[دۆن ماکلین دەربارەی گۆرانی American Pie]

دۆن ماکلین (Don McLean) دەربارەی ئەو نهێنییە تراژیدییە دەدوێت کە لە گۆرانيی (American Pie)دا شاراوەیە و دەڵێت: (بۆ ماوەی دوو ساڵ گریاوم.)

 

ڕۆب واڵکەر

لە ئینگلیزییەوە: داڤان فاتیح

 

ئەم گۆرانییە هەمیشە زیندووە دەربارەی ئەو ناڕەحەتی و گرژییانەیە كه‌ لە ساڵانى شەستى سه‌ده‌ى ڕابوردوودا له‌ ئەمه‌ریکا ڕوویان داوه‌. فیلمێک و کتێبێکی میوزیکی و کتێبێکی منداڵانیشی بە هەمان ناوەوە لێ هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م. نووسەری ئەم گۆرانییە لێرەدا باس لە ماناکەی دەکات و هەروەها مەرگی ئەندامانی خێزانەکەشی ئاشکرا دەکات کە لەناو ئەم گۆرانییەدا شارراوەتەوە.

کاتێک دۆن ماکلین ١٥ ساڵ بوو، هەستێکی بەهێزی پێشبینیکردنی هەبوو کە باوکی بەو نزیکانە کۆچی دوایی دەکات. لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردا بوو، لەبەر ئەوە داپیرەيی لەم پێشبینییە ئاگادار کردەوە. داپیرەی پێی گوت: (دۆنی! قسەی بێمانا مەکە! بۆچی ئه‌مه‌ دەڵێیت؟)
دۆن لە وەڵامدا گوتی: (لەبەر ئەوەی دڵنیام کە ڕوو دەدات.) دوای چەند ڕۆژێک باوکی دۆن ماکلین به‌ بەر چاوی خۆیه‌وه‌ مرد. ماکلین لە وەسفی ئەو ساتەدا دەڵێت: (ڕووخسار و نیگایم بینی چۆن بوو. ڕەنگی پەڕیبوو. نەمدەزانی لەوە بەدواوە بەبێ باوکم ده‌بێت چی بکەم. ئەو پاشا بوو، هەموو شتێکی دەزانی.)

گۆرانیبێژ و گۆرانینووس ماکلین، کە خاوەنی گۆرانيی کلاسیکی (American Pie)ی ١٩٧١ـە لە ماڵەکەی خۆیەوە لە (Palm Desert) قسەمان بۆ دەکات، لەو شارۆچکەیەوەی دەکەوێتە ويلايه‌تى کالیفۆرنیاوه‌. لە ئێستادا -وه‌كوو خۆی دەڵێت- قۆناغی ناڕەحەتی و تاڵيی ژیانی خۆی لەو شوێنەدا بە سەر دەبات. ئێستاش بە بەردەوامی ئاگر لەو ناوچەیەدا دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی سووتانی مەودایەکی زۆری ناوچەکە و بە هۆی دووکەڵە چڕەکەیەوە ناتوانیت خۆر ببینیت. دۆن ماکلینی ٧٥ ساڵان دەڵێت: (لە سییەکانمدا هەست بەو دووکەڵە چڕە دەکەم.)

کە واتە دۆن چی کرد کاتێک باوکی مرد؟ خۆی لە وەڵامدا دەڵێت: (بۆ ماوەی دوو ساڵ ده‌گریام و سه‌ركۆنه‌ى خۆمم دەکرد.) ماوەی نیو سه‌عاته‌ باسی مەرگ دەکەین، مەرگی باوکی و هەروەها هەستەکانی ماکلین دەربارەی مەرگی خۆی. ماکلین دەڵێت: (هێدی هێدی لە کۆتایی نزیک دەبمەوە. دەزانیت مەبەستم چییە؟) لە نووسینی گۆرانییەکانیدا، ماکلین هەستەکانی ناخی دەر بڕیوە و قەتیسی نەکردوون، هەر لە گۆرانيی (American Pie)ەوە هەتا ئەو گۆرانییە نەناسراوەی (Run Diana Run) کە ئەمەیانی گۆرانییەکی لاواندنەوەی نامۆیه‌ و دەربارەی شازادە خاتوون دایانايه‌.

