[تێرینس مالیک چۆن لە فیلمەکانیدا نموونەی باڵای بوون وێنا دەکات؟]

تێرینس مالیک چۆن لە فیلمەکانیدا نموونەی باڵای بوون وێنا دەکات؟

 

مایکڵ جۆشوا ڕۆین

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر

 

لە یەکێک لە دیمەنەکانی دوايين فیلمی مالیکدا بە ناوی (ژیانی شاراوە)وە، هونەرمەندێکی نەمسایيی ساڵانى 1930 لۆمەی ڕۆڵی خۆی لە زیندووکردنەوەی دووڕووييی کرستیانێتیدا دەکات و دەڵێت: (من وێنەی مەسیحی ئاسوودەم بە هالە پیرۆزەکەی سەریيەوە بۆ کێشان. چۆن بتوانم ئەوە نیشان بدەم کە نەژیاوم؟ ڕۆژێک دێت وێنەی مەسیحی ڕاستەقینە دەکێشم.)  ئەم وشانە ڕەنگدانەوەی خەمی هونەری دەرهێنەر خۆی بوون، چونکە مالیک لە ڕێگەی فیلمەکانییەوە کار لەسەر بابەتی زۆر قووڵی ڕۆحی و وجوودی دەکات، بۆیە سەیرکردنی کارەکانی لە ڕووی دەروونییەوە ناڕەحەتت دەکه‌ن. بە داڕشتنی سترەکچەری سەرکەشانە سینەمافۆتۆگرافییە سەرنجڕاکێشەکەی دەخاتە ژێر مەترسییەوە و تەنانەت زۆربەی کارەکتەرە پاڵەوانەکانیشی بە دەست کێشەی ئەخلاق، ئارەزوو، توندوتیژی و نەبوونی ماناوە دەناڵێنن. بەردەوام هەوڵی نیشاندانی وێنەی (مەسیحی ڕاستەقینە) دەدات نەک وەک فیگەرێکی ئايینيی دیاریکراو، بەڵکو وەک نموونەیەکی باڵا لە بوون. پێش بڵاوبوونەوەی ترەیلەری فیلمی ژیانی شاراوە، مۆزەخانەی وێنەی جووڵاو نمایشی کۆمەڵێک لە کارەکانی تێرینس مالیکی به‌ ناونیشانی (ساتە پیرۆزەکان) پێشکەش کرد. بە تەماشکردنی ئەم فیلمانە تەکنیکە نامۆکانی ماليكمان بۆ وێناکردنی گەردوون بۆ ڕوون دەبێتەوە.

لە یەکەم فیلمی ماليكدا بە ناوی Badlands  لە ساڵی 1973دا کارەکتەری لاسار (جەیمس دین ئیسکۆ)ی ساڵانى 1950 کچێکی خۆشباوەڕی گوندنشین فریو دەدات و پێکەوە تاوانێک ده‌كه‌ن، کە دواتر بە هەڵهاتنیکی سەرگەردانانە بەرەو سنووری ڕۆژائاوای ناوەند کۆتاييی دێت. فیلمەکە دەبێتە کلیلی سەرەکی بۆ کارە هونەرییەکانی ماليك و پێشاندانی دڕندەیيی مرۆڤ کە چۆن بە یاسای سرووشتی پەردەپۆش کراوە. هەردووکیشیان ڕەنگدانەوەی دیوی شەیتانيی مرۆڤ و بەگرنگ نەبینینی ئەو بابەتە مەترسیدارەیە. لە فیلمی ڕۆژەکانی بەهەشتی 1978دا کێڵگەیەکی ساڵانى 1910 دەبێتە ناوەندی دۆزەخ، دواتر وا پێشان دەدەرێت کە دەکرێت جیهانێکی بێگوناحتر لە پاشماوە وێرانەکەیەوە درووست ببێت. لە فیلمی هێڵە سوورە باریکەکە 1998دا دوورگەی بەهەشتئاسای گواداکەناڵ دەبێتە مەیدانێک بۆ ڕۆژی حەشر لە دووه‌م جەنگی جيها‌نیدا. دیمەنی سرووشتی دورگەکە وێنە دەداتە هیوا و ترسی کارەکتەرەکان هەروەک چۆن گەورەیی و جوانییەکەشی دەبێتە پەناگەیەک بۆ بەرگەگرتن و درێژەدان بە نەنگيی مرۆڤ.

