بەشی یەکەم
ڕۆجەر سکروتن
لە ئینگلیزییەوە: زریان حەمە
ڕاستييهكهى نەبوونی ڕەنگدانەوەی فەلسەفی، هۆکاری ئەوەیە کە له ئێستادا مەیدانی میوزیکى بە ئایدیای کرچوکاڵ داگیر کراوە.
دانی پێدا دەنێم، بە قەد ئەوەی فەیلەسووفەکان پیویستیان بە موزیکە، موزیکژەنەکان بەو ڕادەیە پێویستیان بە فەلسەفە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستییەکی جيددی و ڕاستەقینەیە. لە ڕابوردوودا کولتووری موزیکیمان بناغەیەکی توندوتۆڵی لە کڵێسا و هۆڵی کۆنسێرت و ماڵەکانیشدا هەبوو. پراکتیزەکردنە باوەکەی هارمۆنیای تۆنەکان، ئاوازدانەران و ژەنیاران و گوێگرانی هاوزمانیان یەک خست. خەڵکیيش لە ماڵەکانی خۆیاندا ئامێرەکانیان بە هەستێکی قووڵ و گیانیبەگیانییەوه دەژەنی، وەک ئەوەی خۆیان لەو موزیکە بن کە چێی دەکەن، هەروەک چۆن موزیکەکەش لەوانە. ئەرکەکانی هونەرمەندان نە دژیەک بوون نە بە تایبەت سەختیش بوون. موزیکیش شوێنی خۆی لە بۆنەکان و ئاهەنگەکانی ڕۆژانە و نەریتە ئايینییەکان و فۆرمەکانی چاکڕەوشتیدا قایم کرد.
ئێمە چیدی لەو دونیایەدا ناژین. خەڵکێکی کەم ژەنیاری ئامێرەکانن، موزیکی نێو ماڵەکانیش لە ئامێرە دیجیتاڵەکانەوە سەرچاوە دەگرن، کە بە چەند دوگمەیەک کۆنتڕۆڵ دەکرێن و پێویستیان بە کولتوورێکی موزیکيی وەها نییە تا شێوەی ڕەسەنی خۆیان وەربگرن. بۆ خەڵکێکی زۆر و بە تایبەت گەنجان، موزیک شێوازى چێژوەرگرتنی تاکەکەسییە تا بێ ئەوەی حوکمی لەسەر بدەن ئاوێتەی ببن، هەروەها بەبێ ڕەنج و ماندووبوون لە ئەندێشەیاندا بیهێڵنەوە. لە بنەڕەتدا هەلومەرجەکانی سازکردنی موزیک بەو هۆیەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەمەش نەک تەنها لەو ئاواز و ناوەرۆکە هاڕمۆنییە کەمبایەخانەی موزیکی سادەی جەماوەریدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکوو لە دوورکەوتنەوە لە ئاواز و هاڕمۆنی لە ئەرکە هونەرییە مۆدێرن-کلاسیکیيهكانيشدا بە هەمان شێوەیە.
موزیکەکەمان بە ڕزگاربوونی له ڕێسا کۆنەکان و بناغە کۆمەڵایەتییەکان، سەر ئەم بەرگەهەوا مۆدێرنە کەوتووە کە تەنها ئەو بابەتە موزیکییانه توانی مانەوەیان هەیە کە بە میکانیزمی سواو و دووبارەی موزیکی پۆپ بە زەوییەوە دەبەسترێنەوە.
لە کۆتاییە جيددییەکەی ئەرکەکانی هونەرمەنددا، بابەتی موزیکی دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە. ئەوە موزیک نییە کە لە دونیای ستۆکهاوسندا گوێبیستی دەبین، بەڵکوو فەلسەفەیە. بە دڵنیاییەوە فەلسەفەی پلەدووە، بەڵام هەر فەلسەفەیە. هەمان شتیش دەربارەی فۆرمەکانی تری هونەر ڕاستە کە پێوەندییان لەگەڵ بنەچە ئايینی و کولتوورییەکانیاندا بچڕاندووە.
ئەندازیاریی لا کۆڕبوسیێ، باوهاوس و هەروەها میس ڤان دێر ڕۆهـ، هەروەک بونیادنانی بابەتی موزیکییە، کاتێکیش بێکەڵکیی بابەتێک بە ڕوونی دەر دەکەوت، لە لایەن بابەتێکی ترەوە شوێنیان دەگیرایەوە.
