لایەنی وێنە و سینەماتۆگرافی لە فیلمەکانیدا زاڵە و بەگشتی دیالۆگی زۆر کەمە. ڕوانەر لە وێنەکانەوە باگراوەندە هزری و فەلسەفییەکان وەردەگرێت، بەمەش دەرهێنانێکی زیندوو بۆ فیلمەکانی دەکات. لە زۆربەی فیلمەکانیدا وێنەکان دەدوێن، ئەو سینەمایترین شێوازی گێڕانەوە هەڵدەبژێری بۆیە فیلم لای ئەو پێش دەنگ وێنەیە. ئەو لە واتا ڕاستەقینەکەی فیلم کەڵک وەردەگرێ؛ فیلم واتا وێنەی جوڵاو. هەروەها زۆرکاتیش گرتەی سیمبولیی زۆرە کە ناڕاستەوخۆ مانا دەبەخشن.

 

بەپەرۆشەوە چاوەڕێی کارەکانی تێرینس مالیک دەکەم، نوێترین فیلمی ساڵی ٢٠١٩ بەناوی ژیانێکی شاراوە (A Hidden Life) بڵاوکرایەوە، فیلمێکی مێژوویی و درامییە. لە چیرۆکێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە؛ بەڵام دەرهێنەر بەشێوازە ناباوەکەی خۆی بە ڕوانینە فەلسەفەییەکەی دەرهێنانێکی زۆر زیندوو و لێهاتوانەی بۆ کردووە. ئەم فیلمە باس لە سەردەمێکی دیاریکراو دەکات: دووەم جەنگی جیهانی و داگیرکاریی نازییەکان. دوای ئەوەی نازییەکان نەمسا داگیردەکەن، لەوکاتەدا دەبوایە هەموو کەس هاوسۆزی و دڵسۆزی بۆ هیتلەر و نازیزم پیشان بدات، بەڵام فرانز کە جووتیارێکی نەمساییە ئەوە ڕەتدەکاتەوە. فرانز و فانی و سێ منداڵە بچوکەکەیان لە گوندەکەیان بەختەوەر و بێکێشە دەژیان، بەڵام دوای جەنگ و گۆڕانی دۆخەکەیان تەنانەت لەلایەن گوندنیشینانەوە دەبوغزێنران و ئازاردەدران تەنیا لەبەرئەوەی ئەوان وەک ئاپۆرەی بێشیوە نین و ناتوانن وەک هەمووان دڵسۆزی بۆ دیکتاتۆر و خوێنڕێژێکی وەک هیتلەر دەربڕن. هەربۆیە فرانز بەشێوازی خۆی ڕووبەرووبونەوە هەڵدەبژێرێ، ئەو بەندینخانە هەڵدەبژێرێ لەبری ئەوەی هاوسۆزی بۆ نازیزم دەربخات. فرانز، وەک کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە، پێت دەڵێت و ئەوەت نیشانت دەدات، کە بەباوەڕەکانتەوە بژیت ئەوەی خۆت پێتوایە ڕاستە نەک ئەوەی ئەوانی تر پێت دەڵێن ڕاستە و دەبێت بیکەی. ئەو جوتیارێکە بیردەکاتەوە و بوونێکی ڕەسەنی هەیە؛ بەتەواوی لەنێو سروشتدایە و نزیکە لێی، بۆیە کەسێکە دیسپلین نەکراوە ئاسان نابێتە کۆیلە و گوێڕایەڵ، چونکە دیسپلینکردن، گوێڕایەڵی و هاوسۆزی خەڵک بۆتە هۆی ئەوەی دیکتاتۆرێکی وەک هیتلەر دروست بێت.

لەم فیلمەدا مالیک هونەر و چاوی کامێراکەی بەکاردێنێ لەپێناو ڕاستییە تاڵەکانی سەردەمێک، کە مرۆڤ دەبێتە کۆیلەی ئایدیۆلۆژی و دەسەڵاتی باوی سیاسی، پێویستە هەمووان هاوسۆزی و پەرۆشیان بۆی هەبێت. مالیک ڕووی کامێراکەی دەخاتە سەر کرۆک و چییەتی مرۆڤ هەروەها پرسیار دروستکردن لەبارەی گوناح و تاوانەکانی جەنگ؛ دەسەڵات و کۆیلایەتی، گوێڕایەڵی، چاکە و خراپە، جوانی و ناشیرینی، ترس و دلێری و ئازایەتی، ڕق و خۆشەویستی، نیگەرانی و دڵخۆشی. دەشێ مرۆڤ هەڵگری هەریەکێک لەو دژیەکییانە بێت.

