میوزیک لە سەختترین و تاریکترین کاتەکاندا هەگبەکەی شۆستاکۆڤیچ

لێیلا یۆکۆیاما

لە ئینگلیزییەوە: شکار وەفا

 

ئاوازدانەر (دمیتری شۆستاکۆڤیچ) نموونەیەکی دیار و ناوازەی بەرەنگارییە. ئەم نموونە بەرزە دەیسەلمێنێت چۆن میوزیک دەتوانێت زیاتر لە وشە بدوێت و پەیامی خۆی بگەیەنێت. ڕابەرانی پارتی کۆمۆنیست ملیۆنان کەسیان کوشت، بەڵام هەرگیز لە کوشتنی یەکێک لە گرنگترین سیماکانی میوزیکدا سەرکەوتوو نەبوون. زۆرێک لەوانەی لەژێر حوکمی ئاسنین و ستەمی جۆزێف ستالیندا ژیاون، گوتوويانه‌ ئەو ئازار و ناڕەحەتییەی لەو سەردەمەدا چەشتوویانە، بۆ هەمیشە لەگەڵیاندا ماوەتەوە. زۆرێک لە ئاوازدانەرەکانی ئەو سەردەمە هاوشێوەی زۆرينه‌ى خه‌ڵكى، هەمان ئازاریان چەشتووە و هەمان چارەنووسیان هەبووە. ئەم کەسانە پارچەگەلێکی میوزیکیان نووسیوە کە بەهایەکی زۆر بەرزیان هەیە. هەندێک لەو پارچانە بە هۆی ڕەفتار و کرداری زۆردارانەی دیکتاتۆرەکانه‌وه‌ فەوتان و لە ناو چوون.

 

ئاوازدانەری دڵخوازی سەدەی بیستەمی من، دمیتری شۆستاکۆڤیچە. ئەم پیاوە بەرهەمی ترس و تۆقاندنی ڕووسیای کۆمۆنیستی و سەرەتاکانی دەسەڵاتی جۆزێف ستالینە. ڕاستييه‌كه‌يشى شۆستاکۆڤیچ زۆرێک لە کارەکانی کاردانەوەن بۆ سیستەمی پڕ جەور و ستەمی ستالین. شۆستاکۆڤیچ لە پەژارە و خەمەکانیدا شتێکی درووست کرد کە دەربڕی ئەو تۆقین و خەونە ناخۆشانەیە کە شەوانه‌ بە ئاگایان دەهێنايه‌وه‌ و لەرزیان دەخستە گیانييه‌وه‌. ئەمەش وا لە گوێگر دەکات لەکاتی گوێگرتن لە پارچەکانیدا، هەست بەو ئازار و کڵۆڵییە بکات و ئەویش بڕێکی بچێژێت. بێ گومان ناشکرێت بڵێین هەموو میوزیکەکەی ئەو بەرهەمی ڕووداوە ناخۆش و پەستکەرەکانه‌، هەروەک چۆن بەشێک لە پارچە شادەکانیشی بۆ پاراستنی گیانی خۆی بووە. بەردەوام تێکۆشاوە کۆمۆنیستەکان دڵخۆش بکات و پارچەگەلێک بنووسێت کە (ڕاست) بن، بەڵام زۆرێک لە ئەندامانی پارتەکە هێشتا لەو باوەڕەدا بوون کە میوزیکەکەی ئەو زۆر ڕادیکاڵ و مۆدێرنە. شۆستاکۆڤیچ باش دەیزانی چ چارەنووسێک چاوەڕێی دەکات، ئه‌گەر بە (دوژمنی خەڵک) دابنرێت. ئەو چارەنووس و ئازارانەی بینیبوو کە زۆرێک لە ئاوازدانەران و هاوڕێکانی چەشتبوویان.

