[فیلم و فەلسەفە: تێرینس مالیک و مارتین هایدێگەر]

فیلم و فەلسەفە: تێرینس مالیک و مارتین هایدێگەر

نەبەز سەمەد

ڕەهەندە فەلسەفییەکانی سینەمای مالیک

کۆمیک: لاڤین دیار

تێرینس مالیک (Terrence Malick) وەک دەرهێنەرێکی فەلسەفی ناسراوە، لەلایەن زۆر لە فەیلەسوفان و لێکۆڵیارانی فەلسەفەوە لەبارەی فیلمەکانی نووسراوە. لە ماوەی کارکردنیدا –وەک فێرخواز و مامۆستای فەلسەفە، وەک ڕۆژنامەڤان و فیلمساز- تێرینس مالیک ئەوەی سەلماند کە خاوەن زانینێکی قووڵ و فراوانی مێژوو، فەلسەفە، دین، هونەر، موزیک، ئەدەب و فیلمە. هەروەها بێگومان خۆشەویستییەکی زۆر و سەرنجێکی لێکۆڵەرانەی بۆ جیهانی سروشتی هەیە.

فیلمەکانی مالیک پەیوەست بە فەلسەفەی شیلەر، مێرلۆپۆنتی، دێریدا، کانت، گیلبێرت ڕایڵ، هیراکلیتوس، ڕایت مۆریس، ڤتگنشتاین خوێندنەوەیان بۆ کراوە، بەڵام تاکە فەیلەسوف کە بەردەوام لەتەک مالیکدا ئاماژەی پێدەکرێت: مارتین هایدێگەرە. ئەم فرەییە ئاماژەیە بۆ دەوڵەمەندی فیلمەکانی مالیک، کە بۆ تێگەیشتنیان داخوازی زیاتر لە مێتۆد و ڕێگەیەک دەکەن.

یەکەم کەس سەرنجێکی فەلسەفییانەی گرنگی لە ئیشەکانی مالیک دابێت، مامۆستاکەی پێشووی خۆی، ستانلی کاڤێڵ بوو. لە پێشەکی چاپی دووەمی کتێبەکەیدا (The World Viewed) دانوستانی فیلمی (Days of Heaven)ی مالیک دەکات. کاڤێل لە ڕێگەی کتێبەکەیەوە پەیوەندییەکی دەگمەن و پارادۆکسی لە نێوان خۆی وەک فەیلەسوفێکی هاوچەرخی ئەمریکی و مالیک وەک فیلمسازێکی هاوچەرخی ئەمریکی دروست دەکات: لێرەدا مامۆستا سوپاسی فێرخوازی پێشووی خۆی دەکات و فیلمەکانی فێرخوازەکەی وەک وێناکردنی ئایدیا فەلسەفییەکانی خۆی دەبینێت. بەڵام کێ فێری کێی کردووە، چی و کەی؟ چ پەیوەندییەک لە نێوان فەیلەسوف و فیلمسازدا هەیە؟ ئەو پرسیارە لە ڕووی بایۆگرافییەوە دەنگدانەوەی پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی دووروودرێژە لە نێوان ئەو دوو کولتوورسازە گرنگەدا، بەڵام ئەو پرسیارە بۆ پەیوەندی فیلم و فەلسەفەش گرنگە. کاڤێڵ ئاماژە بەوە دەدات کە پرسیاری فەلسەفی لەبارەی ئیشەکانی مالیک دەهێنێتەگۆڕێ و هەروەها ئەو تێما و کێشە فەلسەفییانەی لەناو ئیشەکانی مالیکدا هەن تاقی دەکاتەوە و دەیاندۆزێتەوە.

کاڤێڵ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، مالیک ”ئەوەی دۆزیوەتەوە کە ڕاستینەی بنەڕەتی فیلم بناغە فۆتۆگرافییەکەیەتی: ئۆبژێکتەکان لە ئارایی فۆتۆگرافیکی خۆیاندا بەشداری دەکەن، ئەوان لە دووبارە ئافراندنەوەی خۆیان لە فیلمدا بەشداری دەکەن” بۆیە مالیک ”ڕێگەیەکی بۆ گواستنەوە و ئاڵوگۆڕ … بۆ لێڕامان” لە تێما سەرەکییەکانی فەلسەفەی هایدێگەر، دۆزییەوە. لە ڕوانگەی کاڤێڵ پێشاندانی سینەمایی بەگشتی هاوشێوەی پێشاندانی مێتافیزیکییانەی ئێمەیە بۆ جیهان. بۆیە دەتوانێ ئێمە لەبارەی ”پرسیاری بوون” بێدار بکاتەوە. فەلسەفە، بۆ هایدێگەر، ”نیشتەجێبوونە” لەنێو ئەم پرسیارەدا.