ئێمە لێرەدا دەربارەی ئەو ماوەیەی ماکلین قسە دەکەین کە تێیدا کاری زۆر باش و نایابی بەرهەم هێناوە، دەربارەی ئەو گۆرانییە ناودارەی (American Pie) کە لە ده‌يه‌ى شەستى  سەدەی بیستدا بڵاوی کردەوە. لە کۆمەڵەی (The Recording Industry Association of America)دا گۆرانییەکەی ماکلین لە پێنج باشترین گۆرانییەکاندایە، هەروەها لە پێشەوەی هەردوو گۆرانيی (Over the Rainbow) و (White Christmas)وە دێت. گۆرانيی (American Pie) لە لایەن زۆر کەسەوە گوتراوەتەوە، بۆ نموونە (Madonna) یەکێکە لەو گۆرانیبێژانەی گوتوویەتییەوە، هەروەها (Tyson Fury)ی بۆکسەر کاتێک لە یارییەکدا لە (Deontay Wilder)ی بردەوە، وەکوو ئاهەنگگێڕانێک گۆرانییەکەی گوتەوە. تێکستە ڕەسەنەکەی کە لە لایەن ماکلین خۆیەوە نووسراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٥دا بە (ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار) دۆلار فرۆشرا، کە لەو مەزادەدا سێیەم بەرزترین نرخ بوو بۆ نووسراوێکی دەستنووسی ئەدەبی ئەمەریکايى.

ماکلین نیو سەدە پێش ئێستا ئەو گۆرانییەی نووسی و ئەو کات تەمەنی ٢٤ ساڵان بوو. وەکوو یادکردنەوەیەک، دۆکیومێنتارییەکی نوێی بە ناوی (The Day the Music Died) لەباره‌وه‌ کراوە و بەم نزیکانە بڵاو دەبێتەوە. پلانی بۆ دانراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا نمایشێک لە ناوچەی برۆدوەی بکرێت، هەروەها کتێبێکی مناڵانیش بڵاو ببێتەوە. ئەمە گرنگییەکی لە ڕادەبەدەرە کە بەم گۆرانییە دەدرێت، یان لەوانەیە ساتی قسەکردنی ماکلین هاتبێت هه‌تا بە هەموو دنیا بڵێت مانای تەواوەتيی تێکستی گۆرانییەکە چییە.

بە گشتی بیرکردنەوەیەک دەربارەی ئەم گۆرانییە هەیە کە ناوەرۆکەکەی دەربارەی لاوازبوونی سیاسەت و کولتووری ئەمه‌ریکایە لە ساڵانی ده‌يه‌ى شەستدا، هەروەها کۆتاییهاتنی ئەو خەونەی خەڵکی ئەمه‌ریکا هەیانبوو، دوای ئەوەی جۆن کەنەديی سەرۆک تیرۆر کرا. هەروەک خۆیشی لە گۆرانییەکەدا دەڵێت: (Bye bye Miss American Pie.) دواتریش هەر لە گۆرانییەکەدا دەڵێت: (Drove my Chevy to the levee but the levee was dry) (بە ئۆتۆمبێلەکەم بەرەو کەنداوەکە ڕۆیشتم، بەڵام کەنداوەکە وشک بوو.) بەڵام ماکلین ئەو پەیام و مەبەستە گرنگانەی لەناو دێڕەکاندا بە نهێنی هێشتووەتەوە و هەمووی بە تەواوی نەدرکاندوون، هەروەک لە دێڕێکدا دەڵێت: (Carly Simon’s still being coy about who You’re So Vain was written ) (کارلی سیمۆن ڕاستییەک دەشارێتەوە دەربارەی ئەوەی کە گۆرانیيەکەی (You’re So Vain) لەبارەی کێوە نووسیوە.) دواتریش بەردەوام دەبێت و دەڵێت: (?So who cares, who gives a fuck) (بەڵام کێ گرنگی پێ دەدات؟ کەس.)

ڕاستييه‌كه‌ى زۆر کەس بە لایانه‌وه‌ گرنگە. هەموو دێڕەکانی ئەم گۆرانییە شی کراونەتەوە و هەڵهێنراون. هەندێک وێبسایتی ئینتەرنێت هەن کە خۆیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بە تەواوی شی بکەنەوە و لێی بکۆڵنەوە. ئەو گاڵتەچییە کێ بوو کە قاپووتێکی لە بەر کردبوو کە لە جەیمس دینەوە وەریگرتبوو و گۆرانيی بۆ پاشا و شاژن دەگوت؟ چ شتێک ئاشکرا بوو لەو ڕۆژەدا کە میوزیکەکە مرد؟ (ئەمە لە دێڕێکی گۆرانیيەکەوەیە The Day the Music Died
شەڕی ڤێتنام، یاخیبوونی کۆمەڵایەتی، بۆب دیلان، ئێڵڤس پریسلی، جۆن کەنەدی، میک جاگەر، مارتن لوتەرکینگ، چارلز مانسن، هێڵس ئەینجڵس، گرووپی بیتڵس، دەرمانە بێهۆشکەرەکان، خودا، شەیتان و… هەموو ئەمانە باسوخواسی گرنگی ناو گۆرانییەکەن، مەگەر وا نییە؟ ڕاستييه‌كه‌ى کەس ناتوانێت دڵنیا بێت، جگە لە یەک کەس (ماکلین خۆی).

ماکلین پێی وایە بلیمەتيی ئەو گۆرانییە لە پێکهاتنەکەیدایە نه‌ک وشەکانی، کە پێک دێن لە چەند ستایلێکی هەمەجۆری وەک: فۆڵک میوزیک، ڕۆک و هەروەها ستایلی میوزیکی کۆن.
گۆرانییەکە لە سەرەتادا بە هێواشی و بە ستایلی پۆپ دەست پێ دەکات، بەڵام دواتر ژەنینی پیانۆکە دەست پێ دەکات و هەروەها تێمپۆکە خێرا دەبێت و نۆرەی کۆرسەکە دێت، لەم بەشەدایە کە هەست بە ستایلی ڕۆک دەکەین. لەناو پێکهاتنی کۆرسەکەشدا ستایلی فۆڵک بە دی دەکەین. ماکلین دەڵێت: (پەنجا ساڵە ئەم ڕوونکردنەوەیەم بە هیچ کەسێک نەداوە.)

منیش دەڵێم ڕاستييه‌كه‌ى ئەوە ئەو زانیارییە نەبوو کە بە دوایدا دەگەڕام، بەڵام دواتر زانیم کە هیچ سوودێکی نییە ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پرسیار لە ماکلین دەربارەی ئەوەی گۆرانییەکە چ مانایەک دەگەیەنێت بکەم، لەبەر ئەوەی ماکلین زۆر توانایە لەوەدا کە پرسیارەکە بە ئاقارێکی تردا ببات و نەیەوێت وەڵامی تەواو بداتەوە، هەروەک لە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەمدا بە ئاماژەیەکی زیرەکانە گوتی: (ماناکەی ئەوەیە کە پێویستم بەوە نییە چیدی کاری هونەری بکەم.)

لەبری هەموو ئەمە، گفتوگۆکەمان گەڕایەوە سەر بابەتی تەمەنی منداڵيی ماکلین، بۆ کاتێک کە باوکی هێشتا لە ژیاندا بووە. ماکلین ئەم ماوەيه‌ی ژیانی وەک (نهێنییەکی ترسناک و قێزەون)ـی (Betty Anne)ی خوشکی لە قەڵەم دەدا. خوشکەکەی پازدە ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە. ئالووده‌ی خواردنەوە کحولییەکان و ماددە هۆشبەرەکان بووە، هەروەها کەسێکی خراپ بووە و ژیانی منداڵيی ماکلینی وێران کردووە. ماکلین درێژەی پێ دەدات و لەبارەی خوشکەکەیەوە دەڵێت: (قورس بوو بتوانیت دەربارەی بدوێیت و باسی بکەیت، لەبەر ئەوەی نەتدەتوانی ڕاستيی ئەو حاڵەتە باس بکەیت کە تووشی هاتبوو. کارەساتێکی گەورە بوو. هەمیشە لە حاڵەتێکدا بوو کە توانی ئەنجامدانی هیچ کارێکی نەبوو. دۆخێکی زۆر خراپ بوو.
جاری وا هه‌بوو خۆی ڕێک دەکردەوە و لە ماڵەوە دەچووە دەرەوە، بەڵام دواتر کە دەگەڕایەوە دۆخی شێوابوو.)