هەروەها بەگشتی دوو وێنەی هاوتەریب لەم فیلمەدا بەدیدەکرێ و نیشاندەدرێ. وێنە فراوان و گەورەکە: سروشت، لەگەڵ وێنە تایبەت و بچووکەکە: وێنەی وردەکارییەکانی ژیانی خێزانی فرانز و فانی. فانی هاوژین وەک ژنێکی میهرەبان بەئیرادە و کۆڵنەدەر نیشاندەدرێ. بەگشتی کارەکتەری ژن لەنێو فیلمەکانی مالیکدا کارەکتەرێکی چالاک، هەوڵدەر، خۆنەویست و بەخشندەیە. هەروەك چۆن مرۆڤ لە ژیاندا حەزێکی کرۆکی هەیە بۆ نزیکایەتی، ئەمەش بە مانای بوونی پەیوەندییەکی گەرم و پڕ خۆشەویستی دێت. لە زۆرینەی فیلمەکانی مالیک هەست بەم نزیکایەتییە دەکرێ، هەروەها خۆشەویستی یەکێکی ترە لە تێما سەرەکییەکانی ئەو لە فیلمەکانیدا. لەم فیلمەشدا لە نێوان دوو هاوژینەکە: فانی و فرانزدا دەریدەخات. ئەوان زۆر بەتەنگ یەکدیەوەن تەنانەت بەبێ ئەوەی زۆر دیالۆگی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا هەبێ، بەڵکو دوای زیندانیکردنی فرانز زیاتر لە ڕێگەی نامەگۆڕینەوە دیالۆگی نێوانیان بەردەوام دەبێت، بەڵام هەست دەکەی ئەوان چەندە خەمخۆر و مشووریان هەیە بۆ یەکدی، ئەوان بەتەنگ یەکترەوەن بۆ دەربازبوون لە دۆخە سەختەکان، باوەڕیان بەیەکدییە لە ڕووبەرووبونەوەکان.

هەروەها مالیک زۆر بەوردی پرسیارەکانی بوون و گەردوون، چاکە و خراپە (خێر و شەڕ) دەخاتە نێو سینەماوە. لەم فیلمەدا فرانز پرسیار لەبارەی چاکە و خراپە دەکات. جوتیارەکە کەسێکی ئاینی و ئیماندارە، بەڵام ئەو لە نێوان ئاین و ئەوەی خۆی باوەڕی پێیەتی کە ڕاستە، باوەڕەکەی خۆی هەڵدەبژێرێ و بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لێی.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری فیلمەکانی مالیک ئەوەیە کە ڤۆیس ئۆڤە (voice over)ی هەیە. ڤۆیس ئۆڤە لای مالیک بەگشتی دەنگی ناخی کارەکتەرە سەرەکییەکانیەتی، ئەمەش وەک کەسێکی بیرکەرەوە نمایشیان دەکات، دەنگی ئەو نامۆییەی کارەکتەرەکانیەتی لەو دۆخەی تێیدان و بە مرۆڤەکانی دەوروبەریان نامۆن. لەم فیلمەیشدا وەک زۆربەی کارەکانی تری ڤۆیس ئۆڤە ئامادەیی هەیە و گرتەی نزیک زۆر بەکارهاتووە هاوشێوەی فیلمەکانی تری، ڕوانینی چاوی کامێرا (گۆشەنیگای کامێرا) زۆر بەنەرمی لەگەڵ کارەکتەرەکاندا دەبزوێت، داهێنەرانە جوڵەی کامێرا بەکاردێنێ، دیمەنەکان ڕاستەوخۆ لە هۆشدا جێگیردەبن. لەم فیلمەدا وێنەکان دەدوێن، بەردەوام ڤۆیس ئۆڤە ئامادەیی هەیە. ئەو وەک دەرهێنەرێکی فەلسەفی بەتەواوی ڕوانەر دێنێتە ناو فیلمەکەیەوە و سات بە سات ڕاوی ڕووداوەکان دەکات.