شرۆڤەکانی کاڤێڵ کاریگەری لەسەر لێکۆڵیارانی دیکەش نواند تاکوو خوێندنەوەیەکی هایدێگەرییانە بۆ فیلمی  هیڵە سوورە باریکەکە (The Thin Red Line) بکەن و وەک ”فیلمێک کە خوازیاری ئەوەیە پێگەی فەلسەفە بۆ خۆی بباتەوە” وەسفی بکەن؛ هەروەها وەک ”سینەمای هایدێگەری”یش وەسفکراوە. تێما هایدێگەرییەکان یان زۆر بەفراوانی تێما فێنۆمێنۆلۆژییەکان دەتوانن یارمەتیدەربن لە دەرخستنی ڕەهەندە فەلسەفییەکانی فیلمەکانی مالیک.

هایدێگەر و مالیک

لێکۆڵیار و فەیلەسوفەکان تێبینی ئەوەیان کردووە کە پێشمەرجە ئۆنتۆلۆژییەکانی بوونی مرۆڤ لەلای هایدێگەر لە تێما و پێوە خەریکبوونەکانی مالیک بە مەرگ، جیهان، سروشت… هتد، نزیکە. بۆیە لەم وتارەدا دەمەوێ شرۆڤەیەکی بەراوردکاری لە نێوان فیلمەکانی مالیک و فەلسەفەی هایدێگەردا بکەم.

بوون-لەنێو-جیهاندا

لای هایدێگەر جیهان چوار واتای هەیە. یەکەم، جیهان پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆژییە بۆ بوونی مرۆڤ، واتا بوونی مرۆڤ لەنێو جیهاندایە، بەبێ جیهان مرۆڤ بوونی نابێت. دووەم، سروشت، واتا سروشت جیهانێکە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە. سێیەم، نیشتیمان و ژینگەی مرۆڤ، ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەی مرۆڤ تێیدا دەژی. چوارەم، کەلوپەلەکانی بەردەست، ئەو ئامراز و کەلوپەلانەی مرۆڤ دروستی کردوون و بەردەستن و بەکاریان دەهێنێت (کەمال، ٢٠٠٧). بە هەمان شێوە لە فیلمەکانی مالیکدا ئەو چوار واتایەی جیهان بەڕوونی دەردەکەون، مرۆڤ بەبێ جیهان نییە، سروشت ئامادەییەکی گەورەی هەیە، نیشتیمان و ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری مرۆڤ دەبینین، کارەکتەرەکانی مالیک مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلەکانی بەردەست دەکەن و بەکاریان دەهێنن. جیهان لای هایدێگەر و مالیک واتایەکی ئۆنتۆلۆژییانەی هەیە، پەیوەستە بە بوونی مرۆڤەوە، مرۆڤ لەنێو جیهاندا نیشتەجێیە، جیهان تەنیا ڕووداوێکی فێنۆمێنۆلۆژی نییە و لە دەرەوەی بوونی مرۆڤ نییە. بوونی مرۆڤ لەنێو جیهاندا، واتا بوونی مرۆڤ لەنێو شوێندا، بەڵام ئەوە جیاوازە لە بوونی کەلوپەل و هەبووەکانی دیکە، مرۆڤ لەنێو جیهاندا نیشتەجێیە و بەئاگایی و نیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ شوێندا دەکات و کەلوپەلەکان بەکاردەهێنێت (کەمال، ٢٠٠٧).

