[دەربارەی ڕاخمانینۆڤ ]

 

دەیڤد ڕایت

لە ئینگلیزییەوە: داڤان فاتیح

میوزیکەکەی ڕاخمانینۆڤ زۆر کاریگەرە و بە شێوەیەکی زۆر باش بنیاد نراوە، بەڵام تێکەڵەیەکی جاڕزکەریشە، کە لە بنچینەدا لە کۆمەڵێک ئاوازی دەستکرد و تیژتێپەڕ هاوئاهەنگ لەگەڵ چەند شێوە ئاوازێکی دیكه‌ى هەمەجۆردا کە لە چەندان ئاڕپێجیۆوە[i] وەرگیراون، پێک دێت.

ئەو سەرکەوتنە مەزنەی ڕاخمانینۆڤ بۆ چەند کارێکی کەمی لە ماوەی ژیانیدا بە دەستی هێنا، بە دڵنیاییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر نامێنێتەوە، هەروەها میوزیکژەنەکانیش بە شێوەیەکی چاک ئاوڕیان لێ نەدایەوە و سەرنجیان نەخستە سەر. سێیەمین کۆنشێرتۆی پیانۆی ڕاخمانینۆڤ لە لایەن خەڵكييه‌وه‌ بە گشتی پەسەند کرا و ئارەزووی بیستنی بوون، ئەوەیش زیاتر بە هۆی لێکچوونییەوە بوو لەگەڵ دووەمین کۆنشێرتۆی پیانۆييدا. ئەمە لە کاتێکدا کۆنشێرتۆی پیانۆی چوارەمینی کە ڕاخمانینۆڤ هەوڵی دا وەکوو کۆچکردن و دەرچوونێکی نوێ نیشانی بدات، هەر لە سەرەتاوە شکستی هێنا.

تاکە کارێکی دیكه‌ى میوزیکی کە لە دواتردا دەستی بە پێشکەشکردنی کرد و سەرنجی خەڵکيی بە لای خۆیدا ڕاکێشا، بریتی بوو لە ڕاپسەدییەک[ii] و دووبارە کارکردنەوە و گۆڕانکاریکردن لەسەر پارچەیەکی میوزیکی پاگەنینی بۆ پیانۆ و ئۆرکێسترا.

ڕەخنەگری سەرکەوتووی ئینگلیزی، ئێریک بلۆم (Eric Blom) لە پێنجەمین چاپی کتێبی (Grove’s Dictionary of Music and Musicians)دا بەم شێوەیە باس لە مەعریفەی میوزیکيی ئەو کاتە دەکات و هەروەها سەبارەت بە ڕاخمانینۆڤ (Rachmaninoff) دەڵێت: (بە دڵنیاییەوە مێژوو ئەم پۆپ ستارەی هۆڵی کۆنسێرتەکان بە لاوه‌ دەنێت و گرنگيی پێ نادات.)

نیو سەدە دواتر، دەتوانرێت بوترێت کە بلۆمى ڕەخنەگر تەواو هەڵە بوو. ڕاخمانینۆڤ و میوزیکەکەی لە هەموو شوێنێکدا هەن. پیانۆ کۆنشێرتۆی سێیەمی کە کۆمەڵێک ڕەخنەی توندی لێ گیرابوو، لە فیلمی (Shine)دا ژەنرا، کە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکاریشە. وا لە کارەکتەری سەرەکيی فیلمەکە كه‌ ژەنیارێکی پیانۆیە، دەکات کە بەرەو پێش بچێت، گەشە بکات و لە لایەن ڕەخنەگرانەوە ڕەخنەی توند و ڕووخێنەرى لێ بگیرێت.

