[کارە کۆلاژەکانی ئەفسانەیەکی سینەما-سێرگەی پاراجانۆڤ ]

کارە کۆلاژەکانی ئەفسانەیەکی سینەما-سێرگەی پاراجانۆڤ

 

ئامادەکردنی: شیرا وۆڵفی

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر

 

“پەرستگه‌ی سینەما لە  وێنە، ڕووناکی و

هەقیقەت پێک دێت و پاراجانۆڤیش مامۆستای ئەم پەرستگه‌یە بوو.”

ژان لۆک گۆدار

 

ئێمە لەم وتارەدا باس لە بەرهەمە نەناسراوەکانی ئەو هونەرمەندانە دەکەین کە ناوبانگیان لە بوارێک یان ژانرێکی دیاریکراوی هونەریدا هەیە. هەمیشە هونەرمەندە مەزنەکان لە چەندان بواری جیاجیادا کار دەکەن، بەڵام بە هۆی کارێکیانەوە لە بوارێکی دیاریکراودا ناوبانگ پەیدا دەکەن و ستایش دەکرێن. ئامانجی ئێمە لێرەدا نیشاندانی سرووشتی هەمەجۆری بەهرەکانیانە لەو بوارەدا كه‌ هونەرییانە تێیدا نەناسراون، لەجیاتی تیشکخستنە سەر ئەو بوارانەی کە تێیدا باشترینن. سێرگەی پاراجانۆڤ دەرهێنەرێکی ئەرمەنییە و لە تیبلیسی کۆماری جۆرجیا و بەشێکی یەکيێتيی سۆڤیەتدا گەورە بووە. سێرگەی وەک یەکێک لە مامۆستا هەرەمەزنەکانی سینەما ئەژمار دەکرێت کە لەدوای هەردوو شاکارە بەناوبانگەکەی (سێبەری بابوباپیرە لەبیرکراوەکانمان، 1964) و (ڕەنگی هەنارەکان، 1969)وه‌ گەورە دەرهێنەرەکانی سینەمایيی وەکوو فێلێنی، گۆدار و تارکۆڤسکییش پێی سەرسام بوون و خۆشیان ویست. سێرگەی بە تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی و درووستکردنی فیلمگەلێک کە بە لای یەکيێتيی سۆڤیەتەوە جێگەی گومان بوو و ناوەرۆکه‌كانيان بە دژەڕژێم لێک دەدرایەوە، سێ جار زیندانی کراوە. لە ماوەی زیندانیدا ئەم دەرهێنەرە مەزنه‌ ده‌ستى بە درووستکردنی کاری هونەريی کۆلاژ و وێنەکێشان و یاريی کارت و فۆتۆمۆنتەیج كرد. سێرگەی بە درێژاييی ئەو 15 ساڵەى درووستکردنی فیلمی لێ قەدەغە کرابوو، لە وێنەکێشان بەردەوام بوو و کارە هونەریییەکانی بە ئاشکرا هەڵگری بۆچوون و ئيستاتیکای سێرگەین و کاردانەوه‌ی ئاشکرای ئەو بۆ جیهانی دەوروبەری نیشان دەدەن.

 

