واڵتەر بنیامین
چاوێکی مارکسیست بۆ بینینی مۆدێلپەرستی لەناو سەرمایەداریدا
لەم کورتە نووسینەدا هەڵوەستە لەسەر بابەت و تێمایەکی ناو فیکری بنیامین دەکەم کە کەمتر ناسراوە و ئاوڕی لێ دراوەتەوە.
پێشڕەو محەمەد
کتوپڕێتی، بەسەرچوون و کاتیبوون.- ئەمە ئەو وشانەن بنیامین لە کتێبی «پڕۆژەی پاساژەکان»ـدا پێناسەی مۆدێل (فاشن)ـی پێ دەکات. لەو کتێبەدا کە لە گۆشەنیگای مارکسیزمی عەوامەوە ناباوە،
واڵتەر بنیامینی نووسەری «تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژوو» لە کتێبی « پرۆژەی پاساژەکان»دا فایلێکی تایبەت بە مۆدێل تەرخان دەکاتکە خۆی پێی دەڵێت کۆنڤۆلتی فاشن.
پێویستە لە بیرمان بێت کە ئەم کتێبە بریتییە لە مۆنتاژێکی ئەدەبیی ئیقتيباسەکان و ڕامان و بیرکردنەوەکان، ڕێکخستنی بیر و هزرەکان، فراگمێنتەکان، هەڵگرتنەوەی پەرەگراف و پەراوێزەکانی کتێبەکانی دیکە تا بە شێوەیەکی سەربەخۆ ببێتە ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ لە پڕۆژەی سەرمایەداریی مۆدێرن. پاریس، پایتەختی سیاسەت -وەک فریدریش ئەنگڵس ناوی لێ نابوو، چونکە یەکەم شۆڕشی بۆرژوازی لەوێ ڕووی دابوو و پاشان کۆمۆنەی پاریس سەری هەڵدابوو- لای بنیامین شاری نموونەیيی مۆدێرنیتە بوو. لێرەوەیە گرنگیی لێکۆڵینەوە مەزنەکەی دەبینین. باڵادەستیی سیاسیی بۆرژوازی و یەکەم پەلامارە گەورەکان بۆ سەر ئەم نەزمە لێرە سەری هەڵدا.
پاریس تینوێتیی ڕوون و ئاشکرای مۆدێلە. تەنانەت ئەمڕۆش پاریس شاری ڕێڕەو و شەقامە باریکەکانە. دیزاینی مۆدێل لە پاشایەتیی فەڕەنسیدا کاتێک دەرکەوت کە گرووپێک لە هونەرمەندان بڕیاریان دا ئەو مۆرک و نیشانانە بخەنە سەر جلوبەرگەکان کە بە هۆی زیرەکی و لێهاتووییانەوە درووست کرابوو و هەروەها پاشان هەر دیزاینەرێکی باش کۆچ بۆ پاریس دەکات بە تایبەت ئەوانەی هەوڵیان دەدا جلوبەرگی دیزاینکراوی خۆیان بە کۆشک و دەرباری پاشایەتی بفرۆشن. میراتبەرانیان: هێرمس، چانڵ و ئەوانی دیکە لە سەدەی بیستدا دامەزرێنران.
چۆن باڵۆن، پۆلیس و مۆدێل حوکممان دەکەن؟
بنیامین باس لەوە دەکات مۆدێل (فاشن) سیانەی باڵادەستییە. «حاکمان هەوڵی پاراستنی پێگەکانیان بە خوێن (پۆلیس،) فریودان (فاشن،) جادوو (باڵۆن) دەدەن.» ئەمە واتا فاشن گەڕانێکی هەمیشەیی و ئەبەدییە بە دوای تازەیەتی، مەرگ و گۆڕانکاریدا.