زۆربەی کارەکانی ماليك بە بەکارهێنانی کارەکتەری دەنگی بەناوبانگن. لە فیلمەکانی سەرەتایدا کارەکتەرەکان بە شێوەزاری ناوچەی فیلمەکە چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە و بەو جۆرە دەبێتە گێڕانەوەیەکی ئایرۆنیيانەی دژبەیەک. لە فیلمی زەوییە ڕووتاوەکاندا ئەکتەر سیسی سپەیک ئەو کاتانەی جل وشک دەکاتەوه‌ لەگەڵ ئەو کاتانەی بە قووڵی بیر دەکاتەوە هەمان ئەو دەنگە باشووریییە بەکاردەهێنێت کە لەکاتی ڕۆتینە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانەی و ڕووداوە تۆقێنەرەکانیشدا بەکارهێنراوە. لە فیلمی ڕۆژەکانی بەهەشتدا توانجە بازاڕییەکانی لیندا مانتز ئەوە دەسەلمێنن کە هەرزەکارێکی شیکاگۆیيی نەخوێنەوار لە گەورەکانی چواردەوەری خۆی کامڵترە. بەدرێژاييی دوو دەیەی ڕابوردوو بەکارهێنانی کارەکتەری دەنگی لەلایەن ماليكەوە بوووەتە تەکنیکێکی لەڕادەبەدەر ئاڵۆز و فەلسەفی. لە فیلمەکانی هێڵی سوورە باریکەکە، جیهانی نوێ، سێیينە نوێیەکه‌ی بە ناوەکانی بەرەو سەرسامبوون 2012، سوارچاکی فنجانەکان 2015 و گۆرانی بۆ گۆرانی 2017دا ئەو کاتانەی ئەکتەرەکان بیر لە خۆشەويستی و سروشت و ڕۆح دەکەنەوە، چەندان کارەکتەری دەنگی دێنە ناوەوە و بەر یەک دەکەون.

بەکارهێنانی تەکنیکی کورتکردنەوەی دیمەن کارەکانی مالیکی بە شەپۆلی ئاگایی و یادەوەريی پێوەندیدار بارگاوی کردووە. فیلمی جیهانی نوێی 2005 نموونەیەکی بەرزی ئەم تەکنیکەیە کە باس لە چیرۆکی پۆکەهانتس و جۆنس سمیث دەکات وەک ئەوەی بە ڕاستی و بۆ یەکه‌م جار کەسێک هەبێت ڕووبەڕووی باکووری ئەمریکا یان جیهان ببێتەوە. سینەماتۆگرافيی دەوڵەمەندانە و سادەی ئیمانوێل لوبزکی و دیمەنی سەوزایيی ناوچەی ڤێرجینیا وەک شوێنگرەوەیەکی بەهەشتیيانە و سەرکەش و هەروەها ئیدیتی ئاڵۆز ئەم حوکمە پشتڕاست دەکاتەوە و وێنەی نائاگايی زەینی ئێمە لەسەر دیمەن و دەنگ و تەواوی شارستانیەتە نائاشناکان دەگرێت. فیلمەکە ئەوەندە چڕ و ئاڵۆزە کە مالیک سێ بەشی جیاوازی لێ بەرهەم هێناوە و دوانیان وەک بەشێک لە  دیمەنی ساتە پیرۆزەکان  وێنەیان گیراوە.

بە دڵنیاییەوە بەناوبانگترین و ئۆتۆبایۆگرافيترین پڕۆژەی ماليك پڕۆژەی (درەختی ژیانی 2011)یەتی کە ئاڕاستەیەکی کاتی بە ڕووبەڕووبونەوەی کارەکتەرەکانی لەگەڵ مەتەڵی وجوددا دەدات. لە یەکێک لە دیمەنە بوێرانه‌كانيدا، مالیک گێڕانەوە دەوەستێنێت و نەخشەی تەواوی پەرەسەندنی گەردوون بەرەو لەدایکبوونی کارەکتەری سەرەکی دادەڕێژێت. (فیلمە بەڵگەنامەییەکەی 2016ی بە ناوی گەشتی زەمەن، درێژەپێدەری ئەم قۆناغەیە لە دروستبوونی گەردوون.) فیلمەکە ڕووخانی گەورەی جیۆلۆجيی کات ڕوون دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژینگەی پێشووتری کارەکەیدا نادیار بوو و هەروەها  ئەمەی لە درامای خێزانێکی گوندنشینی ساڵانی په‌نجاشدا نیشان داوە. بیرکردنەوە لە لەدەستدانی کەسانی بێگوناح و ئازاری دوای مردنیان هاوشێوەی ئەو هەستە ئاشنایە بوو کە لە سەردەمی منداڵيی خۆیدا تووشی ببوو.