سینەمای سێرگەی پاراجانۆڤ

سێرگه‌ی پاراجانۆڤ لە ساڵی 1924دا لە نێوان دایک و باوکێکی ئەرمەنیدا لە تیبلیسی پایتەختی جۆرجیا کە بەشێک بوو لە یەکيێتيی سۆڤیەتی جاران، چاوى به‌ ژيان هه‌ڵهێناوه‌. لە ساڵی 1951دا لە کۆنترین خوێندنگەی فیلم بە ناوی (ڤی-جەی-ئای-کەی) ده‌ر چووه‌. پاراجانۆڤ یەکەم شاکاری خۆيی بە ناوی سێبەری بابوباپیرە لەبیرکراوەکانمان، لە ساڵی 1964دا لە ئۆکرانیا دەر هێنا. فیلمەکە لە کتێبێکی نووسەری ئۆکرانيايى (میخائیلۆ کۆتسیوبینسکی)يه‌وه‌ وەرگیراوە و باس لە کولتووری هەتڵسی ئۆکرانيايى دەکات کە گرووپیکی نەژاديی بچووکن لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و ڕۆمانیادا دەژین. پاراجانۆڤ بە هۆی بەکارهێنانی دەوڵەمەندانەی سیمبولیزم و وێنە و پۆشاک لە فیلمەکانیدا توانی ستایشی نێودەوڵەتی بۆ کارەکانی بە دەست بهێنێت. سەرەڕای ئەوەش دەسەڵاتدارانی یەکيێتيی سۆڤیەت، پاراجانۆڤیان بە هۆی فیلمەکانییەوە خستە لیستی ڕەشەوە، چونکە پێیان وا بوو پشتگیريی بیروڕای جیاوازی ئۆکرانيايى و ناسیۆنالیستە ئۆکرانیايیەکان دەکات و بە پڕۆژەکانی داهاتووی ئۆکرانیا دەخاتە مەترسییەوە. ڕێگەی پێ نەدرا فیلمی (کەیڤ فرێسکۆی، 1966) تەواو بکات کە بڕیار بوو باس لە دەرەنجامەکانی دووەمين جەنگی جیهانی لە کەیڤدا بکات. هەموو شتە نێگەتڤەکانی نێو فیلمەکەیان سڕییەوە و تەنها بەشێکی کەم لە  فیلمەکەیان هێشتەوە.

پاراجانۆڤ ڕووی کردە نیشتیمانی بابوباپیرانی لە ئەرمینیا تا کار لەسەر ئەو پڕۆژە نوێیە بکات کە دواتر بووە داهێنەرانەترین کاری سینەمایيی سێرگەی. فیلمی سایات نۆڤا یاخۆ (ڕەنگی هەنارەکان، 1969) فیلمێکە باس لە ژیانی شاعیری ئەرمەنی سایات نۆڤا دەکات، بەڵام بە بەکارهێنانی ئەندێشەی دەگمەن و ئەبستراکتی پاراجانۆڤەوە، بە جۆرێک توانی بە وەرگرتنی ئیلهام لە ژیان و شیعرەکانی سایات نۆڤاوە وێنه‌گەلی سەرسووڕێنەر لە شێوەی  کۆمەڵە تابلۆیەکدا درووست بکات. پاراجانۆڤ بە وەرگرتنی ئیلهام لە نیگارۆکەکانی نێو کتێبە بچووکە تورکی، ئێرانی و ئەرمەنییەکان دەستی بە دەرهێنانی فیلمی ئەبستراکت و زیندوو کرد. چه‌ندان جۆر فرەیمی جیاوازی -كتومت هاوشێوەی نیگارۆکە بچووکەکان- لە فیلمەکانیدا بە کار دەهێنا، بەبێ ئەوەی هیچ جووڵەیەک لە خۆ بگرێت.

تۆی خوێنەر کاتێک سەیری نیگارۆکێک دەکەیت، لە ڕێگەی چاوتەوە دەست بە درووستکردنی جووڵە لە وێنەکەدا دەکەیت. پاراجانۆڤیش دایەلۆگێکی هاوشێوەمان لە نێوان بێجووڵەیی و جووڵە، هەروەها فیلم و بینەردا بۆ درووست دەکات. لەکاتی قسەکردنی لەباره‌ى سایات نۆڤاوه‌ دەڵێت: “سایات نۆڤا لە فیلمەکانی ترمدا جیاوازە. نیگارۆکە بچووکە  ئايینییەکانی ئەرمەنییەکان کە بەبێ بوونی هیچ جووڵەیەک ڕۆحانیەت و شیعر لە مرۆڤدا دەخولقێنن، هەستێکی نامۆیان تێدا درووست کردم، هەر بۆیە بۆچوونێکی هاوشێوەم بۆ ئەم فیلمە هەیە. دەزانم سینەما واتا جوووڵە و بێجووڵەیی، وەک هێمای ماندوويێتی و لاوازی سەیر دەکرێت، بەڵام لێرەدا من دەمەوێت ڕێک پێچەوانەکەی بڵێم. دەمەوێت بڵێم  درووستکردنی جووڵە لەنێو بێجووڵەییدا جۆشوخرۆشێکی تایبەتی هەیە.” سەڕەرای سەرکەوتنی فیلمەکە، دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت دووبارە سانسۆریان خستە سەری و چەند بەشێکیان لێ بڕی. لەدوای فیلمی ڕەنگی هەنارەکان، ستۆدیۆکانی یەکيێتيی سۆڤیەت هەموو  پڕۆژەکانی سێرگەیان ڕەت کردەوە. پاراجانۆڤ لەکاتی وتارەکەیدا لە مینسکی بيلاڕووس ڕەخنەی لە سینەمای سۆڤیەتی و دەسەڵاتدارانی گرت و بە هۆیەوە لە ساڵی 1974وه‌ بە (5) ساڵ زیندانی لە ئۆکرانیا سزا درا.