لە ئێوارەی پێنجشەممەدا ئۆرکێسترای نیویۆرک یەکەمین پیانۆ کۆنشێرتۆی ڕاخمانینۆڤ لە هۆڵی (Avery Fisher Hall)دا پێشکەش دەكات. پیانۆژەنەکە، گاریک ئۆهڵسن (Garrick Ohlsson) و جەیمس کۆنلن (James Conlon) کۆندوکتۆر (conductor)ی ئۆرکێستراکە دەبێت. ئەم کارە وەکوو کۆتایيی ئەو گەشتە دوو وەرزییەی ئۆرکێستراکە دەبێت بەنێو كارەکانی ئاوازدانەرەکەدا، کە بڕیاری لێ درابوو لە چوار پیانۆ کۆنشێرتۆکە و هەروەها دووەمین و سێیەمین سیمفۆنیای پێک بێت.

(یەکەمین سیمفۆنیای لە لایەن ڕاخمانینۆڤ خۆیەوە وەستێنرا و کۆتایی بە پێشکەشکردنی هێنرا. دوای یەکەمین نمایشی، بەم هۆیەشەوە لە پڕۆگرامی کۆنسێرتەکاندا بە دەگمەن پێشکەش دەکرێت.)

چوارەمین پیانۆ کۆنشێرتۆ لە لایەن ئۆرکێستراکەوە کاتی پێشکەشکردنی دیاری کرابوو، بەڵام ڕەفز کرایەوە، پاش ئەوەی تاکژەنی پیانۆکە وازی هێنا و کشایەوە. دواتر ئەوەبوو کارەکە ڕەوانەی هۆڵی (Carnegie) کرا و لە لایەن (Michael Tilson Thomas) و سیمفۆنیای سان فڕانسیسکۆوە پێشکەش کرا و (Jean-Yves Thibaudet) پیانۆژەنەکەیان بوو. کارەکەی دیکەی ڕاپسەدی پاگەنینی کە بریتی بوو لە کارکردنه‌وه‌ لەسەر پارچەیەکی میوزیکی پاگەنینی، مانگی ڕابوردوو لە هۆڵی (Fisher Hall)دا لە لایەن ئۆرکێسترای مۆنتی کارلۆوه‌ كه‌ (James DePreist)ى کۆندوکتۆر و (Ignat Solzhenitsyn) تاکژەنی ئۆرکێستراکە بوون، پێشکەش کرا.

ئایا گشت ئەم هونەرمەندانە دەیانەوێت شتێکمان پێ بڵێن؟ ئێمە ئامادەین سەرنجێکی نوێ بخەینە سەر ڕاخمانینۆڤ و بە ڕوانینێکی تازەوە تەماشای بکەین و بەم شێوەیە ئاوازدانەرێک ببینین کە بنیادی میوزیکه‌ ئۆرکێستراییەکەی پێویستە بە تەواو و لێکدانەبڕاو تەماشا بکرێت؟

ڕاخمانینۆڤ بۆ یەکەمين جار لە ساڵی ١٨٩٧ و لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا یەکەمین سیمفۆنیای خۆيی پێشکەش کرد و لە لایەن ڕەخنەگرانەوە هێرشێکی توندی کرایە سەر و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سیمفۆنیاکەی بکشێنێتەوە و خۆیشی بۆ ماوەی سێ ساڵ هیچ میوزیکێک نەنووسێت. هەستێکی جوانە ئەگەر بوترێت ئەو کارە لە خۆیدا شاکارێکی ونبووه‌ و نادادپەروەرانە لە یەکەمین پێشکەشکردنیدا بە توندی ڕەخنەباران کرا. ڕاستييه‌كه‌ى تا ڕادەیەک وەکوو هەوڵدانێکی باشی خوێندکارێک وایە کە کەمتەرخەمانە نووسراوە و زۆر بە ڕوونی دیار بوو بە (Tchaikovsky) کاریگەر بوو و پێیەوە بەسترابووەوە. بەم شێوەیەش تەنها چەند درەوشانەوەیەکی کەمی ئەو ڕاخمانینۆڤەی تێدا بوو کە دواتر دەیناسین.