”ژیانێکی شاراوە” وات لێ دەکات بە جۆرێکی تر لە سروشت و بوون بڕوانی، هەربۆیە دانوستانێک بەدیدەکرێ لە نێوان سروشت و ژیاندا. پرسیاری مۆڕاڵیت لا دروست دەبێت سەبارەت بە چاکە و خراپە؟! کارەکتەر و پاڵەوانەکانی ئەم فیلمە چالاکن کەسی بەرهەمێنن لە ململانێ و گەڕاندان لەپێناوی مانەوە لە ژیاندا، چونکە گەڕان بەدوای نان و ژیان زۆر جوان بەدیدەکرێ. لە هەمان کاتدا دیوە جوان و نەرمەکەی سروشتمان نیشان دەدات، ئەمەش شوێن و پێگەی سروشت دەردەخات لە ئیشەکانیدا و بەردەوام ئامادەیی هەیە. لەو هەموو نەرمە بێدەنگییەدا زۆرکات هەست بە دەنگێک دەکرێ ئەویش دەنگی بێدەنگییە (دەنگی سروشتە). ئەمەش کاریگەری هایدێگەرە بەسەر دەرهێنەرەوە، هەروەک هایدێگەر پێی وایە سروشت فێنۆمێنێکی جێگیر نییە، بەڵکو بەشێکە لە بوون، بۆ ئەوەی لە مرۆڤ (بونەوەرەکان) تێبگەین دەبێت لە بوون تێبگەین، بۆیە مرۆڤ لە سروشت دابڕاو نییە. مالیک زۆرکات دەیەوێ پێت بڵێت؛ کە ئێمە چەندە بێدەسەڵاتین لە ئاست سروشت و بووندا بە هەمان ڕادەی بێدەسەڵاتیمان دەمانەوێ زاڵ بین و تێکیان بشکێنین.

بەپێچەوانەی ناونیشانی فیلمەکە ”ژیانێکی شاراوە” ژیانی کارەکتەرەکە (فرانز) بۆ هەمووان ئاشکرابوو، بەڵام فرانز لەسەر دیوە شاراوەکانی ناوەوەی خۆی ئیشی دەکرد، ئەو وەک پاڵەوانی فیلمەکە توانای بڕیاری هەیە و خۆی ڕەوتی ڕووداوەکانی فیلمەکە دەگۆرێت. ئەو نایەوێ جێبەجێکەری فەرماندەرێکی تاوانکار بێت. فرانز بە تەنیا ڕووبەروی زوڵم و بەربەرێتی نازییەکان دەوەستێتەوە، هەرگیزیش خۆی وەک شۆڕشگێرێک نابینێت و بانگەشەی ئەوە ناکات، بەڵکو ئەو بەتەنیا ئەوە دەکات کە باوەڕی پێیەتی و پێی وایە ئەوەیان ڕاستییەکەیە، مرۆڤ ویستی ئازادی هەیە و دەبێت ئەوە بکات کە باوەڕی پێیەتی. هەرچەندە ئەو خۆشی گومانی لە زۆربەی شتەکان هەیە، بەتەواوی هەست بەو گومانەی دەکرێ کاتێک ئەو وەک کەسێکی ئیماندار دەچێت بۆ کەنیسە بۆ لای قەشە، تاکو ڕێگە ڕاستەکان لەوێوە بزانێت، یەکێ لەو پرسیارانەی فرانز دەیکات دەپرسێ: ئەگەر سەرکردەکانمان شەیتانبوون؟ ئێمە چیمان پێدەکرێ؟! ئەمە پرسیارێکی گرنگە کە بۆ سەردەمی ئێستای ئێمەش ڕاستە. بەڵام وەک هەمیشە زۆرینەی پیاوانی ئاینیی و پەرستگا و کڵێسەکانیان هەمیشە پشگیری دەسەڵاتە سیاسی و دیکتاتۆرییەکان دەکەن. فرانز دەیەوێت ژیانی خۆی بپارێزێت، بەڵام نەک لە ڕێگەی درۆوە، هەرچەندە هیچ وەڵامێکی سەبارەت بە پرسیارەکانی دەست ناکەوێت، ئەو ئێستا لە هیچ شتێک دڵنیا نییە بەڵکو ئەوەی دڵنیای دەکاتەوە ئەوەیە نابێ ئەوە بکات کە هەمووان بەڕاستی دەزانن و دڵسۆزن بۆی، ئینجا ئەمە لە ترس بێت یان لە هاوسۆزییانەوە بێت.

