[بە کورتی له‌بارەی ده‌ لە سیمفۆنییەکانى دمیتری شۆستاکۆڤیچه‌وه‌ ]

بە کورتی له‌بارەی ده‌ لە سیمفۆنییەکانى دمیتری شۆستاکۆڤیچه‌وه‌

شکار وەفا

 

ئاوازدانەری ڕووسی (دمیتری شۆستاکۆڤیچ) يەکێکە لە گرنگترین و دیارترین ڕووخسارەکانی میوزیکی سەدەی بیستەم. میوزیکە تاریک و قووڵ و ئاڵۆز و سەرنجڕاکێشەکەی شۆستاکۆڤیچ تا ئێستاش لە سەرسامکردنی گوێگرانی بەردەوامە، بەڵام بەشێک لە ژیانی ئەم پیاوە هێشتا نادیارە و جێگەی مشتومڕە، بە تایبەت پێوەندییە سەرلێشێوێنەرەکەی لەگەڵ ڕژێمی سۆڤیەتیدا. ئەم بابەتە هەڵدەگرین بۆ کاتێکی تر. شۆستاکۆڤیچ کەسێکی زۆر دیارە و سەروەتێکی میوزیکيی دەوڵەمەندی هەیە و خاوەنی 15 سیمفۆنییە. گرنگە بڕۆیتە نێویانەوە و شتی نوێیان تێدا بدۆزیتەوە، بەڵام تەقەلایەکی زۆریشی دەوێت تا تێبگەین ئەم پیاوە بیری لە چی کردووەتەوە.

 

بە کورتی و دانە دانە باس لە ده‌ لە سیمفۆنییەکانی شۆستاکۆڤیچ دەکەین

 

سیمفۆنيی ژماره -‌1-

 

یەکەمين سیمفۆنيی شۆستاکۆڤیچە و لێرەوە دەستی پێ کرد. لە گێڕانەوەیەکیدا ئاماژەی بەوە داوە ئه‌گەر ئەم سیمفۆنییە پێشوازيی لێ نەکرایە و بە دڵی گوێگران نەبوایە و ڕەخنەی بهاتبایەتە سەر، ئەوا دەستبەرداری کاری میوزیکی دەبوو و چیتر میوزیکی نەدەنووسی. سیمفۆنییەکی جوانە و لە گوێدا ئاسان و خۆشە. سەرەتایەتی و لە گەشەپێداندا بووە بە ستایلەکەی، چونکە ئەم سیمفۆنییەی لە تەمەنی 19 ساڵیدا نووسیوە.

سیمفۆنيی ژماره -‌2- ئۆکتۆبەر

لە سیمفۆنيی دووەمدا هەست بەوە دەکەیت ئەمە میوزیکی منداڵێکی بلیمەتە کە بە بتهۆڤن و چارڵس ئایڤێس سەرسامە. سیمفۆنییەکە یەک جووڵەی هەیە و 17 خولەکە، هاوشێوەی سیمفۆنيی نۆیه‌مى بتهۆڤن بە کۆڕاڵێک کۆتایيی دێت. لە لایەکی تریشەوە دەستپێکی کاریگەرییە دەنگییە ئەبستراکتەکانە لە لاى شۆستاکۆڤیچ کە لە ئایڤس نەبینراوە. سیمفۆنيی دووەم بەرهەمێکی تری سەرنجڕاکێشی شۆستاکۆڤیچە.

سیمفۆنيی ژماره -‌3- یەکی ئایار

سیمفۆنيی سێیەم بە یەکی ئایار ناسراوە و زیاتریش هەر ئەو ناوەی بە باڵادا بڕاوە. شۆستاکۆڤیچ ئەم سیمفۆنییەی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانيی کرێکارانەوە نووسیوه‌. ئەم سیمفۆنییە بە یەکێک له‌ کارە سەرەتاییەکانی شۆستاکۆڤیچ دادەنرێت، واتا ئه‌گەر بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی میوزیکی ئەم پیاوه‌، دەبێت بشگەڕێینەوە بۆ سیمفۆنيی سێیەم.

 

سیمفۆنی ژمارە -4-

سیمفۆنيی چوارەم هەڵەشه‌ و زەبەلاحە. هەم گڕە و هەم تیژە، هەروەها زۆر بەرزە. لێرەدا دەزانیت توانى شۆستاکۆڤیچ چەندە زۆرە. ئەم سیمفۆنییە ناوبانگێکی زیاتری بەراورد بە سێ سیمفۆنییەکەی تر بە شۆستاکۆڤیچ بەخشى و یەکەم کاری شۆستاکۆڤیچه‌ کە هێندە زەبەلاح بێت. ئەم سیمفۆنییە بۆ گوێ و دڵێک نییە کە کاڵ و بێهۆش و لاواز بن. سیمفۆنيی چوارەم شتێک نییە ئاسایی و سەرپێیی گوێی لێ بگریت. دەبێت کاتێکی تایبەتی ڕۆژەکەت یان شەوەکەتی بۆ تەرخان بکەیت.

سیمفۆنيی ژماره -‌5-

لە ساڵی 1936دا شۆستاکۆڤیچ ئۆپێرای لەیدی مەکبێس دەنووسێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی سۆڤیەتەوە بە چاوى تاوانبارێكەوە سەیر بکرێت. زۆرێک ناویان لەم سیمفۆنییە ناوە (وه‌ڵامی هونەرمەندێکی سۆڤیەتی بۆ ڕەخنەکان.) ئەم سیمفۆنییە جارێكى تر ئەوی بۆ پێگەکەی پێشتری گەڕاندەوە و دەسەڵاتدارانی ئاشت کردەوە. سیمفۆنيی پێنجەم بە پوختی دەربڕی زیرەکی و دیوی تاریکی کەسيێتيی شۆستاکۆڤیچە. میوزیکەکە پەشێو و لەڕە، بە تایبەت جووڵەی سێیەم کە کرۆک و گیانی ئەم سیمفۆنیيەیە و دەمانگه‌يه‌نێته‌ قووڵاييی ئازارەکە.
شتێک کە شارەزایان له‌بارەی ئەم سیمفۆنییەوه‌ سەری لێ دەر ناکەن ئەوەیە کە ئایا کۆتایيی ئەم سیمفۆنییە وەسفی باشەى ستالینه‌، یان گاڵتەپێکردنى!

سیمفۆنی ژمارە -6-

لە سێ جووڵە پێک هاتووە. سیمفۆنيی شەشەم لە کەشی خۆشی پێش هاتنی زریان و نەهامەتيی گەورە دەچێت. پێچەوانەی زۆرێک لە کارەکانی پێشتر و دواترییەتی و هەستەکانی ناوی لە یەکتری ناچن، ئەمەش ڕەنگە بە هۆی ئەوەوە بێت كه‌ سرووشتی ئەو سێ جووڵەیە ئەم ناهاوسەنگییەی بەرهەم هێنابێت. جووڵەی یەکەمی لە جووڵەی دووەم درێژترە، جووڵەی سێیەم هەست و سۆزی زیاتر بەراورد بە دوو جووڵەکەی تر تێدایە، بەڵام بە گشتی ناهاوسەنگە و هەستێکی سەیرت پێ دەدات.

سیمفۆنيی ژماره‌ -7- لینینگراد

سیمفۆنيی لینینگراد بە یەکێک لە گرنگترین کارەکانی شۆستاکۆڤیچ دادەنرێت. سیمفۆنییەکە باس لە یەکێک لە گرنگترین ساتەکانی گەلی ڕووس لە جەنگی دووەمی جیهانیدا دەکات. لینینگراد و خەڵکەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لەژێر گەمارۆیەکی زۆر سەخت و تۆقێنەری نازییەکاندا بوون، ئەم سیمفۆنییە پێشکەش بە خەڵکی لینینگراد کراوە بەرانبەر بەو خۆڕاگری و ئازایەتییەی بەرانبەر دوژمنانیان نواندوویانە و یەکەم پێشکەکردنیشی هەر لە لینینگراد و لە ساڵی 1942دا بوو. سیمفۆنییەکە دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی هەبوو و بووە سەرچاوەى هاوکاريكردنى خەڵکە برسییەکەی ئەو شاره‌. سیمفۆنییەکە وەک گەشتی پاڵەوانێکە، ساتی هیوابەخشی تێدایە و ساتی پڕئازار و بێهیوایشی تێدایە. هەروەها سیمفۆنيی حەوتەم بە یەکێک لە درێژترین سیمفۆنییەکانی شۆستاکۆڤیچ دادەنرێت، کە ماوەکەی نزیکەی 70 خولەکە. ئەم سیمفۆنییە ئارامییەکی زۆری لە گوێگر دەوێت، چونکە زۆر قورسە و زۆریش ماندووت دەکات، بەتایبەتتر بۆ ئەوانە قورسە کە گوێگری نوێن و سەرەتايین.

سیمفۆنيی ژمارە -8-

سیمفۆنيی هەشتەم سیمفۆنییەکی تاریک و لێڵە، هەروەها بە یەکێک لە شاکارە زۆر قورسەکانی شۆستاکۆڤیچ دادەنرێت. لە ساڵی 1943 و لە نێوەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا نووسراوه‌. سیمفۆنيی هەشتەم بە یەکێک لە درێژترین سیمفۆنییەکانی شۆستاکۆڤیچ دادەنرێت. گوێگر دەبێت زۆر بەباشی خۆی بۆ ئەم سیمفۆنییە ئامادە بکات، چونکە ماوەی زیاتر لە سه‌عاتێك و دە خولەک دەچێتە نێو ژاوەژاو و شێواوییەکی زۆر تاریک و تۆقێنەری پێنج جووڵەییەوە کە وێنەدانەوەی جەنگی دووەمی جیهانییە و ناهێڵێت بۆ ساتێکیش ئۆقرە بگريت. لەنێو سیمفۆنيی هەشتەمدا هیچ شتێک باش نییە.

سیمفۆنيی ژماره‌ -9-

سیمفۆنيی نۆیەم ساڵی 1943 نووسراوە. ئەم سیمفۆنییە بە بۆنەی سەرکەوتنی سۆڤیەت بەسەر نازییەکاندا نووسراوه‌. شۆستاکۆڤیچ سوودی لە هایدن وەک نموونەیەک وەرگرتووە. سیمفۆنییەکی زەبەلاحە و پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر ژەنیار هەیە. هەروەها بۆ چەندان ساڵ لە یادی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەم سیمفۆنییە زۆر گوێی لێ دەگیرا و زۆر دیار و بەناوبانگ بوو.

سیمفۆنيی ژمارە -10-

سیمفۆنيی دەیەمی شۆستاکۆڤیچ یەکێکە لە کارە هەرەباڵا و بەرزەکانی ئەم پیاوە، هەروەها وەک زۆرێکی تر لە کارەکانی، ئەم کارەشی زۆر لێڵ و ئاڵۆزە. پاش جووڵە قورسەکەی یەکەم و جووڵە تۆقێنەرەکەی دووەم، لە جووڵەی سێیەمدا دوو مۆتیفی زۆر گرنگ هەن، هەریەکە لەمانە بە شێوازی نووسینی میوزیکییانە ناوی دوو کەسی تێدا نووسراوە، یەکێکیان ناوی خۆیەتی، ئەوی تریشیان ناوی قوتابیەکییەتی کە دەگوترێت شۆستاکۆڤیچ زۆری خۆش ویستووە. لە کۆتاییەکەیدا هەموو جووڵەکان بە یەکدييه‌وه‌ دەبەستێتەوە و تێکەڵیان دەکات. کۆتایيی سیمفۆنییەکە دەکات بە کۆتاییەکی وێرانکەر.

Leave a comment