[دەمویست هەموو تابۆیەک بشکێنم]

چاوپێکەوتن له‌گه‌ڵ چارلز ئه‌زنه‌ڤۆردا

سازدانى ئەنجیلیک کریسفس

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر

(دەمویست هەموو تابۆیەک بشکێنم.)

ئەزنەڤۆر

پێیان دەوت زۆر ناشيرین و کورتەباڵایە و دەنگێکی ناخۆشی هەیە، بەڵام دواتر بە پەنجاویەک ئەلبوومەوە بووە ئەفسانەیەکی نەمر. لەم چاوپێکەوتنەدا ئەم گۆرانیبێژە فەڕەنساییە نه‌وه‌دويه‌كساڵەيه‌ لەباره‌ى ئیدت پیاف، کیم کارداشیان و نەشتەرگەريی جوانکارييه‌وه‌ قسەمان بۆ دەکات.

چارلز ئەزنەڤۆر، یەکێکە لەو گۆرانیدانەرە هەرەمەزنانەی تا ئێستا فەڕەنسا بە خۆيیەوە بینیوه‌. چەند ڕۆژێک بەر لە نه‌وه‌دويه‌كه‌مين ساڵیادی لە دایکبوونى لەسەر قەنەفە قەیفەکەی دانیشت و باسی بۆنی بنباڵی خانمانی بۆ کردین.

لە یەکێک لە گۆرانییەکانی ئەلبوومە نوێیه‌کەیدا دەڵێت: (بۆنی بنباڵیشتم خۆش دەوێت.) بەو دێڕە ئه‌و ژنە سویدییەی کە په‌نجا ساڵ بوو لەگەڵیدا دەژیا نیگەران کرد. بەڵام سەرەڕای ئەوەش وتی: (من گوێگرەکانی خۆم باشتر دەناسم.) ئەگەر چارلز سەرکەوتووترین گۆرانیدانەری فەڕەنساييی جیهان بێت و ئەو گۆرانیدانەرە بێت کە بۆ چەندان دەیە شوناسی کولتووری وڵاتەکەی بووبێت، ئەوا لەبەر ئەوە بووە کە گۆرانییەکانی هەمیشە ڕچه‌شکێن بوون.

کاتێک ئەزنەڤۆر لە ساڵانى 1940دا دەستی بە نووسین کرد، قسەکردن له‌باره‌ى سێکسه‌وه‌ شتێک بوو لەگەڵ باسکردنیدا دەبوایە گڵۆپەکانت بکوژاندایەتەوە. ئاسایی بوو بۆ ژنانی گۆرانیبێژ گۆرانی بەسەر دڵی شکاویاندا بڵێن، بەڵام پیاوان گۆرانیيان بەسەر کێشە سۆزدارییەکانی خۆیاندا نەدەوت، بە جۆرێك تەنانەت ئەگەر نەخۆشيی پڕۆستاتیشیان هەبوایە، دەیانشاردەوە. چارلز ئەزنەڤۆر بە گۆرانییەکانی تیشکی خستە سەر مەسەلەی پیاوەتی، ئارەزووی سێکسی و سێکس، دڵتەنگی، کینە و دەستدرێژی. هەر لە ساڵانى 1970وە بە چیرۆکی هاوڕەگەزبازی و گۆڕینی ڕەگەز لە گۆرانيی (چ شتێک پیاو دەکات بە پیاو)دا دەستی پێ کرد تا لاواندنەوە دەگمەنە قەدەغەکراوە جوانەکەی کە بەسەر شەکەتيی دوای سێکسدا بە ناوی: (گۆرانيی دوای خۆشەویستی) چڕی و هەروەها گۆرانییە مشتومڕئامێزه‌كه‌ى (تۆ دەستت له‌ خۆت هه‌ڵگرتووه‌) وەک وەڵامی پیاوێکه‌ بۆ ژنەکەی کە بەردەوام جلی کۆن لە بەر دەکات و قەڵەو بووە. لە یەکێک لە دێڕەکاندا دەڵێت: (کاتێک تەماشات دەکەم، بێ تاقەت دەبم، چونکە هەست دەکەم دایکت لەوێدا ڕاوەستاوە، نەک خۆت.)

