زاموا محەمەد، خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناوی (لەرزی عەرش و لەرزی باغیش.) ئەم کتێبە یەکەمین بەرهەمی بڵاوکراوەی نووسەرە و سەرەتای ئەمساڵ بڵاو کرایەوە.
زاموا محەمەد دەنگێکی نوێ و جیاوازی نێو ئەدەبیاتی کوردییە و خاوەنى ڕوانگەیەکی تایبەت بە خۆیەتی. سەبارەت بە کتێبە نوێيهکەی بەم شێوەیە بۆ سولی ئۆن وێب دوا: لە ڕووی بونیادەوە، ئەم کتێبەشیان هاوشێوەی کتێبی پێشووم (لەرزی عەرش و لەرزی باغیش،) لە هەریەک لە دەقەکانی ناویدا هەوڵی دووبارەکردنەوەی ناونیشانی کتێبەکە دەدات، هەوڵی ماناپێدان و ڕوونکردنەوەی دەدات؛ ئەمە جگە لەوەی دەقەکان وەک خۆیان و بەتەنیا لە لایەکی ترەوە هەوڵ دەدەن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و تاک تاکیش هەبن. لە هەردوو کتێبەکەدا ناونیشان بە ناو کۆی دەقەکانی ناوەوەدا تێدەپەڕێت، یان تێیاندا دەنێژرێت. لە هەندێک دەقدا ناونیشانەکە خزێنراوەتە ئاستی (گوتاری)یەوە، لە هەندێکی تردا لە ئاستی (بینراو-ڤیژوەڵ)ـدایە و دەشێ وەک خوازە، چواندن یان تەوریيەیەک دەر بکەوێت.
هەروەها زاموا دەڵێت ئەم کۆمەڵەچیرۆکەش هاوشێوەی کتتێبی پێشوو، ئهگەر خۆم مافی پۆلێنکردنیم پێ بدرێت، دەچێتە خانەی ئەدەبی ئەزموونی (تەجریبی)یەوە؛ شێوازێک کە تێیدا -ئهگەر زۆر بە کورتی بڵێم- ئەدەب خودئاگایانە و بە ویستەوە لەو وادانان و ڕێسایانە لا دەدات کە تێگەی ژانر و کانوونی ئەدەبی پێک دەهێنن. چۆن شیعربوونی دەقەکانی کتێبی یەکەم سەرەتا لە هەڵوەشاندنەوەی تێگەی ژانر و فۆرمی شیعری و هەڵوەشاندنەوەی شوناسی خۆیانەوە دەستی پێ دەکرد، ئاوا چیرۆکبوونی دەقەکانی ئەم کتێبەش سەرەتا لە هەڵوەشاندنەوەی تێگەی ژانر و هەڵوەشاندنەوەی شوناسی خۆیانهوه -شوناسی کلاسیکیی چیرۆک وەک پێدراوێکی قەبووڵکراو لە لایەن ئەوانی ترەوە- دەست پێ دەکات.
چەند دێڕێک لە یەکێک لە چیرۆکەکانی کتێبەکەوە:
ئیمقو نزیکی دەروازەی باغی شاهانە بووەوە، چاوی بە شاعیرێک و شێوەکارێک کەوت کە بە ڕقەوە گفتوگۆیان بوو. کە بە لایاندا تێپەڕی، بەو گوێیەی کە هێشتا گۆشت و کڕکڕێنەیە و نەبووەتە قوڕ، هەر هێندە فریا کەوت بژنەوێت کە شێوەکارەکە گوتی: (من ناچار نیم پەنا بۆ زمان ببهم تا وێنەی تێدا هەڵبکۆڵم، چونکە هونەرمەندم.) شاعیرەکەش وەڵامی دایەوە: (زمان دەروازەکانی خۆیيت بۆ ناکاتەوە تا وێنەی تێدا هەڵبکۆڵیت، چونکە شاعیر نییت.)
سولی ئۆن/ تایبەت