لە لاپەڕەی کرانەوەی کتێبی بوون و کات، هایدێگەر مەبەستەکەی وەها ڕووندەکاتەوە: ”ئامانجی ئێمە ڕاڤەکردنی کاتە وەک ئاسۆیەکی شیمانەکراو بۆ هەر تێگەیشتنێكی هەرچییەتی بوون”. هایدێگەر بەدوای ”پرسیاری بوون”دا دەگەڕێ. ئاخر بۆیە: ”بۆچی شتێک لێرەبوونی هەیە پتر لە هیچشت؟” لایەنی کڕۆکی ئەو پرسیارە لێرەبوونی ئەو کەسەیە کە ئەو پرسیارەی کردووە (براداتان، ٢٠٢٠). مالیک بە هەمان شێوە لە کرانەوەی فیلمی درەختی ژیان (Tree of Life) (٢٠١١)، بەڕێی پیشاندانی دروستبوونی گەردوون و تەقینەوە گەورەکە (big bang) و وەرگرتنی سیتات لەبارەی دروستبوون لە بایبلەوە، پرسیار لە بوون دەکات، بەڵام پەیوەست بە پرسیارکەرەوە واتا پەیوەست بە مرۆڤەوە، مرۆڤ لەنێو ئاسۆی کاتدا. لە ڕوانگەی مالیک، ئێمە بۆ ئەوەی لە گەردوون، جیهان و سروشت تێبگەین دەبێ لە مرۆڤ تێبگەین، چونکە مرۆڤ تاکە بوونەوەرە پرسیار لە بوون دەکات و هەوڵی تێگەیشتن لە بوون و جیهان دەدات.

بەگشتی لە فیلمەکانی مالیکدا سروشت بەردەوام ئامادەیی هەیە بەتایبەتی لە فیلمەکانی دوای (Badlands) (١٩٧٣). بۆ نموونە ئێمە لە فیلمی ”جیهانە نوێیەکە” (The New World) (٢٠٠٥)دا هەروەها لەفیلمەکانی دیکەشدا، بەتایبەتی گرتەی چوار توخمە سەرەکییەکەی سروشت: خاک (زەوی)، ئاو (شەپۆلی دەریا، ڕووبار)، با (درەخت و گژوگیاکان دەشەکێنێتەوە)، ئاگر (بوڕکان، ئاگرکەوتنەوە، سووتانی ماڵ و خانوو، ئاگری تانک) دەبینین، هەروەها تیشکی خۆر لەنێو دارستانەکان، ڕووەک و ئاژەڵە نائاساییەکان، باڵندە و بوونەوەرە دەریاییەکان، دایناسۆر، … هتد دەبینین. لە یەکێک لە خوێندنەوە هایدێگەرییەکان بۆ فیلمی هێڵە سوورە باریکەکە (The Thin Red Line) (١٩٩٨) بۆ نموونە فیلمەکە تێگەیشتنێکی سروشتەکییانەی سروشت دەردەبڕێت. سروشت، بەڕێی جادووەوە نەگۆڕدراوە، بەڵکو هێزێکی ئاگادارکەرەوەیە کە درامای مرۆڤ بۆ جەنگ چێوە دەکات بەڵام بەتەواوی لە مەبەست و خۆزگەکانی مرۆڤ جیاوازە. مەرگی مرۆڤ یەکێکە لە دەرکەوتنە بەردەوامەکانی سروشت. لە ڕووی ئەمەدا، هێمنێتی تاکە وەڵامی دروستی مرۆڤە. هایدێگەر لە ”بنەڕەتی ئیشی هونەری”دا، ئیشی هونەری وەک ڕۆشنکردنەوەی شەڕی نێوان زەوی و جیهان دیاری دەکات. ئیشی هونەری نەک تەنیا جیهان دەهێنێتە ئاراوە، بەڵکو زەویش بونیاد دەنێت. لە کاتێکدا جیهان لەتەک ئاشکرابوون و ڕۆشنبوونەوە دەناسرێت، ئەوا زەوی لەگەڵ پێچانەوە و شاردنەوە پەیوەستە. هێشتاش ئەمە تەنیا لەبارەی دژبەرێتی و نەسازی نێوان جیهان و زەوی نییە، لەبەر ئەوەی هەردووکیان سەر بە یەکدین، بەتەواوی پەیوەستن بە یەکەوە. جیهان هەرگیز بەبێ زەوی لێرەبوونی نابێت، جیهان بە زەوییەوە بەستراوەتەوە؛ زەوی لەنێو و بەڕێی جیهانەوە خۆی فراوان دەکات. جیهان لە سرەوتنی لەسەر زەویدا، هەوڵدەدا بەرزببێتەوە و هەڵبزنێت، زەوی لە بەرانبەردا هەوڵدەدا جیهان بە خۆیەوە بلکێنێت و بەشاراوەیی بیهێڵێتەوە. ئیشی هونەری شەڕی نێوان جیهان و زەوییە، نێوان ڕۆشنبوونەوە و شاردنەوە. لەم شەڕکردنەوە هەقیقەت دێتەگۆڕێ (برامبوش، ٢٠١٨). مالیک لە فیلمەکانیدا شەڕ و هاڤڕکێی نێوان جیهان و زەوی دەردەخات، لە فیلمی درەختی ژیاندا لە لایەکەوە جیهانی ژیانی خێزانی ئۆبرین، ژیانی جاک لەناو باڵەخانە مۆدێرنەکان پیشان دەدا، لە لایەکی دیکەوە سروشت و زەوی پیشان دەدات. ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەم دووانە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، جیهانەکەی جاک بەبێ زەوی نابێت، لەسەر زەوی خۆی بونیادناوە، زەوی لەلایەن مرۆڤەوە بۆ جیهان وەرگۆڕدراوە، بۆ جیهانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، نیشتیمان و کەلوپەلەکانی بەردەست. مالیک لە ڕێگەی پیشاندانی ئەو ململانێ و شەڕەوە دەیەوێ بە هەقیقەت بگات. هەروەها مالیک لە فیلمەکانیدا بەتایبەتی درەختی ژیان و هێڵە سوورە باریکەکەدا هاوتەریب شەڕ و توندوتیژیی جیهانی مرۆڤ و شەڕی نێو سروشت پیشان دەدات. ویت (Witt) لە فیلمی هێڵە سوورە باریکەکە ئاماژە بە شەڕ دەکات لەنێو دڵی سروشتدا، ئەو جیهان وەک شوێنێکی نەیار و سروشت وەک مەترسیدار و دڵڕەق وێنا دەکات. هەروەها لە درەختی ژیاندا هاوتەریب توندوتیژی نێو سروشت و توندوتیژی باوک بەرانبەر منداڵەکانی و هاوسەرەکەی پیشان دەدات. لێرەوە ئەو پرسیارە دێتەگۆڕێ؛ داخۆ توندوتیژی و شەڕ شتێکی سروشتین؟ مرۆڤ لە سروشتییەوە شەڕانگێز و توندوتیژە یان لەنێو جیهانەکەی خۆیدا، لەنێو کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی پەروەردەوە توندوتیژ دەبێت؟