سەرمایەداری، لە ڕووبەڕووبوونەوەی داوەشان و نامۆبوونی ئەبەدیی خۆیدا وا لە کرێکار دەکات لەوپەڕی بێزاری و وەڕهزیدا کار بکات. هەموو ڕۆژێک ماندوو و شەکەت، هیچ ڕۆژێک شتێکی نوێ نەبیستێت. ژیان بۆ کرێکار لەناو سەرمایەداریدا کاری سیزیفییە. لەخەوهەڵسان، نانی بەیانی (بە دەگمەن، لە ئەمڕۆدا سەفەری،) چوونهسەرکار، بۆ-ماڵەوە-گەڕانەوە، خواردنی نانی ئێوارە، ڕەنگە حەمامکردن و پاشان خەوتن. ئیتر وێنای سبەی بکەن! باڵادەستیی ئەبەديی کاری بە کرێی ڕۆژانە وا دەکات ژیان کەمترین ڕەهەندی سەرکێشی و پاڵەوانانەی هەبێت. چى بۆ ئەو کەسانە تازەیە کە زیاتر لە ٢٠، ٣٠، ٤٠ ساڵ لە هەمان شوێندا کاریان بە هەمان ڕۆتینی ڕۆژانە کردووە، كه نابێت بە هیچ جۆرێک نەزمی کارکردن بشکێنن و پێويسته لەسەر ڕژێمی کاری بە کرێ بەردەوام بن؟
باشە. بنیامین دەڵێت فاشن بەلاڕێدابەرە. فاشن دەیەوێت پێمان بڵێت شتێکی نوێ لەناو ئەو هەموو کۆنییەدا هەیە بیبینین، شتێکی نوێ بۆ بیستن، شتێکی نوێ بۆ دەربڕین و شتێکی نوێ بۆ خوێندنەوە. ئەمە واتا مەرگی ئەبەدیی تازەیەتی بریتییە لەو لۆژیکەی یارمەتیی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایە دەدات. با ببینین!
بنیامین دەڵێت: «زەروورەت و پێداویستیی بۆ هەستیاریی هەمیشە ڕەزامەندی و تێربوونی خۆی لە مۆدێلدا دۆزیوەتەوە، بەڵام لە بنچینەی خۆیدا تەنها لە ڕێگهی لێکۆڵینەوەی تیۆلۆژییەوە دەکرێت دەستى پێ ڕابگات، چونکە لێکۆڵینەوەیەکی وەها بۆ ئاڕاستەیەکی قووڵی کاریگەر بۆ پڕۆسەی مێژوویی لە بەشی بوونی مرۆییدا دەدوێت.» نوقسانی لە ئەزمووندا، نوقسانی لە تازەیەتیدا. ئەو شتەی دەچێتە سەرووی ئێمەوە، ئەوەیە کە سەرمایەداران دەست دەکەن بە دامەزراندنی هونەرمەندان، دەیانگۆڕن بۆ دیزاینەران تا ئەزموونەکانی تازەیەتی درووست بکەن.
سێيينهکە: ئەوان دەتوانن لە ڕێگه و هاوشانی پۆلیسەوە، بمانچەوسێننەوە و سەرکوتمان بکەن. کە واتە فاشن بەشداریی لە سەرکوت و چەوساندنەوەدا دەکات؛ ئەوان دەتوانن لە ڕێگهی جادووەوە بە لاڕێماندا ببهن (واتا پڕۆپاگەندەکردن بۆ داهاتوو لە لایەن سیاسەتمەدارانی ڕۆژەوە) و هەروەها فریومان بدەن. پۆلیس، جادوو (پڕۆپاگەندە) و فریودان (فاشن) سیانەی سەرکوتکاريی سەرمایەدارین.