سێرگەی پاراجانۆڤ دەڵێت: “لەکاتی دوورخستنەوەمدا و لە زینداندا گریانی مۆنالیزام کێشا.  کارێکی هونەريی کۆلاژ بوو. مۆنالیزا ئەو ئازارە دەر دەبڕێت کە لە ئەگەری مردنی من لە زینداندا درووست دەبێت. هەموو ڕۆژێک کۆلاژێکی نوێم درووست دەکرد. ئا بەو جۆرە توانیم چوار ساڵ و یانزە ڕۆژ لە زینداندا بە سەر ببه‌م. بە هەموویەوە نزیکەی 800 کاری هونەریم درووست کرد.”

 

هونەری بینراوی سێرگەی پاراجانۆڤ لە زیندان و دوای زینداندا

پاراجانۆڤ لە زینداندا نەیدەتوانی فیلم درووست بکات، بۆیە ڕووی کردە بەکارهێنانی هونەری بینراو و بە تایبەتی کۆلاژ. سێرگەی کاتێک قسە له‌باره‌ى سەردەمی زیندانييه‌وه‌ دەکات، دەڵێت: “لەکاتی دوورخستنەوەمدا و لە زینداندا گریانی مۆنالیزام کێشا. کارێکی هونەريی کۆلاژ بوو. مۆنالیزا ئەو ئازارە دەر دەبڕێت کە لە ئەگەری مردنی من لە زینداندا درووست دەبێت. هەموو ڕۆژێک کۆلاژێکی نوێم درووست دەکرد، ئا بەو جۆرە توانیم چوار ساڵ و یانزە ڕۆژ لە زینداندا بە سەر ببه‌م. بە هەموویەوە نزیکەی 800 کاری هونەریم درووست کرد.” لەدوای شەپۆلێک لە ناڕەزاييی هونەرمەندان لە چواردەوری جیهانەوە، بە نموونە فرانسیۆس ترفۆت، لویس بونوێڵ، پێر پاولۆ پاسۆلینی، مایکل ئەنجیلۆ ئەنتۆنینی و هاوڕێی نزیک و هاوکارەکەی میخائیل ڤارتانۆڤ لەگەڵ سکاڵانامایەکی ڕاستەوخۆدا لە لویس ئاراگۆن بۆ سەرکردەی سۆڤیەت برێژنێڤ لە دژی زیندانیکردنی پاراجانۆڤ، لە کۆتایيدا و لە ساڵی 1977دا  پاراجانۆڤ لە زیندان ئازاد کرا. بۆ ماوەی سێ ساڵی ڕێک زیندانی کرا و دواتر گەڕایەوە تیبلیسی جۆرجیا و هەر لەوێش دووبارە لە ساڵی 1982دا بۆ ماوەی دە مانگ زیندانی کرایەوە. لەدوای درووستکردنی فیلمی هەنارەکان و دەستگیرکردنەکەیەوە پاراجانۆڤ بۆ ماوەی 15 ساڵ درووستکردنی فیلمی لێ قەدەغە کرا. بە درێژاييی ئەو ماوەیە بلیمەتییەکەی لە هونەری کۆلاژ و نیگارەکانی، یاريی کارت، فۆتۆمۆنتەج و درووستکردنی بووکەشووشە و تەنانەت کڵاودا بە کار دەهێنا کە زۆربەیانی لە کارەکتەری نێو کتێب و فیلمەکانى وەکوو (ئانا کارنینا، خانمی فریشتەئاسام و…) وەردەگرت. هونەرمەندی کۆنسێپچوەڵی فەڕەنسی-تورکی (سارکیس) هەوادارێکی سەرسەختی کارەکانی پاراجانۆڤە و دەڵێت: “له‌وانه‌يه‌ بەردەوام توانیبێتی فیلم درووست بکات، چونکە دڵنیا نیم کە ئەگەر فیلم نەبێ ئەم هەموو شتەی چۆن درووست دەکرد! درووستکردنی وێنەگەلێک کە لە توانتدا نەبووە بیکەیتە فیلم ڕێک وەک خەون وایە. من پێم وایە هەموویان هاوشێوەی ئەو سکێچە ئامادەکراوانەن کە چاوەڕێ دەکرێت بکرێنە وێنەیەکی جووڵاو.”