بوون-لەگەڵ-ئەوانیدی

بوونی مرۆڤ واتا بوون لەگەڵ کەسانی دیکە، واتا مرۆڤ لەنێو کۆمەڵگەدا دەژی و بوونێکی کۆمەڵایەتی هەیە. بوونی کەسانی دیکە پێشمەرجی ئۆنتۆلۆژییە بۆ بوونی مرۆڤ و بوونی مرۆڤیش بوونە-لەگەڵ-کەسانی دیکە، ئەمەش دوو شێوازی بوون بۆ مرۆڤ دیاری دەکات: ڕەسەن و ناڕەسەن (کەمال، ٢٠٠٧). هایدێگەر دەبێژێ ”لەنێو نادیارێتی، دەرنەکەوتوویی و نەشیاوی دیاریکردندا، مرۆ دیکتاتۆریەتی ڕاستەقینەی خۆی ئاوەڵا دەکات” (Heidegger 2000: 164). یەکێك لە گرنگترین کاراییەکانی ”مرۆ” بەرهەمهێنانی نۆرمەکان، ڕێساکان و دەستووری چێژە. ئەگەر تۆ دەتەوێ لەنێو کۆمەڵگەدا بژی، ئەوا گەرەکە تۆ ”مرۆ” چۆنی پێگۆتی ئەوها ڕەفتاربنووێنی، ئینجا لە ڕێگەی ئەمەوە تۆ ڕێگە بە ”مرۆ” دەدەی تەواوی ژیانت هەڵلوشێ.

