هێڵە سوورە باریکەکە- هەموو مرۆڤێک لە خۆیدا گەردوونێکه
سهرئەنجامە ئەخلاقییەکانی شۆپنهاوەر وەک خواست و نواندن
لیۆن ساوندەرس کالفێرت
لە ئینگلیزییەوە: زریان حەمە
(پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا لە مەیدانی جەنگدا شوێنێک بۆ سۆزی مرۆڤەکان هەیە؟ ئەوە پرسیارەکەی جەیمس جۆنزە. ئەو چیرۆکێکی لەبارەی ئەزموونەکانی خۆی لە جەنگدا نووسی، کە تێيدا باس لهوه دهكات، پیاوەکان دەچن بۆ جەنگ، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانن. ئەوان هەمیشە وا فێر کراون لەبهر چەند هۆيهکی ئایدیاڵی بۆ جهنگ بڕۆن. دواتر بۆیان دەردەکەوێت کە دەمرن یان دهبێت کەسێک/كهسانێك بکوژن، ئیدی زۆر بە قووڵی ترس داياندهگرێت. ئەو دەڵێت لەو ئەزموونە مەزنانەی کە له جەنگدا هەیبووە، یەکێکیان ترسەکەیە و دووەمیش ئەو ڕۆژە بوو کە پێکراو دەیزانی دەمرێت. جۆرە ترسێک بەرەو ڕووی دەهات، لە پێیەکانییەوە سەر دەکەوت و دەستی بەسەر هەموو جەستەیدا دەگرت کە تەواوی هەلومەرجە کۆمەڵایەتی، سەربازی، کەسایەتی و فامى مرۆڤيش دەخاتە لاوە. کاتێک وا دەزانیت دەمریت، ئەم ترسە گەورەیە دەتهەژێنێت، بۆیە لەو ساتی ترس و تۆقینەدا بە تەواوەتی خۆت لە دەست دەدەیت. ئەمە تەواوی بارودۆخە کۆمەڵایەتییهکانت، کەسایەتییت و بوونت دەلەرزێنێت. شتێک لەناو ئەم پووچییەدا جێگەی ئەو (خۆ)يه كه ون بووە دەگرێتەوە، ئەویش ئارەزووی لەڕادەبەدەری خۆشەویستییە؛ ئارەزووی خۆشەویستی بۆ هاوڕێ سەربازەکانت، بۆ ئەو هاوڕێیەی کە لە تەنیشتتەوە وەستاوە و… ئەو دەڵێت پاش ئەوەی هەست بەوە دەکەیت و خۆت لە دەست دەدەیت، ئیدی دەزانیت کە تۆ لەپێناوی هاوڕێکەتدا دەمریت. دەشڵێت ئەوە یەکێکە لەو ئایرۆنییە نامۆیانەی کە سەری لەم بیرۆکە ئازاربەخش و ناهەموارەی جەنگ دەر دەچێت. ئەو دەڵێت هەرگیز چیتر هەستی بەو خۆشەویستییە نەکردووهتەوە. ڕاستە کە خۆشەویستیی دایك و باوک بۆ جگەرگۆشەکانیان لەپێشترینە، بەڵام دایک و باوک لەم خۆشەویستییەدا ناسنامەى خۆیان لە دەست نادەن.)
نیک نۆتڵ
تێرێنس مالیک لەگەڵ کوبریکدا چەند لێکچوونێکی دیاریکراویان لەڕووی ڕەوتەوە هەیە، هەرچەندە لە زۆر خاڵی گرنگدا لێك جیاوازن.
لێکچوونەکان لە کپکردنەوەی پڕۆسەی دیاریکردنی ناسنامەدایە، ئەمەش دیاریکردنی ناسنامەی کاراکتەرەکانە لەسەر شاشە، بە تایبەتی ناسنامەی هەرکاراکتەرێک کە توانای خەیاڵیيانەی هەیە، یەکێک لەو شتە زۆر گرنگانەی کە لە سینەمای هۆڵیوودی چاوەڕێ دەکەین. هەروەها هەردووکیان وەستای ئەوەن کە ڕۆبەرت کۆلکەر بە (تێکستی کراوە) ناوی دێنێت.
