[جیم جارموش له‌بارەی فیلمی (پاتێرسۆن) و وزەی شیعری مەزنه‌وه‌ دەدوێت]

جیم جارموش

له‌بارەی فیلمی (پاتێرسۆن) و وزەی شیعری مەزنه‌وه‌ دەدوێت

لە ئینگلیزیيەوە: سەنگەر عەبدولکەریم

 

لە سیانزدەیەمين فیلمی جیم جارموشدا (پاتێرسۆن،) ئادەم درایڤەر ڕۆڵی شۆفێرێکی پاس دەبینێت بە ناوی (پاتێرسۆن) کە وا ڕوو دەدات لە پاتێرسۆن (ن. ج[1]) دەژی و کار دەکات. وەک دانیشتوویەکی پێشتری پاتێرسۆن (ویلیەم کارلۆس ویلیەمسی شاعیر-پزیشک،) پاتێرسۆن لەکاتی بەتاڵیدا شیعر دەنووسێت. لەکاتی قاوەخواردنەوە و پشووی ژەمی نیوەڕۆدا، هەروەها لەو ساتانەی بەر لە دەستپێکردنی کارەکەی، پاتێرسۆن شیعرەیلێک دەنووسێت کە ئيلهامى له‌ شته‌كانى ڕۆژانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. بۆ نموونه‌ (پاکەتێک شقارتەی سەرشینی ئۆهیۆ بڵێسەی تێڕامانێک دادەگیرسێنێت.) له‌بارەی ئەو ئەوینە پاک و هێورەوه‌ی هەستی پێ دەکات بۆ لاورای هاوژینی (گولشیفتە فەراهانی،) ژنێکی شۆخی پڕوزەی دەستڕەنگینى ماڵەوە.

جارموش خۆيشی عاشقی شیعرە، بە تایبەت هەواداری فرانک ئۆهێرا و جۆن ئەشبێریيە. ئەندامانی ئەوەی بە شێوەیەکی باو بە قوتابخانەی شاعیرانی نیويۆرک ناسراوە. (ڕاستیيه‌كه‌ى شیعرەکانی پاتێرسۆن لە لایەن شاعیرێکی قوتابخانەی نیويۆرک، ڕۆن پادگێتەوە نووسراون.) جارموش لەو ئەوینەوە زیاتریش وەردەگرێت بۆ چێکردنی وێنەیەک کە پیشانی بدات چۆن هونەر -بە تایبەتی ئەو هونەرەی لە پەراوێزەکاندا درووست دەکرێت- دەتوانێت ژیانی ڕۆژانە پڕ بکاتەوە! لێرەدا جارموش ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن پاتێرسۆن هاتە بوون. باسی سەرساميی خۆی بە کاری ئەکتەرەکان دەکات. کورتەلیستێکی خوێندنەوەش پێشنیار دەکات بۆ هەرکەسێک کە ڕەنگە شيفته‌ى شیعر بێت، بەڵام هێشتا نەیزانیوە.

 

تایم: دەزانم ماوەیەکی زۆر لەمەوپێش ڕەشنووسێکی سەرەتاییيت بۆ پاتێرسۆن نووسیوە، ئایا بە نیاز بوویت بە تایبەتی فیلمێک له‌بارەی شیعر و شاعیرانه‌وه‌ درووست بکەیت؟

 

جیم جارموش: 20 بۆ 25 ساڵ لەمەوبەر بە گەشتێکی یەکڕۆژە ڕۆیشتمە پاتێرسۆن. بە هۆی ویلیەم کارلۆس ولیەمسەوە، پزیشک-شاعیرێک کە حەزم لە کارەکانی بوو، بۆ ئەوێ به‌ کێش کرام. لەوێ ڕۆیشتمە تاڤگەکان، گەڕام و بەشە پیشەسازیيەکەیم بینی. شوێنێکی دڵگیرە. وەک وێناکردنەکەی ئەلێکساندەر هامیڵتۆن بۆ شاری پیشەسازی وابوو. لەسەر بنەمای هێزی تاڤگەکان جۆرێک لە شارێکی یۆتۆپیایيی ئامانجدار. لە ڕووی پێکهاتەی دانیشتوانیشەوە ڕەنگاڵەیە. چەندان نەژادی جیاوازی خەڵکی لێیە.