مالیک لە فیلمی ژیانێکی شاراوە  (A Hidden Life)(٢٠١٩)دا بەتەواوی ئەو ڕووەی مرۆ (ئەوان)مان بۆ دەردەخات، کاتێک هەمووان چاویان لەسەر فرانزە تاکو وەک ئەوان بێت. وەک ئەوان ڕەفتار بنووێنێت، وەک ئەوان بێشێوە بێت، وەک ئەوان دڵسۆزی نازیزم بێت. دوای نۆرم و بەهاکانی ئەوان بکەوێ، لە ڕێساکانی ئەوان لانەدات. فرانز دەیەوێت ژیانێکی سەربەخۆ بەگوێرەی باوەڕی خۆی بژیت، ئەوە بکات کە خۆی پێی ڕاستە. ئەو دەیەوێت خۆییانە و ڕەسەنانە بژیت. بۆیە ڕووبەڕووی ململانێ و کێشەی زۆر دەبێتەوە، لە کۆتاییدا بە مەرگی خۆی باجەکەی دەدات. ئەو چونکە بەگوێرەی پێوەر و نۆرمەکانی ئەوان ناژی، کەسێکی ڕێز لێ گیراو نییە، ڕووبەڕووی بێڕێزی و سووکایەتی دەبێتەوە لەلایەن ئەوانی دیکەوە. ئاخر ئەوان ڕێز لە کەسێک دەگرن و پەیاگای کۆمەڵایەتی پێدەدەن ئەگەر وەک ئەوان بژی، بیر بکاتەوە و ڕەفتار بکات.

فرانز لەناو ململانێکی توندایە لەگەڵ خۆی، ئایا ئەو ژیانە بژیت کە خۆی دەیەوێ یان پەیڕەوی ڕێساکانی ئەوانی دی بکات؟ ڕوانگە و ڕەفتارەکانی ئەوان بۆ ژیان لەگەڵ خۆیدا بگونجێنێت و وەک ئەوان بژی، یان ئەو ژیانە بژی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت و باوەڕی پێیەتی؟ فرانز ئەوەی دووەمیان هەڵدەبژێرێت و وەفادار دەمێنێتەوە بۆ ئایدیاکانی و دوا جار لەو پێناوەدا مەرگ هەڵدەبژێرێت نەک پەشیمانبوونەوە. جیاوازبوون و بێداربوونەوە لە تایبەتمەندی و دەگمەنێتی مرۆڤ کڕۆکی بوونی ڕەسەن پێک دەهێنێت.

کارەکتەرەکانی مالیک دەیانەوێ لە جیهان، لە ژیان، لە دەورووبەر، لە سروشت تێبگەن، ئەوان بەدوای زانین و تێگەیشتن و ڕاستیدا دەگەڕێن. فرانز لە ژیانێکی شاراوەدا نموونەیەکی باشی ئەو گەڕان و تێگەیشتنە ڕەسەنەیە.

 

سام (Anxiety)، نیگەرانی و بەتەنگەوەبوون Care

سام لە کتێبی بوون و کاتدا تێگەیەکی ناوەندییە. هایدێگەر بەم شێوەیە سام پێناسە دەکات: ”بارێکی هۆشە کە دەتوانێ مەترسییەکی (ترسێکی) زۆر و بەردەوام بۆ خودی خۆی بەکراوەیی بەجێبهێڵێ، کە لە خۆییترین بوونی تاکمەندێتی دازاینەوە سەرچاوەی گرتووە” (Heidegger 2000: 310). سام (Angst) ترسێکی ئاسایی نییە: ئەدگاری سام ئەوەیە لەنێو جیهانی دەوروبەرماندا لە هیچکوێیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو سام خودی لە_جیهان_بوونە. ئەو ”ترس”ەی دازاین لە سامدا ئەزموونی دەکات، ترسێکی ئۆنتۆلۆژییە. سام لەبارەی شتێک نییە، بەڵکو لەبارەی هەموو شتێکە، لەبەرئەوە لەبارەی هیچ شتێك نییە_ زۆر بەوردی، هیچێتییە. ئاخر بۆیە سام ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێکخستنی دازایندا دەگێڕێت: سام ڕێگە بە دازاین دەدا تاکو بە هەرە کڕۆکی خۆی وەک ”بوون_ڕووەو_مەرگ” بگات. هایدێگەر دەبێژێ ”بوون_ڕووەو_مەرگ، لە کڕۆکەوە سامە”. بەم چەشنە، سام ”تایبەت بەخۆ”یەکی باری هۆشە. سام دەلیڤەی دازاینە بۆ مردن بە جۆرێك کە زۆرترین ژیانی خۆی ئاواکرد بێت (براداتان، ٢٠٢٠). لە فیلمەکانی مالیکدا سام، مشور، بەتەنگەوەبوون و نیگەرانی ئامادەییەکی تەواویان هەیە، کارەکتەری فیلمەکان بەنیگەرانییەوە لەنێو-جیهاندان و کردار دەنوێنن، سامێک لەسەر ڕووخساریانە بەبێ ئەوەی ترس بێت لە شتێکی دیاریکراو. بۆ نموونە لە فیلمی درەختی ژیان جاکی منداڵ بەردەوام بەنیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ شتەکان و دەورووبەردا دەکات، سامێک لەسەر ڕووخساریەتی، ئەوە ترسێکی ئاسایی نییە لە شتێکی دیاریکراو، بۆ نموونە لە باوکی، بەڵکو مالیک دەیەوێ پێمان بڵێ کە ئەو نیگەرانی و سامە بریتییە لە کڕۆکی مرۆڤ. ئێمە هەر لە منداڵییەوە تاکو ڕووەو کۆتایی بوونی خۆمان دەچین، لەتەکیدا دەژین. مشوور، بەتەنگەوەهاتن و نیگەرانی پێشمەرجی ئۆنتۆلۆژی مرۆڤن، مرۆڤ بەنیگەرانییەوە دەژی و مشووری بۆ خۆی و جیهان، دەورووبەر و کەسانی دیکە هەیە.