بە گوێگرتن لەم کارە گەنجانەیە، سەرسام دەبیت بەوەی کە ئەم هەرزەکارە ناپەسەندە لە کۆتاییدا بوو بە کەسێکی پێگەیشتوو. دووەمین سیمفۆنیاى کە ڕاخمانینۆڤ ١٢ ساڵ دواتر نووسی، تەواو ڕەسەنە و خاوەنی مۆرکی ڕاستەقینەی ڕاخمانینۆڤ خۆیەتی و بە شێوەیەکی بلیمەتانە میلۆدییە ناسکەکانی بنیاد ناوە و لە ڕێگەی کۆمەڵێک ڕیتمی سەرنجڕاکێشەوە درێژەی پێ داوە. هەروەها زۆر لێهاتووانە هەموو ئەمانەی بۆ نووسینەوەی جوانترین نۆتە و ڕێکخستنیان لە پای پێشکەشکردنياندا لە لایەن ئۆرکێستراوە بە کار هێناوە. لەکاتی نووسینی ئەم سیمفۆنییەدا ڕاخمانینۆڤ خاوەنی سەرکەوتنێکی گەورە بوو کە بە هۆی پێشکەشکردنی دووەمین پیانۆ کۆنشێرتۆيه‌وە بە دەستی هێنابوو و هەر ئەمەش وەک پاڵنەر و وزەیەکی زۆر باش بوو بۆی تاوەکوو لە درووستکردنی سیمفۆنییەکەدا هاوکاريی بکات.

سیمفۆنیای سێیەمی بە ئاشکرا دیارە کە ‌ لە سیمفۆنیای دووەمی جياوازه. بە نزیکەیی ٣٠ ساڵ دواتر و لە نێوان ساڵانی ١٩٣٥ و ١٩٣٦دا ئەم کارەیانی نووسی، کە تێیدا هێشتاکە خودی ڕاخمانینۆڤ دەبینینەوە و تەقلیدى هیچ کەسێکی ترى تێدا بە دی ناکرێت. بەڵام ئەو ئاماژە ئاشکرایەی خۆی وە لاوه‌ دەنێت و ڕیتمە بەرزە ناڕوونەکانی، ئاوازە زۆر خێراکانی، لەبری ئەوە شێوازێکی ورد و کورتتری بە کار هێنا و شێوازێکیش بوو کە حەز و ئارەزوو تێیدا هەستی پێ دەکرا. ئەم کارە میوزیکییەی پڕبوو لە ئاوازی هەمەچەشن (گرنگییەکی باشی بە ئامێرە جیاوازەکانی پێرکەشن دابوو) و هاوسەنگییەکی جوانی تێدایە کە لە کاتێکی کەمدا هەستى پێ دەکرێت. دوای ئەوەی لە یەکەمین نمایشی کارەکەدا لە لەندەن بەشداری کرد، (Nikolai Medtner)ی ئاوازدانەر ترسی خۆی نەشاردەوە لەوەی کە هاوڕێکەی (ڕاخمانینۆڤ) ستایلەکەی خۆيی بۆ مۆدێرنیزم گۆڕیوە، بەڵام ڕاستييه‌كه‌ى ڕاخمانینۆڤی ٦٣ ساڵان لەو کاتەدا لاسایيی (Prokofiev)ى نەدەکردەوە، نەک تەنها ئەو، بەڵکوو تەقلیدی هیچ کەسێکی تری نەدەکردەوە، تەنها هەوڵی ئەوەی دەدا کە حەز و ئارەزووەکانی خۆی لە میوزیکەکەیەوە دەر ببڕێت.