بەو بۆنەیەوە کتێبەکەی [ویلیەم کارلۆس ولیەمس] پاتێرسۆن، یەکێک نەبوو لە شیعرە دڵخوازەکانم. ڕاستييه‌كه‌ى تەقەی سەرم دەهات. لە زۆرینەی تێنەدەگەیشتم، بەڵام لە سەرەتاکەیدا پیاوێک خوازەیەکە بۆ شاری پاتێرسۆن و بە پێچەوانەشەوە. بیرم کردەوە ئەوە بە تەنها بیرۆکەیەکی جوانە. بیرم کردەوە حەز دەکەم ڕەشنووسێکی کورت له‌بارەی شاعیرەکەوه‌ بنووسم. کرێکارێکی پاتێرسۆن کە ڕاستييه‌كه‌ى شاعیرێکی چاک بوو، بەڵام ناسراو نەبوو، بۆیە بۆ چەندان ساڵ ئەو ڕەشنووسە یەکپەڕەییە کورتە لە چەکمەجەکەمدا مایەوە. بەردەوام لە بیرم بوو، بەڵام هەرگیز هەتا ئێستا بە ڕاستی خەریکی نەبووم.

 

تایم: شاری پاتێرسۆنت لە فیلمەکەدا زۆر جوانتر پێشان داوە، وەک شوێنێک کە بە دۆخێکی سەختدا تێپه‌ڕێبێت، بەڵام هێشتا پڕ وزە و چالاکی بێت.

 

دانی پێدا دەنێم پاتێرسۆنەکەی ئێمە پاتێرسۆنێکی ئەندێشەییە. پاتێرسۆن شوێنێکی زۆر توند و دژوارە، کرێکاری زۆری لێیە، لەگەڵ زۆر خەڵکی هەژاردا، هەروەها بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕووی نەژادییەوە تێکەڵە.

فیلمەکە هەرگیز بەو مەبەستە نەبووە کە ببێتە دوکيۆمێنتێکی کۆمەڵایەتی، بەڵام ویستوومە [هەندێک لە بەشەکانی شارەکە] تێکەڵی فیلمەکە بکەم، بێ گومان هەندێکی لەوێ وێنە بگرم. لەگەڵ دیزاینەری وەبەرهێنانمان، مارک فریدبێرگ ڕۆیشتین بۆ سەیکردنی شوێنەکان، کە پێشتر کارم لەگەڵدا کردبوو و پێی سەرسام بووم. مارک دەیگوت (سەیر کە!) هەرجارێکیش دەوەستاین و سەیری شتێکمان دەکرد، هیوادارى و بێهیوایيمان لە هەمان وێنەدا دەبینی.- دوو خۆشەویستمان دەبینی مشتومڕیان بوو، لە تەنیشتیانه‌وه‌ کەسێک هەبوو کە گوڵی هێنابوو. یان بینایەکت دەبینی دادەڕما، لە تەنیشتييه‌وه‌ کابرایەک دەرگاکەی بە سەوزی تۆخ بۆیە دەکرد. مارک بەردەوام وێنەی ئەم دژیەکانەی دەگرت، بۆیە ویستمان کەمێک لەوانەمان هەبێت، کە ئەو شتانەی تێکەڵاو بکەین، بەڵام زۆر بە قورسی دەست دانەگرین، بەڵکوو تەنها ڕێگە بدەین هەبن. نەماندەويست تەنها وێرانکاری بە ڕۆمانتیکی بکەین، یان وای لێ بکەین لە جۆری ئێدوارد هۆپەر بچێت.

 

 

تایم: بە دڵنیایيەوە ئەو هەستەت بۆ درووست دەبێت کاتێک تەماشای پاتێرسۆن دەکەیت پاسەکەی بەنێو شاردا دەئاژوێت، بە تەنیشت فرۆشگه‌ی پێڵاو و زنجیرەی هەرزانبازاڕەکاندا تێدەپەڕێت، شوێنگەلێک کە بە گشتی لە فیلمەکاندا بە کار دەهێنرێن بۆ پێشاندانی ئەوەی کە شوێنەکە نەک تەنها لە ڕووی ئابووریيەوە داڕماوە، بەڵکوو داڕماوە، نوکتە سەری دێڕ. لەم فیلمەوە ئەو هەستەم بۆ درووست نەبوو.