کاڵا: پێگەی کۆمەڵایەتیی
بەڵام با لەوەش زیاتر بڕۆین. بنیامین لە «کاری هونەری لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیدا» دەڵێت «خەرمانە» لە لایەن سەرمایەوە لا دەبرێت، بەڵام لە مۆدێل (فاشن)ـدا «دەگەڕێتەوە ناو ژیان» یان «ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە.» لە کۆتاییدا ئەمە واتا: کڕینی مۆدێل، کڕینی خەرمانەیە. ڕوونتر: بە بەکارهێنانی مۆدێل وا هەست دەکەین چوارچێوەیەکی موقەددەس و باڵامان کڕیوە و وەک پشتێنە لە خۆمانی دەبەستین. ئەگەر سەرمایەداری لە دەستێکدا خەرمانەی موقەددەسی خۆی بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵبگرێت، بۆ ئەوە ئەم کارە دەکات، هەموان بخاتە ناو تۆڕی مۆدێلەوە تا هەموان هەست بەوە بکەن خاوەن پێگەی یەکسانن، بەڵام ڕاستیيهكهى مۆدێل فێڵی سەرمایەدارییە بۆ ئەوەی هەست بە نایەکسانی نەکەین و نامۆبوونی خۆمان لەناو ئەم سیستەمەدا لە بیر بچێتەوە.
پۆشاکێک بەهاکەی لە بازاڕێکی گشتی و ئاساییدا چەندە و لە گەورەبازاڕێک (مۆڵێک)ـدا چەندە؟ بە ڕاستی لە دەرەوە و ناوەوەی بازاڕدا ئێمە چ شتێک دەکڕین؟ لە ناوەڕاستی فرەیيی ژیانی مۆدێرندا، کە تێيدا دەژین، کڕینی فاشن، کڕینی پێگەیە، کڕینی پرێستیژ و شکۆی کۆمەڵایەتییە، کڕینی خەرمانەی تاقانەییبوونە. ئێمە خەریکین نرخێکی دەبەرانبەر زیاتر بەو جلوبەرگانە دەدەین کە تێچوونی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانیان ئێجگار هەرزانە. (هێزی کار؛) هەموو ئەو مۆدێلانەی دەیانکڕین، هەرپۆشاکێک لە بەری دەکەین، بە تێچوونی گۆشت و خوێن و ژیانی کرێکارێکی هەرزان درووست كراوه. هەرگیز بیرتان لەوە کردووهتەوە: مارکەیەکی ئەڵمانی کە وەک مۆدێلی نوێی ڕۆژ دەیکڕن، نرخەکەی لە کرێی مانگێکی دە کرێکاری بەنگلادیشی زیاترە کە هەمان ئەو مارکە ئەڵمانییە بەرهەم دەهێنن؟ هەرهەنگاوێکی خانمێک بە پێڵاوی ئاخرمۆدێلەوە هەنگاونانە بەسەر لاشەی زیندووی بەنگلادیشییەکدا؟ هەرتیشێرتێکی دوامۆدێلی بهرى گهنجێك، تێکدانی ژیانی چەندان منداڵی بەنگلادیشییە؟
ئەگەر مارکس گوتوویەتی (کاڵا خاوەن بەهای ئاڵوگۆڕ و بەهای بەکاربردنە،) جیاوازیی چییە كه پۆشاکێکی بەرهەمهێنراو بە هەمان شێوە لە بازاڕێکی بچووک و نافەرمیدا، بەڵام بە نیشانەی مارکەیەکهوه دەفرۆشرێت؟ بێ گومان شکۆ و پرێستژی کۆمەڵایەتی. مەبەستی ئەمەش تێرکردنێکی پێداویستیی کۆمەڵایەتیی ناماتریالییە، پڕکردنەوەی بەتاڵايیمانه تا لەگەڵ ئەوانی دیکەدا هەست بە یەکسانبوون بکەین. هەستکردن بەوەی هیچێتیی لەوانی دیکە جیامان دەکاتەوە، بیرکردنەوە لەوەی بە تەرخانکردنی بڕی دەبەرابەر گرانتر بۆ پۆشاکێک دەبینە تاقانە، خەرمانەی تاقانەیەتی (die Aura der Einmaligkeit)ـيه.
سەرچاوەی ئیقتيباسەکان:
Walter Benjamin: The Arcades Project, translated by Howard Eiland and Kevin McLaughlin, Harvard University Press paperback edition, 2002.