بوونی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە نیگەرانییە. نیگەرانی لایەنێکی ئەرێیی بوونی مرۆڤە، بەڵام هەندێ جار ئەو نیگەرانی و مشوورە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەبێت بە هێزێکی نەرێیی و بوونی مرۆڤەکە داگیر دەکات. نیگەرانی و مشووری دایکێک یان باوکێک بۆ منداڵەکەی دەبێتە هۆی سنووردانان بۆ ئازادی منداڵەکە (کەمال، ٢٠٠٧). مالیک لە دەرختی ژیاندا زۆر بەجوانی ئەو لایەنەی دەرخستووە، ئاخر ئۆبرینی باوک زۆر نیگەرانی منداڵەکانیەتی، بەجۆرێک ئەوە بۆتە هۆی دیسپلینکردن، سنووردارکردن و لێسەندنەوەی ئازادی لە منداڵەکانی.

بوون-ڕووەو-مەرگ

بۆ هایدێگەر مرۆڤ-بوون واتا ”بوون-ڕووەو-مەرگ”، بۆ مالیکیش مرۆڤبوون واتا ڕووەو-کۆتایی-بوون، بۆ مالیک مەرگ لەناو چەقی ژیانی مرۆڤدایە، مرۆڤ هەر کە لە دایک بوو، ئەوا تەواو ئامادەیە و پێگەیوە بۆ مردن. بۆیە مەرگ ئامادەییەکی تەواوی لەناو فیلمەکانی ئەودا هەیە، لای مالیک مرۆڤ سەرەتا لە ڕێگەی مردنی ئەوانی دیکەوە، ئاشنای مەرگ دەبێت، بۆ نموونە لە فیلمی درەختی ژیان خێزانی ئۆبرین لە سەرەتای فیلمەکەوە، هەواڵی مەرگی کوڕەکەیان پێدەگات. دوای ئەم هەواڵە جاک لە دایکی دەپرسێت ”تۆش دەمریت؟” لە هەمان کاتدا دەڵێ ”دایکە تۆ هێشتا تەواو پیر نیت بۆ مردن”.

