[خودا، دین، مانا و مەرگ لە سینەمای وودی ئالندا]

فایلی تایبەتی وودی ئالن: خودا، دین، مانا و مەرگ لە سینەمای ئالندا

موعین ڕەسووڵی

لە فارسییەوە: حەمەی مەلا

وودی ئالن هەمیشە ڕووخسارێکی مشتومڕخوڵقێن بووە. هەندێک وەک ڤینیست کانەبی لە هەموو دۆخەکاندا ئەویان وەک گرنگترین دایرێکتەری کۆمیديی ئەمه‌ریکا ستایش کردووە، هەندێکیش وەک پالین کیل ئەوەیان وەک فەردێکی کڵێشەیی ڕەخنە کردووە و بە کەسێکی خاڵی لە ڕەسەنایەتییان زانیوە. ڕەخنەگرانی دیکەش وەک ئاندرۆ ساریس، هەندێک جار نائومێدییان لە بەرانبەر هەوڵەکانیدا دەربڕیوە، بەڵام هاوکات تایبەتمەنديی بەرهەمەکانیشیان پشتڕاست کردووه‌تەوە. لەگەڵ هەربۆچوونێکیاندا بین، ئەم خاڵە چاوپۆشيی لێ نەکراوە کە وودی ئالن بە نەشتەری ئاگایيی کولتووریی و ڕەخنەگرانەی هاوچەرخ، بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی ئێمەی له‌بارەی دانەر (مؤلف،) گێڕانەوە، گۆشەنیگا (vision،) شەرحی کارەکتەر، تێما، ئایدۆلۆژیا و سێکسوالیتەوه‌ بە کێشە کردووە. ئالن کە ستایشکاری سینەمای کلاسیکيی هۆڵیوودی دەیەی سی و ساڵانى چلە، ئەم هۆگرییەی بۆ دایرێکتەرانی ئەمه‌ریکا بە هەوڵ و کۆششەکانی بە دایرێکتەرانی ئەورووپاييی وەک: فیدریکۆ فیلینی، ڤیتۆریۆ دیسیکا و لەمانەش گرنگتر بە ئێنگمار بێرمانەوە پێوەست دەکاته‌وه‌ و بە پشتبەستنی زۆری بە ئەدەبیاتی کلاسیکيی ڕووسی لە بەرهەمەکانیدا له‌بارەی چەمکەکانی خودا، مەرگ، حەقیقەت، مانا و یەهوودییەته‌وه‌ دەدوێت.

فیگەری فیلمەکانی وودی ئالن بە گشتی لەبارەی خوداوە بیر دەکەنەوە و نەبوونی خودا لەگەڵ پووچی و بێمانایيی جیهاندا بە هاوتا دەزانن و کاتێک نیشانەیەک لە خودا نادۆزنەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی پەرێشانی و بیری خۆکوژی لێیان دەدات. بۆ نموونە لە فیلمی (عەشق و مەرگ)ـدا بۆریس (بە ڕۆڵگێڕانی وودی ئالن) فەلسەفەی گومانگەرایانەی خۆی بۆ سۆنیا (بە ڕۆڵگێڕانی دایان کیتون) بەم شێوەیە باس دەکات:

بۆریس: سۆنیا! چی دەبێت ئەگەر خودایەک بوونی نەبێت؟

سۆنیا: بۆریس دیمیترویچ! گاڵتە دەکەیت؟

بۆریس: چی دەبێت ئەگەر ئێمە کۆمەڵێک لێبووکی بێ تایبەتمەندی بین، کە لە خۆڕا و بێ ئامانج بە دەوری خۆماندا بسووڕێینەوە؟

سۆنیا: بەڵام ئەگەر خودایەک لە ئارادا نەبێت، ژیان مانایەکی نییە. لە حاڵێکی وادا ئێمە بۆچی زیندووین؟ بۆچی خۆمان ناکوژین؟

سۆنیا پێداگرە لەسەر ئەوەی ئه‌نجامگريی بکات کە ئەگەر خودایەک بوونی نەبێت، ئەوا ژیان بێ مانا دەبێت، کە واتە دەبێت خۆمان بكوژين. بۆریسیش پێی وایە ئەگەر خودایەک بوونی نەبێت، مرۆڤایەتی پووچ و بێمانایە تا ئەو جێیەی تێدەگات چونکە خودا هەیە، کە واتە نابێت خۆمان بکوژین.