هەروەها کاتێک گفتوگۆ لەگەڵ یەکێ لە ئەفسەرە نازییەکان دەکات، دیسان هەست بەو گومانەی دەکرێ، فرانز بەتەواوی دڵنیا نییە و نازانێ ئەوەی کە دەیکات ڕاستە یان نا. ئەو ناتوانێت بڕیار بەسەر کەسدا بدات “ئەمە لە وەڵامی پرسیاری ئەفسەرەکە دەڵێت” واتا ئەو خۆشی هێشتا لە گوماندایە، ئەوەی کە لێی جەختە ئەوەیە نابێ مرۆڤ بەبێ تاوان بکوژرێ، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو دژی کوشتنی مرۆڤە و دژی شەڕ و جەنگە. فرانز هەستێکی لە ناخدایە ناتوانێ ئەوە بکات کە پێی وایە هەڵەیە! لەم فیلمەدا دەکەویە بەردەم ململانێی باوەڕ و دەسەڵات (ئاین و سیاسەت). هەروەک چۆن ئەو ململانێیانە بەردەوامی هەیە بەدرێژایی ژیانی مرۆڤ.

نازییەکان وەک هەر دەسەڵاتێکی تۆتالیتار لە جیاوازی دەترسن و دەیانەوێ هەمووان وەک یەک بن و ئاپۆرەیەکی بێشێوە بن. بۆیە فرانز وەک مەترسی لەسەر سیاسەتەکانی خۆیان دەبینین و بە خیانەتکار دەیناسێنن. ئەو دوای زیندانیکردنی زیاتر نیگەران و خەمخۆری زیندانییەکانی دیکەیە، خۆی بەراورد دەکات بەوانیدی کە دۆخی ئەو باشترە لە ئەوانیدی. بۆیە زیاتر مکوڕ و سووردەبێت لەسەر ئەو هەستەی ناخی کە پێی وایە هەڵە نییە.

فرانز وەک سۆکرات بەدڵسۆزی مایەوە بۆ باوەڕەکەی. سۆکرات پێش مەرگەکەی دەڵێت ”من مردن هەڵدەبژێرم لەبری پتر ژیان بە کۆیلەیی و پاڕانەوە، بۆ بەدەستهێنانی خراپەی پتری ژیان لەجیاتی مەرگ”. ئەمە بەتەواوی هەڵبژاردنی فرانزیش بوو، هەرچەندە چەندین جار لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای لێکراوە بە ئیمزایەک ئەو دەتوانێت ڕزگاری ببێت، بەڵام ئەو نەیویسیت بەدرۆکردن لەگەڵ خۆیدا ئەمە بکات. بە هەمان شێوەی سۆکرات، ئەویش بەدلێرییەوە مەرگی هەڵبژارد لەبری هاوسۆزی و شەڕکردن بۆ هیتلەر. یەکێک دەبێت هەوڵدات ڕووبەڕووی مەرگ و هەڵکشان و داکشانەکانی ژیان بێتەوە، بە ”هێمن”ییەکی تایبەتەوە کە نزیکە لە تێگەیشتنی نیگەرانی لەلای هایدێگەر کاتێک دازاین ڕووبەڕووی بوون-ڕووەو-مەرگی خۆی دەبێتەوە. فرانز وەک بوونێکی ئاگامەند بەهێمنییەوە ڕووبەرووی مەرگی خۆی دەبێتەوە، ئەم جەوهەری هێمنییەش تاکە وەڵامی دروستی فرانز بوو.

 

 

_سەرچاوەکان

_ مارتین هایدێگەر بوون و کات، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە د. محەمەد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.

_د. محمد کەمال (٢٠٠٧)، هایدێگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.

_ کۆستیکا براداتان (٢٠٢٠)، مردن لەپێناو ئایدیاکاندا، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە نەبەز سەمەد، نووسیار، سلێمانی.

David Davies (2009) Terrence Malick, in The Routledge Companion to Philosophy and Film.

Leave a comment