 

ناوجەرگەی پاتێرسۆن لەو ڕووەوە زۆر پڕوزە و چالاکە. فرۆشگه‌ی پێڵاو هەن، شوێنی مەکسیکی هەیە، فرۆشگه‌یەکی پۆشاکی عەرەبيیش، شوێنێکی تایبەت بە خواردنی چینيیش. هەمیشە چەندان نەژادی جیاوازی خەڵکی لە هاتوچۆدان. حەزم لەوەیە. هەروەها گۆشەنیگا لە پاسێکەوە زۆر جوان بوو، لەبەر ئەوەی لە سەروو ئەو خەڵکەوەیت کە دێن و دەچن. زۆر سەرنجی خەڵکی نێو پاس نادەیت کاتێک لەسەر شەقامیت، ڕاستە، بەڵام لەنێو پاسدا، لە ئاستی ئۆتۆمۆبێلدا نيیت. حەزم لەوەبوو ماوه‌ى هەفتەيه‌ک سواری پاس بم و وێنە بگرم. ئەو گۆشەنیگایەی کە بە حاڵ بۆ خوارەوە لە شۆستەکان هەموو ئەو فرۆشگه‌ و شتە بچووکانە دەڕوانێت، تەواو سینەماییە، بە شێوازە جوانەکەی.

 

تایم: ئەی چۆن ئادەم درایڤەرت ناسی، کە لە فلیمەکەدا زۆر ناوازەیە؟

 

ئادەمم لە زۆر شتدا نەبینیوە. لە ئەڵقەیەکی کچەکاندا بینیومە. هەوادارێکی گەورەی تیڤی نیم. بینیم کە شتێکی بچکۆلەی جوانی لەنێو ناخی لوین داڤیسدا کرد. لە فرانسیس هادا هەبوو. ڕووخساریم خۆش دەویست، هەروەها ئەو جۆرە هێوریەی. دواتر گوێم لە هەندێک چاوپێکەوتنی گرت. تەنيا ویستم ئەو کوڕە ببینم.

کارکردن لەگەڵ ئەودا زۆر مەزن بوو، لەبەر ئەوەی زۆر کاردەرەوە بوو. وەک ئەکتەرێک خۆی نەدەنواند، ئادەم ئەو فیلمانەی نەدەبینی کە تێیاندا ڕۆڵی دەگێڕا. حەزی لە بینینی خۆی نەبوو، لەبەر ئەوەی نەیدەویست ئەو شتە بشکێنێت کە تەنها دەیویست لەوێ بێت و وەک کاره‌کتەرێک کاردانەوەی هەبێت. نەیدەویست بیری لێ بکاتەوە؛ (چۆن بجووڵێم؟ چۆن دەر بکەوم؟ چۆن تێدەپەڕێت؟) بۆ ئەو، ئەوە یارمەتیدەر نەبوو. چەندان ئەکتەری تر هەن کە بەو شێوەیەن. ڕۆبەرت میتچوم هەرگیز تەماشای ئەو فیلمانە ناکات کە ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت. بۆ هەندێک لە ئەکتەران، ئەوە شتێکی باش نییە.

ئەکتەرانی تر حەزیان لێیە و لێوەی فێر دەبن، بەڵام ئادەم وانه‌بوو‌. دەیویست باوەڕپێکراو بێت، دەیویست کاردانەوەی هەبێت، نەیدەویست نواندن بکات. حەزم لەوەبوو.

 

تایم: بە گشتی وا دیارە دەزانیت چۆن باشترینی ئەکتەرەکانت دەر بخەیت. چۆن جار لەدوای جار ئەوە دەکەیت؟

 