بە هەمان شێوە لە (هانا و خوشکەکانی)ـدا، میکی (بەڕۆڵگێڕانی وودی ئالن) لە گەڕانیدا بە شوێن مانای ژیاندا، کاتێک وەڵامێکی ڕازیکەری له‌بارەی زەروورەتی بوونی خوداوه‌ دەست ناکەوێت، بیر لە خۆکوژی دەکاتەوە. ئەو بە ئاشکرا باوەڕی بەوە هەیە کە ژیان تەنیا کاتێک بەهای هەیە کە خودا بوونی هەبێت. میکی لە هەوڵیدا بۆ دۆزینەوەی بەڵگەی سەلماندنی بوونی خودا، دەیەوێت ببێتە کاتۆلیک.

لە فیلمی (یادگارییەکانی ستارداست)ـدا ڕیشەی پەرێشانيی سندی و بێتوانایییەکەی لە پەرتکردنی هەستەکانی خۆیدا لەناو پرسە گرنگەکانی وەک پووچی مەرگ و ئەو کارەساتانەدایە کە لە واقیعدا ڕوو دەده‌ن. ئەو لە فانیبوونی ژیانی خۆی و زیاتر لەوەش لە تەواوی جیهان ترساو و دڕدۆنگە. ئەو واقیعەی کە جیهانی ماددی ڕوو لە لەناوچوونە و هیچ شتێک نامێنێتەوە، هەڕەشەیەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ژیان لە هەرمانا و کۆنسێپتێک خاڵی ببێتەوە.

ئەمە بەڵگه‌سازكردنێكه‌ لە لایەن فیگەرە جیاوازەکانی فیلمەکانی وودی ئالنەوە دەر دەبڕرێت. لەو شوێنەدا کە ئێمە فانیین و ڕۆژێک دەمرین، کە واتە تەواوی ئەو کارانەی دەيانكه‌ين و کۆی ژیانی ئێمە بێمانایە. ناسینی ئەم مردەنی (فانیبوون و ڕوولەمردنه‌يه‌) کە فیگەرەکانی ئالن بەرەو پرسیار له‌بارەی بنەڕەتی بوونی خوداوه‌ دەبات و ئالن بە هاوتابوون و پێوەستيی مانای ژیان بە بوون و نەبوونی خودا ڕادەگات. لە قوڵایيی فیلمەکانی وودی ئالندا جۆرێک لە دوالیزمی وجوودی شارراوەتەوە، کە لەسەر بنەمای ئەو مەیلەی ئالن بۆ ئه‌تایيزم (ئیلحاد) هەیەتی، لەگەڵ نیازی هەستەکییانەی ئەو بۆ بوونی مانا و بەها ئەخلاقییە ئۆبێکتیڤەکان و عەدالەتدا -كه‌ لە ڕوانگەی ئەوەوە بە بوونی خوداوە وابەستەن- لەگەڵ یەکتریدا دەکەونە ناکۆکییەوە.

نەبوونی خودا، ڕاگەیاندنی بێمانایی ژیان و جیهانە، بە هەمان شێوە دیدگای فیلمەکانی ئالن ئەوەیە کە هیچ دیاردەیەک نەمر نییە و ماهییەتی ژیان بێمانایە، کە واتە وەڵام بە پرسیار دەرباره‌ی بوونی خودا هەر لەسەرەتاوە ڕەتکراوە و نەرێ بووە. ئالن لە بەشێک لە فیلمەکانیدا ئەو خاڵە دەر دەبڕێت کە باوەڕ بە بوونی خودا ساویلکانە و خۆفریودەرانەیە. لە هەندێک لە فیلمەکانی دیکەشیدا بیر لەوە دەکاتەوە بەو پێیەی هەموو ژیان ئازارکێشان نییە، ڕەنگە بەهای ئەوەی هەبێت لە هەلی تەمەن سوود وەربگیرێت؛ تەنانەت ئەگەر خودایەکیش بوونی نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیاری وودی ئالن لە فیلمی (هانا و خوشکەکانی)ـدا ئەوەیە کە پرسیار له‌بارەی بوونی خوداوه‌ بە ڕاستی پرسیارێکی بێوەڵامە و لە دەرەوەی تێگەیشتن و پەیبردنی مرۆڤەوەیە و ڕەوا نییە کاتی خۆمان بەو نیگەرانییەوە بە فیڕۆ بدەین.