ئەزنەڤۆر هەرگیز نازانێت تۆبە چییە و دەڵێت: (ئەوەی له‌ مندايه‌، جۆرێکە لە نەخۆشی، قسەکردن لەباره‌ى کۆمەڵە شتێکه‌وه‌ کە نابێت له‌باره‌يانه‌وه‌ بوترێت. بە هۆمۆسێکسواڵیتی دەستم پێ کرد و ویستم هەموو تابۆیەک بشکێنم.) بە دێڕەکانی گۆرانيی بنباڵ لە هۆنراوە نوێيەکەدا وێنای هەستی بۆنکردنی عاشقێکی نابینا دەکات. (کاتێک گۆرانیم لەبارەی نه‌بیسته‌کانەوە -گۆرانيی عەشقی بێدەنگ- نووسی، خۆم فێری زمانی ئاماژه‌ کرد تا لەسەر ستەیج بە کاری بهێنم. لەم ئەلبوومەدا ویستم وێنای هەستی عاشقبوون -کە دەبێت لای کەسێکی نابینا چۆن بێت- بکەم!) کەمێک وەستا و پاشان درێژه‌ى دايه‌: (هیشتا نازانم چۆن ئه‌وه‌ بنوێنم!) ئەزنەڤۆر لەکاتی نمایشەکانیدا نواندنی دراماتیکيانەی بۆ چەندان ڕۆڵی جیاواز کردووە کە هاوشێوەی نواندنی هونەری بێدەنگە (هونەری میمی). ئەو بە پێچەوانەی ستایلی فرانک سیناتراوه‌ ئه‌کتەرێکی گۆرانیبێژە، نەک گۆرانیبێژێکی ئەکتەر.

ئەزنەڤۆر هێشتا لە نووسینی گۆرانی و نواندن بەردەوامە. نزیکەی 1200 گۆرانيی نووسیوە و زیاتر لە 100 مليۆن تۆماری لە ماوەی 70 ساڵی کارکردنیدا فرۆشتووە. گەلی فەڕەنسا وەک کۆتا ئەفسانەی زیندووی سەردەمی ئاڵتوونی ئەزنەڤۆر دەپەرستێت. هاوشێوەی زۆرێک لەو گۆرانیبێژە بەناوبانگانەی بوونە شوناسی هونەريی فەڕەنسی، بە نموونە جۆرج مۆستاکی و تا ڕادەیەکیش ئیدیت پیاف، ئەزنەڤۆریش توانی بە ڕەگە بیانییەکەی خۆیەوە ئەو فۆڕمە لە شوناسی فەڕەنسی وەربگرێت. شاهنۆر ڤارێنگە ئەزنەڤۆر لە پاریس و لە باوکێکی ئەکتەر و دایکێکی گۆرانیبێژ لە دایک بووە کە بە هۆی جینۆسیادی ئەرمه‌نییەکانەوە لە ئەرمینیا  هەڵهاتوون. ئەزنه‌ڤۆر لە تەمەنی نۆساڵیدا قوتابخانە به‌ جێ دەهێڵێت و دەبێتە منداڵێکی ئەکتەر. لە سەردەمی داگیرکاريی ئەڵمانیا بۆ سەر پاریس لەوێ مایەوە و لە چێشتخانە و تیاترۆخانەکاندا گۆرانيی دەوت. لەو کاتەدا دایکوباوکی لە باڵەخانەکەی خۆیاندا سەرقاڵی شاردنەوەی هاوڕێ ئەرمەنی، جوولەکە، ڕووسی و کۆمۆنیستەکانیان بوون و دواتریش  باوکی چووە ڕیزی بەرگریکارانەوە. پیاف ناچاری کرد لووتی نەشتەرگەری بکات. دوای نەشتەرگەريیەکەش پێی وت: (پێشتر بە لامەوە جوانتر بوويت.)

بەڵام ڕێگه‌ی ئه‌زنه‌ڤۆر بەرەو سەرکەوتن درێژ و پڕمەینەتی بوو. ڕەخنەگرە فەڕەنساییەکان وەک کەسێکی نەویستراوی ناشيرین و کورتەباڵا به‌ لا‌یانه‌وه‌ نابوو و پێیان وابوو تایتڵی گۆرانییەکانی گوماناوین. هەتا کۆتایيی ساڵانى په‌نجاش بەو شێوەیە بوو. دە ساڵ دواتر پیاف وەک گۆرانیدانەری خۆی وەری گرت. بوونە هاوماڵ و لە کۆتايیدا ئەزنه‌ڤۆر توانی گەشتە هونەرییە دەوڵەمەندەکەی دەست پێ بکات. لە ساڵی 1960دا لە شەپۆلی نوێی فیلمی کلاسیکيی فڕانسیسۆی تروفەوتدا ڕۆڵی پیانۆژەنێکی شەرمن و خەمباری بینی (كارى لە زیاتر لە 60 فیلمدا كرد.) بەڵام ناوبانگە جیهانییەکەی بۆ گۆرانیوتن لە ساڵانى حه‌فتادا بە سەرکەوتنێک دەنگی دایەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئینگلتەراشی بڕی. ئەوە دوای  وەرگێڕانێکی نایابی گۆرانییەکانی بوو بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. (گۆرانيی ئەو کچە لە بەریتانیا بووه‌ يه‌كه‌مينى نێو لیستی گوێگران، کەچی لە فەڕەنسا زۆر نەناسرا.) ئەم پیاوە فەڕەنساییە لاوازە ڕووخسارناشيرینە کە بە ده‌ تۆنی جیاواز گۆرانيی بەسەر دڵتەنگی و ئازاردا دەوت، سەرنجی هەموو بەریتانیای ڕاکێشا. پێکەنی و وتی: (هەمیشە وتوومه،‌ فەڕەنسا بۆ شیعر و ئینگلتەراش بۆ میوزیک.)

ئەزنەڤۆر ئەو (دایناسۆر)ەی سەردەمە کە وشەکانی وەک گەنجێکی نەمر دەمێننه‌وه‌. ئێستا په‌نجاویەکەمین ئەلبوومی ستۆديۆی لە بەریتانیاندا بڵاو بووه‌تەوە و کاریش لەسەر ئەلبوومی په‌نجاودووهەمینی دەکات. زۆر دڵخۆشە بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی لە لایەن ڕاپه‌ره‌ فەڕەنساییەکانەوە. له‌م قۆناغه‌دا چێژ لەو ئایرۆنییە دەبينێت کە لە ساڵانى سيى تەمەنیدا وەکوو کەسێکی ناشيرین سەیر دەکرا و ئه‌مێستاكه‌ش كه‌ پێى ناوه‌ته‌ نۆيه‌مين ده‌يه‌ى ته‌مه‌نيه‌وه،‌ وەکوو کەسێکی قۆز و تەڕپۆش لێى ده‌ڕوانن. پرسیمان چوونه‌نێو 91 ساڵى ته‌مه‌نه‌وه‌ هەستێکى چۆنه؟ بە چاوێکی کراوەترەوە وتی: (نازانم. چونکە وا هەست ناکەم نه‌وه‌دويه‌ك ساڵ بم. هەمیشە پێم وابووە نابێت هیچ کەسێک دنیابینینيی منداڵانەی ناخی خۆی لە دەست بدات.)