هەموویان بە تەواوەتی لێکدى جیاوازن، منیش حەزم لەوەیە. شتێکی زۆر ئاڵۆزە ببیتە کەسێکی ئەندێشەکراو بە پێی خواست. ئەی چ ئامرازێک بە کار دەهێنیت؟ ئەزموونی ژیانت و هەست و سۆزەکانت. ئەوە فریودەرە، بۆیە کاتێک ئەکتەرەکان بێزار دەبن، یان وەک منداڵ ڕەفتار دەکەن، یان منداڵانەن، یاخۆ هەرشتێکی تر… تەواو لەگەڵیاندا هاوسۆزم. گەڕان بەدوای ئەوەی کە چیيان هەیە بیکەن؛ دەزانی بە تایبەتی ئەکتەرانی فیلم چاوەڕێی پڕۆژەیەک دەکەن، چاوەڕێ دەکەن و دواتر دانەیەک بە دەست دەهێنن. وەک ئەوە وایە: (دەی دەی بڕۆ! هێی! وەرە نواندن دەکەین. وەرە ببە بە پاڵەوانەکە!) دواتر ئيدیتۆر، دەرهێنەرەکە یان هەرکەسێک ده‌توانێت هەرڕۆڵێک کە دەیه‌وێت ببینێت. ئەکتەرەکان هیچیان بە دەست نییە. شتێک دەبەخشن، دواتر دووبارە دەیبەخشنەوە. هاوسۆزيانم، ئەوە کارێکی سەختە کە دەیکەن.

 

تایم: پاتێرسۆن کێشه‌ی باشیيەکانی نووسین، یان چێکردنی هونەری (تەنها بۆ خۆت) لە بەرانبەر پێشاندانی بە دنیا بەرز کردووه‌تەوە. هەموان لە تۆڕه‌ کۆمەڵایەتييه‌كانه‌وه‌‌ مژووڵی خۆدەرخستنن. چێکردنی شتێک تەنها بۆ خۆت -وەک پاتێرسۆن- واتای چییە؟

 

پێم وایە دەتوانیت تەنها متمانە بە خۆت یان هاوکارەکانت بکەیت. هەر کە پێت نایە دەرەوەی ئەوە و دەست بە وێناکردن دەکەیت، (دنیا چۆن ئەمە وەردەگرێت؟) هێزی خۆتت لە دەست داوە. تەنها هەستی ناوەکيی خۆتت هەیە. هەمیشە گوتوومە، لە یەکەمین ئەو فیلمانەوە کە درووستم کردوون، ئێمەی فیلمساز بۆ خۆمان فیلم چێ دەکەین. کاتێک زۆر لاو بووم لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ بێرناردۆ بێرۆلۆجی بووم لە هۆڵاند، کە بە قووڵی سەرسامی بووم. گەشەپێدەری ناوازەی مێژوو و جوانيی سینەما، بەڵام لێم شێت بوو. گوتی: (دەڵێیت فیلم بۆ خۆت درووست دەکەیت! پێم وابێت دەبێت ڕێگريیت لێ بکرێت. کە واتە تۆ دەستەبژێریت، بيریش لە دنیا ناکەیتەوە، ئەو دنیایەی کە دەبوو فیلمی بۆ درووست بکەیت.) ئەوە زۆر ناڕەحەتی کردم، لەبەر ئەوەی کەسێک بوو بە ڕاستی ڕێزم لێ دەگرت. بەڵام بەرگریم کرد و گوتم: (نەخێر هاوڕا نیم. هەوڵ نادەم شتێک بە دنیا بڵێم. هەوڵ دەدەم گوزارشت لە شتێک بکەم، ئەوانەمان کە فیلم درووست دەکەين هەستی پێ بکەین.)

چەندان شێوازی درووستکردنی فیلم، هونەر یان شیعر هەیە. یەکێک لەو هۆکارانەش کە لە شاعیرەکانی قوتابخانەی نیويۆرکدا سەرنجی ڕاکێشام، بیرۆکەی نووسینە بۆ کەسێک، نەک وەستان لەسەر لووتکەی چیاکە و گوتنی: (ئەمە ئەو شتەیە کە باوەڕم پێیەتی!)

 

تایم: وەک بیرۆکەی فرانک ئۆهێرا بۆ ناونیشاندان بە کەسێک لە ڕێی شیعرێکەوە؟

 

بەڵێ، ئەوەش لە ویلیەم کارلۆس ویلیەمس و واڵاس ستیڤنسەوە هاتووە. ئەوە بڵندگۆیەک نییە کە لێیەوە هاوار بکەیت. بە دڵنیاییەوە شەرمەزار دەبم ئەگەر پێم وابێت هەوڵ دەدەم هەستەکانم بە دنیا ڕابگەیەنم. وەک خۆم ئاسوودە نیم بەوەی هەوڵ بدەم لە لووتکەی چیاکەوە هاوار بکەم، بەڵام پێم وایە ئەوە بە جۆرێک ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی فیلمەکانم لە جۆری پەراوێزین. ئاشکرایە هەوڵی بەدەستهێنانی داهاتێکی گەورە نادەن، ئەگەر وا بوونایە، زۆر بە خراپی شکستم هێناوە.