تێکستی کراوە بەشداریی بینەر دەخوازێت، تا ئەوەی دەیبینن، شيی بکەنەوە. بینەر دەبێت بەشێک بێت لە ئافراندنی واتا بۆ فیلمەکە. ئەمە واتای ئەوەنییە کە فیلمەکان بە تەواوی لە ڕووی ناوەرۆكهوە فرەواتان، بە هەمان شێوە ناکرێت بشگوترێت کە هیچ واتایەکیان نییە، بەڵکو تێکستی فیلمەکە لە چەند چینێک پێک هاتووە، کە توانای ئەوەی هەیە بە بەشداريی بینەران لە شیکردنەوەیدا و لەکاتی تەماشاکردنیدا دەوڵەمەندتر بکرێت. بە واتایەکی دی، فیلم وەک هونەر کار دەکات، وەکو هونەر دەبێت یارمهتيمان بدات بارودۆخی مرۆڤ بۆ خۆمان ڕوون بکەینەوە، له هەمان کاتیشدا ڕێگە بە بەشداريی بینەر بدەین تا واتای فیلمەکە سادە و جێگیر نەبێت. ئەمە ئەو ڕێڕەوە گشتی و باوە نییە کە فیلمی پێ درووست دەکرێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەردوو دەرهێنەر بە هەڵەدا چوون و زۆربەی کاتیش بە لەخۆبایی و خۆدەرخەر ناو دەبرێن.
(هێڵە سوورە باریکەکە) دنیابینيێکی فەلسەفیيانەی ڕاستەقینەی هەیە. بە گێڕانەوەی جەنگی (گواداڵکەناڵ) لە ڕێگەی بیرکردنەوەی چەند سەربازێکی جیاوازەوە. فیلمەکە ڕاستییەکی بابەتییانە نیشان دەدات، هەروەکو ئەوەی کە هەیە، لەپشت تێگەیشتنی هەلومەرجی مرۆڤەوەیە. ئێمە هەموومان ئەم ڕاستییە ئەزموون دەکەین. ڕووداوەکان لە فیلمەکەدا دەخرێنە بەرچاو، بەڵام ماناکەی بۆ هەریەک لە سەربازەکان جیاوازە. ئەوان هەریەکەیان لە ئاگایيی خۆیاندا سنووردارن و ناتوانن لەگەڵ ئەوانی تردا بەشدار بن. بە وتەی شۆپنهاوەر ئەو جیهانەی تێیدا بەشدارن، تەنها لە ڕێگەی نواندنیەوە بوونی هەیە. ئەم جیهانەش شێوەی دەگۆڕدرێت و لە لایەن هەستە جیاوازەکان، ڕوانگە و ئەزموونەوە سنووردار دەکرێت.
بە گوێگرتن لە مۆنۆلۆگی ناوەکیی سەربازەکان دەتوانین دنیابینيی هەریەکێکیان و ئەو ئایدۆلۆژیایانەی کە کێبهرکێ لەسەر سەرنجڕاکێشانی ئێمە دەکەن، تا ڕەوایەتیی بە ناوەرۆکی ڕاستییەکەیان بدەین، پەی پێ ببەین.
فیلمەکە پێت ناڵێت کامە ڕاستە، یاخود بەسوودترە، دەبێت خۆت بڕیار بدەیت. هەرچۆنێک بێت، ئاماژەمان پێ دەدات بۆ ئەوەی کام یەک لە فەلسەفەکان نرخی زیاتر بەو تاکانە دەدات کە هەڵگرین و کامانەش بە تەواوی وێرانکەرن! سەربازەکان چالاکانە واتا دەخوڵقێنن تا هەوڵ بدەن مانا بۆ ئەو بارودۆخە ناهەموارە بگێڕنەوە کە دەوری داون. بە سادەیی نەخشاندنی ئەنجام لە ڕوانگەی هەستییەوە ئەستەمە. ئەوان وەکو مرۆڤ ئەزموونەکانیان لەناو دنیابینى و ئایدۆلۆژی و ڕەوشتدا نقوم دەکەن تا لێیان تێبگەن و واتای پێ ببەخشن.
لەبەرئەو سروشتە ناهەموارەی کە ناچار کراون ئەزموونی بکەن، ئەم پڕۆسەی واتاخوڵقاندنە کێشە درووست دەکات، لەبەر ئەوەی گەیشتن بە تێگەیشتنی پێویست و درووستکردنی مانای گونجاو بۆ ئەو ترسەی کە پێیدا تێپەڕ دەبن، سەختە و دەبێتە هۆی نائاراميی وجوودی. ناتوانن لەو ئەرکە ڕابکەن کە دەبێت مانا بەوەی کە سەرەڕای کەموکورتییەکانیان دەیبینن، ببهخشن.
هەریەک لە کاراکتەرەکان کاردانەوەی جیاوازیان بۆ ڕووداوەکانی دەوروبەریان هەیە، بەوەی کە بترسن، تووڕە ببن، دڵڕەق و نامرۆڤانە ڕەفتار بکەن…هتد. فیلمەکە پێشنیاری ئەوە دەکات ڕەنگە هەندێک لە ناوەرۆکی ئایدۆلۆژیاکان ڕاستیی کەمتریان تێدا بێت لەوانی تر، هەروەها پاڵپشتی خەیاڵی سەرباز (ویت) دەربارەی ژیانی پاش مەرگ لە بەهەشتدا ناکات و لە ڕاستیيشدا ئەو ئاسوودەییەی کە ئەم دیمەنە لە هەمبەر ئازاری ڕاستەقینەی ئەوانی دیدا پێی دەبەخشێت، دەکرێت وەک پێنەزانینێکی ترسناک و سەیر لە ئازارچەشتنی مرۆڤ لێک بدرێتەوە.