بە باڵایەکی 160 سه‌نتیمەترى و لاشەیەکی لاوازەوە توانيویەتی بە گەنجی بمێنێتەوە. (ڕێکڕاگرتنی شانەکانی نهێنيی بەگەنجيمانەوەیەتی.) سەرەڕای هەموو ئەمانەش زۆر ڕاستگۆیانە له‌بارەی کێشەکانييه‌وه‌ لەکاتی نواندن لەسەر ستەیجدا دەڵێت: (من هیچ شتێک لە گوێگرەکانم ناشارمەوه‌.) بە هەموان دەڵێت لە بەردەمیدا شاشەیەک دانراوە تا دەقەکان بخوێنێتەوە، چونکە کێشەی بیرچوونەوە و بيربڵاويی هەیە و دەشڵێت بە هۆی برینەکانی دەمیەوە بە قورسی گۆرانی بۆ دەوترێت و هەروەها ئامێری بیستن بە کار دەهێنێت. ئەزنەڤۆر ڕقێکی زۆری لە کولتووری (بەگەنجمانەوە)يه‌ و ئەم بە ڕووخساری بازرگانی ناوی دەبات.

(ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیاوی زیاتر و زیاتر ڕووخسار و شێوەی خۆیان دەگۆڕن و نەشتەرگەريی جوانکاری دەکەن. ئەو شتە بە ئاسانی لەکاتی نمایشی تەلەڤزیۆنیدا هەستيان پێ دەکرێت، کاتێک قژەڕەشە مردووەکەیان لەژێر ڕووناکیدا شین هەڵدەگەڕێت. من کێشەم لەگەڵ لووتمدا هەبوو، دەستکاریم کرد و قژە هەڵوەریوەکانیشم دووبارە چاندەوە، بەڵام وازم لە چرچه‌‌کانی سه‌ر پێستم هێنا. هێشتاش ئاوا لەوانی تر گەنجتر دەردەکەوم، چونکە هەرگیز دەستم لە کاری سرووشت نەداوە.)

ڕاستیيه‌كه‌ى ئەوە ئیدیت پیافی ئەستێرەی یانەکان و شاژنی گۆرانيی فەڕەنسايی بوو کە په‌نجا ساڵ لەمەوبەر ئەزنەڤۆری ناچار کرد دەستکاريی لووتی بکات. بۆ ماوەی چەندان مانگ و بە بەردەوامی زۆری لێ دەکرد تا لووتی نەشتەرگەرى بکات، چونکە پێی وابوو زیاد لە پێویست گەورەیە. لە کۆتایيدا ئەزنەڤۆر خۆی خستە ژێر چەقۆکەوە و لووتى نەشتەرگەرى كرد‌، بەڵام کە تەواو بوو، پیاف پێی وت: (پێشتر جوانتر بوویت.)

لە ئەلبوومە نوێیەکەیدا یەکێک لە گۆرانیيەکانی بەسەر پیافدا وتووە. ئەوە یەکەمين جارە لەباره‌يه‌وه‌ بنووسێت، هەرچەندە بە ڕووکەش بۆ ماوەی هەشت ساڵ پێکەوە ژیان. ئه‌زنه‌ڤۆر دەڵێت: (وەک خزم وا بووین. پێوەندییەکی زۆر ئاڵۆزی نائاسایيمان هەبوو و هەرگیز پێوەنديی خۆشەویستیمان پێکەوە نەبووه‌. پێم وایە هەر ئەو شتەش بوو کە پێوەندییەکەمانی پاراست.) پرسیمان بۆچی پیافی ئەستێرە، ئەزنەڤۆری هەڵبژارد، کەسێکی نەناسراو کە نۆ ساڵ لە خۆی منداڵترە؟) لە وەڵامدا وتی: (من گەنجيی خۆم و شێتييه‌کەمم بە پیاف بەخشی، ئەویش سەراپای هەراوهوریای منی خۆش ویست.) (ناتوانم لەبارەی کارداشیانەوە هيچ بڵیم، چونکە هەرچی بڵێم نیوەی گەلی ئەرمینیا تووڕە دەکەم.)