بەم شێوەیە دەبینین کە شێوەی کاری ئالن وەک دانەر (نووسەر -کە خۆی بە گشتی ڕۆڵی ڕۆشنبیرێکی ئازارچەشتوو و پڕقسەی لە ئەستۆدايه‌-) ئەوەیە کە یەکەم بەدبینە بە بابەتی بوونی خودا و دووەمیش نادیدەگرتنيێتی. وەک بڵێیت بوون یان نەبوونی خودا نابێت وەک پرسێکی گرنگ لە قەڵەم بدرێت و باشترە ئینسان بیر لە بابەتگەلی دیکە بکاتەوە.

بەڵام ئەم ئایدیایەی بوون یان نەبوونی خودا لە فیلمەکانی ئالندا بە گشتی لە لایەن ئەو کەسانەوە دەخرێتە ڕوو، کە لە ئايينى یەهوودييه‌تدا خاوەنی پێشینەیەکی فێرکارین. بە شێوەیەکی گشتی ڕەنگە گفتوگۆئامێزترین بیرکردنەوە لە فیلمەکانی ئالندا بە شێوەی تێڕوانینی ئەو بۆ یەهوودییەته‌وه‌ پێوەست بێت. گاڵتە کاکڵدار و کینایەئامێزەکانی وودی ئالن لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی یەهوودی و بە تایبەت حاخامەکاندا ڕیشەکەی لە گەشەکردنی ئەو لەناو خێزانێکی یەهوودی و ئایینەکان و بەجێهێنانی تەقس و سرووتە دژوارەکانیاندایە. ئالن کە ناوی ته‌واوى ئالن ستیوارت کۆنیگزبێرگه،‌ لە ساڵی ١٩٣٥دا هاتووه‌ته‌ دنیاوە. لە برۆکلین گەورە بووه‌. لە چه‌ند ساڵێكى سه‌روه‌ختى منداڵیدا خێزانەکەی بە زمانی (یيدیش) قسەیان دەکرد، (زمانێک کە بە وتەی ئالن، دەتوانێت زمانێکی سڕيی گونجاو بێت، چونکە زۆر کینایەئامێز و ئاڵۆزە و بە هەمان هۆیش دەورێکی سەرەکيی لە تەنزی یەهوودییەتدا هەیە.) باوکودایکی ئالن ڕەچەڵەکێکی یەهوودی-ئەورووپاییان هەبوو، هەرچەند لە مەنهاتن هاتبوونە دنیاوە، بەڵام ژیانیان هەمیشە لە سایەی کولتووری ئیشتیتلیدا بوو (شاری بچووکی یەهوودینشین بوون لە ئەورووپای ناوەندی و ڕۆژهەڵات بەر لە هۆڵۆکۆست،) هەرچەندە دایکوباوکیان لەوێ هەڵهاتبوون، بەڵام هێشتا بەهاکانیان دەپاراست. ئالن بەر لە تەمەنی ڕەسیوی (١٣ ساڵی) هەم دەڕۆیشت بۆ کەنیسە و هەم بۆ قوتابخانەی عیبريیش. ئەو دواتر لە چاوپێکەوتنەکانیدا دان بەوەدا دەنێت کە یەهوودییەت هیچ کاتێک ڕازيی نه‌كردووه‌: (کەنیسە نەیدەخستمە به‌ر کاریگەرییەوە. حەزم لە قوتابخانەی عیبری نەبوو. هۆگری یەهوودیبوون نەبووم. بۆ من بە تەواوی بێمانا بوون. پێیان شەرمەزار نەبووم، بەڵام مايه‌ى شانازيیشم نەبوون. بایەخيان بۆم نەبوو و گرنگیم پێ نەدەدان.) ئالن نەک کاریگەریی یەهوودییەت لەسەر منداڵی خۆی بە کەمبایەخ دەر دەخات، بەڵکوو کاریگەريی یەهوودییەت لەسەر بەرهەمەکانیشی بە بێبەها لە قەڵەم دەدات: (بیر لە یەهوودییەت ناکەمەوە. بەشێک نییە لە خودئاگایيی هونەریی من.) پێم وایە لە نێوان یەهوودییەکان و نا-یەهوودییەکاندا جیاوازیگەلێکی کولتووریی هەیە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەم جیاوازیيانە زیاتر ڕووکەش و سەراوەکین.)