 

تایم: خەڵکانێکی زۆر دەناسم کە زەحمەتی ئەوە ناکێشن شیعر بخوێننەوە، یان لەبەر ئەوەی هەست ناکەن تاقەتیان بۆ خوێندنەوەی هەبێت، یان کەمێک لێی دەترسن. دەتوانیت کورتە لیستێکی ئەو شاعیر و کارانەم پێ بدەیت کە دڵخوازی تۆن؟

 

ئۆو! ئەوە سەختە. ژمارەیان زۆرە. بە دانتێ دەست پێ دەکەم. بەو زانیاریيە دەست پێ دەکەم کە دانتێ بە زمانی ڕەشۆکی نووسیویەتی. بە زمانی شەقام نووسیویەتی. بۆیە بە نزیکەیی هاوتای هیپ هۆپە، بۆیە دانتێ یەکێکە لە جوانترینەکان. ناتوانم ئیتاڵی بخوێنمەوە، بەڵام تەنانەت لە وەرگێڕانیشدا، وەرگێڕانێکی باش، ئەو باشترینە.

دواتر دەڵێم ئارسەر ڕامبۆ بخوێنەوە! شاعیری هەرزەکار، کە لە ١٩ ساڵیدا لە نووسینی شیعر وەستا، کە ویستی زمان بە شێوازێک بە کار بهێنێت کە بە تەواوەتی تێگەیشتنت دەربارەی ئەوەی هەستەکانت وەریانگرتووە، پێچەوانە دەکاتەوە. شاعیرێکی ڕاستەقینەی یاخی، هونەرمەند، چ منداڵە شاعیرێکی سەمەرە بوو!

دواتر باز دەدەم بۆ واڵاس ستیڤنس، کە بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکاری دڵنیایی بوو. کاتێک جۆرێک خەڵاتی بردەوە، یەکێک لە هاوکارەکانى بەم جۆرە کاردانەوەی هەبوو: (بوه‌سته‌! واڵی شیعر دەنووسێت؟!) كه‌س بيرى له‌وه‌ نه‌كردبووه‌وه‌. یەکێکیشە لە جوانترین شاعیرە فەلسەفیيەکانی ئێمە. دواتر باز دەدەم بۆ قوتابخانەی نیويۆرک. ناشزانم ناوی کێ بهێنم! دەکرێ جۆن ئەشبێری، کێنیش کۆچ یان فرانک ئۆهێرا بێت، بەڵام تەنها با بڵێین فرانک ئۆهێرا؛ کاری سەرەکيی چاودێريی مۆزەخانەی هونەری مۆدێرنی نیويۆرک بوو. لەکاتی پشووی ژەمی نیوەڕۆدا شیعری دەنووسی. شیعرەکانی وزەبه‌خش و پێکەنیناوی بوون و چەندان خاڵی سەرسووڕمانيان تێدابوو. یەکێک لە شیعرەکانی بەمە دەست پێ دەکات: (ئەمڕۆ چەند پێکەنیناويیت نیويۆرک/ وەک گینگەر ڕۆجەر لە سوینگتایمدا[2]) خاڵی سەرسووڕمان ئه‌وه‌يه‌، ئەوە وەک هاوارکردنی شتێک نییە لە لووتکەی چیایەکەوە، بەڵکوو تەنها وردەکاريی پڕوزەی مرۆڤبوونە. بۆ هەمیشە ئەو کەسانەم لە دڵمدا هەڵگرتووە.

 

[1] پاتێرسۆن، نیوجێرسی

[2] فیلمێکی کۆمیدی-میوزیکیيە لە ساڵى ١٩٣٦ـدا له‌ لایەن جۆرج ستیڤنسەوە دەرهێنراوه‌. فرێد ئەستایرێ و گینگەر ڕۆجەر ڕۆڵی تێدا دەگیڕن.

Leave a comment