یەکێکی تر لە ڕۆڵە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی ئه‌زنه‌ڤۆر ئەوەیە کە بووەتە یەکێک لە کەسایەتییە ئەرمەنييه‌ بەناوبانگەکان لە جیهاندا. لە کۆتایيدا توانی ببێتە هەڵگری ناسنامەی ئەرمەنی و ئێستا لە سویسرا باڵوێزی ئەرمینیایە و ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا (فرانسیۆس هۆڵاند)دا بۆ یادکردنەوەی سەدساڵەی جینۆسایدی ئەرمینیا سەردانی ئەرمینای کرد، بەڵام هێشتا شوناسی ئه‌زنه‌ڤۆر فەڕەنساییە و دەڵێت: (هەمیشە هەستم بە فەڕەنسايیبوونی خۆم کردووە. وتنی ئەوە پێشتر ئەرمینیيەکانی بە ڕاستی تووڕە دەکرد، بەڵام ئێستا ئیتر پێی ڕاهاتوون.)

بە ڕێزەوە ڕەتی کردەوە بۆچوونی خۆی لەبارەی ڕکابەرەکەی (کیم کارداشیان)ـه‌وه‌ دەر ببڕێت کە بە سیمبوڵی میدیاى نێودەوڵەتيی ئەرمەنییەکان دادەنرێت. هەرگیز چاوی پێی نەکەوتووە و ئێمەش پرسیمان: (ئایا سەیری پڕۆگرامەکەی دەکات؟) لە وەڵامدا وتی: (ناتوانم لەو بارەیەوە هیچ بڵێم، چونکە نیوەی گەلی ئەرمەن تووڕە دەکەم.) بە دوودڵییەوە پێکەنی و وتی: (پێم وایە ئەرمه‌نه‌کان بەڕێزن و زۆر حەزیان لە ڕاشكاوى نییە.)

چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر ئەزنەڤۆر فەڕەنسای تووشی شۆک کرد، کاتێک وتی: (بەرتیلی داوە تا پلانی سیاسيی هەموو لایەنەکان ئاشکرا بکات.) دوای ئەوەی بەوە تاوانبار کرا کە لە ساڵانى 1970دا باجی نەداوە و هەڵهاتووە. هەرچەندە دواتر لیژنەیەکی باج بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە نێررا، بەڵام هیچ شتێکی ناقانوونييان نەدۆزیيەوە. ئەزنەڤۆر چەند ساڵێك لەمەوپیش فەڕەنسای بە جێ هێشت، بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی سویسرادا بژی. (من هەرگیز لە باج ڕامنەکردووە.) زۆر نیگەران بوو کاتێک ناچار بوو بڵێت: (ئەو کاتەی فەڕەنسام به‌ جێ هێشت، يه‌ك قرانم پێ نەبوو.)

ئەو بڕگەیەی کە ئه‌زنه‌ڤۆر زۆر ڕقی لێی دەبێتەوە، ئەوەیە کە (گەشتی ماڵئاوايی)ـى پێ دەوترێت و گوايه‌ هەرگیز وشەیەكى لەو بارەیەوە نەوتووە و سوێندیشى خواردووە تا ئەو کاتەی ژیان بە جێ دەهێڵێت، لە نمایش بەردەوام بێت.

لە یەکێک لە گۆرانییەکانیدا دەڵێت: (دەبێت فێر بیت ئەو کاتەی خۆشەویستی لەسەر مێزەکە نەما، مێزەکە بە جێ بهێڵیت.) بەڵام گوێگرەکانی ئەزنەڤۆر بەردەوام بە قاپێکی پڕەوە لەسەر مێزەکە دانیشتوون، بۆیە ئەویش بە بەردەوامبوونی دڵخۆشە.

Leave a comment