كه‌چى بە چاوخشاندن بە بەرهەمەکانی وودی ئالندا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت کە ئەو تێماگەلى دینی بە شێوازێکی سیستماتیک لە فیلمەکانیدا جێ دەکاتەوە، سەرباری ئەوەى لەبارەیەوە دەڵێن: (ئالن بەبێ یەهوودییەت، بە ئەندازەی چاپلین بەبێ گۆچانەکەی و گرۆچۆ مارکس بەبێ جگەرەکەی وێنانەکراو و مه‌حاڵە.) لە تایبەتمەندییە دیارەکانی تەنزی ئالندا گاڵتەگەلێکی هەجووئامێزی ئەوە لەگەڵ دایکانی یەهوودی و حاخامە حەسیدییەکان (گرووپێکن لە یەهودییەکان)دا و کەسایەتییەکانی پەیمانی کۆن (تەورات)ـدا. ئارەزووی ئالن بۆ جیاکردنەوەی خۆی لە نەریتی یەهوودی -نەریتێک کە بە ڕوونی هاتووەتە بەرهەمەکانییەوە- نیشاندەری بێزاريی زۆری ئەوە لە دین، بەڵام بەرفراوانيی ناوەرۆک و تێما ئایینی و یەهوودییەکان لە بەرهەمەکانیدا دەری دەخەن کە ئەو پێوەندییەکی ئاڵۆزتری لەگەڵ ئاييندا هەیە. بە دەربڕینێکی دیکە، ڕه‌نگە ئالن ئه‌تایيست بێت، بەڵام سەرسەختانە لە هەوڵدایە تا لەگەڵ ئەوەی بە ئاکامی سیستەمی بڕوای خۆيی دەزانێت بگاتە کۆتایی، واتا گەیشتن بەو جیهانە پووچەی سەبارەت بە کردەی تاک تەواو یەکسانە و جیاوازیی نییە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو بە دڕدۆنگیی تایبەتی خۆیەوە دین و ئیمکانی بوونی خودا شیکاری بکات و بیخاتە ژێر پرسیارەوە. لەم ڕێگه‌یەشدا یەهوودییەت ئەو دینەی کە ئەو زیاتر لە هەردینێکی دیکە پێی ئاشنایە، بگۆڕێت بۆ کاریگەرترین ئامرازی خۆی بۆ پرسگەلێکی لەم چەشنە و هەروەها ببێتە بەهێزترین چەکیشی بۆ هێرشکردنە سەر و لێدانیان. ئالن بەو پرسیارانەی کە لە فیلمەکانیدا دەیانکات، پێوەنديی نێوان چەمکی چاکە و خراپە یان بە دەربڕینێکی گونجاوتر پێوەنديی نێوان خودا و حەقیقەت توێکاری دەکات. هەروەها لە بەرپرسیاريێتيی تاک و پرسیارکردنی دەربارەی جیهانی دەوروبەری و تەواوی ئەو شتانەی کە لەناو جیهاندا هەن، لە سیستەمە ئەخلاقییەکانەوە بیگرە تا دەگات بە عەشق، یان ئەو شتانەی دەبنە هۆی درووستبوونی ژیانێکی ئایدیاڵ دەکۆڵێتەوە.

لەناو فیلمەکانی ئالندا دوو فیلم (هانا و خوشکەکانی) و (تاوان و گوناهـ) نموونەی دیاری ئەم ڕووکردنە دین و پرسە وجوودییانەن. هەرچەند لە فیلمی هانا و خوشکەکانیدا ئەم پرسانە بە کۆمیدیا و تراژیدیا شیکار دەکرێن (کە هەڵبەت لە کۆتاییدا بە کۆمیدیا کۆتایييان دێت و میکی بە قبووڵکردنی پووچی مەسخەرەی ژیان ڕزگاری دەبێت،) بەڵام لە فیلمی تاوان و گوناهدا ڕوانگەی ئالن جيددی و فەلسەفیيانەیە و تێما وجوودییەکان بە چارەسەرنەکراوی دەهێڵنه‌وه‌. ئالن لەم فیلمەدا دنیایەکی تاریک و نووتەک دەخوڵقێنێت کە بۆ ئەو کەسانەی ئامادە نین چاویان لە واقیع دابخەن، هیچ ئومێدێک بۆ ڕزگاری ناهێڵنه‌وه‌. لەم بارەدا گرتەی کۆتایيی ئەم فیلمە جووڵەی حاخامێکی نابینا نیشان دەدات کە لە زه‌ماوه‌ندى کچەکەیدا سەما دەکات، وەک بڵێی ئەو تەنیا کارەکتەری شادمانيی فیلمەکەیە. لێرەدا ئالن بە ئاماژەیەکی کینایەئامێز بە نابینایيی ئەم حاخامە (بە ڕۆڵگێڕانی سام ڤاتەرستۆن) دەڵێت: (ئەو تەنیا کەسێک بوو دەرەقەت هات، لە کاتێکدا ئەو هەرگیز ناتوانێت لە واقیعی ژیان تێبگات. ڕەنگە کەسێک بتوانێت بەڵگەی ئەوە بهێنێتەوە کە لەوانی دیکە زیاتر تێدەگات، بەڵام من بەو جۆرە بیر ناکەمەوە. بە بڕوای من ئەو کەمتر لەوانی دیکە تێدەگات. پێم وایە ئیمانەکەشی ئیمانێکی کوێرە. ڕەنگە وەڵام بداتەوە، بەڵام ئەوەی لە ئێوە دەوێت کە چاوتان بە ڕووی واقیعدا دابخەن.)

(تاوان و گوناهـ) فیلمێکە لە ڕۆمانی تاوان و سزای دۆستۆیڤسکییەوە وەرگیراوە، کە بەسەرهاتی کوشتن و پرسی ئەخلاقيی کەسی بکوژ لەدوای کردەی کوشتن دەخاتە ڕوو. لە ڕۆمانەکەی دۆستۆیڤسکیدا ڕاسکۆڵينکۆڤ لەگەڵ ئازاری ویژدانی خۆیدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە بەدەر لەوەی کە ئایا بە پێی یاسا قۆڵبەست دەکرێت، یان نا! جۆرێک لە قەیرانی ئەخلاقی ئەزموون دەکات کە شەخسی و دەروونین، بەڵام لە فیلمەکەی ئالندا تەنیا پرسێکی گرنگ بۆ بکوژ -کە یەهوودییە- ئەوەیە کە لە دەستی قانوون هەڵبێت و بابەتی ئازاری ویژدان لە ئارادا نییە. ئالن گۆڕانی ڕوانگەی ئەخلاقی کۆمەڵگه‌ی یەهوودی وەک لەدەستدانی ئەخلاق لە قەڵەم دەدات. هەڵبەت لەم فیلمەدا فۆرمگەلێکی جیاواز لە بیرکردنەوەی یەهوودییەت لە ڕێگه‌ی کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکەوە نیشان دەدرێن. بۆ نموونە دوکتۆر جودا ڕۆزنتاڵ (بە ڕۆڵگێڕانی مارتین لاندا) لە فیلمەکەدا دیدگایەکی نەریتی بەرجەستە دەکات و هاوسەرەکەی نوێنەرایەتيی دیدگایەکی مارکسیستی و بێبڕوای یەهوودی دەکات.

لە دیمەنێکی فیلمی تاوان و گوناهدا جودا فیلمسازێک بە ناوی کلیف ستێرن (بە ڕۆڵگێڕانی وودی ئالن) لە ئاهه‌نگێكى هاوسه‌رگيريدا دەناسێت و پێی دەڵێت چیرۆکێکی هەیە کە دەکرێت ببێتە گەڵاڵەی فیلمێکی گەورە. ئەم چیرۆکە له‌بارەی پیاوێکی سەرکەوتووەوه‌يه‌ کە مەعشووقەکەی هەڕەشەی ئاشکراکردنی پێوەنديیەکەیان و تێکدانی هاوسەرگیرییەکەی و پیشەکەی لێ دەکات. پیاوەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە جگە لە کوشتنی هیچ چارەیەکی دیکەی نییە. دوای كردنى ئەو کارە، بە توندی هەست بە گوناهـ دەکات و وێنای ئەوە دەکات کە لە لای خودا تووشى گومڕایی بووە، بە جۆرێک کە هێندەی نەماوە لای پۆلیس دان بە تاوانەکەیدا بنێت، بەڵام بەیانییەک لە خەو هەڵدەستێت و ئەم کەڵکەڵە و دۆخە لە سەری دەر دەچێت. ئەو چیتر گرفتاری هەست بە تاوانکردن نییە و دوای چەند مانگێک تێدەگات نەک تەنیا تاوانێکی نه‌كردووه‌، بەڵکوو ڕاستييه‌كه‌ى چووەتەوە سەر کارەکەی و ژیانی گەڕاوەتەوە بارودۆخی ئاسایى. ئەمە تاوانێکی تەواوەتییە. دوکتۆر لە وەڵامی گومانەکانی ستێرندا کە لە چیرۆکەکەی دەکات دەڵێت: (باشە، من وتم ئەمە چیرۆکێکی ترسناکە، نەموت؟) ڕاستييه‌كه‌ى ئێمە لە پێگەی وەرگر یان بینەردا دەزانین کە ئەو چیرۆکە شتێکی تەواو زیاترە لە چیرۆکێکی باش بۆ فیلمێک، دەزانین ئەوەی ئەو دەیگێڕێتەوە بە ڕاستی ڕووی داوە و دەزانین پیاوی ناو چیرۆکەکە دوکتۆر خۆيه‌تى، کە مەعشووقەکەی کوشتووە. ئێستا ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە تەنیا ئەوە نییە کە ئایا دوکتۆر کارێکی ئەخلاقيی درووستی لەو هەلومەرجەدا كردووه‌، یان نا، بەڵکوو پرسیارێکی گرنگتر کە دێتە ئاراوە ئەوەیه‌ بۆچی ئێمە دەبێت زیاتر لە هەرشتێک پابەندی ئەخلاق بین؟ بۆچی کاتێک دەتوانین کارێکی نادرووست بكه‌ين و لە پاشهاتەکانی پارێزراو بین، دەبێت کارێکی درووست بكه‌ين؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دووبارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ فیلمی (عەشق و مەرگ،) لەوێدا کە سۆنیا (دایان کیتۆن) ڕوو لە ئامۆزاکەی، بۆریس (ئالن) ده‌كات و دەڵێت: (با وای دابنێین خودایەک نییە و هەرئینسانێک ئازاد بێت، كه‌ ئەوەی هەڵیدەبژێرێت بە تەواوەتی بيكات. باشە چ شتێک تۆی لە کوشتنی ئینسانێک دەوەستاند؟) لە پشت قسەیەکی لەم چەشنەوە چەمکێکی قووڵی خودا-تەوەر لە جیهان و ئەخلاقدا خۆی حەشار داوە. چەمکێکی دینی کە تێیدا خودا یاسادانەرێکە بۆ ڕێنوێنيی ئێمە بە ئاڕاستەیەکی درووستی ژیاندا ڕێسا و ئەرکی دیاریکراوی ڕۆ ناوە. ئالن لە تاوان و گوناهدا ئەوە نیشان دەدات کە چۆن هەڵەی گەورە بۆ هەڵەی بچووک و تاوان بۆ گوناهـ دەگۆڕێت و لە کۆتايیشدا هیچ سزایەک بۆ تاوانی ئەو لە ئارادا نییە. وەک بڵێی لە جیهانێکدا کە خودا نییە، عەدالەتێکیش لە گۆڕێ نییە.