ئەندازیاری تا ڕادەیەک نامۆیە بە کایەیەکی هونەریی چێژبەخش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فەلسەفەیەکی بێخەوشە. کەرەستەی ئەندازیاریی زاها حەدید و مۆرفۆسیز لە وێناکردنێکی خەیاڵییانە یاخود لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەوه بۆ هونەر سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لە سکێچێکی شێواو و لە وەڵامیدا بۆ چەند ئایدیایەک لەسەر کۆمپیوتەرێک سەرچاوە دەگرێت. فەلسەفەیەک لەپشت ئەم شتەوە هەیە، هەروەها ئەگەر خەڵکی ئاسایی ناڕەزایی دەر ببڕن و بڵێن ئەمە ڕاست نییە یان گونجاو نییە، یاخۆ بۆ ستانداردە سرووشتییەکانی هارمۆنیای وێنایی بێزارکەرە، وەڵامی خۆیان لە ڕێگەی چەند پارچەیەک لەو فەلسەفەیەوە وەردەگرن، کە کۆنسێپتە واتایی و ئابستراکتەکانی، خواستەکانی چێژی بینین کپ دەکەنهوه.
ئەوان پێیان دەگوترێت: ئەم باڵاخانانە کەڵکوەرگرتن لە بۆشایی و شوێنی گونجاو -بە شێوەیەکی نموونەیی- نیشان دەدەن. زەمینە و شێوازی نوێ لە بیناسازیدا دەخوڵقێنن و ئاڵنگارییەکی دڵخۆشکەرن بۆ ئۆرسۆدۆکسییەکان کە کاریگەری لەسەر ژیانی مۆدێرن دادەنێن.
بەڵام ئەم باڵاخانانە بۆچى ئێجگار کاریگەرن و چۆنیش خۆیان دەناسێنن، ئەو پرسیارانەن کە وەڵاميان نییە.
هەمان ئەو فەلسەفە پەرشوبڵاو و پەککەوتەیە دەستی بەسەر هونەری مۆدێرن-کلاسیکدا گرتووە. بە دەگمەن ئاوازدانەر هەیە شارەزای فەلسەفە بێت، زۆر بە دەگمەنتر تێیاندا هەیە هەوڵ دەدەن موزیکەکەیان بە تێرم و ڕوانگەی فەلسەفی بسەلمێنن. یەکێک لەو دەگمەنانە (ڤاگنەر)ە، کە سەرەڕای دونیایەک لە بەرهەمی وێژەیی، هەمیشە هەرکات ناڕێکی لە نێوانیاندا درووست دەبوو، موزیکژەنییه خودکارییەکەی بەسەر تیۆرييە فەلسەفەکانیدا زاڵ دەکرد، بەڵام بە تایبەت نائامادەیی ڕەنگدانەوەی فەلسەفییە کە بووەتە هۆی ئەوەی مەیدانی موزیکی بە بابەتی موزیکی کرچوکاڵ داگیر بکرێت. جگە لەو بناغە توندوتۆڵەی کە کولتوورێکی زیندووی موزیک-چێکردن دەستەبەری دەکات، فەلسەفە تاکە ڕێبەرێکە کە بۆ ئەو مەبەستە هەمانە. هەرکاتێکیش فەلسەفەی چاک ئامادە نییە، فەلسەفەی چەوت و خراپ لەجیاتیی ئەو دێتە مەیدان.
خراپترین نموونەش بۆ ئەمە، نموونەی ئەو کەسەیە کە کاریگەریی لە ئێستاشدا هەر هێندەی سەردەمى کارەساتەکەی دووەمين جەنگی جیهانی بەهێزە. ئەویش تیۆدۆر ئەدۆرنۆ، نووسەری کتێبی (فەلسەفەی موزیکی نوێ)يه کە بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 1947دا بڵاو کرایەوە.
لەو کتێبەدا ئەدۆرنۆ فەلسەفەی ئاوازدانەرێکی گەورە پەرە پێ دەدات، کە بە نزیکەیی سەرکەوتوو بووە لەوەی ڤاگنەر تێيدا شکستی هێنا، ئەویش ئەوەیە کە واقيعی موزیک بە ئایدیایەکی ئابستراکتی خۆی شوێنی بگیرێتەوە.