پاراجانۆڤ بۆ کاری کۆلاژ و کەلوپەلەکانی هەمیشە ناو خۆڵ و خاشاک دەگەڕا تا لە کارەکانیدا بە کاریان بهێنێت. ئەمە شتێکە ئەو بە بەردەوامی کردوویەتی، تەنانەت ئەو کاتانەشى كه‌ کاری لەسەر فیلمەکانی دەکرد و پۆشاکی درووست دەکرد. هەر خۆی دەڵێت: “تەماح لە مندا لە دایک بووە. هەروەها ئارەزووم بۆ خاوەنداريێتی و دواتریش داهێنان شتێکە ناتوانم وە لاوه‌ى بنێم.” ئەو دەرهێنەرانەی بە کارەکانی پاراجانۆڤ سەرسام بوون، خەڵکیان دەناردە پاریس بۆ کەلوپەلی گرانبەها تا لە فلیمەکانیاندا بە کاری بهێنن، لە کاتێکدا دەیانتوانی کەلوپەل و شتومەکی زۆر بەنرخ لە نزیک ماڵەکانی خۆیانه‌وه‌ یان لەنێو شتومەکی فڕێدراوی خەڵکانی تردا بدۆزنەوە. هونەری کۆلاژی پاراجانۆڤ پەنجەرەیه‌کی تری بە ڕووی بیری بلیمەتانەوە و داهێنەرانەی پاراجانۆڤدا کردەوە، وەک ئەوەی فۆتۆ یان ئەکتەری نێو فیلمە لەدایکنەبووەکانی بن. بەبێ مووچە و بەبێ هیچ داهاتێک بۆ ماوەی (15) ساڵ کارکردنی لە بوارێکدا کە خۆی حەزی لێ دەکرد، لێ قەدەغە کرابوو، بەڵام پاراجانۆڤ  ڕێگەیەکی دۆزیيەوە تا درێژە بە کارەکانی بدات و لە داهێنان بەردەوام بێت بەبێ گوێدانە ئەوەی ڕووبەڕووی چ تەنگوچەڵەمە و نەهامەتییەک بووەتەوە. سێرگەی تەنانەت لە کاتە سەختەکاندا توانی دەرچەیەک بۆ هیوا و پۆزەتیڤی بدۆزێتەوە، بۆ نموونە ئەو کاتەی له‌باره‌ى ژیانی خۆیه‌وه‌ قسه‌ دەکات، لە دۆخێکی هەژارانە و لەژێر سەقفێکدا کە بەردەوام تکە دەکات، باس لەوە دەکات کە چۆن درز و تکەی بەردەوامی سەقفەکە فیلمی نۆستالجیای تارکۆڤسکیيان بیر هێناوەتەوە و هەموو برادەرەکانی بە هۆی ئەمەوە ئیرەییان پێ بردووە.

لە ساڵی 1984 و لە کۆتایيدا جارێکی تر پاراجانۆڤ ڕێگەی پێ درا كارى دەرهێنان بکات. سێرگەی بە تایبەتمەنديی پڕووزەيى و دنیابینيی خۆیەوە لە کارکردن بەردەوام بوو هەتا  ساڵی لە 1989 و هەر لەو ساڵەدا ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و لە 1990دا گیانی لە دەست دا. لەدوای خۆیه‌وه‌ کۆمەڵێک نیگاری لە جوانترین نیگارەکانی سەدەی 20ـی بە جێ هێشت. بەشێکی زۆر گەورە لە کارە هونەرییە بینراوەکانی لە مۆزەخانەی پاراجانۆڤ لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینيا پارێزراون.

 

سێرگەی پاراجانۆڤ 1924-1990

Leave a comment