ماکلین دەڵێت: (هەموو جارێک ئەم حاڵەتە دووبارە دەبووەوە.) تەنانەت باسکردنیشی ماکلین ناڕەحەت دەکات. ماکلین دەڵێت: (وا بزانم لەبەر ئەم هۆکارەیە کەسێکی خەمۆکم. هەموو کارەکانم دەربارەی لەدەستدان و شکستهێنان و هەروەها جۆرە ئازارێکی دەروونی بەهێزیشی تێدایە. هیچ کاتێک بە تەواوی دڵم خۆش نەبووە.)

گۆرانيی (American Pie) چەند ئاوازێکی کەمی شادیهێنی تێدایە کە بتەوێت تێیدا سەرگەرم و بەجۆش بیت. گۆرانییەکی بێهیوایانەیە. ماکلین لە کۆتاییەکانی گۆرانییەکەدا چەند دێڕێکی ئومێدبەخشى بە خەیاڵدا هاتووە تاوەکو چەشنی (لەدایکبوونەوەیەک) بیخاتە کۆتاییەکانی گۆرانییەکەوە، بەڵام هەر خۆی وەلای ناوە و گرنگيی پێ نەداوە. لە ڕوونکردنەوەی هۆکارەکەشیدا دەڵێت: (ڕووداوەکان خاڵی بوون لە هیوا. ئەمه‌ریکا نە لە لایەنی ڕۆشنبیرییەوە و نە لە لایەنی سیاسییەوە بەرەو پێش نەدەچوو، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە داڕووخاندا بوو و حاڵی بەرەو خراپتر دەچوو، تەنانەت دۆخی میوزیکیش هەر بەم شێوەیە بوو.)

ماکلین دووبارە دەمباتەوە بۆ ڕابوردوو، بۆ ئەو ڕۆژە ئارام و لەسەرخۆیانەی ساڵانى پەنجای سەدەی بیست کە ئەم گۆرانییە لە خۆیدا خەم بۆ ئەو کاتانە دەخوات و بە ئاواتی ئەو ڕۆژانەوە بێتاقەتيی خۆی دەر دەبڕێت. ماکلین ڕقی لەوە بوو کە لە خانوویەکی بچووکدا گەورە ببێت لە گەڕەکێکی چینی سەروو مامناوەندی ناوچەی (New Rochelle) لە نیویۆرک. خەڵکی لە هەموو شتێکدا جیاوازییان لە نێوان چینەکاندا دەکرد. ماکلین خۆی ئاشکرای دەکات و دەڵێت: (لای ئەو خەڵکە وا بوو ئەگەر ئۆتۆمبێلی گونجاوت لێ نەخوڕیبایە و پارەی زۆرت نەبوایە و پێڵاوی شیاوت لە پێ نەکردایە، ئەوە تۆ گرنگ نەبوویت. ڕقم لەو نەفرەتییانە بوو.)

ماکلین هێشتاکە کاریگەريی ئەو ئازار و ناڕەحەتییانەی سەردەمی منداڵيی لەسەر ماوەتەوە. لە دەستپێکی گۆرانییەکەدا (American Pie) ماکلین هاوخەميی خۆی دەر دەبڕێت بۆ (Buddy Holly)، کە لە ساڵی ١٩٥٩دا بە هۆی تێکشکانی فڕۆکەکەیەوە کۆچی دوایيی کردووە. بێ گومان (Holly) نموونە و ئایدياڵی میوزیکی ماکلین بووە لە تەمەنی منداڵیدا، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەو هاوخەمییەی سەرەتای گۆرانییەکە ماکلین بۆ باوکی خۆيی گوتبێت؟
ماکلین دەڵێت: (قسەکەت تەواو ڕاستە. مەبەستم ئەوەیە ئەوە زۆر درووستە. ڕاستييه‌كه‌ى لەبەر ئەوەیە کە حەز ناکەم دەربارەی تێکستەکە قسە بکەم، چونکە من ویستوومە پەیامێک بگەیەنم کە لە ڕێگه‌ی وشەوە دەر نەبڕرێت. ناتوانم بۆت وەسف بکەم. ئەم گۆرانییە شێوازێکی ژیاننامەیی هەیە.)

بە گوێرەی قسەی خۆی، ڕەمزە کولتوورییەکانی ناو گۆرانییەکە کۆمەڵێک نوکتەن، خۆی درووستی کردوون کە تەنها هەندێک کەس دەتوانن تێی بگەن و لەو ڕێگەیەوە ویستوویەتی گاڵتە بە هەندێک لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ئەو کاتە بکات. ماکلین ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت: (ئەوە تەنها بیرۆکەیەک بوو کە تێیدا هەندێک ناوم هەڵبژارد کە خەڵکی بتوانن بیناسنەوە، هەندێک هونەرمەندی جیاواز و ئەو کارانەی کە کردبوویان و ئەوانەشی نیازیان بوو بيكه‌ن. گاڵتەم بە هەموو ئەم شتانە دەکرد.)

ئەو گاڵتەبازەی لەناو گۆرانییەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، وا دادەنرێت کە مەبەست لێی هونەرمەند (Bob Dylan) بووبێت، وای کردووە چیدی خەڵکی سەرنج نەخەنە سەر (Elvis Presley)  و هەموو سەرنجێکی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە و وەکوو سەرگەورەیەکی نوێی هونەر خۆی دەر خستووە. هەروەک لە دێڕێکی ناو گۆرانییەکەدا هاتووە: (And while the king was looking down/ The Jester stole his thorny crown) (کاتێک پاشاکە تەماشای خوار خۆی دەکرد، گاڵتەبازەکە تاجە دڕکاوییەکەی سەری لێ دزی.) بۆب دیلان خودی خۆی جاڕز بوو لەو لێکچواندنەی بە گاڵتەبازەکەی ناو گۆرانییەکە. بۆب خۆیشی لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٧دا لەم بارەیەوە گوتی: (ئەمە چ گۆرانییەکە! گاڵتەباز، ها؟ بە دڵنیاییەوە گاڵتەبازەکە -مەبەستی خۆیەتی- گۆرانی زۆری نووسیوە، وەکوو: (Masters of War, A Hard Rain’s a-Gonna Fall) -گۆرانییەکانی بۆب دیلان-. ئەوە ئاساییە، هەر وەک گاڵتەبازێک، بەڵام من وا بیر دەکەمەوە ماکلین بەو گاڵتەبازە مەبەستی لە کەسێکی دیکەیە. خۆتان لێی بپرسن!)

منیش لە ماکلینم پرسی، لە وەڵامدا گوتی: (ناتوانم پێت بڵێم، بەڵام بۆب دیلانیش دەکرێت ببێتە گاڵتەبازێکی زۆر باش، مەگەر وا نییە؟ کوڕەکەی دیلانیش هەمان پرسیاری تۆی لێ کردم کە بۆی ئاشکرا بکەم ئەو گاڵتەبازە کێیە، بەڵام هیچم پێ نەگوت.)

ماکلین ئارەزووی ئەوەی هەیە کە بەرپرسیاری کارەکانی بێت و کۆنتڕۆڵی هەبێت بە سەریاندا، خۆی ئەمەی باس کردووە. لەبەر ئەمەیە پلان دادەنێت کە زۆربەی کەلوپەل و موڵکەکانی بخاتە نێو مەزادی فرۆشتنەوە بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات. وەک: تێکستی گۆرانییەکانی، چەکەکانی، زینی ئەسپەکەی، چەقۆکانی ڕاوکردنی، ئامێری بانجۆکانی، گیتارەکانی، پووتەکانی و ئۆتۆمبێلەکەی. پێی وایە ئەمە بەشێکە لە پڕۆسەیەکی پاکژکردنەوە. هەر وەک خۆی دەڵێت: (نامەوێت بۆ کەسێکیان به‌ جێ بهێڵم و دواتر بکەونه‌ بیرکردنەوەوە کە پێویستە چی لەم شتانە بکات!)

لەوانەیە شیکردنەوە و درکاندنی نهێنییەکەی ناو گۆرانيی (American Pie) ببێتە هۆی ئەوەی ماکلین کۆنتڕۆڵی نه‌كات و هیچی بە دەستەوە نەمێنێت. ماکلین خۆی دەڵێت: (پێویستە لەسەرم هەموو کاتێک بزانم بەرەو کوێ دەڕۆم و بە چی دەگەم!) ماکلین ئەو ڕاستییەش ئاشکرا دەکات کە هیچ متمانەیەکی بە میدیا نییە و هەروەها بە دەگمەن ئەو نووسینانەش دەخوێنێتەوە کە لەسەریان نووسیوە. هەروەک خۆی دەربارەی ئەم بابەتە دەڵێت: (هیچ نووسینێکیان مەخوێنەوەرە، نە ئەوانەی بە باشە تێیاندا باسکراویت و نە ئەوانەشی بە خراپە قسەیان لەباره‌وه‌ کردوویت، لەبەر ئەوەی هەمووی کۆمەڵێک قسەی هیچ و بێمانان.)