لە ڕووی خاڵە ئەرێنییەکانیەوە، ڕاخمانینۆڤ لە سیمفۆنیاکانیدا دەچێتەوە سەر کەسە کلاسیکەکان و تا ڕادەیەک لێکچوونێکی بەرچاوى لەگەڵ ئەواندا هەیە، وەکوو ئاوازدانەرێکی سەدەی بیستەم وایە کە دووبارە مەیدانی میوزیکی سەدەی نۆزدەیەم دەبووژێنێتەوە. لەو کارانەی تریدا کە تەنها تایبەتن بە ئۆرکێسترا‌، ئازادانەتر لەگەڵ کارەکانیدا مامەڵەی دەکرد و هەروەها ڕەسەنایەتيی خۆیشی پاراستبوو، بە تایبەتی لە ڕووی دەربڕینی ئەو ڕەشبینییە قووڵەيه‌وه‌ كه‌ وەکوو نیشانەیەک لە کەسایەتيی خۆیدا بوونی هه‌بوو كه‌ وای دانا ئەم دەربڕینە نەشاز و نەگونجاو بێت بۆ سیمفۆنیا و کۆنشێرتۆیەکان جگە لەو سیمفۆنیایەی (Tchaikovsky) بە ناوی (Pathetique) کە توانیویەتی ئەو دەربڕینى ڕەشبینییە لە خۆیدا ببینێتەوە.

سێیەمین پیانۆ کۆنشێرتۆی مەزنی ساڵی ١٩٠٩، وەکوو دوانه‌ (جمکێک) وایە لەگەڵ پارچەیەکی تاریک و ناڕوونیدا کە لە هەمان ساڵدا بە ناوی (The Isle of The Dead)ـه‌وه‌ نووسیویەتی. ئاوازێک کە مەراق و دڵەڕاوکێیەکی شیعريی تێدایە و لێوانلێوە لە ئارەزوویەکی ڤاگنەرییانەی (Richard Wagner) بەهێز بۆ عەشقی زەمینی، هەروەها بۆ ئەو کۆتاییە شیرینەی کە مەرگ بە مرۆڤى دەبەخشێت. کاری میوزیکی (The Bells) کە ڕاخمانینۆڤ وەکوو سیمفۆنیایەکی کۆڕال دەیناسێنێت، بەڵام ڕاستييه‌كه‌ى زیاتر وەکوو گۆرانییەک وایە لە سووڕێکدا بێت بۆ ڤۆکاڵ سۆلۆیستەکان (دەنگبێژەکان) و کۆرس و ئۆرکێستراکە تێیدا وێنەی ژیان لە گەنجێتییەوە هەتاوەکوو مردن لە ڕێگه‌ی سوودوەرگرتن لەو زمانە وێنەییەی (Edgar Allan Poe)‌ کە وێنای زەنگەکان دەکات، دەکێشێت. هەروەها تێکستی ئەم کارە ئێدگار ئالان نووسیویەتی و ڕاخمانینۆڤ کارێکی میوزیکيی زێدە جوانی بۆ كردووه‌.

کۆتا کاری میوزیکی ڕاخمانینۆڤ بە ناوی (Symphonic Dances) کە لە ساڵی ١٩٤٠ـه‌وه‌ پێشکەش کراوە، وەک پەیمان و ڕاسپاردەیەکی نوێ و گەشاوە وابوو، ڕیتمەکانی بەهێز و چالاک بوون، بەڵام لە ڕواڵەتدا ساردوسڕ. بە کورتی ئەم کارەی دەنگی ئەم شیعرەی (Horseman passing by) شاعیر (Yeats)ـه‌ کە تێیدا دەڵێت: (Cast a cold eye on life, on death-بە چاوێکی نزمەوە و وەکوو شتێکی زوو تێپەڕبوو تەماشای ژیان و مەرگ بکە!)

تەنانەت لێرەشدا، لە ناوجەرگەی ئەم هەموو ئارامگرتنەدا، ڕاخمانینۆڤ جارێکی دی لە دڵەوە بەشێکی کەمی نۆستاڵژیای یەکەمین سیمفۆنیای خۆی وەردەگرێتەوە و لەم کارەیدا بە شێوەیەکی جیاواز بە کاری دەهێنێتەوە.