دنیابینيی سەرباز (بێڵ) بە تەنها لەسەر فەنتازیای خۆشەویستی بۆ هاوسەرەکەی بنیاد نراوە. ئەم فەنتازیایەش بە نامەیەکی هاوسەرەکەی کە تێیدا دەڵێت کەسێکی تری ناسیوە و داوای جیابوونەوە دەکات، دەڕووخێت. ئەو بە جێ دەمێنێت تا هۆکاری بوونی لەسەر زەوینەیەکی نوێ بنیاد بنێتەوە. فیلمەکە دەری دەخات کە فەنتازیاکەی بووەتە هۆکاری سەرکەوتنی گرنگ لە ژیانیدا، پیشنیاری ئەوە دەکات کە دنیابینیيێک لەسەر فەنتازیا هەڵچنرابێت، سوودی خۆيی هەیە، تا ئەو کاتەی فەنتازیاکە چیدی ناتوانێت لە بەرانبەر ڕاستیدا هەڵبکات.
ڕوانگە دژبەیەکەکانی (ستارۆس) و (تۆڵ) سوودی پڕاکتیکی دەگەیەنن. چاوچنۆکيی تۆڵ وا لە پیاوەکان دەکات سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنن کە لەژێر فەرمانی ستارۆدا بە دەستیان نەدەهێنا بە هۆی ئەوەی کە ئەو زۆر بەسۆزە و لە خەمی تەندرووستيی ئەواندایە و ڕێگهیان نادات خۆیان بخەنە مەترسییەوە. مرۆڤایەتيی ستارۆس دەست بەسەر بۆچوونە نامرۆڤایەتییە سادەکانی تۆڵدا دەگرێت لە بەکارهێنانی سەربازەکانیدا وەک ئۆبجێکتێک، نەک وەکوو مرۆڤ و سەبجێکت بە حەقی خۆیان.
گێڕانەوە سەرەکییەکەی (دۆڵ) پێناچێت ناکۆکيی لەگەڵ هیچ کەسدا درووست بکات جگە لە خۆی، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ بەشێکە لە سروشت و ناکرێت لێی جیا بکرێتەوە. ئەمەش ویستێکی سروشتی لە خۆ دەگرێت بۆ بەزەیی و دڵڕەقيیش لە هەمان کاتدا. ئەمە ڕوویەکی ڕۆحی و بودايیانەی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا سادە و لەخۆبردووانە لە دۆخی مرۆڤ و هەردەنگۆیەک بۆ ئەو تایبەتبوونە سروشتییەی کە ئێمەی مرۆڤ پێمان وایە هەمانە، دەڕوانێت.
بە هەرحاڵ ئهگەر فیلمەکە لە ڕێگەی (دۆڵ)ـەوە پێمان بڵێت جەنگ لە سروشتدا بۆماوەییە، کەواته له بيركردنهوهدا لهوهى توانای ئەوەمان هەبێت دامەزراوە و فۆڕمی فەرمانڕەوایيی وا دروست بکەین کە ئەگەری ڕوودانی جەنگ سنووردار بکات، سهركهوتوو نابين.
وا دەر دەکەوێت ماتریالیزمەکەی (وێڵش) تەنها دنیابینييێک بێت کە ئەو واقيعەی دەیبینین، پشتیوانيی بکات، بەڵام لێرەدا ئەو خۆپەرستی و خۆویستییەی نیشانی دەدات، بەردەوام نییە. بە هۆی ئەو لەخۆبوردوویی و سۆزەی کە لە فیلمەکەدا نیشانی دەدات، بە ڕوونی دیارە کە هەست و سۆزی خۆی لە دەست نەداوە، هەرچەنده بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنها گرنگیی بە خۆی دەدات.
ڕەنگە بگوترێت بابەتی سەرەکیی فیلمەکە ئەوەیە کە هەرتاکێک لەناو خۆیدا گەردوونێکی هەڵگرتووە، کە نوێنەرایەتیی تەواوی جیهانەکەی دەکات و دەبێتە هۆی دەرەنجامی کاریگەر و قووڵى ڕەوشتی مرۆڤ. فیلمەکە پێشنیاری چەند بۆچوونێکی جیاوازمان بۆ دەکات، دەکرێت ئێمە تێیدا بەشدار بین، بیناسین، یاخۆ ڕەتی بکەینەوە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرتاکێک دەبێت خۆی واتای خۆی بۆ ژیان بسازێنێت.
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە: