رۆجێر سکروتون/ بەشی یەکەم
لە ئینگلیزییەوە: هەنار کەمال
ڤاگنەر گەورەترین فەیلەسووفی نێوان میوزیکژەنەکان بوو و نیتچەش گەورەترین فەیلەسووفی میوزیکی بوو، لەبەر ئەوە دەبێت میوزیک لەناو ململانێکەیاندا شوێنێکی هەبێت. ئارەزووی سەرەتای نیتچە بۆ ڤاگنەر بووە هۆی تێکدانی ڕەتکردنەوەی ڤاگنەر لە دواتردا، بۆیە دەبێت هزری جيددی لەناو کێشەی ڕقلێبوونەوە-لەخوددا دەر کەوێت.
دەکرا کاردانەوەی نیتچە مامناوەندی بوایە، ئهگەر لە سەرەتادا پێشنیاری شوێنکەوتوویەکی بێچەندوچۆنی نەکردایە کە ڤاگنەر داوای کردبوو. نیشاندانی ڤاگنەر لە پەرتووکی (لەدایکبوونی تراژیدیا)دا لە ساڵی 1882وە لە وتاری (ڕیچارد ڤاگنەر لە بایخۆت) لە ساڵی 1886دا وەکوو گەورەترین هونەرمەندی مۆدێرن و ڕزگارکەری کولتووری ئەڵمانيايی. بە هەرڕێژەیهک بێت، موناقەشەی نێوان ڤاگنەر و نیتچە زیاتر جیابوونەوە بووە وەک لە پێکنەهاتن. لە کاردانەوەی دژ بە ڤاگنەردا بە هەمان شێوە نیتچە دژی خۆشی بووە، دەردانی ژەهرێک بووە کە پێی وا بووە قووتی داوە، بەڵام زیندەگۆڕانەکەی نیتچە یارمەتیدەرێک بوو بۆ خۆی.
بابەتەکان خراپتر دەبن بە هۆی خراپباسکردنی ڤاگنەر و شکۆی نیتچەوە. قورسە بەبێ داخواردن بۆ ئەم مشتومڕە بگەڕێیتەوە بۆ ئەو شێوازی نووسینەی کە نیتچە پەیڕەوی کردبوو، دواتریش لە لایەن نزیکەی هەموانەوە. هێرشی نیتچە بۆسەر ڤاگنەر هێرشە بۆ سەر هونەر و خوونەریتی کۆمەڵایەتی و مرۆڤ، ئەمەش لە لایەن فەیلەسووفی ئەڵمانی (تیۆدۆر ئادۆرنۆ)وه دووبارە کراوەتەوە. بۆ ئەوەی ئەو ڕووانەی ڤاگنەر بێنە پێشەوە کە نەویستراوترینن لە لایەن خوێنەرانی مۆدێرن و دژەسامييهوه. سەرنجەکە لەسەر ئەفسانە نەتەوەیی و پاڵەوانە ڕەگەزپەرستەکانە، بەکارهێنانی جادووی ئۆرکێسترا بۆ بەسەربردنی هەموو ساتێک لەگەڵ هەستێک کە پێدەچێت وشەکەی نيتچە بێت (ساختە.) سوپاسێکی کەم بۆ نیتچە کە ڕەخنە لە ڤاگنەر بووەتە کارێکی بەردەوام و بێزارکەر.