هەروەها لە فیلمی ”هێڵە سوورە باریکەکە”دا ویت (Witt) سەرەتا لە ڕێگەی مەرگی دایکییەوە بە مردن ئاشنا دەبێت، پاشان لە جەنگدا لەتەک سەربازانی دیکەدا مەرگی ئەوانی دیکەش دەبینێت، بەڵام ئەو هێشتا بە مەرگی خۆی نەگەیشتووە، هێشتا بۆ ئەو مەرگ نەبووە بە شتێکی کەسەکی. چونکە هەر کەسێک مەرگی خۆی دەمرێت. ئەو ناتوانێ لەبری ئەوان بمرێت، یان مەرگی خۆی بە ئەوان بسپێرێت، بەڵکو دەبێ مردن بەسەر خۆیدا بێت. مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە دەزانێت دەمرێت، بۆیە ویت دەزانێت ئەویش دەمرێت، هەروەها پرسیار لەبارەی مردن دەکات. هەموو کەسێک مەرگی خۆی دەمرێت، هایدێگەر دەبێژێ: ”هیچ یەکێک ناتوانێ مەرگی ئەوی دیکە لە ئەو داببڕێت” بەهۆی کارەکتەرە بونیادییەکەی دازاینەوە وەک ”لەتەک_بوون”، ئەوا کاتێك من گەواهی مەرگی ئەوی دی دەبم، من هەست بە هاوسۆزی دەکەم و دەربڕینم بۆ مەرگی ئەو هەیە؛ بەڕێی گەواهی مەرگی ئەوی دییەوە، ئەوا من هەندێ زانین بەگشتی لەبارەی مەرگ بەدەستدەهێنم. هەرچەندە من هەرگیز ناتوانم مەرگی ئەوی دی بمرم. مەرگ ئەزموونێكی تەواو کەسەکییە (تاکمەندە)، واتا مەرگی کەس لە کەس ناسەندرێ، یان مەرگی کەس بە کەس نادرێت. هایدێگەر دەبێژێ ”مەرگ شتێکە گەرەکە هەموو دازاینێك لە کاتێکدا بەسەر خۆیدا بێت”. من ناتوانم مەرگی خۆم بە ئەوانیدی بسپێرم، هەروەک چۆن ناتوانم لەبری ئەوان بمرم (کۆستیکا، ٢٠٢٠).

بۆ سیمۆن کریچلی (Critchley)ی فەیلەسوف، ئایدیای سەرەکی فیلمی هێڵە سوورە باریکەکە لەنێو کردارەکانی ویت پێشان دەدرێت، کە یەکێک دەبێت هەوڵدات ڕووبەڕووی مەرگ بێتەوە، هەڵکشان و داکشانەکانی ژیان بە ”هێمن”ییەکی تایبەتەوە، وەربگرێت. ویت ئەو چەشنە هێمنییەی بەشێوەیەک دێتەوە یاد کە تێیدا دایکی ڕووبەڕووی مەرگی خۆی دەبێتەوە.

هایدێگەر لەبارەی پرۆسەی ”هێمنبوونەوە” پەیوەست بە ”بارسوکبوون” دەئاخڤێ کە ئێمە لەبارەی مەرگی ئەویدییەوە هەستی پێدەکەین. ”مرۆ” بۆ کەمکردنەوەی ئەو نائاسوودەیییەی بەڕێی مەرگی یەکێکی دییەوە دێتەگۆڕێ و دوورخستنەوەی سام لە خۆی، مەبەستی خۆی هەیە. هایدێگەر دەبێژێ: ”مرۆ” هێمنبوونەوەیەکی بەردەوام لەبارەی مەرگەوە دێنێتەگۆڕێ” (کۆستیکا، ٢٠٢٠). مالیک لە فیلمی هێڵە سوورە باریکەکەدا، ئیش لەسەر ئەو هێمنبوونەوەیە دەکات، ویت هەست بە هێمنبوونەوە دەکات کاتێک دەزانێت ئەوە ئەوانی دیکەن مردوون نەک ئەو خۆی، بۆیە خۆشحاڵە و هەستی ژیاندنەوە دێنێتەوە یاد.

سەرچاوەکان

براداتان، کۆستیکا (٢٠٢٠) مردن لەپێناو ئایدیاکاندا: ژیانی پڕ مەترسی فەیلەسوفان، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە نەبەز سەمەد، وەشانی نووسیار، سلێمانی.

برامبوش، ئانتوون ڤان دێن (٢٠١٨) هزراندنی هونەر: ڕێبەرییەک بۆ فەلسەفەی هونەر، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە نەبەز سەمەد، هیوا فاوندەیشن، سلێمانی.

کەمال، محەمەد (٢٠٠٧) هایدێگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.

Heidegger, Martin (1997) Being and Time, translated by John Macquarrie & Edward Robinson, London: Blackwell.

Sinnerbrink, Robert (2006) ‘A Heideggerian Cinema: On Terence Malick’s The Thin Red Line’, Film-Philosophy, v. 10, n. 3.

Simon Critchley (2009) Calm—On Terrence Malick’s The Thin Red Line, in The Thin Red Line: Philosophers on Film, (Eds) by David Davis, London: Routledge.

Leave a comment