 

سەرەڕای ئەو هەموو سنوورە، بەڵام شۆستاکۆڤیچ نەوەستا و بەردەوام بوو. لەکاتی هێرشی ئاسمانیدا بەردەوامی بە نووسین داوە. لەکاتی گەمارۆی سەر لینینگراددا پلانی بۆ سیمفۆنیی حەوت داناوە و سکێچەکەی بۆ ئامادە کردووە. ئەو ساتانەی چاوەڕێی دەستگیرکردنی بووە، تێبینی و سەرنجەکانی نووسیوەتەوە. شۆستاکۆڤیچ بە نەرمی لە بەرگریکردن و بەرەنگاری بەردەوام بوو و درێژەی پێ دا. هەرکەسێک شۆستاکۆڤیچی بینیبوو یان دەیناسی، بە کەسێکی ئارام و بێدەنگ وەسفی دەکرد، بەڵام توانی تووڕەیی و ڕق و بێزارييه‌کی سەرسامکەر بهێنێتە نێو میوزیکەکەیەوە. شۆستاکۆڤیچ دەیتوانی سترینگ کوارتێتەکان بە شێوەیەک بنووسێت کە هەست بكه‌يت ئامێرە میوزیکییەکان هاوار دەکەن، یان دەقیژێنن. ئەم هاواری نائومێدبوونە بە درێژایيی ژیانی لەگەڵ خۆی و میوزیکەکەیدا مایەوە.

شۆستاکۆڤیچ، سیمفۆنی حەوت (لینینگراد)ی لە ماوەی دووەم جەنگی جیهانیدا نووسیوە. ئەو کاتەی کە سوپای ئەڵمانی گەمارۆی شارەکەیان دابوو و خۆیان بۆ چڕکردنەوەی گەمارۆدانە 900 ڕۆژییەکە ئامادە دەکرد. لەو کاتەدا کە بۆمباکان بەسەر شارەکەیدا دەکەوتنە خوارەوە، ئەو لە ماڵەکەی خۆیدا پارچەکانی سیمفۆنییەکەی لێک دەنا و ئامادەی دەکرد. پارچە جیاوازەکانی ئەم سیمفۆنییە شاهیدی و گەواهیدانی شۆستاکۆڤیچە بۆ ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، کە بە بەرچاوی خۆیەوە نزیکەی ملیۆنێک لە هاوشارییەکانی لە تاوى برسيێتی و نەخۆشی مردن. ئەم ئەزموونە تۆقێنەرە شۆستاکۆڤیچ ناچار دەکات ئەم سیمفۆنییە بنووسێت، کە واتایەکی قووڵ و پەیامێکی زۆر گەورەی مرۆڤانەی هەیە. یەکەم پێشکەشکردنی سیمفۆنيی لینینگراد هەر لەنێو شارەکەدا بوو و پێشکەش بە خەڵکی شارەکە کرا. زۆرێک لە میوزیکژەنەکانیش زۆر لاواز بوون و لاوازانە پارچەکەیان پێشکەش کرد. ڕاستييه‌كه‌ى سێ لە ئەندامانی ئۆرکێستراکە گیانیان سپاردبوو، بەڵام لە کۆتایيدا سیمفۆنییەکە پێشکەش کرا و درک بە قووڵی و ئاڵۆزییەکەی کرا. ئەمەش خه‌ڵكێكى زۆرى سەرسام کرد. یەکێک لە ئامادەبووان و گوێگرانی سیمفۆنییەکە گوتبووی (ناتوانیت ئەو هەستە دەر ببڕیت کە ئەم سیمفۆنییە لە تۆدا درووستی دەکات، ئەمە تەنها هەستێکی دەرنەبڕراو نییە، بەڵکوو ئەزموونێکی ئێجگار قووڵە. ئەم هەستە تەنها بۆ گوێگرەکان درووست نەبوو، بەڵکوو میوزیکژەنەکانیش کاتێک میوزیکەکەیان دەخوێندەوە و چاویان لێ دەکرد، وەک ئەوە وا بوو مێژووی ژیانی خۆیان بخوێننەوە.)

ئەو سیمفۆنییە بەڵگەیەکە و شۆستاکۆڤیچ ئامادەی کردووە. وێنەدانەوەی ئەزموونی مرۆڤێکە. ئەم پارچەیە هەموو سنوورەکانی وشە و بیرکردنەوەی تێپەڕاندووە هه‌تا هەموو گیانەکان بئاخنێتە نێو بێگەردترین فۆرمەوە.

 

Leave a comment