زۆر لەوانه‌ى گوێيان له‌ کارە ئۆرکێستراییەکانی ڕاخمانینۆڤ دەبێت، دەڵێن لەکاتی گوێگرتندا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی پیانۆژەنەکەن تا دەست بە ژەنین بکات. سەرەڕای ئەوەی کوالیتيی بیرۆکەکانی ڕاخمانينۆڤ لە ئاستێکی بەرزدان و شێوازی داڕشتنی پێکهاتەی کارەکانيشى بۆ ئۆرکێسترا لێهاتووانەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قورسە بڵێین کارەکەی بەبێ بوونی پاڵەوانی سەرەکی تەواو و بێکێشەیە. ئەو پاڵەوانەش پیانۆکەی ڕاخمانینۆڤە، ئەو بەشەی ڕاخمانینۆڤ لە هەرکارێکی میوزیکيی خۆیدا بۆ پیانۆکەی دەنووسێت. سەرەڕای ئەو ستایلە ڕێک و توندەی قژی و شێوازی هەڕەشەئامێزانەی هەڵسوکەوت و ڕەفتارکردنی، بەڵام لە میوزیکەکەیدا بە تەواوی هەست و سۆزی خۆی دەردەبڕێت و پیانۆکەش وەک دەنگی تایبەتی خۆی وایە. هەموو پیانۆ کۆنشێرتۆیەکانی بە شێواز و ڕێگه‌ی جیاوازی خۆیان گوزارشت لە ڕۆحی چوارەمین پیانۆ کۆنشێرتۆی بیتهۆڤن دەکەن. کە دایالۆگێکە لە نێوان ڕۆح و پەستی و توڕەییەکاندا.

ڕاخمانینۆڤ یەکەمین کۆنشێرتۆی خۆی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا نووسی و وەک یەکەمین (Opus)ـى خۆی بڵاوی کردەوە، بەڵام دوای ٢٦ ساڵ پێداچوونەوەی بۆ کرد و گۆڕانکاريی تێدا كرد. ڤێرژنە نوێيه‌کەی بە تەواوی لەگەڵ کۆنشێرتۆ لیریکی و ناوازەکەی (Grieg)دا هاوتایە، کە لە پێکهاتەکەشیدا ڕاخمانینۆڤ تەقلیدی ئەو کارەی گریگ دەکاتەوە. بابەتەکان (Theme) کە لە کارەکەدا جەختیان لێ کراوەتەوە بە خەسڵەتە کەسییەکانی خودی ڕاخمانینۆڤەوە پێوەستن، هەروەها لەم کارەیدا تەکنیکێکی درەوشاوەی زۆر جوانی پیانۆژەنین هەستی پێ دەکرێت. ئەم کارەی لە هیچ شتێکی کەم نییە جگە جووڵە و لەرەیەکی میوزیکيی کاریگەرانە، کە گوێگران لەمڕۆژەدا دەیانەوێت لەم ئاوازدانەرەی ببیستن.