لە هەمان کاتدا نیتچە خۆشی بووبووە خۆشەویستی کۆمەڵگە. سەرەڕای دژایەتیيەکانی دژی دیموکراسی و ئەو شتانەی لە کۆمەڵگەدا بڵاو بووبوونەوە و لەگەڵ هێرشە ڕەگەزپەرستە بێشەرمانەکەی بۆ سەر ئەڵمانيیەکان و هەموو شتێکی ئەڵمانی و لایەنگری بۆ (تەندرووستی) و هێز دژی (لاوازی)ـی میهرەبانی و لەگەڵ سووکایەتیکردن بە سۆشیالست و ڕووەکخۆر و فێمینيست و ئافرەت بە شێوەیەکی گشتی و كردنى هەموو تاوانێک کە بە پێی ڕەوشت و ئەو یاسایانەی باسی خۆ-بەدوورگرتن دەکەن لە هەرکارێک و قسەیەک کە سووکایەتیکردنە بە کەسانی تر، ئێستا نیتچە کەسێکی ڕێزلێگیراوی کۆمەڵگهیە. ڕێبازی بیروڕاکانی بۆ ڕاستی و زانیاری، ڕێبازەکەی لهبارەی خستەڕووی پووچيی ڕەوشت بە شێوەیەکی گشتی و لە ئایينی مەسیحیدا بە شێوەیەکی تایبەت، ڕێبازە بۆماوەزانەکەی لهبارەی هونەر و کولتوورهوه جەختکردنەوەکەی لەسەر هێز و زاڵبوون وەک ڕاستيی بارودۆخی مرۆڤ، هەموو ئەمانە دەستپێکێکیان بە نیتچە داوە لە پۆستمۆدێرنەدا دژی زوڵمی زۆردارەکان. نووسینەکانی لەبەر ئەوە دەخوێنرێنەوە کە بۆچی ڕێگەپێدراوە دەربارەی هەموو شتێک وەک لەوەی بۆچی ناڕەزایی لەسەر نووسینەکانی دەر دەبڕن کە دەربارەی هەموو شتێکە. ئەنجامەکە ئەمەیە، بێلایەنيی لە بابەتی نیتچە و ڤاگنەر، نیتچە ئیش بە هەموو کارتی بردنەوەکانی دەکات. ئەمە بەزەیيەکە لەوەتەی هێزی پێگەی نیتچەی نادیار کردووە و جيددييهتى باسەکە کە نیتچە گومانی لە کاری ڤاگنەر هەیە. هەرچەندە ڤاگنەر هونەرمەندێکە دەتوانێت بەرگری بکات لە بەرامبەر هێرشەکانی نیتچەی هاوشانی، ئەم هێرشانە ناچارمان دەکەن بە ئاستێکی بەرز هەست بە درامای میوزیکی نەکەین. ئاماژەی ناڕاستەوخۆی فەلسەفەی میوزیکن.
نیتچە لە یەکەم بڵاوکراوەی خۆی (لە دایکبوونی تراژیدیا)دا لە ساڵی 1872 حەزی خۆی بۆ کارەکانی ڤاگنەر دەربڕی. چواردە ساڵ دواتر نیتچە كتێبى لە دایکبوونی تراژیدیای (وەک هەوڵێک بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆی) لە چاپ دایەوە. لەم چاپەدا کتێبەکە ڕەت دەکاتەوە بە هۆی شێوازی نووسینی خراپ، وشک، قورس، شەرمەزارکەر، شێتانە سەرلێشێواو و سۆزدارانەوه. بە دڵنیایيەوە لەدایکبوونی تراژیدیا هیچ تایبەتمەنديیەکی جوانی نییە کە بیبەستێتەوە بە نووسینەکانی دواترييهوه. سەرەڕای ئەمانەش کارێکی گرنگە، پەرتووکێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی نیتچە بۆ هونەرمەندی داهێنەر. تۆمارێکە لەسەر بڕیاری کۆتایيی خوێندنەوەیەک لە هونەر و وێژەی یۆنانی کە لەو وڵاتانەی بە زمانی ئەڵمانی دەدوێن، باوە، لە سەردەمی وینکڵمنی مێژووى هونەرناس و شوێنەوارناس و گۆتەی سیاسەتمەدار و نووسەرەوە. بە پێی ئەم خوێندنەوەیە شارستانیەتی یۆنانی پوختەی ڕۆحی مرۆڤایەتيی کردووە کە ڕووناک بووهتەوە بە هۆی فۆرمی خودناسیيەوە. هونەری یۆنانیيەکان هونەرێکی هۆکار بوو، وێژەشیان گەڕان بووە بە دوای چاکەدا لە ڕێگەی هۆشیاريی بەرهنگاربوونەوە و زاڵبوونهوه بەسەر نەهامەتیدا. فەلسەفەی یۆنانی ڕوون و تەبا بوو، لە ڕێگەی هونراوە و هونەر و تەلارسازیيەکەیانەوە دەیانگواستەوە.