سێیينە هەرەنوێيه‌کەی مالیک (سەرسامبوون، فنجانەکان، گۆرانی) بۆچوونەکانی ماليك لەباره‌ى خۆشەویستيی ڕۆمانتيكى‌ و سەرکەوتنی ماتریاڵيی ئەم سەردەمەوه‌ دەردەخەن. بە بەکارهێنانی ئامرازی نوێی سینەمايي وەکوو کامێرای مۆبایل و زیاتر تەرکیزخستنەسەر ڕووناکيی ئەلیکترۆنی، دیجیتاڵ، سکرین و نمایش، وێنەی بینراوی دەوڵەمەندتر کردووە. لە ئەنجامی بەکارهێنانی وێنەی ئەبستراکتدا چیرۆکە ناڕوون و ئاڵۆزەکان باشتر وێناکراون و بە داڕشتنی یاخیيانە و گرتەی مەیدانیيانە جۆش و دڵەڕاوکێ قووڵتر دەکاتەوە و بەم جۆرە ئیدیت و سینەماتۆگرافی وڕینەیەکی خەیاڵاوی وەهای درووست کردووە کە حساب بۆ بۆشایی و یەکێتيی کات نەکات. لەم قۆناغە نوێیەدا ماليك ئەوەمان پێشان دەدات کە چۆن چاخی دیجیتاڵی لەو هەموو بەها نەریتیيانەی مانای بە کارەکانمان دەدا، خۆی داماڵیوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە پێشان دەدات کە چۆن پێشکەوتنی تەکنۆلۆژى توانیویەتی بەجوانی ئەم لێکترازانە ڕزگار بکات.

فیلمی ژیانی شاراوە بێپەردەترین کاری سیاسيی مالیکە. چیرۆکی فیلمەکە لە چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیانی فرانز یاگەشتەتارەوە وەرگیراوە کە جووتیارێکی نەمساوییە و لە دووەم جەنگی جيهانیدا ڕەتی دەکاتەوە سوێندی دڵسۆزی بۆ هیتلەر بخوات. بەهۆی باوەڕەکەیەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە پەراوێز دەخرێت و لە کۆتایيشدا لە سێدارە دەدرێت. ماليك بۆچوونی خۆی لە ڕێگەی گۆڕێنەوەی بەردەوامی نامە لە نێوان فرانز و ژنەکەی بە ناوی فرانزیسکاداوه‌ دەردەبڕێت. بڵاوکردنەوەی فیلمەکە بەو ناوەرۆکە بەئازارەوە و  لەو دۆخە سیاسییەی  ئەو سەردەمەدا ڕێکكەوت نییە، بەڵکو بەبیرهێنانەی بینەرەکانیەتی بەرانبەر بە بەرپرسیاريێتییە ئەخلاقییەکانیان لە سەردەمێکی بێسەرەوبەرە و پەرتەوازەدا کە ناسیۆنالیزم و ڕەگەزپەرستی لەوپەڕی لووتکەی خۆیدابووه‌. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ماليك چۆن توانیویەتی لەگەڵ سەردەمەکەی خۆیدا خۆی بگونجێنێت و لە هەمان کاتیشدا وا لە هونەرەکەی بکات ئامانجێکی نەمری هەبێت.

 

سەرچاوە:

https://hyperallergic.com/528626/terrence-malick-momi-retrospective/?fbclid=IwAR2SvqHFXpLkkD_2lYyUYnoJLQxYC7EIyDu_vMlpXCOb70MIS2TzFJjLcXA

 

Leave a comment