دووەمین کۆنشێرتۆی جیاوازترە و هەردوو ئاوازدانەر (Grieg) و (Liszt) تێدەپەڕێنێت. وەکوو ستایلێکی بەرهەڵستكارانه‌، لەگەڵ دەرکەوتنی پیانۆکەدا و بەرهەڵستکردنێکی توند بەرانبەر ئەو دەربڕینە میوزیکییە بەهێزەی ئۆرکێستراکە لە ڕێگه‌یەوە گوزارشت لە هەستەکان دەکەن، دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکداچوونێکی خۆش لە نێوان پیانۆ و ئۆرکێستراکەدا، کە هەردووکیان (پیانۆ و ئۆرکێسترا پێکەوە) هاوەڵيی یەکديی دەکەن و باڵابوونێکی میوزیکيی نایاب لە ڕێگه‌ی کۆمەڵێک ئاوازی نایابەوە بە یەکتر دەبەخشن. ئەو بەشەی میوزیکەکە کە جووڵەیەکی هێواش و لەسەرخۆیە، وەکوو ناوەندی کارەکە ناسراوە و دواتر لە کۆتایيی کارەکەدا گۆڕانێک ڕوو دەدات بە هۆی هەست و سۆزێکی زێدە بەهێزی لایەنی لیریکيی میوزیکەکەوه‌، هەروەها ئەمەش توانرا لە ڕێگه‌ی بەخششێکی میوزیکییەوە بكرێت کە لە لایەن (Borodin) و (Chopin)ـه‌وە وەریگرتبوو. لە بەشی پێش کۆتایيی کارەکەدا ئەو ئاوازە دڵشادە مەزنەی کە دەچێتە ئاستی  [iii]fortissimoوه‌ بە تەنها میلۆدییەکی قەشەنگ نییە کە بە بەرزی بژەنرێت (بە داخەوە لەم حاڵەتەدا زۆر لەوانەی کە لاسایيی ڕاخمانینۆڤ دەکەنەوە لەم خاڵە تێنەگەیشتوون و شێوازە درووسته‌کەیان ون کردووە.) بەڵکوو ئەم بەشە لووتکەی پێکهاتنێکی لەناکاو و ئاشکرایە کە نیو سه‌عات پێشتر (کاتی میوزیکەکە) لەگەڵ کۆردە سەرەتاییە تەنها و نامۆیەکانی پیانۆکەدا دەستی پێ کرد.

ئەگەر دووەمین کۆنشێرتۆی وەکوو فیلمێکی خۆش و سەرنجڕاکێشی سەرکێشی و ڕۆمانسی وابێت، ئەوا سێیەمین کۆنشێرتۆی چەشنی ڕۆمانێکی زۆر مەزنی ڕووسی وایە، کە لە بەسەرهات و ڕووداوی جیاواز پڕ کراوە و هەموویان لە هەندێک (theme)ی گرنگ و بایەخداردا یەک خراون. کاتێک ئاوازە مەزنەکە لە نزیکى کۆتایيی کارەکەدا بەر گوێمان دەکەوێت، کۆمەڵێک هەست و ئیحساسی جیاواز لەگەڵ خۆیدا دەخوڵقێنێت. ئەمەش تەنها وەرگرتنی شەیدایی و مەستيی عەشق نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە شادییەکی فەرمی و ڕێزلێنراو کە لە کۆتایيی گەشتێکی دوورودرێژ و خەتەرناکدا پێی دەگەیت.

ئەوەندەی بۆی کرا و گونجا، ڕاخمانینۆڤ زۆر باش پەرەی بە کۆنشێرتۆ ڕۆمانتیکەکەی دا. ڕاخمانینۆڤ لە چوارەمین کۆنشێرتۆی خۆیدا کۆمەڵێک شتی نوێی تاقی کردەوە کە به‌ نزيكه‌يى لە هەمان کاتدا دەستی بەم کۆنشێرتۆیەی کرد کاتێک سەرقاڵی دەستکاریکردنی یەکەمین کۆنشێرتۆی بوو بە نییەتی گۆڕانکاری تێدا-كردنى. بە بەکارهێنانی فۆرمی سۆناتایەکی نیۆکلاسیکییانە لە یەکەمین جووڵەی کارەکەدا، جووڵەیەکی میوزیکيی هێواش بوو لەگەڵ ئاوازێکی دووبارەبووەوەدا کە به‌ نزيكه‌يى لە کۆمەڵێک ئاوازی کاری (Peer Gynt)ـى ئاوازدانەر (Grieg) دەچێت، تەنانەت لە کۆتایيی کۆنشێرتۆکەدا هەست بە کاریگەريی ئاوازدانەر (Gershwin) لەسەر کارەکە ده‌كه‌ين. بێ گومان ئەمەش بە ویستی ڕاخمانینۆڤ خۆی بووە. ئەوەی لە ئەنجامى لەم کۆنشێرتۆیەدا هەستی پێ دەکەین، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ زۆر داهێنەرانەیە و خەیاڵێکی چالاک و پڕوزەى تێدا دەبینینەوە، بەڵام لە هەندێ کاتیشدا لەوە دەچێت کۆنشێرتۆی سێیەمی بێت و بە تێمپۆ (خێرایی)يەکی زیاتر بژەنرێت.