نیتچە یەکەم کەس نەبوو ئەو هزرە بخاتە ژێر پرسیارەوە. لە پەرتووکی (هونەری داهاتوو)دا لە ساڵی 1859دا ڤاگنەر پەنجە دەخاتە سەر سرووشتی ئایينيی تراژیدیای یۆنانی، پێوەنديی نێوان تراژیدیا و نەریتی ئايینی و وێنەی تراژیدیا وەک هونەرێک. ڤاگنەر درامای میوزیکی (مستیلەکەی نایبلینگ)ـی و لە مێشکیدا لەگەڵ درامای (ئۆرێستیا)ی ئەسکلسدا وێنا کردبوو. ڤاگنەر هەر بە هەمان ئەو ڕۆحیەتەی وەسفی خواوەندە ئەڵمانیيەکان دەکات لە درامای میوزیکی (مستیلەکەی نایبلینگ)ـدا لە خواوەندە یۆنانیيەکانی ناو کارەکانی ئەسکلس تێدەگات، بە تایبەتی بەرجەستەکردنی هێزە نائاگاکان کە مرۆڤی پێ بە ڕێوە دەبرێت. نیتچە زیاتر ڕۆیشت، دایەنایسسی خوداوەندی تراژیدیای وەک یەکێک لە دوو بنەمای زاڵی دەروونی ناساند، ئەوەی تریشیان ئاپۆلۆ، خواوەندی فەلسەفە بوو. ئاپۆلۆ باسی هۆ و تێگەیشتن دەکات کە وینکڵمن و گۆتە باسیان کردووە، دایەنایسس خواوەندی سۆزە تاریکەکان و ئارەزووە ناهۆشیارەکان و نەریتی وێرانکاری بوو. تراژیديا بانگێشتی ئەم خواوەندە بۆ مەیدانە گشتیيەکە دەکات، شوێنێک کە خواستەکانی دانیان پێدا دەنرێ و پوختە دەکرێن. ڕاگەیاندنی ڕاستەقینەی تراژیدیا قسە نین، کە تێیدا هۆشیاری و ڕەخنەی تێگەیشتووانە باڵادەستن، بەڵام لە میوزیک و سەمادا ڕیتمی لەش و سۆزە ئاژەڵیيەکان گوزارشتی خۆیان دەدۆزنەوە.
نیچە موناقەشەی ئەوەی دەکرد کە شارستانيى یۆنانی لە لایەن وینکڵمان و گۆتە و شیلەرەوە بە هەڵە بڕیاری لەسەر دراوە. ئەو تێگەیشتنە نوێیە چاوەڕواننەکراو بوو. تێگەیشتنێک کە دانی بە کاری ئایینی یۆنانیدا لە ئامادەبوون و نەرمکردنی لایەنی نا-عەقڵانيی دەروونی مرۆڤدا نا. ئەم تێزە تێزێکە کە نیتچە لە نووسینەکانی دواتريدا دەچێتەوە سەری وەک لە پەرتووکی (ئاوابوونی بتەکان)ـدا (ئەمە تەنیا لەناو نهێنیيەکانی دایەنایسسدایە کە ڕاستيی سەرەکی ڕاگەیاندنی غەریزەی یۆنانیيە.) ئەو (ڕاستیيە سەرەکیيە) دەبەستێتەوە بە ژیان و تەندرووستی و سێکسەوە. ئەم تێزە دواتر لە لایەن توێژەری ئیرلەندی ئـ. ڕ. دۆدسهوه لە كتێبى (یۆنانی و نا-عەقڵانی)دا لەساڵی 1952دا بەرگريی لێ دەکرێت و بە شێوەیەکی کاریگەر لە لایەن توێژەره مۆدێرنەکانەوە ئاسایى کرایەوە، بەڵام ئەمە پێوەست بوو بە پەرتووکی لەدایکبوونی تراژیدیاوه بە ڕۆحێکی تازەی ئەڵمانیيەوە و خستنەڕووی لە کارەکانی ڤاگنەردا. هاوشێوەی یۆنانیيەکان ئەڵمانیيەکانیش ئەفسانە و داستانی خۆیان هەبوو، کە هێزە بێئاگاکانی ژیان داوای پێزانین و دانپێدانان دەکەن. ئهگەر ئەڵمانیيەکان بە ڕاستی ئەوە بکەن کە وینکڵمن و گۆتە ئاواتیان بۆ دەخواست و بەدەستهێنانی هەمان سهرهنجامی شارستانيی یۆنانیيەکان لە ڕێگەی فەلسەفەوە نابێت، بەڵکوو لە ڕێگەی میوزیکەوە، لە ڕێگەی هۆ و تێگەیشتنەوە نا، بەڵکوو لە ڕێگەی داستان و ئەفسانەوەيه.