هەڵبەت ئەم لەبەریەکهەڵوەشانە ئەخلاقییە لە فیلمی تاوان و گوناهدا پەل بۆ کۆمەڵگه‌ی نیویۆرکیش دەهاوێت. کۆمەڵگه‌يه‌ك کە نەک تەنیا نرخی مرۆڤە بەنرخەکان ناگرن، بەڵکوو کەسایەتییە پووچ و بێکەڵکەکانيش کەمەندکێش و پابەند دەکەن، کە لەم فیلمەدا دەرهێنەرێکی هۆڵیوود بە ناوی لیستەر (بە ڕۆڵبینینی ئالن ئاڵدا) نوێنەرە و نیشاندەری کەسایەتییەکی لەم جۆرەیە. لیستەر پارەدار و ناودارە. نموونەی یەک سلیبریتی تەواوە کە پەسەندی هەموانە، بەڵام کاتێک کلیف (ئالن) بە شێوەی بەڵگەنامەیی چیرۆکی ژیانی ئەو درووست دەکات، بینەر هێواش هێواش بە کەسایەتيی ڕووکەش و بێمۆڕاڵی ئەو ئاشنا دەبێت. هەردووکیان بە جۆرێک عاشقی هالی (بە ڕۆڵگێڕانی میا فارۆ)ن، هالی کچێکی جیاوازە لە کولتووری ڕۆژانەی خەڵک، سەر بە دنیای بیرکردنەوەیە و بەڕەوشتە، وەک سامان و دەسەڵات لە هونەر ناڕوانێت، بەڵام ناخۆشییەکەی لەوەدایە کە لە کۆتاییدا هالی دەست بە ڕووی کلیفەوە دەنێت و لەگەڵ لیستەردا هاوسەرگیری دەکات و دواجار ئەویش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکەوێتە ژێر کاریگەريی دەسەڵاتی میدیا و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵایەتییەوە. ئالن لە پڵۆتێکی دیکەدا لەم فیلمەدا ڕەنج و ئازاری ژنانی تەنیای چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگه‌ى نیویۆرک نیشان دەدات و کۆمەڵگه‌ی نیویۆرک بە جۆرێک دەناسێنێت کە بەها ئەخلاقییەکانى تێدا لە ناو چووە.

ئالن لە ئانی هاڵیشدا ڕەخنە له‌ ستایشی هاووڵاتیانی ئەمه‌ریکای هاوچەرخ سەبارەت بە بابەتە ڕووکەش و کەمبایەخەکانی کۆمەڵگە دەگرێت و نیشانی دەدات چۆن ژیان لە نیویۆرکی هاوچەرخدا لەناوبەری عەقڵی ئەخلاقی و مانادارییە. لووتکەی ئەم دیدگایە کە کینایەیەکی ڕاستەوخۆیە لە فۆرمی پەروەردەی یەهوودیدا، لە فیلمی (زلیگ)ـدا دەبینرێت. زلیگ بە کورتکراوەی ناوی لیونارد، فیگەرێکی بێئۆقرەیە کە لەپاڵ هەرکەسێکدا دەوه‌ستێت، وەک ئەوی لێ دێت. لە تەنیشت ڕەشپێستەکانەوە دەبێتە ڕەشپێست؛ لەپاڵ چینییەکاندا دەبێتە زەردپێست و لای یەهوودییەکانیش دەبێتە حاخام. ئالن، هۆکاری ڕووداوێکی لەم جۆرە بە دیالۆگێکی باوکی زلیگ دەزانێت کە دەڵێت: (بۆ ئەوەی لە ژیاندا سەرکەوتوو بیت، دەبێت لەگەڵ کۆمەڵگه‌دا کۆک و تەریب بیت.) واتا هاوڕەنگبوون لەگەڵ کۆمەڵدا. زلیگ نموونەی یەهوودییەکی تێکشکاوە کە تەنیا ئامانجی ئەوەیە کۆمەڵگە دانی پێدا بنێت و پەسەندی بکات. ئالن بەم شێوەیە لە ڕێگه‌ی فیگەرە سەرەکییەکانییەوە، کڵێشەی یەهوودییەت ڕاڤە دەکات و زەقی دەکاتەوە. فیگەرە بێ دەست و پێیەکانی ئالن بە گشتی ڕواڵەتی پیاوێکی یەهوودی زۆربڵێ، مەرگدۆست، لەخۆڕازی و مەنهاتنپەرست له‌ خۆ دەگرێت کە ئارەزووه‌ سێکسييه‌كانى لەڕادەبەدەرن و هاوکات دنیایەك فۆبیا و دەروونشێواویيشی لەگەڵدایە. نموونەی ئەم جۆرە فیگەرە وەک بۆریس گرونشکۆ لە (عەشق و مەرگ)ـدا، ئالووی سینگەر لە (ئانی هاڵ)ـدا، میکی زاکس لە (هانا و خوشکەکانی)ـدا، لێری لیپتۆن لە (مەته‌ڵی کوشتنی مەنهاتن)ـدا، هاری بلوک لە (هاری بونیادشکێن)ـدا و لێنی واینریبە لە (ئەفرۆدێتی توانا)دا، کە تەواوی ئەم ڕۆڵانه‌ هه‌ر ئالن خۆى گێڕاونی و بەرجەستەی کردوون.

Leave a comment