زنجیرە پیانۆ کۆنشێرتۆیيەکانی خاوەنی هێزێکی مەزنی دەربڕینن، پێکەوە لە یەکێتیبووندان و ئەمەشە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گرووپەی ئەم کارە دەژەنن، بە شێوەیەکی ناوازە بیژەنن، حەتمەن ئەگەر ئەو تێڕوانینە گاڵتەبازییانەیەی ڕاخمانینۆڤ له‌بارەی پڕۆژەکەوه‌ قبووڵ بکەن و وەریبگرن، یان ئەگەر ڕاستەوخۆ بەرەو شاکارە گەورەکەی کە چەندان ساڵ دواتر بۆ پیانۆی دانابوو، بڕۆین و باسی لێوە بکەین.- دووبارە چووه‌نه‌وه‌سه‌ر کارێکی (Paganini) لە ساڵی ١٩٣٤دا کە تێیدا ستایشێکی شادیبەخشانەی ئەم هونەرسازە، نيكۆڵا پاگەنینی (خێوە کەمانچەژەنەکە) دەکات. ئەم کارە میوزیکییانەی کە بە Variation[iv] ناسراون، ئاوازەکەیان بە وزەیەکی زیرەکانە و توند و بەهێزەوە دەست پێ دەکەن، وەکوو ئەو بەشەی (Dies Irae) لە پارچەی (Requiem)ـى مۆتسارتدا هەیە کە لە هەموو سوچێکی ناو کارەکەدا خۆی حەشار داوە و وەک بڵێی لە هەرساتێکدا بێت لە پارچەکەدا خۆی ئاشکرا دەکات.

تەنانەت ئەو کارەشی کە بە ناوی (18th Variation)وه‌ ناسراوە و ناوبانگی دەرکردووە، وەکوو دواهەمین و چڕوپڕترین کاری ڕاخمانینۆڤ دادەنرێت لەو ڕووه‌وه‌ کە ئاوازێکی مەزن و جوانی هەیە و هەروەها کارێکی زیرەکانە و داهێنەرانەشە. ڕاخمانینۆڤ لەم کارەدا هەندێک لەو ئاوازە چالاک و بەهێزانەی کەمانچەکەی نیکۆڵا پاگەنینی (پێچەوانە) کردەوە لەپێناوی ئەوەی سیفەتی لاوازی و خاوبوونەوە لە هەندێک به‌شى پارچە میوزیکییەکەدا بخوڵقێنێت.

ئەمە چیرۆکی کارە ئۆرکێستراییەکانی ڕاخمانینۆڤە. ئەی کارەکانی دیکەی کامانەن؟ پرێلودە (Preludes) تاکژەنییەکانی تایبەت بە پیانۆ و کارە میوزیکییەکانی کە بە (etudes-tableaux) ناسراون، هەموو ئەمانە لەگەڵ (Sonata No.2)دا بە چەندان کاری میوزیکی ناسراو و ناودار دادەنرێن. (The Cello Sonata)ی ساڵی ١٩٠١ و (Elegiac Trio)ی کە لە ساڵی ١٨٩٣دا پێشکەشی کرد و تێیدا یادی ئاوازدانەری مەزنی ڕووسی (Tchaikovsky) کردەوە. ئەم دوو کارەی تا ئێستاش لە هۆڵی کۆنسێرت و ئۆپێراکاندا پێشکەش دەکرێن. ڕاخمانينۆڤ کۆمەڵێکی زۆر گۆرانيی نووسیوە و لەو بوارەشدا جێ پەنجەی خۆی به‌ جێ هێشتووە. هەرچەندە گۆرانییەکانی خاوەنی تێکستێکی ڕووسيی قورس و گرانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن گوێگرە ئەمه‌ریکاییەکانەوە پێشوازییەکی گەورەيان لێ کراوە و بە کاری گرنگ و نایاب لە قەڵەم دراون. هەندێ لەو گۆرانییانەشی وەکوو: (Lilacs, How Fair This Spot, Spring Waters).

لە هەمووی گرنگتر، کۆرسەکان لەم وڵاتەدا (ئەمه‌ریکا،) سروودە ئایینییەکانی ڕاخمانینۆڤ و ئەو کارە کۆڕاڵانەی دەڵێنەوە کە هیچ ئامێرێکی ميوزيكييان  تێدا بە کار نەهاتووە، نموونەش وەکوو: (The Liturgy of St. John Chrysostom)ـى ساڵی ١٩١٠، هەروەها کاری (the Vespers) کە لە ساڵی ١٩١٥دا نووسراوە. ئەم کارە میوزیکییانە پێوەندییەکی ڕۆحيی قووڵی ڕاخمانینۆڤ بە مەسیحییەتی ئۆرتۆدۆکسەوە (Orthodox Christianity)ـه‌وه‌ ئاشکرا دەکه‌ن، کە ئەمەش وەکوو بیروڕایەکی بایەخدار دژ بەو تێڕوانینە ڕەشبینییەی ڕاخمانینۆڤ دەربارەی ژیانی سەر زەوین هەیبووە، دەر دەخات. ئەگەر ئاوازەکانیان شێوازی ڕاخمانینۆڤیانەیە و دەنگی میوزیکيی ڕاخمانینۆڤيان تێدایە، بە هۆی ئەوەوەیە کە بنەڕەت و بنەچەی ئاوازەکانی ئەم ئاوازدانەرە (ڕاخمانینۆڤ) لەو سروود و گۆرانییە ئاینییانەی کەنیسەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ڕاخمانینۆڤ لە ماوەی گەنجیدا گوێى لێ گرتوون.

لە کتێبی (The New Grove Dictionary of Music and Musicians) کە لە ساڵی ١٩٨٠دا بڵاو بووەوە، لەو بەشەیدا کە له‌بارەی ڕاخمانینۆڤه‌وه‌ دەدوێت، بەم شێوەیە ئاماژە بەم ئاوازدانەرە دەکات و دەڵێت: (زۆر تایبەتمەندە و شێوەزاری میوزیکی لیریکییانەیە. هەروەها دەربڕینەکانی تەواو ڕاستەقینەن و تەکنیکەکانیشی پڕن لە کارامەیی و لێهاتوویی.) دوای چەندان ساڵی تر چاپێکی نوێی ئەم کتێبە دەرچوو. کە واتە لە کۆتاییدا دەتوانین تایتڵی ئەو پارچە نووسینەی سەبارەت بە ڕاخمانینۆڤ نووسراوە، بەم شێوەیە دابڕێژین: (چۆن فێر بووم ئيدى لە دڵەڕاوکێدا نەبم و ڕاخمانینۆڤم خۆش بوێت!)

 

[i] جۆرە ئاوازێکە کە تێیدا نۆتە میوزیکییەکان بە جیا دەژەنرێن.

[ii] کارێکی میوزیکییە کە گرنگی بە دەربڕینی هەستەکان دەدات و فۆڕمێکی دیاریکراوی نییە.

[iii] بریتییە لە ئاستێک کە تێیدا ئاوازەکە دەگاتە دەنگێکی زۆر بەرز

[iv] دووبارە کارکردنەوە لەسەر پارچەیەک میوزیکی ئاوازدانەرێکی دی

Leave a comment