ئێستا کاتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی لە ماکلین بپرسین چۆن مامەڵەی لەگەڵ کێشە خێزانییەکەیدا کردووە، کاتێک ژنەکەی پێشووی لە دادگا شکاتی لێ کرد بە بیانووی ئەوەی لە ڕابوردوودا لە ماڵەکەیاندا ماکلین لێی داوە و ئازاری پێ گەیاندووە و بە هۆی ئەمەشەوە دەستگیر کراوە.
لە ئەنجامی دادگاییەکەدا ماکلین تاوانبار دەر چوو و دواتر لە ڕێگەی دانی بڕێک پارەوە ئازاد کرا. هەرچەندە پارێزەرەکەی ماکلین گوتبووى ئەم پارەدانە بە هۆی ئەوەوە نەبووە کە ماکلین تاوانبار بووە، بەڵکوو لەپێناو داخستنی کەیسەکەدا بووە تاوەکوو لە ناو خێزانەکەیدا کێشەکە گەورە نەبێت و هەروەها هەتا بکرێت بابەتەکە لەنێو خێزانەکەیدا بمێنێتەوە.

ماکلین دەربارەی ژنەکەی پێشووی دەڵێت: (دەتوانم ئەو ڕاستییە بڵێم کە هاوسەرەکەی ڕابوردووم خراپترین کەسە لە ژیانمدا ناسیبێتم، بە هیچ کەسێکی تر بەراورد ناکرێت.)
پاتریشا ماکلین، کە هاوسەری پێشووی ماکلینە و ماکلین لە ساڵی ٢٠١٦دا لێی جودا بووەوە، لە پێشانگایەکدا لە ڕێگەی کۆمەڵێک کارەوە بە ناوی (Finding Our Voices) باسی لەوە کردووە کە پێوەندییەکەی خۆی و دۆن ماکلین توندوتیژی تێدا بووە و لەنێو ماڵەکەیاندا کێشەگه‌لێكی زۆر هەبوون. هەروەها پاتریشا ڕێکخراوێکی قازانجنەویستیشی بە هەمان ناوەوە بنیاد نا. ماکلین ئاشکرای کردووە کە ماوەی ٤ ساڵی ویستووە تاوەکوو بە تەواوی گەیشتنە دوايين قۆناغی جودابوونەوەی یاسایی. دەربارەی نامە عاشقانەکانی پاتریشا، ماکلین دەڵێت: (هەموو ئەو نامە عاشقانانەی کە پاتریشا هەموو مانگێک بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بۆی دەناردم، دواتر دەستبەجێ گرنگیيەکی ئەوتۆیان نەما و کۆتاییان پێ هات.)

بەر لەوەی کۆتایيی بەم دیمانەیە بهێنین، ماکلین دەربارەی تابلۆیەکی (Thomas B Allen) فیکرەیەکم پێ دەڵێت کە تابلۆکەی لە ژووری دانیشتنی ناو خانووە گەورەکەی خۆی لە دەرەوەی شاردا هەڵواسیوە. لە تابلۆکەدا وێنەی هەریەکە لە (Clark Gable, Montgomery Clift, Marilyn Monroe) کێشراوە وەک ئەوەی لە فیلمی (The Misfits)دا هەن. هەموویان وێنەیان گیراوە، بەڵام ڕووخساریان وەها دەر دەکەوێت وەک بڵێی لەو کاتەدا تەقەیان لێ دەکرێت یاخۆ تیرۆر دەکرێن.

تێگەیشتنی ماکلین بەم شێوەیەیە، وەکوو خۆیشی سپاسی گۆرانيی (American Pie) دەکات کە وەکوو میراتییەک دەیبینێت و بە هۆی ئەو گۆرانیيەوەیە به‌و ڕاده‌يه‌ ناسراوە.
هەروەکوو دەڵێت: (نووسینی گۆرانییەکی لەم چەشنە کە هەموو کەسێک بیستوویەتی و له‌بارەيه‌وه‌ دەزانێت، نابێت لێی پەشیمان بم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وا باشترە لە ناخی خۆتدا خاوەنی زۆر شت بیت، لەبەر ئەوەی ڕۆژێک لە ناخت دەر دەپەڕێت و دێتە دەرەوە.)

Leave a comment