لێرەدا نیتچە بابەتێک دەخاتە ڕوو کە زاڵ بووە بەسەر بیرکردنەوەکانی دواتریدا: بابەتی تەندرووستی و ئەفسانە، موناقەشەی ئەوە دەکات: (ئایا تەندرووستی بەشێکە لە کولتوور؟) (ئەفسانە بە تەنیا هەموو هێزەکانی خەیاڵ و خەونی ئەپۆلۆنيان لە گەشتی بێئامانج ڕزگار كرد.) بەبێ ئەفسانە بنەماکانی هۆی ئەپۆلۆنیان هیچ ژیانێکی نییە کە ڕەنگدانەوەی لەسەری هەبێت. لەبەر ئەوەی (فەلسەفەی سۆکرات سوورە لەسەر لەناوبردنی ئەفسانە.) نیشانەیە بۆ کولتوورێکی ناتەندرووست و خراپترکردنی. نیتچە ئەم فەلسەفە ناتەندرووستەی سۆکراتی لەسەردەمی خۆیدا لە ئەڵمانیا بۆ دەر دەکەوێت. موناقەشەی ئەوە دەکات (کە پیاوی بێئەفسانە هەمیشە برسی دەبێت و ڕابردوو دەوری دەدات و زەوی و کرمۆکە هەڵدەکەنێت و بە دوای ڕەگەکاندا دەگەڕێت، تەنانەت ئەگەر لەدوورترین سەردەمیشدا زەویيان بۆ هەڵبکەنێت.) لە بەرانبەر ئەم باردۆخی بێبەشبوونەدا لە میرات، نیتچە لەدايکبوونی تراژیدیا لە ڕێگەی میوزیکی ڤاگنەر و ئەفسانەوە تەتبیق دەکات تا تەندرووستی بێنێتەوە. هیچ شتێک کەمتر لە مەترسیدا نییە لە چارەنووسی میوزیکی ئەڵمانی وەک لە بەرگریکردن لە کولتووری ئەڵمانی لە نزمیدا. چەمکەکان ئەوانەن کە دواتر نیتچە بە کاريان دەهێنێت بۆ ڕەتکردنەوەی هونەری ڤاگنەر، بەڵام لێرەدا بە کاری دەهێنێت بۆ پیاهەڵدان. کە واتە هەر لە سەرەتاوە موناقەشەی نیتچە لەبارەی کاری ڤاگنەرەوه دوو پرسیارمان لەبارەی جوانناسیيەوە پێشکەش دەکات: بە چ هۆکارێک دەتوانین جیاوازيی نێوان تەندرووستی و نزمی بکەین لە هونەردا، گرنگيی جوانیناسی چیيە لە جیاکردنەوەدا؟
لە دوایين کاریدا (ئاوابوونی بتەکان) سەرکێشی بە نووسینێکی دیاری جوانناسیيەکەیەوە دەکات. نووسیویەتی: (جوانی لە خۆیدایە.) زاراوەیەکی دەگمەنە، تەنانەت چەمکێکیش نا. لە مرۆڤی جواندا خۆی وەک پێوانەکانی کامڵی ئامادە دەکات. لە بارودۆخی وادا لەو باسانەدا لە خۆی دەپاڕێتەوە. هیچ شتێک جوان نییە، تەنیا مرۆڤ جوانە، لەم ساویلکەیيەدا هەموو جوانناسیيەک مرۆڤە، ئەمە یەکەم ڕاستيی جوانناسیيە. با یەکجاری ڕاستيی دووەمیش زیاد بکەین، هیچ شتێکی ناشيرین مرۆڤایەتی لە نزمی ناپارێزێت. لێرەدا نیتچە ناوەندێک دەکاتەوە بۆ حوکمی جوانناسی بۆ جیاکردنەوەی تەندرووستی و فۆرمی نزمی ژیانی مرۆڤ. بە درێژایيی ژیانی وێژەیيی خۆی پابەند بوو بەم پێگەیەوە. (چی منی بە قووڵی خستووهتە ژێر کاریگەريی کێشەی نزمی و ڕووبەڕووبوونەوەوه) ئەو بەشدار بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو شتێکی نەخۆش لەناو مندا لەوانە ڤاگنەر و شۆپنهاوەر و تەواوی مرۆڤی مۆدێرن، دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی دژ بە ڤاگنەر و موناقەشەی ئەوە دەکات. بەرهەڵەستيی من دژی ڤاگنەر بەرهەڵەستیيەکی فیسیۆلۆجیانەیە: بۆچی دەبێت کێشە درووست بکەم بۆ سەرنجڕاکێشانى ئەوان لە هاوکێشەی جوانناسیدا؟ دوای هەموو شتێک جوانناسی هیچ نیيە جگە لە جۆرێک لە فیزیۆلۆژیای کارپێکراو. نیتچە ئەوە دەخاتە ڕوو کە موزیکەکەی ڤاگنەر هۆکار و کاریگەريی جەستەیەکی نەخۆشە.